بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شاڵاوی ئەنفال

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کارەساتی ئەنفالەوە ڕەوانە کراوە)
شاڵاوی ئەنفال
بەشێک لە تێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان
تەرمی ئەنفالکراوان لە مۆنۆمێنتی ئەنفال کە تا ئێستا بەشێکیان نادیارن لە ناوچەکاندا
تەرمی ئەنفالکراوان لە مۆنۆمێنتی ئەنفال کە تا ئێستا بەشێکیان نادیارن لە ناوچەکاندا
ڕێکەوت١٩٨٦ بۆ ١٩٨٩
(بە دیاریکراوی ٢٣ شوباتی ١٩٨٨ – ٦ ئەیلوولی ١٩٨٨)
شوێن
ئەنجام

وێرانکردنی باشووری کوردستان

  • خاپوورکردنی ٤٫٥٠٠ گوند
  • کوژرانی دەیان هەزار کورد، کە بەزۆری سڤیل و ژن و منداڵ بوون
  • ئاوارەبوونی زۆرێک لە کوردەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان بەشێوەی زۆرەملێ، کە بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی پەنابەران لە ناوخۆی عێراق و لە وڵاتانی دراوسێ
  • گوند و شارۆچکە و شوێنە کلتوورییە کوردنشینییەکان وێران بوون و زیانیان پێگەیشت
  • لەناوبردنی سەرچاوە ئابووری و ئاوییەکان، و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی ژیان
شەڕکەرەکان
ڕژێمی بەعسی عێراق پێشمەرگە کوردستان
فەرماندە و سەرکردەکان
سەددام حوسێن
عەلی حەسەن ئەلمەجید
عیزەت دووری
سوڵتان ھاشم ئەحمەد محەممەد تائی
حوسێن ڕەشید محەممەد تەکریتی
فەرحان مەتلەک ساڵح جەبووری
سابیر عەبدولعەزیز دووری
تاھیر تۆفیق عانی
ئەیاد عەباس ناسری
وەفیق سامەرائی
یەکە تێوەگڵاوەکان
لەشکری یەک
لەشکری پێنج[١]
لیواکانی بەرگریی نیشتمانیی (کتائب الدفاع الوطنی)
زەرەر و زیانە گیانییەکان
ئەنفالکردنی نزیکەی ١٨٠٫٠٠٠ کوردی سڤیل
بێسەروشوێنکردنی ١٨٫٢٠٠٠ کوردی سڤیل
لەناوبردنی ٤٫٥٠٠ گوند

ئەنفال یان شاڵاوی ئەنفال، کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق سەددام حوسێن، کە لە کۆتاییی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەنجام درا. لە کۆمەڵکوژییەکەدا ٥٠٬٠٠٠ بۆ ١٨٢٬٠٠٠ کورد کوژرا. عەلی حەسەن ئەلمەجید سەرکردەی ئەم هەڵمەتە بوو.

وڵاتانی سوێد، نەرویژ و شانشینی یەکگرتوو بەشێوەیەکی فەرمی کۆمەڵکوژیی ئەنفالیان بە جینۆساید ناساندووە.

ئەنفال ناوی ھەشتەم سوورەتە لە قورئان. وا لێک دەدرایەوە کە لە شەڕی بەدر لە ساڵی ٦٢٤ی کۆچیدا ئەنجام دراوە، بەوەی کە سەرکەوتن لەسەر ٣١٣ کەس دوای ئەوەی ئەوانەی نوێ ببوون بە موسڵمان و ئەوانەی کە ئایینیان بتپەرستن بوو ژمارەیان ٩٠٠ کەسی بوو. ئەنفال دەقاودەق واتای تاڵان کردن دەدات لە کاتی جەنگ دا و ئەم ناوە بەکارھات بۆ ھێرشی سەربازی بۆ کاولکردن و لەناوبردنی جەستەیی تاکی گەلی کورد، عەلی حەسەن ئەلمەجید ماڵ و سامانی نەتەوەی کوردی ڕەوا کرد بۆ سوپای ھێرشبەر. فەرمانی تاڵانکردن دەست بەسەرداگرتنی سامان و گەنجینەی ھاووڵاتی کە ئاژەڵ و ماڵ و سەروەت و سامان و ھەتا خاوخێزانیانی دەگرتەوە، ئەم فەرمانەش جاشەکانی بەکرێ گرتە و خۆفرۆشی کورد ھەڵسان بە ھاوکاری کردنی سوپاکە.

پوختە

[دەستکاری]

کۆمەڵکوژیی ئەنفال لەساڵی ١٩٨٦ دەستی پێکرد بە شەش قۆناغی سەرەکی و لە ساڵی ١٩٨٩ کۆتایی پێ ھات، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی کۆمەڵکوژی ئەنفال سوپای عێراقی سوودیان لە ھێرشی پیادەی سەر زەوی و مووشەک و ھێزی وێرانکەر و دەستەی فیشەک ھاوێژ و چەکی کیمیایی کرد. عەلی حەسەن ئەلمەجید کە نازناوی عەلی کیمیایی بوو ڕابەری ھێرشەکەی لەئەستۆ گرت. ھێزی سەربازی ئیراق بە پاڵپشتی ھێزی درووست کراوی لە کوردی و پڕ چەک کراو بوون ئەم ھێزە نازناوی (جاش)یان وەرگرتبوو لەلایەن سەرانی ڕژێمی بەعس.

ھەزارەھا خەڵکانی بێ تاوان کوژران لەکاتی ئەم ھێرشەدا. ئەگەر چی سەرانی دەستەی بەرێوەبردنی کۆمەڵکوژییەکەی ئەم ھێرشە ھەر دەھات پانتایی ھێرشەکەیان فراوانتر دەبوو لە پاییزی ساڵی ١٩٨٧ەوە دەستی پێ کرد تا ساڵی ١٩٨٨، کاولکردنی نزیکەی ٤٥٠٠ لادێ ی و ٣١یان گوندی ئاشوریییەکانیشی گرتەوە، ئەم لادێیانەی کە کوشتارگەکە لێکەوتەوە دەکەوێتە باکووری عێراق، ئەنجامەکەی ڕاگواستنی ملیۆنێک لە دانیشتوانی لادێکان لەکۆی ٣٫٥ (سێ و نیوو) ملیۆن. لەساڵی ١٩٨٨ ڕێکخراوەی لێبووردنی نێونەتەوەیی ھەڵسا بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ناوی ١٧٠٠٠ کەسی بێ شوون کراو. بەپێی چاودێری مافی مرۆڤی/ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم کۆمەڵکوژییە تەرخان کرا بوو بۆ لەناوبردنی ڕەگەزی نەتەوەی کورد کە زۆری ڕەگەزی نێری گرتبوووە. و بەپێی ئاماری سەرانی ئەنجامدانی ئەم تاوانەی میری عێراق و دەسەڵاتدارانی ڕامیاری کورد کۆی گشتی ١٨٢,٠٠٠٠ کورد کۆمەڵکوژ کران.

قۆناغەکانی ئەنفالی کورد

[دەستکاری]

ئەنفال بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجام درا، بە ھەشت قۆناغ (ئەنفالی ١ - ئەنفالی ٨).

قۆناغی یەک

[دەستکاری]

ئەنفالی دۆڵی جافایەتی، لە ٢٣ی شوبات تا ١٩ی ئازاری ١٩٨٨. ئەم شاڵاوە بە ھێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵووبەرگەڵویی دۆڵی جافایەتی لە ٢٣شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێ کرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی (٨٠)کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لەو شوێنەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم ھێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی (٢٥–٣٠) گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی باراگاکانی سەرکردایەتی ھێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە. ئەم ھێرشە بەربڵاوە بوو بۆ سنووری شارۆچکەکانی (سوورداش، دوکان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا)ی گرتەوە، بەسەر پەرشتی وەزیری بەرگری (سوڵتان ھاشم) بوو. ھێزی سەربازی بەشدار بووی ئەم شاڵاوە پێکھاتبوون لە (٢٠) لیوا شەست ھێزی سەربازی. لەم ھێرشەدا نوێترین چەکی قورس بەکارھێنرا کە بوونە ھۆی وێرانکارییەکی زۆر ناوچەکە، لە ئەنجامدا بووە ھۆی وێرانکردنی گوندەکانی (قمچۆغە، مالومە٫ چۆخماخ٫ سەرگەڵو٫ یاخسەمر٫ شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەوشارستێن) ھەروەھا چەندین لادێی تر. بەم شێوەیە ھیچ کام لەم گوندانەی ئەم ناوچەیە ڕزگاریان نەبوو، و ئەوانەی مابوونەوە تووشی تاڵانکردن ھاتن. سەرجەمی خەڵکی ئەو ناچەیە بەرەو ئێران ھەڵاتن، ھەندێکیشیان بەرەو سلێمانی چوون.

قۆناغی دوو

[دەستکاری]

لە ٢٢ی ئازار تا ١ی نیسانی ١٩٨٨. ئەم ھێرشە ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لەم گوندانە (تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربندباسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تری گوند و ئاوەدانییەکانی ئەم ناوچە جوگرافیایەی گرتەوە. سەرەتای ھێرشەکە بە کیمیاباراندەستی پێ کرد و چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو بە ئەنجام بەشێوەیەکی زۆر سەخت کیمیاباران کرا، و ئەم کارەش بووە ھۆی دووبارە ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە کە بەشێکیان بەرەو سلێمانی ڕایان کرد، زیانیان کەم بوو بەڵام ئەو کۆمەڵەیەی بەرەو خوارووی گەرمیانڕایانکرد ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکران کە دواتر شوێنبزرکران. لە ئەنفالی قەرەداغ ئەو ھاووڵاتییە کوردانەی کە گیران یان خۆیان بەدەستەوەدا، بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوویان)گواسترانەوە، کە نزیکەی ھەشت ھەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی (تۆبزاوە) لە نزیک کەرکووک. ئینجا لەئەوێوە گەنجەکان لەوانی تر جیاکرانەوە بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانە کران، ئەوەی مانەوە لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ بەندیخانەی بەناو (نوگرەسەلمان)ی ناردران و زیندانی کران کە دەکەوێتە بیابانی سەماوە، لەو بەندیخانەیە ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لە برسان و تێنوێتی و نەخۆشی دەمردن و تەرمەکانیان فڕێدەدرانە دەرەوی زیندانەکە.

قۆناغی سێ

[دەستکاری]

لە ٧ تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨. شاڵاوی ئەنفالی سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین ھێرش و پەلامار بوو لە ساڵی (١٩٨٨) بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی (دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر)ی گرتەوە. زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و دارایی بە دانیشتووانی نزیکەی (٥٠٠٠) پێنچ ھەزار گوندی ئەم ناچەیە گەیاند، لە(١٤ی نیسانی ١٩٨٨) دا چوار شارۆچکەی لە یەک کاتدا خاپوور کرا، نزیکەی بیست ھەزار ژنومنداڵوپیاوی بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە ھەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان. ھۆی زۆری ژمارەی گیران و شوێن بزرکراوەکانی گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی بەھۆی فەرماندارییەتی چەمچەماڵ بە ڕێگای چەند کەسانێکەوە بڵاویان کردبووەوە، کە میری قەرەبووی ھەر خێزانێک بە(٣٠٠) مەتر دووجا زەوی لەگەڵ قەرزی عقاری دەداتە گوندنشینەکان. ئەمەش وای کرد، کە خەڵکەکە ھێمن ببنەوە و ڕانەکەن بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەستگیر کران.

قۆناغی چوار

[دەستکاری]

ئاوگەی زێی بچووک، لە ٨ی نیسان تا ٣ی ئایاری ١٩٨٨. ھێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوێن بزری لێکەوتەوە. لە ھێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان بە ھەمان شێوە. جوگرافیای ئەم شاڵاوە ئاوگەی زێی بچووک بوو، کە ھێڵی سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و ھەولێر پێک دەھێنێت. ئەو ئاوگەیە شارۆچکەکانی ڕێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆییی وتەق تەق و شێخ بزێنی گرتەوە. سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی (٣ی ئایاری ١٩٨٨) دەستی پێکرد بەھۆی فڕۆکەجەنگیەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەی ناوچەکە باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە نزیکەیی (٣٠٠) کەس دەخەمڵێنرێن، ھاوکات گوندی (عەسکەری) بە ھەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردوومان کرا. بۆ ڕێگرتن لە دەرباز بوونی دانیشتووانی گوندەکانی (گۆپتەپە) و (عەسکەر) و (حەیدەربەگڕژێم ئاوی بەنداوی دوکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵک نەتوانن لە زێیکە بپەڕنەوە و ڕزگار ببن.

قۆناغی ٥ و ٦ و ٧

[دەستکاری]

دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندز، لە ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئابی ١٩٨٨. سەرەتای ھێرشەکە لە ١٥ی ئایاری ١٩٨٨ بوو، کە دوا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو. چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی، بووە ھۆی گیان لەدەستداانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی گوندەکان و مرداربوونی ئاژەڵەکانیان. توندترین ھێرشی سوپای عێراق بوو بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان، بڵام زیانی گیانی بە بەراورد لەگەڵ ھێرشەکانی پێشوو کەمتربوو، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەر بە پارێزگای ھەولێر چۆڵ کرابوون، خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوون. گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی (بلەی خوارو) کەوت، خەڵکەکەی شوێن بزر کران، لە ڕۆژی ٧ی حوزەیران شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی ھات.

سەرەتای ئەنفالی شەش لە (٢٦ی تەمموز) بە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی ھیران و سماقولی بە چەکی کیمیاوی دەستی پێکرد خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لەلایەن میریییەوە ناوچەکە داگیرکرا، داوایان لە خەڵکی ناوچەکە کرد کە خۆیان بە دەستەوە بدەن، لێبووردنی گشتی ھەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە ھەڵخەڵەتان، خۆیان دا بەدەستەوە، دوای گرتنیان شوێن بزر کران. لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەنالەکانی (٥، ٦، ٧)، (٥٢) گوند لە ناحیەی خەلیفان و ڕەواندز و خۆشناو وێران کران، کە سەرجەم خێزانکانیان (٢٦٠٢) کەس بوو.

قۆناغی کۆتایی

[دەستکاری]

بادینان، لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨. لە دوای وەستانی شەڕی عێراق-ئێران، دوای شاڵاوەکانی ئەنفال لە (٨ی ئازی ١٩٨٨) دەستی پێکرد، سوپای ئێراق) دەستی واڵا بوو بۆ ئەنفال کردنی ناچەی بادینان. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ) گرتەوە. سەرەتا ناوچەکە بۆردوومان کرا لەلایەن سوپای عێراق بە (بۆمبی ھێشویی کیمیایی). خەسترین ھێرشی بۆمبی کیمیایی ھێشوویی لە (٢٤ی ئاب) بۆ سەر گوندی سپینداری لە قەد پاڵی چیای گارە بوو، کە بە درێژایی (٣٠) کم شێنەکە بۆردوومان کرا؛ بەڵام ژمارەی قوربانییەکان لە چاو ئەم بۆردومانە چڕە کەم بوو ئەویش بەھۆی کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئاگاداری خەڵکی ناوچەکەی کردبوو بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی خۆپاراستن، بەڵام ھەرچی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەکەیان بوو قڕیان تێکەوت، کێڵگەکانیش لە بەرھەم کەوتن.

ڕۆژی یادکردنەوە

[دەستکاری]

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٤ی نیسانی کردووە بە ڕۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژیی ئەنفال. (لە کاتێکدا لە ڕۆژی ٢٢ی شوبات شاڵاوەکە دەستی پێکرد بۆ سەر دۆڵی جافایەتی)

وڵاتانی جیھان

[دەستکاری]
ژ وڵات ڕۆژی ناساندن ژێدەر
١  نەرویژ ٢١ی تشرینی دووەم ٢٠١٢ [٢]
٢  سوێد ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ [٣][٤]
٣  شانشینی یەکگرتوو ١ی ئازار ٢٠١٣ [٥]
٤  کۆریای باشوور ١٣حوزەیرانی ٢٠١٣ [٦]

بە عەرەب کردن

[دەستکاری]

بە عەرەب کردن یان تەعریب، یەکێکی تر بوو لە ڕەگەزەکانی ئەنفال، ڕێکارێک بوو کە لەلایەن ڕژێمەکەی سەددام حسێنەوە بەکاردەھات بەمەبەستی شاربەدەر کردن و دەرکردنی ئەو دانیشتووانانەی لایەنگری شۆڕشگێرەکان بوون بۆ دەرەوەی شار و گووندەکان و نیشتەجێ کردنیان لە بەشەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، نموونە لەسەر ئەم دیاردەیە وەک شاری کەرکووک کە دەکەوێتە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە کێلگە نەوت.

ھەڵمەتی ئەنفال ھەڵدەستا بە بەکارھێنانی نیشتەجێ کردنەوەی دانیشتووان بەشێوەیەکی توند و زۆر بەتایبەتی لە کەرکووک دا کە ئێستا بووەتە بەڵا و ئاستەنگ لە دانووستانەکانی نێوان میریییەکانی کوردستان و عێراق دا. ڕژێمەکەی سەددام حسێنی بەعسی ھەستا بە بنیادنانی چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون و خانووبەرە لە کەرکووک وەک بەشێک لە ھەڵمەتەکانی «بە عەرەب کردن» و گواستنەوەی عەرەبە ھەژارەکانی ناوچەکانی باشووری عێراق بۆ ناو کەرکووک لەڕێی پێدانی خانووبەرەی ھەرزان و کەم نرخ.

بەشێکی تر لە ھەڵمەتەکانی «بە عەرەب کردن» بریتیی بوو لە ئەنجامدانی سەرژمێری تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧ و ئەو ھاووڵاتیانەی بە ھەر ھۆکارێک بێت نەیاندەتوانی بەژدار بن چیتر وەک ھاووڵاتی عێراقی لە پێنووس نەدەدران. زۆربەی دانیشتووانە کوردەکان کە زانیان سەرژمێری بەرێوە دەچێت ئامادە نەبوون بەژداری بکەن.

کوردانی عێراق ھێشتا بە توندی دژ و ناکۆکن لەگەڵ ئەو عەرەبانەی بوونەتە دانیشتووی ناوچە و گەرەکەکانی کەرکووک کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا ڕێگەیان پێدرابوو و بە ئاستەنگێک دەیبینن بۆ ناساندی کەرکووک وەک شارێکی کوردی و بەشێک لە ھەرێمی خۆبەرێوبەری کوردستان. تۆمارکراوە کە فەرماندەی باڵا (وەفیق ئەلسامەرائی) وتوویەتی «دەتوانیت نیو ملیۆن کورد لە ھەولێر بکوژیت ھیچ ناگۆرێت و ھەر بە کوردی دەمێنێتەوە بەڵام ئەگەر ٥٠ ھەزار کورد بکوژیت لە کەرکووک ئەوا بۆ ھەتا ھەتایە دۆزی کورد کۆتای پێدێت.»

ئامارەکان

[دەستکاری]

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی ئەنفال دا میریی عێراقی ئەم کردەوانەی ئەنجام داوە:

  • بە کۆمەڵ کوشتنی ٥٠ ھەزار بۆ ١٠٠ ھەزار کەسی سڤیلی بێ چەک کە لە نێوانیان دا ژن و منداڵیش ھەبوون.[١] بەڵام سەرچاوە کوردییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەکە ١٨٢ ھەزار کەسە.
  • لەناوبردن و وێرانکردنی نزیکەی ٤ ھەزار گوند (لە کۆی ٤٬٦٥٥ گوند) لە ھەرێمی کوردستان. لە نێوان نیسانی ساڵی ١٩٨٧ تا ئابی ١٩٨٨، ٢٥٠ شارۆچکە و گوند کەوتبوونە ژێر ھێرشی چەکی کیمیایی.[٧]
  • لەناوبردنی ١٬٧٥٤ قوتابخانە، ٢٧٠ نەخۆشخانە، ٢٬٤٥٠ مزگەوت و ٢٧ کڵێسا.[٨]
  • لەناوبردنی نزیکەی لە ٩٠٪ ی گوندە کوردییەکان لە ناوچە ئامانجدارەکان دا.
  • ٢ ھەزار لە خاچ پەرستە ئاشوریییەکان لەگەڵ کورد و پێکھاتەکانی دیکەی کردە قوربانی گازە ژەھراویییەکان.[٩]

ھەڵمەتەکانی نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٩ ناسراوە بەم سەرپێچیانەی مافەکانی مرۆڤ:

  • دادگای کردنی بەکۆمەڵ و دیارنەمان و ون بوونی دەیەھا ھەزار لە کەسانی مەدەنی بێ چەک کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ و ژنیان تێدابوو؛ و ھەندێک جار تەواوی دانیشتووانی گوندێک ون دەبوون و دیان نەدەمان، تەنھا لە ساڵی ١٩٨٨ دا ١٧ ھەزار کەس دیار نەماون و ون بوون.
  • بەکارھێنانی زۆری چەکە کیمیاوییەکان بە گازی خەرتەل و سارین لەسەر شارۆچکەی ھەڵەبجە چەندەھا گووندی تر کە بووە ھۆی کوژرانی ھەزارەھا کەس بەتایبەتی ژن و منداڵ.
  • لەناوبردنی بە کۆمەڵی ٢ ھەزار گوند کە لە بەڵگەنامە فەرمییە حوکمییەکانی ئەو سەردەمە دەستەواژەکانی «سوتێنراو، وێرانکراو، ڕووخێنراو و خاوێنکراو»ی بۆ بەکارھاتبوو، لەگەڵ لەناوبردنی چەندەھا شارۆچکە و ناوەندی کارگێری گەورەتر (قەزا و ناحیە). کە لە پێشتر لە ساڵی ١٩٧٥ دا، ٤ ھەزار گوند لەسەر دەستی حوکمەتی پێشووتری عێراق وێران کرابوو.
  • لە ساڵی ١٩٨٩ دا، ئەندازیارانی سوپا ھەستان بە وێرانکردنی کۆتا شارۆچکەی کوردی نزیک بە سنووری ئێران (قەڵادزێ) کە دانیشتووانەکەی ٧٠ ھەزار کەس بوو پێش ئەوەی خاپوور بکرێت و دواتر ھەموو ناوچەکە و چواردەوری بە «ناوچەی قەدەغەکراو» مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرا.[١٠]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «TRIAL: Profiles». Trial-ch.org. لە ڕەسەنەکە لە ٨ی نیسانی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣١ی ئابی ٢٠١٣ ھێنراوە. ٨ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ «Norwegian Government recognises Saddam Hussein's genocide – Justice4Genocide calls on the British Government to do the same». 21 November 2012. لە ڕەسەنەکە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە 26 April 2015 ھێنراوە. {{cite news}}: زیاتر لە یەک دانە لە |ناونیشانی ئەرشیڤ= و |archive-url= دیاری کراوە (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= و |date= (یارمەتی)
  3. ^ «Is Swedish neutrality over?». 11 December 2012. لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە 24 April 2019 ھێنراوە. {{cite news}}: زیاتر لە یەک دانە لە |ناونیشانی ئەرشیڤ= و |archive-url= دیاری کراوە (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= و |date= (یارمەتی)
  4. ^ «Swedish Parliament recognises Saddam Hussein's genocide – Justice4Genocide calls on Britain to do the same». 14 December 2012. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە 26 April 2015 ھێنراوە. {{cite news}}: زیاتر لە یەک دانە لە |ناونیشانی ئەرشیڤ= و |archive-url= دیاری کراوە (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= و |date= (یارمەتی)
  5. ^ «British parliament unanimously recognises Kurdish genocide». 1 March 2013. لە ڕەسەنەکە لە 4 March 2016 ئەرشیڤ کراوە. لە 26 April 2015 ھێنراوە. {{cite news}}: زیاتر لە یەک دانە لە |archivedate= و |archive-date= دیاری کراوە (یارمەتی); زیاتر لە یەک دانە لە |archiveurl= و |archive-url= دیاری کراوە (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate=، |date=، و |archive-date= (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی |deadurl= چاوپۆشیی لێ کرا (|url-status= پێشنیار کراوە) (یارمەتی) ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ «South Korea recognizes Kurdish genocide». 13 June 2013. لە ڕەسەنەکە لە 26 April 2015 ئەرشیڤ کراوە. لە 26 April 2015 ھێنراوە. {{cite news}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate=، |date=، و |archivedate= (یارمەتی) ٢٦ی نیسانی ٢٠١٥ لە Archive.is، ئەرشیڤ کراوە
  7. ^ Michael Rubin, Are Kurds a pariah minority? 13 June 2008 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە. Social Research, Spring, 2003.
  8. ^ «List of the churches been demolished by Saddam Hussein's regime» (PDF). Capiraq.org. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣١ی ئابی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  9. ^ The Crimes of Saddam Hussein – 1988 The Anfal Campaign PBS Frontline
  10. ^ The Assyrian Heritage: Threads of Continuity and Influence. Uppsala University. ٢٠١٢. p. ٢٨٩. ISBN 978-91-554-8303-6. {{cite book}}: پارامەتری نەناسراوی |authors= چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی)