فەرموودەی سەحیح

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

فەرموودەی سەحیح (بە عەرەبی: حديث الصحيح) بەو فەرموودەیە دەوترێت کە ڕشتەی گێڕانەوەکەی بەیەکەوە بوستراوە و بچڕانی تێدا نییە و نائاسایی و هۆی لەکادارکردنی تێدا نییە[١] و کەسانی ناو ڕشتەکە یەک لەدوای یەک کەسی لەخواترس و ئاگادار بن[٢] و متمانەدار بن لە لەبەرکردن و تەواوکردن و هێنان و گواستنەوەی فەرموودەدا.

مەرجەکانی فەرموودەی سەحیح[دەستکاری]

  1. ڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەکە بچڕانی تێدا نەبێت.
  2. فەرموودەکە سەلامەت بێت لە دەقێکی نائاسایی.[٣]
  3. فەرموودەکە سەلامەت بێت لە هۆیەک کە لەکەداری بکات.[٤]
  4. گشت گێڕەوەکانی لەخواترس بن.
  5. گشت گێڕەوەکانی بیرتیژ بن.

هەر فەرموودەیەک ئەم پێنج مەرجەی تێدا بێت ئەوا بە سەحیح دادەنرێت و ئەگەریش تاکە مەرجێکی تێدانەبێت ئەوا بە سەحیح دانانرێت.

ڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەکە بچڕانی تێدا نەبێت[دەستکاری]

مەبەست لەوەیە کە هەر یەکێک لەو کەسانەی کە لە ڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەدا ناویان هاتووە، دەبێت بە یەکێت لەو ڕێگانەی وەرگرتنی فەرموودە و لەوەی پێش خۆی وەریگرتبێت و ئیتر هەتا دەگاتە پێغەمبەر.
کەواتە ئەگەر پچڕانێکی نیێنی یان ئاشکرایی تێدا نەبوو ئەوا فەرموودەیەکی سەحیح دادەنرێت. بەپێچەوانەوە بە فەرموودەی مونقەتیع دادەنرێت.

فەرموودەکە سەلامەت بێت لە دەقێکی نائاسایی[دەستکاری]

ئەو کەسەی فەرموودەیەک دەگێڕێتەوە نابێت پێچەوانەی وتەی چەند گێڕەوەیەک بێت کە هەمان فەرموودەیان گێڕاوەتەوە و کەسی متمانەدار بوون، و هەندێک لەزانایان وا پێناسەیان کردووە کە ئەو فەرموودە تەنها کەسێک گێڕاویەتیەوە.

فەرموودەکە سەلامەت بێت لەهۆیەک کە لەکەداری بکات[دەستکاری]

هۆیەکە کەدەبێتە هۆی لەکەدار کردنی فەرموودەیەک کە بەڕواڵەت لە فەرموودەی سەحیح دەچێت، لەبنەڕەتدا دەبێت ئەو هۆیەی تێدا نەبێت، هەستکردنی بەبوونی ئەو هۆیە تەنها بۆ کەسانی پسپۆڕ ئاسانە کە زۆر شارەزا و زانابن لە فەرموودەناسیدا.

گشت گێڕەوەکانی لەخواترس بن[دەستکاری]

واتە گێڕەوەکانی عادل بن و عادیلیش بەو کەسە موسڵمانە عاقڵە باڵغە دەوترێت کە زۆر بەپارێز و لەخواترسە، بەجۆرێک کەفەرمانەکانی شەرع جێبەجێ دەکات و خۆی لەتاوانی گەورە و بەردەوام بوون لەسەر تاوانی بچووک بەدوور دەگرێت، و خۆشی لەهەموو ئەو کردار و گوفتارانە دوور دەخاتەوە کە بەئەندازەی نەریت کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر مەردایەتی و کەسایەتی و ڕێزی مرۆڤ لەناو کۆمەڵگادا.

گشت گێڕەوەکانی بیرتیژ بن[دەستکاری]

بەو گێڕەوە دەوترێت کەئەوەی وەری دەگرێت و دەیگێڕێتەوە بەچاکی و بەتەواوی لەبەری بێت و لەبیری نەکات.
واتە لەو کاتەی کەلەخزمەت مامۆستاکەیدا دانیشتووە و گوێی لێدەگررێت و فەرموودەکەی لێوەردەگرێت، پێویستە زۆر بەئاگا و هۆشیار بێت بەجۆرێک کەهەر وشەیەک مامۆستاکەی دەری دەبڕێت، ئەم بەچاکی و بەتەواوی لەبەری بکات یان بینووسێتەوە یان بیپارێزێت. بەحاڵەتەش دەوترێت ضبط التحمل صدراً أو كتابةً.
هەروەها دەبێت ئەوەی کە لەبەری کردووە مەگەر زۆر بەکەمی ئەگینا لەبیری نەچێتەوە و هەر کەی بیەوێت بتوانێت وەکو چۆن بیستوویەتی لەمامۆستاکەی، هەر بەو شێوەیەش بیگەیەنێت بە کەسانی تر. ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت ضبط الأداء.

جۆرەکانی فەرموودەی سەحیح[دەستکاری]

زانایان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە فەرموودەی سەحیح دوو جۆری هەیە:

صحیح لذاته[دەستکاری]

ئەو فەرموودە سەحیحەیە کەلەسەرەتا پێناسەکراوە.
ئەم جۆرە نموونەی زۆرە، لەوانە ئەو فەرموودانەی کە هەردوو ئیمامی بوخاری و ئیمامی موسلیم گێڕاویانەتەوە واتە متفق علیهن. وەکو فەرموودەی «الْحَرْبُ خَدْعَةٌ» کە سوفیانی کوڕی عویەینە لە عەمرەوە، ئەویش لە ئەبو هورەیرەوە، ئەویش لە پێغەمبەرەوە گێڕاویەتیەوە.[٥]
بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە چونکە خۆی لەو ڕێگەیەوە کە لێیەوە گێڕدراوەتەوە سەحیحە و پێویست ناکات بگەڕێین بەشوێن ڕێگەی تردا تاوەکو پێی بەهێز بکەین، چونکە خۆی بەهێزە.

صحیح لغیره[دەستکاری]

ئەم فەرموودەیە خۆی لەبنەڕەتدا فەرموودەی حەسەنە بەڵام لەچەند ڕێگەیەکەوە گێڕدراوەتەوە، ئیتر هەموو ڕێگاکان هەموویان وەک یەکن یاخود هەندێکیان لەهەندێکیان بەهێزترن.
ئەم جۆرە فەرموودە بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە، چەنکە گەر تەماشای بکەین لەهیچ کام لەو ڕێگایانەی کەلێیەوە گێڕدراوەتەوە، نەگەیشتۆتە پلەی سەحیح، بەڵام بەهەموو ڕێگاکانەوە بەهێز بووە تاوەکو گەیشتۆتە ئەو پلەیە، کەواتە بەهۆی ڕێگاکانی ترەوە بە سەحیح دادەنرێت، ئەگینا سەحیح نیە.
نموونەش بۆ ئەم جۆرە سەحیحە، زانایان ئەم فەرموودەیەیان هێناوەتەوە بە نموونە کە لەڕێگەی ( موحەممەدی کوڕی عەمری کوڕی عەلقەمەوە، ئەویش لە ئەبوو سەلەمەوە، ئەویش لە ئەبوو هورەیرەوە، کە پێغەمبەر فەرموویەتی:
«لَولا أَنْ أَشُقَّ عَلَى أُمَّتي لأَمَرْتَهُم بِالْسِواكِ عِنْدَ كُلِّ صَلاةِ».[٦])
ئیبن سەلاحی شارەزووری دەڵێت: ئەو موحەممەدە بەڕاستگۆیی وخۆپارێزی بەناوبانگە، بەڵام لەڕووی لەبەرکردن و ڕێکخستنەوە لاواز بووە، بۆیە هەندێک لەزانایان بەلاوازیان داناوە، بەڵام هەندێکی تر بەمتمانەداریان داناوە چونکە ڕاستگۆ بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەم فەرموودەیە لە ڕێگەیەکی ترەوە گێڕدراوەتەوە، ئیتر ئێمە ترسمان نەماوە لەلاوازی ئەو موحەممەدە لەڕووی لەبیرچوونەوە و ڕێکخستنەوە، بەمەش جێگەی ئەو کەمە بەشەی کەتێدا بووە پڕکراوەتەوە، بۆیە ئێستا ئەم فەرموودەیە بە سەحیح دانراوە.[٧]

حوکمی فەرموودەی سەحیح[دەستکاری]

تەواوی فەرموودەناسان زانایانی شەرعی ئیسلام و ئوسوڵییەکانیش یەکدەنگن لەوەدا کە فەرموودەی سەحیح یەکێکە لەبەڵگە شەرعییەکان، و هیچ کەسێک ناتوانێت کاری پێ نەکات، هەر بۆیە لەزمانی زۆرێک لە بیرمەندەکانەوە هاتووە: کە ئەگەر فەرموودەی سەحیح بینرا، ئەوا دەبێت واز لە بۆچوون و ڕای مەزهەبەکەی بهێنێت، و کار بەو فەرموودە سەحیحەکە بکرێت.[٨]

پلەی دەقی فەرموودە سەحیحەکان جیاوازە[دەستکاری]

بەشێوەیەکی گشتی زانایان حەدیسی سەحیحیان کردووە بە ٧ پلەوە لەڕووسی هێزی بەبەڵگەبوون و کارپێکردنەوە، ئەمەش ڕیزبەندییەکەیە لە بەهێزترینەوە:

  1. ئەو فەرموودەی سەحیحانەی کە هەردوو ئیمامی بوخاری و ئیمامی موسلیم گێڕاویانەتەوە، کە لەزاراوەی فەرموودەزانیدا پێی دەوترێت (متفق علیه).[٩]
  2. ئەوەی کەتەنها ئیمامی بوخاری گێڕاویەتیەوە (واتە لەسەحیحەکەیدا).
  3. ئەوەی کە تەنها ئیمامی موسلیم گێڕاویەتیەوە.
  4. ئەوەی کە لەسەر مەرجی هەردووکیانە، بەڵام نەیانگێڕاوەتەوە.
  5. ئەوەی کەتەنها مەرجی ئیمامی بوخارییە، بەڵام نەیگێڕاوەتەوە.
  6. ئەوەی کەتەنها مەرجی ئیمامی موسلیمە، بەڵام نەیگێڕاوەتەوە.
  7. ئەوەی کە بەلای زانایانی ترەوە بە سەحیح دانراوە، بەڵام لەسەر مەرجی ئیمامی بوخاری و موسلیم نیە. وەکو ئەو فەرموودانەی بەلای ئین خوزەیمە و ئیبن حەبان و ئیمامی حاکم...هتد.

مەرجی بوخاری و موسلیم بۆ سەحیحەکەیان[دەستکاری]

هیچ کام لەئیمامی بوخاری و موسلیم نەهاتوون مەرجێک دابنێن بۆ فەرموودەی سەحیح، زانایان گەڕاون و بۆیان دەرکەوتووە هەردوو گێڕەوەکە مەرجی تایبەتی خۆیان هەبووە بۆ سەحیحی فەرموودە.
مەرجی سەحیحی فەرموودە بەلای ئیمامی بوخارییەوە ئەوەیە کە گێڕەوەکە گەیشت بێت بە مامۆستاکەی و فەرموودەکەی لەدەمی بیستبێت.
بەڵام بەلای ئیمامی موسلیمەوە تەنها ئەوە بەمەرج گیراوە کە هاوچەرخ و هاوزەمەن بن، مەرج نیە کە بەیەک گەیشتنیان چەسپابێت، بۆیە ئەگەر گێڕەوەکە دەرنەکەوت کەخۆی لەدەمی مامۆستاکەی بیستووە، ئەوا ئەو فەرموودە بەلای ئیمامی بوخارییەوە بە سەحیح دانانرێت، بەڵام بەلای موسلیمەوە هەر بەسەحیح دادەنرێت، چونکە کەوترا ئەو دوو کەسە لەیەک ماوە و سەردەمی دیاریکراودا ژیاون، بنەڕەت ئەوەیە کەچاویان بەیەکتر کەوتبێت و مامۆستاکە فەرموودەکەی بەقوتابییەکە گەیاندبێت.
لەڤەر ئەوە زانایان فەرموویانە: فەرموودەکەی بوخاری درووست ترە، کەپێویستە گێڕەوەکە خۆی لەدەمی مامۆستاکەی بیستبێت. لەمەشەوە فەرموویانە: کتێبی سەحیحی بوخاری لەکتێبی سەحیحی موسلیم سەحیح ترە، چونکە دەبێت گێڕەوە و مامۆستاکەی بەیەک گەیشتبن.

پلەی ڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەی سەحیح جیاوازە[دەستکاری]

بەپێی ئەو مەرجانەی کەدانراون بۆ ئەوەی کەڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەی پێغەمبەر سەحیح بێت، هەندێک لەزانایان فەرموویانە: باشتر وایە کەبڕیار نەدرێت بەسەر هیچ کام لەڕشتەکان، کەگوایە لەڕشتەکانی تر سەحیح ترە، چونکە ئەگەر مەرجەکان هەموویان هاتبنەجێ ئەوا ڕشتەکە سەحیحە ئەگەرنا سەحیح نیە، ئیتر ڕشتەیەک نیە کەپێی بوترێت: ئەمە لەوانی تر سەحیح ترە.
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکی تر پێیان وایە: کەجیاوازی هەیە لەڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەی پێغەمبەردا، کەهەندێکیان لەهەندێکی تریان سەحیح ترن، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەکام ئیمام بەلای خۆیەوە کام ڕشتەی لەهەموو ڕشتەکانی تر بەهێزترە، ئەگینا هیچ ڕشتەیەکیان جێگەی یەکدەنگی زانایان نین.

  • دەگێڕنەوە لە ئیسحاقی کوڕی ڕاهەوەیهی و ئیمامی ئەحمەدەوە کەفەرموویانە: سەحیح ترن ڕشتە بریتیە لەڕشتەی (زوهری لە سالمی کوڕی عەبدوڵڵا لە عەبدوڵڵای باوکیەوە کە کوڕی ئیمامی عومەرە).
  • دەگێڕنەوە لە ئیبنو مەعینەوە کەفەرموویەتی: سەحیح ترین ڕشتە بریتیە لەڕشتەی (ئەعمەش لە ئیبراهیمەوە لە عەلقەمەوە لە عەبدوڵڵای کوڕی مەسعودەوە).
  • دەگێڕنەوە لە ئیبنو ئەبی شەیبەوە کەفەرموویەتی: سەحیح ترین ڕشتە بریتیە لەڕشتەی (زوهری لە عەلی کوڕی حوسێنەوە لە حوسەینەوە لە ئیمامی عەلیییەوە).
  • دەگێڕنەوە لە ئیمامی بوخارییەوە کەفەرموویەتی: سەحیح ترین ڕشتە بریتیە لەڕشتەی (ئیمامی مالیک لە نافیع لە ئیبنو عومەرەوە).
  • دەگێڕنەوە لە ئیمام ئەبو مەنسوری تەمیمییەوە کەفەرموویەتی: سەحیح ترین ڕشتە بریتیە لەڕشتەی (ئیمامی شافعی لە ئیمامی مالیک لە نافیع لە ئیبنو عومەرەوە).
  • سەلاحەدینی کوڕی عەلانی و ئەوانی تریش فەرموویانە: سەحیح ترین ڕشتە بریتیە لەڕشتەی (ئیمامی ئەحمەد لە ئیمامی شافعی لە ئیمامی مالیک لە نافیع لە ئیبنو عومەرەوە).

ڕشتەی گێڕانەوە سەحیح بوو، فەرموودەکە سەحیحە؟[دەستکاری]

زایان یەکدەنگن لەوەی کە یەکێک لەمەرجەکانی فەرموودەی سەحیح ئەوەیە کەڕشتەی گێڕانەوەی ئەو فەرموودە سەحیح بێت، هەروەها یەکدەنگیشن کە مەرج نیە ئەگەر ڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەیەک سەحیح بوو، ئیتر دەقی ئەو فەرموودە سەحیح بێت، چونکە لەلایەک هیچ پێویست نیە ئەگەر مەرج هاتەجێ، ئیتر مەرج بۆگیراویش بێتەجێ، لەلایەکی ترەوە سەحیحی ڕشتەی گێڕانەوە تاکە مەرج نیە بۆ ئەوەی فەرموودەیەک سەحیح بێت، بەڵکو نابێت ئەو فەرموودە پێچەوانەی گێڕانەوەی چەند گێڕەوەیەکی متمانەدار بێت و هۆیەکی لەکەدارکردنی تێدابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا زانایان فەرموویانە: ئەگەر هاتوو یەکێک لەو زانا ناودارە متمانەدارەکانی زانستی فەرموودە کە کتێبیان داناوە، فەرموویان: ڕشتەی گێڕانەوەی ئەو فەرموودە سەحیحە، و هیچ ڕەخنەیەکیان لێی نەبوو، ئەوە دەگەیەنێت کە سەحیحە، چونکە بنەڕەت وایە کە فەرموودە هیچ هۆ و ڕەخنەیەکی لەسەر نەبێت.

ناسینەوەی فەرموودەی سەحیح[دەستکاری]

زانینی مەرجەکانی فەرموودەی سەحیح ئەوا ناگەیەنێت کە حوکم بدات کە فەرموودەیەک سەحیحە یان نا. زانایانی زانستی فەرموودە فەرموویانە:لە ٣ ڕێگەوە دەتوانێت بگاتە ئەوەی کە فەرموودەیەک سەحیح یان نا:

  1. ئەگەر ئەو کەسە خۆی لەپلەی زانستیدا گەیشتبێتە ڕادەیەک کە لەتوانایدایە هەبێت بار و سیفەتی گێڕەوەکان بزانێت چۆنە، و چۆن ئەو فەرموودەیان گێڕاوەتەوە و هێناویانە. جا ئەگەر بینی کە ئەو فەرموودە هەر پێنج مەرجەکەی تێدا هاتووەتەجێ، ئەوا خۆی دەتوانێت بڕیار بدات کەئەو فەرموودە سەحیحە، ئێستا کەم بەکاردێت.
  2. ئەگەر فەرموودەکە لەیەکیک لەو کتێبانەدا هاتبوو کە جگە لەکۆکردنەوەی فەرموودەی سەحیح هیچی تری تێدا نەبوو، وەکو سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیم.
  3. ئەگەر یەکێک لەزانایانی فەرموودەزانی کە لەبڕیاردان لەسەر فەرموو کەمتەرخەم و ئاسانکار نەبێت و ڕایگەیاندبێت ئەو حەدەیسە سەحیحە. لێرەدا چەندین کتێبی گرنگ لەم بوارەدا لەچاپ دراون بڵاون لەجیهانی ئیسلامیدا و بواری گۆڕانکاری تێدانەماون.

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ شاذ و معلل دوور بێت لەدەقەکەی.
  2. ^ واتە عادل و ضابط بن.
  3. ^ واتە سەلامەت بێت لە شذوذ.
  4. ^ واتە سەلامەت بێت لە علة.
  5. ^ سەحیحی بوخاری / کتێبی الجهاد و السير / بەشی الحرب خدعة / فەرموودەی ژمارە ٢٨٦٦...
    سەحیحی موسلیم / کتێبی الجهاد و السير / بەشی جواز الخداع في الحرب / فەرموودەی ژمارە ٤٦٣٧...
  6. ^ سوننەنی الثرمذي / بەشەکانی الطهارة / السواك / فەرموودەی ژمارە ٢٢ ...
  7. ^ کتێبی مقدمة إبن صلاح / لاپەڕە ٢٠ ..
  8. ^ نابێت بەڕەهایی ئەم وتەیە وەربگیرێت و هەر کەسێک فەرموودەیەکی بینی کە سەحیح بوو و بۆچوونی یەکێک لەو چوار مەزهەبە پێچەوانەی فەرموودەکە بوو بەڕواڵەت، ڕاستەوخۆ بێت و بڵێت: تاوەکو فەرموودەی سەحیح وەستا بێت من کار بە مەزهەبە فیقهییەکان ناکەم!!
    زیاتر بزانە و سەیری لێکدانەوەی ئیمامی نەوەوی بکە بۆ کتێبی المجموع شرح المهذب / ١ / لاپەڕە ١٠٤ - ١٠٦ ...
  9. ^ * هەندێکیان پێیان وایە: فەرموودە بە (متفق علیه) دادەنرێت، با دوایین کەسی ڕشتەی گێڕانەوەی فەرموودەکە لە هەردوو سەحیحەکەدا جیاوازیش بن، گرنگ ئەوەیە دەقی فەرموودەکە وەکو یەک بێت، یان جیاوازییەکی کەمیشی هەبێت لەدەقی فەرموودەکەدا.
    * زۆرینەی زانایان پێیان وایە: فەرموودەیەک بە (متفق علیه) دادەنرێت کە دوایین کەسی ڕشتەی گێڕانەوەکەی لەهەردوو سەحیحەکە یەک کەس بێت، سەرەڕای ئەوەی هەمان دەق وەک یەک بێت یان جیاوازییەکی کەمیشی هەبێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کتێبی (فەرموودەناسی ڕوونکردنەوەیەکی بەسوودە لەسەر هۆنراوەی بەیقوونی لەفەرموودەزانی) لەنووسینی (ئەمجەد موحەممەد زاهید شێخ موحەممەد) - لاپەڕەکانی ٣٠ تا ٤٢ ...