فرێدریک شۆپان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فرێدریک شۆپان

وێنەیەکی ڕەنگکراوی شۆپان کە لە ساڵی ١٨٤٩ گیراوە
لەدایکبوون (١٨١٠-0٣-0١) ١ی ئازاری ١٨١٠
مەرگ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩(١٨٤٩-١٠-١٧) (٣٩ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگدەردەباریکە
شوێنی گۆڕگۆڕستانی پێر لاچێیس، پاریس، فەڕەنسا
نیشتەجێیپاریس،  فەڕەنسا
نەتەوەپۆڵەندی
پیشەمۆسیقاژەن، مامۆستای مۆسیقا
ئایینکاتۆلیکی
باوان(ەکان)یۆستینا شۆپان و نێکۆلاس شۆپان
پیشەی مۆسیقی
چەشنمۆسیقای کلاسیک
ئامێرەکانپیانۆ
واژوو

فرێدریک فرانسوا شۆپان (بە فەڕەنسی: Frédéric François Chopin; [ʃɔpɛ̃] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن); ئینگلیزی: /ˈʃoʊpæ̃/; پۆڵەندی: [ˈʂɔpɛn]؛ ١ی ئازاری ١٨١٠–١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩) ئاوازدانەرێک و پیانۆژەنێکی داھێنەریی پۆڵەندیی سەردەمی ڕۆمانتیک بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی مۆسیقای بۆ ئامێری پیانۆ دەنووسییەوە. بەھۆی مۆسیقاکەیەوە، شۆپان لە سەرانسەری جیھاندا ناوبانگی دەرکردووە و بە نوێنەری مۆسیقاژەنانی کاتی خۆی ناودەبرێت. شۆپان بە بلیمەتێکی مۆسیقی، کە تەکنیکەکەی بۆ نەوەکەی خۆی بێبەراورد بووە، ناوی دەرکردووە.[١]

شۆپان لە باوکی، نێکۆلاس شۆپان، و دایکی، یۆستینا شۆپان، لە گوندی ژێلازۆڤا ڤۆلا لەدایک بووە و لە شاری وارساو گەورە بووە، کە دواتر لە ساڵی ١٨١٥ بووە بەشێک لە کۆنگرەی پۆڵەندا. ئەو مناڵێکی بلیمەت بووە و پەروەردە مۆسیقییەکەی و زۆرینەی کارە سەرەتایییەکانی لە وارساو تەواو کردووە پێش بەجێھێشتنی پۆڵەندا لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نیشتەجێ بوو. لە ماوەی کۆتا ١٨ ساڵی ژیانیدا، تەنیا ٣٠ نمایشی ڕاستەوخۆی پێشکەش کرد، چونکە حەزی بە کەشە ڕۆمانتیکەکانی ساڵۆنەکان دەکرد بەراورد بە کەشی شانۆ. شۆپان بە فرۆشتنی کارە مۆسیقییەکانی و پێدانی وانەی پیانۆ داھاتی دەست دەکەوت، کە خواستێکی زۆر لەسەر ھەردووکیان ھەبوو. شۆپان پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی لەگەڵ فرانز لیست دروست کردبوو و زۆرێک لە مۆسیقاژەنانی تری نەوەی خۆی، وەک ڕۆبێرت شومان، ئەویان خۆشدەویست.

لە ساڵی ١٨٣٥دا، شۆپان شارۆمەندێتیی فەڕەنسی بەدەستھێنا. دوای ھەوڵدانێکی مارەیی شکستخواردوو لەگەڵ ماریا ڤۆدزینسکا لە ١٨٣٦–١٨٣٧، ئەو پەیوەندییەکی خۆشەویستیی ناجێگیری لەگەڵ ئەمانتین دوپا دروست کرد. دوای سەردانێکی کورت و ناخۆش بۆ دوورگەی مایۆرکا لە ئیسپانیا لەگەڵ دوپا لە ساڵی ١٨٣٨–٣٩، شۆپان دەستی کرد بە بەرھەمھێنانی ھەندێک لە باشترین ئاوازەکانی، ئەم دەمە بە بەرھەمدارترین ماوەی شۆپان دەناسێندرێت. لە نزیک کۆتایی تەمەنییەوە، شۆپان داھاتی لەلایەن یەکێک لە گوێگرە سەرسامەکانی بەناوی جەین ستێرلینگ بەدەست دەھێنا؛ ھەمان ئەو کەسەی کە لە ساڵی ١٨٤٨ گەشتێکی بۆ شۆپان ڕێکخست بۆ سکۆتلەندا. بۆ زۆرینەی ژیانی، تەندروستیی شۆپان ناباش بوو، ھەتاکوو دواتر لە ساڵی ١٨٤٩دا لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ھۆکاری مەرگەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ دەردەباریکە، ھەمان نەخۆشی کە بووە ھۆی مەرگی باوکی.

ھەموو کارە مۆسیقییەکانی شۆپان ئامێری پیانۆیان لەخۆگرتووە. زۆرینەیان ئاوازی تاکژەنیی پیانۆن، بەڵام ئەو ٢ ئاوازی بۆ کنچێرتۆی پیانۆ و ھەندێک پارچەی چامبەریش نووسیوەتەوە، لە پاڵ ١٩ گۆرانیدا کە دەقەکەیان بە زمانی پۆڵەندی نووسراونەتەوە. ئاوازەکانی کە شۆپان بۆ پیانۆی دەنووسینەوە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئاڵۆز بوون و زۆرینەی کات توانای ئامێرەکانی پیانۆی ئەو کاتەی تێدەپەڕاند. مۆسیقاکانی بە نەرم و ناسک ناودەبران. شۆپان داھێنەری بیرۆکەی بەڵادی ئامێری بوو. کارە گەورەکانی پارچەی مازورکا، ڤالز، نۆکچرن، پولونێز، ئێتوود، ئیمپرامپتو، شێرزۆ، پرێلوود و سۆناتاشیان لەخۆ دەگرت؛ ھەندێکیان تەنیا دوای مردنی بڵاوبوونەوە. مۆسیقاکانی شۆپان کاریگەری مۆسیقای فۆڵکی پۆڵەندی و ھونەرمەندانی وەک باخ، مۆتسارت و شوبێرتیان لەسەر بوو؛ لە پاڵ ئەمانەش، کەشی ساڵۆنەکان ھاندەربوون لە نووسینەوەی مۆسیقادا، کە شۆپان زۆرینەی کات لەو ساڵۆنانەدا میوان بوو. داھێنانەکانی شۆپان لە شێوەی مۆسیقا و ھارمۆنیدا لەگەڵ خستنەپاڵی ناسیۆنالیزم بە مۆسیقاکانی، بەدرێژایی و تەنانەت دوای دەمی ڕۆمانتیکیش بە کاریگەرییەکی مەزن دادەنران.

مۆسیقاکەی شۆپان، ناسناوەکەی کە «بلیمەتی مۆسیقی» بوو، کاردانەوە ناڕاستەوخۆکانی لەسەر سیاسەت، ژیانە ئەوینییە ئاست بەرزەکەی و جوانەمەرگییەکەی؛ ھەموو ئەمانە شۆپانیان کردووە بە ھێمای سەرەکیی سەردەمی ڕۆمانتیک. ھەتاکوو ئەمڕۆش کارەکانی شۆپان ناوبانگی خۆیان پاراستووە و بوونەتە ھۆکاری دروستبوونی چەندین بەڵگەفیلم و فیلمی ژیاننامەیی و بوونەتە کاریگەری لەسەر چەندین مۆسیقاژەنی ھاوچەرخ.

ژیان[دەستکاری]

سەردەمی مناڵی[دەستکاری]

نێکۆلاس و یۆستینا، دایک و باوکی فرێدریک شۆپان

فرێدریک شۆپان لە شاری ژێلازۆڤا ڤۆلا لەدایک ببوو.[٢] ئەم شارە ٤٦ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای وارساوبوو، کە لەو کاتەدا بەشێک بوو لە ھەرێمێک کە ناپۆلیۆن بۆناپارت دایمەزراندبوو. تۆمارەکانی کڵێسای ناوچەکە ڕێکەوتی لەدایکبوونی شۆپانیان بە ٢٢ی شوباتی ١٨١٠ تۆمار کردووە و ناوەکەشیان بە لاتینی نووسیوە: فرێدریکەس فرانسیسکەس؛[٢] بەڵام شۆپان و خێزانەکەی ١ی ئازاریان وەک ڕێکەوتی لەدایکبوونی فەرمی بەکار دەھێنا،[٢] کە ئێستا ئەمەیان لەناو خەڵکدا پەسەند کراوە.[٣]

باوکی فرێدریک ناوی نێکۆلاس شۆپان بوو. ئەو پیاوێکی بە ڕەگەز فەڕەنسی بوو کە لە ساڵی ١٧٨٧دا لە تەمەنی شازدە ساڵیدا لە لۆرەینەوە کۆچی کردبوو بۆ پۆڵەندا.[٤] نێکۆلاس وانەی بە مناڵە پۆڵەندییە بەگزادەیییەکان دەوتەوە. ئەو لە ساڵی ١٨٠٦ ھاوسەرگیری لەگەڵ یۆستینا کرزیزانۆڤسکا کرد،[٥] کە خزمێکی ھەژاری خێزانی سکاربێکس بوو، یەکێک لەو خێزانانەی نێکۆلاس کاری بۆ دەکردن.[٦] فریدریک لە ٢٣ی نیسانی ١٨١٠ لە ھەمان ئەو کڵێسایەی دایک و باوکی ھاوسەرگیریان لێ کردبوو باپتایز کرا.[٢] فریدریک دووەم مناڵی ئەم کەپڵە و تەنیا کوڕیان بوو؛ خوشکێکی گەورەی ھەبوو بە ناوی لودڤیکا (١٨٠٧–٥٥) لەگەڵ دوو خوشکی بچووک، ئیزەبێلا (١٨١١–٨١) لەگەڵ ئێمیلیا (١٨١٢–٢٧).[٧] نێکۆلاس بە ڕاددەیەکی زۆر بە پۆڵەندا ڕاھاتبوو و سووربوو لەسەر بەکارھێنانی زمانی پۆڵەندی لەناو ماڵەکەیدا.[٢]

لە تشرینی یەکەمی ١٨١٠دا، خێزانەکەی شۆپان کۆچیان کرد بۆ وارساو. لەوێ باوکی فرێدریک وەک مامۆستای زمانی فەڕەنسی لە پەیمانگای وارساو وەرگیرا و دواتریش خۆی و خێزانەکەی لە پاڵاسی ساکسن نیشتەجێ بوون. فرێدریک لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژیا لەناو پاڵاسەکەدا. باوکی فرێدریک فلووت و ڤایۆلینی دەژەنی[٨] و دایکیشی پیانۆژەنێک بوو کە وانەی بە کوڕان دەوتەوە لە خانوویەکدا کە خۆیان خاوەنی بوون.[٩] فرێدریک لە ڕووی جەستەیییەوە لاواز بوو، ھەر لە تەمەنی مناڵیشەوە لەبەر مەترسی نەخۆشیدا بوو.[١٠]

لەوانەیە شۆپان لەلایەن دایکییەوە ھەندێک وانەی پیانۆی پێ وترابێتەوە، بەڵام یەکەم مامۆستای فەرمیی ئەو لە ١٨١٦وە بۆ ١٨٢٠ پیانۆژەن ڤۆیچێک ژیڤنە بوو.[١١] خوشکە گەورەکەی شۆپان، لودڤیکا، بە ھەمان شێوە لەلایەن ژیڤنەوە وانەی پیانۆی پێ دەوترایەوە و ھەندێک جار لەگەڵ شۆپاندا پێکەوە مۆسیقایان دەژەنی و دووێتیان ئەنجام دەدا.[١٢] زۆر بە خێرایی دەرکەوت کە شۆپان مناڵێکی بلیمەت بوو: لە تەمەنی ٧ ساڵیدا، شۆپان کۆنسێرتی ئەنجام دەدا، ھەروەھا دوو پولونێزیشی نووسیبۆوە لە کلیلی سۆلی بچووک و سیی نزمی گەورەدا.[١٣] کاری دواتری پولونێزێک بوو کە لە کلیلی لای نزمی گەورە نووسرابۆوە بۆ مامۆستاکەی و ئەمەش یەکێکە لە کۆنترین کارەکانی کە تاکوو ئێستا نووسینە ڕەسەنەکانی مابێتەوە.[١١]

لە ساڵی ١٨١٧دا، پاڵاسی ساکسن لەلایەن والیی ڕووسیی وارساوەوە بۆ بەکارھێنانی سەربازی چۆڵ کرا و پەیمانگای وارساو ناوەکەی گۆڕدرا بۆ «پاڵاسی کزمیرز» (کە ئەمڕۆ بەشێکە لە زانکۆی وارساو) و شۆپان و خێزانەکەی گواستیانەوە بۆ خانوویەک کە بە تەنیشت پاڵاسەکەوە بوو. لەم ماوەیەدا، شۆپان بۆ پاڵاسی بێڵوێدەر بانگھێشت دەکرا وەک ھاوڕێی کوڕی حوکمڕانی پۆڵەندای ڕووسیایی. شۆپان پیانۆی بۆ باوکی کوڕەکە دەژەنی و ئاوازێکیشی بۆ نووسیبۆوە. شاعیری پۆڵەندی یولیان ئورسن نیەمساڤیچ لە یەکێک لە نووسینە دراماتیکییەکانیدا لە ساڵی ١٨١٨، دان دەنێت بە ناوبانگی «شۆپانە بچکۆلە.»[١٤]

پەروەردە[دەستکاری]

سەعاتێکی گیرفان کە لەلایەن سۆپرانۆ ئەنجێلیکا کاتالانی بە شۆپان بەخشرا کاتێک تەمەنی نۆ ساڵان بوو لە ٣ی کانوونی دووەمی ١٨٢٠
یۆزێف ئێلشنێر لە دوای ساڵی ١٨٥٣وە

لە ئەیلوولی ١٨٢٣وە بۆ ١٨٢٦، شۆپان دەڕۆیشت بۆ پەیمانگای وارساو، لەوێ، لە یەکەم ساڵیدا، ویلھێلم ڤۆرفێل وانەی ئۆرگنی پێ دەوتەوە. لە پاییزی ١٨٢٦دا، شۆپان بۆ ماوەی سێ ساڵ دەستی کرد بە خوێندنی تیۆری مۆسیقا و نووسینەوەی مۆسیقا لەژێر مامۆستایەکی سیلیزیایی بە ناوی یۆزێف ئێلشنێر.[١٥] لەم ماوەیەدا، ئەو ھەر لە ئاوازدانان و ئەنجامدانی کۆنسێرت و ساڵۆن لە وارساو بەردەوام بوو. شۆپان لەلایەن داھێنەرانی ئۆرگنێکی میکانیکییەوە لەژێر ناوی «ئیۆلۆمێلۆدیکۆن» بانگھێشتکرا تاکوو کۆنسێرتێک لەسەر ئەو ئامێرە ئەنجام بدات، ئەو لە ئایاری ساڵی ١٨٢٥دا کۆنسێرتەکەی لەسەر ئەنجام دا و پارچە مۆسیقایەکی کنچێرتۆی لەسەر ژەنی. سەرکەوتنی ئەم کۆنسێرتە وای کرد کە جارێکی تر شۆپان بانگھێشت بکرێت و نمایشێکی ھاوشێوە ئەنجام بداتەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ تزار ئەلێکساندەری یەکەم، کە لەو کاتەدا سەردانی وارساوی دەکرد؛ تزار لە پاداشتدا مستیلەیەکی ئەڵماسی پێدا. لە کۆنسێرتێکی تری ئیۆلۆمێلۆدیکۆن لە ١٠ی حوزەیرانی ١٨٢٥دا، شۆپان ئاوازێکی خۆی بە ناوی «ڕۆندۆ لە کلیلی دۆی بچووک» نمایش کرد کە یەکەمین کاری بوو کە بە شێوەیەکی ڕێکلامیانە بڵاو ببێتەوە و بووە ھۆی بەناوبانگبوونی شۆپان لە ڕۆژنامەوانییە بیانییەکاندا؛ یەکێک لە بڵاوکراوەکان دەستخۆشی لە «دەوڵەمەندی بیرۆکە مۆسیقییەکان»ی شۆپان کرد.[١٦]

لە ساڵی ١٨٢٧دا، ھەر زوو دوای ئەوەی خوشکە بچووکەکەی شۆپان، ئێمیلیا، کۆچی دوایی کرد، شۆپان و خێزانەکەی جارێکی تر شوێنی نیشتەجێبوونیان گواستەوە بۆ خانوویەک کە لە نزیک زانکۆی وارساو بوو؛ شۆپانیش ھەر لەوێ لەگەڵ خێزانەکەی دەژیا ھەتاکوو ئەو ڕۆژەی وارساوی بەجێھێشت لە ساڵی ١٨٣٠دا. خێزانەکەی شۆپان لەوێ بەردەوامییان بە وانەپێدان بە خوێندکاری نێرینە دەدا؛ ئەو شوێنەی کە خێزانەکە وانەیان تێدا دەوتەوە، لە سەدەی بیستەمدا کرا بە مۆزەخانە. لە ساڵی ١٨٢٩، وێنەکێش ئەمبرۆژی میرۆشێڤزکی چەند پۆرترەیتێکی ئەندامانی خێزانی شۆپانی کێشا و لەوانەش یەکەمین پۆرترەیتی ناسراوی شۆپانی لەخۆ گرتووە.[١٧]

چوار خوێندکار کە لە خوێندگەکەی باوانی شۆپان دەیانخوێند، تیتوس ڤۆیچەخۆڤزکی، یان ناپۆموسێن بیالۆبلۆسکی، یان ماتۆژێنسکی لەگەڵ یولیان فۆنتانا بوون بە ھاوڕێی نزیکی شۆپان؛ ماتۆژێنسکی و فۆنتانا دواتر دەبنە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی شۆپان کاتێک نیشتەجێی پاریس دەبێت. شۆپان لەگەڵ ئەندامانی خوێندگەکەی خۆی تێکەڵ بوو.[١٨] یەکێک لە قوتابییەکانی ھەمان خوێندنگە بە ناوی کۆنستانسیا گوادکۆڤسکا، کە گۆرانیبێژێکی سۆپرانۆ بوو، سەرنجی شۆپانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو. لە نامەیەکدا بۆ گوادکۆڤسکا، شۆپان ئاماژەی بەوە دابوو کە کام کارانەی و کام بەشە لە کارەکە بەھۆی سەرسامیی خۆی بۆ ئەو نووسرابوونەوە؛ نامەیەک کە لە ١٥ی ئایاری ١٨٣٠ نووسیبووی ئەوەی ئاشکرا کرد کە جووڵە خاوەکەی پارچە مۆسیقای «کنچێرتۆی پیانۆی ژمارە ١ لە کلیلی میی بچووک» بە نھێنی بۆ گوادکۆڤسکا نووسرابۆوە؛ شۆپان لە نامەکەیدا نووسیبووی «دەبێت [ھەستەکەی] وەک ئەوە وابێت کە لە بەھارێکی جواندا خەون دەبینیت، لەبەردەم تیشکی ڕووناکی مانگدا.»[١٩] کاتێک کۆتا ساڵی خوێندنی تەواو کرد، لەسەر ڕاپۆرتی خوێندنەکەی (تەممووزی ١٨٢٩) نووسرابوو «شۆپان ئێف. خوێندکاری سێیەم ساڵ، بەھرەمەندیی بێوێنە، بلیمەتی مۆسیقی.»[١٥]

گەشتەکانی ئەورووپا و بەناوبانگبوونی[دەستکاری]

شۆپان لەکاتی ژەنین بۆ خێزانی ڕاجیڤیو، ١٨٢٩؛ لەلایەن ھێنرک شیمیراتزکی کێشراوە، ١٨٨٧

لە ئەیلوولی ١٨٢٨، کاتێک ھێشتا خوێندکار بوو، شۆپان لەگەڵ ھاوڕێیەکی خێزانەکەیدا بە ناوی فیلیکس یارۆکی سەردانی بەرلینی کرد و لە چەند ئۆپێرا و کۆنسێرتێکی ھونەرمەندانی جیاجیادا، وەک کۆنسێرتەکانی فێلیکس مێندلسۆن، ئامادە بوو. لە گەشتێکی تردا بۆ بەرلین لە ساڵی ١٨٢٩دا، ئەو بووبە میوانی شا ئانتۆنی ڕاجیڤیو، سەرکردەی بۆزینیای گەورە—کە بۆخۆی ئاوازدانەر و چێلۆژەنێکی بەتوانا بوو. ئەو بە نووسینەوەی ئاوازێک ھەستا بۆ ڕاجیڤیو و کچەکەی، واندا، لە کلیلی دۆی گەورە بە ناوی «پێشەکی و پولونێزی سەرسووڕھێنەر لە کلیلی دۆی گەورە بۆ پیانۆ و چێلۆ.»[٢٠]

دوای گەڕانەوە بۆ وارساو لە ھەمان ساڵدا، شۆپان گوێی لە پارچە مۆسیقایەکی ڤایۆلینی نیکۆڵۆ پاگەنینی بوو کە ھانی دا چەند شێوەیەکی جیاوازی ئەو ئاوازە بنووسێتەوە. لەوانەیە ئەم ڕووداوە بۆ شۆپان بووبێت بە ھاندەر تا یەکەمین ئێتوودی خۆی (١٨٢٩–٣٢) بنووسێتەوە و تواناکانی ئامێرەکەی خۆی بپشکنێ.[٢١] لە ١١ی ئابدا، ٣ حەفتە دوای تەواوکردنی وانەکانی لە خوێندگەکەی، ئەو یەکەم نمایشی دەرکەوتنی لە ڤیەننا ئەنجام دا. ئەو نمایشی دوو کنچێرتۆی پیانۆی کرد و زۆر کەس بە شێوەیەکی ئەرێیانە لەبارەی نمایشەکەوەی دووان. لە یەکێک لەو کنچێرتۆیانەیدا، ئەو نمایشی ئاوازێکی کرد کە لە دووێتی ئاوازێکی مۆتسارتەوە وەرگیرابوو بە ناوی «دۆن گیۆڤۆنی.» دواتر لە ئەیلوولی ١٨٢٩دا گەڕایەوە بۆ وارساو، لەوێش لە ١٧ی ئازاری ١٨٣٠، بۆ یەکەمین جار کنچێرتۆی پیانۆی ژمارە ٢ لە کلیلی فای بچووک نمایش کرد.[١٥]

سەرکەوتوویی شۆپان وەک ئاوازدانەر و نمایشکارێک بووە ھۆی ئەوەی کە دەرگاکانی ڕۆھەڵاتی ئەورووپای بەسەردا بکرێتەوە[٢٢] و لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٨٣٠دا، ئەو دەستی کرد بە کۆچکردن و گەڕان بەناو ئەورووپادا. ئەو دووبارە بەرەو نەمسا بەڕێکەوت لەگەڵ ڤۆیچەخۆڤزکی، وای پلان دانابوو کە دواتریش لەوێوە بڕوات بەرەو ئیتالیا. دواتر لەو مانگەدا لە وارساو ڕاپەڕینی تشرینی دووەمی ١٨٣٠ ڕوویدا و ڤۆیچەخۆڤزکی گەڕایەوە بۆ وارساو تاکوو بەشداری لە ھێزە چەکدارییەکان بکات. شۆپان لە ڤییەننا بەتەنیا مایەوە و بیری ماڵەوەی کرد، بۆیە دەستی کرد بە نووسینەوە بۆ ھاوڕێیەکی و لە نامەکەیدا نووسی «من نەفرەتی لە ساتی ڕۆیشتنم دەکەم.»[٢٣] کاتێک کە لە ئەیلوولی ١٨٣١دا ھەواڵی تێکشکانی ڕاپەڕینەکەی بەدەست گەیشت، لە دەفتەری ژیاننامەکەیدا تووڕەیی خۆی ھەڵڕشت و نووسی «ئۆھ خوایە!... تۆ لەوێیت، کەچی ھێشتا تۆڵە ناسەنیتەوە!»یاخیمێتسکی، کە مێژووناسێکی مۆسیقا بوو، ئەم ڕووداوانە بە ھۆکاری پەرەسەندنی شۆپان دەناسێنێت.[٢٢]

پاریس[دەستکاری]

وێنەیەکی شۆپان کە لەلایەن دەزگیرانەکەی، ماریا ڤۆدزینسکا، کێشراوە

کاتێک شۆپان لە کۆتایییەکانی ١٨٣٠ وارساوی بەجێھێشت، نیازی ئەوەی ھەبوو کە ڕوو لە ئیتالیا بکات؛ بەڵام ئەو کاردانەوە توندوتیژانەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کاربۆناری ھەیانبوو دژی دەسەڵات، لەبەردەم شۆپان بوونە کۆسپ و تاکوو ناوەڕاستی ١٨٣١ بارودۆخی ناوخۆی ئیتالیا شلۆقتر دەبوو. ھەڵبژاردەی دواتری شۆپان شاری پاریسی فەڕەنسا بوو، بەڵام باڵوێزخانەی ڕووسیی ڤییەننا ڕەتیان کردەوە کە پاسپۆرتەکەی بۆ گەشتکردن بۆ پاریس ڕێک بخەن. دوای چەند دواخستنێک، ڕێگەیان بە شۆپان دا کە لەگەڵ گەشتیارانێک کە بۆ لەندەن دەڕۆیشتن بڕوات و لە پاریس دابەزێت. لە دوای ئەم ڕووداوانە، شۆپان تەواوکردنی دووەم لاقی گەشتەکەی پشتگوێخست و بڕیاری دا کە بە شێوەیەکی ھەمیشەیی لە پاریس نیشتەجێ بێت. لە دوای چەند ساڵێک لە نیشتەجێبوونی لە پاریس، شۆپان بەردەوام نووسینی سەر پاسپۆرتەکەی، کە لەسەری نووسرابوو «ڕێبوار لە پاریسەوە بۆ لەندەن»، وەک گاڵتەیەک بۆ ھاوڕێ پاریسییەکانی دەخوێندەوە؛ ئەو بە ڕابواردنەوە بە ھاوڕێکانی دەوت کە ئەو «تەنیا وەک ڕێبوارێک» لە پاریسە.[٢٤]

لە کۆتایییەکانی ئەیلوولی ساڵی ١٨٣١، شۆپان گەیشتە پاریس و ھەرگیز نەگەڕایەوە بۆ پۆڵەندا،[٢٥] بەم شێوەیە بە یەکێک لە ھەرە کۆچبەرانی کۆچکردنی مەزن ھەژمار دەکرێت. لە فەڕەنسا، ناوەکەی خۆی بە فەڕەنسی دەنووسی، دوای بەدەستھێنانی شارۆمەندێتییە فەڕەنسییەکەشی لە ساڵی ١٨٣٥، ھەر پاسپۆرتە فەڕەنسییەکەی بەکاردەھێنا بۆ گەشتکردن.[٢٦] ھەرچۆنێک بێت، شۆپان ھێشتا پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ھاوڕێ پۆڵەندییەکانی ھەبوو و کاتێک بە فەڕەنسی قسەی دەکرد بە تەواوەتی دڵخۆش نەبوو و لەگەڵی ڕانەھاتبوو. یەکێک لە ژیاننامەنووسەکانی شۆپان بەناوی ئادەم زامۆیسکی نووسیوێتی کە ھەرچەندە شۆپان باوکی بە ڕەگەز فەڕەنسی بوو، ئەو خۆی بە فەڕەنسی نەزانیوە و ھەردەم خۆی وەک پۆڵەندییەک بینیوە.[٢٧]

پۆرترەیتێکی شۆپان؛ ١٨٣٨

لە پاریس، شۆپان زۆرێک لە ھونەرمەندان و کەسانی دیاری ناسی و زۆر ھەلیشی بۆ ھاتە پێش کە خۆی پێ ناودار بکات. لەو ماوەیەی لە پاریس بوو، توانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی وەک ھێکتۆر بێرلیۆز، فرانز لیست، فێردیناند ھیلەر، یوجین دیکلۆروا، ئالفرێد دوو ڤینیی و چەندین کەسانی تر دروست بکات.[٢٨] شۆپان پەیوەندیشی بە شاعیر ئادەم میکیویکزیش ھەبووە، کە بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی وێژەیی پۆڵەندی بوو؛ ھەندێک لە دەقی شیعرەکانی ئەوی کردووە بە گۆرانی.[٢٩]

شۆپان دوو ھاوڕێی ھەبوو لە پاریس کە دەورێکی گەورەیان لە ژیانیدا ھەبووە: یەکێکیان یولیان فۆنتانا بوو، کە پێشووتر ھاوڕێی مناڵیی شۆپان بوو لە پۆڵەندا. پێش ئەوەی فۆنتانا ڕوو لە پاریس بکات، ھەوڵی دابوو کە خۆی لە ئینگلتەرا نیشتەچێ بکات، بەڵام شکستی ھێنابوو؛ فۆنتانا بوو بە لەبەرگرتنەوەسازی شۆپان.[٣٠] ڤۆیچیخ گژیمالا، کە لە پاریس بوو بە کەسێکی دەوڵەمەند و ناوداری کۆمەڵگە، زۆر کات وەک ڕاوێژکاری شۆپان مامەڵەی دەکرد و «بە تێپەڕبوونی کات جێی برا گەورەیەکی گرتەوە لە ژیانی شۆپاندا.»[٣١]

لە کۆتایی ١٨٣١دا، شۆپان بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی کراوە لەلایەن کەسایەتییەکی ناسراوەوە پشتگیری لێ کرا کاتێک ڕۆبێرت شومان لەکاتی بەسەرداچوونەوە بەسەر وەشانەکانی مۆسیقای Allgemeine musikalische Zeitung وەشانی شۆپانی بەر گوێ کەوتبوو، ئەمە یەکەم وتاری بڵاوکراوەی شومان بوو لەسەر مۆسیقا و بۆ شۆپانی نووسی «کڵاوەکانتان داکەنن بەڕێزان و خاتوونان! بلیمەت.»[٣٢] لە ٢٦ی شوباتی ١٨٣٢، شۆپان یەکەم کۆنسێرتی دەرکەوتنی ئەنجام دا لە پاریس کە بووە ھۆی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی لە سەرانسەری جیھاندا.

ماریا ڤۆدزینسکا، دەزگیرانی ئەو کاتەی شۆپان، ١٨٤٠

ڕەخنەگر فرانسوا ژۆزێڤ فێتیز لە ڕۆژنامەیەکی ڕەخنەدا نووسی: «ئەمە [شۆپان] پیاوێکی گەنجە کە… بەبێ بەراورد، چەندین بیرۆکەی ڕەسەنی دۆزیوەتە، ئەگەر داھێنانێکی نوێی پیانۆ نەبێت، کە ناتواندرێت لە ھیچ شوێنێکی تر بدۆزرێتەوە.»[٣٣] لە دوای ئەم کۆنسێرتە، شۆپان درکی بەوە کرد کە تەکنیکی پیانۆژەنییەکەی بۆ کۆنسێرتی گەورە ڕێک ناکەوێت. دواتر لە ھەمان ساڵدا، ئەو بە خێزانی ڕۆتچایلد ناسێندرا، کە خێزانێکی دەوڵەمەنی جوولەکە بوون و بەھۆی پشتگیرییە ماددییەکەی ئەوانەوە، شۆپان توانی خۆی لە ناو ساڵۆنە تایبەتەکان ببینێتەوە، کە تایبەت بوون بە بەگزادە و کەسایەتییە دەوڵەمەنەکانی کۆمەڵگە.[٣٤] تاکوو کۆتایییەکانی ١٨٣٢، شۆپان توانی وەک کەسایەتییەکی گەورە و دیاری مۆسیقی لە پاریس خۆی دابمەزرێنێت و توانی ڕێزی مۆسیقاژەنانی گەورەی تری وەک ھیلەر، لیست و بێرلیۆز بەدەست بێنێت. لەم دەمەوە، چی تر پێویستی نەدەکرد کە بۆ داھات پشت بە باوکی ببەستێت و پارەیەکی زۆری لە فرۆشتنی کارەکانی و فێرکردنی خوێندکارە دەوڵەمەندەکانی ئەورووپا دەست دەکەوت.[٣٥] ئەمە بووە ھۆکاری کەمبوونەوەی دەرکەوتنی شۆپان لە کۆنسێرتەکاندا، کە شتێک بوو کە ڕقی لێی بوو.[٣٤]

دوای ئەم ماوەیەی ژیانی، شۆپان بە دەگمەن کۆنسێرتی گشتیی ئەنجام دەدا. ئەو ساڵانە یەک کۆنسێرتی ڕێک دەخست لە شانۆی سێل پلێیێل کە ٣٠٠ کورسی تێدا بوو. ئەو زیاتر لە ساڵۆنەکاندا نمایشی دەکرد، بەڵام زیاتر حەزی دەکرد کە لە شووقەکەی خۆیدا نمایش بۆ ھاوڕێکانی بکات. مۆسیقاناس ئارتر ھێدلی تێبینی ئەوەی کردبوو کە «وەک پیانۆژەنێک، شۆپان دەگمەن بوو لە بەدەسیھێنانی ناوبانگێکی زۆر بەھۆی دەرکەوتنێکی کەمەوە—کە کەمتر لە ٣٠ [دەرکەوتن] بوون لە تەواوی ژیانیدا.»[٣٦] پێڕستی ئەو مۆسیقاژەنانەی کە لەو ماوەیەدا بەشداریان لە ھەندێک کۆنسێرتەکانی شۆپاندا دەکرد دەوڵەمەندیی ژیانی ھونەریی پاریس دەنوێنێت لەم دەمەدا. بۆ نموونە، کۆنسێرتی ٢٣ی ئازاری ١٨٣٣، کە تێیدا شۆپان و لیست و ھیلەر نمایشی کنچێرتۆیەکی باخیان کرد لەسەر سێ پیانۆ؛ ھەروەھا لە ٣ی ئازاری ١٨٣٨دا کاتێک شۆپان و خوێندکارەکەی، ئەدۆلف گەتمان لەگەڵ چارڵز ڤالێنتین ئالکان و مامۆستاکەی، یۆسێف زیمەرمان، نمایشی یەکێک لە ڕێکخستنەکانی ئەلکانیان کرد کە بۆ ھەشت دەست و دوو جووڵە ڕێکخرابوو و لە سیمفۆنیای حەوتەمی بێتھۆڤنەوە وەرگیرا بوو.[٣٧] شۆپان بەشداری لە نووسینەوەی یەکێک لە ئاوازەکانی لیستیش، بە ناوی ھێکسامێرۆن، کردبوو. مۆسیقا و کارەکانی شۆپان بە خێرایی لە ناو بڵاوکارەکاندا ناوبانگی دەرکرد و لە ساڵی ١٨٣٣دا شۆپان بەڵێننامەیەکی لەگەڵ بڵاوکارێک مۆر کرد کە مۆسیقاکەی شۆپانی لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەراش بڵاو دەکردەوە.[٣٨]

پەیوەندییەکانی[دەستکاری]

فرانز لیست[دەستکاری]

فرانز لیست، ١٨٤٧

ھەرچەندە ئەو ڕێکەوتەی شۆپان لیستی تێدا ناسیوە دوای گەیشتنی بۆ پاریس ڕوون نییە، نامەیەکی شۆپان کە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٨٣١ نووسیوێتی بۆ ھاوڕێکەی، ڤۆیچەخۆڤزکی، ھەتاکوو ئێستا ماوەتەوە؛ لە نامەکەدا نووسراوە «من چاوم بە ڕۆسنی، کرۆبینی، بایلوو و ھتد. —لەگەڵ کالکبرێنەر کەوتووە. بڕوا ناکەیت چەندە زانخوازی ھێرز، لیست، ھیلەو و ھتد. بووم.» [وەک خۆی][٣٩] لیست یەکێک بوو لە ئامادەبووانی یەکەم نمایشی دەرکەوتنی شۆپان لە ٢٦ی شوباتی ١٨٣٢ لە شانۆی سال پلیێل و لێدوانێکیشی لەسەر دابوو: «وەک ئەوە وابوو کە توندترین چەپڵەڕێزانمان یەکسان نەبێت بەو جۆش و پەرۆشەی کە ھەستمان پێی دەکرد لەبەردەم ئەم مۆسیقاژەنە بەھرەدارە، کە ڕوویەکی تری سۆزی ھۆنراوەیی تێکەڵکراو بەو شێوە دڵخۆشکەرەی ھونەرەکەی خۆی دەرخست.»[٤٠]

شۆپان و لیست بوون بە ھاوڕێ و بۆ چەند ساڵێکی زۆریش لە نزیک یەکتر دەژیان لە پاریس و شوێنی گوزەرانییان تەنیا چەند کۆڵانێک لە یەکەوە دوور بوون.[٤١] لە بەینی ١٨٣٣ و ١٨٤١، ئەوان ٧ جار پێکەوە نمایشیان کردووە. یەکەم نمایشیان پێکەوە لە ڕێکەوتی ٢ی نیسانی ١٨٣٣ ئەنجام دا؛ کۆنسێرتەکە لەلایەن ھێکتۆر بێرلیۆزەوە ڕێک خرابوو بۆ خانمەکتەرەکەی ھاوسەری، ھاریێت سیمتسن، کە لەو کاتەدا داھاتی نەبوو. لەم کۆنسێرتەدا، سۆناتایەکی جۆرج ئۆنزلۆیان ژەنی کە لە کلیلی فای بچووک نووسرابۆوە لەسەر دوو پیانۆ.[٤٠] ئەوان چەند کۆنسێرت و نمایشێکی خێرخوازییان ئەنجام داوە لەو ماوەیەدا کە پێکەوە بوون.[٤٠] کۆتا دەرکەوتنیان پێکەوە لە دەرەوە لە کۆنسێرتێکی خێرخوازیدا بوو کە بۆ پارەکۆکردنەوە بۆ دروستکردنی پەیکەرێک بۆ بێتھۆڤن لە بۆن کرا؛ کۆنسێرتەکە لە شانۆی سال پلیێل و زانکۆی پاریس ئەنجام درا لە ٢٥ و ٢٦ی نیسانی ١٨٤١.[٤٠]

ھەرچەندە لیست و شۆپان ڕێز و سەرسامییەکی زۆریان بەرامبەر بە یەکتری دەنواند، پەیوەندییەکەیان پێکەوە ئاڵۆز بوو؛ وەک ئەوە وابوو کە لە ھەمان کاتدا ڕقیان لە یەک بێت و یەکیشیان خۆش بوێت. ھارۆلد شۆنبێرگ، ڕەخنەگر و ڕۆژنامەوانی مۆسیقا، پێی وابوو کە شۆپان «ھەستێکی غیرە و ڕق»ی بەرامبەر بە لیست ھەبووبێت بەھۆی ئەو بلیمەتی و شارەزایییەی لیست ھەیبوو لە ڕووی پیانۆژەنییەوە،[٤١] زۆر کەسی تریش دەڵێن کە شۆپان بەغیلی بە سەرکەوتوویی و بەناوبانگیی لیست بردووە.[٤٢] شۆپان ئێتوودەکانی ئاوازی ژمارە ١٠ی بۆ لیست نووسیبۆوە.[٤٣] لە ساڵی ١٨٤٣دا، کاتێک لیست یەکێک لە نۆکچرنەکانی شۆپانی ژەنی و ھەندێک گۆڕانکاریی ئاڵۆز و دیاری لە ھەندێک لە بەشەکان کرد، شۆپان ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و پێی وتبوو کە دەبێت مۆسیقاکە وەک خۆی بژەنێت یان ھەر نەیژەنێت، و داوای لێبوردنی بە لیست کرد. ھەندێک لە ژیاننامەنووسەکانی شۆپان دەڵێن کە دوای ئەم ڕووداوە پەیوەندی نێوان ئەم دووانە لاواز بوو، بەڵام شۆپان ھێشتا لەو نامانەی کە ڕێکەوتەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ١٨٤٨ ھێشتا لیستی بە «لیستی ھاوڕێم» ناو ھێناوە.[٤١] زۆر کەسی تر پێیان وایە کە ژیانی تایبەتی و ئەوینی ئەوانیش یەکێک بوون لەو ھۆکارانەی کە ئەوانی لە یەکتر دوور خستەوە.[٤٠]

ئەمانتین دوپا[دەستکاری]

شۆپان لە ساڵی ١٨٣٨؛ لەلایەن چارڵز لویز گراتیا کێشراوە
ئەمانتین دوپا، ھەروەھا بە ناوی نووسەرییەکەشی ناسراوە کە «جۆرج ساند»ە. ڕێکەوتی وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم

لە ساڵی ١٨٣٦دا، لە ئاھەنگێک کە ماری ئاگولت ڕێکی خستبوو، شۆپان ئەمانتین دوپای ناسی؛[٤١] کە ژنێکی کورتی چاو گەورە و چگەرەکێش بوو.[٤٤] زۆر کات شۆپان لێی دوور دەکەوتەوە و جارێکیان پێی وت «چەند ژنێکی ناسەرنجڕاکێشە [دوپا]. ئایا ئەو بەڕاستی ژنە؟»[٤٥] لە دەستپێکەکانی ساڵی ١٨٣٧دا، دایکی ماریا ڤۆدزینسکا بە شۆپانی ڕاگەیاند کە ھاوسەرگیری لە نێوان ئەو و کچەکەی ڕەنگە ڕوو نەدات؛[٤٦] ھۆکاری ئەمە ڕەنگە ئەوە بووبێت کە کێشە تەندروستییەکانی شۆپان کاریگەریی نەرێنی لەسەری دروست کردبێت، یان ئەو قسانەی خەڵکی لەبارەی شۆپانەوە دەیانکرد کە گوایە پەیوەندی لەگەڵ دوپا و ئاگولت ھەیە، بەر گوێی کەوتبێت.[٤٧] دواتر شۆپان ھەموو نامەکانی ڤۆدزینسکا و دایکی خستە ناو سندووقێکەوە و لەسەری نووسی «کارەساتەکەم.»[٤٨] لە ساڵی ١٨٣٨دا، لە نامەیەکدا کە دوپا بۆ یەکێک لە ھاوڕێکانی نووسی بوو، دانی بەو ھەستە بەھێزە نا کە بەرامبەر شۆپان ھەیبوو؛ ئەو پرسی بە ھاوڕێکەی کرد کە شتێکی باش بێت ئەگەر واز لەو پەیوەندییە بێنێت کە لەگەڵ کەسێکی تر لەو کاتەدا ھەیبووە تاکوو لەگەڵ شۆپان پەیوەندی ببەستێت؛ ئەو پرسیشی بە ھاوڕێکەی کرد کە پەیوەندییەکەی شۆپان و ڤۆدزینسکا ھەڵبسەنگێنێت، چونکە نەیدەزانی کە پەیوەندییەکەی نێوان ئەو دووانە کۆتایی پێ ھاتبوو.[٤٩]

لە ساڵی ١٨٣٧دا، شۆپان سەردانێکی لەندەنی کرد و لەوێ کۆنسێرتێکی بچووکی ئەنجام دا،[٥٠] دوای گەڕاندنەوەی بۆ پاریس یەکسەر دوپا لێی نزیک بۆوە و لە کۆتایییەکانی حوزەیرانی ١٨٣٨دا، ئەوان ببوون بە خۆشەویستی یەکتر.[٥١] دوپا ٦ ساڵ لە شۆپان گەورەتر بوو و چەند خۆشەویستێکی تری پێش شۆپان ھەبوو، ئەو نووسی: «دەبێت دانی پیانێم کە سەرسووڕماو و سەرسام بووم بەو کاریگەرییەی ئەم بوونەوەرە بچووکە [شۆپان] ھەیبوو بەسەرمەوە… ھێشتا لە سەرسووڕمانەکەم چاک نەبوومەتەوە، ئەگەر کەسێکی لووتبەرز بوومایە ھەستم بە شەرمەزاری دەکرد لەبەر [زۆر کاریگەربوونم].»[٥٢] کەپڵەکە زستانێکی زۆر ناخۆشیان لە مایۆرکا بەڕێ کرد (٨ی تشرینی دووەمی ١٨٣٨ بۆ ١٣ی شوباتی ١٨٣٩) لەگەڵ دوو مناڵەکەی ساند. ئەوان ئامانجی سەرەکییان چاکبوونەوەی تەندروستی شۆپان بوو، لە ھەمان کاتیشدا لە ھەڕەشەکانی خۆشەویستی پێشووی دوپا، فیلیسیان مالفیل، ڕایان دەکرد.[٥٣] دوای ئەوەی دانیشتووانی مایۆرکا، کە ھەموو کاتۆلیکی بوون، پێیان زانی کە شۆپان و دوپا ھاوسەرگیریان نەکردووە، لەگەڵ ئەو دووانە خراپ بوون،[٥٤] کە وای کرد شوێنی مانەوەیان بە ئەستەم دەست بکەوێت.[٥١]

لە ٣ی کانوونی یەکەمی ھەمان ساڵدا، شۆپان گلەیی لە تەندروستییە خراپەکەی و ناشارەزایی دکتۆرەکانی مایۆرکای کرد و وتی «سێ دکتۆر سەردانیان کردووم… یەکەمیان وتی من مردووم، دووەمیان وتی من دەمردم و سێیەمیشیان وتی کە خەریکە دەمرم.»[٥٥] ئەو کێشەیەکی تریشی ھەبوو: پیانۆکەی بەدەست نەگەیشتبوو تاکوو لە ژەنیاریی خۆی بەردەوام بێت، لەم دەمەدا ناچار بوو کە پیانۆیەکی تر بەکار ببات کە لەلایەن وان باوزا لە پالما دروست کرابوو.[٥٦] پیانۆکەی خۆی لە کۆیایییەکانی تشرینی یەکەم گەیشت، پێش ئەوەی شۆپان و دوپا دوورگەکە بەجێ بھێڵن. لە کانوونی دووەمی ١٨٣٩، شۆپان بۆ دروستکەری پیانۆکەی نووسی: «من پرێلوودەکانمت بۆ دەنێرم. لەسەر پیانۆ بچووکەکەی تۆ تەواوم کردن، کە لە باشترین حاڵدا گەیشتە دەستم وێڕای ڕووبار و کەش و ھەوا خراپەکە و سیاسەتەکانی پاڵما.»[٥١] لەو ماوەوەی لە مایۆرکا بوو، شۆپان توانی کار لەسەر چەندین مۆسیقا بکات و ھەموویان تەواو بکات.[٥٧]

ھەرچەندە ئەم ماوەیە بەرھەمدار بووە، کەش و ھەوا خراپەکەی مایۆرکا ھێندە بار و دۆخی تەندروستی شۆپانیان خراپ کردبوو کە دوپا بڕیاری دا کە لە دوورگەکە بڕۆن. تاکوو خۆیان لە خەرجیی زیاتر بپارێزن، پێش ڕۆیشتنیان، دوپا پیانۆکەی شۆپانی بە دوو کەپڵی فەڕەنسی ناوخۆیی فرۆشتەوە.[٥٨] شۆپان لەگەڵ دوپا و مناڵەکانی سەرەتا بەرەو بەرشەلۆنا بەڕێ کەوتن، دواتریش ڕۆشتن بۆ مارسیلیا و لەوێ تەندروستیی شۆپان بەرەو باشبوون چوو.[٥٩] لە ئایاری ١٨٣٩، ئەوان بۆ وەرزی ھاوین ڕوویان لە ناوەڕاستی فەڕەنسا کرد و ھەتاکوو ساڵی ١٨٤٦ زۆرینەی ھاوینەکان لەوێ دەمانەوە. لە پاییزدا، ئەوان گەڕانەوە بۆ پاریس. لەوێ، ماڵەکەی شۆپان لە ماڵە بەکرێگیراوەکەی دوپا نزیک بوو؛ شۆپان زۆرجار ئێواران سەردانی دوپای دەکرد، بەڵام ھەردووکیان تا ڕاددەیەکی زۆر سەربەخۆیی خۆیان پاراست.[٦٠] لە ساڵی ١٨٤٢دا، ھەردووکیان شوێنی نیشتەجێبوونیان گواستەوە، بەڵام ھێشتا لە نزیک یەک دەژیان.[٦١]

خراپبوونی باری تەندروستی[دەستکاری]

شۆپان و دوپا پێکەوە. وێنەکە لەلایەن یوجین دیلاکوا کێشراوە و تێکەڵکارییەکی دوو وێنەی جیاوازە

لە ساڵی ١٨٤٢ و ساڵانی دواتر، چەند نیشانەیەکی نەخۆشی کوشندە لە شۆپاندا دەرکەوتن. دوای نمایشێکی تاکژەنی لە شوباتی ساڵی ١٨٤٢، ئەو بۆ گژیمالای نووسی: «دەبێت ھەموو ڕۆژەکە لە جێگەدا پاڵکەوم، دەم و قوڕگم ئازارێکی زۆریان ھەیە.»[٦٢] بەھۆی شلۆقبوونی باری تەندروستی و ئازارەکەیەوە، لە ١ی ئازاری ١٨٤٣، ناچار بوو کە بانگھێشتکردنێکی دەلکان بۆ بەشداریکردن لە نمایشێکدا ڕەت بکاتەوە، کە سیمفۆنیای حەوتەمی بێیتھۆڤن بوو.[٦٣] لە کۆتایییەکانی ١٨٤٤، کاتێک چارڵز ئالێ سەردانی شۆپانی کرد، شۆپانی لە حاڵێکی خراپدا بینی و وەک خۆی گێڕاوێتییەوە «[شۆپان] بە سەختی دەیتوانی بجوڵێت، وەک چەقۆیەکی نیوەکراوە نوشتابۆوە و لە ئازاردا بوو»، سەرەڕای بارودۆخی خراپیشی، ئەو یەکسەر دڵی خۆش دەبوو ئەگەر بیتوانیایە پیانۆی بۆ میوانەکانی بژەنێت.[٦٤] لەم کاتە بەدواوە، تەندروستی شۆپان خراپتر بوو و ھیچ نیشانەیەکی چاکبوونەوەی پێوە دیار نەبوو. ھەندێک بەدواداچوون دەڵێن کە ڕەنگە شۆپان کێشە لە بەشێکی مێشکی ھەبووبێت.[٦٥]

وێنەیەک کە شۆپان لەسەر لا پیشان دەدات؛ لەلایەن ئالبێرت گرافل (١٨٠٧–١٨٨٩) کێشراوە

پەیوەندییەکەی شۆپان لەگەڵ دوپا لە ساڵی ١٨٤٦ خراپ بوو بەھۆی چەند کێشەیەکەوە کە لە نێوان کچەکەی دوپا، سۆلانژ، و دەزگیرانی سۆلانژدا ھەبوو.[٦٦] زۆرکات لەکاتی دەمەقاڵێی تونددا لە نێوان سۆلانژ و دوپا، شۆپان پشتی سۆلانژی دەگرت؛ لەلایەکی تریشەوە، کوڕەکەی دوپا، مۆریس، بەغیلی بە شۆپان دەبرد.[٦٧] شۆپان گوێی بە ڕووانگە ڕامیارییە توندەکانی دوپا نەدەدا، کەچی دوپا بە شێوەیەکی کەم ھاوڕێکانی شۆپانی دەبینی و پێی وابوو کە ئەوان شایەنی ڕێزی ئەو نەبوون.[٦٨] کاتێک نەخۆشییەکەی شۆپان بەرەو خراپبوون چوو، دوپا وەک پزیشکێکی لێ ھاتبوو بەسەر شۆپانەوە، نەوەک خۆشەویستێک؛ ئەو شۆپانی بە «مناڵی سێیەم» ناو دەبرد. لە نامەکانیدا بۆ ناسیاوەکانی، دوپا تووڕەیی خۆی لەبارەی حاڵەکەوە دەردەبڕی و شۆپانی بە «مناڵ» و «فریشتە بچووکەکە» و «عەزابدار» و «مەیتە بچووکە خۆشەویستەکە» ناو دەھێنا.[٦٩] لە ساڵی ١٨٤٧دا، دوپا یەکێک لە ڕۆمانەکانی خۆی بە ناوی Lucrezia Floriani بڵاوکردەوە و چیرۆکەکە لەبارەی خانمەکتەرێکی دەوڵەمەند و شایەکی نەخۆش بوو؛ کە دوپا و ساند خۆیانی دەنواند. چیرۆکەکە بە خراپی بەسەر شۆپاندا شکایەوە و نەرێنی بوو بە ڕووی ئەودا. لە ساڵی ١٨٤٧دا، ئەو سەردانی نۆھاتی نەکرد بۆ ھاوین و دوای چەند نامە گۆڕینەوەیەکی تووڕە بە بێدەنگی کۆتایی بە پەیوەندییە ١٠ ساڵییەکەی لەگەڵ دوپا ھێنا. دوپا پێی وابوو کە ئەمە، بە وشەکانی خۆی، «کۆتایییەکی سەیر بوو بۆ ٩ ساڵ لە ھاوڕێیەتی تایبەت.»[٦٦] دوای ئەم ڕووداوانە، ئەوان ھەرگیز یەکیان نەبینییەوە.[٧٠]

لەم ماوەیەدا، بەرھەمەکانی شۆپان ساڵ بە ساڵ کەمیان دەکرد. لە ساڵی ١٨٤١ دەیان کاری نووسی بوو، کەچی لە ساڵی ١٨٤٢ تەنیا ٦ بەرھەمی نووسی و لە ساڵی ١٨٤٣ش ٦ پارچە مۆسیقای کورتی نووسییەوە. لە ساڵی ١٨٤٤ تەنیا یەک سۆناتای نووسییەوە. لە ساڵی ١٨٤٥، شۆپان ٣ مازورکای نووسییەوە. ھەرچەندە کارەکانی ئەم ماوەیەی لە کوالێتیدا باشتر بوون، زامۆیسکی وتی کە «توانای تەرکیزکردنی [کەم بوو] و کاریگەرییەکانیشی بە خەفەت مت کرابوون، لە ڕووی سۆزداری و ئەقڵانیشەوە.»[٧١]

گەشتی ئینگلتەرا و سکۆتلەندا[دەستکاری]

یەکەمین فۆتۆگرافی شۆپان، ساڵی ١٨٤٦

ناوبانگی شۆپان وەک پیانۆژەنێکی داھێنەری وردە وردە بەرەو کزبوون ڕۆیشت و ژمارەی خوێندکارەکانیشی کەمیان کرد، ئەم دوو شتە پێکەوە، بە تایبەت لەو کاتەدا کە بار و دۆخی ڕامیاری زۆر ئاڵۆز بوو، بوونە ھۆکاری ئەوەی کە شۆپان لە ڕووی ماددییەوە کەمدەرامەت بێت.[٧٠] لە شوباتی ساڵی ١٨٤٨دا، کۆتا کۆنسێرتی خۆی لە پاریس لەگەڵ چێلۆژەن ئاب فرانشۆم ئەنجام دا، کە سۆناتایەکی چێلۆ بوو کە لە سێ جووڵە پێکھاتبوو.[٦٩][٧٠]

لە نیساندا لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ١٨٤٨ی فەڕەنسا، شۆپان ڕۆیشت بۆ لەندەن، لەوێ چەند کۆنسێرتێکی لە چەند شوێن و ھۆڵی جیاجیادا ئەنجام داوە.[٦٩] جەین ستێرلینگ و خوشکە گەورەکەی پێشنیاری ئەم گەشتەیان بۆ شۆپان کرد. ستێرلینگ بە زۆرینەی ڕێکخستنەکان ھەستا و زۆرینەی ئەو پارانەی کە گەشتەکە پێویستی بوو ئەو دای.[٧٢]

لە لەندەن، شۆپان لە شەقامی دۆڤەر دەمایەوە و لقێکی برۆدوود لەوێ پیانۆیەکی بە شۆپان دا بۆ ژەنیارییەکەی. لە یەکەم نمایشی دا لە ١٥ی ئایار، شاژن ڤیکتۆریا و شا ئالبێرت دووان بوون لە ئامادەبووانی نمایشەکە. ئالبێرت، کە خۆی پیانۆژەنێکی شارەزا بوو، لە پیانۆکە نزیک بۆوە لەم نمایشەدا تاکوو تەکنیکەکەی شۆپان ببینێت.[٧٣] برۆدوود ھەروەھا کۆنسێرتیشی بۆ ڕێک دەخست. لەم ماوەیە دیسان خواستی زۆر لەسەر شۆپان دروست بوو بۆ وانە پێوتن و ئەویش بە بڕە پارەیەکی زۆر کارەکەی دەکرد.

جەین ستێرلینگ، ١٨٣٠

لە نزیک کۆتایییەکانی ھاویندا، ستێرلینگ شۆپانی بۆ سکۆتلەندا بانگھێشت کرد، لەوێ شۆپان لە خانوویەک مایەوە کە خێزانەکەی ستێرلینگ خاوەنی بوون.[٧٤] ڕوون بوو کە ستێرلینگ دەیویست پەیوەندییەکەی لەگەڵ شۆپاندا بەھێزتر بکات و لە قاڵبی ھاوڕێیەتی دەری بێنێت، بەڵام شۆپان بۆی ڕوون کردەوە کە ئەوە نابێت و پەیوەندییەکی وا لە نێوان خۆی و ئەودا دروست ناکات. لەم کاتەدا ئەو بۆ گژیمالای نووسی: «خانمە سکۆتلەندییەکانم دڵباشن، بەڵام زۆر بێزارکەرن»، و لەبارەی ئەو دەنگ و باسەی کە گوایە شۆپان لە ستێرلینگ نزیک بووەتەوە وتی «لە قەبرەکەوە نزیکترم وەک لە جێگەی ھاوسەرگیری.»[٧٥] لە ٢٧ی ئەیلوولدا لە گلاسگۆ کۆنسێرتێکی کرد،[٧٦] و دواتریش لە ٤ی تشرینی یەکەم لە ئیدنبەرگ کۆنسێررێکی تری ئەنجام دا. لە کۆتایییەکانی تشرینی یەکەمی ١٨٤٨دا، کاتێک لە ئیدنبەرگ لەگەڵ پزیشکی پۆڵەندی ئادەم لیژتینسکی دەمایەوە، کۆتا نامە و وەسێتەکەی خۆی بۆ گژیمالا نووسی: «شتەکانم ببەخشنەوە لە داھاتوودا، ئەگەر بە مردوویی لە شوێنێک کەوتم.»[٦٩]

شۆپان لە ١٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٤٨دا بۆ کۆتا جار لە لەندەن لەسەر شانۆی کۆنسێرت و نمایش دەرکەوت، وەک کۆتا کردەوەی نەتەوەدۆستیی خۆی، کۆنسێرتەکەی بە شێوەیەکی خێرخوازی بۆ ئاوارەکانی پۆڵەندا ئەنجام دا. لەم کاتەدا ئەو زۆر نەخۆش بوو، کێشی کەمتر لە ٤٥ کیلۆگرام بوو، دکتۆرەکانیشی دەیانزانی کە نەخۆشییەکەی شۆپان گەیشتووەتە کۆتا پلەی.[٧٧]

لە کۆتایی تشرینی دووەمدا، شۆپان گەڕایەوە بۆ پاریس و زستانەکەی زۆر بە ناخۆشی بەڕێ کرد، وێڕای حاڵیشی ھێشتا جار و بار وانەی پیانۆی دەوتەوە و جار جاریش لەلایەن ھاوڕێکانی بانگھێشت دەکرا. زۆرجار، ئاوازی بۆ ھاوڕێکانی دەژەنی و گۆرانیبێژ دێلفینا پۆتۆکا گۆرانی لەگەڵ ئاوازەکانی شۆپان دەوت.[٧٨]

مەرگ[دەستکاری]

وێنەیەکی شۆپان لەسەر جێگەی مەرگەکەی. ڕاست بۆ چەپ: کڤیاتکۆڤسکی، ڤۆیچیخ گژیمالا، مارسیلینیا چارتۆرێسکا، شۆپان خۆی، لودڤیکا شۆپان لەگەڵ ئەلێکساندەر یاوەڤیتسکی

کاتێک حاڵی شۆپان بەرەو خراپتربوون چوو، ئەو حەزی کرد کە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵیا بێت. لە حوزەیرانی ١٨٤٩، خوشکەکەی شۆپان، لودڤیکا، لەگەڵ ھاوسەر و کچەکەیدا سەردانی پاریسی کرد بۆ لای شۆپان. دواتر لە ئەیلوولدا، شۆپان شوقەیەکی بۆ حەوانەوە گرت کە پارەکەی لەلایەن ستێرلینگەوە دەدرا.[٧٩] لەدوای ١٥ی تشرینی یەکەم، کاتێک باری تەندروستی یەکجار خراپ بوو، تەنیا ھەندێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی لەگەڵی مانەوە.[٧٧]

ھەندێک لە ھاوڕێکانی، لەسەر داواکاریی خۆی، مۆسیقایان بۆ شۆپان دەژەن؛ لەوان پۆتۆکا، کە گۆرانی دەبێژا و فرانشۆمیش چێلۆی دەژەن. شۆپان داوای کرد کە جەستەی ھەڵبدڕێت دوای مەرگ (لە ترسی ئەوەی کە بە زیندووێتی بنێژرێت) و دڵی دەربھێندرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ شاری وارساو، کە ئێستا لەوێیە لە «کڵێسای سەڵیبی پیرۆز.»[٨٠] ھەروەھا پەرتووکی فێرکاریی مێتۆدی ژەنینی پیانۆی بە تەواونەکراوی بۆ ئالکان بەجێھێشت تاکوو ئەو تەواوی بکات.[٨١] لە ١٧ی تشرینی یەکەم، دوای نیوەشەو، پزیشکەکەی شۆپان پرسیاری لێ کرد کە ئەگەر ئەو لە ئازاردایە، شۆپان بە «چی تر نا» وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە. چەند خولەکێک پێش سەعات دووی شەو گیانی لەدەستدا. ئەوانەی کە لەکاتی مەرگی شۆپان لەگەڵی بوون خوشکەکەی بوو لەگەڵ کچەکەی دوپا، سۆلانژ، و شاژن مارسیلینیا چارتۆرێسکا، لەگەڵ ھاوڕێ نزیکەکەی، تۆماس ئالبرێکت. دواتر لە بەیانیدا، ھاوسەرەکەی سۆلانژ ماسکێکی مەرگی بۆ دەموچاوی شۆپان، لەگەڵ پەیکەرێک بۆ دەستی چەپی، دروست کرد.[٨٢]

ماسکەکانی مەرگی شۆپان)

پرسەکەی شۆپان، کە لە کڵێسای مادەلین لە پاریس بەڕێوە چوو، نزیکەی ماوەی دوو ھەفتە ڕاگیرا، ھەتاکوو ٣٠ی تشرینی یەکەم.[٨٣] چوونەژوورەوە بۆ پرسەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانە بوو کە بلیتیان بڕی بوو[٨٤] چونکە پێشبینی ئەوە کرابوو کە زۆر کەس سەردانی پرسەکە بکات.[٨٣] زیاتر لە ٣٬٠٠٠ کەس بەبێ ھیچ بانگێشتێک دەرکەوتن کە ھەندێکیان لە لەندەن و ڤییەننا و بەرلینەوە ھاتبوون، بەڵام نەیانتوانی بچنە ژوورەوە.[٨٥]

مۆسیقای مردووناشتنەکەی مۆتزارت لە پرسەکەدا ژەنرا،[٨٤] ھەروەھا چەند پارچەمۆسیقایەکی شۆپان خۆشی، وەک پرێلوودی ژمارە ٤ لە کلیلی میی بچووک و ژمارە ٦ لە کلیلی سیی بچووک ژەنران. چەند ھاوڕێیەکی نزیکی شۆپان خۆی، وەک فرانشۆم و پلێیێل تابووتەکەیان ھەڵگرت بەرەو شوێنی ناشتنی، کە گۆڕستانی پێر لاچێیسە لە پاریس و، خوشکەکەی شۆپان، لودڤیکا، لەگەڵیانا بوو، ھەروەھا شایەکی پیر بەناوی ئادەم چارتۆرێسکی نوێنەرایەتی دەکردن.[٨٦]

گۆڕەکەی شۆپان لەلایەن سلیسینگەر دیزاینکرابوو، کە خواوەندێکی مۆسیقا پیشاندەدات لەکاتی گریاندا بەسەر ئامێرێکی مۆسیقی شکاودا. کۆی پرسە و پەیکەرەکەی شۆپان نزیکەی ٥٬٠٠٠ فرانکی تێچوو، کە گشتیان لەلایەن ەین ستێرلینگەوە دران، ستێرلینگ ھەر ھەمان کەس بوو کە پارەی گەڕانەوەی لودڤیکای بۆ وارساو دابین کرد.[٨٦] لودڤیکا لە ساڵی ١٨٥٠دا دڵی شۆپانی لە گۆزەیەکی پڕ لە کحولدا بردەوە بۆ وارساو.[٨٧] ئەو نزیکەی ٢٠٠ نامەی دوپا، کە بۆ شۆپانی ناردبوون، لە دوای ١٨٥١ ناردەوە بۆ خۆی، کە وا دیارە گشتیانی لەناوبردووە.[٨٧]

ھۆکاری مەرگی شۆپان مشتومڕی لێ کەوتووەتەوە. بەڵگەنامەی مەرگەکەی، ھۆکاری مەرگەکەی ئەوی بە دەردەباریکە ناوھێناوە.[٨٨] بەدواداچوونێک کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر دڵە پارێزراوەکەی شۆپان کرا، دەری خست کە ئەگەر ھەیە ھۆکاری مەرگەکەی شۆپان چەند ئاڵۆزییەک بووبێت کە بەھۆی دەردەباریکەی سەختەوە دروست بووبێتن.[٨٩][٩٠] چەند ھۆکارێکی تریش گەڕێندراونەتەوە بۆ مەرگی شۆپان.[٩١][٩٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Rosen (1995), p. 284.
  2. ^ ئ ا ب پ ت Zamoyski (2010), pp. 4–5 (locs. 115–130).
  3. ^ Rose Cholmondeley, "The Mystery of Chopin's Birthday" ٢٩ی ئایاری ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., Chopin Society UK website, accessed 21 December 2013.
  4. ^ Zamoyski (2010), p. 3 (loc. 100).
  5. ^ Wikisource Chisholm, Hugh, ed. (1911). "Chopin, Frederic François" . Encyclopædia Britannica. Vol. 6 (11th ed.). Cambridge University Press. p. 268. {{cite encyclopedia}}: Cite has empty unknown parameters: |HIDE_PARAMETER13=، |HIDE_PARAMETER14c=، |HIDE_PARAMETER14ab=، |HIDE_PARAMETER3=، |HIDE_PARAMETER1=، |HIDE_PARAMETER4=، |HIDE_PARAMETER2=، |separator=، |HIDE_PARAMETER8=، |HIDE_PARAMETER14bb=، |HIDE_PARAMETER20=، |HIDE_PARAMETER5=، |HIDE_PARAMETER14b=، |HIDE_PARAMETER14cb=، |HIDE_PARAMETER14a=، |HIDE_PARAMETER10=، |HIDE_PARAMETER9=، |HIDE_PARAMETER15chapter=، |HIDE_PARAMETER6=، |HIDE_PARAMETER7=، |HIDE_PARAMETER11= و |HIDE_PARAMETER12= (help)
  6. ^ Michałowski and Samson (n.d), §1, para. 1.
  7. ^ Zamoyski (2010) p. 7 (loc. 158).
  8. ^ Zamoyski (2010), pp.  5–6 (locs. 130–144).
  9. ^ Szulc (1998), pp. 41–42.
  10. ^ Zamoyski (2010), 6 (loc. 144).
  11. ^ ئ ا Michałowski and Samson (n.d), §1, para. 3.
  12. ^ Samson (1996), p. 8.
  13. ^ "The Complete Keyboard Works" ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., Chopin Project website, accessed 21 December 2013.
  14. ^ Zamoyski (2010), pp. 11–12 (locs. 231–248).
  15. ^ ئ ا ب Michałowski and Samson (n.d.), §1, para. 5.
  16. ^ Zamoyski (2010), pp. 21–22 (locs. 365–387).
  17. ^ Zamoyski (2010), pp. 19–20 (locs. 334–352).
  18. ^ Zamoyski (2010), p. 43 (loc. 696).
  19. ^ Zamoyski (2010), pp. 50–52 (locs. 801–838).
  20. ^ Zamoyski (2010), p. 45 (loc. 731).
  21. ^ Zamoyski (2010), p. 35 (loc. 569).
  22. ^ ئ ا Jachimecki (1937), p. 422.
  23. ^ Michałowski and Samson (n.d), §2, para. 1.
  24. ^ Walker, Alan (2018). Fryderyk Chopin: A Life and Times. New York: Farrar, Strauss & Giroux. pp. 202. ISBN 0-374-15906-8.
  25. ^ Michałowski and Samson (n.d), §1, para. 6.
  26. ^ A French passport used by Chopin is shown at Emmanuel Langavant, Passeport français de Chopin ١٣ی تەممووزی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., Chopin – musicien français website, accessed 13 August 2014.
  27. ^ Zamoyski (2010), p. 128 (loc. 2027).
  28. ^ Zamoyski (2010), p. 106 (loc. 1678).
  29. ^ Zamoyski (2010), p. 137 (loc. 2164).
  30. ^ Michałowski and Samson (n.d), §3, para. 2.
  31. ^ Zamoyski (2010), pp.  106–07 (locs. 1678–1696).
  32. ^ Schumann (1988), pp. 15–17.
  33. ^ cited in Zamoyski (2010), p. 88 (loc. 1384).
  34. ^ ئ ا Hedley (2005), p. 263.
  35. ^ Michałowski and Samson (n.d), §2, paras. 4–5.
  36. ^ Hedley (2005), pp. 263–64.
  37. ^ Conway (2012), p. 226 and n. 9.
  38. ^ Michałowski and Samson (n.d), §2, para. 5. For Schlesinger's international network see Conway (2012), pp. 185–87, 238–39.
  39. ^ Hall-Swadley (2011), p. 31.
  40. ^ ئ ا ب پ ت Hall-Swadley (2011), p. 32.
  41. ^ ئ ا ب پ Schonberg (1987), p. 151.
  42. ^ Hall-Swadley (2011), p. 33.
  43. ^ Walker (1988), p. 184.
  44. ^ Schonberg (1987), p. 152.
  45. ^ Michałowski and Samson (n.d.) §3, para. 3.
  46. ^ Chopin (1962), p. 141.
  47. ^ Zamoyski (2010), pp.  137–38 (locs. 2169–2186).
  48. ^ Zamoyski (2010), p. 147 (loc. 2318).
  49. ^ Chopin (1962), pp. 151–61.
  50. ^ Załuski (1992), p. 226.
  51. ^ ئ ا ب Michałowski and Samson (n.d.) §3, para. 4.
  52. ^ Cited in Zamoyski (2010), p. 154 (loc. 2417).
  53. ^ Zamoyski (2010), p. 159 (loc. 2514).
  54. ^ Zamoyski (2010), pp.  161–62 (locs. 2544–2560).
  55. ^ cited in Zamoyski (2010), p. 162 (loc. 2560).
  56. ^ Appleyard, Brian (2018), "It Holds the Key", Sunday Times Culture Supplement, 3 June 2018, pp. 8-9.
  57. ^ Zamoyski (2010), p. 168 (loc. 2646).
  58. ^ Zamoyski (2010), p. 168 (loc. 2654).
  59. ^ Michałowski and Samson (n.d.) §3, para. 5.
  60. ^ Michałowski and Samson (n.d.) §4, para. 1.
  61. ^ Michałowski and Samson (n.d.) §4, para. 4.
  62. ^ Zamoyski (2010) p. 212 (loc. 3331).
  63. ^ Eddie (2013), p. 8.
  64. ^ Zamoyski (2010), p. 227 (loc. 3571).
  65. ^ Sara Reardon, "Chopin's hallucinations may have been caused by epilepsy" ٢٢ی تەممووزی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., The Washington Post, 31 January 2011, accessed 10 January 2014.
  66. ^ ئ ا Michałowski and Samson (n.d.), §5, para. 2.
  67. ^ Samson (1996), p. 194.
  68. ^ Chen (2009), p. 32.
  69. ^ ئ ا ب پ Jachimecki, p. 424.
  70. ^ ئ ا ب Chen (2009), p. 34.
  71. ^ Zamoyski (2010), p. 233 (loc. 3668).
  72. ^ Michałowski and Samson (n.d.), §5, para. 3.
  73. ^ Załuski (1992), pp. 227–29.
  74. ^ Załuski, Iwo and Pamela (2 June 2009). "Chopin's Scottish autumn – Frederick Chopin". Contemporary Review. Archived from the original on 16ی Novemberی 2018. Retrieved 4 January 2014. {{cite news}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  75. ^ Zamoyski (2010), p. 279 (loc. 4385). Letter of 30 October 1848.
  76. ^ Zamoyski (2010), pp. 276–78 (locs. 4340–4357).
  77. ^ ئ ا Michałowski and Samson (n.d.), §5, para. 4.
  78. ^ Zamoyski (2010), pp. 283–86 (locs. 4446–4487).
  79. ^ Zamoyski (2010) p. 288 (loc. 4512).
  80. ^ "Frederic Chopin's heart exhumed in secret mission in Poland". cbc.ca. 17 November 2014. Archived from the original on 19ی Augustی 2018. Retrieved 14 February 2015. {{cite news}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  81. ^ Zamoyski (2010), 291–93 (locs. 4566–4591).
  82. ^ Zamoyski (2010), p. 293 (locs. 4591–4601).
  83. ^ ئ ا Zamoyski (2010), pp. 293–94 (locs. 4601–4616).
  84. ^ ئ ا Zamoyski (2010), p. 1 (loc. 70).
  85. ^ Niecks (1902), loc. 11118.
  86. ^ ئ ا Barcz (2010), p. 16.
  87. ^ ئ ا Samson (1996), p. 193.
  88. ^ Zamoyski (2010), p. 286 (loc. 4479).
  89. ^ "Chopin had wanted his heart cut out and preserved. Now it may have resolved the mystery of his death". Archived from the original on 17ی Decemberی 2018. Retrieved 25ی Octoberی 2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  90. ^ McKie, Robin (4 November 2017). "Examination of Chopin's pickled heart solves riddle of his early death". The Guardian. Archived from the original on 28ی Septemberی 2018. Retrieved 5 November 2017. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  91. ^ Majka et al. (2003), p. 77.
  92. ^ Kuzemko (1994), p. 771. See also Kubba and Young (1998), passim.

بیبلیۆگرافی[دەستکاری]

  • Ashbrooke, William (n.d). "Chopin", in The New Grove Dictionary of Opera online, accessed 4 August 2014. (خۆتۆمارکردن پێویستە).
  • Atwood, William G. (1999). The Parisian Worlds of Frédéric Chopin. New Haven and London: Yale University Press. ISBN 978-0-300-07773-5.
  • Barcz, Maria (14 August 2010). "Etiuda paryska" [Paris Étude]. Gwiazda Polarna (بە پۆڵەندی). Vol. 101, no. 17. pp. 15–16.
  • Bellman, Jonathan (2000). "Chopin and His Imitators: Notated Emulations of the "True Style" of Performance", in 19th-Century Music, vol. 24, no. 2 (Autumn, 2000), pp. 149–60.
  • Bowers, Faubion (1996). Scriabin: A Biography. Mineola, NY: Dover Publications. ISBN 0-486-28897-8.
  • Brown, Maurice (1980). "Nocturne", in The New Grove Dictionary of Music and Musicians, ed. Stanley Sadie (20 vols.). London: Macmillan Publishers. ISBN 0-333-23111-2. Vol. 13, pp. 258–59.
  • Chen, Shu-fen Viola (2009). A Performer's Analysis of the Four Ballades by Frederic Chopin. ProQuest. ISBN 978-1-109-13042-3.
  • Chopin, Fryderyk (1962). Selected Correspondence of Fryderyk Chopin, coll. B. Sydow, tr. Arthur Hedley. London: Heinemann.
  • Conway, David (2012). Jewry in Music: Entry to the Profession from the Enlightenment to Richard Wagner. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 978-1-107-01538-8
  • Cooke, Charles (1966). "Chopin and Liszt with a Ghostly Twist" in Notes, Second Series, vol. 22, no. 2 (Winter, 1965 – Winter, 1966), pp. 855–61
  • De Val, Dorothy, and Cyril Ehrlich. "Repertory and Canon", in David Rowland (ed.), The Cambridge Companion to the Piano, 176–91. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-47986-8.
  • Downes, Stephen (2001). "Eros and PanEuropeanism", in Harry White and Michael Murphy (eds.), Musical Constructions of Nationalism: Essays on the History and Ideology of European Musical Culture 1800–1945, Cork: Cork University Press, pp. 51–71. ISBN 1-85918-322-0.
  • Eddie, William (2013). Charles Valentin Alkan: His Life and His Music. Ashgate Publishing, Ltd. ISBN 978-1-4094-9364-8.
  • Eigeldinger, Jean-Jacques (1988). Chopin: Pianist and Teacher: As Seen by his Pupils. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-36709-7.
  • Ferguson, Howard (1980). "Study", in Stanley Sadie (ed.), The New Grove Dictionary of Music and Musicians, London: Macmillan, vol. 18, pp. 304–05.
  • Golos, George S. (1960). "Some Slavic Predecessors of Chopin" in The Musical Quarterly vol. 46 no. 4, pp. 437–47.
  • Goldberg, Halina (2004). The Age of Chopin: Interdisciplinary Inquiries. Indiana University Press. ISBN 0-253-21628-1.
  • Hall-Swadley, Janita R. (15 July 2011). The Collected Writings of Franz Liszt: F. Chopin. Scarecrow Press. ISBN 978-1-4616-6409-3.
  • Hamilton, Kenneth (2008). After the Golden Age: Romantic Pianism and Modern Performance. Oxford: Oxford University Press. ISBN 978-0-19-517826-5
  • Hedley, Arthur et al. (2005). "Chopin, Frédéric (François)," Encyclopædia Britannica, 15th ed. , vol. 3, pp. 263–64.
  • Hedley, Arthur and Maurice Brown (1980). "Chopin, Fryderyk Franciszek [Frédéric François]", sections 1–6 in S. Sadie (ed.) The New Grove Dictionary of Music and Musicians, London: Macmillan, vol. 4, pp. 292–98.
  • Hutchings, A. G. B. (1968). "The Romantic Era", in Alec Robertson and Denis Stevens (eds.), The Pelican History of Music 3: Classical and Romantic, Harmondsworth: Penguin Books, pp. 99–139.
  • Jachimecki, Zdzisław (1937). "Chopin, Fryderyk Franciszek". Polski słownik biograficzny (بە پۆڵەندی). Vol. 3. Kraków: Polska Akademia Umiejętności. pp. 420–26.
  • Jakubowski, Jan Zygmunt, ed. (1979). Literatura polska od średniowiecza to pozytywizmu [Polish Literature from the Middle Ages to Positivism] (بە پۆڵەندی). Warsaw: Państwowe Wydawnictwo Naukowe. ISBN 83-01-00201-8.
  • Jones, J. Barrie (1998a). "Piano music for concert hall and salon c. 1830–1900", in David Rowland (ed.), The Cambridge Companion to the Piano, pp. 151–75. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-47986-8.
  • Jones, J. Barrie (1998b). "Nationalism", in David Rowland (ed.), The Cambridge Companion to the Piano, pp. 176–91. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-47986-8.
  • Kallberg, Jeffrey (2001). "Chopin's March, Chopin's Death", in 19th-Century Music, Vol. 25, No. 1 (Summer 2001), pp. 3–26.
  • Kennedy, Michael (1980). The Concise Oxford Dictionary of Music. Oxford: Oxford University Press. ISBN 978-0-19-311315-2.
  • Kubba, Adam and Madeleine Young (1998). "The Long Suffering of Frederic Chopin", in Chest, vol. 113 (1998), pp. 210–16. accessed 16 August 2014.
  • Kuhnke, Monika (2010). "Oryginalne kopie, czyli historia portretów rodziny Chopinów", in Cenne Bezcenne Utracone, no. 62 (2010 no. 1), pp. 8–12. In Polish. (English summary). Article and summary accessed 28 December 2013.
  • Kuzemko, J. A. (1994). "Chopin's Illnesses" in Journal of the Royal Society of Medicine volume 87 (کانوونی یەکەم ١٩٩٤) pp. 769–72, accessed 16 August 2014.
  • Lanza, Andrea (n.d.). "Orefice, Giacomo" in Oxford Companion to Music, Oxford Music Online, accessed 8 August 2014. (خۆتۆمارکردن پێویستە).
  • Latham, Alison (n.d.). "Rubato" in Oxford Companion to Music, Oxford Music Online (خۆتۆمارکردن پێویستە), accessed 15 July 2014.
  • Leikin, Anatole (1994-12-08). "The sonatas". In Samson, Jim (ed.). The Cambridge Companion to Chopin. Cambridge Companions to Music (بە ئینگلیزی). Cambridge University Press. ISBN 978-1-139-82499-6.
  • Liszt, Franz, tr. M. W. Cook (1880). Life of Chopin (4th edition). E-text in Kindle version at Project Gutenberg accessed 27 December 2013.
  • Majka, Lucyna, Joanna Gozdzik and Michał Witt (2003). "Cystic fibrosis – a probable cause of Frédéric Chopin's suffering and death" in Journal of Applied Genetics, vol 44(1), pp. 77–84, accessed 16 August 2014.
  • Methuen-Campbell, James (1981). Chopin Playing from the Composer to the Present Day. London: Victor Gollancz Ltd.
  • Michałowski, Kornel, and Jim Samson (n.d.), "Chopin, Fryderyk Franciszek", Grove Music Online (accessed 2٥ تەممووز ٢٠١٣). (خۆتۆمارکردن پێویستە)
  • Milewski, Barbara (1999). "Chopin's Mazurkas and the Myth of the Folk", in 19th-Century Music, vol. 23, no. 2 (Autumn 1999), pp. 113–35.
  • Müller-Streicher, Friederike (1949). "Aus dem Tagebuch einer Wiener Chopin-Schülerin (1839–1841, 1844–1845)" in Chopin Almanach, Potsdam, pp. 134–42. In German.
  • Niecks, Frederick (1902). Frederick Chopin as a Man and Musician, 3rd edition. E-text in Kindle version at Project Gutenberg accessed 4 January 2014.
  • Petty, Wayne C. (Spring 1999). "Chopin and the Ghost of Beethoven". 19th-Century Music. 22 (3): 281–299. JSTOR 746802.
  • Reiss, Jozef and Maurice Brown (1980). "Polonaise", in The New Grove Dictionary of Music and Musicians, ed. Stanley Sadie (20 vols.). London: Macmillan Publishers. ISBN 0-333-23111-2. Vol. 15, pp. 49–52.
  • Rosen, Charles (1995). The Romantic Generation. Cambridge, Massachusetts: Harvard University Press. ISBN 978-0-674-77933-4.
  • Rottermund, Krzysztof (2008). "Chopin and Hesse: New Facts about Their Artistic Acquaintance", in American Organist Magazine, vol. 42, issue 3, p. 82.
  • Samson, Jim (8 December 1994). The Cambridge Companion to Chopin. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-47752-9.
  • Samson, Jim (1996). Chopin. Oxford: Oxford University Press. ISBN 978-0-19-816703-7
  • Scholes, Percy (1938). The Oxford Companion to Music. Oxford: Oxford University Press.
  • Schonberg, Harold C. (1987). Great Pianists. New York: Simon and Schuster. ISBN 978-0-671-63837-5.
  • Schumann, Robert (1988), tr. and ed. Henry Pleasants. Schumann on Music: A Selection from the Writings. New York: Dover Publications. ISBN 978-0-486-25748-8.
  • Szklener, Artur (2010). "Fryckowe lato: czyli wakacyjne muzykowanie Chopina" [Fritz's Summers: Chopin's Musical Vacations]. Magazyn Chopin: Miesięcznik Narodowego Instytutu Fryderyka Chopina (بە پۆڵەندی) (4): 8–9.
  • Szulc, Tad (1998). Chopin in Paris: the Life and Times of the Romantic Composer. New York: Scribner. ISBN 0-684-82458-2. {{cite book}}: Unknown parameter |ناونیشان= ignored (help)
  • Taruskin, Richard (1996). Stravinsky and the Russian Traditions. Oxford: Oxford University Press, ISBN 0-19-816250-2.
  • Taruskin, Richard (2010). Music in the Nineteenth Century. Oxford: Oxford University Press. ISBN 978-0-19-538483-3.
  • Temperley, Nicholas (1980). "Chopin, Fryderyk Franciszek [Frédéric François]", sections 1–7 in S. Sadie (ed.), The New Grove Dictionary of Music and Musicians, vol. 4. London: Macmillan, pp. 298–307.
  • Turnbull, Michael T. R. B. (1989). Monuments and Statues of Edinburgh. Edinburgh: Chambers. ISBN 0-550-20050-9.
  • Wheeldon, Marianne (2009). Debussy's Late Style. Bloomington: Indiana University Press. ISBN 978-0-253-35239-2.
  • Young, Pablo et al. (2014) "Federico Chopin (1810–1849) y su enfermedad", Revista médica de Chile, vol. 142, no. 4, pp. 529–35. In Spanish (summary in English). Accessed 16 August 2014.
  • Załuski, Iwo and Pamela (1992). "Chopin in London", in The Musical Times, vol. 133, no. 1791 (ئایار ١٩٩٢), pp. 226–30.
  • Zamoyski, Adam (2010). Chopin: Prince of the Romantics. London: HarperCollins. ISBN 978-0-00-735182-4 (e-book edition).

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

نووەتە مۆسیقییەکان

  1. ^ Szulc (1998), pp. 41–42.
  2. ^ Jachimecki, p. 424.
  3. ^ Załuski, Iwo and Pamela (2 June 2009). "Chopin's Scottish autumn – Frederick Chopin". Contemporary Review. Archived from the original on 16ی Novemberی 2018. Retrieved 4 January 2014. {{cite news}}: Check date values in: |archive-date= (help)