دەوڵەتی سەلجووقی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سەلجوقییەکانەوە ڕەوانە کراوە)
دەوڵەتی سەلجووقی
دولت سلجوقیان

دەوڵەتی سەلجووقی لە فراوانترین ئاستیدا ساڵی ١٠٩٢ز دوای کۆچی دواییی مەلیکشاھ
زانیاریی گشتی
پایتەخت نەیشابوور، ڕەی، ئەسفەھان
زمانی فەرمی عەرەبی و فارسی و تورکی
جۆری حوکم شانشینی
مێژووی دامەزراندن ساڵی ١٠٣٧ز
مێژووی ڕووخان ساڵی ١١٩٤ز
دامەزرێنەر تەغڕۆڵ بێگ
دوایین خەلیفە ئەحمەد سنگر
ئایین ئیسلام

سەلجووقییەکان یان نەوەی سەلجووق، بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداری تورک بوون و حوکمی ئەفغانستان و ئێران و بەشێک لە ئەنادۆڵ و سوریا و عێراق و دوورگەی عەرەبیان کردووە لە نێوان ساڵانی ١١٥٧ بۆ ١٠٣٨ز و پاشان ھەتا ١١٩٤ز، بارەگاکەیان مەڕو، پاشان ئەسفەھان بووە.

سەلجووقییەکان دەچنەوە سەر ھۆزی (قنق) یەکێک لە ھۆزە دەسەڵاتدارەکانی غەزوی تورکی، ئەم ھۆزە چوونە ئیسلامەوە لە سەردەمی سەلجوقی سەرکردەیان ساڵی ٩٦٠ز، پاشان چوونە خزمەتی قەرەخانەکان لە وڵاتی ئەودیو ڕووبار.

حەفیدەکانی سەلجوق، کە (تەغڕۆڵ بێگ و جغری) بوون شانشینەکەیان کردە دوو بەشەوە، بەشی ڕۆژاوا کە بنکەکەی ئەسفەھان بووە، بەشی ڕۆژھەڵاتە کە بنکەکەی مەڕو بوو. لە دوای سەرکەوتنی ەغڕۆڵ بێگ بەسەر غەزنەویەکان ساڵی ١٠٤٠ز لە نزیک زەنگان شانشیەنەکەی فراوان بوو بە لای ڕۆژئاوادا زیاتر، و فارسی خستە سەر ساڵی ١٠٤٢ز، و ھەندێک لە بەشەکانی ئەنادۆڵ و پاشان عێراقی گرت ساڵی ١٠٥٥ز، و دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر بوەیھیەکاندا لە عێراق تەغڕۆڵ بێگ چووە بەغداوە.

مێژوو نوسان سەردەمی سەلجوقی لە عێراق بە سەردەمی بەتوانای سەلجوقیەکان دادەنێن، کە ھەموو کاروبارێکی دەوڵەتیان بە دەستەوە بوو جگە لە ھەندێک ڕووکەش و ڕەسمیات نەبێت خەلیفەی عەباسی ھیچی بەدەست نەبوو، و سەلجوقیەکان دەستیان گرت بەسەر ئەرمینیا ساڵی ١٠٦٤ز، پاشان دەستیان گرت بەسەر حیجاز و شوێنە پیرۆزەکاندا لە ساڵی ١٠٧٠ز بۆ ماوەیەکی کەم، ھەروەک سەرکەوتنێکی باشیان بە دەست ھێنا بەسەر بیزەنتیەکان لە شەڕی مەڵاز گرد ساڵی ١٠٧١ز.

لە ساڵی ١٠٩٢ز وبەھۆی زۆری ڕکەبەرەکان لەسەر تەختی دەسەڵات لە نێوان ئەندامانی خێزانەکەی، شانشینی سەلجوقی بووە چەند مەمالیکێک، ومەحمود توانی یەکی بخاتەوە لە ساڵی ١١٠٥ تا ١١١٨ بەڵام دووبارە دابەش بوویەوە و شانشینی سەلجوقی دامەزرا لە عێراق و ئێران و مایەوە تا دەوروبەری ساڵی ١١٩٤ز، و یەکێکی تر لە ڕۆژھەڵات سوڵتان ئەحمەد سنگر دایمەزراند لە نێوان ساڵانی ١١١٨-١١٥٧ز، کە زۆر نەمایەوە کە لە سەردەمی جێنشینەکانیدا و لە ساڵی ١١٣٥ و لە ئەنجامی ناکۆکیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا شاکانی خواڕەزم (خواڕزمشاھات) دەستیان بەسەرا گرت ساڵی ١١٩٤ز، چەند مەمالیکێکی تر بۆ سەلجوقیەکان دامەزران وەک،

  • لە کرمان (١٠٤١-١١٨٧)ز، بارەگاکەیان بەردەسیر بوو
  • لە شام (١٠٩٤-١١١٧).، بارەگاکەیان دیمەشق پاشان حەلەب بوو.
  • لە ئەنادۆڵ (١٠٧٧-١٣٠٨)ز، بارەگاکەیان ئیزنیق پاشام قۆنیە بوو.

مێژووی جەنگەکانیان[دەستکاری]

دامەزراندن[دەستکاری]

سەلجوقیەکان ئەچنەوە سەر ھۆزی (قنق) یەکێک لە ھۆزەکانی غەزوی بیست و سێیەم کە لقێکی تورکەکانن، ئەم ھۆزانە لەنیوەی دووەمی سەدەی شەشەمی زاینیەوە دەستیان کرد زنجیرەیەک کۆچگردن بۆ خاکەکانی ئەنادۆڵ بە ھۆکاری جیاواز، کە ھۆکاری سەرەکی ئەبێت بۆ گوزەران و زەوی بوو بێت، و لەکاتی کۆچکردنەکە ھۆزەکە ماوەیەک لە جرجان و تەبڕستان مانەوە و لێرە ئەندامانی ھۆزەکە لە خزمەتی پاشای تورکی (بیگۆ)دا بوون، لەوانەش (سەلجوقی کوڕی دەقاق) کە لە گەورەکانیان بوو وپایەی سەرۆکی سوپای وەرگرت لای پاشا تورکیەکە، بەڵام بە ھۆی بەھێزی سەلجوق و گوێڕایەڵی ھۆزەکەی بۆی، بیگۆ ترسا لە دەست بەسەراگرتنی سوپای تورکی و لە سەلجوق، ھەتا پلانی کوشتنی دانا، کاتێک سەلجوق بەمەی زانی ھۆزەکەی کۆ کردەوە و ڕۆیشتن بەرەو شاری خەجنەدە لە نزیک ڕووباری سیحۆن، کە حوکمی ئیسلامە باڵی کێشا بوو بەسەر ئەو ناوچەیەدا، لێرەدا سەلجوق ئیسلام بوونی خۆی ڕاگەیاند و جەنگا لەگەڵ تورکە بت پەرستەکانی ناوچەی تورکستان.

شەڕى داندقان لە نێوان غەزنەوى وسەلجوقیەکان

لە سەدەی پێنج کۆچیەوە ھێزی سەلجوقی بەرز بوویەوە و بوو بە دەوڵەتێکی بەھێز، کە ئەمەش بووە ھۆی قەلەقی سوڵتان مەحمود غەزنەوی حاکمی دەوڵەتی غەزنەوی لە وڵاتی ھند وفارس، لەبەر ئەوە مەحمود ھێرشی کردە سەر سەلجوقیەکان ساڵی( ٤١٥ک) ، ودەستی گرت بەسەر سوڵتانەکەیان ئەرسەلان بیگۆ و ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتووەکانی، و ئەرسەلانی ناردە بەندیخانە تا چوار ساڵ و پاشان مرد، بەڵام لە ساڵی ٤١٩ک، سەلجوقیەکان شۆڕشیان کرد و دەرچوون لە ژێر حوکمی مەحمود، مەحمود چەند سەربازێکی بۆ ناردن سەلجوقیەکان شکاندنیان و بەردەوام بوون لە ڕۆیشتنین بەرەو وڵاتی ئەودیو ڕووبار، چەند شارێکیان تێکدا و وێرانیان کرد، مەحمود میر تۆسی بۆ ناردن کە دوو ساڵ لە وڵاتە دوایان کەوت بەڵام مەحمود کۆچی دوایی کرد ساڵی ٤٢١ک بێ ئەوەی بە تەواوی دەست بگرێت بەسەر سەلجوقیەکاندا، و کوڕەکەی مەسعودی کوڕی مەحمود ڕێکەوت لەگەڵیان و ماوەیەک ناکۆکی نێوانیان وەستا، و کاتێک مەسعود ڕۆیشت بۆ ھند بۆ سەرکوتکردنی یاخی بووەکان جارێکی تر سەلجوقیەکان شۆڕشیان کرد، سوپایەکی بۆ ناردن لە نیسابور بەیەک گەیشتن و شکاندنیان، پاشەکشەیان کرد بۆ ڕەی و دوایین جەنگ ڕویدا لە نێوانیان و نێوان مەسعود کەتوانی بیانشکێنێت، ھەموو ئەو شەڕانەی پێشتر باسمان کرد شوێنکەوتووەکانی ئەرسەلان بیگۆ کردیان، کاتێک تەغڕۆڵ بێگ کوڕی میکائیل (کوڕی برای ئەرسەلان) ھاتە جێگەی، و سەرکردایەتی شەڕەکانی سەلجوقی کرد دوای ئەوە دەوڵەتی سەلجوقی دامەزراند، و بووە ناکۆکیان لەگەڵ عەلی تەکین کە ئەیویست ئەو سەرکردایەتی سەلجوق بکات، و دوای چەن شەڕێک لە نێوانیان لە جەنگێکی گەورەدا لە ساڵی ٤٢١ک، تەغڕۆڵ شکا. بە ھۆی ئەم شکانەوە تەغڕۆڵ زۆر بەھێز نەما، داوای ڕێکەوتنی لە مەسعودی کوڕی مەحمود کرد، و مەسعود سودی لەو فرسەتە وەرگرت و نێرراوەکانی تەغڕۆڵی گرت و سوپای کۆ کردەوە و ڕۆیشت بۆیان و توشی شکستێکی گەورەی کردن، بەڵام لە کۆتایی جەنگەکەدا سەربازەکانی مەسعود بووە ناکۆکیان لەسەر دەستکەوتەکان، و سەلجوقیەکان سودیان لەو ناکۆکیە وەرگرت و ھێرشیان کردە سەر سەربازەکانی مەسعود و شکاندنیان و جارێکی تر سەلجوقیەکان سەرکەوتنیان بە دەست ھێنایەوە، لە کاتی ئەو جەنگە مەسعود لە نیسابور بوو و کاتێک ھەواڵی شەڕەکەی پێ گەیشت ترسا لێیان و ویستی زەویان باتێ تا واز لە دژایەتی بھێنن بەڵام ڕەتیان کردەوە، و مەسعود دوای ئەوەی نائومێد بوو لێیان ماوەیەک گوێی پێ نەدان، و لە کۆتاییدا بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ شەڕ لەگەڵیان وسوپایەکی گەورەی کۆکردەوە، کە تەغڕۆڵ توانی بیانشکێنێت ساڵی ٤٢٨ک و دوای ئەو شەڕە سەلجوقیەکان دەستیان گرت بەسەر خۆراساندا.

لە ساڵانی دواتردا شەڕ بەردەوام بوو لە نێوانیان وتەغڕۆڵ سەرکەوتوو بوو، ومەسعود قەلەق بوو وسوپایەکی کۆکردەوە بەرەو خۆراسان ول ەگەڵ سەلجوقیەکان بەیەکیاندا لە جەنگی داندقاندا کە مەسعود شکا و ئەو شەڕە سەرەتای فەرمانڕەوایی سەلجوقیەکان و کۆتایی ھێزی غەزنەوییەکان بوو، دوای ئەوە مەسعود لە بەرگری وەستاو و سەلجوقیەکان یەکێک لە بەھێزترین دەوڵەتەکانی ڕۆژھەڵاتیان دامەزراند کە ساڵی ٤٢٩ک بە ساڵی دامەزراندنی تەواوی دەوڵەتەکە دادەنرێت.

شەڕ لەگەڵ بوەیھیەکان[دەستکاری]

ئەسپ سوارێکى بوەیهى

سەلجوقیەکان نەوەی سەلجوق بڕیاریان دا یەک بگرن لە ژێر سەرکردایەتی تەغڕۆڵ بێگ دوای دەستگرتنیان بە سەر خاکی خۆراساندا، بەم شێوەیە دەوڵەتی سەلجوقی دامەزرا، پاشان تەغڕۆڵ دەستی کرد بە فراوان کردنی دەوڵەتەکیان لە ڕۆژئاواوە، لە ساڵی ٤٣٣ک جرجان و پاشماوەی تەبرستان فەتح کران، و ساڵی ٤٣٤ک خواڕزمی فەتح کرد و پاشان بەردەوام بوو ودەستی گرت بەسەر تەبس و مەکڕان و دەوروبەری کرمان و ڕەی، ھەر لە ھەمان ساڵدا ھەمەدانی گرت و ڕووی کردە باکور بۆ دەھستان و پاشان گەڕایەوە و حاکمی دانا لەسەر تەبرستان و ھەمەدان، و ھوڵی گرتنی کرمانی دا بەڵام تێک شکا، دواتر تەغڕۆڵ ماوەیەک وەستا لە غەزووەکانی پاشان بوەیھیەکان گەڕانەوە ساڵی ٤٣٦ک و ھەمەدانیان لێ سەندنەوە، لەبەر ئەوە تەغڕۆڵ ئیبراھیمی کوڕی یەنالی نارد بۆ فارس ساڵی ٥٣٧ و ھەمەدانیان گێڕایەوە و وڵاتی جەبەلیان گرت (ڕۆژئاوای ئێران وعێراقی ئێستا)، لە ساڵی دواتردا تەغڕۆڵ ڕۆیشت بۆ ئەسفەھان و گەمارۆی دا بەڵام نەیتوانی بیگرێت و ڕێکەوتنی ئەنجامدا لەگەڵ حاکمی ئەوێدا، و لە ساڵی ٤٤٦ک ئازربایجانی فەتح کرد، دواتر بڕیاری دا بەرەو عێراق بڕوات لە ساڵی ٤٤٧ک بۆ دەرکردنی بوەیھیەکان، پەیوەندی نێوان تەغڕۆڵ و خەلیفەی عەباسی بەھێز بوو، کاتێک تەغڕۆڵ نوێنەری نارد بۆ لای خەلیفە ساڵی ٤٣٣ک و ئەویش دانی نا بە دەوڵەتی سەلجوقی لە ھەمان ساڵدا، بەمەش پەیوەندیەکانیان بەرەو باشی ڕۆیشت.

دەوڵەتی بوەیھی بەرەو لێک ھەڵوەشان ڕۆیشت بە ھۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە، کە ئەم ناکۆکیانە لە بەرژوەندی سەلجوقیەکان بوو، کاتێک بەھێزترین پیاو لە ناو بوەیھیەکان و عەباسیەکاندا لەو کاتانەدا (بەساسیری) دەستی گرت بەسەر دەوڵەتی عەبباسی وھەڕەشەی لە بوونی خەلیفە ئەکرد، لەبەر ئەوە خەلیفە قائیم بیئەمرلا ناردی بە دوای تەغڕۆڵ بێگدا لە ساڵی ٤٤٧ک، لە ھەمان ساڵدا تەغڕۆڵ گەیشتە بەغدا و فەتحی کرد و بەساسیری و شا ڕەحیم (دوایین شای بوەیھیەکان) ڕایان کرد کە دواتر گیران، وسەلجوقیەکان ھەڵسوکوتیان لەگەڵ عەباسیەکان باش کرد و مەزھەبی سونەیان گەڕاندەوە وڵات بە پێچەوانەی بوەیھیەکان.

ئەلب ئەرسەلان[دەستکاری]

دوای فەتحی عێراق تەغڕۆڵ بێگ وەستا لە شەڕکردن، و پاشماوەی ژیانی لە بەغدا بەسەر برد، و کۆچی دوایی کرد ساڵی ٤٥٥ک بەرامبەر ١٠٦٣ز لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا لە شاری ڕەی، و تەغڕۆڵ مناڵی نەبوو لەبەر ئەوە وەسیەتی کرد کە کوڕی براکەی (سولەیمانی کوڕی داود) دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام بە زۆری ئەلب ئەرسەلانیان بە باشتر زانی، لەبەر ئەوە وەزیری تەغرۆڵ (عەمید مەلیک کەندەری) ئەلب ئەرسەلانی کردە حام لە کاتێکدا حەزی ئەکرد ئیش بە وەسیەتەکە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ئەلب ئەرسەلان دەسەڵاتی گرتە دەست عەمید مەلیکی کوشت و نیزام مەلیکی لە جێگەی دانا.

خێرا ئەلب ئەرسەلان دەستی کرد بە باشکردنی حوکمەکەی ولە یەکەم ساڵدا ڕووبەڕووی چەند ئاژاوەیەک بوویەوە لە وڵاتدا، و لەدوای ئەوەی دەستی بەسەر ئەو ئاژاوانەدا، گرت جوڵا لە ساڵی ٤٥٦ک بەرەو ئەرمینیا بۆ شەڕی ڕۆم. و کاتێک گەیشتە ئازەربایجان گەیشت بە کۆمەڵێک جەنگاوەر کە دوای کەوتن و بوون بە ڕێنوێنی کەری، و ئەلب ئەرسەلان بەردەوام بوو لەگەڵیان تا گەیشتنە نەقجوان، لەوێ وەستا بۆ کۆکردنەوەی سەرباز و کەشتیەکانی لە ئامادەکاریدا بۆ جەنگ، دوای ئەوەی ھێزەکانی ئامادە کرد سوپاکەی لەگەڵ مەلیکشای کوڕی و نیزامی مەلیکی وەزیریدا نارد. و مەلیکشا گەیشتە قەڵایەکی ڕۆم و فەتحی کرد، پاشان گەیشتە قەڵای سەرمباری و فەتحی کرد لەگەڵ قەڵایەکی تر لە تەنیشتیا ویستی تێکی بات بەڵام نیزام مەلیک نەیھێشت، و ھەموو قەڵاکانیان دا بە میر قەنجوان، و مەلیکشا بەردەوام بوو لە غەزوەکانی تا باوکی بانگی کردەوە، و سوپاکەی برد و دەستیان کرد بە فەتحی چەند شارێک، دوای چەند غەزوێک ئەلب ئەرسەلان گەیشتە شاری ئانی، کە شارێکە ڕووبار دەوری داوە لەگەڵ خەندەق و دیوار لە ھەموو لایەکیەوە، گەمارۆی دا بەڵام نەیتوانی بیگرێت، و سەربازەکانی لە بێ ھیوابووندا بوون، ئەلب ئەرسەلان بریاری دا تاوەرێکی گەورە بنیات بنێت، پڕی کرد لە سەرباز وت یرھاوێژ و مەنجەنیقی لەسەرەکەیدا دانا، نوانیان دیوارەکان بڕوخێنن، و شارەکە بگرن و ڕۆم بشکێنن، و ئەلب ئەرسەلان شارەکەی گرتە دەست و گەڕایەوە دوای ئەوەی فەتحی زۆربەی جۆرجیا و ئەرمینیای کرد لەگەڵ زۆربەی خاکەکانی نێوان ئاوان و ئەڕومیە.

ئەلب ئەرسەلان لە ساڵی ٤٦٢ک دەستی کرد بە غەزوی وڵاتی شام، حاکمی دەوڵەتی میرداسیە (مەحمودی کوڕی ساڵح کوڕی میرداس) ی ناچار کرد تا وتاری ھەینی بە ناوی خەلیفەی عەباسیەوە بدات، و سوپای نارد بۆ باشوری شام و فەتحی ڕامەڵە و بیتولموقەدەسی کرد کە لە ژێر دەستی دەوڵەتی فاتمیدا بوون، و لە ساڵی ٤٦٣ک، ئەلب ئەرسەلان ڕۆیشت بەرەو ڕەھا، بەڵام نەیتوانی بیگرێت، وازی لێھێنا و بەرەو حەلەب ڕۆیشت لەگەڵ ٤ ھەزار سەرباز، و داوای لە میری حەلەب کرد کە مل کەچ بێت بۆ سەلجوقیەکان و دەرگای شارەکەیان بۆ بکاتەوە بەڵام میری حەلەب ڕەتی کردەوە لەبەر ئەوە ئەلب ئەرسەلان ڕۆیشت بەرەو حەلەب و گەمارۆی میر (مەحمودی کوڕی ساڵح) ی دا (کە چاوەڕیی ئەوە نەبوو لەبەر ئەوەی گوێ رایەڵ بوونی ڕاگەیاند بوو بۆ سەلجوق و خەلیفە) بەڵام دوای دوو مانگ گەمارۆ بۆی نەگیرا و ترسا لە پلانی بیزەنتی بۆ داگیرکردنی خۆراسان و ھەروەک لە ناوی خۆی ئەترسا کە شکست بھێنێت لە گەمارۆدانی دوو شاردا یەک لە دوای یەک، لەبەر ئەوە سەرکردەیەکی لە جێگەی خۆی دانا بۆ گەمارۆکە و خۆی ڕۆیشت بۆ خۆراسان بۆ جەنگان لەگەڵ بیزەنتیەکان، کاتێک مەحمود بەوەی زانی خێرا داوای ڕێکەوتنی کرد وئەلب ئەرسەلان مەرجی بۆ دانا کە گوێڕایەڵی عەباسی و سەلجوقیەکان بکات، بەم شێوەیە حەلەب بووە میرنشینێکی سەلجوقی، بەم شێوەیە ئەلب ئەرسەلان ڕوویکردە ڕۆژھەڵات بۆ شەڕ لەگەڵ بیزەنتیەکان، و سوپاکەی لەگەڵ ھەندێک سەرکردەدا بە جێ ھێشت و ڕێگەی شەڕی پێدان لە وڵاتی شامدا، و جوبەیل و دیمەشق و ڕامەڵە و بەیتو لموقەدەس و تەبڕیەیان فەتح کرد و گەمارۆی یافایان دا، ئەمەش لە نێوان ساڵی ٤٦٣ و ٤٦٥ک دا بوو، (تێبینی؛ بۆ شەڕەکانی ئەلب ئەرسەلان لەگەڵ بیزەنتیەکان سەیری ئەو بڕگەیەی خوارەوە بکە (شەڕ لەگەڵ بزەنتیەکان)).

مەلیکشاە[دەستکاری]

لە ساڵی ٤٦٥ک ئەلب ئەرسەلان کۆچی دوایی کرد لە وڵاتی ئەودیو ڕووبار، لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا، وەسیەتی کرد بە دەسەڵاتدان بە مەلیکشای کوڕی، لە ھەمان ساڵدا مەلیکشا بووە سوڵتانی دەوڵەتی سەلجوقی، بەڵام (قاروت بێگ) ی مامی لێی ھەڵگەڕایەوە ومەلیکشا خێرا ڕووبەڕوی بوویەوە لە نزیک ھەمەدان و مامی شکاند و دەسەڵاتی جێگیر بوو بۆی، کە لە سەردەمی ئەمدا دەوڵەت فراوان بوونێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی، کە ھەموو بەشە ئیسلامیەکەی قاڕەی ئاسیای ئەگرتەوە بێجگە لە دوورگەی عەرەبی و وڵاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ئەگێرنەوە لە مەلیکشا کە لە باشترین سوڵتانەکان بووە کە کاروانەکان لە ڕۆژھەڵاتی دوورەوە ئەڕۆیشتن بۆ شام بێ ئەوەی ڕووبەڕوی ھیچ مەترسیەک ببنەوە.

مەلیکشا لە سەردەمەکەیدا دووجار گەمارۆی حەلەبی دا بەڵام نەیتوانی بیگرێت، سوپاکەی جوڵان لە باشور و فەتحی حەما و دیمەشقیان کرد و فەرمانڕەوای حومس مل کەچ بوو بۆیان، لەبەر ئەوە بە حاکمی ھێشتیانەوە، بەڵام لە ساڵی ٤٧٢ک ڕێڕەوی ڕووداوەکان گۆڕان کاتێک خەڵکی حەلەب (موسلیم عەقیلی) یان نارد بۆ ئەوەی لە دەستی مەحمود میرادسی ڕزگاریان کات کە دەستی گرت بەسەریا و بەمە دەوڵەتی میرداسیە ڕوخا و دەوڵەتی عەقیلی لە جێگەی دامەزرا، کە سوڵتان سەلجوقی ناردی بۆ لای ئەویش باپەند بوونی خۆی بۆ دەربڕی، بەڵام دواتر نێوانیان تێک چوو و لە ناکۆکیەکەدا موسلیم کوژرا و مەلیکشا حەلەبی لێ وەرگرتن و ھەر لەو میانەیەدا لازقیە و چەند شارێکی تریان گرت. لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجی کۆچیدا بزوتنەوەیەکی نوێ دەرکەوت لە ڕۆژھەڵات کە کۆمەڵەی حەشاشیەکان بوون، کە قەڵای ئەڵموتیان گرت لە ساڵی ٤٨٣ک، مەلیکشا ناردی بۆ لایان کە بانگیان بکات بۆ مەزھەبی سونە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ساڵی ٥٨٥ک سوپایەکی نارد تا گەمارۆی قەڵاکەیان بدات بەڵام شکستی ھێنا، لەبەر ئەوە سوڵتان بڕیاری دا گوێ نەیات بەو بزوتنەوەیە لەگەڵ ئەوەی نیزام مەلیکی وەزیری زۆر ئاگاداری ئەکردەوە لێیان، بە ھەر حاڵ مەلیکشا زۆر نەمایەوە بۆ بەرەنگاری ئەو بزوتنەوەیە لەبەر ئەوەی ساڵی ٤٨٥ک وەفاتی کرد و دەوڵەتێکی بە جێ ھێشت کە کوڕەکانی بووە ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات.

شەڕ لەگەڵ بیزەنتیەکان[دەستکاری]

شەرى مەڵازگرد لە نێوان سەلجوقى وبیزەنتیەکان ساڵى ٤٦٣ک

ڕۆیشتنی تەغڕۆڵ بەگ بۆ ئازەربایجان لە ساڵی ٤٤٦ک لە یەکەم غەزوەکانی سەلجوقی بوو لە وڵاتی بیزەنتیەکان، کاتێک تەغرۆل گەیشتە تەبرێز حاکمەکەی مل کەچ بوو بۆی لەبەر ئەوە بە حاکمی ھێشتیەوە و ڕۆیشت بەرەو ئەرمینیا، گەیشتە مەڵاز گرد گەمارۆی دا، بەڵام شارەکە چوار دەوری گیرا بوو لەبەر ئەوە گەڕایەوە و سالی ٤٤٧ک ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ عێراق و فەتحی بەغدای کرد بەردەوام نە بوو لە غەزوەکانی کە ئەڵێن لەو غەزوەدا کوشتارێکی زۆری کرد لە ڕۆم.

لە ساڵی ٤٤٩ک سەلجوقیەکان مەلتیەیان گرت و سەرکردە بیزەنتیەکەیان شکاند، سوپایەکی تریان غەزوی قۆنیەیان کرد و ئیمپراتۆری بیزەنتی نەیتوانی وەڵامیان باتەوە، وئ ەلب ئەرسەلان ھەڵمەتی بردە سەر ئازەربایجان و ئەرمینیا ساڵی ٤٥٦ک، بەڵام لە ساڵی ٤٦٢ک پاشای بیزەنتی بەرەو شام ڕۆیشت دوای ئەوەی کە ھەستی بە مەترسی سەلجوقیەکان کرد بۆ ئیمپراتۆریەتەکەی، شاری مەنیبجی گرت وتاڵانی کرد و زۆر لە دانیشتوانەکەی کوشت، ساڵحی کوڕی میرداس و سوپاکەی شکاند، پاشان لە ئەرتح ڕۆژھەڵاتی ئەنتاکیە وەستا، بەڵام ناچاری گەڕانەوە بوو بۆ ئەرمینیا لەبەر برسیەتی و کەمی خواردنی سوپاکەی.

بەڵام ئیمپراتۆری بیزەنتی بەوە وازی نەھێنا لە ساڵی ٤٦٣ک لەشکرێکی گەورەی کۆکردەوە لە ڕۆمە بیزەنتیەکان و فارس و فەڕەنج کە ئەڵێن ژمارەیان گەیشتۆتە ١٠٠ ھەزار کەس، گەیشتنە شوێنێک لە نزیک مەڵاز گرد، لەم کاتانە سوڵتانی سەلجوقی ئەلب ئەرسەلان لە ئازربایجان بوو کە ھەواڵی ئەو لەشکرە گەورەی بیست دێن بۆ وڵاتەکەی، ویستی بەپەلە سەرباز کۆبکاتەوە بەڵام نەیتوانی، بە پەلە لەگەڵ سەربازەکانی خۆیدا (کە نزیکەی ١٥ ھەزار بوون) رۆیشت بەرەو مەڵازگرد، تیپێک لە سوپاکەی ئەرسەلان ڕۆیشتنە پێشەوە لەگەڵ تیپێکی بیزەنتیەکان کە ١٠ ھەزار کەس بوون دایان بە یەکدا و سەلجوقیەکان سەرکەوتن، و کاتێک ھەردوو سوپاکە بەیەک گەیشتن ئەلب ئەرسەلان داوای ڕێکەوتنی کرد بەڵام پاشای بیزەنتیەکان ڕەتی کردەوە و وتی (ڕێکەوتن نیە تەنھا لە ڕەی نەبێت)، سوڵتان وەستا تا ڕۆژی ھەینی ھات کاتێک خەتیبەکان بانگی سەرکەوتنیان ئەکرد شەڕ دەستی پێکرد و سەلجوقیەکان گەمارۆی سوپای بیزەنتیان دا و تێکیان شکاند، کە لە گەورەترین جەنگەکانی مێژووی دەوڵەتی سەلجوقی بوو، بە جەنگی مەڵاز گرد ناونرا، کە ئەم سەرکەوتنە بووە ھۆی پەلکێشانی سەلجوقی بۆ وڵاتەکانی تری ئەنادۆڵ، و تێکشکاندنی بیزەنتی و بێتوانا کردنیان لە بەرگری کردن لە فراوانبوونی سەلجوقی، لە دوای ئەم سەرکەوتنە سەلجوقیەکان دەستیان گرت بەسەر تورکیا ھەتا لە سنوری قوستەنتینیە نزیک بوونەوە، ئیمپراتۆری بیزەنتی داوای یارمەتی لە پاپای مەسیحی کرد، و دواتر ئەم ئیمپراتۆرە پاڵپشتی ھەڵمەتی خاچھەڵگری یەکەمی کرد بۆ پاراستنی ئیمپراتۆریەتەکەی، و لەوە ئەچێت دیارترین ئەنجامی ئەو جەنگە جێگیر بوونی سەلجوقی بێت لە خاکی ئەنادۆڵ کە دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆمیان تیا دامەزراند.

شەڕ لەگەل خاچھەڵگرەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ٤٩٠ک بەرامبەر ١٠٩٧ز، چوار سوپای ئەوروپی کۆبوونەوە لە ئەنادۆڵ بە مەبەستی ھێرش کردنە سەر موسڵمانان، و ئیمپراتۆری بیزەنتی پاڵپشتی کردن تا سەلجوقیەکان دەر بکەن لە ناوچەکە، ئەو سوپایانەی کە ژمارەیان ئەگەیشتە ٣٠٠ ھەزار سەرباز و گەمارۆی نیقیەیان دا (کە پایتەختی سەلجوقی و گرنگترین شاریان بوو)، خەڵکەکەی داوای یارمەتی سوڵتانی سەلجوقی قلج ئەرسەلانیان کرد کە گەمارۆی مەلتیەی دابوو، کە خێرا بە جێی ھێشت و گەڕایەوە بۆ ڕزگارکردنی شارەکەی، بەڵام لە رێگەدا بە بەشێکی سوپای خاچھەڵگری گەیشتبوو کە دوا کەوتبوون وشەڕێکی گەورە لە نیوانیان ڕویدا، تا گەیشتنە لای سوپاکەی گەمارۆی نیقیەیان دابوو و سەلجوقیەکانیان شکاند، قەلج ئەرسەلان ناچار بوو دەست لە نیقیە ھەڵبکرێت دوای ئەو شەڕە، ودوای ماوەیەکی کەم شارەکە کەوتە دەستی خاچھەڵگران، پاشان ڕۆیشت بەرەو دانشمەندین کە دەوڵەتێکی جیا بوو لە سەلجوقیەکان و ناکۆک بوو لەگەڵ سولجوقی ڕۆم، بەڵام بە شێوەیەکی کاتی یەکیان گرت بۆ بەرەنگاربوونەوە خاچھەڵگرەکان، ھێزە تورکیەکان کۆبوونەوە لە ئەنادۆڵ و بەیەکەوە ڕۆیشتن بۆ دوریلیۆم بۆ بەرگری خاچھەڵگرەکان.

شەڕى دوریلیۆم لە نێوان سەلجوقى وخاچھەڵگرەکان

سەرەتا تەنھا یەک سوپای خاچھەڵگرەکان ھاتن بۆ شەڕ، لەبەر ئەوە موسڵمانان وا گومانین برد ھەر ئەو سوپایە بن، دەستیان بە شەڕ کرد و ھیوای سەرکەوتنیان نزیک بوو، بەڵام کتوپڕ دوو سوپای تری خاچھەڵگران ھاتن، و موسڵمانانیان شکاند، و قەلج ئەرسەلان ڕایکرد و چەندین دەستکەوتی بە حێ ھێشت بۆیان، بەمە وەستان لە شەڕی ڕاستەوخۆیان لەگەڵیان و پاشەکشەیان کرد و شارەکانیان چۆڵ کرد و خاچھەڵگرەکان زۆر بە ئاسانی چەندین خاکی گەورەیان خستە سەر ئیمپراتۆری بیزەنتی، و دوای ئەو شەڕە خاچھەڵگرەکان بەرەو شام ڕۆیشتن (کە گرنگترین بەشی غەزوەکانیان بوو)، گەشتەکەیان چوار مانگی پێ چوو تا لە ئەنادۆڵەوە گەیشتنە شام، کە بە دەست برسیەتی و گەرماوە ئەیانناڵاند، پاشان قۆنیەیان گرت کە سەلجوقی کردبویانە پایتەخت دوای گیرانی نیقیە، پاشان ھەرقەلەیان گرت و ڕۆیشتن بەرەو ئەنتاکیە کە ئامانجی تازەیان بوو و لەڕێگەکەیاندا قەیسریە و تەڕسوس و ئەدەنەیان گرت بە یارمەتی ئەرمەنە مەسیحیەکان، پاشا خاچھەڵگرەکان ڕەھایان گرت و یەکەم میرنشینی خۆیان تیا دامەزراند، پاشان ڕۆیشتن بەرەو ئەنتاکیە و گەمارۆیان دا کە گەمارۆدانەکە درێژەی کێشا و شارەکەیان ھیلاک کرد و توانیان بیگرن ساڵی ٤٩١ک کە وێران و تاڵانیان کرد و زۆر لە دانیشتوانیان کوشت، بەمەش ئەنتاکیە کەوتە دەستی خاچھەڵگرەکان، پاشان خێرا قودس کەوتە دەستیان بەمەش چوار میرنشینیان دامەزراند کە ئەوانیش، ڕەھا و ئەنتاکیە و تەڕابلس و بەیتولموقەدیس بوو.

لە دوای دامەزراندنی چوار میرنشینەکەیان حاکمی داشمەندی بە یارمەتی سەلجوقی ڕۆم سوپایەکی نوێیان کۆ کردەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی خاچھەڵگرەکان و بەرەو ئەنتاکیە ڕۆیشتن و لە شەڕێکی گەورەدا تورکەکان سەرکەوتن لە ساڵی ٤٩٣ک و میری ئەنتاکیەیان گرت، دوای چەند مانگێک ھەڵمەتی خاچھەڵگری ساڵی ١١٠١ز دەستی پێکرد، کە چوار سوپا بوون و بە سێ بەش جوڵان و گەیشتنە ئەنقەرە و گرتیان، دانشمەندی و تورکە سەلجوقیەکان یەکیان گرت و داوایان لە میری حەلەب (ڕەزوان سەلجوقی) کرد یارمەتیان بات کە پێشتر ناکۆک بوون لەگەڵیا، ئەویش خێرا بە سوپاکەیەوە چوو بە دەمیانەوە و سوپای ھەردوو لا لە نزیک ئەماسیا بەیەک گەیشتن ساڵی ٤٩٤ک و لە ئەنجامدا تورکەکان توانیان خاچھەڵگرەکان بشکێنن و ھەزاریان لێ لەناوببەن، تەنھا سێ ھەزاریان مانەوە کە رایان کرد بۆ قوستەنتینیە، کە ئەڵێن نزیکەی ٣٠ ھەزاریان لە شەڕەکە لێ کوژرا، کە یەکێک لە سوپاکانی خاچھەڵگرەکان تیا چوون، دوای ئەم سەرکەوتنە تورکەکان ڕۆیشتن بۆ ناوچەیەک لە نێوان نیقیە و ھەرقەلە کە بەشی دووەمی سوپای خاچھەڵگری لێ بوو، گەمارۆیان دا و شکاندیان و زۆربەیان کوشتن و سەرکردەکەیان ڕایکرد بۆ ئەنتاکیە، بەم شێوەیە ڕۆیشتن بەرەو دوایین بەشی سوپای خاچھەڵگری کە لە نزیکی قوستەنتینیە بوون گەمارۆیان دا و ئیبادەیان کردن کە بەمە ھەموو سوپای خاچھەڵگری ئەو ھەڵمەتەیان لەناوبرد، کە ئەمەش لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی سەلجوقی و تورک بوو لە شەڕە خاچھەڵگرەکیاندا.

سە لجوقیەکان ھەر بەوە نەوەستان، ئاشتی ئیمپراتۆری سەلجوقی گرتەوە کێشە ناوخۆییەکانیان کۆتایی ھات محەمەدی کوڕی برکیارق جیھادی ڕاگەیاند و فەرمانی کرد بۆ میری موسڵ و ئەرمینیا تا بێنە سوپاوە و ھەڵمەتێکی گەورەی لە دژی خاچھەڵگرەکان ڕێکخست یەکسەر دوای ڕوخانی تەڕابلس، بەرەو ڕەھا ڕۆیشتن و گەمارۆیان دا دواتر گەمارۆیان لابرد و ڕۆیشتن بەرەو حەڕان، پاشان لەگەڵ خاچھەڵگرەکان بە یەک گەیشتن نزیک ڕووباری فورات، و تێکیان شکاندن، و پاشان گەڕانەوە بۆ دەوڵەتەکەی خۆیان بێ ئەوەی ڕەھا بگرن ئنجا خاچھەڵگرەکانیش گەڕانەوە شوێنی خۆیان و دوای ماوەیەک خاچھەڵگرەکان بڕیاریاندا عێراق بگرن دەستیان کرد بە فراوانکردنی زەویەکانیان و گەمارۆی قەڵای حەڕانیان دا، لەگەڵ میری موسڵدا بە یەکیاندا و شکاندنی و گەمارۆی ڕەھایان دا بەڵام نەیانتوانی بیگرن، و توانیان ھەندێک شاری ئەنتاکیە بگێڕنەوە، و شەڕ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو لە نێوان سەلجوقی و خاچھەڵگرەکان کە سەلجوقیەکان توانیان زۆر لە شارەکان بگێڕنەوە و ڕێگە لە خاچھەڵگرەکان بگرن تا شاری تر بگرن، بەڵام نەیانتوانی ھیچ کام لە چوار میرنشینەکەیان بڕوخێنن.

داڕمان وڕوخان[دەستکاری]

وێنەى مەلیکشا

سەردەمی بەھێزی دەوڵەتی سەلجوقی کۆتایی پێھات بە مردنی مەلیکشا ساڵی ٤٨٥ک کە سێیەم سوڵتانی سەلجوقی بوو، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتەکەیان سەدەیەک دوای ئەوە مایەوە بەڵام بە لاوازی، خێرا ھەڵوەشا و بووە چەند دەوڵەتێکی بچوک، کە ئەمەش بووە ھۆی لاوازبوونی دەوڵەت، لەگەڵ ئەو ناکۆکیەی کەوتە نێوانیان بە مەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتیان، ئەمەش زیاتر دەوڵەتی لاواز کرد و لە بەرگری غەزوی دەرەوەی دووری خستنەوە، ناکۆکی ناوخۆ لە دوای مردنی مەلیکشا دەستی پێکرد، کە دوو کوڕی بە جێ ھێشت ئەوانیش برکیارق و محەمەدی برای بچوکی بوو، کە یەکەمیان تەمەنی ١٣ ساڵ و دووەمیان ٤ ساڵ بوو، دایکی محەمەد ڕایسپارد بۆ خەلیفەی عەباسی کە دان بنێت بە کوڕەکەی ئەو و لە ساڵی ٤٨٥ک دانرا بە سوڵتان، و میرێک دانرا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت لە جێگەی سوڵتانە بچوکەکە، لە کاتێکا برکیارقی برا گەورەی خستە بەندیخانە، بەڵام بە ھۆی پشتگیری نیزام مەلیک بۆ برکیارق پێش مردنی لە ھەمان ساڵدا، برکیارق لایەنگرێکی زۆری ھەبوو کە لە بەندی ڕزگاریان کرد و کردیانە حاکمی ئەسفەھان، پاشان ھەریەکە لە برکیارق و دایکی محەمەد سوپایان کۆکردەوە ساڵی ٤٨٦ک بە یەکیاندا و برکیارق سەرکەوت و خەلیفەی عەباسی دانی نا بەوەی کە سوڵتانی سەلجوقی بێت لە ساڵی ٤٨٧ک.

لەگەڵ ئەوەی حوکم لە کۆتایدا دامەزرا بۆ برکیارق، دەوڵەتی سەلجوقی بەرەو ھەڵوەشان ڕۆیشت لەم سەردەمەدا، لە ساڵی ٤٧٠ک سەلجوقی ڕۆم لە ئەنادۆڵ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، و دواتر ساڵی ٤٨٧ک سەلجوقی شام سەربەخۆییان ڕاگەیاند، و پاشان سەلجوقی عێراق ساڵی ٥١١ک سەربەخۆییان ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی کۆنتڕۆڵی گشتی دەوڵەتی سەلجوقی و بەشە گەورەکەی مایەوە لە ژێر دەستی سوڵتانەکانی خۆراسان کە بەردەوام بوو تا سالی ٥٢٢ک، سوڵتانی سەلجوقی سنگر کە حوکمی کرد لە ساڵی ٥١١ تا ٥٥٢ سەرکەوتوو بوو لە گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەتەکە و یەکخستنی وڵاتەکەی، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لە داڕمان و لاواز بوونی دەوڵەتەکە بەخێرایی دوای وەفات کردنی، لە ڕۆژانی کۆتایی سنگردا خەلیفەی عەباسی داوای یارمەتی لە خواڕەزم کرد بۆ لەناوبردنی سەلجوقیەکان و بەڵێنی دا کە ھەموو زەویەکانیان باتێت ئەگەر لە ناویان بەرێت، خواڕزمیەکان خۆراسان و ڕۆژھەڵاتیان گرت کە ئەمەش کۆتایی دەسەڵاتی سەلجوقی بوو لە خۆراسان و کرمان و عێراق، بەڵام ماوەیەکی زۆر دوای ئەوە سەلجوقی شام ڕوخان، بەڵام سەلجوقی ڕۆم بەردەوام بوون تا سەدەی ھەشتی کۆچی پاشان مەغۆل لەناوی بردن، بەم شێوەیە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقی کۆتایی پێھات، کە یەکێک لە بەھێزترین دەوڵەتەکانی ڕۆژھەڵاتە لە مێژوودا.

وێنەى مەنجەنیق

ڕژێمی سەربازی[دەستکاری]

سوپای سەلجوقی بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخرا لەلایەن (دیوانی سوپا)، کە ناوی سەرباز و موچە و ھەموو کارویاریان تۆمار ئەکرا، گرنگیان ئەدا بە دابینکردنی خۆراک بۆ سەربازەکان بۆ پاراستنی جێگیری سوپا، و سوپای سەلجوقی لە نەژادی جیاواز پێک ھاتبوو، کە تورک و کورد و عەرەب و فارس و دیالمە و ئەرمەنی لە خۆ ئەگرت، و ھێزەکانیان پێک ھاتبوون لە ھێزی پیادە و ئەسپ سوار و تیرھاوێژ، و چەکی ئاساییان بەکار ئەھینا وەک شمشێر و ڕم و کەوان، و تیر وکەوان گرنگترین چەکیان بوو، و ناسراوبوون بە تیر ھاویشتن بە تایبەت بە ئەسپ سواریەوە، و ھەروەک ئامێرە بەھیزەکانی گەمارۆدانیان بە کار ئەھێنا، وەک مەنجەنیق.

گرنگی دان بە زانست[دەستکاری]

گرنگیەکی زۆریان ئەدا بە زانست وزانایان بە تایبەت لە سەردەمی گەشەسەندنیاندا (لە سەردەمی ئەلب ئەرسەلان و مەلیکشا)، ھەروەک گرنگیان دا بە کردنەوەی فێرگە یاساییەکان و ھەروەک کتێبخانەکانیان کردەوە و پڕیان کرد لە کتێب لە ھەموو بوارێک. بە شێوەیەک کە ئیبن جەوزی وتویەتی: «بازاڕی زانست لەو سەردەمە دامەزراو بووە و زاناکانی ئەو سەردەمە جێگەیەکی بەرزیان گرتووە.»

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دولة السلاجقة وبروز مشروع اسلامی، نوسینی/ د. علی محمد الصلابی
  • ویکی عەرەبی