بۆ ناوەڕۆک بازبدە

فەرموودەی موزتەڕیب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فەرموودەی موزتەڕیب بریتییە لەو فەرموودەیەی کە بە چەند شێوەیەکی جیاواز گێڕدرابێتەوە و گێڕانەوەکان لە ھێزدا وەک یەک بن.[١][٢][٣]واتا فەرموودەیەک بە چەند شێوەیەکی جیاواز و پێچەوانە بگێڕدرێتەوە کە نەتوانرێ ئەو شێوانە کۆبکرێنەوە، و ھەروەھا ھەموو گێڕانەوەکان ھەمان ھێزیان ھەبێت، کە نەتوانرێ یەکێکیان بەسەر ئەوی تریاندا ھەڵبژێردرێ.

مەرجەکانی فەرموودەی موزتەڕیب

[دەستکاری]

فەرموودە دەبێتە فەرموودەیەکی موزتەڕیب ئەگەر:

  1. جیاوازی گێڕانەوەکانی فەرموودەیەک بەجۆرێک نەتوانرێ ئەو فەرموودانە پێکەوە کۆبکرێنەوە و کاریان پێ بکرێت بەبێ ئەوەی تووشی ھیچ خۆھەڵوەشاندنەوەیەک ببین.
  2. گێڕانەوەکان لە ھەمان ئاستی ھێزدابن بە جۆرێک نەتوانرێت یەکێکیان بەسەر ئەوی تریاندا ھەڵبژێردرێت.

جۆرەکانی فەرموودەی موزتەڕیب

[دەستکاری]
  • فەرموودەی موزتەڕیب لە ڕشتەکەیدا (سند) بۆ نموونە پێغەمبەر صلی اللە علییە وسلم دەفەرموێت «شیبتنی ھود وأخواتھا».[٤] واتا سووڕەتی ھود و خوشکەکانی پیریان کردم. ئەم فەرموودەیە ئیمامی داڕەقوتنی دەربارەی دەڵێت "ئەم فەرموودەیە فەرموودەیەکی موزتەڕیبە چونکە لە ئەبو ئیسحاقەوە بە دە جۆری جیاواز گێڕدراوەتەوە، ھەیە وەک فەرموودەیەکی موڕسەل گێڕاوییەتییەوە، و ھەیە وەک فەرموودەیەکی مەوسوڵ گێڕاوییەتییەوە، و ھەیە لە فەرموودەی ئەبوبەکر گێڕاوییەتییەوە، و ھەیە لە فەرموودەی سەعدەوە گێڕاوییەتییەوە، و ھەیە لە فەرموودەی عائیشەوە گێڕاوییەتییەوە، جگە لەوانیش. گێڕەرەوەکانی جێی متمانەن و ناشکرێ گێڕانەوە جیاوازەکان کۆبکرێنەوە. "
  • فەرموودەی موزتەڕیب لە ناوەڕۆکدا (متن) بۆ نموونە ئیمامی ترمزی دەگێڕێتەوە کە دەڵێت فاتیمەی کچی قەیس دەڵێت "سئل النبی صلی اللە علییە وسلم عن الزکاة فقال: إن فی المال لحقا سوی الزکاة "[٥] واتا پێغەمبەر صلی اللە علییە وسلم دەفەرموێت ماڵ جگە لە زەکات حەقی دیکەشی تێدایە. کەچی ئەم ئەم فەرموودەیە ئیمامی ئیبن ماجە بەھەمان ڕشتە بەم شێوەیە گێڕاوییەتییەوە " لیس فی المال حق سوی الزکاة "[٦] واتا ماڵ ھیچ حەقێکی تێدا نییە زەکات نەبێت؛ بۆیە حافزی عێراقی دەڵێت "ئەم فەرموودەیە فەرموودەیەکی موزتەڕیبە ڕونکردەوە ھەڵناگرێت "

دیارترین ئەو کتێبانەی دەربارەی فەرموودەی موزتەڕیب نوسراون

[دەستکاری]

المقترب فی بیان المضطرب. ئیبن حەجەر عەسقەلانی.

حوکمی فەرموودەی موزتەڕیب

[دەستکاری]

فەرموودەی موزتەڕیب فەرموودەیەکی زەعیفە و کاری پێناکرێت بەھۆی ئەوەی وا ھەست دەکرێت کەسانی گێڕەڕەوە لەبەرکردنیان باش نەبێت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. تیسیر مصطلح الحدیث. الدکتور محمود طحان. مکتبة المعارف. ٢٠١١. لاپەڕە ١٤١
  2. دراسات نظریة وتطبیقیة فی شرح المنظومة البیقونیة. بسام عبدالکریم الحمزاوی. مرکز علوم الحدیث النبوی. ٢٠٠٩. لاپەڕە ٥٩_٦١
  3. نزھة النظر فی توضیح نخبة الفکر. ابن حجر العسقلانی. تحقیق ناصر بن الھاب المطیری. دار ابن الجوزی. ٢٠١١. لاپەڕە ٦٦
  4. سنن الترمذی. عیسی بن سورة الترمذی. تحقیق شعیب الأرناؤوط وآخرون. مؤسسة الرسالة. ٢٠٠١. کتاب التفسیر.
  5. سنن الترمذی. عیسی بن سورة الترمذی. تحقیق شعیب الأرناؤوط وآخرون. مؤسسة الرسالة. ٢٠٠١. کتاب الزکاة. فەرموودەی ٦٥٩
  6. سنن ابن ماجە. تحقیق ناصر الدین الألبانی. مکتبة المعارف. کتاب الزکاة. فەرموودەی ١٧٨٩