مستەفا ساڵح کەریم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مستەفا ساڵح کەریم

مستەفا ساڵح کەریم :(١٩٣٣) چالاكی سیاسی ، نووسەر ، وەرگێڕ ، ڕؤژنامەنووس ، لە نەتەوەی كورد بووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

ڕۆژی ٦/٩/١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە قۆناغی خۆیندنی سانەوییەوە چووەتە ڕیزی حیزبی شیوعیی عیراقەوە. تشرینی دووەمی ١٩٤٨ لە بەشی زانستیی پۆلی چوارەمی ئامادەیی لەسەر چالاکیی سیاسی بۆ ماوەی ساڵێک لە خوێندن دەرکراوە. ١٩٤٩ بۆ یەکەم جار چیرۆکێکی تۆڵستۆیی لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی و لە "گەلاوێژ"دا بڵاوبووەتەوە. دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە، بەپێی بڕیاری (تەحقیقات- ئەمن) لە ئامادەیی وەرنەگیراوەتەوە، لەبەر ئەوە چووەتە خانەی مامۆستایان لە بەغدا، کە ئەوسا تاقە خانە بووە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایان. ١٩٥١، لە ئەندامی دان پێدانانی ھاوڕێیەکیەوە، لە لایەن تەحقیقاتی جینائییەوە لە بەغدا گیراوە. ٤/٦/١٩٥١ لە دادگای بەغدا پاش موحاکەمە بەردراوە بە کەفالەتی کەسی زامن، یا بەندکردن بۆ ماوەی ساڵێک.[١][٢]

مامۆستایەتی[دەستکاری]

دوای تەواوکردنی خوێندن، بەپێی بەرزیی نمرەکانی، پاڵێوراو بووە بۆ چوونە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی بەرز، بەڵام تەحقیقاتی جینائی کە لەوەودوا ناونرا (ئەمن)، ڕێی پێ نەداوە. ماوەی ٣٢ ساڵ مامۆستا و بەڕێوبەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەییی بواری پەروەردە بووە لە قەڵادزێ، سێوسێنان، دارۆخان، چوارتا، سلێمانی، فەللوجە و ڕومادی. ساڵی ١٩٧٣ لە کۆرسی سەرپەرشتیارانی پەروەردەی زانکۆی موستەنسەرییەدا بە سێیەمی عیراق دەرچووە. لە ژیانی مامۆستایەتیدا چەندین جار تووشی دوورخستنەوە بووە، چ لەناو پارێزگای سلێمانی دا و چ بۆ دەرەوەی، دواجاریان ساڵی ١٩٧٥ بووە بۆ ڕومادی دوورخراوەتەوە و سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە.[١][٢]

زیندانی كردنی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٦٣ دوای کودەتای بەعس گیراوە و ساڵ ونیوێک لە بەندیخانەی سلێمانی و گرتووخانەی گشتیی بەغدا و گرتووخانەکانی (خلف السدّة) و سەرای بەغدا و کەرکووک و زیندانی عەسکەریی کەرکووک ڕاگیرکراوە. پاشان دوای ڕووخانی بەعس ئەم جارەیش ھەر بە کەفالەتی کەسی زامن یا بە ساڵێک زیندان بەربووە. ١٩٨٤ لەسەر قسەکردنی لە چەند کۆڕێکی ئەدەبی و پەروەردەییدا، لە وەزیفە دوورخراوەتەوە، بەدەر لە ویستی خۆی خانەنشین کراوە.[١][٢]

بواری ڕۆژنامەنووسی[دەستکاری]

لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا، سەرەتا وەک خۆبەخش دوو ساڵ لە ڕۆژنامەی "ژین"دا کاری کردووە و بۆ یەکەم جار (ستونی رۆژنامەنووسی)ی لەو ڕۆژنامەیەدا داھێناوە. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی کە ساڵانی ١٩٦٥-١٩٦٨ لە جیھانی ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا ھەبوو، گۆڤاری کوردی- عەرەبیی "ڕابەر- المرشد"ی بە ناوی (قوتابخانەی سەرەتاییی شێخ محموود)ەوە دەرکردووە، خۆی سەرۆکی نووسینی بووە و گەلێک نووسەران و شاعیری وەک ھەردی، کامەران، دیلان، موحەڕڕەم محەمەدئەمین، ع. ع. شەونم و ڕەئووف ئەحمەد ئالانی ھاوکارییان کردووە.[١][٢]

یەکێتیی نووسەرانی کورد[دەستکاری]

دوای ڕێککەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠، بووە بە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، دامەزرێن و یەکەم سکرتێری گۆڤاری "دەنگی مامۆستا"یش بووە کە بە پێشنیازی ئەو دەرچووە. بەشدار کۆنگرەکانی مامۆستایان و ئەدیبان و لاوانیش بووە لە بەغدا، ھەولێر و سلێمانی. ١٩٧٠-١٩٧٤ لە چوار کۆنفراسی یەکێتیی نووسەرانی کورددا چوار جار بە سکرتێری لقی سلێمانیی یەکێتیی نووسەران ھەڵبژێردراوە و ساڵی ١٩٧٨ دوای گەڕانەوەی لە ڕومادی، بە سەڕۆکی لق ھەڵبژێردراوە و بەشداریی لە ھەموو چالاکییەکی یەکێتیی نووسەرانی کورددا کردووە لە سلێمانی، بەغدا، کەرکوک، ھەولێر، سەری ڕەش، سەڵاحەدین و دھۆک.[١][٢]

ئێزگەی دەنگی کوردستانی عیراق[دەستکاری]

١٩٧١-١٩٧٤ بە داوای شەھید دارا تۆفیق، کراوە بە لێپرسراوی نووسینگەی ڕۆژنامەی (التآخی) لە سلێمانی. ١٩٧٤ چووەتە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولەوە، بە پێشنیازی شەھید دارا تۆفیق و پشتیوانیی ھەژار موکریانی و دکتۆر کەمال مەزھەر، کراوە بە بەڕێوبەری ئێزگەی دەنگی کوردستانی عیراق. لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە "کوردستانی نوێ" و "الاتحاد" دا کار دەکا، لە ٢٠٠٠ەوە جێگری سەرنووسەری "الاتحاد"ە و لێپرسراوی نووسینگەکەیەتی لە سلێمانی. بەردەوام بووە لە نووسینی گۆشەی تایبەت لە "الاتحاد"دا بەم ناونیشانانە (سنابل، المرفأ الجيد، بيدر الأثنين، اليوم الثالث). لە ١٢/١٢/٢٠١٢ بەدواوە، گۆشە ھەفتانەی (گوڵەوەچنی)ی لە "کوردستانی نوێ"دا ھەیە.[١][٢]

بەشداری لە کۆنگرە[دەستکاری]

لە ٢٠٠١-٢٠١١ لە کۆنگرەی یەکەمی سلێمانی و دوو کۆنگرەی ھەولێردا بە جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ھەڵبژێردراوە، لە کۆنگرەی سێیەمدا ٢٠١١ خۆی نەپاڵاوتووەتەوە. ٢٠٠٢، بەشداری کۆنگرەی ئۆپۆزسێونی عیراقی، کۆنگرەی ڕووناکبیرانی عیراق بووە لە لەندەن. ٢٠٠٤ بەشداری کۆنگرەکانی ٢٥، ٢٦، ٢٧ەمی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بووە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

مستەفا ساڵح کەریم، دوو کوڕ و کچێکی ھەیە: نیاز، دەرچووی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی سلێمانی، ژیان دەرچووی پەیمانگایە لە بەغدا، ئامانج دەرچووی کۆلێژی ئەندازەیە لە زانکۆی سەڵاحەدین.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

نیو سەدە زیاترە لە بواری ئەدەبیدا دەنووسێ و چەندین بەرھەمی ئەدەبیی بەچاپ گەیاندووە، وەک نووسین و چیرۆک و وەڕگێڕان بە کوردی و عەرەبی.[١][٢]

وتاری لە:[١][٢]

لە بەرھەمەکانی:[١][٢]

ئەلبوومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8172-8175
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ئەم زانیارییانە بەڕێز دکتۆر فوئاد حەمەخورشید کۆی کردوونەتەوە.