غەززە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
غەززە
شار
شوێنی غەززە لە فەلەستیندا
شوێنی غەززە لە فەلەستیندا
وڵاتفەلەستین
ناوچەکەرتی غەززە
پارێزگاپارێزگای غەززە
ڕووبەر
 • سەرجەم١٢٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٤٩ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
١٥ مەتر (٤٩ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٤٤٩٢٢١
کۆدی تەلەفۆن٠٠٩٧٠٨
وێبگەشارەوانی غەززە

غەززە ئەکەوێتە کەرتی غەززەوە، بە گەورەترین شاری فەلەستین دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، و دووەم شاری گەورەیە لە ڕووبەردا، و بە چڕترین ناوچەی کۆبوونەوەی فەلەستینییەکان دادەنرێت، %٦٠ی دانیشتوانی کەرتی غەززە لەم شارەدان، ھەروەھا بە یەکێک لە گرنگترین شارەکانی فەلەستین دادەنرێت لەبەر ئەو گرنگییە ستراتیژی و بیناسازی و ئابووریەی ھەیەتی ھاوکات زۆرینەی بنکەکەی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینی تێدایە.

بە درێژایی مێژوو، غەزە شارێکی سەربەخۆ نەبووە، کەوتۆتە دەستی ھێزە بەریتانییەکان لە میانەی شەڕی جیھانی یەکەمدا، و بوو بە بەشێک لە ئینتیدابی بەریتانی لەسەر فەلەستین، و لە ئەنجامی شەری عەرەب و ئیسرائیلدا ساڵی ١٩٤٨، بەڕیوەبردنی غەززە کەوتە دەستی میسرەوە و چەند چاکسازییەکی لە شارەکەدا ئەنجامدا، ئیسرائیل کەرتی غەززەی داگیرکرد لە ساڵی ١٩٦٧، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣ شارەکە گەڕێنرایەوە بۆ دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستینی، و لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦، شەر کەوتەوە لە نێوان بزوتنەوەی فەتح و بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی (حەماس)، و وبزوتنەوەی فەتح ڕازی نەبوو دەسەڵاتی غەززە بگوازێتەوە بۆ حەماس، لەو کاتەوە غەززە کەوتە ژێر گەمارۆدانەوە لەلایەن ئیسرائیل و میسرەوە، بەڵام لە دوای شۆڕشی نوێی میسر، میسر ھەستا بە کردنەوەی ڕێگەی ڕەفەح وەک ئاسانکردنێک بۆ خەڵکی غەززە بەڵام بڕیارەکە ھیچی وای نەگۆڕی لە سەختی بارودۆخەکە.

مێژوو[دەستکاری]

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە ئەدەن کە نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە غەززەدا ھەبووە پێش ٣٠٠٠ ساڵ، بۆ یەکەم جار لە ھێڵکارییەکی فیرعەون تەحتەمسی سێیەم (سەدەی ١٥ی پێش زایین) ناوی غەززە ھاتووە [٢]، ھەروەھا ناوی غەززە لە ناو نامەکانی تل عمارنەدا ھاتووە، سێ سەد ساڵ دوای داگیرکردنی فیرعەون بۆ شارەکە ھۆزێکی فەلەستینی دابەزیوون بۆ شارەکە وناوچەکانی دەوروپشتی.

ساڵی ٦٣٥ز موسڵمانان فەتحیانکرد و بوو بە ناوەندێکی ئیسلامی گرنگ بەتایبەت لەبەرئەوەی بەناوبانگ بوو بە بوونی ئارامگەی باپیرەی دووەمی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) تیایدا، ھیشامی کوڕی عەبد مەناف لەبەرئەوە زۆرجار ناودەبرێت بە غەززەی ھاشم. ھەروەھا ئەم شارە شوێنی ھانە دنیای یەکێک لە چوار پێشەواکەی سوننەیە (ئیمام شافعی)، و خاچھەڵگرەکان دەستیان گرتووە بەسەر شارەکەدا لە ماوەی ھەڵمەتە خاچھەڵگرییەکان، بەڵام گەڕایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان دوای سەرکەوتنی سەلاحەددینی ئەیووبی بەسەریاندا لە شەری حەتیندا ساڵی ١١٨٧ز.

دووەم شاری گەورەیە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە لە دوای قودس و بارەگای کاتی دەسەلاتی نیشتیمانی فەلەستینە، دوای چەندین ساڵ لە داگیرکردنی ئیسرائیل شارەکە بێبەش بووە لە ناسنامە مێژووییەکەی، و ئێستا شارەکە دەستی کردووە بە گێڕانەوە ڕابردووەکەی، لێکۆڵینەوە میژوویی و دێرینەکان ئەیسەلمێنن کە غەززە لە کۆنترین شارەکانی جیھانە، لەبەر ئەو شوێنە جوگرافییە گرنگەی ھەیەتی ئەکەێتە نێوان ئاسیا و ئەفریقاوە و لە نیوان بیابان لە باشوورەوە و دەریای ناوەڕاست لە باکوورەوە، ھاوکات زەوییە بە پیتەکانی و شوێنە بازرگانییە دەوڵەمەندەکەی ھۆکارێکی تەواون بۆ ئەوەی بە درێژایی مێژوو لەلایەن چەندین ھێزەوە گیراوە.

خەلافەتی عوسمانی[دەستکاری]

چووە ژێر حوکمی دەوڵەتی عوسمانیەوە لە سەدەی شانزەدا و مایەوە لە ژێر حوکمیاندا تا ساڵی ١٩١٧، کاتێک ھێزە بەریتانییەکان دەستیان بەسەرداگرت لە ساڵی ١٩١٧ لە میانەی شەڕی جیھانی یەکەمدا، دوای سێ شەڕی گەورە کە ھەزاران قوربانی لە ھەردوولا کەوتەوە.

داگیرکردنی بەریتانی و ئیسرائیلی[دەستکاری]

بوو بە بەشێک لە فەلەستین لە ماوەی داگیرکردنی بەریتانییدا و خرایە سەر دەوڵەتی فەلەستینی بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین بۆ دوو دەوڵەتی عەرەبی و یەھوودی ساڵی ١٩٤٧، بەڵام میسر چووە شارەکەوە ساڵی ١٩٤٨و لە شوباتی ١٩٤٩دا ئاگربەست کەوتەوە لە نیوان میسر و ئیسرائیل و میسر ھەستا بە پاراستنی شارەکە لەبەرئەوە بوو بە شوێنگەی زۆر لە پەنادەرە فەلەستینییەکان کاتی دەرچوونیان لە شوێنی خۆیان.

موسڵمانان قورئان ئەخوێنن لە غەززە، وێنەکە کێشراوە لەلایەن هاری فین

لە ماوەی دوژمنکاری سییانی لەسەر میسر ساڵی ١٩٥٦ ئیسرائیل شارەکەی داگیرکرد و دەستی گرت بەسەر نیمچەدوورگەی سینای میسریدا، بەڵام فشاری جیھانی لەسەر ئیسرائیل ناچاری کشانەوەیان کرد، جارێکی تر داگیرکرایەوە لە شەڕی شەش ڕۆژییدا لە ١٩٦٧ دا، شارەکە مایەوە لە ژێر داگیرکاری ئیسرائیل تا ساڵی ١٩٩٤، دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستینی بەڕێوەبردنی شارەکەی گرتە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئۆسلۆ ساڵی ١٩٩٣، دوای ئەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل کردبوویان بە بنکە لە ماوەی داگیرکردنی غەززەدا لە ١٩٦٧ تا ١٩٩٤، لەگەڵ بوونی دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستینی شارەکە بە کردار لە ژێر دەستی ئیسرائیلدا بوو تا ساڵی ٢٠٠٦، کاتێک ئیسرائیل کشایەوە لە غەززە و دەستی کرد بە گەمارۆدانی لە ڕووی وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە.

شەڕی ناوخۆ و گەمارۆی ئیسرائیلی[دەستکاری]

دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی پەرلەمانی فەلەستینی بە دەستھێنا، کۆمەڵێک پێکدادان لە نێوان ئەندامانی ھەردوو بزوتنەوەی فەتح و حەماسدا ڕوویدا، لە ناوەندی حوزەیرانی ٢٠٠٧دا کێشەکە گەیشتە بەرزترین ئاستی و بزوتنەوەی حەماس بە تەواوی دەستی گرت بەسەر کەرتی غەززە و ھەموو دام و دەزگاکانیدا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ و سەرتای ٢٠٠٨دا ھێزەکانی ئیسرائیل ھەستان بە گەمارۆدانی کەرتی غەززە، و کارەبا و سووتەمەنییان لێ بڕی، و نەخۆشەکانیان بیبەشکرد لە چارەسەر، وڕێگەیان لە دەوڵەتە عەرەبییەکانی دەوروپشتی گرت تا سووتەمەنی پێ بگەیەنن، و تا ئێستا گەمارۆکە دانراوە لەسەر غەززە، و ژمارەیەکی زۆر فەلەستینییەکان کوژران لە ئەنجامی بوردومانەکانی ئیسرائیلدا.

ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان ھەوڵی شکاندنی ئەو گەمارۆیەیان داوە، بە ناردنی کەشتیگەلی یارمەتی لەگەڵ ژمارەیەک چالاکەواندا، و بە ھەڵگرتنی یارمەتی، بەڵام ئیسرائیل ڕێگەی لە گەیشتنی ئەو کەشتیانە گرت و لەو ھەوڵانەش کەشتیگەلی ئازادی بوو ساڵی ٢٠١٠ و کە ڕووبوڕووی ھێرشی سەربازی ئیسرائیلی بوویەوە. و لە دوای شۆڕشی نوێی میسر ڕێگەی ڕەفەح لە نێوان میسر و غەززەدا کرایەوە بەڵام ئەم بڕیارە ھیچ کاریگەرییکی وای نەبوو لەسەر بارودۆخی شارەکە.

جوگرافیا[دەستکاری]

کەناری دەریا لە شاری غەززە

ناوەڕاستی غەززە ئەکەوێتە سەر بەرزاییەک بە بەرزی ١٤ مەتر لە سەروو ئاستی دەریاوە[٣]، بەشێکی زۆری شارە نوێکە لە خوارووی بەرزاییەکەدا بنیاتنراوە، و دەوروبەری غەززە پێک دەھێنێت، بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژھەڵاتەوە، ھەر یەک لە کەنار و بەندەری غەززە ئەکەونە دووری ٣كم² لە ناوەندی شارەکەوە، و شاری غەززە ٧٨كم² دوورە لە یاشووری ڕۆژئاوای قودسەوە، و ٧١ كم² لە باشوور تەل ئەبیبەوە دوورە، و لە دووری ٣٠كم² لە باکووری شاری ڕەفەح، ناوچەکانی دەوروپشتی بەیت لاھیا و بەیت حانون و جیبالیا ئەگرێتەوە لە باکوورەوە، و گوندی ئەبوومەدین و خێوەتگەی بریج و شاری دەیر بلح ئەگرێتەوە لە باشوورەوە.

ڕووبەرەکەی سەر بە شارەوانییە ئەگاتە نزیکەی ٤٥کم[٤]، (لە ئینتیدابی بەریتانیدا، ناوچە شارستانییەکانی ئەگەیشتە نزیکەی ٧٩٦٠كم² و ناوچە گەندنشینیەکان ١٤٣٠٦٣كم² پێک دەھێنا[٥] و ڕووبەری ناوچە پاراوەکان ٢٤٠٤٠كم² بوو و ناوچەی کێڵگە گەنمییەکان ڕووبەرەکەی ئەگەیشتە ١١٧٨٩٩کم/٢[٦]).

خەڵکی غەززە پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ خواردنەوە و بەکارھێنانی کشتوکاڵی و ناوماڵ، دۆڵی غەززە بە نزیکترین ڕووباری بچوکی ئاوی دادەنرێت لە باشوورەوە، کە بڕێکی کەم ئاو لە خۆ دەگرێت لە زستاندا و لە ھاویندا ووشک ئەبێت، زۆربەی درێژبوونە ئاوییەکانی ئەگوێزرێتەوە بۆ ئیسڕائیل[٧]، ئاوەکانی ژێر زەوی بە درێژایی کەنارەکانی کەرتی غەززە خەزێنەی سەرەکی ئاوە لە کەرتی غەززەدا، و زۆربەی لە بەردە لمینییەکانی سەردەمی سەھۆڵبەندان پێک ھاتووە.

شاری غەززە ئەکەوێتە سەر ھێڵی درێژی ٣٤ و ھێڵی پانی ٣١.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

غەززە بە کەش وھەواییەکی مام ناوەند و زستانێکی ھاوسەنگی ووشک جیادەکرێتەوە، ھاوین گەرمە[٣] و وەرزی بەھار لە مانگی ئازا و نیساندا دەست پێدەکان، مانگە زۆر گەرمەکانی مانگی تەمموز و ئابن، و مانگی کانوونی دووەم بە ساردترین مانگ دادەنرێت، بارانەکەی کەمە و لە نێوان مانگی تشرینی دووەم و ئازاردا ئەبارێت، ناوەندی باران بارینی ساڵانەی ئەگاتە ١١٦ملم[٨]، و با ھەڵدەکات بەسەر شارەکەدا لە باشووری ڕۆژئاواوە و بەرزترین تێکڕای خێراییەکەی لە زستاندا ئەگاتە ٦٠کم لە کاتژمێرێکدا.

دانیشتوان[دەستکاری]

ساڵ ژمارەی دانیشتوان
١٥٩٦ ٦,٠٠٠[٩]
١٨٣٨ ١٥,٠٠٠-١٦,٠٠٠[١٠]
١٨٨٢ ١٦,٠٠٠[١١]
١٨٩٧ ٣٦,٠٠٠[١١]
١٩٠٦ ٤٠,٠٠٠[١١]
١٩١٤ ٤٢,٠٠٠[١٢]
١٩٢٢ ١٧,٤٢٦[١٣]
١٩٤٥ ٣٢,٢٥٠[٥]
١٩٨٢ ١٠٠,٢٧٢[١٤]
١٩٩٧ ٣٠٦,١١٣[١٥]
٢٠٠٤ (خەمڵێنراو) ٣٤٢,٢٤٧[١٦]
٢٠٠٦ (خەمڵێنراو) ٣٩٥,٦٨٠[١٧]
٢٠٠٩ ٤٤٩,٢٢١[١٨]

بەپێی ئامارە عوسمانییەکان لە ساڵی ١٥٥٧دا ژمارەی پیاوەکان گەیشتۆتە ٢٤٧٧[١٩]، و بەپێی ئامارەکانی ١٥٩٦ ژمارەی موسڵمانەکان بەم شێوەیە بووە، (٤٥٦ خێزان، ١١٥ سەڵت، ٥٩ کەسایەتی ئایینی، ١٩ کەمئەندام) ھاوکات ١١٩ سەربازی عوسمانی لێبووە، و مەسیحییەکان ژمارەی خێزانەکانیان ٢٩٤ بووە لەگەڵ حەوت بێ خێزان، و ژمارەی خێزانە یەھوودییەکان ٧٣ خێزان و ٨ خێزانیش سامری بوون، کۆی ھەمووی ٦٠٠٠ کەس بووە و لە پلەی سێیەمدا بووە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانە لە فەلەستینی عوسمانیدا لە دوای قودس و سەفەد.[٩]

ساڵی ١٨٣٨، ژمارەی موسڵمانان ٤٠٠٠کەس بووە و مەسیحیەکان ١٠٠ کەس بوون و باجیان داوە لە بەرامبەر پاراستنی ژیانیان، و پێش شەڕی جیھانی یەکەم ژمارەی دانیشتوانی غەززە گەیشتۆتە ٤٢٠٠٠ کەس، بەڵام بە ھۆی شەڕەکەوە ژمارەی دانیشتوانی دابەزی.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ١٩٩٧ ژمارەی دانیشتووانی غەززە لەگەڵ خێوەتگەی کەناریدا گەیشتۆتە ٣٥٣١١٥ کەس، و جیادەکرێتەوە بە زۆری گەنجان بە ڕێژەی %٦٠،٨.

ئایین[دەستکاری]

زۆربەی دانیشتووانی غەززە لەسەر ئاینی ئیسلامی سوننەن[٢٠]، و کاتێک غەززە سەر بە دەوڵەتی فاتیمی بوو شیعە دەستیان گرتبوو بەسەریدا، بەڵام دوای ئەوەی سەرکردە سەلاحەددینی ئەییووبی گێڕایەوە پەیڕەوی سوننە گەڕایەوە بۆی.

ژمارەیەکی کەم کەماییەتی مەسیحی لە شارەکەدایە نزیکەی ٣٥٠٠ کەس لە شارەکەدا ئەژین، و زۆربەی مەسیحییەکان لە ناوچەی حەی زەیتون ئەژین. و کۆمەڵگەی یەھوودی لە نزیکەی پێش ٣٠٠٠ ساڵەوە لە شارەکەدا ھەن، لە ساڵی ١٤٨١ نزیکەی ٦٠ خێزانی یەھوودی ھەبوون، زۆربەیان غەززەیان بە جێ ھێشت دوای شۆڕشی فەلەستینی ١٩٢٩، و لە غەززەدا ٨٠ یەھوودی ھەبوو لە ساڵی ١٩٤٥، و زۆربەیان شارەکەیان بە جێ ھێشت لە دولی شەڕی ساڵی ١٩٤٨، بە ھۆی نەبوونی متمانە لە نێوانیان لەگەڵ عەرەبدا.[٢١]

غەززەی چەند بینایەکی کۆنی پەرستشی تێدایە وەک مزگەوتی عومەری و مزگەوتی سەید ھیشام کە مەزاری باپیری دووەمی پێغەمبەر محەمدی تێدایە.

گەڕەک و خێوەتگەکانی غەززە[دەستکاری]

غەززە لە چەن گەڕکێک پێک ھاتووە کە ئەمە ناوەکانیان؛ گەڕەکی شوجاعیە، توفاح، ڕیمال، نەسڕ، زەیتوون، دەرج، سەبڕە شێخ ڕەزوان و تەل لھەوا.

ھەروەھا چەندین خێوەتگە یان کامپی لە خۆگرتووە کە ئەمانەن؛ خێوەتگەی جیبالیا، شاگی، نەسیرات، دەیر بلح، بریج، مغازی، خان یوونس و ڕەفەح.

ئابووری[دەستکاری]

شارەکە تا ئێستا گرنگی ھەیە لە شوێنە ستراتیژییەکەیدا کە ئەکەوێتە نێوان ھەردوو قاڕەی ئاسیا و ئەفریقا و ئەکەوێتە سەر کەناری دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش وایلێکردووە بەندرێکی گرنگ بێت بۆ بازرگانی و ڕاوەماسی، بەڵام بارگرانی گواستنەوەی شتومەکەکان لە ڕێگەی ئیسرائیل و نەبوونی ئاسانکاری گواستنەوە لەگەڵ میسردا وایکردووە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر کەم بێت، گەشەی ئابووری غەززە %٨ بوو لە ساڵی ٢٠١٠ و %٥.٤ بوو لە ٢٠٠٩دا ئەمەش بە ھۆی چالاکی ئابووری کە بە شێوەیەکی گەورە پاڵپشتی ئەکرێت بە ھۆی کۆمەک و یارەمەتیدانە دەرەکییەکان، کە ھۆکاری سەرکەی ئەو گەشەکردنەیە.[٢٢]

دراوی جیاواز بەکار دێت لەوانە؛ دیناری ئوردنی، دۆلاری ئەمریکی و شیکلی ئیسرائیلی.

تێکرای بەرھەمی ناوخۆیی تاک ئەگاتە ١،٧٦٣ دۆلاری ئەمریکی (بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٩٧).

  • لە پیشەسازییدا بە گشتی غەززە بە گوشراوی زەیتوون و سابوون بەناو بانگە، ھەروەا دروستکردنی گۆزەی گڵین و چنین و رستن و کەڵوپەلی دروستکراو لە خەیزەران و پیشەسازی شوشەی ڕەنگاوڕەنگ.
  • لە گەشت وگوزرادا، بە شێوەیەکی گشتی پشت ئەبەستێت بە کەنارەکانی کە جیادەکرێتەوە بە لمە ئاڵتونییە بریقەدارەکەی، ھەروەھا پشت ئەبەستێت بە بوونی ناوچە مێژووییە گرنگەکان ھەروەھا کەش و ھەوا ھاوسەنگ و ناوەندەکەی ھانی خەڵک ئەدات سەردانی بکەن.
وێنەیەکی کێشراوی غەززە لەلایەن داڤید ڕۆبێرت، ١٨٣٩

لە گرنگترین شوێنەوارەکانی؛ مزگەوتی سەید ھاشمە، کە مەزاری باپیری پێغەمبەر محەمەدی تێدایە و لەسەر دەستی مەمالیکەکان دروستکرا و سوڵتان عەبدول حەمیدی عوسمانی ھەستا بە نوێکردنەوەی ساڵی ١٨٥٠ز، ھەروەھا مزگەوتی ئیبن مەڕوان و مزگەوتی عومەری گەورە و مزگەوتی کاتب الولایە و قەڵای ڕەزوان و کەنیسەی ڕۆم ئەرسەدۆکس لە ناوچە ئاسەوارییە گرنگەکانی ترن.

ڕۆشنبیری[دەستکاری]

بەپێی ئاماری ١٩٩٧ فەلەستینی زیاتر %٩٠ی دانیشتووانی غەززە لەسەرووتەمەنی ١٠ ساڵیەوە خوێندەوارییان ھەیە، و لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە غەززەدا ٢١٠ خوێندنگە ھەبووە، و ژمارەیەک زانکۆی تێدایە لەوانە زانکۆی ئیسلامی – غەززە کە لەلایەن شێخ ئەحمەد یاسینەوە دروستکرا لە ساڵی ١٩٧٨، و زانکۆی ئەزھەر – غەززە و زانکۆی ئەقسا – غەززە و زانکۆی فەلەستین و زانکۆی ئومە و زانکۆی قودس.

و کتێبخانەی گشتی کەرتی غەززە نزیکەی ١٠٠٠٠ کتێبی ئینگلیزی و عەرەبی و فەڕەنسی لە خۆگرتووە، و ڕووبەرەکەی ئەگاتە ١٤١٠کم، و لە ساڵی ١٩٩٩دا کرایەوە، ھەروەھا چەندین ناوەندی پەروەردەی و پیشەیی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەن.

ھاوکات چەندین یانەی وەرزشی ھەیە لە غەززەدا و یاریگای فەلەستین نزیکەی ١٠٠٠٠ کەس دەگرێت، بەڵام لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا زەرەرێکی گەورەی لێکەوتووە.

خواردنی سەرەکی زۆربەی دانیشتوانی غەززە ماسییە، و ئیشی سەرەکی لە غەززەدا ڕاوەماسییە و چاکدەکرێت بە برژاوی و سورەوکراوی، ھەروەھا کاریگەریی چێشتخانەی میسری کاریگەری ھەیە لەسەر خواردنی خەلکی غەززە.

ڕەنجکێشانی شارەکە[دەستکاری]

شارەکە ئازار دەچێژێت بە دەست دەسەڵاتی ئیسڕائیلەوە کە رووبەڕووی چەندین بۆردومانی ھەڕەمەکی و گرتن بۆتەوە، و گەمارۆی تەواوی شارەکەی داوە، و نایەڵێت نە بەندەرە دەریاییەکان بەکاربھێنن و نە فڕۆکەخانە و نە ڕێگە وشکانییەکان.

گەمارۆدان[دەستکاری]

دەسەڵاتی ئیسرائیلی ھەستاوە بە گەمارۆدانی کەرتی غەززە بەمەش شاری غەززە لە ژێر گەمارۆدایە و ڕێگەی گرتووە لەوەی کەلوپەلی بینا و سووتەمەنییەکان و پێداویستییەکانیان پێ بگات بە ھەموو جۆرێک، کە ئمەش گورزێکی کوشندەی داوە لە ئابووری غەززە، و لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە تەواوی لە کەرتی غەززەی دا، و ئیسرائیل ئەڵێت بزوتنەوەی حمماس ھەڕەشە لە ئاسایشی ئەکات، بەڵام خەڵکی غەززە لە بەرامبەر ئەمەدا تونێلیان لێداوە لە سنووری خاکەکانی میسرەوە و ئەمەش یارمەتی ئەوەی داوە کە پێویستییەکانیان پێ بگات، و ساڵێک دوای ھێرشەکانی ئیسرائیل ڕێکەوتنێک بەسترا کە بوو بە ھۆی ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە، و کردنەوەی ڕێڕەوی غەززە ڕێگەی دا بە ھاتوچۆی خەڵک بۆ دەرەوە و ناوەوە. ھەروەھا شارەکە گیرۆدەی پچڕانی تەزووی کارەبایە بە بیانووی نەبوونی سوتەمەنی.

کوشتارگەی غەززە[دەستکاری]

کوشتارگەی غەززە یان سووتانی غەززە کردارێکی ئیسرائیلی بوو بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شوباتی ٢٠٠٨دا بە بانگەشەی گرتنی ئەندامانی حەماس، و ئەم ناوی لێنرا دوای ئەوەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئیھود باراک کردارەکەی ئیسرائیلی بە ئیبادەکردنی ڕەگەزی یان سوتاندنی فەلەستینییەکان ناوبرد لەسەر کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی بە دەستی حەماس، لە ئەنجامی ئەمەشدا ١١٦ فەلەستینی کوژران کە ٢٦ مناڵیان لە نێودابوو.

جارێکی تر لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٠٨دا ئیسرائیل ھیرشی بردەوە سەر غەززە، ھەتا بیست ڕۆژ قوربانیەکانی ئەم ھەلمەتە گەیشتە ١٣٠٠ کەس کە زۆربەیان ژن و مناڵ بوون، و نزیکەی ٥٣٠٠ برینداری لێکەوتەوە.

ئەم ماوەیەش گەورەترین ڕاپەڕینی جیھانی لێکەوتەوە دژی ئەو کوشتارگەیە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن وێنە ئازاراوییەکانی شارەکەیان بڵاوئەکردەوە، سەدان ھەزار کەس لە نەتەوە جیاوازەکان ئەھاتنە سەر شەقامەکان و داوای وەستاندنی ھێرشەکانی ئیسرائیلیان ئەکرد، و غەززە بەمە بوو بە شارێکی جیھانی و ھێمای گەورەی فەلەستینی، و زۆربەی ھونەرمەندە جیھانیی و عەرەبەکان ھەستان بە پاڵپشتیکردنی خەڵکی غەززە و دڵدانەوەیان لەو کارەساتە، لەوانە گۆرانیبێژی ئەمریکی مایکل ھارت بوو کە گۆرانی بۆ غەززە ووت.

دیواری پۆڵایین[دەستکاری]

لە ئەیلوولی ٢٠٠٩ میسر ڕایگەیاند کە دیوارێکی پۆڵایین دروست دەکات لە نێوان ڕەفەح و کەرتی غەززەدا بە قوڵی ٣٠م و درێژی ١٠کم، بۆ ئەوەی ڕێگەی لە ڕۆیشتنی فەلەستینییەکان و بردنی چەک بگرێت، ھەروەھا نەیەڵێت ھیچ جۆرە شتومەکێکی میسری بگاتە زەوییە داگیرکراوەکان، مەبەست لەم دیوارەش دەستگرتن بوو بەسەر ئەو تونێلانەی کە غەززەی ئەگایاند بە میسر کە تاکە سەرچاوە بوون بۆ دابینکردنی پێداویستی فەلەستینییەکان، و لە میسردا دەعوایەکی یاسایی بەرزکراوەتەوە لە دژی ئەم دیوارە.

شارە هاوشێوەکان[دەستکاری]

غەززە هاوشێوەیە لەگەڵ؛

ژێدەرەکان[دەستکاری]

  1. ^ دەزگای ناوەندی ئاماری فەلەستینی 2009
  2. ^ مێژووی غەززە
  3. ^ ئ ا [١]
  4. ^ شاری غەززە
  5. ^ ئ ا Hadawi, ١٩٧٠, p.٤٥.
  6. ^ Hadawi, ١٩٧٠, p.٨٦.
  7. ^ Lipchin, ٢٠٠٧, p.١٠٩
  8. ^ کەش و ھەوای غەززە[بەستەری مردوو]
  9. ^ ئ ا Hütteroth and Abdulfattah, ١٩٧٧, p.٥٢
  10. ^ Robinson, ١٨٤١, p.٣٩.
  11. ^ ئ ا ب Meyer, ١٩٠٧, p.١٠٨.
  12. ^ IIPA, ١٩٦٦, p. ٤٤.
  13. ^ cite web |url=http://www.palestineremembered.com/GeoPoints/Gaza_٥٢٦/index.html[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی] |title=Welcome to Gaza City: Town Statistics and Facts |accessdate=٢٠٠٩-٠١-١٩ |work=Palestine Remembered |publisher=British Mandate survey in ١٩٢٢}}
  14. ^ Census by Israel Central Bureau of Statistics
  15. ^ ئاماری فەلەستینی[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  16. ^ ئاماری فەلەستینی ٢٠٠٤-٢٠٠٦[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  17. ^ ائاماری فەلەستینی[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  18. ^ ژمارەی دانیشتوانی غەززە ٢٠٠٩[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  19. ^ Cohen and Lewis, ١٩٧٨.
  20. ^ Dumper and Abu-Lughod, ٢٠٠٧, p.١٥٥.
  21. ^ مێژووی نیشتەجێگەی ئیسرائیل لە غەززە
  22. ^ [٢][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  23. ^ "La Communauté Urbaine de Dunkerque a signé des accords de coopération avec:"
  24. ^ "تێل ئاڤیڤ بڕیاریدا گرێبەستی شاری دوانە لەگەڵ غەززە بمێنێتەوە"
  25. ^ "شارە دوانەکان" ٥ی ئابی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  26. ^ [٣] ٢٦ی ئازاری ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  27. ^ "Vennskapsbyer" ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  28. ^ "Cidades Geminadas" ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  29. ^ "Barcelona internacional – Ciutats agermanades" ١٦ی شوباتی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  30. ^ "Cáceres prepara su hermanamiento con la palestina Gaza" ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]