قەڵای ئەلەموت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قەڵای ئەلەموت
هێلانەی هەلۆ
وێنەی شوێنەواری قەڵاکە
زانیاری گشتی
دۆخوێرانبوو، بەشێکی نۆژەنکراوەتەوە
جۆرقەڵا
Architectural styleئێرانی
ناونیشانناوچەی ئەلەموت لە پارێزگای قەزوین
شار یان شارۆچکەموعەلیم کەلایە
وڵاتئێران
ھێڵی درێژی و پانی36°26′41″N 50°35′10″E / 36.444722°N 50.586111°E / 36.444722; 50.586111پۆتانەکان: 36°26′41″N 50°35′10″E / 36.444722°N 50.586111°E / 36.444722; 50.586111
Completed٨٦٥ی زاینی
Destroyed١٢٥٦ی زاینی

قەڵای ئەلەموت (بە ئینگلیزی: Alamut Castle) (بە فارسی: ئەلموت واتا هێلانەی هەڵۆ) قەڵایەکی شاخاوی وێرانبووە دەکەوێتە ناوچەی ئەلەموت لە باشووری دەریای خەزەری پاریزگای قەزوین نزیک ناوچەی مەسعود ئاباد لە وڵاتی ئێران، نزیکەی ٢٠٠ کم (١٣٠ میل) لە تارانی ئێستا دوورە.[١][٢]

لە ساڵی ١٠٩٠ی زاینی، قەڵای ئەلەموت، کە قەڵایەکی شاخاویە لە ئێرانی ئێستادا، کەوتە دەستی حەسەن سەباح پاڵەوانی دۆزی نزاری ئیسماعیلیی شیعە. تاکو ساڵی ١٢٥٦ زاینی، ئەلەموت بارەگای سەرکردایەتی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی بووە، کە زنجیرەیەک قەڵای ستراتیجی لەخۆی گرتبوو کە لە سەرانسەری ئێران و سوریا بڵاوبووبوونەوە.[٣]

ئەلەموت کە بەناوبانگترینی ئەم زینجیرە قەڵایانە بوو، وابیردەکرایەوە کە زۆر پتەوبێت لە بەرامبەر هەر هێرشێکی سەربازی و بەهۆی باخچە ئاسمانیەکان، پەرتووکخانە و تاقیگەکەی کە فەیلەسوفەکان، زاناکان و ئاینداران دەیانتوانی بەشێوەیەکی ئازادی بیری مشتومڕی تێدابکەن.[٤]

قەڵاکە لە دەستی ئیپراتۆریەتی سەلجوقی و خواڕەزمیەکانی نەیاری ڕزگار کراوە. لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی، ڕوکنەدین خورشا قەڵاکەی ڕادەستی مەغۆلە داگیرکەرەکان کرد کە قەڵاکەیان هەڵوەشاند و کتێبخانە بەناوبانگەکەیان لەناوبرد. هەرچەندە وا گریمانە کراوە کە داگیرکاری مەغۆلەکان بووە هۆی لەناوبردنی نزاریە ئیسماعیلیەکان لە ئەلەموت، بەڵام قەڵاکە لە ساڵی ١٢٧٥ی زاینی لەلایەن هێزەکانی نزاریی کۆنتڕۆڵکرایەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەبوو کە لە کاتی وێرانکاری و هێرشەکاندا ئیسماعیلیەکان بەهێزتربوون، نەک بە تەواوی لەناوچووبن لەلایەن مەغۆلەکان. جارێکی تر لە ساڵی ١٢٨٢ی زاینی قەڵاکە دەستیبەسەردا گیرا و کەوتە ژێردەسەڵاتی کوڕە گەورەکەی هۆلاکۆ خان، دواتر قەڵاکە تەنها وەک شوێنەوارێکی گرنگی ناوچەکە مایەوە کە هەرجارەو بەدەستی زلهێزێکی ناوچەکەوە بووە.

لە سەردەمی ئەمڕۆدا قەڵاکە زیاتر وێرانبووە، بەڵام بەهۆی گرنگییە مێژوویەکەیەوە، لە لایەن حکومەتی ئێران وەک شوێنێکی گەشتیاری نۆژەنکراوەتەوە.

Alamut On Iran.
Alamut On Iran.
قەڵای ئەلەموت (ئێران)

ناو و بنچینە[دەستکاری]

قەڵای ئەلەموت لە دەوروبەری ساڵانی ٨٤٠ی زاینی، لەلایەن جستانی فەرمانڕەوای دایلام "وەهسودان کوڕی مەرزوبان (بە عەرەبی ناوەکە کراوە بە وهسوذان) "،[٥][٦] بونیادنراوە کە ئەمیرێکی کوردی ڕەوادی بووە و شوێنکەوتەیەکی شیعەی زەیدی بووە. لە کاتی گەشتێکی ڕاوکردندا، تێبینی ئەوی کرد کە هەڵۆی بەرزەفڕ لەسەر بەردەکانی ئەم بەرزاییانە دەنیشێتەوە. لەوەوە درکی بەوە کرد کە شوێنیکی تاکتیکی بەسودە، بۆیە شووینەکەی دەستنیشان کرد بۆ دروستکردنی قەڵایەک لەو ناوچەیە، کە لە لایەن خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە پێی دەگوترا "اله آموت"، کە چەندنی مانایەک لەخۆی دەگرێت وەک "فێرکاری هەڵۆ" یان "هێلانەی سزا".[٧][٨] بەهای ژمارەی ئەمجەدی ئەم شوێنە بریتییە لە ٤٨٣، کە بەرواری گرتنی قەڵاکەیە لەلایەن حەسەن سەباح (ساڵی ٤٨٣ کۆچی = ١٠٩٠ بۆ ١٠٩١ی زاینی).[٩][١٠][١١][١٢] ئەلەموت لەژێر جڵەوی جەستانیەکان مایەوە تاکو گەیشتنی سەرۆکی ئیسماعیلی بانگخواز(داعي) حەسەن سەباح بۆ قەڵاکە، لە ساڵی ١٠٩٠ی زاینی. کە دەستپێکی سەردەمی ئەلەموت بوو لە مێژووی نزاری ئیسماعیلی.

لیستی فەرمانڕەواکانی نزاری ئیسماعیلی لە ئەلەموت (١٠٩٠ - ١٢٥٦)[دەستکاری]

وێنەیەکی حەسەن سەباح

بانگخوازە نزارییەکان کە فەرمانڕەوابوونە لە ئەلەموت[دەستکاری]

  1. حەسەن سەباح (١٠٥٠ - ١١٢٤)
  2. کیا بوزورگ ئومید (١١٢٤ - ١١٣٨)
  3. موحەمەدی کوڕی کیا بوزورگ ئومید (١١٣٨ - ١١٦٢)

ئیمامەکانی (‌غيبة / شاراوە) لە ئەلەموت[دەستکاری]

  1. عەلی هادی کوڕی نزار کوڕی موستەنسەر
  2. موحەمەد موهتەدی
  3. حەسەن قاهیر

ئیمامە فەرمانڕەواکانی ئەلەموت[دەستکاری]

  1. ئیمام حەسەن عەلا زیکرە‌ سلام (١١٦٢ - ١١٦٦)
  2. ئیمام نورەدین موحەمەد (١١٦٦ - ١٢١٠)
  3. ئیمام جەلالەدین حەسەن (١٢١٠ - ١٢٢١)
  4. ئیمام عەلائەدین موحەمەد (١٢٢١ - ١٢٥٥)
  5. ئیمام ڕوکنەدین خورشا (١٢٥٥ - ١٢٥٦)

مێژوو[دەستکاری]

شێوەنووسینی هونەریی نزاری ئیسماعیلی لەسەر شێوەی شێرێک

دوای دەرکردنی لە میسر بەهۆی پشگیری کردن لە "نزاری کوڕی موستەنسەر"،[١٣] حەسەن سەباح بۆی دەرکەوت کە هاو مەزهەبەکانی (ئیسماعیلیەکان) لە سەرتاسەری فارسدا بڵاوبوونەتەوە، لەگەڵ بوونی هێزی فیکری لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، بەتایبەت لە دایلمان، خۆراسان و قوهستان. ئیسماعیلیەکان و گەلانی تری داگیرکراوی ئێران، هەموویان ناڕازیبوون لە سەلجوقیەکان کە دەسەڵاتداری ناوچەکە بوون، زەوییە کشتوکاڵیەکانیان ڕژێمی دەرەبەگایەتی بوون و باجی قورسیان لەو هاوڵاتیانە وەردەگرت کە تیایدا دەژیان. ئەمیری سەلجوقییەکان بەزۆر دەسەڵاتیان سەپاندبوو بەسەر ئەو قەزایانەی کە بەڕێوەیان دەبردن و جڵەوگیریان کردبوون. بەم هۆکارەش تادەهات دەنگی ناڕازی زیاتر دەبوو لەنێو وەستا، پیشەواران و چینی خوارووی فارس، لە سیاسەت و باجە قورسەکانی سەلجوقییەکان.[٤]126 حەسەنیش وەک هەر تاکێکی تری ناوچەکە توشی ئەو ستەمە سیاسی و ئابووریە بووبوو کە دەسەڵاتدارانی سەلجوقی سوونە بەسەر موسڵمانە شیعەکانی سەرتاسەری ئێرانیان سەپاندبوو. هەر ئەم هۆکارەش بووە هۆی ئەوەی دەستبکات بە دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی بەرخۆدانی فیداکار دژی سەلجوقییەکان، وەک سەرەتاش دەستی کرد بە گەڕان بەدوای شوێنێکی سەلامەت بۆئەوەی ڕاپەڕینەکەی لێوە دەستپێبکات.[١٤]

دەستبەسەرداگرتنی ئەلەموت[دەستکاری]

قەڵاکانی ناوچەی ئەلەموت و ڕودبار لە ئێران

لە ساڵی ١٠٩٠ی زاینی، وەزیری سەلجوقی "نیزام ئەلمولک" فەرمانی گرتنی حەسەنی دەرکردبوو، هەربۆیە حەسەن لە حەشارگەیەکدا دەژیا لە باکوری شارۆچکەی قەزوین، لە دووری نزیک ٦٠ کیلۆمەتر لە قەڵای ئەلەموت. هەرلەوێ پلانی بۆ گرتنی قەڵاکە دانا، قەڵاکە بە دۆڵێکی بە پیت دەوور درابوو کە دانیشتوانەکەی بە گشتی [١]٢٣ موسڵمانی شیعە بوون (هاوباوەڕی حەسەن)، کە ئەمەش ئاسانکاریی بوو بۆئەوەی پشتگیریان بەدەست بهێنێت بۆ ڕاپەرین دژی سەلجوقییەکان. قەڵاکە هەرگیز بەڕێگای سەربازی نەگیرابوو، ئەمەش هۆکاربوو بۆئەوە پلانی ورد دابڕێژێت بۆ گرتنی. لەهەما کاتدا لایەنگرە بڕواپێکراوەکانی خۆی ڕەوانەی دۆڵی ئەلەموت کرد بۆئەوەی لە دەروپشتی قەڵاکە نیشتەجێببن. [١]٢٣

گرتنی ئەلەموت، نیگارۆکێکی فارسی سەدەی پازدەهەم

لە هاوینی ساڵی ١٠٩٠ی زاینی، حەسەن بە ڕێگایەکی شاخوی بەناو ئەندێجدا بەڕێکەوت بەرەو ئەلەموت. بەجلوبەرگی مامۆستای قوتابخانە مایەوە لە ئەندێج لەژێر ناوی "دێهخۆدا" تاکو دڵنیابووەوە لەوەی کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی لە گوندی گەزۆرخان لە خوارەوەی قەڵاکە نیشتەجیبوونە یان لەناوەوەی قەڵاکە کاریان بەدەستهێناوە. هیشتا بە گۆڕدراوی مابووەوە کە خۆی خزاندە ناو قەڵاکە و متمانە و دۆستایەتی زۆرێک لە سەربازەکانی بەدەستهێنا. حەسەن بە وریایەوە هەڵسوکەوتی دەکرد بۆئەوەی سەرنجی فەرمان ڕەوای قەڵاکە "مەهدی" نەکەوێتە سەر، دەستی کرد بە ڕاکێشانی کەسایەتیە دیارەکانی ناو قاڵەکە بۆ ناو پلانەکەی، وا باسکراوە کە جێگرەکەی "مەهدی" فەرمانڕەوا، لایەنگرێکی نهێنی حەسەن بووە، چاوەڕێی ئەوە بووە دڵسۆزی خۆی نیشانی حەسەن بدات لەکاتی گرتنی قەڵاکە لەلایەن حەسەن و شوێنکەوتووانی. [١]٢٣

پێشتر لە هاویندا، مەهدی سەردانی قەزوینی کردبوو لەوێ فەرمانی توندی پێکرابوو لەلایەن نیزام ئەلمولک بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی حەسەن، کە واباسکرابوو کە لە پارێزگای دەیلەمان خۆی شاردۆتەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ قەڵاکە، مەهدی سەرنجی ئەوەیدا کە چەند خزمەتکار و پاسەوانێکی نوێ دامەزراون. جێگرەکەی ڕوونکردنەوەی پێدا، کە نەخۆشی زۆرێک لە کارکەرەکانی خستووە و توانایان نەماوە، بەڵام خۆشبەختانە توانیویانە کارکەری تر لە گوندەکانی دەرووبەر بدزۆنەوە. مەهدی دوودڵ بوو سەبارەت بەو کرێکارانە، بۆیە فەرمانی بە جێگرەکەیدا هەرکەسێک پەیوەندی بە ئیسماعیلیەکانەوە هەبێت دەستگیری بکات. [١]٢٢

گومانەکانی مەهدی پشتڕاستبوونەوە کە دواجار حەسەن لێی نزیکبووەوە وناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیی بۆ ئاشکراکرد و ڕایگەیاند کە قەڵاکە ئێستا هیخۆیەتی. مەهدی ڕاستەوخۆ فەرمانی بە پاسەوانەکاندا کە حەسەن بگرن و لە قەڵاکە دووریبخەنەوە، تەنها بۆئەوەی بۆی دەرکەویت کە لەژێر فەرمانی ئەودان یان حەسەن، زۆر سەرسام بوو کە وەڵامی نەدرایەوە و تێگەیشت کە فێڵی لێکراوە و ڕێگەی پێدرا کە بە ئازادانە لە قەڵاکە دەربچێت. بەڵام بەرلەوەی کە بڕوات ڕەشنوسێکی ٣٠٠٠ دیناری زێڕیان پێیدا وەکو نرخی قەڵاکە،[١٥] ڕەشنووسەکە بەناوی ڕەئیس موزەفەر بوو، کە ئەفسەرێکی سەلجوقی بوو بە نهێنی ئیسماعیلی بوو. قەڵای ئەلەموت بەبێ هیچ شەڕ و توندوتیژیەک لە دەستی مەهدی و جڵەوی سەلجوقیەکان نەما و کەوتە دەستی حەسەن و لایەنگرانی. [١]٢٤

ڕاسپاردنی هێزە کوردییەکان بۆ گرتنی ئەلەموت و کوشتنی حەسەن سەباح[دەستکاری]

دوای ئەوەی "تورکان خاتوون"  بە فەرمان "حەسەن سەباح" هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت، بە برینداری و زامێکی قورس ڕزگاری دەبێت، داوا لە "ئەمیر نورەدین بەگی کەلهوڕ" دەکات کە فەرماندەیەکی کەلهوڕی بوو خاوەنی سوپایەکی کوردی بوو لە کرماشان، کە تۆڵە بۆ بکاتەوە و قەڵای ئەلەموت بگرێت و سەری حەسەن سەباحی بۆ بهێنێت، تورکان خاتوون پاداشتێکی زۆری دابوو بە نورەدین بەرامبەر بە کوشتنی حەسەن سەباح، نورەدین کە لەوکاتەدا لە ئەولەم (اولم) بوو لای تورکان خاتوون، بە داواکەی ڕازبوو، بەڕێکەوت بۆ ئامادەکردنی سوپاس و خۆ ئامادەکردن بۆ گرتنی قەڵای ئەلەموت. لەوکاتەدا فەرماندەی عەرەبەکان کە ناوی "واعز (بە عەرەبی واعظ ابو الحسن)" بوو لە بەغدا نیشتەجێبوو،[١٦] ئاگار بوو لە برینداربوونی تورکان خاتوون و سەختی برینەکەی، بۆیە بڕیاردەدات سەردانی بکات، بۆئەوی بەر لە مردنی تورکان خاتوون چاوی پێی بکەوێت و موچەی سەربازەکانی وەربگرێت، خۆ ئەگەر بەر لە گەیشتنی تورکان خاتوون مردبوایە، لەمێشکی خۆیدا وایدانابوو کە بە زەبری هێز موچەکەی وەربگرێت، خۆی و سوپاکەی کەوتنە ڕێ بەرەو ئەولەم. تورکان خاتوون بەهۆی ئەوەی کەسێکی شەڕانگێزبوو خاوەنی ناخێکی ناپاک بوو، وابیریکردەوە کە بەهۆی ئەوەی برینەکەی قوڵە و توانای نەماوە و نزیکە لەوەی ئەم دنیا بەجێبهێڵێت، نورەدین خیانەتی لێدەکات و بەخششەکە دەبات بێ ئەوەی تۆڵی بۆ بکاتەوە لە حەسەن سەباح، بۆیە لەگەڵ گەیشتنی واعزی فەرماندەی عەرەبەکان و سەردانی کردنی، بیرۆکەی ئەوەی بۆ هات کە واعز ڕاسپێرێت بۆ چاودێری کردنی نورەدین لەوەی کە خۆی ئامادەکردووە و نیازی هەیە هێرش بکاتە سەر قەڵای ئەلەموت، کە نیازی نەبێت و ئامادەیی تێدانەبێت ئەوا نورەدین بکوژێت و کەلەسەرەکەی بۆ بهێنێت. بەرامبەر بەم کارەش بەخششێکی زۆر پێشکەشی واعز دەکات. واعز بە فەرمانەکەی ڕازیبوو، تورکان خاتوون داوای لێکرد کە بە سوپاوە نەچێت و تەنها 10 پیاوی ئازا لەگەڵ خۆی بەرێت بۆئەوە نورەدین گومان نەکات، واعز کەوتە ڕێ و لە نزیک گوندی ئینشستان دۆزینیەوە بەرلەوەی بگەنە قەڵای ئەلەموت.

شوێنەواری قەڵاکە

واعز پەیام بۆ نورەدین دەنێرێت کە دەیەوێت بە تەنها قسەی لەگەڵ بکات و کارێکی گرنگی پێیەتی و پێویستە بە تەنها بێت و بە تایبەت قسە بکەن، نورەدین گومانی لا دروست بوو و بیری کردەوە کە کاری چی پێیەتی، بۆیە 20 سوارچاکی ئازا لە پیاوەکانی هەڵبژارد و لەگەڵ خۆی بردنی بەر لەوەی بگەن داوای لە لیاوەکانی کرد کە لە نزیکەوە خۆیان حەشاربدەن و چاودێری بکەن نەکا واعز نیەتێکی گڵاوی هەبێت، چەکدارەکانی واعزیش خۆیان شاردبووەوە بەڵام بێئاگابوون لەوەی کە چی دەگوزەرێت و واعز نیەتی چی هەیە چونکە ئاگاداری فەرمانەکەی تورکان خاتوون نەبوون، نورەدین گەیشتە جێگای مەبەست و واعز داوای لێکرد لە ئەسپەکەی دابەزێت و بردیە ئەولاتر و فرسەتی لێ هێنا خەنجەرێکی کردە سەر دڵی نورەدین، هەرچەندە دۆست بوون بەڵام لەپێناو پارەدا خەڵتانی خوێنی کرد، ڕاستەوخۆ پیاوەکانی نورەدین ڕایانکردە لایان و پێش پیاوەکانی واعز کەوتن، واعزیان گرت و قۆڵبەستیان کرد، نورەدین لە واعزی پرسی کە بۆچی ئەمکارەی لەگەڵ کردووە، واعز گوتی تورکان خاتوون فەرمان پێ کردم کە تۆ نەچیت بۆ گرتنی ئەلەموت و کەلەسەری حەسەن سەباحی بۆ نەبەیت ئەوا بتکوژم، نورەدین گوتی خۆ هێشتا نەگەیشتووینە ئەلەموت بۆچی واتکردن، واعز گوتی لەپێناو ئەو بەخششە زۆرەی کە تورکان خاتوون پێیداوم، نورەدین گوتی نەمزانی کە تورکان خاتوون دڵی وا پیسە و ئەوەم بەرامبەر دەکات، داوایکرد کە بانگی سەرکۆی هەموو هۆزە کوردیەکان بکرێت. ئاگاداری کردنەوە لەم کارە گڵاوەی تورکان خاتوون، بەهۆی سەختی برینەکەی دوای 5 ڕۆژ و لەژێر چاودێری پزیشکی بەردەوام نورەدین کۆچی دوایی کرد و "عەبدوڵڵا بەگی جاف" کە پیاوێکی ئازا و دلێر بوو فەرماندەیی سوپای کوردەکان گرتەدەست.

چەکدارە عەرەبەکان چوونەوە لای تورکان خاتوون و هەواڵی ئەوەیان پێدا کە واعز دەسبەسەر کراوە و نورەدینی کوشتووە، تورکان خاتوون وا تێدەگات کە نورەدین نیەتی کوشتنی حەسەن سەباحی نەبووە بۆیە واعز هەوڵی کوشتنی داوە، دوای سەعاتێک لەم هەواڵە تورکان خاتوون مرد. عەبدوڵڵا بەگی جافیش لە تۆڵەی نورەدین کەلەسەری واعزی لە لاشەی جیاکردەوە.[١٧]

بونیادنان و گەشەپێدانی هزری[دەستکاری]

حەسەن سەباح دوای گرتنە دەستی ئەلەموت، دەستی کرد بە بەهێزکردنەوەی ئاوێتەکانی قەڵاکە. بە بەرزکردنەوەی دیوارەکان و پێکهاتەکانی، قەڵاکە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە و گەمارۆداندا دەبوو بە تەواوی پشتبەخۆی ببەستێت. دەوری ژورەکان بە بە بەردی کلسی هێڵکاری کرابوون، بۆئەوەی ئەم خۆراکانە بپارێزێت کە لەکاتی قەیرانەکاندا بەکاردەهێنران. لە ڕاستیدا کاتێک مەغۆلەکان هێرشیان کردە سەر قەڵاکە، جوەینی سەریسوڕمابوو کە بینی پێداویسێکی زۆر بە شێوازێکی زۆر باش و کارامە هەڵگیراون بۆئەوەی بەرگەی هەر ئەگەرێکی گەمارۆدان بگرن.[١]٢٧

دواتر حەسەن سەباح ئەرکی ئاودێرکردنی گوندەکانی دەوروبەری دۆڵی ئەلەموتی گرتەدەست. زەوی خوارەوەی دۆڵەکە زەوێکی کشتووکاڵی بوو، کە شیاو بوو بۆ چاندنی جۆ، گەنم و برنج. زەویەکان لەژێر ڕێنمایی حەسەن پلە پلە دەکران، بۆئەوەی زۆرترین زەوی کشتووکاڵی بەردەستبخرێت. گرد و داڵانەکانی دۆڵەکە بەشێوەی پلیکانەیی کرابوو بۆئەوەی ڕوەک و دانەوێڵەیەکی زۆری لەسەر بچێندرێت.[١]٢٧ لەکاتی پێویستدا گوندەکانی دەوروپشت ئامێری باشیان بۆ دابیندەکرا بۆئەوەی پێداویستییەکی زۆر بۆ قەڵاکە دەستەبەر بکەن.

پێدەچێت دوای پتەوکردنی قەڵاکە و دۆڵی دەوروپشت لە لایەن حەسەنەوە کتێبخانە بەناوبانگەکەی ئەلەموت بونیاتنرابێت. کتێبخانەکە بەهۆی ئامێری فەلەکناسی و کۆکراوەیەک لە پەڕتووکی دەگمەن، زانا و فێرخوازێکی زۆری لە سەرانسەری جیهان بۆخۆی ڕاکێشابوو، کە بۆ چەندان مانگ سەردانیان دەکرد و لە لایەن ئیسماعیلییەکانەوە میوانداری دەکران.[١]٢٧ بەشێوەیەکی گشتی نووسینە ئیسماعیلییە فارسییەکان، هەردوو جۆری زانستی و بیروباوەڕی ئاینی، لەدوای سەردەمی ئەلەموتەوە نەماون. جگە لەو نوسراوە بەنرخانەی کە بە زمانی عەرەبی نوسرابوون، گواستنەوەی ناوەندی ئیسماعیلی بۆ ئێرانی ئێستا بووە هۆکاری هەڵکشانی ئەدەبیاتی ئیسماعیلی فارسی.[١٨]١٢١ بەشێکی زۆری نووسراوە نزارییەکان کە لەو ماوەیەدا نووسراون، لە کاتی داگیرکارییەکانی مەغۆلەکان و وێرانکردنی کتێبخانەکە وونبوون یان لەناوچوون، بەڵام هەرچۆنێک بووبێت چەند نووسینێکی بایەخدار پارێزراون، بۆ نموونە بەرهەمە سەرەکییە نەناسراوەکەی ساڵی ١١٩٩ی زاینیی بە ناونیشانی "هفت باب بابا سیدنا" و چەند گوتارنامەیەکی نەسیرەددینی تووسی.

سەرەتای لەدەسچوونی بەرهەمەکانی کتێبخانەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای فەرمانڕەوایی ئیمام جەلالەدین حەسەن لە ئەلەموت. ئیمام جەلالەدین بەڕەچاوکردنی بنەمای دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان ئیسماعیلی فارسی و جیهانی فراوانی سوننی، ژمارەک زانای ئاینی لە شارۆچکەی قەزوینەوە بانگهێشتکرد بۆئەوەی سەردانی کتێبخانەی قەڵاکە بکەن و هەرکتێبێک بە هەڵگەڕاوە و کوفری بزانن بیسوتێنن.[١٨]١٢١ دواجار لەکاتی داگیرکاری مەغۆلەکان لەژێر سەرکردایەتی هۆلاکۆ خان لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی کتێبخانەی ئەلەموت لەناوبردرا. جوەینی بە مۆڵەتی هۆلاکۆ خان، پەڕتووکخانەکە گەڕا و چەند بەرهەمێکی هەڵبژارد کە بە شایستەی مانەوەی دەزانی، بەرلەوەی کە تەواوی پەرتووکەکان ئاگریان تێبەردرێت. بابەتە هەڵبژێردراوەکانی بریتیبوون لە قورئانی پیرۆز، کۆمەڵێک ئامێری فەلەکناسی و وتارنامە، و کۆمەڵێک بەرهەمی ئیسماعیلی. عەتا مەلیک جوەینی کەسێکی دژە ئیسماعیلی بوو تەنها مەیلی ئەوەی هەبوو لە ناوەڕۆکە عەقیدەییەکانی کتێبخانەکە بزانێت.[١]٦٦ بەمشێوەیە هەندێک لە بەنرخترین وتارنامە دەربارەی ڕێباوەڕەکانی ڕێبازی ئیسماعیلی لەگەڵ وێرانکردنی کتێبخانەکە لەدەستچوون. جوەینی لە گەڕان و پشکنینی قەڵاکە، وەسفێکی قەڵاکەی کۆکردەوە و لە تۆمارکراوەکانیدا دەربارەی داگیرکارییەکانی مەغۆلەکان تۆماریکردووە، لەژێرناوی "تاریخ جهانگشای جوینی"(مێژووی داگیرکاری جیهان).[٩]٣١

شاردنەوە و دەرکەوتنی ئێمامەکان لە ئەلەموت[دەستکاری]

لەگەڵ مردنی حەسەن سەباح لە ساڵی ١١٢٤ی زاینی، لەمەوبەدووا قەڵاکە لەژێرفەرماندەیی بانگخواز(داعي) کیا بوزورگ ئومید دا بوو، لەژێر ڕێنوێنی ئەودا پەوەندی نێوان ئیسماعیلی و سەلجوقییەکان بەرەو باشی چوو.[١]٣٤ هەرچۆنێک بێت ئەمە بێ تاقیکردەوەی هێزی فەرماندەیی بوزورگ ئومید نەبوو، بەمشێوەیە سەکجوقییەکان لە ساڵی ١١٢٦ی زاینی دەستیان کردن بە هێرشکردنە سەر قەڵاکانی ئیسماعیلییەکان لە ڕودبار و قوهستان. دوای شکستهێنان لە هێرشەکان سوڵتانی سەلجوقی "ئەحمەد سەنجەر"، قایلبوو بە داننان بە سەربەخۆیی ناوچەکانی ئیسماعیلییەکان.[١]٣٤ بوزورگ ئومید سێ ڕۆژ پێش مردنی کوڕەکەی خۆی "موحەمەدی کوڕی کیا"ـی دەستنیشان کرد بۆ سەرکردایەتی کردنی کۆمەڵگا بە ناوی ئیمامی ئیسماعیلی.

موحەمەدی کوڕی کیا بوزورگ ئومید[دەستکاری]

بەم پێیەی موحەمەد لە ساڵی ١١٣٨ی زاینی شوینی کیا بوزورگ ئومیدی گرتەوە، هەرچەندە چاوەڕوانی هەندێک بەرهەڵستییان لەبەرامبەر دەسەڵاتەکەیدا دەکرد، بەڵام سەلجوقیییە بەش بەش بووەکان بۆ بەردەوامبوونیان لەناو ئیسماعیلییەکان پێشوازییان لێکرا.[١٩]٣٨٢ کە لەژێر فەرمانی موحەمەد بە یەکگرتووی مانەوە. سەرەتایی دەسەڵاتی موحەمەد بەردەوام دژایەتێکی کەم دەبینرا، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نزارییەکان ژمارەیەک قەڵا لە ناوچەی قومیس و ڕودبار بەدەستبێنن و بنیاتبنێن، وەک قەڵاکانی سەعادەت کوهـ، موبارەک کوهـ و فیروز کوهـ.[١٩]٣٨٣ موحەمەد کوڕەکەی خۆی بەناوی "حەسەن عەلا زیکرە‌ سلام" کە لەدایکبووی ساڵی ١١٢٦ی زاینی بوو، دەستنیشان کرد بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵگا بە ناوی ئیمام. حەسەن بە باشی ڕاهێنرابوو لە ڕێباوەڕی ئیسماعیلی و تەئویل[ئ](تأويل).

ئیمام حەسەن عەلا زیکرە‌ سلام[دەستکاری]

موحەمەد بەهۆی نەخۆشییەوە لە ساڵی ١١٦٢ی زاینی حەسەنی کوڕی لەجێگەی خۆی دانا، کە ئەوکات تەمەنی نزیکەی سی و پێنج ساڵ بوو.[٢٠]٢٥ ئیمام حەسەن دوو ساڵ دوای وەرگرتنی دەسەڵات، وەک باسکراوە لە گۆڕەپانی قەڵای ئەلەموت ڕێووڕەسمێکی سازکرد کە ناسرابوو بە قیامەت(ڕۆژی زیندووبوونەوە)، کە بەهۆیەوە ئیمام ویستی جارێکی تر بەرچاووببێتەوە بۆ کۆمەڵگای شوێنکەوتووانی لە ناوەوە و دەرەوەی دەوڵەتی نزاریی ئیسماعیلی. ئەم مشتومڕانەی کە جوەینی باسی کردوون و ئەو راستییەی کە ئەو کتێبخانەکەی سووتاندووە کە ڕەنگە دەرخستەی زۆر گەواهی زۆر باوەڕپێکراوبن دەربارەی مێژوو، زانایان گومانیان هەبووە دەربارەی گێڕانەوەکانی بەڵام لەبەر نەبوونی سەرچاوەی شوێنگرەوە ناچارن پشتی پێببەستن. خۆشبەختانە باسکردنەکانی ئەم ڕووداوە لە سەرگوزەشتە و گێڕانەوەکانی ناو " حەفت بابی ابی ئیشق(هفت بابي ابي اشق)"ـی رەشیدەدین(رشيد الدين) پارێزراون، کە کتێبێکی ئیسماعیلی سەدەی ١٥هەمی زاینییە. بەلام ئەمەش یان لەسەر بنەمای جوەینی وەرگیراوە یان وردەکاری زۆری نەداوە.[٢١]١٤٩ هیچ گێرانەوەیەکی هاوچەی ئیسماعیلی لەبارەی ڕووداوەکانەوە نەماوە، ڕەنگە زانایان هەرگیز وردەکاریەکانی ئەم کاتە بە درشتی نەزانن.

ئیمام حەسەن عەلا زیکرە‌ سلام تانها ساڵ و نیوێک دوای ڕێوڕەسمی قیامەت کۆچی دووایی کردووە. بە گوتەی جوەینی، لە لایەن زاوەکەیەوە بە ناوی "حەسەن نەموار" لە قەڵای لامبسار بە شمشێر پێکراوە.

وەشانی ئیسماعیلیی مێژووی ئەلەموت[دەستکاری]

ئەو کەمییەی کە ئێمە دەیزاین دەربارەی ئیمامەکانی ئەلەموت لە لایەن "جوەینی" یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەگری ئیسماعیلی گێڕدراوەتەوە. جوەینی زانایەکی موسڵمانی سونی بووە ، کە خزمەتی بە خاوەنبەرژەوەندییە مەغۆلەکان کردووە. لەوکاتەدا نەیتوانی بە ئاشکرا ئاهەنگی سەرکەوتنی مەغۆلەکان بەسەر فەرمانڕەوا موسوڵمانەکانی تردا بگێڕیت، سەرکەوتنی مەغۆلەکان بەسەر نزاری ئیسماعیلییەکاندا، کە جووەینی بە گومڕابوون و "وەک سەگ بێنرخ"ی زانیووە، بووە جێگەی سەرنجی کارەکانی دەربارەی داگیرکارییەکانی مەغۆل.

بەپێی وەشانی ئیسماعیلی ڕووداوەکان، دوای مردنی ئیمامی خەلیفە "موستەنسیر بیللا"، دادوەرێک بە ناوی "ئەبول حەسەن سەعیدی" لە میسڕەوە گەشتی کرد بۆ ئەلەموت، کوڕە بچووکەکەی ئیمام "نزاری کوڕی موستەنسیر" لەگەڵ خۆی برد کە بە ئەلهادی ناسرابوو.[١٩]٣٩١ واپێدەچێت ئیمام هادی بە شاراوەیی لە دۆلی ئەلەموت ژیابێت، لەژێر پارێزراوی حەسەن سەباح کە ئەوکات سەرۆکی داعی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی بوو. دوابەدوای ئەو ئیمام موهتەدی و ئیمام قاهیر بوون، کە ئەوانیش بە شاراوەیی لە خەڵکی گشتی دەژیان، بەڵام لە پەیوەندی دابوون لەگەڵ ئەندامە پلە باڵاکانی کاربەدەستانی ئیسماعیلی (حدود). ئەم سەلماندنە زیندوو و بینراوانەی بوونی ئیمامە شاراوەکان باسدەکان لە عەقیدەی ئیسماعیلیدا بە حجة(بەڵگە) ناسراون. ماوەی شارادنەوە ئیمام دیاریکرابوو لەلایەن ئاڕاستەی ناوەندی سەرۆکی داعی لە قەڵای ئەلەموت بەدرێژایی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی. لەگەڵ دەرکەوتنی ئیمام حەسەن عەلا زیکرە‌ سلام ماوەی شاراوەیی(سطر) کۆتایی پێهات.

ئیمام نورەدین موحەمەد[دەستکاری]

لە ساڵی ١١٦٦ی زاینی ئیمام نورەدین موحەمەد بوو بە جێنشینی ئیمام حەسەن عەلا زیکرە‌ سلام، کە وەک باوکی و ئیمامەکانی سەردەمی پێش ئەلەموت، بە ئاشکرا بوونی بە ئیمام بۆ شوێنکەوتووانی ڕاگەیاندن. لەژێر فەرمانڕەوایەتی چل ساڵەی ئیمام نورەدین موحەمەد، ڕیبازی ئیمامەتی قوڵتر گەشەیپێدرا و هاوتا لەگەڵ خونەریتی ئیسلامی شیعی، شێوەی ئیمام گرنگی زیاتری پێدرا.

ئیمام جەلالەدین حەسەن[دەستکاری]

لەناو فارسدا، نزارییەکانی سەردەمی قیامەت تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵە سیاسییەکانی پێشویان فەرامۆشکرد و تاڕادەیەکی زۆر لە جیهانی سونی دەوروبەر دابڕان. بە مردنی ئیمام نورەدین و لەژێر ڕێنوێنی ئیمام جەلالەدین حەسەن چەرخێکی نوێ بۆ نزارییەکان هاتە ئاراوە. ئیمام جەلالەدین حەسەن زانا و فەقێ سونەکانی سەرانسەری خۆراسان و عێراقی بانگهێشت کرد بۆ ئەلەموت، تەنانەت بانگهێشتی کردن  بۆ پێداچوونەوە بە پەرتووکخانەکەی ئەلەموت و تەنانەت لابردنی هەر پەرتووکێک کە ناڕازین لەسەری. ئیمام جەلالەدین حەسەن لەماوەی ژیانیدا، پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ خەلیفەی عەباسی "الناصر لدين الله" پاراستبوو.[١٩]٤٠٥ هاوپەیمانی لەگەڵ خەلیفەی بەغدا هۆکارێکی زۆر باش بوو بۆ بەرگریکردن لەخۆی و دەوڵەتەکەی و بگرە بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی.[٢٠]٢٩

ئیمام عەلائەدین موحەمەد[دەستکاری]

دوای مردنی ئیمام جەلالەدین حەسەن لە ساڵی ١٢٢١ی زاینی، کوڕەکەی "عەلائەدین موحەمەد" جێگەی گرتەوە. ئیمام عەلائەدین موحەمەد تەمەنی تەنها ٩ ساڵ بوو کە تەختی دەسەڵاتی کەوتەدەست، بەردەوامی بە سیاسەتی باوکی دا بۆ پاراستنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ خەلافەتی عەباسی.[١٩]٤٠٦ لەژێر سەرکردایەتی ئیمام عەلائەدین موحەمەد، جەختی لەسەر پێویستی ئیمامێک کردەوە کە بەپیێ داخوازی سەردەم ڕێنمایی کۆمەڵگا بکات. ژیانی هزری و زانست لەژێر دەسەلاتی ئیمام عەلائەدین موحەمەد پێشکەوت. کتێبخانەکانی نزارییەکان پڕکرابوو لە زانایانی سەرتاسەری ئاسیا کە لەدەست داگیرکاری مەغۆلەکان ڕایانکردبوو.[٤]١٤٧ لەنێو ئەم ڕۆشنبیرانەشدا، بەشێکیان بەرپرسیاربوو لەبەشدارییە گرنگەکان لە بیری ئیسماعیلیدا تاکو کۆتایی سەردەمی ئەلەموت، وەک نەسیرەددینی تووسی. تووسی لەسەر بابەتەکانی فەلەکناسی، فەلسەفە و ئاینناسی نووسیوە، بەشدارییە دیارەکانی لە بیری ئیسماعیلی بریتین لە "بەهەشتی ملکەچبوون(روضة التسليم)" کە لەگەڵ "حەسەن مەحمود کاتیب" سازاندوویەتی، و "وێژیاریی ژیان و ڕەفتار(آداب السير والسلوك)" کە ڕێژیانی ڕۆحی خۆیەتی. تووسی دوابەدوای ئەم دوو بەرهەمە ڕەوشتییە گرنگە، لەژێر چاوێری ئیمامی ئیسماعیلی لە کتێبخانەی ئەلەموت خوێندوویەتی تاکو خۆبەدەستەوەدانی بۆ مەغۆلەکان لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی.

ئیمام ڕوکنەدین خوروشا[دەستکاری]

تاکو کاتی کوشتنی ئیمام عەلائەدین موحەمەد لە ساڵی ١٢٥٥ی زاینی، مەغۆلەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ژمارەیەک قەڵای ئیسماعیلی لە قوهستان. ئیمام عەلائەدین موحەمەد لە لایەن کوڕە گەورەکەیەوە "ئیمام ڕوکنەدین خوروشا" بوو بە دەسەڵات گری کە زنجیرەیەکی درێژخایەن دانوستانی سازکرد لەگەڵ مەغۆلە دەگیرکەرەکان، و لەژێر سەرکردایەتی ئەواندا، قەڵای ئەلەموت ڕادەستی مەغۆلەکان کرا.[٢٢]

لەشکرکێشی مەغۆلەکان و ڕووخانی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی[دەستکاری]

فراوانبوونی دەسەڵاتی مەغۆلەکان لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای ئاسیا پەیوەستبوو بە داگیرکردنی ناوچە ئیسلامیەکان، کە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی بەبێ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی بەتینی نزاری ئیسماعیلی مەحاڵبوو.[١]٧٥ نزارییەکان لە زیاتر لە پەنجا قەڵای بەهێز پێکهاتبوون کە لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندیی ئیمامی یەکگرتوودا بوون، نوێنەرایەتی بەربەستێکی بەرچاویان دەکرد لەبەردەم کارەکانی مەغۆلەکان. ئەرکی وێرانکردنی یەک لەدوای یەکی قەڵاکان سپێردرابوو بە ھۆلاکۆ خان، لەژێر رێنمایی مانگۆ خانی برای. ڕاستەوخۆ دوای لەناوچوونیان، مەغۆلە داگیرکەرەکان توانیان خەلیفەی عەباسی لابەرن لە بەغدا و داگیرکاریەکانیان پێشبخەن بەرەو ڕۆژئاوا.

وێنەی کێشراو و دەستنووسی کۆنی گەمارۆدانی ئەلەموت، کە دوو ڕای جیاوازی لەسەرە، ڕایەک دەڵێت ساڵی ١٢١٣ بۆ ١٢١٤ یە، ڕای دووەم دەڵێت ساڵی ١٢٥٦

یەکەم هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر ئیسماعیلییەکان لە مانگی نیسانی ١٢٥٣ی زاینی بوو، کاتێک زۆرێک لە قەڵاکان کەوتنە دەستی ژانەڕاڵی مەسیحی مەنگۆلی "کیتبوقا نویان". لە مانگی ئایار، سەربازانی مەغۆل بەرەو قەڵای "گرد کو‌هـ" ڕۆیشتن، کە ئیسماعیلییەکان بۆ چەندمانگێک زەوییەکەیان گرتبوو. لە مانگی کانوونی دووەم، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لەناو قەڵاکە، بەرگریەکانی ئیسماعیلییەکانی لاواز کرد بوو. هێزی پشتیوانی بەخێرایی لە قەڵای ئەلەموتی دراوسێوە گەیشتن و هیرشی مەغۆلەکانیان پوچەڵکردەوە، چەند سەد سەربازێکی "کیتبوقا نویان" کوژران.[١]٧٦ قەڵاکە ڕزگارکرا، بەڵام هێرشەکانی دواتری مەغۆلەکان بۆسەر شارۆچکەکانی توس و فێردوس کۆمەڵکوژی لێکەوتەوە. لە سەرتاسەری خۆراساندا مەغۆلەکان یاسای ستەمکارانەیان چەسپاند و بەرپرسیاربوون لە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتوانی پارێزگاکە.[١]٧٦

دوای کۆمەڵکوژییەکانی تون لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی، هۆلاکۆ ڕاستەوخۆ دەستیکرد بە هەڵمەتێکی گەورەی مەغۆلەکان بۆ ڕێشەکێشکردنی ناوەندەکانی دەسەلاتی ئیسماعیلییەکان. هۆلاکۆ لە چادرێکی فراوان کە لە فێردوس بۆیدانرابوو، بانگهێشتی ناسرەدین موهتاشەم، پارێزگاری ئیسماعیلیی لە قوهستان کرد، داوای بەدەستەوەدانی هەموو قەڵاکانی پارێزگاکەی لێکرد. ناسرەدین ڕونیکردەوە کە فەرمانی خۆبەدەستەوەدان تەنها لەلایەن ئیمامەوە دەدرێت، ئەو دەسەڵاتی ئەوەی نیە کە وەک پارێزگار ئەو فەرمانە بەسەر ئیسماعیلییەکاندا بدات.[٢١]٢٦٦

لەم ماوەیەدا کە ئیمام عەلائەدین موحەمەد کوژاربوو کوڕەکەی "ڕوکنەدین خورشا‌" لە ساڵی ١٢٥٥ی زاینی شوێنی گرتەوە، لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی ڕوکنەدین دەستی بە زنجیرەیەک جوڵەکرد کە ئاماژە بوو بۆ ملکەچبوونی بە مەغۆلەکان. ڕوکنەدین لە نیشاندانی ملکەچبوونی خۆی و لەسەر دواکاری هۆلاکۆ دەستی کرد بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە لە ئەلەموت، مەیمون دژ و لامسار، لابردنی قولە(تاوەر) و سپێری قەڵا(battlements).[٢١]٢٦٧ بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان، هۆلاکۆ ئەم جوڵانەی بە هۆکارێک زانی بۆ دواخستنی گرتنی قەڵاکان و لە ٨ی تشرینی دووەم ١٢٥٦ی زاینی،[٢٣] سەربازە مەغۆلەکان بەخێرای قەڵای مەیمون دژ و شوێنی نیشتەجێبوونی ئیمامیان گەمارۆدا. دوای چوار ڕۆژ لە بۆردومانکردنی سەرەتایی و زیانێکی زۆر بۆ هەردوو لا، مەغۆلەکان مەنجەنیقەکانیان لە دەوری قەڵاکە کۆکردەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ ئابلۆقەدانی ڕاستەوخۆ. هێشتا بەفر نەکەوتبووە سەر زەوی و هێرشەکان بەردەوام بوون، ڕوکنەدین بڕیاریدا خۆی بەدەستەوە بدات لەبەرامبەر تێپەرینی خۆی و خێزانەکەی بە ڕێگایەکی سەلامەت. فەرمانێک داڕێژراو و برادرا بۆ ئیمام لەلایەن جوەینیەوە.[١]٧٩ دوای بۆردومانێکی تر، ڕوکنەدین لە ١٩ی تشرینی دووەم لە قەڵای مەیمون دژ هاتەخوارەوە.

لەژێر دەستی هۆلاکۆدا، ڕوکنەدین بە ناچاری پەیامی تەسلیمبوونی بۆ هەموو قەڵاکانی دۆڵی ئەلەموت نارد. لە قەڵای ئەلەموت، شازادەی مەغۆل "بەلاغای" سەربازەکان بەرەو بنکەی قەڵاکە برد، داوای تەسلیمبوونی موقەدەمدینی فەرماندەی قەڵاکەی کرد. بڕیاریدا کە لە هەموو خەڵکی ناو قەڵاکە، ببورێت ئەگەر لە ماوەی ڕژێکدا خۆی ڕادەست خانی گەورەبکات و بەیعەتی پێبدات. وەک گوێڕایەڵیەک بۆ ئیمام، موقەدەمدین و پیاوەکانی لە قەڵاکە دابەزین، و سوپای مەغۆلەکان چوونە ناو ئەلەموت و دەستیان بە وێرانکردنی کرد.[١]٧٩

بە بەراورد لەگەڵ مەیمون دژ، ئەلەموت زۆر پتەوتربوو و دەیتوانی بۆماوەی زۆر بەرگەی هێرشەکانی سوپای مەغۆل بگرێت. بەڵام تاڕادەیەک بچووکتر بوو لە قەبارەدا و بە ئاسانی لەلایەن مەغۆلەکانەوە دەوردەدرا. هێشتا گرنگترین هۆکاری شکسی ئیسماعیلیەکان لە ئەلەموت، فەرمانی ئیمام بوو بۆ تەسلمکردنی قەڵاکانی ناو دۆڵەکە، بۆیە نەدەتوانرا بەردەوام بن لە بەرخۆدان، چونکە فەرماندە نەیدەتوانی پیشێلی ئەو سوێندە بکات کە کردبووی بۆ ئیمام. دەبوو گوێڕایەڵی تەواوی ئیمام بێت.[١]٨٠

گەمارۆدانی ئەلەموت ساڵی ١٢٥٦ی زاینی

لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی، ڕوکنەدین لە سێدارەدرا، جوەینی لە وەسفی ئەمەدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کوشتنی ئیمام " ئەوجیهانەی پاککردەوە کە بەهۆی خراپەکاریەکانی پیسبووبوو". دواتر لە قوهستان، ئیسماعیلیەکان بە هەزارانیان لی بانگهێشت دەکرا بۆ بەشداریکردن بۆ کۆبوونەوە گەورەکان، لەوێ کۆمەڵکوژ دەکران. لە کاتێکدا هەندێکیان هەڵدەهات بۆ ناوچەکانی دراوسێ، بەڵام ژمارەی ئەو ئیسماعیلیانەی کە لە سەربازگەکان کۆمەڵکوژ کران نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ کەس دەبوون.[١]٨٣

بە گوتەی عەتا مالیک جوەینی لە کاتی هێرشکردنە سەر قەڵای ئەلەموت، چەکی گەمارۆدانی دروستکراوی خیتایانەکان Khitayan کە شێوەی لە چەکی کەوانەیی crossbows دەچوو، بەکار‌هێنراوە.[٢٤][٢٥][٢٦] "خیتایان" بە واتای چینی Chinese دەهات و چەکەکە جۆرێک بوو لە تیروکەوانی arcuballista، لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی لەژێر فەرمانی هۆلاکۆ خرابۆکار.[٢٧]

بەردەکان بە قەڵاکەدا دەکێشران و قەدی تیرەکان bolts ژمارەیەکی زۆریان لە بکوژەکان Assassins ـیان سوتاند. دەیانتوانی لە مەودای نزیک ٢٥٠٠ هەنگاو بیهاوێژن.[٢٨] ئامێرەکە وەک کەوانەی گا وەسفکرابوو. قیڕی ئاگردار دەخرایە سەر قەدی تیرەکە بەرلەوەی بتەقێندریت. مێژوو نوسێکی تر پێیوایە کە باڕوت بەکارهاتبێت کە بۆتە هۆی سوتان، لەو شەڕەی کە جوەینی تۆماریکردووە.[٢٩]

دوای داگیرکاری مەغۆلەکان[دەستکاری]

وا گریمانە کرابوو کە بە گەمارۆدانی سەرەتایی قەڵای ئەلەموت لە ساڵی ١٢٥٦ی زاینی، بوونی نزاری ئیسماعیلی دووچاری لەناوچوون دەبووەوە. هەرچەندە زیانەکان پانتاێکی فراوانی گرتبووەوە، بەڵام هێزەکانی نزاری توانیان لە ساڵی ١٢٧٥ی زاینی قەڵاکە بگرنەوە، بە سەرکردایەتی کوڕێکی ئیمام ڕوکنەدین خورشا، و چەند دەستەیەک لە خوارەزمشاھییەکان، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە داگیرکاری مەغۆلەکان هێزەکانی نزاری بەتەواوی نەسڕیوەتەوە.

هەچۆنێک بێت لەژێر ڕێبەرایەتی کوڕی هۆلاکۆ خان، سوپای مەغۆل لە سڵی ١٢٨٢ی زاینی ئەلەموتیان گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی نزاری ئیسماعیلی لە ناوچەکە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ زاینی لەلایەن خوێندکارانی شوێنەوارناسی بە سەرۆکایەتی حەمیدی چوباک، بەڵگەی شەپۆلێکی تری وێرانکاری لە سەردەمی سەفەوییەکان بەسەر قەڵاکەوە دۆزرایەوە.[٣٠]

تاکتیکی بەرگری و سەربازی[دەستکاری]

تایبەتمەنییە جوگرافیای سروشتی دۆڵی دەوروبەری ئەلەموت تاڕادەیەکی زۆر بەرگری قەڵاکەیان مسۆگەر کردبوو. شوێنکە لەسەر بنکەی بەردێکی تەسک هەڵکەوتووە کە نزیکەی ١٨٠ مەتر لە ئاستی زەویەوەیە، ئەمەش وایکردبوو کە قەڵاکە بە هێزی سەربازی ڕاستەوخۆ نەگیرێت.[١]٢٧ دۆڵی ئەلەموت لە ڕۆژ هەڵات هاوسنووربوو لەگەڵ زنجیرە شاخێک کە پێیدەگوترا ئەلەمکو( تەختی سولەیمان) کە ڕووباری ئەلەموت لەنێوانیاندا دەڕژا. دەروازەی ڕۆژئاوای دۆڵەکە تەسکبوو، کە پارێزرابوو بە لاپاڵیێک کە بەرزیەکەی ٣٥٠ مەترە. گەروێک کە لە یەکگرتنی هەرسێ ڕووباری تەلیقان، شەهرود و ئەلەموت پێکدێت بە ناوی شێرکۆ. بۆ چەندان ساڵ ئاوە هەڵێشەکەی ڕووبارەکە بەربەستێکی بۆ داروازی نزیک لێیەوە دروستکردبوو. قەزوین کە نزیکترین شارۆچکەیە لە دۆڵەکە، بەرێگای وشکانیدا تەنها بە کەر و هێستر دەتوانرا هاتوچۆی پیادابکرێت، ئەمەش دەتوانرا بە ئاسانی جولەی دوژمنی لیوە ببینرێت بەهۆی ئەو تەپوتۆزەی کە لە ڕێگاکە دروستدەبوو لە ئەنجامی هاتووچۆ کردنیان.[١]٢٧

پانۆڕامای ڕێگای چوونە ناو قەلاکە

ڕێبازی سەربازی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی بەگشتی ڕێبازێکی بەرگری بوو، لەگەڵ هەڵبژاردنی شوێنگەلێکی ستراتیژی بۆئەوەی بەپێی توانین خۆیان بەدووربگرن لە ڕووبەڕووبوونەوە و کوشتاری.[١]٥٨ بەڵام پێناسەیەکی جیاوازی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی ئەوەبوو کە لەڕووی جوگرافییەوە لە سەرانسەری فارس و سوریادا بڵاوبووبوونەوە. بۆیە قەڵای ئەلەموت تەنها قەڵای زنجیرە قەڵا بە‌هێزەکان بوو کە ئیسماعیلیەکان دەیانتوانی بۆ مەبەستی سەلامەتییان پاشەکشەی بۆ بکەن. لە ڕۆژئاوای ئەلەموت لە دۆڵی شەهرود، قەڵای سەرەکی لامسار جۆرێک بوو لەم پاشەکشەیە. لە چوارچێوەی ڕاپەڕێنە ڕامیاریەکانیاندا، بۆشاییە ئەمنیە جۆراوجۆرەکان سوپای ئیسماعیلی ناوی دار الهجرة(شوێنی پەناگە) لەخۆگرتبوو. چەمکی دار الهجرة لە سەردەمی پێغەمبەر "موحەممەد" دروودی خودای لێبێت، سەرچاوەی گرتووە، دووای ئەوەی پێغەمبەر(د.خ) و هاوەڵانی بەهۆی چەوساندنەوەیان بەشێوەیەکی توند لەلایەن نەیارانیانەوە کۆچیان کرد بۆ یەسریب.[٢١]٧٩ بەمشێوەیەش فاتمیەکان دار الهجرةی خۆیان دۆزیەوە لە باکووری ئەفریقا. بەهەمان شێوە لەکاتی ڕاپەڕین دژی سەلجوقیەکان، ئیسماعیلییەکان چەندین قەڵایەک لەخزمەتیان بوون وەک شوێنی پەناگە.

ئیسماعیلییەکان لەپێناو بەدواداچوون بۆ ئامانجە ئاینی و ڕامیاریەکانییان، ستراتیژی سەربازی جۆراوجۆریان گرتبووە بەر کە لە سەدەکانی ناوین باوبون، یەکێک لەم شێوازانە تیرۆرکردن بوو، بۆ پاکتاوکردنی کەسایەتییە ڕکابەرە دیارەکان. بەزۆری کوشتی نەیارە سیاسییەکانیان لە شوێنە گشتییەکان ئەنجامدەدا، بۆ دروستکردنی ترس و دەنگدانەوەی بۆ دوژمنەکانی تریان.[١٨]١٢٩ بەدرێژایی مێژوو، زۆربەی کۆمەڵەکان وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕامیاریەکانیان، پەنایان بۆ تیرۆرکردن بردووە. ئەم کارانەش وەک ئەركێک لەلایان فیدایەکانەوە ئەنجامدەدران. بێ وێنە بوون لەوەی کە هەرگیز هاوڵاتیانی مەدەنییان نەکردۆتە ئامانج. تیرۆرکردنەکان دژی ئەو کەسانە بوون کە لەناوبردنیان دەبووە هۆکاری کەمکردنەوەی مەترسەکانی سەر کۆمەڵەکە و بەرژەوەندییەکانیان، و بەتایبەت دژی ئەو کەسانەی کە کۆمەڵکوژییان دژی بە کۆمەڵگا ئەنجامدابوو.[١]٦١ یەکەمین نموونەی تیرۆرکردن لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی نزاری ئیسماعیلی لە ناوچەی فارس بەشێوەیکی بەرفراوان بە کوشتنی وەزیری سەلجوقی نیزام ئەلمولک دیاریکراوە.[١]٢٩ کە لە دادگای سەلجوقییەکان لە لایەن کەسێکەوە ئەنجامدرا کە جلوبەرگی سۆفی لەبەدابوو، بەڵام ناسنامەی ڕاستی کەسەکە ڕووننەبوو، کە جیاوازبوو لە تەواوی جۆرەکانی تری کوشتن. لە کاتێکدا سەلجوقیەکان و خاچھەڵگران هەردووکیان تیرۆریان بەکار‌هێناوە وەک ڕیگایەک بۆ لادانی دوژمنە باڵەجیوازەکان(کوتلەییەکان). لە ماوەی ئەلەموتدا نزیکەی هەر کوشتنێکی گرنگی سیاسی لە خاکە ئیسلامییەکان کردرابایە دەخرایەپاڵ ئیسماعیلییەکان.[١٨]١٢٩ کە لەوەشەوە بە حەشاشەکان Asssassin's ناسران.[٣١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع غ ف ڤ ق ک گ ل Willey, Peter (2005). Eagle's Nest: Ismaili Castles in Iran and Syria. London: I.B. Tauris. ISBN 978-1-85043-464-1. p23
  2. ^ Alamut castle, 26th November 2022, cafeerent.com
  3. ^ December 15, 1256 Last Stronghold of the Assassins. https://todayinhistory.blog/
  4. ^ ئ ا ب Daftary, Farhad (1998). The Ismailis. Cambridge, UK: Cambridge University Press. 0-521-42974-9.
  5. ^ كتاب تاريخ الدول والإمارات الكردية في العهد الإسلامي، محمد أمين زكي، بغداد ٢٠٠٦، ط٢، ق١، ص٤٣
  6. ^ کورد و کردستان لە سەردەمی خیلافەی ئیسلامیدا، زرار سدیق تۆفیق، هەولێر ٢٠١٠، لا ١٢٥
  7. ^ Alamut Castle, The Fortress of Assassins, APR 26, 2023 ,https://www.tappersia.com/alamut-castle/
  8. ^ عجائب المخلوقات وغرائب الموجودات كتاب، من تأليف العالم والجغرافي أبو عبد الله بن زكريا القزويني.
  9. ^ ئ ا Virani, Shafique N. (2007). The Ismailis in the Middle Ages: A History of Survival, a Search for Salvation. New York: Oxford University Press. 9780195311730
  10. ^ Petrushevskiĭ, Ilʹi͡a Pavlovich (1985). Islam in Iran. SUNY Press. p. 363, Note 40. 0887060706.
  11. ^ Hourcade, B. (December 15, 1985). "ALAMŪT". Encyclopædia Iranica. Retrieved February 10, 2013. According to legend, an eagle indicated the site to a Daylamite ruler; hence the name, from aloh (eagle) and āmū(ḵ)t (taught).
  12. ^ Bosworth, C. E. (January 1989). "Review of Books". Journal of the Royal Asiatic Society of Great Britain & Ireland. 121 (1): 153–154. doi:10.1017/S0035869X00168108
  13. ^ الحشّاشون.. القصة الكاملة لأكثر الفرق دموية في التاريخ الإسلامي، ميدان(عن قناة الجزيرة)
  14. ^ الحشـّاشون.. دقـّت ساعة الحقيقة, 24 يوليو 2008 . elaph.com
  15. ^ طائفة الحشاشين، مصطفى 2018 – الجزائر، www.kabbos.com
  16. ^ حسن صباح رهبر اسماعیلیه، http://taghvimetarikh.com/
  17. ^ حەسەن سەباح خواوەندی ئەلەموت، ڕۆمان، نووسینی: پول ئامیر، وەرگێڕانی: حەمەی حەمەسەعید، چاپی چوارەم، بەرگی دووەم، ٢٠١٨، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی هەژار موکریانی
  18. ^ ئ ا ب پ Daftary, Farhad (1998). A Short History of the Ismailis: Traditions of a Muslim Community. Edinburgh: Edinburgh University Press. 9781558761933
  19. ^ ئ ا ب پ ت Daftary, Farhad (1990). The Ismāʻīlīs: Their History and Doctrines. Cambridge: Cambridge University Press. 9780521370196.
  20. ^ ئ ا Ivanov, Vladimir A. (1960). Alamut and Lamasar; Two Mediaeval Ismaili Strongholds in Iran, an Archaeological Study. Teheran: Ismaili Society. OCLC 257192
  21. ^ ئ ا ب پ Hodgson, Marshall G.S. (2005). The Secret Order of Assassins: The Struggle of the Early Nizārī Ismā'īlīs Against the Islamic World. Philadelphia: University of Pennsylvania Press 9780812219166
  22. ^ Daftary, Farhad (1996). Mediaeval Isma'ili History and Thought. New York: Cambridge University Press. 9780521451406
  23. ^ Alamut fortress of the Assassins in Iran، Updated February 1, 2021 cosmicmektoob.com
  24. ^ ʻAlā al-Dīn ʻAṭā Malek Joveynī (1958). The history of the World-Conqueror. Harvard University Press. p. 631.
  25. ^ Journal of Asian History. O. Harrassowitz. 1998. p. 20.
  26. ^ Mansura Haidar; Aligarh Muslim University. Centre of Advanced Study in History (1 September 2004). Medieval Central Asia: polity, economy and military organization, fourteenth to sixteenth centuries. Manohar Publishers Distributors. p. 325
  27. ^ Wright, David Curtis (2008). Ferris, John (ed.). "NOMADIC POWER, SEDENTARY SECURITY, AND THE CROSSBOW". Calgary Papers in Military and Strategic Studies. Military Studies and History. Centre for Military and Strategic Studies. 2
  28. ^ Ala-ad-Din 'Ata-Malik Juvaini (1958). The history of the world-conqueror. Vol. II. Harvard University Press. pp. 630=631.
  29. ^ Haw, Stephen G. (July 2013). "The Mongol Empire – the first 'gunpowder empire'?". Journal of the Royal Asiatic Society. 23 (3): 458.
  30. ^ Virani, Shafique N.; Virani, Assistant Professor Departments of Historical Studies and the Study of Religion Shafique N. (2007). The Ismailis in the Middle Ages: A History of Survival, a Search for Salvation. Oxford University Press, USA. p. 32
  31. ^ الحشاشون.. شيوخ الجبل الذين أرهبوا الدولة الإسلامية، الزهراء سامى، 05 مايو، egyptiangeographic.com

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ واتا لێکدانەوەی ئاماژە نهێنیەکان یان گەڕان بەدوای مانا شاراوە و ناوەکییەکانی قورئانی پیرۆز و گەڕانەوە بۆ لێکدانەوە ڕەسەنەکەی