محەمەد عەلی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
محەمەد عەلی کوردی

محەمەد عەلی کوردی :(١٩٠٥-١٩٥٧) نووسەر ، چالاكی سیاسی ، شاعیر ، وەرگێڕ ، مامۆستا ، بەرێوبەر ، تێبین ، زمانزان ، لە نەتەوەی كورد بووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

محەمەدعەلی کوڕی ئەحمەد و لە خێڵی مەنگوڕە، ساڵی ١٩٠٥ لە دێی (سندۆڵان)ی ناوچەی (سەنگەسەرسلێمانی لەدایکبووە. سەرەتا دەستی بە قورئان خوێندن کردووە لای باوکی. کە باوکی مردووە، نۆ ساڵان بووە، ڕووی کردوەتە سابڵاخ و ئوسووڵی دین و زمانی عەرەبیی لێ خوێندووە. ئەمجا چووەتە مزگەوتی گەورەی شاری (سنە). گەڕاوەتەوە بۆ ئەمدیو و لە مزگەوتی (خادیمولسەجادە)ی شاری کۆیە دابەزیوە و لای مەلا محەمەدی گەورە درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی  ١٩١٩، لەگەڵ حاجی ئیسماعیل ناوێکی بازرگانی کۆیی، چووەتە بەغدا و بە ھاوکاریی چەند ھاوڕێیەکی لە کوللییەی (الأمام الأعظم) وەرگیراوە. ھەر ساڵێکی لێ ماوەتەوە. پاشان گواستراوەتەوە بۆ خانەی بەرزی مامۆستایان (دار المعلمين الممتازة).[١][٢]

مامۆستایەتی[دەستکاری]

کە دوای دوو ساڵ تەواوی کردووە، لە قەزای (عانة) بە مامۆستا دامەزراوە و ٨ ساڵی تێدا ماوەتەوە. لەوێ ژنێکی عەرەبی ھێناوە، ھەر کچێکی "ھیند" ناوی لێ بووە کە بووەتە مامۆستا. ئەو دەمە خەریکی لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەبی عەرەبی و لێکدانەوەی قورئان بووە و ھەموو شیعرەکانی "أبي نؤاس"ی لەبەرکردووە. ساڵانی سی، براوە بۆ شاری سلێمانی و کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتاییی دووەم لە چوارباخ و دەرسیشی لە ناوەندی وتووەتەوە. دواتر، ھاتووەتە بەغدا و لە ناوەندیی (الشرقیە) مامۆستای مێژوو و زمانی عەرەبی بووە.[١][٢]

ڕۆژنامەی صوت الشعب[دەستکاری]

دوو ساڵ لەوەبەدوا، لەبەر تێکچوونی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی مەعاریف، وازی لە مامۆستایی ھێناوە، کراوە بە تێبین (ملاحض) لە وەزارەتی داد. ئەو سەردەمە، باری ژیانی خەڵک زۆر گران و سەخت بووە. ئەویش لەگەڵ ھاوڕێیەکی لە وەزارەتی داد پێک ھاتووە بە ناسناوەکانی (أعظمى عطشان، ريّان)ـەوە زنجیرە وتاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەو بارەیەوە نووسیوە و لە ڕۆژنامەی "صوت الشعب"دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

وتاری ڕەخنەگرانانە[دەستکاری]

١٩٣٥، لە تاقیکردنەیەکی وەزارەتی ناوخۆدا بە یەکەم دەرچووە و کراوە بە بەڕێوەبەری ناحیەی برادۆست لە قەزای ڕەواندز. بەڵام نەچووەتە سەر کارەکەی و ھەر لە بەغدا ماوەتەوە. کاتێ وەزیری ناوخۆ، کە ئەوسا وەکیلی وەزیری دادیش بووە، زانیویە ئەم زاتە خاوەنی ئەو وتارە ڕەخنەگرانانەیە، ناچاری کردووە بچێتە سەر وەزیفەکەی، تا لەو قەڵەمە بوێرە ڕزگار ببێ. لە ڕەواندز، بەھەشتی حسێن حوزنی موکریانیی ناسیوە.[١][٢]

یاریدەدەری بەڕێوەبەری خانەی دێھاتیی مامۆستایان[دەستکاری]

١٩٤٥، کە بەڕێوەبەری ناحیەی پێبازی سەر بە قەزای کفری بووە، لە وەزیفە دەرکراوە. لەبەر بێ کاری، بە ناچاری گەڕاوەتەوە بۆ وەزیفەی مامۆستایی، لە قوتابخانەی خۆماڵی (ئةهلى)ی (التفيض) لە ھەردوو ئامادەییی خانەقین، کفری-١٩٤٦ و فەللووجە-١٩٤٧. پاشتر چووەتەوە بۆ وەزارەتی مەعاریف و دامەزرێنراوە بە مامۆستای زمانی کوردی لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی (دار المعلمين الأبتدائية) لە بەغدا. بە داوای خۆی، گواستراوەتەوە بۆ بەعقووبە و کراوە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری خانەی دێھاتیی مامۆستایان (دار المعلمين الريفية)ی ئەوێ. لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا، بۆ حەوانەوە، بە داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ (خڕنابات-خورمائاباد)ی نزیکی بەعقووبە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ماوەتەوە، تا لە ٥/٢/١٩٥٧دا کۆچی دواییی کردووە، -وەک وەسێتی کردووە- لەسەر لوتکەیەکی چیای حەمرین نێژراوە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

محەمەدعەلی کوردی، لە زمان و ڕێزمانی عەرەبیدا زۆر شارەزا بووە. ڕاستگۆیی و پاکی و حەقبێژیی، بوونەتە مایەی بەرزنەبوونەوەی لە وەزیفەدا. وتار و نووسینی، جگە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە عەرەبییەکان، لە (ڕووناکی، گەلاوێژ، ھەتاو)دا بڵاوکردووەتەوە.[١][٢]

بەرھەمەکانی بە عەرەبی:[١][٢]

بەرھەمەکانی بە کوردی:[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8178-8180
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ یادگاری لاوان و دیاری لاوان، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، بنکەی ژین- سلێمانی، ٢٠٠٥؛ جمال بابان، أعلام الكرد، ط2، ص512-514.