چەکی کیمیایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چەکی کیمیایی تەقەمەنییەکی تایبەتمەندە کە ماددە کیمیاییەکان بەکاردەهێنێت کە بۆ مردن یان زیانگەیاندن بە مرۆڤ دروستکراون. بەگوێرەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ئەمە دەتوانێت هەر پێکهاتەیەکی کیمیایی بێت کە مەبەست لێی چەک بێت یان پێشەنگەکەی کە ببێتە هۆی مردن، برینداربوون، بێتوانایی کاتی یان خورانی هەستیاری لە ڕێگەی کردەوە کیمیاییەکەیەوە. تەقەمەنی یان ئامێری تری گەیاندن". کە بۆ گەیاندنی چەکی کیمیایی داڕێژراون، چ پڕکراو بێت یان پڕنەکراو، هەروەها خۆیان بە چەک دادەنرێت.[١]

مێژووی بەکارھێنانی ئەم چەکە[دەستکاری]

پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی[دەستکاری]

پەیماننامەیەکە کار دەکات بۆ دانانی بەربەست و سنوورێک بۆ بڵاو بوونەوە و ھەڵگرتن و فرۆشتن و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، بەواتایەکی تر و ناوە ڕاستەقینەکەی کۆنگرەی بەرھەڵستی کردن لە گەشەپێدان و بەرھەمھێنان و بڵاو بوونەوە و ھەڵگرتن و فرۆشتن و بەکار ھێنانی چەکی کیمیایی، ئەم پەیماننامەیە لەلایەن ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) Organization for the prohibition of chemical weapons) بەڕیوە دەبرێت، کە ڕیکخراوێکی نێو دەوڵەتییە، بارەگاکەی لە دانھاغ/لاھای وڵاتی ھۆڵەندایە، کە ئامانجی سەرەکیی قەدەغەکردنی بەرھەمھێنان و بەکارھێنان و لەناوبردنی چەکی کیمیایییە،

لەدرێژەی کار و جالاکییەکانی لەبواری لەناوبردنی چەکی کیمیاویدا، تا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١١ لەلایەن opcw و ڕیژەی %٧١ ھەڵگیراوی چەکی کیمیاوی لەناو ببات بەشێوەی زانستی، ھەروەھا زۆربەی دامەزراوە کیمیایەکانی لەکار وەستاندوە، تا ئابی ٢٠١٠، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٣دا سەرپەرشتی لەناو بردنی چەکە کیمیاوییەکانی ڕژێمی ئەسەدی لە سووریا لەئەستۆ گرتووە خەریکە دەیانگوازێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو تاکوو لەناو ببرێن.

ھەروەھا خەڵاتی ئاشتی ساڵی ٢٠١٣ درا بە ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، تا ئێستا ١٨٩ وڵات پەویوەست بوون بە ڕیکخراوەوە،

ھەر ١٨٩ دەوڵەت کۆمەکی دارایی ئەم ڕیکخراوە دەکەن بەشێوەی خۆبەخش، ئەمیندارێتی گشتی پێک دێت لە ٥٠٠ فەرمانبەر کە ٢٠٠ کەسیان پشکنەرن و لە ٧٠ ڕەگەزنامەی جیاوز بەشدارن زمانی فەرمیی ڕیکخراو وەک نەتەوەیەکگرتوەکان (ئینگلیزی، فەرەنسی، عەرەبی، چینی، ئیسپانی، ڕوسییە).[٢]

کۆمەڵێک سەربازی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی جەنگی جیھانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨

مێژووی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی[دەستکاری]

لە پرۆتۆکۆڵی جنێف ١٧ی تەممووزی ١٩٢٥ ھاتووە دەڵیت: «بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە چەکی کیمیایی گازی خنکێنەر و ژەھراوی و چەکی بایۆلۆجی-بەکتریۆلۆجی لەکاتی جەنگدا بەکار بێت.» ھەروەھا لە نیسانی ١٩٧٢ جارێکی تر پشت ڕاست کرایەوە کە چەکی بایۆلۆجی بە ھەموو شێوەیەک بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی قەدەغەیە، لە ساڵی ١٩٦٨ و دوای پێکھێنانی لیژنەی داماڵینی چەک باس و خواستی چەکی کیمیایش ھاتە گۆڕی پاشان لە کۆنگرەی داماڵینی چەکدا ساڵی ١٩٨٤ ھەم دیسان باسی لێوەکراوە، لە ساڵی ١٩٩٢ دا کۆنگرەی داماڵێنی چەک لەژێر جاودێریی نەتەوەیەکگرتوەکان بەتەواوی باسی لە نەھێشتنی چەکی کیمیایی کرد، و لە ٣٠ ئەیلوول ١٩٩٢ دا کۆمەڵەی گشتیی نەتوەیەکگرتوەکان پشتراستی کردوە و واژووکرا، پاشان لە ڕێکەوتننامەی پاریسدا لە ساڵی ١٩٩٣ بەتەواوەتی چەسپا و کەوتە بواری جێ بەجێ کردنەوە و دوای دامەزراندنی ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW لەسالی ١٩٩٧، ئەم ڕێکەوتننامە لەسەر ئاستی جیھان جێ بەجێ دەکرێت.

بەندەکانی پەیماننامەکە[دەستکاری]

بەندەکانی ڕیکەوتتنامەکە زۆر دوورودرێژ و ئاڵۆزن دەکرێت لەکاری مەیدانی دا سوودیان لێ ببینرێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەم خاڵانەدا کۆدەبێتەوە:

  • قەدەغەکردنی بەرھەمھێنان و بەکار ھێنانی چەکی کیمیایی
  • لەناوبردنی ھۆکاری بەرھەمھێنانی چەکی کیمیایی (ئامیرو کارگەکان)
  • لەناو بردنی ھەموو چەکە کیمیایییەکان
  • ھاوکاری و یارمەتیدانی یەکتری لەنێو دەوڵەتانی ئەندام لەڕیکخراوەکەدا لەکاتی بەکارھێنانی چەکی کیمیایدا
  • دانانی سیستەمێکی پشکنین بۆ ئەو ماددە کیمیایانە کە لە دروستکردنی چەکی کیمیایدا بەکار دەھێنرێن و قەدەغەکردنیان
  • کۆمەک و ھاوکاری جیھانیی بۆ بەکارھێنانی ماددەی کیمیا بە ئاشتیانە لە نێو دەوڵەتانی ئەندامدا

وڵاتانی ئەندام: زۆربەی وڵاتانی جیھان ئەندامن کە دەگاتە ١٨٩ وڵات تەنھا (ئەنگۆلا، باشووری سودان، میسر، کۆریای باکوور، سۆمال. میانمار، ئیسرائیل) ھەروەھا دەیان ڕیکخراوی بواری جینۆساید لەسەرانسەری جیھان ساڵانە بەشداریی کۆنگرەکانی ئەم ڕیکخراوە دەکەن وەک جاودێریی قوربانیان سەردەشت یەکەم ڕیکخراوی کوردی بوو کە بەشداریی کردووە لە کۆبونەوەکانی opcw,، پاشان چاودێریی کوردۆساید و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە. کوردستان بێ جینۆساید.. ھتد، ساڵانە لە مانگی یازدەی ھەموو ساڵی کۆنگرەی قەدەغە کردنی چەکی کیمیایا لە لاھای دەبەسترێ

لە ساڵانی پێشوودا کوردان لە ھۆلەندا لە گۆرەپانی OPCW یادی ھەڵەبجەیان دەکردەوە، و داوکارییان ئەوە بوو کە کیمیا بارانی ھەڵەبجە بە جینۆساید بناسرێت، و لۆگۆیەکیش بەو بۆنەیەوە دروست کراوە، ھەروەھا پێشنیار کراوە لە ساڵی ٢٠١٤ کۆنگرەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لەشاری ھەڵەبجە ببەسترێت

لەدوای ئاڵۆزییەکانی ناو سووریا لە سالی ٢٠١١ و وڵاتی سووریا مل کەچی واژووکردنی ئەم پەیماننامە بوو لە ساڵی ٢٠١٣، و بووە ئەندامی ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، کەزیاتر لە ١٣٠٠ تەن چەکی کیمیایی جۆراو جۆری ھەبوو، و لەئیستادا ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لیژنەی تایبەتی ناردوە بۆ پشکنین و گواستنەوەی چەکە کانی سووریا بە مەبەستی لەناو بردنیان. ئێستا لە قۆناغی گواستنەوەدان، و ھەندێ وڵات ئامادەی دەربڕیوە کە ئەو چەکانە لە وڵاتەکەیدا بەشێوەی زانستی لەناو ببرێت وەک ئەڵمانیا، وا بڕیارە تاکوو حوزەیرانی ٢٠١٤ ھەمو چەکە کیمیاوییەکانی سووریا لە ناوببرێن.

شایەنی باسە ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە چەکی کیمیایی فرۆشت بە ڕژێمی سووریا ھەروەک پێشتر بە عێراقی فرۆشت.

ئامانجەکانی ڕیکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی:

وەک چۆن لە پێناسەی ڕیکخراوەکە ھاتووە (گەشەپیدان، و بەرھەمھێنان، عەمبارکردن (ھەڵگرتن)، بەکار ھێنان، بلڵاکردنەوە، فرۆشتن، ھتد) لەئامانجەکانییەتی. ھەوڵدان بۆ بانگھێشتکردنی دەوڵەتان تاکوو پەیوەست بن بە ڕیکخراووەکەوە و پەیماننامەکە واژوو بکەن، و چاودێریی کردنی لەناوبردنی چەکی کیمیایی، ھەوڵدان بۆ پاراستنی ئەو وڵات و لایەنانەی کە مەترسیی لێدانی چەکی کیمیاییان ھەیە لەلایەن دەوڵەتانەوە یان تیرۆرستانەوە، ھەروەھا کارکردن بۆ دروستکردنی ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ بەکارھێنانی کیمیا بۆ مەبەستی ئاشتی.

پێکھاتەی ڕیکخراوەکە:

ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی پێک دێت لە سێ دامەزراوە:

  1. کۆنگرەی دەولەتانی بەشدار: دامەزراوەیەکە پێک دێ لە ھەمو دەولەتانی ئەندام. سەرپەرشتی ڕیکخستنی کۆبونەوەو کۆنفرانسی ساڵانە و کۆبونوەی نائاسایی دەکات، و کۆبونەوەی پینج سالە بۆ زانینی کاریگەری ڕیکەوتتنامەکە، ھەوەوەھا چاودێرانی نەتەوەیەکگرتوەکانیش بەشدارن لەم دامەزراوەیەدا،
  2. ئەنجومەنی جێ بەجێ کردن: لە ٤١ ئەندام پێک دێت. بەرپرسە لەبەردەم کۆنگرەدا بۆ جێ بەجێ کردنی ھەموو ئەوکارانەی کە دەکەوێتە ئەستۆی بەپێ ڕینمایەکانی کۆنگرە. لەساڵێکدا چوار جار کۆدەبیتەوە
  3. ئەمیندارێتی ھونەری: یارمەتیدەری کۆنگرەی دەوڵەتانی ئەندام ئەنجومەنی جی بەجێ کردن دەدات لەڕاپەڕاندنی کارەکاندا، بەتایبەت کاری لێکۆڵینەوە دەکات، پێک دێت لە ٥٠٠ فەرمانبەر، ھەروەھا پڕۆژەکارەکانی پێوست دەکات و پێشکەشی سەروی خۆی دەکات
  • وڵاتانی ئەندام لەم ڕیکخراوەدا پێوستە کە دەستەیەکی نیشتمانیی پێک بھێنن لە وڵاتی خۆیان کە ھاوکاری و ھەماھەنگی تەوای لەگەڵ لیژنەکانی پشکنینی ڕیکخراوی قەدەغە کردنی چەکی کیمیایی ھەبێ، لەکاتی پشکنینی دامەزراوە سەربازی گومان لێکراوەکانی چەکی کیمیایی لەو وڵاتەدا. ھەروەھا دڵنیایی کردن لە پابەندی گشت دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی وڵاا لە پابەندبونیان بە بەندەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایییەوە، و بڵاوکردنەوەی زانیاری پێوست دەربارەی ھاوردەو ناردەی بەرھەمەکانی کیمیا، چاودێریی بەردەوامی ھونەری بۆ جێبەجێ کردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە.

پێوستە لەسەر وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوەدا کە تەواوی بەندەکانی پەیماننامەکە جێ بەجێ بکەن لەسەر ئاستیی نیشتمانی، ئەویش بە دانانی یاسا و ڕێسای تایبەت بە پەیمانامەکەو بڵاوکردنەوەی تا ھەمووان ھۆشیارییان ھەبێت لەسەری؛ و ھەروەھا ھاوکاری و پشتیوانی یەکتری بکەن بۆ جێ بەجێ کردنی بەندەکانی پەیماننامەکە، ھەروەھا دروستکردنی تۆڕی ھاوکاری لەلایەن شارەزایانی یاساوە لە ناو دەوڵەتانی ئەندام تاکو ھۆشیاری تەواو بڵاو بێتەوە لەناو خەڵکدا کە ھەموو ئەوانە سزا دەدرێن لەکاتی بەرھەمھێنان و عەمبار کردن و بەکار ھێنانی چەکی کیمیای دا.

بەپێی پەیماننامەکە ڕیکخراو بۆی ھەیە کە تیمی پشکنین دروست بکات و گومانی لەھەر وڵاتێک ھەبێ پشکنینی بۆ بکات تاکوو چەکە عەمبارکراوەکان و بەرھەم ھینراوەکان لەناو ببات، پێوستە لەسەر ھەموو دەوڵەتانی ئەندام کە مل کەچی بڕگەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بن.

  • وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکەوتننامەدا، ئازادن لە وازھێنان لەم ڕیکخراوە، کاتێک بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان ئەوە دەخوازێت، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ بانگھێشتکردنی وڵاتانی (ئیسرائیل، میسر، باسوری، سودان، ھتد…) بۆ واژوو کردنی ڕێکەوتننامەکەو بوون بەئەندام لە opcw.

زۆرێک لە وڵاتان لەئێستادا ناوی ئەو ماددە کیمیایانەیان بڵاو کردووەتەوە کە قەدەغەیە بازرگانیی پێوەبکرت. چونکە لە بواری دروستکردنی چەکی کیمیایی دا بەکار دەھێنرێن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Vilches, Diego; Alburquerque, Germán; Ramirez-Tagle, Rodrigo (July 2016). "One hundred and one years after a milestone: Modern chemical weapons and World War I". Educación Química (بە ئینگلیزی). 27 (3): 233–236. doi:10.1016/j.eq.2016.04.004.
  2. ^ Carnes, Sam Abbott; Watson, Annetta Paule (1989-08-04). "Disposing of the US Chemical Weapons Stockpile: An Approaching Reality". JAMA. 262 (5): 653–659. doi:10.1001/jama.1989.03430050069029. ISSN 0098-7484. PMID 2746817.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]