لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن
پۆرترەیتی بێتھۆڤن، کێشراوە لەلایەن یۆسێف کارل ستیلەر، ١٨٢٠
ناوی خۆماڵی بێتھۆڤن
لەدایکبوون لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن
(١٧٧٠-١٢-١٧) ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٧٧٠[١]
 بۆن، کۆلن،  ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز
مەرگ ٢٦ی ئازاری ١٨٢٧(١٨٢٧-0٣-٢٦) (بە ٥٦ ساڵی)
 ڤیەننا،  ئیمپراتۆرییەتی نەمسا
شوێنی گۆڕ گۆڕستانی ناوەندی ڤیەننا
نیشتەجێ ڤیەننا،  نەمسا
نەژاد ئەڵمانی
پیشە ئاوازدانەر، ژەنیار
کارە دیارەکانی
  • سیمفۆنیای پێنجەم
  • سیمفۆنیای نۆیەم
  • سۆناتای ڕووناکی مانگ
  • بۆ ئیلیز
شێواز کلاسیکی
ئایین کاتۆلیکی
دایک و باوک یۆھان ڤان بێتھۆڤن
ماریا ماگدەلینا کیفریچ
واژۆ
Beethoven Signature.svg

لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن (بە ئینگلیزی: Ludwig van Beethoven • ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٧٧٠ – ٢٦ی ئازاری ١٨٢٧) پیانۆژەن و ئاوازدانەرێکی ئەڵمانی بوو. کەسایەتییەکی ناسراو و گرنگ بوو لە بەینی دەمەی کلاسیک و ڕۆمانتیک لە ھونەری مۆسیقی ڕۆژاوادا، ئەو ھێشتا وەک یەکێک لە ھاندەرترین و ناودارترین ئاوازدانەرەکان ماوەتەوە. ناسراوترین ئاوازەکانی پێکھاتوون لە ٩ سیمفۆنی، ٥ کنچێرتۆی پیانۆ، ١ کنچێرتۆی کەمان، ٣٢ سۆناتای پیانۆ، ١٦ پارچەی ئامێری تەلدار کە بە چوار ژەنیار دەژەنرێن، لەگەڵ یەک ئۆپێراش بە ناوی فیدیلیۆ.[٢]

بێتھۆڤن لەشاری بۆن لەدایک بووە، کە پایتەختی کۆڵۆنە و بەشێکە لە ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز، ئەو لە تەمەنێکی لاوێتیدا نمایشی توانا مۆسیقییەکانی کردووە و لەلایەن باوکییەوە، جۆھان ڤان بێتھۆڤن، و ئاوازدانەر و مایسترۆی مۆسیقیی کریستیان گادلۆب نییفەوە فێرکراوە و مەشقی پێ کراوە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا ئەو ڕۆیشت بۆ ڤیەننا و لەوێ دەستی کرد بە خوێندنی ئاوازدانان لەگەڵ یووسف ھایدن، دواتریش بە «پیانۆژەنی ڤێرتوسۆ» ناوی دەرکرد. ئەو لە ڤیەننا مایەوە تاکو کۆتایی تەمەنی. لە کۆتاییەکانی ٢٠ ساڵیدا و لەکاتی پێ نانە ناو ٣٠ ساڵییەوە، توانای بیستنی دەستی کرد بە کەمبوونەوە، لە کۆتا دەیەی ژیانیدا ئەو بەتەواوی بیستنی لەدەست دابوو. لە ساڵی ١٨١١ وازی لە مایسترۆایەتیکردن ھێنا، بەڵام ھێشتا بەردەوام بوو لەسەر ئاوازدانان. زۆرێک لە کارە ھەرە کاریگەرەکانی لە کۆتا ١٥ ساڵی ژیانیدا بەرھەمھێنراون.

ژیاننامە[دەستکاری]

پشتینە و ژیانی پێشوو[دەستکاری]

شوێنی لەدایکبوونی بێتھۆڤن، ئێستا ناسراوە بە «مۆزەخانەی خانووی بێتھۆڤن.»

بێتھۆڤن کوڕەزای لودڤیگ ڤان بێتھۆڤنی گەورەیە (١٧١٢–٧٣). ژەنیارێک و گۆرانیبێژێکی سەرکەوتوو بوو کە لە شارۆچکەی میچێلینی ھەرێمی فلێمیش دەژیا، کە ئێستا بە بەلجیکا ناسراوە. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا کۆچی کرد بۆ بۆن.[٣][٤] لودڤیگی گەورە وەک گۆرانیبێژێکی بەیس کاری دەکرد لە کۆڵۆن، ھەتاکو لە ساڵی ١٧٦١ بووبە مایسترۆێکی مۆسیقیی. ئەو تابلۆیەی کە ناوبراوی تێدا کێشرابوو ھەتاکو کۆتایی تەمەنیشی بە شانازییەوە لە ژوورەکانی کوڕەزاکانی ھەڵواسرابوو بۆ نمایشکردن وەک تەلیسمێک بۆ میراتە مۆسیقییەکەی.[٥] لەدڤیکی گەورە کوڕێکی ھەبوو بەناوی جۆھان (١٧٤٠–١٧٩٢) کە وەک گۆرانیبێژێکی تێنۆر لە ھەمان ئەو دامەزراوە مۆسیقییە کاری دەکرد کە باوکی تێیدا بوو، ئەم وانەی کیبۆرد و کەمانی دەوتەوە بۆ دەستکەوتنی داھات.[٣] جۆھان ھاوسەرگیری لەگەڵ ماریا ماگدەلینا کێڤریش کرد لە ساڵی ١٧٦٧.[٦]

بێتھۆڤنی کوڕەزا لە ئەنجامی ئەم ھاوسەرگیرییەوە ھاتۆتە ژیان لە بۆن. بەڵام بێتھۆڤن ھیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی نەبووە کە ڕێکەوتی لەدایکبوونی تێدا دیاریکرابێت، بەڵام ئەو تۆماری ڕێکەوتی باپتیزمی (بە مەسیحیکردن) ی ھەیە، کە لە کڵێسایەکی کاتۆلیکی تۆمارکراوە لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٧٧٠.[٧] منداڵەکانی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی نەریتی ڕۆژێک دوای لەدایکبوونیان باپتایز دەکران، ھەروەھا شتێکی زانراوە کە مامۆستاکەی لودڤیگ، یۆھان ئایبخیستسبێگەر و لەگەڵ خێزانەکەی لە ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمدا یادی لەدایکبوونیان دەکردەوە، بۆیە زۆربەی زاناکان ڕێکەوتی ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٧٧٠یان وەک ڕێکەوتی لەدایکبوونی بێتھۆڤن پەسەند کردووە.[٨][٩] لەو حەوت منداڵەی کە لە جۆھان ڤان بێتھۆڤن بوون، تەنھا بێتھۆڤن و دوو برا گەنجترەکەی توانیان بە زیندوێتی بمێننەوە و بە منداڵی نەمرن.[١٠]

یەکەم مامۆستای مۆسیقیی لودڤیگ باوکی بوو. ئەو دواتر مامۆستای ناوخۆیی تر وانەی پێ وتۆتەوە: ئۆرگانژەنی ناوخۆ گیڵس ڤان دێن ئیدن، تۆبیاس فریدیرش فایفەر (ھاوڕێیەکی خێزانەکە بوو کە وانەی کیبۆردی پێ دەوتنەوە)، لەگەڵ فرانز ڕۆڤانتینی (خزمێکی خێزانەکە بوو کە وانەی کەمان و ڤایۆلای پێ دەوتەوە.[٣] دەستپێکردنی وانە مۆسیقییەکانی لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دەستی پێکرد و وانەکانیش سەخت و قورس بوون بۆ بێتھۆڤن و زۆرجار ئەوی دەخستە گریان.[١١] فایفەر ئەو مامۆستایە بوو کە کێشەی بێخەوی ھەبوو، بەھۆی ئەمەشەوە مەشقکردنی درەنگانی-شەو ھەبوون، شەوان بێتھۆڤن لە خەو ھەڵدەستێندراو و دەبرایە دەرەوە لە جێگەی خەوەکەی بۆ مەشقکردن. جۆھانی باوکی بێتھۆڤن ئاگاداری سەرکەوتن و ناوبانگییەکەی لیۆپۆرد مۆزارت و ھەردوو منداڵەکانی (ڤۆڵڤگانگ لەگەڵ نانێرل) بوو لەو ناوچەیە و ئەویش ھەوڵی دا بەخێرایی بێتھۆڤن ناودار بکات، لەسەر ئەو پۆستەرە ڕێکلامیانەی کە بڵاوی کردنەوە بۆ یەکەم نمایشی بێتھۆڤن لە ئازاری ١٧٧٨، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بێتھۆڤن ٦ ساڵە، لەکاتێکدا کە ئەو لەڕاستیدا ٧ ساڵ بوو.[١٢]

تابلۆیەکی بێتھۆڤن بە ١٣ ساڵی کە لەلایەن وێنەکێشێکی نەزانراوی بۆنەوە کێشرایەوە (١٧٨٣)

ماوەیەک دوای ١٧٧٩، بێتھۆڤن دەستی کرد بە خوێندن لەژێر گرنگترین مامۆستای لە بۆن، کریستیان گۆتلۆب نیف، کە وەک ئۆرگانژەنی دەست و پێوەندی شا دیاریکرابوو لەو ساڵەدا.[١٣] نیف بێتھۆڤنی فێری ئاوازدانان کرد، لە ئازاری ١٧٨٣شدا یارمەتی دا یەکەم ئاوازی بڵاوکردنەوەی بنووسێتەوە.[١٠] زۆر نزیک دوای ئەمە، بێتھۆڤن دەستی کرد بە کارکردن لەگەڵ نیف وەک یارمەتیدەرێکی ئۆرگانژەن. یەکەم جار پارەی نەدەدراێ، دواتریش لە ساڵی ١٧٨٤ وەک کارمەندێک مامەڵەی لەگەڵ کراو پارەی دەدراێ. سێ لە یەکەمین سۆناتاکانی بەناوی kurfürst لە ساڵی ١٧٨٣دا بڵاوکرایەوە کە بۆ ھەڵبژاردنی ماکسیمیلیان فریدریش نووسرابۆوە. ماکسیمیلیان فریدریش بە خێرایی درکی بە بەھرەمەندییەکەی بێتھۆڤن کرد و ھانی دا کە لە خوێندنەکەی بەردەوام بێت و پەرە بە تواناکانی بدات.[١٤]

لە ئازاری ١٧٨٧دا، بێتھۆڤن بۆ یەکەم جار کۆچی کرد بۆ ڤیەننا، دەوترێت کە ئەم کۆچکردنەی بێتھۆڤن بۆ ئەوە بووە کە لەگەڵ مۆزارتدا بخوێنێت. پەیوەندییەکەی ئەم دووانە نەزانراون، کەسیش دڵنیای نەکردۆتەوە کە بەڕاستی یەکیان بینیبێت.[١٥] ھەر دوو ھەفتە دوای ئەوەی کە گەیشتە ڤیەننا، بیستی کە دایکی نەخۆش کەوتووە و ناچاربوو کە بگەڕێتەوە. ھەر کەمێک دوای ئەمە دایکی ماڵاوایی لە ژیان کرد و باوکیشی وا دیارە بەھۆی ئەم ڕووداوەوە خوی زیاتری داوەتە خواردنەوە و ئەلکحول. لە ئەنجامی ھەموو ئەمانەش، بێتھۆڤن ناچاربوو کە بەرپرس بێت لە ھەردوو برا بچووکەکەی و ٥ ساڵی دواتری لە بۆن بەسەر برد.[١٦]

لەم چەند ساڵەدا، بێتھۆڤن چەند کەسێکی ناسی کە بوون بە بەشێکی گرنگی ژیانی. فرانز وێگلەر، خوێندکارێکی پزیشکی گەنج، بێتھۆڤنی بە خێزانی ڤۆن بروونین ناساند. بێتھۆڤن زۆرجار سەردانی ئەم خێزانەی دەکرد و لەوێ وانەی پیانۆی بە چەند منداڵێک دەوتەوە. لەوێ بە وێژەی ئەڵمانی و کلاسیکی ئاشنا بوو. ماڵەکەی ئەم خێزانە ئارام و لەسەر-خۆ بوو، بە پێچەوانەی ئەو شوێنەی بێتھۆڤنی تێدا پەروەردە کرابوو، کە باقکی تێیدا ھەموو بڕیارێکی دەدا.[١٧] ھەر بەھۆی ئەمەشەوە، بێتھۆڤن کاونت فێردینانت ڤۆن واڵدستاینی ناسی، کە بووبە ھاوڕێیەکی نزیکی بێتھۆڤن و لە ڕووی داراییشەوە یارمەتی بێتھۆڤنی دەدا.[١٨]

لە ساڵی ١٧٨٩ بێتھۆڤن بە فەرمی نیوەی ئەو داھاتەی باوکی وەردەگرت بۆ بەڕێوەبردنی خێزانەکەی.[١٩] ئەو لەپاڵ ئەمەشدا یارمەتی خێزانەکەی دەدا بە ژەنینی ڤایۆلا لە ئۆرکێسترای دەست و پێوەندی شا. لەوێ بێتھۆڤن چەندئۆپێرایەکی ناسیوە، سیانیش لەوانە ھی مۆزارت بوون کە لەو ماوەیەدا لەوێ دەژەندرا. ھەر بەھۆی کارکردنیشی لەوێ توانی ببێت بە ھاوڕێ لەگەڵ ئانتۆن ڕیچا. ئەو فلوتژەن و کەمانژەنێک بوو کە نزیکی تەمەنی بێتھۆڤن بوو، ھەروەھا ئەو کەسە برازای مایسترۆی ئۆرکێسترای دەست و پێوەندی شاکە بوو.[٢٠]

دامەزرانی لە ڤیەننا[دەستکاری]

لە تشرینی دووەمی ١٧٩٢ بێتھۆڤن بۆنی بەجێھێشت و بەرەو ڤیەننا بەڕێکەوت. بە کورتی دوای گەیشتنی ھەواڵی مردنی باوکی بیستەوە.[٢١][٢٢][٢٣] مۆزارتیش لەم کاتەدا بە ھەمان شێوە مردبوو. لە پەیامێکی ماڵاواییدا، کاونت واڵدستاین بە بێتھۆڤنی وت: «بە کۆششی نەبڕاو گیانی مۆزارت بە تۆ دەبەخشرێت بە دەستەکانی ھایدن.»[٢٣] دوای چەند ساڵێک دەنگ و باس بڵاوبۆوە کە گوایە بێتھۆڤن بووە بە جێنشینی مۆزارت، بێتھۆڤنیش لە کارەکانی مۆزارتی دەکۆڵییەوە و چەند کارێکی دەنووسییەوە کە لەوانەی مۆزارتەوە نزیک بوون و ھەستێکی مۆزارتی دەبەخشی و بەم شێوەیە وەڵامی ھەواڵەکەی دایەوە.[٢٤]

تابلۆیەک کە بێتھۆڤن لە کاتی لاوێتیدا بیشان دەدات، کێشراوە لەلایەن کارل ترۆگۆل ریدێل (١٧٦٩–١٨٣٢)

بێتھۆڤن یەکسەر پلانی خۆ-دامەزراندنی نەبوو وەک ئاوازدانەرێک، بەڵکو ئەو بۆ خوێندن و باشترکردنی تواناکانی ھەوڵی دەدا. ئەو ھەوڵی ماستەرکردنی کاونتەرپۆینتی دەدا لەژێر چاودێری ھایدن.[٢٥] ئەو لە ھەمان کاتیشدا وانەی کەمانی پێ دەوترایەوە لەلایەن مامۆستایەکی جیاوە.[٢٦] لەم ماوەیەشدا بێتھۆڤن ڕێنمایی شێوازی گۆرانیبێژی ئیتاڵی پێ دەدرا لەلایەن ئەنتۆنیۆ ساڵێری، پیوەندییەکەی ئەم دووانە تاکو ١٨٠٢–١٨٠٩ بەردەوام بووە.[٢٧] لە ساڵی ١٧٩٤ ھایدن ڤیەننای بەجێھێشت و ڕۆیشت بۆ ئینگلتەرا. لەم کاتەدا پێشبینی لە بێتھۆڤن کرا کە بگەڕێتەوە بۆ بۆن، بەڵام ئەو بڕیاری دا کە لە ڤیەننا بمێنێتەوە و درێژە بە وانەکانی بدات بۆ ماستەرکردنی کاونتەرپۆینت لەژێر جۆھان ئالبرێختسبێرگەر و چەند مامۆستایەکی تریش. لەم کاتەدا چیتر لە ڕووی داراییەوە یارمەتی نەدەدرا لە بۆنەوە، بەڵام چەند پیاوێکی ڤیەننی تواناکانی بێتھۆڤنیان ناسایبوو بەھۆی ئەمەشەوە بڕیاریاندا یارمەتی بدەن لەم ڕووەوە.[٢٨]

لە ١٧٩٣ ھاوڕێکەی نیکۆلاس سیمڕۆک دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی پارچە مۆسیقییەکانی،[٢٩] ھەر لە ھەمان ساڵیشدا بە پیانۆژەنێکی ڤیرتوسۆ ناوی دەرکرد لە ڤیەننا.[٢٨] وا دیارە ئەو بڵاکردنەوەی ھەندێک لە کارەکانی لەو ساڵەدا ڕەتکردۆتەوە تاکو کاریگەری و داھاتی زیاتریان ھەبێت لە ١٧٩٥.[٢٨] یەکەم نمایشی ڕاستەوخۆی بێتھۆڤن لە ڤیەننا لە ئازاری ١٧٩٥ ڕوویدا، کۆنسێرتێک بوو کە یەکەمجار یەکێک لە کنچێرتۆی پیانۆکانی تێدا پەخشکرد، بەڵام ڕوون نییە کە کنچێرتۆی یەک بووە یان دوو و ھیچ بەڵگەیەکی نووسراویش ناتوانێت ئەمە دڵنیا بکاتەوە. ھەردوو کنچێرتۆکە نزیکی تەواوبوون بوون، بەڵام ھیچیان تەواو نەکراوە تا چەند ساڵێک دواتر.[٣٠][٣١] بە کورتی دوای ئەم نماییشە پلانی دانا بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەمین پارچە مۆسیقییەکانی. فرۆشەکانی ئەم پارچە مۆسیقیانە سەرکەوتووبوو بێتھۆڤن بەشی ئەوەی دەستکەوت کە بۆ ساڵێک خۆ پێ بژیێنێت.[٣٠][٣٢]

پێگەیشتنی مۆسیقی[دەستکاری]

بێتھۆڤن ئەو شەش پارچە مۆسیقییەی کە بۆ ئامێرە تەلدارەکان نووسیەوە لە بەینی ١٧٩٨ و ١٨٠٠دا بوو (تایبەت کرابوو بە شا لۆبکۆویتز)، ئەم مۆسیقایانە لە ساڵی ١٨٠١دا بڵاوکرانەوە. بەھۆی نمایشکردنی سیمفۆنیای یەکەم و دووەمییەوە لە ١٨٠٠ و ١٨٠٣دا، بێتھۆڤن وەک یەکێک لە ھەرە باشترین و گرنگترین ئاوازدانەری ئەو نەوەیە دوای ھایدن و مۆزارت مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. ئەو بە شێوەی جیاواز ئاوازی دەنووسییەوە و دایدەڕشت، ئەمەش بووە ھۆی بەدەستھێنانی سۆناتای پیانۆ «پێتێتیک» لە ئەنجامدا، کووپەر لەسەر ئەم پارچە مۆسیقایە وتی: «پێشی ھەموو نووسینەکانی پێشووی دەداتەوە لە بەھێزی، قووڵی ھەست، ڕەسەنی و بەھرەمەندیی مۆتیڤیک.»[٣٣] ئەو «سێپتێت»ەکەشی تەواو کرد لە ساڵی ١٧٩٩ و یەکێک بوو لە ھەرە گرنگترین کارەکانی ژیانی.

بێتھۆڤن لە ١٨٠٣، کێشراوە لەلایەن کریستیان ھۆرنمان

بۆ پەخشکردنی یەکەم سیمفۆنیای، بێتھۆڤن بڕیاری دا کە شانۆی بەرگ ھەڵبژێرێت (Burgtheater) لە ٢ی نیسانی ١٨٠٠ و کۆمەڵێک کاری مۆسیقیی زۆری پەخشکرد، کارەکانی ھایدن و مۆزارتیشیان تێدا دەبیندرا لە پاڵ سێپتێتەکەی و سیمفۆنیای یەکەمی، لەگەڵ یەکێک لە کنچێرتۆی پیانۆکانی. کۆنسێرتەکە بە «ھەرە سەرنجڕاکێشترین کۆنسێرت لە ماوەیەکی دووروودرێژدا» لەلایەن ڕۆژنامەی ئەڵمانی «ڕۆژنامەی گشتیی مۆسیقا.» ئەم نمایشەش ڕەخنەی لێ گیرا، یەکێکیش لەوانە ئەوە بوو کە «ژەنیارەکانی تر گوێیان نەیاوە بە سۆلۆژەنەکان.»[٣٤]

مۆزارت و ھایدن بە بێگومانی کاریگەریان لەسەر بێتھۆڤن ھەبووە. بۆ نموونە پارچەی «کوینتێت بۆ پیانۆ و ھەواکان» وا لێکدراوەتەوە کە لێکچوونێکی بەھێزی ھەیە لەگەڵ پارچەکەی مۆزارت لەژێر ھەمان ناودا. بەڵام بێتھۆڤن کەسایەتییەکی ڕەسەن بووە، بەھۆی ئەمەشەوە زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان دەبیندرا کە بێتھۆڤن لە مۆسیقاکانیا ئەنجامی دابوو کە ھیچ ژەنیارێکی تری ئەو کاتە نەیانکردبوو.[٣٥] مێلۆدییەکان و کەرەستە ھەستییەکانی بێتھۆڤن لە مۆسیقانیدا بەکاری دەھێنا بە تەواوی جیاوازبوون بەراورد بەو کەسانەی کە کاریگەریان ھەبووە لەسەری، ئەمەش ئەو خەسڵەتەیە کە بێتھۆڤنی لەوان جیاکردبۆوە و بەھۆی ئەمەشەوە کاریگەری سەر ئاوازەکانی لەسەر خەڵکی بەرزتر بۆوە. لە کۆتاییەکانی ١٨٠٠ەکاندا، بێتھۆڤن و ئاوازەکانی خواستێکی زۆریان لەسەر ھەبوو لەلایەن خەڵکی و بڵاوکەرانەوە.[٣٦]

لە ئایاری ١٧٩٩دا، بێتھۆڤن وانەی بە منداڵەکانی ژنەخانەدانی ھەنگاری ئانا برونسڤیک دەوتەوە. لەم ماوەیەدا، بێتھۆڤن کەوتە داوی خۆشەویستی جۆزفینەوە، کە گەنجترین کچی خێزانەکە بوو.[٣٧] بێتھۆڤن نامەیەکی خۆشەویستی نووسیبوو کە لە ١٠ پەڕەی بچووک پێکھاتبوو بە دەست و خەتی خۆی، ھۆکاری نووسینەوەی ئەم نامەیە دەگەڕێندرێتەوە بۆ جۆزفین و وا دەوترێت کە بۆ ئەو نووسراوە. بێتھۆڤن ئەم نامەیەی ھەرگیز نەناردبوو بەھەرحاڵ، نامەکە دوای مردنی بێتھۆڤن دۆزرایەوە و فۆرۆشرا و ئێستاش لە مۆزەخانەدا دەمێنێتەوە. دوای ئەم وانانەی کە جۆزفین لەژێر بێتھۆڤن خوێندی، ئەو ھاوسەرگیری لەگەڵ خانەدان یۆسێف دیم کرد. لەم کاتەدا بێتھۆڤن ھەر بەردەوام بوو لە سەردانکردنی جۆزفین وەک میوانێکی ئاسایی بۆ بەردەوام دان بە فێرکردنی. ھاوسەرگیرییەکەی ئەو خانمە ئاسایی دڵخۆشبوو، ھەرچەندە کەمێک کێشەی داراییشیان بۆ دروست بوو لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا لە بەشێکی ژیانیاندا.[٣٨] جۆزفین و ھاوسەرەکەی چوار منداڵیان ھەبوو. دواتر لە ساڵی ١٨٠٤ یۆسێف دیم لەپڕ مرد و لەدوای ئەمەوە پەیوەندییەکەی بێتھۆڤن و ئەو خانمە بەھێزتر بوو.[٣٩]

تابلۆی بێتھۆڤن بێتھۆڤن لە ١٨٠٤–١٨٠٥

کارەکانی بێتھۆڤن لە ١٨٠٠ بۆ ١٨٠٢ پێکھاتبوون لە دوو ئۆرکێسترای دووروودرێژ و زیاتر گوێی بەو دوانە دەدا، بەڵام ئەو لە ھەمان کاتیشدا ھەر بەردەوام بوو لە نووسینەوەی کاری گرنگی تر وەک سۆناتای پیانۆکانی. یەکێک لە ھەرە بەناوبانگترین سۆناتای پیانۆکانی کە لەم ماوەیەدا نووسیوێتی پێکھاتووە لە «سۆناتای ڕووناکی مانگ.» لە بەھاری ١٨٠١دا ئەو بالێتی بوونەوەرەکانی پرۆمیتییەس تەواوکرد.[٤٠] ئەم کارە نماییشێکی زۆری بۆ کرا لە بەینی ١٨٠١ و ١٨٠٢ دا. لە بەھاری ١٨٠٢شدا سیمفۆنیای دووەمی تەواوکرد، بەتەمابوو لە کۆنسێرتێک پەخشی بکات، بەڵام کۆنسێرتەکە ھەڵوەشێندرایەوە. سیمفۆنیاکە دواتر بۆ یەکەمجار پەخشکرا لە کۆنسێرتێکدا لە شانۆی ئان دێر وین. لە پاڵ سیمفۆنیای دووەم، کۆنسێرتەکە سیمفۆنیای یەکەمیشی لە خۆ گرتبوو، لەپاڵ کنچێرتۆی پیانۆی سێیەم و پارچەیەکی مۆسیقی تریش. ڕای تێکەڵ ھەبوو لەسەر کۆنسێرتەکە، بەڵام بە گشتی بۆ بێتھۆڤن لە ڕووی داراییەوە زۆر سەرکەوتووبوو. ئەو توانی بۆ ھەر بلیتە و سێ-جار زیاتر پارە وەربگرێت.[٤١]

بێتھۆڤن لە ساڵی ١٨٠٢دا لە ڕووی بازرگانییەوە پەرەی سەند، بەتایبەتی دوای ئەوەی براکەی، کارل، کە پێشووتریش یارمەتی بێتھۆڤنی داوە، دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی کار و بارە بازرگانییەکانی و ڕۆڵێکی گەورەتری وەرگرت لە بەڕێوەبردنی ئەم کار و بارانەی. لەپاڵ ئەوەی کە کارل کارە نوێکانی بێتھۆڤنی بە نرخێکی بەرزتر دەفرۆشت، ئەو دەستی کرد بە فرۆشتنی ھەندێک لە کارە بڵاونەکراوەکانیشی. ئەو ھانی بێتھۆڤنی دەدا کە کارە گەورە و بەناوبانگەکانی بە ئامێری مۆسیقای جیاواز دووبارە بنووسێتەوە. بێتھۆڤن بەم داواکارییە ڕازی بوو، چوونکە نەیدەتوانی بڵاوکەرەوەکانی تر بۆستێنێت لە بە کرێ گرتنی کەسانی تر بۆ نووسینەوەی ئاواز کە لەوانەی ئەوەوە نزیک بوون.[٤٢]

لەدەستدانی بیستن[دەستکاری]

لە دەورووبەری ساڵی ١٨٠١دا بێتھۆڤن توانای بیستنی کەم بۆوە. ئەو ئازارێکی سەخت لە گوێکانی ھەبوو، وەک زریکەیەک یان نەڕەیەک لە گوێیدا وابوو، ئەمەش نەیدەھێشت بێتھۆڤن گوێی لە مۆسیقا یان شتی تر بێت و ئەمەش وای لێ کرد کە لە وتووێژکردن لەگەڵ خەڵکی خۆی بەدوور بگرێت.[٤٣] لەم ماوەیەدا بێتھۆڤن پەیامێکی بۆ ھاوڕێکانی نووسی کە کێشەکانی گوێی بۆ باسدەکردن تێیدا و باسی ئەو سەختییەی دەکرد کە بۆی دروست کردووە لە ڕووی مۆسیقی و کۆمەڵایەتییەوە. ھۆکاری لەدەستدانی بیستنی بێتھۆڤن بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام بەزۆری دەگەڕێندرێتەوە بۆ سفلیس و تیفۆ و ژەھراویبوونی قوڕقوشم، ھەندێک جاریش دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو خووەی کە بێتھۆڤن ھەیبوو ئەویش سەر خستنە ناو ئاوی سارد بوو بۆ ئەوەی بەخەبەر بمێنێتەوە. لە دوای پشکنینی جەستەی بێتھۆڤن دوای مردنی، ھۆکاری کێشەکانی گوێی گەڕێندرایەوە بۆ ھەڵئاوسانی گوێچکەی ناوەڕاستی، کە بە درێژایی کات ژەھراوی بووە.[٤٤][٤٥]

تابلۆی بێتھۆڤن لە ١٨١٥ لەلایەن وێنەکێش یۆسێف ویلیبرۆرد مێلەر

لەدوای ئەوەی دکتۆرەکەی ڕێنمایی کرد کە بڕواتە دێیەکەوە بژی، بێتھۆڤن لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٠٢دا خۆی لە شارۆچکەی ھایلەگنشتاد جێگیر کرد کە لە دەرەوەی ڤیەننا بوو بۆ ئەوەی کە بە ئەنجامێک بگات لەگەڵ ئەو کێشەیەی کە ھەیبوو. لەوێ بێتھۆڤن وەسێتنامەی ھایلەگنشتادی نووسیەوە، پەیامێک بوو بۆ براکانی کە باسی لە کۆتا ھێنان بە ژیانی خۆی بۆ دەکردن تێیدا، بەھۆی ئەو کەڕییەی کە تووشی دەبوو و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو. ئەو ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو بەردەوام دەبێت لە ژیان لە ڕێگەی ھونەرەکەوەی.[٤٦] ئەو کۆتایی بە ژیانی خۆی نەھێنا بەھەرحاڵ. بە تێپەڕبوونی کات، بەتەواوی کەڕ بوو. لەکاتی نمایشکردنی سیمفۆنیای نۆیەمدا لە ساڵی ١٨٢٤، یارمەتی بێتھۆڤنیان دا کە ئاوەڕ بداتەوە و جەماوەرە شادەکە ببینێت کە چەپڵەڕێزانیان دەکرد و ھاواریان بۆی دەکرد، چوونکە خۆی گوێی لە ھیچ شتێک نەبوو.[٤٥] بە درێژایی نمایشەکەش بێتھۆڤن گوێی لە ئۆرکێستراکە نەبوو. کڕییەکەی بێتھۆڤن نەبووە کۆسپ لە بەردەمی بۆ نووسینەوەی ئاواز و مۆسیقای زیاتر، بەڵام ئەو کێشەیە نمایشکردنی لە شانۆکان (کە ھۆکارێکی سەرەکی داھاتی بێتھۆڤن بوو) زۆر سەختتر کردبوو. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨١١ شکستی ھێنا لە پێشکەشکردنی کنچێرتۆی پیانۆی ژمارە پێنج، ئەو ھەرگیز دووبارە لە کۆنێرتدا نمایشێکی تری نەکردەوە، تا ساڵی ١٨٢٤ کە نمایشی سیمفۆنیای نۆیەمی تێدا کرد.[٤٧]

بەشێکی زۆری ئەو ئامێرانەی بێتھۆڤن بەکاری ھێناون بۆ بیستن لە ڕابردوودا، ئێستاش دەتواندرێن بدۆزرێنەوە و ببینرێن لە مۆزەخانەی خانووی بێتھۆڤن لە بۆن، ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٨١٤ کە بێتھۆڤن تەمەنی ٤٤ ساڵ بوو، کۆمەڵێک میوان سەردانیان کرد، گوێبیستی بوون کە پیانۆی بە بەرزی دەژەنی و یەک لە دوای یەک نۆتەی بەیسی لێ دەدا، وەک ھەورە گرمە وابوو دەنگەکەی. لەو کاتەدا بەخۆی دەوت: «ئایا جوان نییە؟» میوانەکان بە قووڵی دڵیان دەنگ بوو بۆی لەو کاتەدا. پێدەچێت کە بێتھۆڤن سەرەتا بیستنی تەنھا بۆ فریکوێنسییە بەرزترەکان لەدەست دابێت، بۆیە لەم کاتەدا لەسەر پیانۆکەی مۆسیقای لەسەر نۆتەی بەیسەکان (بەیسەکان قووڵترین دەنگی سەر پیانۆیەکن) ژەنیوە. چێرنی وتوویەتی کە بێتھۆڤن تا ساڵی ١٨١٢ش توانای بیستنی بە باشی ھەبووە ھەبووە، ئەو ڕاستەوخۆ کەڕ نەبووە.[٤٨][٤٩]

بەھۆی لەدەستدانی بیستنی بێتھۆڤنەوە، دەفتەرێکی وتووێژکردنیان بۆ دانا و ئەم دەفتەرەش زۆر پڕ و قووڵە. دەفتەرەکە بە سەرەکی لە ١٠ ساڵی ڕابردوویدا بەکاردەھات، ھاوڕێکانی لەم دەفتەرەدا شتیان بۆ نووسیوەتەوە بۆ ئەوەی بێتھۆڤن بزانێت کە چی دەیانەوێت چی بڵێن. ئەو یان لەسەر دەفتەرەکە بە نووسین وەڵامیانی دەدایەوە یاخود بە دەم. دەفتەرەکە مشتومڕ دەربارەی مۆسیقا و بابەتی تر لەخۆ دەگرێت و، ڕوویەکی بیردکردنەوەی بێتھۆڤن پیشانی جیھان دەدات. ئەم دەفتەرە سەرچاوەیەکی زانیاری گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە بێتھۆڤن چۆن دەیەوێت ھونەرەکەی پەخش بکرێت و ھەروەھا پەیوەندی بێتھۆڤن و ھونەر ڕووندەکاتەوە و باسی دەکات. لە ٤٠٠ دەفتەری وتووێژدا، وا دیارە کە ٢٦٤یان لەناوچوون و ئەوەشی کە لێی ماوەتەوە دەستکاری کراوە دوای مردنی لەلایەن سکرتێرەکەوەی، ئانتۆن شیندلەر، چوونکە دەیویست تەنھا ژیاننامەیەکی تایبەت و باش دەربارەی ئاوازدانەرەکە بمێنێتەوە.[٥٠]

پشتگیری و یارمەتی[دەستکاری]

پشتگیری بێتھۆڤن، ئەرکدوک رەدۆلف

بێتھۆڤن داھاتی دەست دەکەوت بە بڵاوکردنەوەی کارەکانی و نمایشکردنەکانی لە کۆنسێرتەکاندا، لە پاڵ ئەوانەش دا ئەو پشتی بە پشتیگیرانی دەبەست بۆ داھاتی زیاتر، لە پێناو نماییشی تایبەت و پێدانی وەشانی کارەکانی بە تایبەتی پێش بڵاوکردنەوەیان بە پشتگیران ئەو پارەی دەدراێ. بەشێک لە کۆنترین پشتگیرانی پێکھاتبوون لە شا لۆبکۆویتز و شا لیکنۆسکی، ئەوان بڕە پارەیەکی ساڵانەیان ئەداێ لەپاڵ کڕینی کارەکانی.[٥١]

لەوانەیە گرنگترین پشتگیری بێتھۆڤن ئەرکدوک رەدۆلف بووبێت، گەنجترین کوڕی ئیمپراتۆر لیۆپۆلدی دووەم. ئەم لە ١٨٠٣ یان ١٨٠٤ دەستی کرد بە خوێندنی وانەی پیانۆ و ئاوازدانان لەگەڵ بێتھۆڤن. بێتھۆڤن چواردە ئاوازی پێشکەش بە رەدۆلف کردووە، لەوانە ئەرکدوک تریۆ (١٨١١) لەگەڵ میسا سۆلمنیس (١٨٢٣). لە وەڵامدا بۆ بێتھۆڤن، رەدۆلف یەکێک لە ئاوازەکانی خۆی پێشکەشی بێتھۆڤن کردووە. ئەو نامانەی کە بێتھۆڤن ناردوویەتی بۆ رەدۆلف ئێستاش لە کۆمەڵگەی ھاوڕێیانی مۆسیقا (Gesellschaft der Musikfreunde) ماونەتەوە لە ڤیەننا.[٥٢]

لە پایزی ١٨٠٨ دوای ئەوەی بێتھۆڤن ڕەتکرایەوە لە پیشەیەک لە شانۆی ڕۆیاڵ، ئەو ئۆفەرێکی لە براکەی ناپۆلیۆن بۆناپارت، جێرۆم پۆناپارت پێگەیشت، دواتریش دانەیەکی تری پێگەیشت دووبارە لەلایەن سەرۆکی ڤێستڤالیا بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەکی گونجاو وەک کێپلێمیستەر (چاودێری بەرھەمھێنانی مۆسیقا) لە دەست و پێوەندی شای گازێل کار بکات. بۆ ئەوەی وای لێ بکەن کە لە ڤیەننا بمێنێتەوە، ئەرکدوک رەدۆلف و شا کینسکی و شا لۆبکۆویتز بڕیاریان دا کە ساڵی جارێک ٤٠٠٠ فلۆرینی بەنێ. تەنھا ئەرکدوک رەدۆلف ئەو پارەیەی کە پەیمانی دابوو بیدا دای لە ڕێکەوتی دیاریکراودا.[٥٣] کینسکی بانگ کرا بۆ کارێکی سەربازی و نەیتوانی ئەو پارەیەی کە پەیمانی دابوو بیدات و دواتریش لەسەر ئەسپەکەیەوە کەوتبووە خوارەوە و مردبوو. لۆبکۆویتز وەستا لە پارەدان لە ئەیلوولی ١٨١١. ھیچ کەسێکی تر نەمابوو کە درێژە بە پشتگیرییەکە بدات و بێتھۆڤنیش بەزۆری پشتی بە فرۆشتنی مافەکانی ئاوازدانانی کردەوە بۆ دەستکەوتنی بڕە داھاتێکی کەم لە ساڵی ١٨١٥ەوە.

ماوەی ناوەڕاست[دەستکاری]

مۆنیومێنتی بێتھۆڤن لە بۆن، مانستەرپلاتز

گەڕانەوەکەی بێتھۆڤن لە ھایلەگنشتادەوە بۆ ڤیەننا گۆڕانکارییەکی شێوازی مۆسیقیشی لەگەڵ خۆی ھێنا، ئێستاش ئەو ماوەیە بە ماوەی ناوەڕاست یان دلێری ناسراوە. بەپێی کارل چێرنی، بێتھۆڤن وتوویەتی «من دڵ خۆش نیم بەو کارانەی کە کردوومن تاکو ئێستا. لە ئێستەوە من بەتەمای گرتنەبەری ڕێگەیەکی نوێم.»[٥٤] خەسڵەتەکانی ئەم ماوەیە پێکھاتوون لەو ژمارە ئاوازانەی کە بێتھۆڤن نووسیویەوتییەوە کە بە ڕەسەنی ھی خۆی بوون و مەزن بوون.[٥٥] یەکەم کار کە شێوازە نوێکەی دەنوێنێت، سیمفۆنیای سێیەمی بوو: ئیرۆیکا، کە لەسەر کلیلی ئی-فلات دەژەندرێت. ئەم پارچە مۆسیقایە لە مەودادا لە ھەموو سیمفۆنیاکانی پێشووی گەورەتر و درێژترە. کاتێک بۆ یەکەم جار پەخشکرا لە ساڵی ١٨٠٥، ڕای جیاوازی لەسەر ھەبوو. ھەندێک کەس گلەییان لە درێژییەکەی دەکرد و، یانیش لە شێوازەکەی تێنەگەیشتبوون، ھەندێکی تریش وەک پارچەیەکی گەورە و بەھێز دەیانبینی.[٥٦]

«ماوەی ناوەڕاست» ناوێکی تری ھەیە کە دەدرێتە پاڵی و بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان بەکاردێت، بەتایبەتی لە نێوان ئەو زانایانەی لە ژیانی بێتھۆڤن دەکۆڵنەوە، ئەویش «ماوەی دلێریی»ە.[٥٧] لە دلێریدا مەبەست لە دلێریی بێتھۆڤنە بۆ نووسینەوە و ئاوازدانان، ئێستاش ئەم ناوە زۆرجار وەک جێگرەوەیەک بەکاردێت.[٥٨] بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیەش بۆ وەسفکردن یان باسکردنی ھەموو ئەم ماوەیە جێگەی پرسیارە، بەھەرحاڵ. چوونکە لەکاتێکدا کە کاری وەک سیمفۆنیای پێنجەم و سێیەم بە شێوازێکی دلێرانە نووسراوە و دەتواندرێت بە ئاسانی بەم ناوە وەسف بکرێن، ھەندێک لە کارەکانی تری وەک سیمفۆنیای شەشەم و پاستۆرال وا نین و تەنھا کاری ئاسایین.[٥٩]

ھەندێک لە کارەکانی ماوەی ناوەڕاستی بێتھۆڤن ئەو زمانە مۆسیقییە ڕوونتر دێنێتە بەرچاو کە بێتھۆڤن لە مۆزارت و ھایدنەوە وەریگرتوون. کارەکانی ماوەی ناوەڕاست پێکھاتوون لە سیمفۆنیای سێیەم تا ھەشتەم، کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکان، ھەردوو سۆناتای پیانۆ واڵدستاین و ئەپاسیۆناتا، ئۆپێرای فیدیلیۆ، کنچێرتۆی کەمان و چەندەھا کاری ناسراوی تریش. لەم ماوەیەدا بێتھۆڤن بە بڵاوکردنەوەی کارەکانی، نمایشکردنیان و لەلایەن پشتگیرانەوە داھاتی دەست دەکەوت. ئەو چیتر کاری نەما لە شانۆی ئان دێر ڤین کاتێک کە بەڕێوەبەڕایەتی شانۆکە گۆڕا لە زووەکانی ١٨٠٤، ئەمەش بووە ھۆکاری ئەوەی کە نووسینەوەی ئۆپێرای فیدیلیۆ سەختتر بێت و دوا بکەوێت. ئەم کارە دووبارە دواخرایەوە لەلایەن سانسۆرشیپی نەمسی، تا ساڵی ١٨٠٥، لەو ساڵەدا کارەکە پەخشکرا بە ڕووی ماڵەکاندا، ھەرچەندە زۆربەشیان خاڵی بوون و کەسی لێ نەمابوو بەھۆی داگیرکردنی شارەکەوە لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە. لە پاڵ ئەوەی کە لە ڕووی داراییەوە شکستی ھێنا، ڕەخنەشی زۆر لێ گیرا. بێتھۆڤن دووبارە بیری لە گۆڕانکاری کردن کردەوە تێیدا.[٦٠]

لە ئایاری ساڵی ١٨٠٩دا، کاتێک ھێزەکانی ناپۆلیۆن ھێرشیان کردە سەر ڤیەننا و بۆمباردیان کرد، بێتھۆڤن زۆر خەمی بوو کە ئەوەی کە ماوەتەوە لە بیستنەکەی لە دەستی بچێت و خۆی شاردەوە لە ژێرزەمینی خانووی براکەی و گوێکانی بە سەرین داپۆشی. (وەک پێشووتر ئاماژەی پێدرا، بێتھۆڤن سەرەتا توانای لەدەستدانی فریکوێنسییە بەرزترەکانی نەما.)[٦١]

کارەکانی ماوەکانی ناوەڕاستی بێتھۆڤن وەک سەروەرێک دایمەزراند. لە ساڵی ١٨١٠دا، ھۆفمان بە یەکێک لە باشترین ئاوازدانەرەکانی دەمەی «ڕۆمانتیک» ناوی ھێنا. ھۆفمان بە سیمفۆنیای پێنجەمی بێتھۆڤن وت کە «یەکێک لە گەورەترین کارەکانی ئەو ماوەیەیە.»

کێشەی کەسی و خێزانی[دەستکاری]

ژیانی خۆشەویستی بێتھۆڤن تێکچووبوو بەھۆی کێشەی چینەوە. لە ساڵی ١٨٠١دا خانمەخانەدانێکی گەنجی ناسی بە ناوی جوڵی گیچاردی بەھۆی خێزانی برەنسڤیکەوە، لەو کاتەی کە وانەی پیانۆی بە جۆزفین برەنسڤیک دەوتەوە. بێتھۆڤن دان بە خۆشەویستییەکەیدا دەنێت بۆ ئەو لە تشرینی دووەمی ١٨٠١دا لە ڕێگەی پەیامێکەوە، بەڵام نەیتوانی ھاوسەرگیری لەگەڵ بکات بەھۆی جیاوازی چیبایەتییەوە. بێتھۆڤن یەکێک لە کارەکانی، سۆناتای ژمارە ١٤ی پێشکەش بەو کرد، کە ئێستا ناسراوە بە سۆناتای ڕووناکی مانگ و یەکێکە لە کارە بەناوبانگەکانی بێتھۆڤن.[٦٢]

پەیوەندییەکەی لەگەڵ جۆزفین برەنسڤیک قووڵتر و بەھێزتر بوو دوای ئەوەی کە ھاوسەرە خانەدانەکەی ئەم خانمە، یۆسێف دیم، لەناکاو مرد. بێتھۆڤن ١٥ نامەی خۆشەویستی قووڵی بۆ جۆزفین نووسیبوو لە دەورووبەری ١٨٠٤ بۆ ١٠/١٨٠٩. لە کاتێکدا کە جۆزفینیش ھەمان ھەستی ھەبووە بەرامبەر بە بێتھۆڤن، خێزانەکەی ناچاریان کرد کە واز لە بێتھۆڤن بھێنێت و لێیان دوورخستەوە لە ساڵی ١٨٠٧. جۆزفین وتی کە نەیتوانیوە کە ھاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی ئاسایی بکات لەبەر ئەوەی ئەو مافانەی منداڵە ئەرستۆکراتەکانی ھەیان بوو لێیان دەسەندرایەوە. دواتر جۆزفین لە ساڵی ١٨١٠ ھاوسەرگیری لەگەڵ بارۆن ڤۆن ستاکلبێرگ کرد، بێتھۆڤنیش لەم کاتەدا خەریکبوو ھاوسەرگیری لەگەڵ تێریز ماڵفاتی بکات،[٦٣][٦٤] بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەبەرئەوەی کێشەی چینایەتی دووبارە بووبە ڕێگر لەبەردەمی. زانایان پێیان وایە کە مۆسیقای فور ئیلیزی بێتھۆڤن پێشکەش کراوە بە تێریز ماڵفاتی.

ماسکی دەمووچاوی بێتھۆڤن کە لە ساڵی ١٨١٢دا دروست کراوە

لە بەھاری ١٨١١ بێتھۆڤن زۆر نەخۆش کەوت، تووشی سەرئێشەی بەردەوام و تای بەرز ھات. لەدوای گوێگرتن لە ڕێنماییەکی دکتۆرەکەی، ئەو بۆ ماوەی شەش ھەفتە ڕۆیشتە دەرەوە بۆ تێبلیز. زستانی بەدواداھاتوو، کە بەتەواوەتی بێتھۆڤنی سەرقاڵ کردبوو بە سیمفۆنیای حەوتەمەوە، ئەو دووبارە نەخۆشکەوتەوە و دکتۆرەکەی دووبارە ڕێنمایی کردەوە کە ھاوینی ١٨١٢ لە تێبلیز بەسەربەرێت. دڵنیا کراوەتەوە کە بێتھۆڤن لە تێبلیز بووە لەکاتی نووسینەوەی نامەی خۆشەویستی «نەمریی خۆشەویست»[٦٥] بەڵام ئەو کەسەی کە بۆی نووسراوە جێگەی پرسیارکردنە و، زاناکانی کە لە ژیانی بێتھۆڤن دەکۆڵنەوە پێیان وایە ئەم نامەیە نووسراوەتەوە بۆ یەکێک لە نێوان ئەم چەند کەسایەتییە: جوڵی گیچارد، تێریز ماڵفاتی، جۆزفین برەنسڤیک و ئەنتۆنی برێنتانۆ.

بێتھۆڤن سەردانی جۆھانی برای کرد لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی ١٨١٢، بە ھیوای ئەوەی کە وا لە براکەی بکات کە پەیوەندییەکەی کۆتایی بھێنێت لەگەڵ تێریز ئۆبرمەیەر، چوونکە ئەو منداڵێکی نایاسایی ھەبوو. ئەو نەیتوانی سەرکەوتووبێت لەم کارە و، بەھۆی ئەمەوە پەنای برد بۆ کەسایەتییە دینییەکان. دوای ئەوەی بێتھۆڤن ھیچی پێ نەکرا، جۆھان ھاوسەرگیری کرد لەگەڵ تێریز لە ٩ی تشرینی دووەم، ھەرچۆنێک بێت.[٦٥]

تابلۆی بێتھۆڤن لە ١٨١٤.

وادایارە کە لە زووەکانی ساڵی ١٨١٣ بێتھۆڤن لە ڕووی دەروونی و ھەستییەوە پەشۆکاوە و بە ماوەیەکی سەختدا تێپەڕیوە و ڕێژەی نووسینەوەکانی کەمتر بۆتەوە. ئەو کەمتر گوێی بە خۆی داوە لەم ماوەیەدا و شێوەی گۆڕاوە، پێش ئەو ماوەیە زۆر چالاکتر و پاکتر دیاربووە لە دەرەوەدا، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە ژەمی ئێوارانی لە دەرەوە خواردووە. بێتھۆڤن خێزانەکەی بەخێو دەکرد و خزمەتی براکەی دەکرد کە نەخۆش بوو، ئەمەش ببووە ھۆی ئەوەی وەک بێتھۆڤن خۆی بانگەشەی کردووە، بێ پارە و پوول بێت.

بێتھۆڤن دووبارە ھان دراوەتەوە کە دەست بکاتەوە بە ئاوازدانان و نووسینەوە لە حوزەیرانی ١٨١٣، کاتێک ھەواڵی شکاندنی یەکێک لە ھێزەکانی ناپۆلیۆن لە ئیسپانیا گەیشت. ئەم ھەواڵە وای لێکرد کە سیمفۆنیای شەڕ ناسراو بە بردنەوەی ویڵینگتن بنووسێتەوە. بۆ یەکەم جار لە ٨ی کانوونی یەکەم پەخش کرا لە پاڵ سیمفۆنیای حەوتەمی لە کۆنسێرتێکی خێرخوازی بۆ قوربانیانی شەڕەکە. کارەکە سەرکەوتوو بەناوبانگ بوو، لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە ئاسانترە بۆ تێگەیشتن لێی. لە چەند کۆنسێرتێکی تردا دووبارە پێشکەشکراوەتەوە لە کانوونی دووەم و شوباتی ١٨١٤. دووبارە بەرزبوونەوەی ناوبانگی بێتھۆڤن بووە ھۆکاری زۆربوونی خواست بۆ زیندووکردنەوەی ئۆپێرای فیدیلیۆ، بۆ جاری سێھەم ئەم کارە نوێکرایەوە و لە تەمووزی ئەو ساڵەدا پەخشکرا و ڕای باشی لەسەر ھەبوو. ئەو ھاوینە ئەو سۆناتایەکی پیانۆی نووسییەوە بۆ یەکەم جار لە پێنج ساڵدا، ئەم کارەیانی بە شێوازێکی ڕۆمانتیکیتر نووسراوەتەوە بەراورد بە کارەکانی پێشووی. ئەو یەکێک بوو لەو کۆمەڵە ئاوازدانەرانەی کە مۆسیقایان پێشکەش کرد بە چەندەھا سەری ویلایەتەکان لە کۆنگرەی ڤیەننا کە لە تشرینی دووەمی ١٨١٤ دەستی پێکرد.[٦٦]

گرفت و نەخۆشی[دەستکاری]

لە نێوان ساڵەکانی ١٨١٥–١٨١٧، دەرکەوتن و چالاکی بێتھۆڤن دووبارە کەم بۆوە. بێتھۆڤن ھۆکاری ئەمەی دایە پاڵ نەخۆشییەک کە ھەی بوو (ئەو ناوی دەبرد بە «تای ئاگراوی») بۆ ماوەی ساڵێک، ئەم نەخۆشییە لە تشرینی یەکەمی ١٨١٦دا تووشی بوو.[٦٧] ژیاننامەناسەکان ھۆکاری ئەم ناچالاکییە لەپڕەی بیتھۆڤنیان داوەتە پاڵ چەند شتێکی تریش، وەک ئەو گرفتانەی کە بۆی دروستببوو بەھۆی سانسۆرشیپی حکومەتی نەمساوە و، ئەو کێشانەی کە بۆ تەندروستی دروستببوون و، لەوانەشە مردنی براکەی، کارل، بەھۆی دەردەباریکەوە ڕۆڵێکی گێڕابێت.

بیتھۆڤن لە ١٨١٨

کارل بۆ ماوەیەک نەخۆش بوو، بێتھۆڤنیش کەمینەیەکی سامانەکەی لەوا خەرج کرد لە ١٨١٥. دوای ئەوەی کارل مرد لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٨١٥، بێتھۆڤن ڕووبەری و ھاوسەرەکەی، جۆھانا، بە یاسایی بووبە شەڕیان لەسەر منداڵە نۆ ساڵانەکەی، بێتھۆڤن دەیویست کە لای ئەو بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی کە بێتھۆڤن جۆھانای بە دایکێکی باش نەدەزانی بە ھۆی ڕەوشتە چەوتەکانییەوە (پێشووتر کوڕێکی نایاسایی لە پیاوێکی تر ھەبووە و تاوانبار کراوە بە دزی) و پێی وابوو لە ڕووی داراییەوە ئەو دایکێکی باش نابێت، بۆیە ھەوڵی دا کە بە یاسایی ببێت بە چاودێری منداڵەکە و لای خۆی بیھێڵێتەوە. بێتھۆڤن توانی بە سەرکەوتووانە مافی چاودێری کردنی برازاکەی بەدەست بھێنێت لە ١٨١٦، بەڵام کەیسەکە بە تەواوەتی دانەخرا تاکو ساڵی ١٨٢٠، لەم ماوەیەشدا بێتھۆڤن زوو زوو بانگ دەکرا بۆ دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لێی و زانینی تەندروستی منداڵەکە، کە بێتھۆڤن بۆ یەکەم جار لە قوتابخانەیەکی تایبەتی داینا.

بێتھۆڤن دەیویست کە برازاکەی، کە بە ناوی باوکییەوە، کارل، ناونرابوو، ژیانێکی ئاست بەرز بژی و بەرزترین ڕەوشتی ھەبێت. بەھۆی ئەمەوە بێتھۆڤن یاسای بە-زۆری دەسەپاند بەسەر کارلدا و زوو زوو دەچووە نێو ژیانییەوە. بەھۆی ئەمەشەوە کارل لە ٣١ی تەمووزی ١٨٢٦ ھەوڵی خۆ کوشتنی دا بە دەمانچە، لە ڕێگەی تەقەکردن لە سەری خۆی. ئەو سەرکەوتوو نەبوو لە ھەوڵەکەی، بەڵام بریندار بوو، دواتر برا بۆ ماڵی دایکی و لەوێ کارل چاک بۆوە. دوای چەکبوونەوەی، پەیوەندییەکەی ئەو و بێتھۆڤن ئاسایی بۆوە، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە بچێتە نێو سەربازییەوە و کۆتا جار بێتھۆڤنی لە کانوونی دووەمی ١٨٢٧ بینی.[٦٨]

کارە درەنگەکانی[دەستکاری]

بێتھۆڤن دەستی کرد بە نوێکردنەوەی مۆسیقا کۆنترەکان، وەک کارەکانی جۆرج فرێدریک ھاندڵ و یۆھان سباستیان باخ، دواتر بڵاودەکرانەوە. ئەو مۆسیقای دەستپێکی ئۆپێرای «پیرۆزکردنی خانووەکە»ی نووسییەوە، کە یەکەم کاری بوو ھاندرابێت لەلایەن ئەو جۆرە مۆسیقایەی کە ئەو کەسایەتیانە نووسیبوویان. شێوازێکی نوێی بێتھۆڤن دەرکەوت و ئەم دەمەی بێتھۆڤن پێی دەورترێت «شێوازی درەنگ.» ئەو گەڕایەوە بۆ سەر کیبۆردەکەی بۆ ئەوەی یەکەمین سۆناتای پیانۆ بنووسێتەوە لە ماوەی دەیەیەکدا، کە پێکھاتوون لە کۆتا پێنج سۆناتاکانی ژیانی، یەکێک لەوان پێکھاتبوو لە دایابێلی ڤارییەشن و کۆتا دوو سۆناتا بۆ چێلۆ و پیانۆ و سیمفۆنیای نۆیەم و میسا سۆلێمنیس، لەگەڵ کۆتا کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکان.

لە زووەکانی ١٨١٨دا تەندروستی بێتھۆڤن باشتر بوو، برازاکەشی دووبارە گەڕایە بۆلای لە کانوونی دووەمدا. لەکاتێکدا کە تەندروستی گشتی باشتر ببوو، بیستنی زۆر خراپتر ببوو گەیشتبوو بە حاڵەتێک کە گفتوگۆکردنیش لەگەڵ خەڵکیدا سەخت ببوو، لە ئەنجامیشدا بووە ھۆی ئەوەی کە بێتھۆڤن دەفتەری وتووێژ بەکاربھێنێت. چالاکییە مۆسیقییەکانی لە ١٨١٨دا ھێشتا تا ڕادەیەک کەمتر بوون، بەڵام ئەو ھەندێک کاری ھەیە لەم ساڵەدا بەھەرحاڵ، کە پێکھاتوون لە دوو نووسینی-سەرەتایی کە دواتر لەگەڵ سیمفۆنیای نۆیەمی گەورە لێکدران. ئەو لە ھەمان ساڵدا توانی شێفێکی بە توانا بدۆزێتەوە بۆ ئامادەکردنی خۆراک بۆ خۆی و خێزانەکە. لە ١٨١٩ ئەو دیسانەوە گەڕایەوە دادگا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری یاسایی دەربارەی برازاکەی. ئەو ھەروەھا بەردەوام بوو لە کارکردن لەسەر سیمفۆنیای نۆیەم و میسا سۆلێمنیس.[٦٩]

بۆ چەند ساڵێکی داھاتوو، بێتھۆڤن بەردەوام بوو لە پەرەپێدان و کارکردن لەسەر میسا سۆلێمنیس، چەند کورتە سۆناتایەکی پیانۆشی نووسیەوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو خواستانەی کە لەسەر کارەکەی ھەبوون و ھەروەھا بۆ دەستکەوتنی داھات و بووژانەوەش لە ڕووی داراییەوە ئەم کارەی ئەنجامدا. ئەو دووبارە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن نەخۆش کەوتەوە، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە تەواوکردنی میسا سۆلێمنیس دوابکەوێت و لە ساڵی ١٨٢٣دا تەواو ببێت، سێ ساڵ دوای ڕێکەوتە دیاریکراوەکەی. جۆھانی برای بێتھۆڤن دەستی کرد بە دەست-تێوەردان لە کارەکانی براکەی ھەر وەک کارل پێشووتر دەیکرد، ئەویش بە دۆزینەوە و دیاریکردنی کارە بڵاونەکراوەکانی پێشووی بێتھۆڤنەوە و پیشاندانیان بە بڵاوکەرەوەکان بۆ بڵاوکردنەوەیان. ئەو لەو کاتەشدا میسا سۆلێمنیسی پیشانی چەند بڵاوکەرەوەیەک دا تاکو داھاتی زیاتری ھەبێت لەکاتی بڵاوبوونەوەی.

دوو داواکاری کە لە بێتھۆڤن کران لە ساڵی ١٨٢٢ ئەوی لە ڕووی داراییەوە بووژاندەوە. کۆمەڵگەی فیلھارمۆنیکی لەندەن داواکاری پێشکەشکارییەکی سیمفۆنییان کرد، شا نیکۆلاس گۆلیتزنیش پەیمانی بە بێتھۆڤن دا کە بە نرخێکی باش سێ پێشکەشکاری کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکانی لێ بکڕێتەوە. وەرگرتنی یەکەم ئۆفریان بێتھۆڤنی بەشی ئەوە بووژاندەوە کە توانای تەواوکردنی سیمفۆنیای نۆیەمی ھەبێت، کە بۆ یەکەم جار پەخشکرا لە پاڵ میسا سۆلێمنیس لە ٧ی ئایاری ١٨٢٤دا. کارل چێرنی لەسەر سیمفۆنیاکەی بێتھۆڤن نووسی: «بە دڵنیاییەوە گیانێکی فرێش و جوان و گەنج ھەناسە دەدات. زۆرێک لە ھێز، داھێنان، جوانی کە ھەرگیز لە سەری ئەم پیاوە ڕەسەنەوە ھاتبێت.» بە پێچەوانەی زۆرینەی کۆنسێرتەکانی پێشووتری بێتھۆڤنەوە، ئەمیان پارەیەکی زۆری بۆ نەکرد، چوونکە ڕێژەی ئەو پارەیەی کە پێویستبوو بۆ ڕێکخستنی گەورەتر بوو.[٧٠] کۆنسێرتێکی دووەم کە لە ٢٤ی ئایاردا کرا، بەھۆی ئەوەی کە دەرھێنەرەکە پەیمانی پڕە پارەیەکی بە بێتھۆڤن دابوو لە پێناویدا، ھەژار بوو. برازاکەی ئاماژەی پێدابوو کە زۆر کەس ڕۆیشتبوونە دەرەوەی شار و کەسی واش لە کۆنسێرتەکەدا نەبووە. ئەمە کۆتا کۆنسێرتی بێتھۆڤن بوو.[٧١]

دواتر بێتھۆڤن دەستی کرد بە نووسینەوەی کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکان بۆ گۆلێتزن، ئەم ئاوازە ڕەخنەی تێکەڵاوی لێ گیرا. ئاوازدانەر لویس سپۆھر پێی وت «ھەڵەیەکی نەخوێندراوەی تۆقێنەری ناڕاستە» و ھەندێک ڕای پێچەوانەشی لەسەر ھەبوو. لە کۆتا کوارترێتەکانی، ئەوەی بێتھۆڤن زیاتر خۆی مەیلی لێی بوو کوارترێتی چواردەھەمە، کە لەسەر #C ماینەر نووسراوەتەوە.[٧٢] ئەو بە باشترین کاری تەنھایی خۆی وەسفی کرد. کۆتا ئاواتی ئاوازانەری نەمسایی فرانتس شووبێرت گوێ لێبوون لە کوارترێتی ١٣١ بوو، ئاواتەکەی ئەو ھێنرایە دی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٨٢٨، پێنج ڕۆژ پێش مردنی.

نەخۆشی و مردن[دەستکاری]

گۆڕەکەی بێتھۆڤن لە ڤیەننا

بێتھۆڤن لەسەر جێگەی مردنی مایەوە بۆ ئەو چەند مانگەی کە مابووی لەژیانیدا و، زۆری ھاوڕێکانیشی ھاتن بۆ سەردانکردنی لەو ماوەیەدا. ئەو لە ٢٦ی ئازاری ١٨٢٧ لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا لە کەش و ھەوایەکی ڕەشەبایی بروسکاویدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. دوای مردنی بێتھۆڤن جەستەی پشکنینی بۆ کرا و، دەرکەوت کە جگەریی زیانی پێگەیشتبوو،[٧٣] لەوانەشە ھۆکارەکەی بۆ خواردنەوەی کھوولی لە ڕادە بەدەر بگەڕێتەوە. پشکنینەکە ھەروەھا دەریخست کە دەمارەکانی بیستن و ھاوشێوەکانی پانتر ببوون.[٧٤]

پرسەکەی بێتھۆڤن لە ٢٩ی ئازاری ١٨٢٧دا ئەنجام درا و، نزیکەی ٢٠,٠٠٠ لە دانیشتوانی ڤیەننا ئامادەی پرسەکە بوون. فرانز شوبێرت یەکێک بوو لەو کەسانەی کە گڕەکەی ھەڵگرتبوو، ئەویش ساڵێک دواتر مرد و لە تەنیشت بێتھۆڤنەوە نێژرا. بێتھۆڤن لە گۆڕێکی تایبەتییە نێژرا لە باکووری-ڕۆژئاوای ڤیەننا لە گۆڕستانی واھرینگ. پاشماوەکانی دەرھێندرانەوە لە ساڵی ١٨٦٢ بۆ لێکۆڵینەوە، دواتر گوازرانەوە بۆ گۆڕاتانی ناوەندی ڤیەننا.[٧٣]

ھۆکاری مردنی بێتھۆڤن یەکلایی نەکراوەتەوە. سیرۆسیس، سفیلیس، ھاپێتاتێس ئەی، ژەھراویبوون، ساکۆدۆسس، و نەخۆشی ویپڵ ھەموو پێشبینی کراون کە ھۆکاری مردنەکەی بێتھۆڤن بووبێتن.[٧٥] پێش مردنی، ھاوڕێ و سەردانکەرانی پارچەی قژیان دەبڕی و ھەڵیان دەگرت، ھەندێک لەوانە بەکارھێندراون بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر بێتھۆڤن. ھەندێک لەم پشکنینانە گوومانێکی دروست کردووە کە گوایە بێتھۆڤن ژەھراوی بووە بەھۆی ئەو دەرمانانەی کە بەکاریھێناون لەژێر ڕێنمایی دکتۆرەکەی.[٧٦][٧٧][٧٨]

مۆسیقا[دەستکاری]

پەیکەرێکی بێتھۆڤن کە لەسەر ماسکی دەمووچاوەکەی دروستکراوەتەوە.

بێتھۆڤن بە یەکێک لە گەورەکانی مۆسیقای کلاسیک ناسراوە. ئەو بە یەکێک لە «سێ بییەکە» ناودەبرێت لە پاڵ باخ و برامز. ئەو ھەروەھا یەکێک بوو لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی نێوان دەمەی کلاسیزم (سەدەی ھەژدەھەم) و ڕۆمانتیزم (سەدەی نۆزدەھەم)[٢] و ئەو کاریگەری کردۆتە سەر چەندەھا ئاوازدانەرانی جیھان لە چەندین نەوەی جیاواز و تا ئێستاش ناوبانگەکەی خۆی ھێشتۆتەوە و میراتێکی لە دوای خۆی بەجێھێشتووە بۆ ژەنیاران و ئاوازدانەرانی دوای خۆی کە زۆربەیان ئێستاش دوای کەوتوون. مۆسیقاکەی ئەو دووجار لەسەر تۆمارە زێڕینەکەی ڤۆیگەر داندراوە کە نێردراوە بۆ ناو بۆشایی ئاسمان.[٧٩]

گشتیی[دەستکاری]

بێتھۆڤن لە چەند چەشنە مۆسیقایەکدا کاری ھەبووە بە بەکارھێنانی چەند کۆمەڵە ئامێرێکی جیا جیا. ئەو کارانەی کە لە بواری سیمفۆنیای ئۆرکێسترادا ئەنجامی داون پێکھاتوون لە نۆ سیمفۆنی (نۆیەم سیمفۆنی کۆرسێکی تێدایە) و نزیکەی ١٢ مۆسیقای ئاساییشی ھەیە. ئەو حەوت کنچێرتۆی ھەیە بۆ یەک سۆلۆژەن/ئۆرکێسترا یان زیاتر، ھەروەھا چوار پارچەی کورتتری ھەیە کە سۆلۆژەنی تێدایە لەپاڵ ئۆرکێسترا. تەنھا ئۆپێرای ئەو پێکھاتووە لە فیدیلیۆ، کاری زیاتری تر کە گۆرانیبێژان و ئۆرکێسترا لەخۆ دەگرن پێکھاتوون لە دوو ماس و چەند کارێکی کورتتر.

لەو پارچە زۆرە مۆسیقیانەی کە بۆ پیانۆی نووسیونەتەوە پێکھاتوون لە ٣٢ سۆناتای پیانۆ و چەند کارێکی گەورە-بەڵام-کورتتری تر. لە پاڵ سۆناتا و ئاوازی پیانۆکانی ئەو ١٠ سۆناتای کەمان و ٥ سۆناتای چێلۆ و یەک سۆناتای بۆ ھۆڕنی فەڕەنەسی ھەیە. بێتھۆڤن ھەروەھا چەند کارێکی مۆسیقای چامبەری ھەیە لە پاڵ ١٦ کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکان.

سێ دەمەکە[دەستکاری]

پیشەی مۆسیقیی بێتھۆڤن کراوە بە سێ بەشەوە: زوو، ناوەڕاست/ناوەند و درەنگ.[٢] ماوەی زووەکانی بەردەوام دەبێت تا ١٨٠٢، ماوەی ناوەڕاست/ناوەند لە ١٨٠٣ بۆ ١٨١٤ و ماوەی درەنگیش لە ١٨١٥وە دەست پێدەکات.

لە ماوەی زووەکانی، بێتھۆڤن بە بەھێزی کاریگەر بووە بە کارەکانی ھونەرمەندانی پێش خۆی، وەک مۆزارت و ھایدن. ئەو ھەروەھا چەندەھا بیرۆکەی مۆسیقیی نوێی ھەبووە و گەڕاوە بە ناو کاری نوێدا و بە درێژایی کات مەودا مۆسیقییەکەی فراوان کردووە. ھەندێک لە گرنگترین کارەکانی ماوەی زووەکانی بێتھۆڤن پێکھاتوون لە سیمفۆنی یەکەم و دووەم، شەش کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکانی، یەکەمین دوو کنچێرتۆی پیانۆکانی و ھەروەھا ١٢ لە سۆناتای پیانۆکانی، بە سۆناتای بەناوبانگیشەوە بە ناوی پێتەتیک.

ماوەی ناوەڕاست/ناوەندی (دلێریی) دەستی پێکرد بە کورتی دوای کێشە گەورەکانی کە بێتھۆڤن تووشیان بوو بەھۆی کەڕییەوە. لەم ماوەیەدا چەندەھا کاری مەزنی نووسیوە کە باس لە ئازار و دلێریی دەکات. کارەکانی ئەم ماوەیە پێکھاتوون لە شەش سیمفۆنی، کۆتا سێ کنچێرتۆی پیانۆکەی، کنچۆرتۆی-سیانیی و کنچێرتۆی کەمانەکەی، ٥ کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکان و چەند سۆناتایەکی پیانۆش (وەک ڕووناکی مانگ، وڵدستاین، و ئەپاسۆناتیا.)، تەنھا ئۆپێرای بێتھۆڤن بە ناوی فیدیلیۆ و سۆناتای کەمانەکەی بەناوی کریوتزەر.

ماوەی درەنگەکانی دەستی پێکرد لە ١٨١٥. کارەکانی ئەم دەمەی بە قووڵی، بەھێزی، ڕەسەنیی، و دەربڕینی خوود ناسراون. کارەکانی ئەم دەمە پێکھاتوون لە میسا سۆلێمنیس و کۆتا پێنج کوارترێتی ئامێرە تەلدارەکان، لەگەڵ کۆتا ٥ سۆناتای پیانۆکانی.[٢]

کەسایەتی[دەستکاری]

بێتھۆڤن لە ماڵەکەی خۆیدا

ژیانی تایبەتی بێتھۆڤن تێکدرابوو بەھۆی ئەو کەڕییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو، لەگەڵ ئەو ئازارە سەخت و بەردەوامەی کە لە ناوچەی زگی دروستببوو (کە دەستی پێ کرد کاتێک بێتھۆڤن تەمەنی لە ٢٠ەکاندا بوو) کە وای لێ کرد کە پلانی خۆکوشتن دابنێت، وەک لە وەسێتنامەی ھێڵینشتادا دەردەکەوێت. بێتھۆڤن وا دیاربووە کە کەسێک بووە کە بە خێرایی تووڕە بووە. پێشنیار دەکرێت کە ئەو نەخۆشی بایپۆلاری ھەبووە،[٨٠] نەخۆشێکی دەروونی کە لە پڕ بۆ ماوەیەک کەسێک تووشی خەمۆکی دەکات و لە پڕیش دڵخۆشیان دەکات. ئەو کۆمەڵێک ھاوڕێی نزیک و باشی ھەبووە تا کۆتایی تەمەنی بەھەرحاڵ، پێ دەچێت بەھێزیی کەسایەتی بێتھۆڤن سەرنجی ھەموو ئەوانی ڕاکێشابێت بەلای خۆیدا. لە نزیکی کۆتایی ژیانی، ھەموو ھاوڕێکانی یارمەتییان دەدا لە کردنی ئەو کارانەی کە نەیدەتوانی بیکات بەتەنھا بەھۆی نەخۆشییەکەوەی.[٢]

بێتھۆڤن کەسێک بووە کە ھەستی کردووە کە ئەو شایستەی دەسەڵات و ناوبانگی ناو کۆمەڵگە نەبووە. لەکاتی ژەنینی پیانۆدا لە کۆنسێرتەکانیدا ئەو سەرنجی جەماوەرەکەی دەدا و ئەگەر ئەوان لەناو خۆیاندا قسەیان بکردایە یان سەرنجیان لە ھونەرەکەی بێتھۆڤن نەدایە ئەو لە ژەنین دەوەستا. لەکاتی پێشکەشکاری ئێواراندا، ئەو بانگھێشتی نمایشکردنی ڕەت دەکردەوە ئەگەر لەپڕ بانگ بکرایە. کاتێک کە بێتھۆڤن بۆ پاشا کاری دەکرد وەک ژەنیار، دوای زۆرێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی، ئەرکەدووک ڕەدۆلف لە کۆتاییدا دانی پێدا نا کە یاسا ئاساییەکانی ئەوان لەگەڵ بێتھۆڤندا ناگونجێت.[٢]

بێتھۆڤن سەرسام بوو بە سەردەمی ڕووناکبیری. لە ساڵی ١٨٠٤دا کاتێک ھیوا و پلانەکانی ناپۆلیۆن دەرکەوتن، بێتھۆڤن پەڕەکانی کە نۆتەکانی سیمفۆنیای سێیەمی لەسەر نووسرابوو ھێنا و ئەمەندە بە بەھێزی ناوی بۆناپارتی، کە ناوی سیمفۆنیاکە بوو، لێ کردەوە کوونێکی کردە پەڕەکەوە. ئەو دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ (سیمفۆنیای دلێریی، نووسراوەتەوە بۆ ئاھەنگکردنی یادگاری پیاوێکی مەزن) و پێشکەشی کرد بە شا لۆبکۆویتز، سیمفۆنیاکەش بۆ یەکەم جار ھەر بۆ ئەو شایە نمایشکراوە. بە کورتی ھەر بە سیمفۆنیای ئیرۆیکا ناسراوە.

میرات[دەستکاری]

ماسکی مردنی بێتھۆڤن.

مۆنیومێنتی بێتھۆڤن دەرخرا و تەواوکرا لە بۆن، ئەڵمانیا لە ئابی ١٨٤٥، وەک شانازییەک لە بۆنەی ٧٥ھەمین ساڵەی. ئەمە یەکەم پەیکەری ئاوازدانەرێک بوو کە دروست کرابێت لە ئەڵمانیا. ئەو فێستیڤاڵی مۆسیقایەش کە ڕاستەوخۆ دوای نمایشکردنی پەیکەرەکە ھات ھەمان بوو کە لەکاتی بنیاتنان و تەواوکردنی بێتھۆڤنھاڵ ئەنجامدرا، ھۆڵێکی مۆسیقا کە بە ناوی بێتھۆڤنەوە ناونراوە. ھاڵەکە دیزاین کراوە و بنیاد نراوە لە کەمتر لە مانگێک. پەیکەرێکی مۆزارت لە سالزبێرگی نەمسا لە ساڵی ١٨٢٤ دروست کرا، ڤیەننا ھیچ پەیکەرێکی بۆ بێتھۆڤن دروست نەکرد تا ١٨٨٠.[٨١]

مۆزەخانەیەکیش ھەیە بە ناوی خانوو یان ماڵی بێتھۆڤن لە ناوەڕاستی بۆن، لەو شوێنەی بێتھۆڤنی لێ لەدایک بووە. لە ساڵی ١٨٤٥ەوە، بۆن فێستیڤاڵێک ئەنجام دەدەن بەناوی بێتھۆڤنفێست، سەرەتا بە شێوەیەکی ناڕێک ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بووە بە شێوەیەکی ساڵانە و ئێستا ڕێکخراوە.

سێیەم گەورەترین چاڵی سەر عەتاردیش بە ناوی بێتھۆڤنەوە ناونراوە. (١٨١٥ بێتھۆڤن). بێتھۆڤن ھەتاکو ئێستاش توانیوێتی ناوی خۆی بھێڵێتەوە و کاریگەری لەسەر چەندەھا ھونەرمەندی بەناوبانگی سەدەی ٢١ەکەمیش ھەبووە. ئەو یەکێکە لە ھەرە کاریگەرترین ژەنیارەکانی ٣ سەدەی ڕابردوو و، مۆسیقاکانیشی ھەتاکو ئێستا ماونەتەوە و لێدەدرێنەوە، لە قوتابخانە مۆسیقییە کلاسیکییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و دەخوێندرێن و فێر دەکرێن.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ بەشداربووانی ویکیپیدیا، ««Ludwig van Beethoven»»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٣٠ ئازار، ٢٠١٧.
  2. ^ a b c d e f کێرمان، جۆزێف; تایسن، ئالان; بەرنھام، سکات جی. "لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن". لە ئێڵ ڕووت، دینەوە. مۆسیقای گرۆڤ ئۆنڵاین. مۆسیقای ئۆکسفۆرد ئۆنلاین. پرێسی زانکۆی ئۆکسفۆرد.  (خۆتۆمارکردن پێویستە.)
  3. ^ a b c گرووڤ ئۆنڵاین، بەشی ١
  4. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٤٠٧.
  5. ^ سوافۆرد ٢٠١٥، پ. ١٢–١٧.
  6. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ٤٩.
  7. ^ ترۆن جەی ئۆ; کۆلکۆت، T.C., دەستکاریکەران (١٩٨٦). فەرھەنگی ژیاننامەییچابەرز. ئیدنبەرگ: دەبڵیو ئێند ئاڕ چامبەرز ئێڵ ئێڵ سی. p. ١١٤. ISBN 0-550-18022-2. 
  8. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ٥٣.
  9. ^ سۆلۆمن ٢٠٠٠, بەشی یەکەم.
  10. ^ a b ستانڵێی، پ. ٧
  11. ^ سوافرد ٢٠١٥، پ. ٢٢، ٣٢.
  12. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ٥٩.
  13. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ٦٧.
  14. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ٧١–٧٤.
  15. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٢٣.
  16. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٢٤.
  17. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٦.
  18. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ١٠٢.
  19. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ١٠٤.
  20. ^ تەێەر ١٩٢١، پ. ١٠٥–١٠٩.
  21. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ١٢٤.
  22. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ١٤٨.
  23. ^ a b کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٤٢.
  24. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٤٣.
  25. ^ گرووڤ ئۆنڵاین، بەشی ٣
  26. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٤٧،٥٤.
  27. ^ تەیەر ١٩٢١، پ. ١٦١.
  28. ^ a b c کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٥٣.
  29. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٤٦.
  30. ^ a b کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٥٩.
  31. ^ لۆکوود ٢٠٠٥، پ. ١٤٤.
  32. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٥٦.
  33. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٨٢.
  34. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٩٠.
  35. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٦٦.
  36. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٩٧.
  37. ^ نامەی خۆشەویستی بێتھۆڤن ببینە، ئازار/نیسان ١٨٠٥، نیسان, پ. ١٢–١٤، لەوێدا ئاماژەی پێداوە.
  38. ^ ستێبلین & ٢٠٠٩, p. ١٥٥، ن. ٤١
  39. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٨٠.
  40. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٩٨–١٠٣.
  41. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١١٢–١٢٧.
  42. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١١٢–١١٥.
  43. ^ سوافرد ٢٠١٥، پ. ٢٢٣–٢٤.
  44. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٠٨.
  45. ^ a b بێتھۆڤن: لەدەستدانی بیستن. بێتھۆڤن. وەرگیراوە لە ٢٦ی ئازاری ٢٠١٧.
  46. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٢٠.
  47. ^ "سیمفۆنی ژ. ٩ لە دی ماینەردا، ئۆ-پی. ١٢٥". ئینسایکلۆپەیدیا بریتانیکا. 
  48. ^ سۆلۆمن ٢٠٠٠.
  49. ^ ئیلای, جیۆرج تۆماس (بەھاری ١٩٩٤). "کەرەستەکانی گوێ لێبوونی بێتھۆڤن و زانیاری لەسەر بیستنی". مۆسیقای سەدەی ١٩ھەم ١٧ (٣): ٢٦٢–٧٣. JSTOR 746569. doi:10.1525/ncm.1994.17.3.02a00050. 
  50. ^ کلایڤ، پ. ٢٣٩
  51. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٧٨–٧٩.
  52. ^ دۆمەنیک پریڤۆت. "Beethoven's Pupils, ماڵپەڕی لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن. ترانس. ھانا ساڵتەر. وەرگیرایوە لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٤.
  53. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٩٥.
  54. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٣١.
  55. ^ "ماوەی دلێریی بێتھۆڤن", کاتە مۆسیقییەکان, سی ئێکس (١٩٦٩)، پ. ١٣٩–٤١
  56. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٤٨.
  57. ^ سۆلمۆن, مەینارد (١٩٩٠). داڕشتەکانی بێتھۆڤن. پرێسی زانکۆی ھارڤارد. p. ١٢٤. ISBN 978-0-674-06379-2. وەرگیراوە لە ٤ی ئابی ٢٠١١. 
  58. ^ ستەینبێرگ, مایکڵ P. (٢٠٠٦). گوێگرتن لە ھۆکار: کەلتور، سەبجێکتیڤیتی، و مۆسیقای سەدەی ١٩ھەم. پرێسی زانکۆی پرینستن. pp. ٥٩–٦٠. ISBN 978-0-691-12616-6. وەرگیراوە لە ٤ی ئاب ٢٠١١. 
  59. ^ بەرنھام, سکات G.; ستەینبێرگ, مایکڵ P. (٢٠٠٠). بێتھۆڤن و جیھانەکەی. زانکۆی پرینستن پرێس. pp. ٣٩–٤٠. ISBN 978-0-691-07073-5. وەرگیراوە لە ٤ی ئابی ٢٠١١. 
  60. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٥٠.
  61. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ١٨٥.
  62. ^ ستێبلین ٢٠٠٩.
  63. ^ لۆرێنز ٢٠١١.
  64. ^ ستێبلین ٢٠١٤.
  65. ^ a b براندنبێرگ ١٩٩٦، پ. ٥٨٢.
  66. ^ لۆکوود ٢٠٠٥، پ. ٢٧٨.
  67. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٢٥٤.
  68. ^ جان سەچێت. "کارل ڤان بێتھۆڤن (١٨٠٦–٥٨) برازاکەی بێتھۆڤن". کلاسیک ئێف ئێم. وەرگیراوە لە ١٢ی کانوونی دووەم، ٢٠١٦. 
  69. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٢٦٠.
  70. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٣١٧.
  71. ^ کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٣١٨.
  72. ^ مۆریس, ئیمەند (٢٠١٠). بێتھۆڤن: ئاوازدانەرە جیھانییەکە. ھارپەر کۆڵینس. p. ٢١٣. ISBN 978-0-06-075975-9. وەرگیراوە لە ٣ی ئابی ٢٠١١. 
  73. ^ a b کووپەر ٢٠٠٨، پ. ٣١٨، ٣٤٩.
  74. ^ ساکسێنتی, ئێدواردۆ; سمایڵد, ئەیج K; ساریس, ویم ئێچ ئێم (٢٠١١). "کەڕیی بێتھۆڤن و سێ شێوازەکەی". بی ئێم جەی ٣٤٣: d7589. PMID 22187391. doi:10.1136/bmj.d7589.  ھەروەھا ببینە: "کەڕیی بێتھۆڤن و سێ شێوازەکەی". بی ئێم جەی ٣٤٤: ٥١٢. ٢٠١٢. doi:10.1136/bmj.e512. 
  75. ^ مەی, ئێف ئێم (٢٠٠٦). "نەخۆشییەکەی بێتھۆڤن و مردنەکەی". جۆرناڵی ڕۆیاڵی کۆلێژی فیزیکزانانی ئیدینبەرگ ٣٦ (٣): ٢٥٨–٦٣. PMID 17214130. 
  76. ^ جان, جیۆرج (٢٨ی ئابی ٢٠٠٨). "پاتۆلۆجیست: دکتۆر بێتھۆڤنی کوشت". زە واشینتن پۆست. وەرگیراوە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨. 
  77. ^ ئیسینگەر, جۆزێف (٢٠٠٨). "زانیارییەکانی قژی بێتھۆڤن". کیمیازانی تۆکسیکی و ژینگەیی ٩٠: ١–٥. doi:10.1080/02772240701630588. 
  78. ^ لۆرێنز, مایکڵ (زستانی ٢٠٠٧). "لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکەی واوراچ: ژیاننامەکانی ئەندریاس واورەچ و جۆھان سیبێرت، وەڵامەکانی شایندلەر بۆ ڕاپۆرتەکەیان و تەندروستی بێتھۆڤن و خواردنەوەی ئەلکھوول". جۆرناڵی بێتھۆڤن (سان جۆز: سەنتەرە گەورەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە بێتھۆڤن) ٢٢ (٢): ٩٢–١٠٠. 
  79. ^ "مۆسیقای تۆماری زێڕین List". ناسا. وەرگیراوە لە ٢٦ی تەمووز، ٢٠١٢. 
  80. ^ دی جابڵۆ ھێرشمان; جوڵیان ڵیب (١٩٨٨). "کلیل بۆ زیرەکی: خەمۆکی شێتیی و ژیانی داھێنەریی". کتێبەکانی پرۆمیتییەس. 
  81. ^ ئەلێساندرا کۆمینی، گۆڕانی بێتھۆڤن: لێکۆڵینەوەیەک. پەرتووکەکانی گووگڵ. ٣٠ ئایار، ٢٠٠٨. ISBN 978-0-86534-661-1. وەرگیراوە لە ٢٠ی ئەیلوول، ٢٠١٢. 

سەرچاوە کتێبییەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکانی تر[دەستکاری]

  • تیۆدۆر ئالبرێخت، و ئێلین سڤێنشن، "زیاتر: بەڵگە بۆ ١٦ی&nbsp؛کانوونی یەکەم بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی بێتھۆڤن". ڕۆژنامەی بێتھۆڤن ٣ (١٩٨٨) ٤٩، ٦٠–٦٣.
  • برووس بۆھڵ، و ڕۆبێرت سابین. سایکلۆپیدیای جیھانی بۆ مۆسیقا و ژەنیاران. لەندەن: دێنت، ١٩٧٥. ISBN 0-460-04235-1.
  • پیتەر دەیڤس. کەسایەتی بلیمەتێک: تێڕوانین لە بێتھۆڤن. وێستپۆرت، کان.: پرێسی گرینوود، ٢٠٠٢. ISBN 0-313-31913-8.
  • پیتەر دەیڤس. بێتھۆڤن: کەڕییەکەی، نەخۆشییەکەی، و مردنی. وێستپۆرت، کان.: پرێسی گرینوود، ٢٠٠١. ISBN 0-313-31587-6.
  • تییا دینۆرا. "بێتھۆڤن و بەرھەمھێنانی بلیمەت: سیاسەتی مۆسیقیی لە ڤیەننا، ١٧٩٢–١٨٠٣". بێرکلێی، کالیفۆرنیا: پرێسی زانکۆی کالیفۆرنیا، ١٩٩٥. ISBN 0-520-21158-8.
  • کەرت دۆلفمولەر؛ نۆربێرت گێرچ؛ جووڵیا ڕۆنج (eds). لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن. کەتەلۆکی بیبیلیۆگرافیک. دەستکارییەکی پێداچووراوە و پەرەپێدراو. پێڕستی کارەکانی جۆرج کینسکی و ھانس ھاڵم. ڤۆلیوومی ٢. مینێک: ھێنل، ٢٠١٤. ISBN 978-3-87328-153-0.
  • مارتن گێک. بێتھۆڤن. وەرگێڕدراوە لەلایەن ئانتیا بێڵ. لەندەن: ھاوس، ٢٠٠٣. ISBN 1-904341-03-9 (ھ)، ISBN 1-904341-00-4 (پ).
  • ھاتن, ڕۆبێرت ئێس. (١٩٩٤). واتای مۆسیقیی لە بێتھۆڤندا. بلوومینگتن: پرێسی زانکۆی ئیندیانا. ISBN 0-253-32742-3. 
  • ئەلێکسییەس کۆرنێی. بێتھۆڤن لە مارتۆنسڤەسار. ڤێرلاگ، ١٩٦٠. ژمارەی OCLC: 27056305
  • کرۆپفینگەر، کلاز. بێتھۆڤن. خێرلاک بیغنغایتەر/مێتزڵەر، ٢٠٠١. ISBN 3-7618-1621-9.
  • مارتن، ڕەسڵ. قژی بێتھۆڤن. نیویۆرک: کتێبەکانی برۆدوەی، ٢٠٠٠. ISBN 978-0-7679-0350-9.
  • مێریدیت, ویلیام (٢٠٠٥). "مێژووی شکاوییەکانی کەللە سەری بێتھۆڤن". جۆرناڵی بێتھۆڤن ٢٠: ٣–٤٦. 
  • ئێدمەند مۆرێس. بێتھۆڤن: ئاوازدانەرە جیھانییەکە. نیویۆرک: کتێبەکانی ئاڵتاس / ھارپەر کۆڵێنس، ٢٠٠٥. ISBN 0-06-075974-7.
  • چارلز ڕۆسن. شێوازە کلاسیکییەکە: ھایدن، مۆزارت، بێتھۆڤن. درێژخایەن. نیویۆرک: دەبڵیو. دەبڵیو. نۆرتن، ١٩٩٨. ISBN 0-393-04020-8 (hc)؛ ISBN 0-393-31712-9 (پ).
  • ساخس, ھارڤێی (٢٠١٠). نۆیەم: بێتھۆڤن و جیھانی ١٨٢٤. لەندەن: فەیبەر. ISBN 978-0-571-22145-5. 
  • مەینارد سۆلمن. بێتھۆڤنی درەنگ: مۆسیقا، ھزر، داھێنان. بێرکلی: پرێسی زانکۆی کالیفۆرنیا، ٢٠٠٣. ISBN 0-520-23746-3.
  • سوڤڵیان، بێتھۆڤن: پێگەیشتنە دەروونییەکەی نیویۆرک: ئالفرێد ئەی نۆپف، ١٩٢٧.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]