عەلی کەمال

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەلى كەمال :(١٩٠٠-١٩٩٨) نووسەر و ئەفسەر و چالاكی سیاسی

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

عەلی کەمال

عەلی، ناسناوی کەمال و کوڕی عەبدوڕڕەحمان کوڕی حاجی قادر کوڕی وەھاب کوڕی قاسم ئاغایە، ڕۆژی ٢/١٠/١٩٠٠ لە گەڕەکی (دەرگەزێن)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە. دوای ڕوشدییەی عەسکەریی سلێمانی، ١٩١٤ لە ئەعدادیی عەسکەریی بەغدا وەرگیراوە و کۆتاییی ١٩١٦ بە پلەی یەکەم بڕیویە. پاشان مەکتەبی حەربییەی ئەستەمووڵی تەواوکردووە، لە ١٢/١٢/١٩١٨دا بووە بە مولازمی دووەم لە سوپای عوسمانیدا.[١][٢]

شەڕی ڕزگاری و بەرگریکردن لە ئەنادۆڵ[دەستکاری]

سەرەتا بووتە مامۆستا لە قوتابخانەی ئەفسەرە پچووکەکانی دەوری ئەستەمووڵ. ماوەیەکی کەمی پێش ئاگربەستی یەکەم جەنگی جیھانی، نێردراوە بۆ ئیزمیر. کە سوپای یۆنان ئایاری ١٩١٩ ئەو شارەی گرتووە، لەگەڵ مستەفا کەمال پاشا بەشداری شەڕی ڕزگاری و بەرگریکردن لە ئەنادۆڵ بووە. تشرینی یەکەمی ١٩٢٠ گوستراوەتەوە بۆ ئۆردووی دیاربەکر، لە فەوجی یەکەمی لیوای شەشەمی فیرقەی دووەم دانراوە.[١][٢]

پشتیوانیی بۆجووڵانەوەی کورد[دەستکاری]

ئاخر و ئۆخری ١٩٢٠ براوەتە بەرەی شەڕی ئورفە بۆ شەڕی فەرەنسەیییەکان. لەوێ، لەبەر پشتیوانیی جووڵانەوەی کورد، گیراوە و تا سێ مانگ لە بینایەکی کۆندا ھێڵراوەتەوە. فیرقەکەیان دواتر چووەتە ماردین. بۆیە بە ھەلی زانیوە ڕابکا و لە ١٢/٢/١٩٢٢ لە ڕێی شەنگالەوە بێتە دیوی عیراق.

ھێزەکانی جووڵانەوەی ڕەواندز[دەستکاری]

پێوەندیی بە وەزارەتی دیفاعەوە کردووە. ١/٤/١٩٢٢ کراوە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، دوای مانگێک یا زیاتر بە بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، کە سەرەتای حوزەیران لێی دەست بەکار بووە. کە ھێزەکانی جووڵانەوەی ڕەواندز دەربەندی ڕانیەیان گرتووە و پەلاماری کۆیەیان داوە، بە فەرمان کشاوەتەوە بۆ (گۆگیتە). دوای بیست ڕۆژ گەڕاوەتەوە. ١/٩/١٩٢٢ پلەکەی بۆ کراوەتە دووەم.[١][٢]

ناوبژیوانیی نێوان شێخ مەحموودی حەفید و ئینگلیزەکان[دەستکاری]

لەسەر ناوبژیوانیی نێوان شێخ مەحموودی حەفید و ئینگلیزەکان، بە لایەنگری شێخ دانراوە، دوورخراوەتەوە بۆ کەرکووک، لە ١٩٢٤یشدا بۆ دیوانییە کە سێ ساڵی لێ ماوەتەوە. ١/٦/١٩٢٦ پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ یەکەم لە موعاونییەتی پۆلیس.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

ھەمان ساڵ، کچی "مەحموود سنەوی"ی قایمقامی سەماوەی ھێناوە.[١][٢]

موعاونییەتی پۆلیسی کەرخ[دەستکاری]

پێش کۆتاییی ١٩٢٦، براوە بۆ لیوای دیالە، دوای دوو مانگ بۆ خانەقین، سەرەتای ١٩٢٨ بۆ لیوای کووت، دوای نۆ مانگ بۆ قەزای (الحی)، تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ بۆ موعاونییەتی پۆلیسی کەرخ لە بەغدا.[١][٢]

بەڕێوەبەری پۆلیسی دیالە[دەستکاری]

١/٤/١٩٣١ بووە بە بەڕێوەبەری پۆلیسی دیالە، تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە ھیی لیوای کەرکووک، ناوەندی ١٩٣٢ ھیی لیوای بەغدا و پاشان حللە، دوای مانگێک دیسانەوە ھیی کەرکووک.[١][٢]

مەجلیسی نیابی[دەستکاری]

دوایی دەستی کێشاوەتەوە، لە شەشەم خولی ھەڵبژاردندا بۆ مەجلیسی نیابی (٨/٨/١٩٣٥-٢٩/١١/١٩٣٦ ) بە نائیبێکی لیوای سلێمانی ھەڵبژێردراوە. ئەمجا کراوە بە بەڕێوەبەری پۆلیسی بیابان (بادیە) و قایمقامی قەزای (سوق الشیوخ).[١][٢]

ساڵی ١٩٤٧ خۆی بۆ مەجلیسی نیابی پاڵاوتووە، بەڵام لەبەر ھەڕەشەی حکوومەت و بەرگرتن لە خوێن ڕشتن، کشاوەتەوە. ساڵی ١٩٤٨ لە دوازدەھەمین خولی ئەو مەجلیسەدا (٢١/٦/١٩٤٨-٣٠/٦/١٩٤٩)، بە نائیبی سلێمانی ھەڵبژێردراوە و بووەتە ئەندامێکی حیزبی (الأتحاد الدستوري)ی نووری سەعید. ئەو دەمە دەوری سەرەکیی لە سەرنەگرتنی ھەڵوەشاندنەوەی یاسای زمانە ناوچەیییەکان (قانون اللغات المحلیە)دا ھەبووە، ھەوڵیشی داوە بودجەی تەرخانکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان زیاد بکرێ و کراوە.[١][٢]

  • لە خولەکانی سیازدەھەم (٢٤/١/١٩٥٣-٢٨/٤/١٩٥٤)
  • چواردەھەم (٩/٦/١٩٥٤-٣/٨/١٩٥٤)
  • پازدەھەم (١٦/٩/١٩٥٤-٢٧/٣/١٩٥٨) و شازدەھەم (١٠/٥/١٩٥٨-٩/٦/١٩٥٨)ی مەجلیسی نیابیدا، نائیبێکی ھەڵبژێردراوی لیوای سلێمانی بووە. دەستیی لەمەی دوایییان کێشایەوە.

زیندانی كردنی[دەستکاری]

٢/٢/١٩٦٢ نزیکەی شەشە مانگ زیندانی کراوە. ١٩٦٥ جارێکی دیکە بۆ ماوەی مانگێک یا زیاتر گیراوە. سەرەتای ساڵانی شەست، وتاری بۆ پاڵپشتی شۆڕشی کورد لە ڕۆژنامە عەرەبییەکانی لوبنان دا نووسیوە.[١][٢]

باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفا بارزانیی[دەستکاری]

یەکێکی ئەو کەسانە بووە کە ھەوڵی یەکخستنەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفا بارزانیی داوە.[١][٢]

گۆڤاری "گەلاوێژ"[دەستکاری]

پێشتریش لە ٢٦/١/١٩٤٢ بەدواوە ھەموو خەرجییەکی دەرکردنی گۆڤاری "گەلاوێژ"ی تاسەر کێشاوە.[١][٢]

کاری خێرەومەندانە[دەستکاری]

عەلی کەمال، ئەگەرچی موڵکدار و بازرگان بووە،[١][٢]

کاری خێرەومەندانەی زۆرن؛

كۆچی دوایی[دەستکاری]

کۆتاییی ژیانیی لە لەندەن بەسەربردووە. شەوی ٣١/٧/١٩٩٨ لەوێ کۆچی دواییی کردووە، تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە مزگەوتەکەی خۆیدا نێژراوە.[١][٢]

گەڕەکی (کەمالییە)ی بەغداد[دەستکاری]

عەلی کەمال لە ڕێی موڵکدارییەوە دەوڵەمەند بووە، گەڕەکی (کەمالییە)ی بەغدای ئاواکردووە.[١][٢]

نووسینەكانی[دەستکاری]

ئەم لەچاپدراوانەیشی ھەن:[١][٢]

  1. نقد وتحليل كتاب (الحركة القومية الكردية) لأدمون غريب، ١٦ لاپەڕەیە و ساڵ و جێی چاپی دیار نییە،
  2. مذكرات كمال عبدالرحمن، إعداد جمال بابان، مطبعة شركة الخنساء- بغداد، 2001.

ئەلبوومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8141-8143
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش سدیق ساڵح، بەیاننامەیەکی ھەڵبژاردنی عەلی کەمال بەگ، گۆڤاری "سلێمانی"، ژمارە ٢٧، تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢، ل٣٩-٤٣؛ کۆچی دوایی عەلی کەمال بەگ، ڕۆژنامەی "پەیام"، لەندەن، ژمارە ٩، خەرمانان (ئاب)ی ١٩٩٨.