کۆمەڵناسی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
Auguste Comte (ئۆگست کۆمت)

کۆمەڵناسی شێوازێکی‌ زانستی‌ نوێیە بۆ لێکۆڵینەوەی‌ ڕەفتاری‌ کۆمەڵایەتی‌ و ڕەفتارکردن لەگەڵ بابەتە مرۆییەکان. کۆمەڵناسی‌ نوێترین بەشی‌ زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و وەک زاراوەش بۆ یەکەمجار ساڵی‌ ١٨٣٨ ـی زایینی لەلایەن ئۆگست کۆمتی‌ فەرەنسییەوە لە کتێبی‌ (فەلسەفەی‌ جێگیری‌)دا بەکارھێنراوە کە لە وشەی Socius ـی لاتینییەوە وەرگیراوە، ئەویش بە مانای ھاوڕێ یان ھاوار دێت. بۆیە بە ڕێبەری‌ کۆمەڵناسی‌ لە قەڵەمدەدرێت، ناوبراو پێی وابووە دەبێت کۆمەڵناسی‌ لەسەر بناغەی‌ بەڵگە و شێوازی‌ زانستی‌ ڕێک و پێک بونیاد بنرێت. ھەر یەک لە (ھربت سپنسەر)ی‌ ئینگلیزی‌ ساڵی‌ ١٨٧٦ز لە تیۆری‌ (التکامل الاجتماعی‌) و زانای‌ ئەمریکاییش (لیتر وارد) ساڵی‌ ١٨٨٣ز ناوی‌ کۆمەڵناسییان ھێناوە. ئێمە دەتوانین کۆمەڵناسی‌ وەک زانستێک تایبەت بەدواداچوونی‌ زانستی و لێکۆڵینەوەی‌ تاکەکان لە گروپێکی‌ تایبەتدا بناسین، لە ڕێگەی‌ کۆمەڵناسییەوە دەتوانین پێگەی‌ خۆمان و ژینگەی‌ کۆمەڵایەتی‌ بە تێڕوانینێکی‌ نوێ‌ دەستنیشانبکەین، ھەروەھا بەو کۆمەڵگە مرۆڤایەتییانە زیاتر ئاشنابین کە پەیوەندیمان پێیانەوە کەمە، یاخود ھەر نییە، ھاوکات لە ڕێی‌ کۆمەڵناسییەوە ئەو ھێزە کۆمەڵایەتییانە کاریگەری‌ لەسەر ئاکاری‌ خۆمان و دەورووبەرمان بەجێیدێڵن دەستنیشاندەکەین.


گرووپە کۆمەڵایەتییەکان[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیکۆمەڵ

گرووپی‌ کۆمەڵایەتی بە کۆمەڵە کەسێک دەوترێت کە لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییەکی‌ ڕاستەوخۆیان ھەیە و ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی‌ کۆمەڵە ڕەفتارێکی‌ ھاوبەش کە ھەستی‌ پێکەوەبوون و دڵنیاییان لا درووست دەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای‌ ئامانج و بەرژەوەندی‌ ھاوبەش، کە لەناو پێناسەکاندا بۆ گرووپی‌ کۆمەڵایەتی‌ پەسەندترینیانە. کۆمەڵناسەکان سێ‌ جۆر (گرووپ) ـیان دیاری کردووە کە بونیادی‌ کۆمەڵایەتی پێک دەھێنن.

یەکەمیان بریتییە لە کۆبوونەوەی‌ ئاسایی‌ کۆمەڵە کەسێک بە ھەر جۆرێک بێت.

دووەمیان بەو کۆمەڵە کەسە دەوترێت لە ھەندێک تایبەتمەندیدا ھاوبەشن.

سێیەمیشیان بریتییە لەوانەی‌ لە جۆرێک تایبەتمەندی‌ و شارەزایی‌ و ڕێکخراوەییدا وەک یەکن. دوو لایەنی سەرەکی لە کۆمەڵناسیدا بەشدارە ئەمە ئەگەر وەک کۆمەڵناسی باسی بکەین بەڵام ئەگەر بە سۆسیۆلۆژیا لێکی بدەینەوە ئەوە دەیان بابەتی تر تێکەڵاوی پێناسەکان ئەبێت بەڵام مەبەست لێرەدا کۆمەڵناسیە بەوەی دوو لایەن ڕاستەوخۆ ناڕاستەو خۆ ئاسۆیی و ستونی لەم بوارو پێناسەیەدا پێگەی گرنگیان ھەیە بۆ نمونە ئەوکاتانەی لە گروپێکی دیاریکراو ئەکۆڵرێتەوە یاخود ئەکاتانەی لە دیاردەیەکی گشتی کۆمەڵگە ئەکۆڵرێتەوە یاخود ئەوکاتانەی لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تاکەکەس ئەکۆڵینەوە ئەو لایەنانە ئاسۆیی وو ستونی بەھەر دوو شێوازی ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆ کاریگەریەکانی ئەخوێنرێنەوە ھەرچەند ئەم زانستە بەھەندی کێسەکان خۆیان یاخود وەک زانستە مادیەکانی تری کیمیا وفیزیاو بەشێوەیەکی گشتی تەکنەلۆژیا گەشەی نەکردوە بەڵام بەھەمان ئاست لەم سەردەمە نوێەماندا کاریگەری لەسەر جێ ھێشتون .

شێوازەکانی‌ گرووپی‌ کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

گرووپی‌ کۆمەڵایەتی‌ سەرەتایی[دەستکاری]

بەپێی‌ بۆچوونی‌ (فەردیناند تۆنیز)ـی‌ ئەڵەمانی‌، ئەم گرووپە لەسەر بنەمای‌ ھاوبەشی‌ کۆمەڵایەتی‌ دامەزراوە و لە پەیوەندیدا بەھێز و بەردەوامە، نموونەی‌ ئەم گرووپەش (خێزان)ـە کە (پەیوەندی‌ پتەوی‌ سۆز و خۆشەویستی‌ و ھاوکاری‌) ئەندامەکانی‌ دەبەستێت بەیەکەوە.

گرووپی‌ کۆمەڵایەتی‌ ناسەرەتایی[دەستکاری]

ئەم شێوازەیان لە ئەنجامی‌ ململانێ‌ و ئامانج و بەرژەوەندی‌ تایبەت ھەروەھا پێشکەوتن و پسپۆڕیی‌ درووست دەبێت، (توینز) لەو باوەڕەدا بووە لەگەڵ زیادبوونی‌ دانیشتوان و درووستبوون و گەشەکردنی‌ شارەکاندا، گرووپی‌ کۆمەڵایەتی‌ ناسەرەتایی‌ فراوان دەبێت و پەرەدەسێنێت، نموونەی‌ ئەم گروپەش (ڕێکخراوە فەرمی و دەوڵەتییەکان) و ھەروەھا دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی‌ وەک: چاودێری‌ و خزمەتگوزاری‌ کۆمەڵایەتی‌ و بەپیشەسازیبوون و زۆربوونی‌ ڕۆژ لەدوای‌ ڕۆژی‌ شارەکان ئەم گرووپانە فراواندەکات و زۆربەی‌ کاتیش بە تەواوبوونی‌ ئامانجێکی‌ دیاریکراو ئەم پەیوەندییە نامێنێت و کۆتا دەبێت.

کۆمەڵگەی‌ گوندنشین و کۆمەڵگەی‌ شارنشین[دەستکاری]

کۆمەڵگەی‌ گوندنشین[دەستکاری]

ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە زیاتر لەسەر بنەمای‌ کاری‌ ھاوبەش وەک چالاکی‌ کشتوکاڵ و پەیوەندی‌ خێزانی‌ نزیک و بەھێز دیاری دەکرێت و پەیوەندی‌ کەسایەتی‌ لە نێوانیاندا زۆر بەھێزە و پابەندبوون بە (بەھا کۆمەڵایەتییە کۆنەکان، خوو و نەریت، ڕەفتاری‌ دیاریکراو کە لەگەڵ کۆمەڵگەکەدا بگونجێن) پەیوەندی‌ ئەندامەکانی‌ کۆنترۆڵ کردووە، ئەمانە ماوەیەکی‌ زۆر لە ناویاندا دەمێننەوەو نەوە دوای‌ نەوە دەگوێزرێنەوە.

کۆمەڵگەی‌ شارنشین[دەستکاری]

شارنشینی‌ لە وڵاتانی‌ پێشەسازی‌ و پێشکەوتوودا بەشێوەیەکی‌ لەسەرخۆ و لەگەڵ گەشەسەندنی‌ پیشەیی‌ و بازرگانیدا درووستبووە، ئێستا شارنشینەکان لەو وڵاتانەدا ڕێژەی‌ %٧٠ی دانیشتوان پێک دەھێنن، بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا بەپێچەوانەوەیە، لەبەر ئەوەی‌ ئاستی‌ خزمەتگوزاری‌ لە گوندەکاندا نزمە خەڵکەکانیان بەلێشاو کۆچ دەکەنە شارەکان و دووچاری‌ کێشە و گرفتی‌ بەردەوام دەبنەوە، ھەندێک جاریش بە مەبەستی‌ پێکھێنانی‌ شارێک، دەوڵەت ژمارەیەک لە خەڵکی‌ گوندەکان دەگوێزێتەوە و شوێنی‌ نیشتەجێبوونیان بۆ دابیندەکات، کۆمەڵناسەکان بۆ نیشتەجێبوون لە شاردا چەند مەرجێکیان داناوە لەوانە: دابینکردنی‌ دەرفەتی‌ کارکردن، دابەشکردنی‌ کار و پسپۆڕی‌ لە کارەکاندا، ھەروەھا بوونی‌ ڕێکخراوی‌ کۆمەڵایەتی‌ و دەوڵەتیی‌ وەک: (دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، ڕێکخراوی‌ خزمەتگوزاری، دامەزراوی‌ تەکنۆلۆژی‌، یاسای‌ ڕێکخستی‌ کار و بازرگانی‌... گەلێک یاسای‌ خزمەتگوزاریی‌ دیکە )، پێویستە ئەم دامەزراوانە لە پێکھاتەیەکی‌ کۆمەڵایەتی‌ نیشتەجێبوودا ھەبن ئینجا ناوی‌ شاری‌ لێ دەنرێت. شاریش لە ژمارەیەکی‌ زۆری‌ دانیشتوان پێکدێت کە تاک تێیدا تا ڕادەیەکی‌ زۆر بە ناسراوی‌ دەمێنێتەوە و دەتوانێت بە ھەر شێوەیەک خۆی‌ دەیەوێت ژیان بەڕێ بکات، ھاوکات دەتوانێت لەگەڵ ئەو گرووپ و ڕێکخراو و دامەزراوانەدا پەیوەندبێت کە لەگەڵ بیر و ئامانجەکانیدا دەگونجێن، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی‌ پێویستییەکانی‌. کۆمەڵناسەکان ئاماژەشیان بەوە داوە گەورەیی‌ ژینگەی‌ کۆمەڵایەتی‌ و زۆری‌ دانیشتوانی‌ شار زیاتر زەمینەی‌ لادانی‌ کۆمەڵایەتی‌ و تاوانکاری‌ دەساسێنن بە بەراورد لە گەڵ ناوچە کەم دانیشتوانەکاندا. بەپێی بۆچونەکانی ئیسماعیل فەرەج گروپی کۆمەڵایەتی لەو توێژینەوەیەی کردویەتی زۆر بابەت لەخۆ ئەگرێت ئەوکاتانەی تاکەکەس لەگەل کەسێکی تردا بۆ مەبەستێکی ھاوبەش کۆ ئەبنەوەو ھەوڵ ئەدەن کە ئەو بابەت وستیواسیانە بکەنە ستیکی (ھدف) و بۆ بەزانس=دنی سنوری تاکەکەس و گەیاندنی بە کەسانی تر تا ڕادەی گروپ ئەوکاتە وەک دیاردە دروست بونی گروپی کۆمەڵیەتی باسی ئەکات کە ئامانج ومەبەست وھەوڵەکانیان بۆ بەرژەوەندی گرپ وگەورەکردنیەتی بۆ ئاستی کۆمەڵگە بەم لایەنەوە ئەچێتە ناو پێناسەی مادی گروپی کۆمەڵایەتیەوە بۆ زانیاری زیاتر ئەتوانیت بڕوانیتە نامەی ماستەر ( بەکارھێنانی دروکس شاری سلێمانی بەنمونە) .

ڕۆڵ و کەسێتی‌[دەستکاری]

ڕۆڵ بە مانای‌ ئەو ڕەفتار و ھەڵسوکەوتە دێت کە کەسانی‌ تر لە پێگەی‌ کۆمەڵایەتی‌ ھەر تاکێک چاوەڕێی دەکەن، بۆیە ھەر کارێک کە تاکێک لە ژینگەیەکی‌ کۆمەڵایەتی‌ بەپێی‌ پلە و توانای‌ خۆی‌ ئەنجامی دەدات ڕۆڵی‌ ئەو کەسە دیاری دەکات، ئەوانەی‌ لە گێڕانی‌ ڕۆڵی‌ خۆیاندا کارا و سوودمەندن و ڕۆڵەکانیان جێی‌ بایەخن، پێیان دەوترێت: (نموونەی‌ ڕۆڵی‌ کۆمەڵایەتی‌، یان پێشەوای‌ ڕۆڵی‌ کۆمەڵایەتی)، ئەم جۆرە کەسانە لە کاتی‌ جیاوازدا ھەڵوێستی‌ باش دەنوێنن و ڕەفتاری‌ پەسەند لە شوێنە جیاجیاکاندا فێری‌ تاک دەکەن و ئەمانەش کاریگەری‌ گەورەیان لە سەر خەڵک دەبێت لە ھەڵبژاردنی‌ ھەڵوێستەکانیاندا. بۆ ئەوەی‌ ھەر کەسێک کە ڕۆَڵێکی‌ دیاریکراوی‌ دەدرێتی‌ بە چاکی‌ ھەڵیسوڕێنێ‌، پێویستە خاوەنی‌ کەسێتییەک بێت لەگەڵ ئەو ڕۆڵەدا گونجاو بێت، بەڵام لە ژیانی‌ کۆمەڵایەتیدا ئەمە وانییە و دەبینین زۆرێک لە خەڵکان ھەن لە ئاست ئەو ڕۆڵەدا نین کە بۆیان دیاری دەکرێت و کەسێتییەکەیان گونجاو نییە بۆیە ھەرگیز ناتوانن وەک پیویست ڕۆڵیان ھەبێت. مرۆڤ بە شێوەیەکی‌ گشتی‌ لە سەرەتای‌ پێگەیشتنی‌ جەستەییەوە چەند ڕۆڵێکی‌ ھەن کە بەشێکن لە ژیانی‌ و دەتوانێت بیانگێڕێت، بەڵام ئەو ڕۆڵانەی‌ کە لە ڕێی‌ پسپۆڕی‌ و شارەزاییەوە بەدەست دەھێنرێن ھەموو کەسێک ناتوانێت بیانگێڕێت، ھەر بۆ نموونە ڕۆڵی‌ پزیشک کە گێڕانەوەی‌ تەندروستییە بۆ نەخۆشەکان.


بێزاری‌ ڕۆڵی‌ کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

زۆر جار ڕێک دەکەوێت ڕۆڵی‌ کۆمەڵایەتی تاک دەبێتە ھۆی‌ بێزاری‌ و بێتاقەتی‌ بۆی‌، بەتایبەت لەو کاتانەدا ڕۆڵێک بۆ کەسێک دیاری بکرێت گرنگ نەبێت و بۆ ئەو مەبستەش ناچار کرابێت، لەم دۆخەدا لەبری‌ ئەوەی‌ ڕۆڵەکەی‌ باش بگێڕێت کەچی‌ سستی‌ و تەوەزەلی‌ تێدا دەکات و نائارامی‌ دەروونیشی‌ بە دواوە دەبێت، کەم کەس ھەن لەم بوارەدا دەتوانن نرخ بۆ ئەو ڕۆڵەیان دابنێن و مانایەکی‌ بدەنێ‌ و ئاڕاستەی‌ خۆیان بگۆڕن. بۆ نموونە ژنێک کە خوێندکاری‌ زانکۆیە و دوو منداڵی‌ ھەیە، ھاوکات کارێکی‌ نیو ڕۆژیشی‌ بۆ ھاوبەشیکردن لە دابینکردنی‌ بژێویدا لەئەستۆ گرتووە، دیارە ژنێکی‌ لەم چەشنە دەبێت ڕۆڵی‌ جیاجیا بگێڕێت، ئەگەر کارە نیو ڕۆژیەکەی‌ لە فرۆشگەیەکدا خەڵات دەستەکردن بێت زۆر بایەخی‌ ناداتێ‌ و بۆی‌ دڵسۆز نابێت، جا لە بەر ئەوەی‌ لە کاتی‌ تاقیکردنەوە، یان منداڵبووندا تووشی‌ فشاری‌ دەروونیی‌ نەبێت پێویستە ئاراستەی‌ کارکردنی‌ بگۆڕێت. لە کۆمەڵگەیەکی‌ پیشەسازیدا لەوانەیە کەسێک لە یەک کاتدا کۆمەڵێک ڕۆڵی‌ جۆرا و جۆر بگێڕێت، دیارە لە کاتی‌ ڕاپەراندنی‌ ئەو ڕۆڵانەیدا لەگەڵ چاوپۆشی‌ و پابەندبوون ڕووبەڕوودەبێتەوە و تووشی‌ کێشەش دەبێت، بۆیە ناتوانێت بە جوانی‌ ئەو ڕۆڵانەی‌ بگێڕێت، ئەم حاڵەتەش کە بە ھۆی‌ فرەڕۆڵی‌ تاکەکانەوە دێتە دی‌ بە بێتوانایی‌ ناودەبرێت.


کۆمەڵگەو کولتوور[دەستکاری]

کولتوور بریتییە لەو کۆمەڵە تایبەتمەندی‌ و ڕەفتارەی‌ کە لە نێوان ئەندامانی‌ کۆمەڵگەیەکی‌ تایبەتدا ھەن بە شێوەیەکی‌ گشتی‌ وەک (زمان، ئایین، بەھا پیرۆزەکان، بیروباوەڕ، ئەدەب، ھونەر، یاسا، تەکنەلۆژیا و گەلێک تایبەتمەندی‌ دیکەش دەگرێتەوە. ھەموو کۆمەڵگەیەکی‌ مرۆڤایەتی‌ بەو کۆمەڵە گرووپە دەوترێت کە ماوەیەکی‌ دوور و درێژ لە ناوچەیەکدا وەک یەکەیەکی‌ کۆمەڵایەتی و جیاواز لە گرووپ و کۆمەڵی‌ تر ژیان دەبەنەسەر، کۆمەڵگە و کولتوور بێ‌ یەک نابن و ھیچ کۆمەڵگەیەک بە بێ‌ کولتوور ناتوانێت شارستانییەتی‌ تایبەت بە خۆی‌ ھەبێت. کولتوور لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا بەو شێوازە ڕێک دەخرێت کە تاک و گرووپەکان بتوانن لە چوارچێوەیدا پێکەوە بە شێوەیەکی‌ کاریگەر ھەڵسوکەوت بکەن و ھەر ڕەگەزێکی‌ کولتووریش بریتییە لە کۆمەڵە شتێک وەک: ھەستان بە کارێک، یان ئەو چالاکییانەی‌ کە لەو ڕەگەزەدا دیاریکراون، لە ھەموو کۆمەڵگەیەکیشدا بنەمای‌ خێزانی‌، یەکەی‌ ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی و سیاسی‌ و دینی‌ ھەن بۆ پڕکردنەوەی‌ پێویستییەکانی‌ ژیان، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا سەرەڕای‌ ئەمانە یەکەی‌ سەربازی‌ گەشتوگوزاریش ھەن. ھەرچەندە خەڵک بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ لە پابەندبوون بەو بنەما سەرەکییانەوە کە لە کولتوورەکەیاندا ھەن بەردەدوامن و زۆرجاریش بەرەنگاری‌ چەمک و گۆڕانکارییە نوێکان دەبنەوە، بەڵام بەدرێژایی‌ مێژوو ھیچ کولتوورێک نییە کە لە سەردەمانێکی‌ درێژدا گۆڕانی‌ بەسەردا نەھاتبێت و بگرە زۆریکیش ھەن لەناوچوون بەڵام پلە و ئاستی‌ لە ناوچوونەکەشیان جیاوازە، ئەو کاتانەی‌ کە ڕەگەزێک، یان کۆمەڵە ڕەگەزێکی‌ نوێی‌ شارستانی‌ دەردەکەون، دەبینین ڕەگەزە کۆنەکان بەرە و پووکانەوە و فەوتان دەڕۆن، کاتێکیش شارستانییە نوێکە دەتوانێت ڕیشە داکوتێت و گەشە بکات کە توانای‌ چاکسازی‌ ھەبیت و لەوەی‌ پێشتر بەھێزتر و گونجاوتر بێت، ھەر تاکێکیش کاتێک دەچێتە ناو کۆمەڵگەیەکەوە کولتوورێکی‌ جیاوازی‌ لەوەی‌ خۆی‌ ھەبێت و ھەوڵبدات لەگەڵ دۆخە نوێکەیدا بگونجێت، ئەوە تووشی‌ زیان لێکەوتنی‌ کولتووری‌ دەبێت و دواجار بەھاکانی‌ کۆمەڵگە نوێکە ئاوێتەی‌ کەسێتی‌ خۆی‌ دەکات.


کۆمەڵناسان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ھاوبابەت[دەستکاری]