بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ڕۆبێرت دی نیرۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕۆبێرت دی نیرۆ

دی نیرۆ لە فیستیڤاڵی فیلمیی کان، ٢٠١٦.
لەدایکبوون
ڕۆبێرت ئانتنی دی نیڕۆ جونیەر

(١٩٤٣-٠٨-١٧) ١٧ی ئابی ١٩٤٣ (تەمەن ٨٠ ساڵ)
نیویۆرک ستی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
شارۆمەندێتی
  • ئەمریکی
  • ئیتاڵی
پیشەئەکتەر، دەرھێنەر، بەرھەمھێنەر
چالاکبوون١٩٦٣ - ئێستا
ھاوسەردایان ئابۆت (ھاوسەرگیری ١٩٧٦؛ جیابوونەوە ١٩٨٨)
گرەیس ھای تاوەر (ھاوسەرگیری ١٩٩٧؛ ٢٠١٨)
مناڵ(ەکان)٦

ڕۆبێرت ئانتنی دی نیڕۆ جونیەر (لەدایکبووی ١٧ی ئابی ١٩٤٣) ئەکتەر، بەرھەمھێنەر و دەرھێنەرێکی ئەمریکییە. ئەو وەرگری دەیان خەڵاتی جۆراوجۆرە، لەنێویاندا دوو خەڵاتی ئۆسکار، یەک خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب لەپاڵ خەڵاتی ڕێزلێنانی سیسیل بی دیمیل و خەڵاتی پەیمانگای فیلمی ئەمریکی AFI، ھەروەھا شەش جار بۆ خەڵاتی بافتا و جوار جار بۆ خەڵاتی ئێمی و ساگ پاڵێوراوە. دی نیرۆ خاوەن پاسەپۆڕتی ئیتاڵیشە.

یەکەمین ڕۆڵە دیارەکانی دی نیرۆ لە ھەردوو فیلمی Bang the Drum Slowly (١٩٧٣) و Mean Streets (١٩٧٣) بوون. دواتر بۆ ھەردوو فیلمی Taxi Driver (١٩٧٦) و Cape Fear (١٩٩١) کە ھەردووکی لە دەرھێنانی سکۆرسێزی بوون، دووبارە بۆ خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورایەوە. دی نیرۆ ڕۆڵی ڤیتۆ کۆرلیۆنێی گەنجی پێدرا لە فیلمی The Godfather Part II (١٩٧٤)، کەوا توانی بەو ڕۆڵەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر بباتەوە. دووەم خەڵاتی ئۆسکاری بۆ فیلمی Raging Bull (١٩٨٠) لە دەرھێنانی ماڕتن سکۆڕسێزی کە تێیدا ی نیرۆ ڕۆڵی جەیک لامۆتای دەبینی تێیدا. دی نیرۆ بەردەوام بوو لە کاروانی ئۆسکار تاکو دووبارە بۆ خەڵاتی پاڵێوراوە ئەمجارە بۆ فیلمی The Deer Hunter (1978), Awakenings (١٩٩٠), لەگەڵ فیلمی Silver Linings Playbook (٢٠١٢). بۆ ڕۆڵەکانی لە فیلمی ھاوڕێیە چاکەکان (١٩٩٠) و پاشای کۆمێدی (١٩٨٣) دوو پاڵاوتنی خەڵاتی بافتا بەدەستھێنا.

ڕۆڵە دیارەکانی تری پێکاتوون لە Midnight Run (١٩٨٨), و فیلمی کۆمێدیای تاریکی Analyze This (١٩٩٩), و فیلمی کۆمێدی Meet the Parents (٢٠٠٠)، The Last Tycoon (1976), Once Upon a Time in America (1984), Brazil (1985), The Mission (1986), The Untouchables (1987), Heat (1995), Casino (1995), Ronin (١٩٩٨), جۆکەر (٢٠١٩), و ئێرلەندیەکە (٢٠١٩). ھەروەھا کاری دەرھێنانی بۆ فیلمەکانی A Bronx Tale (١٩٩٣) و فیلمی سیخوڕی The Good Shepherd (٢٠٠٦) کردووە.

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

دی نیرۆ لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لە دایک بووە. دایکی شێوە کێش و نەقاشێکی ئەڵمانی-فەڕەنسی و بە ڕەگەز ھۆلەندی بە ناوی ڤیرجینیا ئادمیراڵ بووە. باوکیشی ھەروەھا نەقاشێک بووە و بە ڕەگەز ئیتاڵی-ئیرلەندی، بە ناوی ڕۆبێرت دێ‌نیرۆ-ئێس‌ئاڕ.

دایک و باوکی کاتێ زۆر ساویلکە بووە لە یەک جودا بوونەتەوە و دێ‌نیرۆ لە گەڕەکی بچووکی ئیتاڵیەکان لە مەنھەتەن گەورە بوو.

لەبەر جستەی بچووک و بێ‌ڕەنگی سەروچاوی، لە مناڵیدا پێیان ئەوت بابی مێڵک. دی نیرۆ لەپێش دا پێی خۆش بوو بڕواتە خوێندنی ھونەر لە Little Red School House بەڵام دواتر دایکی لە The School of Performing Arts ناوی نووسی. ھەر ئەو خوێندنگەی وا ئەکتەری فیلمەکانی باوکی ئایینی‌ش پێوە بوو درێژە بە خوێندنی تێدا بدات. لە تەمەنی ١٣ساڵیدا دەر کرا و لە شەقامەکانی شار دەگەڵ پۆڵێک لاوانی ھاوتەمەنی خۆی بەڕەڵاییان ئەکرد. دێ‌نیرۆ ئەوەندەی پێی خۆش بوو بڕواتە کۆلێجی ھۆنەرەجوانەکانی ستێلا ئادلێر (لای خۆش بوو بڕواتە ستۆدیۆی ئەکتەری لی ستراسبێرگ.

ژیانی ھونەری[دەستکاری]

یەکەمین فیلمی دێ‌نیرۆ لە ساڵی ١٩٦٣ لە تەمەنی ٢٠ساڵیدا بە ھاوکاری دەگەڵ برایان دی پاڵما بە ناوی جەژنی زەماوەند درووست کرا ئەگەرچی فیلمەکە ھەتا ساڵی ١٩٦٩ نەڕۆشتە سەر پەردە. زیاتری تەمەنی لە ساڵانی ٦٠دا بە کار کردن لە سەر شانۆکان ڕابرد. لە ١٩٧٨ لە فیلمی ڕاوچی ئاسک (The Deer Hunter) دەوری بینی وەک قارەمانێکی شەڕی ڤیەتنام کە بۆ ئەوە بوو پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین ئەکتەر. دێ نیرۆ دوو جار خەڵاتی ئۆسکاری بردۆتەوە: جاری یەکەم ساڵی ١٩٧٤ وەک ئەکتەری یاریدەدەر لە شاکارەکەی فرانسیس فۆرد کۆپۆڵا باوکی ڕۆحی ٢ (The Godfather Part II) و جاری دووەم وەک ئەکتەری سەرەکی لە ڕۆڵیجەیک لامۆتالە فیلمی Raging Bull لەگەڵ مارتن سکۆرسێزی. ساڵی ١٩٨٤ بەشداری کرد لە فیلمی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەمریکا (Once Upon a Tme in America) کە داستانێکە یان ڕووداوێکە دەربارەی ھاوڕییەتی و خۆشەویستی پەنجا ساڵی نێوان پاڵەوانەکانی فیلمەکە دەدوێ. دوای بینینی دەوری یاریکەرێکی بەیسباڵ لە فیلمی ھێدی لە تەبڵەکە دە (Bang the Drum Slowly) لە ١٩٧٣دا ناو جەماوەر شوێنی تایبەتی خۆی دۆزیوە. ھەر لەو ساڵەدا ھاوکاری پڕئەنجامە‌کەی دەگەڵ سکۆرسیزی دەست‌پێ کرد بە بینینی دەوری لە فیلمی شەقامە پڕ تاوانەکان Mean Streets. لە ساڵی ١٩٧٤ بە بینینی دەوری سەرەکی لە فیلمی باوکی ڕۆحی The Godfather:Part II وەک سەردەمی لاوی ڤیتۆ کۆرلیۆن، لە دەرھێنانی فرانسیس فۆرد کۆپلا، ئەگەرچی تاقی‌کرابوە بۆ دەوری سۆنی کۆرلێۆنێ، مایکڵ کۆرلێۆنێ و کارلۆ ڕیزی لە بەشی یەکەمی باوکی ڕۆحیدا. زانستەکەی یەکەمین خەڵاتی ئۆسکاری بۆ دیاری ھێنا بۆ باشترین ئەکتەری پشتگیریکار، ئەگەرچی لە مەراسیمەکەدا کۆپلای دەرھێنەر لە جیاتی ئەو خەڵاتەکەی وەرگرت. دێ‌نیرۆ یەکەمین بەرندەی خەڵاتی ئۆ‌سکار بوو وا لە فیلمەکەدا بە زمانی ناوچەیەکی بیانی قسەی ئەکرد، زیاتر بە زاراوەی سیسیلی و چەن وشەیەک بە ئینگلیزی. دێ‌نیرۆ و مارلۆن بڕاندۆ تەنیا دوو کەسێک بوون وا بوونە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بن بۆ بینینی ڕۆڵی ھەمان کەسایەتی فیلمێک.

دی نیرۆ لەساڵی ١٩٨٨.

ناوبانگی ڕاستەقینەی ئەکتەری ناوبراو ئەو کاتە بە تەواوی دەرکەوت کاتێک ساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ دەرھێنەری ناسراوی بواری سینەما مارتن سکۆڕسێزی ڕێکەوت بۆ چەند فیلمێک، کە ئەو نزیکیەی نێوانیان بۆ ماوەی سێ گرێبەست بەردەوام بوو، ئەوان یەکەم کاریان بەیەکەوە بە Taxi Driver واتا شوفێری تەکسی دەست پێکرد ساڵی ١٩٧٦، پاشان بە Raging Bull ساڵی ١٩٨٠.

دی نیرۆ لە زۆرینەی فیلمەکانی دەوری کەسێک خاوەن کێشەی دەروونی بینیوە. بە تایبەت فیلمی شۆفیری تاکسی Taxi Driver بۆ دێ‌نیرۆ و نەخشاندنی بێ‌وێنەی نەخشەکەی، ھەتا ھەمیشە ناوی دێ‌نیرۆی پە‌یوەنددا بەو وتەی بە ناو بانگەکەی لە ناو فیلمەکەدا، "لەگەڵ منت بوو؟ (You talkin' to me). لە ساڵی ١٩٧٦ دەگەڵ ژێڕاڕد دێپاردیۆ لە فیلمێکی ژیاننامەییدا کە لە سەردەمی جەنگی جیھانی دووەم ڕوو ئەدا دەوریان بینی بە ناوی ساڵانی ١٩٠٠ (Novecento) لە دەرھێنانی بێرناردۆ بێرتۆلوچێلی کە باسی وێنەی منداڵی ھەتا پیری دوو کەسی ئیتاڵی لە دوو چینی کۆمەڵی جیاوازی دەکا.

کارەکانی دوایی[دەستکاری]

بەرپرسیار بوونی دی نیرۆ بۆ ڕۆڵەکانی کە لە شێوازی ئەکتەریە تایبەتەکەی سەرچاوەی ئەگرت، بوو بە ھۆی ستایشێکی فراوانی. دی نیرۆ ٢٧کیلۆ کێشی خۆی زیاد کرد و ھەروەھا فێر بوو چۆن باکس بکات بۆ نواندنی دەوری جەیک لامۆتا لە فیلمی گای تووڕە (Raging Bull)؛ ددانەکانی خۆی تیژ کرد بۆ فیلمی (Cape Fear)؛ ماوەی ٦مانگ لە سیسیل ژیانی بردە سەر بۆ باوکی ئایینی٢(The Godfather Part II)؛ ٣مانگ وەک شۆفیڕی تاکسی ئیشی کرد بۆ فیلمی شۆفیڕی تاکسی (Taxi Driver) و فێر بۆ چۆن ساکسیفۆن بژەنێ بۆ فیلمی نیۆیۆرک-نیۆیۆرک. شێوازە تایبەتەکەی دێ‌نیرۆ بۆ ئەکتەری ئەوە بوو کە لە تەواو تاکتیک و ھەستەکان و ئامێرەکانی وا توانای ھەبوو کەڵکی وەر ئەگرت. ھەر بۆیە بۆ نمونە لە فیلمی شۆفیڕی تاکسی لە سیناریۆ لای ئەدا بە زانین و بە شێوازی خۆی کایەی ئەکرد و بە فراوانیش لە لایەن دەرھێنەرەوە پەسند ئەکرا.

دی نیرۆ لە فیستیڤاڵی فیلمی کان، ٢٠١١.

دی نیرۆ بەشداربووە لە چەندین فیلمی کۆمێدیش لەنێویاندا ھەڵاتنی نیوەشەو Midnight Run لە ١٩٨٨، کاتی نمایش Showtime لە ٢٠٠٢، دوانەی سەرکەوتووی ئەمە لێکدەوە (Analyze This)لە ١٩٩٩ و ئەوە لێکدەوە (Analyze That)لە ٢٠٠٢، ھەروەھا دوانی سەرکەوتووی شادبوون بە خێزانەکە (Meet the Parents) لە ٢٠٠٠ و شادبوون بە خێزانی فۆکەرەکان (Meet the Fockers)لە ٢٠٠٤ و فۆکەرە بچووکەکان (Little Fockers) لە ٢٠١٠.

لە ١٩٩٥دا دێ‌نیرۆ لە فیلمێکی پۆلیسی (Heat) لە دەرھێنانی مایکڵ مان، لەگەڵ ھاوڕێ و ئەکتەری دێرین ئەل پاچینۆ پێکەوە ڕۆڵ دەبینین و سەرنجی ڕەخنەگرانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا ئەو دوو ئەکتەرە بە ناو بانگە لە فیلمی باوکی ئایینی٢دا پێکەوە دەوریان بینیوە بەڵام لە چ دیمەنێکا پێکەوە نەبوون. بەڵام لەم Heatدالە چەند دیمەنێکدا پێکەوەن. فیلمەکانی دواتری دی نیرۆ پێکھاتبوون لە ڕۆڵی لویس گارا لە فیلمی جاکی بڕاون لە دەرھێنانی کوێنتین تارانتینۆ. و فیلمەکانی Men of Honor (٢٠٠٠)، Stardust (٢٠٠٧) و شادبوونەوەی لەگەڵ ئال پەچینۆ بۆ فیلمێکی تری پۆلیسی بەناوی کوشتنی پاک (Righteous Kill). چوارەمین فیلمیان بەیەکەوە فیلمی ئێرلەندیەکە (The Irishman) بوو کە تێیدا دی نیرۆ ڕۆڵی فڕانک شیڕن دەبینێت تێیدا و دووبارە پێشوازیەکی گەرمیان لێکرا لەلایەن ڕەخنەگرانەوە. ھەروەھا دی نیرۆ لە ڕۆڵی موڕەی فڕانکلیندا دەرکەوت لە فیلمی جۆکەر (٢٠١٩).

دەرھێنانی فیلم[دەستکاری]

لە ١٩٩٣دا دێ‌نیرۆ فیلمێکی درووست کرد بە ناوی چیرۆکێکی بڕۆنکس(A Bronx Tale)، کە تێدا باس لە سەردەمی مناڵی کوڕێک دەکرێ لە ٧٠ساڵ پێش ئێستا لە نیۆیۆرک‌دا و پەیوەندیەکانی دەگەڵ تاوانبارێکی گەڕەک بە ناوی سانی. دێ‌نیرۆ بۆخۆی لە فیلمەکەدا وەک باوکی مناڵەکە دەور ئەبینێت.

ئیتر تا ساڵی ٢٠٠٦ فیلمێکی دەرنەھێنا. لەو ساڵەدا فیلمێکی دروست کرد بە کایەی مات دەیمن و ئەنجلینا جۆولی، سەبارەت بە چەن و چوونەکانی ناو دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی (CIA) لە سەردەمی جەنگی جیھانی دووەم و شەڕی سارد، لە دیتنی کاربەدەستێکی باڵاوە. دێ‌نیرۆ بۆخۆی ھەر دیسان لە فیلمەکەدا دەوری بینیوە وەک جەنەڕاڵێک.

لە ھەردوو فیلمەکەی‌دا پەیوەندی دەگەڵ ژنانی ڕەش‌پێست ھەبووە. لە دونیای ڕاستی‌دا بۆخۆی دەگەڵ چەن ژنی ئەفریقی پەیوەندی ڕۆمانسی ھەبووە.

ڕۆبێرت دی نیرۆ لەگەڵ ھاوسەرەکەی

ژیانی تایبەت[دەستکاری]

دی ‌نیرۆ لە ساڵی ١٩٨٩ بەم لاوە لە شاری نیۆیۆرک ژیاوە ھەرگیز بۆی نەکراوە بە تەواوی لە لۆس ‌ئانجلێس ژیان بەرێتە سەر. ھەربۆیە لە نیۆیۆرک لە چەند شوێنی وەک ڕێستورانت و ھۆتێل سەرمایەی داناوە.

لە ساڵی ١٩٩٧دا دێ‌نیرۆ بۆ جاری دووھەم ژیانی ھاوسەری پێک ھێنا. ژنەکەی ناوی گرەیس ھایتاوێر و ھەتا ئێستاش ھەر پێکەوەن. ئێستا لە شوێنەک لە نزیکی نیۆیۆرک ژیان ئەبەنە سەر. کۆڕەکەیان بە ناوی ئێلیە تلە ساڵی ١٩٩٨دا ھاتە دونیا. جگە لە ئێلیەت، دی نیرۆ کۆڕێکی تری ھەیە لە ژنەکەی پێشووی. ھەروەھا دی نیرۆ کچی ژنەکەی پێشووی لە شووی پێشووی وەرگرتە. ھەروەھا دوانەیەکی کوڕی ھەیە بە ناوی جوولیان و ئارۆن لە پەیوەندیەکی لە ڕابردووی دووردا دەگەڵ ژنێکی مۆدێل.

لە ساڵی ٢٠٠٣دا زانی کە شێرپەنجەی پڕۆستاتی ھەیە، بەڵام بە ھۆی زوو پێزانین و ھەروا باری باشی لەشی، بۆ چارە سەرکردنی تووشی کێشە نەبوون و ئێستا بەری نەخۆشینەکە تا ڕادەیەکی زۆر گیراوە. باوکی دێ‌نیرۆ لە ١٩٩٣ و لە تەمەنی ٧١ساڵیدا بە ھۆی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

لە ساڵی ١٩٩٨دا لە درێژەی فیلمێکدا لە فڕەنسا، دی نیرۆ لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر دەست‌بەسەر کرا و پرسینەوەی زۆری لێ‌کرا. دواتر ئازاد بوو و بە ڕۆژنامە‌ی لۆمۆند (Le Monde)، ڕۆژنامە بەناوبانگەکەی فەڕنسا وت: "ئیتر قەد ناگەڕێمەوە بو فەڕەنسا، تەنانەت بە ڕفێقەکانیشم دەڵیم کە بۆ فەڕنسا نەیێن. " دواتر دادوەری ئەو دۆسیە وتی کە دێ‌نیرۆ وەک شایەت پرسیاری لێ‌کراوە نە وەک تاوانبار. لە فیستیڤاڵی فیلمیی ڤێنیس لە ساڵی ٢٠٠٤، وا بڕیاریان دە کە ھاووڵاتی بوونی ئیتاڵی پێشکەش بکەن بە دێ‌نیرۆ. بەڵام سەرۆک وەزیرانی کاتی ئیتاڵی، سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی دژی ئەو بڕیارە وتی کە دێ‌نیرو بە بینینی دەوری تاوانباران ئیتاڵی و ئیتاڵێ-ئەمریکییەکان لەو فیلمانەدا شێوەیەکی ناشیرینی لە ئیتاڵی پیشان جەماوەری دونیا داوە. دوای ھێندە کێشە لە لایەن وەزیری کلتوور و فەرھەنگەوە خەڵاتی ھاووڵاتی بوونی ئیتاڵی پێ‌بەخشرا.

دی نیرۆ لە سیاسەتی ئەمریکادا لایەنگری حیزبی دیمۆکراتە. لە ٢٠٠٠دا پاڵپشتی ئەل‌گۆر بوو. لە ٢٠٠٤دا پاڵپشتی لە جۆن کێری کرد. لە ٢٠٠٨دا لە ھیلاری کلینتۆن و باڕاک ئۆباما پاڵپشتی ئۆبامای کرد. لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، دی نیرۆ یەکێک بووە لە ڕەخنەگرە گەورەکانی سەرۆکی ناوبراو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

دێ نیرۆ لە ویکی ئینگلیزیدا