بۆ ناوەڕۆک بازبدە

فەلەستین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە فەڵەستینەوە ڕەوانە کراوە)
فەلەستین
بەشێکە لەباشووری وڵاتانی شام
Literal translationفلسطين
کیشوەرئاسیا
وڵاتئیسرائیل، دەوڵەتی فەلەستین، ئوردن
ناوچەی کاتیUTC+02:00، UTC+03:00
جێڕۆژاوای ئاسیا
پۆتانی شوێن٣١°٣٧′٣١″N ٣٥°٨′٤٣″E
Driving sideright
زمانەکانSouth Levantine Arabic، Jewish Palestinian Aramaic
لێکۆڵینەوە لەلایەنPalestinian studies، Land of Israel Studies and Archaeology
جوگرافیای ئەم بابەتەgeography of Palestine
دیمۆگرافیای بابەتdemographic history of Palestine
Map

فەلەستین (بەعەرەبی: فلسطین، بەئینگلیزی: Palestine، بەلاتینی: Palaestina، بەعیبری: פַּלַשְׂתִּינָה یان פִלַסְטִין) ناوچەیەکی مێژوویییە لەناو جەرگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشی باشووری ڕۆژاوای وڵاتی شام پێک دەھێنێت، لەمڕۆدا دەورەدراوە بە وڵاتە عەرەبییەکان و بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بە زمانی عەرەبی ئەدوێن، بەڵام بەشەکەی تر بە عیبری ئەدوێن و شوێنکەوتووی ئایینی یەھودیین، کۆچکردوو و نەوەی نەتەوەکانی ترن، دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و ئاسیا بە باکووری ئەفریقا دەگەیەنێت لە شوێنی بە یەکگەیشتنی دوو قارەکەدا.

ئەم ناوچەیە چەندین شاری مێژووی و ئایینی گرنگ لە خۆدەگرێت بۆ ھەرسێ ئایینییە یەکتاپەرستییەکە، لەسەرووی ھەموویانەوە (قودس و بەیت لەحم و خەلیل و ناسڕە و ئەریحا و تەبرییە). لە ڕووی سیاسی و ئاسایشەوە بە نائارامترین ناوچەی جیھان دادەنرێت بەھۆی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا ھەیە، فەلەستینی بە دانیشتووە عەرەبەکانی ناوچەکە دەوترێت.

مێژوو

[دەستکاری]

مێژووی فەلەستین تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوە بە تێکستە ئایینییەکانی یەھودی و مەسیحی و ئیسلامی، و مێژووی فەلەستین بەندە بە بوونە سیاسی و نیشتەجێبوونەکەی.

نەخشەیەکی فەلەستینی کۆن، بوونی کەنعانییەکان دەردەخات

فەلەستین خاکی پەیامەکانە و لانکەی شارستانی مرۆڤایەتییە، و قیبلەی یەکەمی موسڵمانانە و کۆنترین شاری تێدایە کە ئەریحایە، بیست ویەک شارستانی جیاوازی بە خۆیەوە بینییووە لە ھەزارەی ھەشتەمی پێش زایینییەوە، لەسەر خاکی فەلەستین چەندین ڕاستی مێژوویی ئەدوێن لەسەر مێژووی ئەم خاکە، و کەنعانییەکان یەکەم جار نیشتەجێبوون لەم خاکەدا، ھیرۆدەتس و مێژوونەسە یۆنانی و لاتینییەەکانی تر ناوی فەلەستینیان ناوە لە کەنارەکانی خاکی فەلەستین، و ھەندیک جار ئەم ناوەیان بۆ ھەموو زەوییەکانی نێوان کەنار و دۆڵی ئوردن بەکارھێناوە، و لە سەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆمانی، فەلەستین بە ھەموو ناوچەکانی دەوروبەری قودس وتراوە، ھەروەھا ئەم ناوە لە سەردەمی بیزەنتییەکان بەکارھاتووە بۆ ئاماژەکردن بەو ناوچانەی کەوتوونەتە ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن، و درێژ دەبێتەوە لە نێوان شاخی کرمل و غەزە لە باشوورەوە.

پلانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابەشکردنی فەلەستین، ساڵی ١٩٤٧ز

پاشماوەی ئاسەواری مرۆڤ لە ناوچەی باشووری دەریاچەی تەبڕیا دۆزرایەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی، و لە سەردەمی بەردینی نوێدا (١٠٠٠٠ – ٥٠٠٠پ. ز) کۆمەڵگەی کشتوکاڵی جێگیری تیادامەزراوە، و لە سەردەمی مسیندا (٥٠٠٠ – ٣٠٠٠ پ. ز) ئامڕازی مسی و بەردی دۆزراوەتەوە لە قەراغەکانی ئەڕیحا و بیری سەبع و دەریای مردوو، وکەنعانییەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە گەیشتوونەتە فەلەستین لە نێوان (٣٠٠٠ – ٢٥٠٠ پ. ز) و لە دەورووبەری ١٢٥٠ پ. ز بەپێی گێرانەوەی (یەھودییەکانی سەردەمی دیرین)، بەنی ئیسڕائیل دەستیان گرتووە بەسەر چەند بەشێکی ناوخۆی وڵاتی کەنعانی ناوخۆ، و لە نێوان ساڵانی ٩٦٥ – ٩٢٨ پ. ز مەلیک سولەیمان پەیکەرێکی بنیاتنا لە قودس و لە ساڵی ٩٢٨ پ. ز دەوڵەتی بەنی ئیسرائیل دابەشبوو بۆ شانشینی ئیسرائیل و یەھودا، ولە ساڵی ٧٢١ پ. ز ئاشوورییەکان دەستیان گرت بەسەر شانشینی ئیسڕائیلدا، و لە ساڵی ٥٨٦ پ. ز بابلییەکان شانشینی یەھوزایان تێک شکاند و خەڵکەکەیان ڕاگواست بەرەو بابل و پەیکەرەکەیان ڕوخاند. ساڵی ٥٣٩ پ. ز فارس دەستیان گرت بەسەر بابلدا و ڕێگەیان دا بە یەھود بگەڕێنەوە و پەیکەرێکی تریان بنیاتنا، و لە ساڵی ٣٣٣ پ. ز ئەسکەندەری گەورە دەستی گرت بەسەر وڵاتی فارسدا و فەلەستینی خستە ژێر حوکمی یۆنانی، و بە مردنی ساڵی ٣٢٣ پ. ز بەتاڵیسە میسڕییەکان و سلوقییە سوورییەکان حوکمی فەلەستینیان گرتە دەست، سلوقییەکان ھەوڵیاندا ئایین و ڕۆشنبیری ھیلینیستی (یۆنانی) بسەپێنن، بەڵام لە ساڵی ١٦٥ پ. ز بەپێی مێژووی یەھودی، مکابییەکان شۆڕشیان کرد بەسەر سلووقییەکاندا و ھەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەھودی سەربەخۆیان دا، و لە ساڵی ٦٣ پ. ز فەلەستین خرایە پاڵ ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی، ڕۆمان بە سەرکردایەتی تیتۆس قودسیان تێکدا لە ساڵی ٧٠ پ. ز، و دووبارە بنیاتنرایەوە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆر ھادریانس و ناوی ئیلیا کابیتۆلینای لێنرا لە ساڵی ١٣٥ پ. ز، و فارس سووتاندیان لە ساڵی ٦١٤ز، و موسڵمانان لە ساڵی ٦٣٨ز فەتحیان کرد لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا، دوای ئەوەی کلیلەکانی لە بەتڕیکەکەی (سەفرونیوس) وەرگرت، و عەرەب ناویان نا قودس، و خاچھەڵگرەکان لە ساڵی ١٠٩٩ز دەستیان بەسەردا گرت، و موسڵمانان بە سەرکردایەتی سەلاحەددینی ئەییووبی گێڕایانەوە لە دوای شەڕی حەتین ساڵی ١١٨٧ز، و لە سەدەی شازدە تا سەرەتای سەدەی بیستەم قودس لەژێر حوکمی عوسمانییەکاندا بوو، و لە سەرەتای سەدەی پازدەدا سوڵتان (سوڵتان سولەیمان قانونی)ی عوسمانی ھەستا بە چاکسازی و نوێکردنەوەی شارەکە و دامەزراندنەوەی دیوارەکانی کە ھەتا ئێستا دەوری شارە دێرینەکەیان داوە.

لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا مەمالیکەکان شکان لەسەر دەستی عوسمانییەکان لە دەوروبەری ساڵی ١٥١٧ز و دەوڵەتی عوسمانی حوکمی فەلستینی گرتە دەست لە ساڵی ١٥١٦، و قوستەنتینییەیان کرد بە فەرمانڕەوایەکی ناوخۆیی لەسەری و وڵات لە ڕووی کارگێڕییەوە دابەش دەبوو بۆ پێنج ناوچە کە ناودەبران بە سناجق ئەوانیش؛ قودس و غەزە و سەفەد و نابلس و عەجلون بوون، و تا ڕادەیەکی زۆر حوکم لەژێر دەستی فەرمانڕەوا ناوخۆیییەکاندا بوو، دووبارە بنیاتی شوێنە گشتییەکانی قودس کرایەوە لەسەر دەستی سولەیمان قانونی ساڵی ١٥٣٧ز. بەشە جیاوازەکانی فەلەستین و وڵاتی شام بە گشتی کەوتە ژێر دەسەڵاتی خێزان و دەسەڵاتی جیاوازەوە لە ماوەی دەوڵەتی عوسمانیدا لە نێوان والی و دوژمنەکانی دەوڵەتی ناوەندی.

فەلەستین مایەوە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان تا ساڵانی ١٩١٧–١٩١٨ یان تا شەڕی جیھانی یەکەم، لە دوای ئەو بەپێی ڕیکەوتننامەی سایکس بیکۆ دابەشکراو وەک ناوچەکانی تری شام و عێراق.

لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستدا، بزووتنەوەی سەھیۆنی ھەستا بە ڕێکخستنی کۆچکردنی یەھوودییەکان بۆ فەلەستین، و ھەستان بە ئەنجامدانی چەند تاوانێکی دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی لە دژی دانیشتووانی فەلەستین، فەلەستینییەکانیان دەرکرد لە خاکەکانیان بە زۆرەملێ و چەک، پاشان مەجلیسی یەھودی دامەزراندنی دەوڵەتی یەھودی ڕاگەیاند کە ناو دەبرێت بە خاکەکانی ٤٨ و نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی وڵاتەکانی جیھان دانیان پێداناوە وەک دەوڵەتی ئیسرائیل، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیەنرا ساڵی ١٩٤٨ز، لەو ساڵە و لە دواتردا چەندین ڕووبەڕووبوونەوە کەوتەوە لەلایەن فەلەستینی و وڵاتە عەرەبییەکان کە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕەت دەکردەوە بە دابەشکردنی خاکەکە بۆ خاکی عەرەبی و ئیسرائیلی.

فەلەستین لە ڕووی ئایینییەوە

[دەستکاری]

فەلەستین گرنگییەکی ئایینی ھەیە لە ھەر سێ ئایینی ئاسمانی ئیسلام و مەسیحی و یەھودی، و لە مێژووەکەیدا چەندین ناکۆکی ئایینی لێ کەوتووەتەوە وەک ھەڵمەتی خاچھەڵگرەکان و ھەروەھا ھەندێک ناکۆکی عەرەبی ئیسرائیلی دەگەڕێننەوە بۆ ھۆکاری ئایینی.

لە ئیسلامدا

[دەستکاری]
مزگەوتی عومەری لە غەزە وەک ڕێزلێنانێک بۆخەلیفە عومەری کوڕی خەتاب دروست کراوە.

فەلەستین شوێنێکی گەورەی ھەی لای موسڵمانان، ئەو خاکە پیرۆزەیە کە خوا لە قورئاندا ناوی ھێناوە لە سوورەتی ئیسرادا؛ سبحان الذی أسری بعبدە لیلا من المسجد الحرام إلی المسجد الأقصی الذی بارکنا حولە، واتە؛ پاکی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی کە شەوڕەوی کرد لە بەشێکی کەمی شەودا بەبەندەی خۆی لە مزگەوتی (حرام، کەعبەی پیرۆزەوە) بۆ مزگەوتی (الاقصی) لە (بیت المقدس) کە دەوروبەریمان پیرۆزو پڕ بەرەکەت کردووە، تا ھەندێک نیشانەو بەڵگە و دەسەڵاتداری و توانایی خۆمانی نیشان بدەین، بەڕاستی ئەو زاتە بیسەرو بینایە. ھەروەھا خوا ناوی خاکی پیرۆزی فەلەستینی لە ئایەتی ٧١ی سوورەتی ئەنبیادا ھێناوە، «نجیناە ولوطاً إلی الأرض التی بارکنا فیھا للعالمین» واتە؛ ئێمە ئەویش و - لوط - ی برازایشمان ڕزگار کرد و ناردمانن بۆ (وڵاتی شام) ئەو سەرزەمینەی کە بەرەکەتمان بەسەردا ڕژاندووە بۆ ھەموو خەڵکی. ھەروەھا لە ئایەتی ٨١ی سوورەتی ئەنبیادا، ولسلیمان الریح عاصفة تجری بأمرە إلی الأرض التی بارکنا فیھا وکنا بکل شیء عالمین، واتە؛ بۆ سولەیمانیش بایەکی بەھێزو تیژمان ڕەخساند کە بەرمانی ئەو، جاروبار ھاتوچۆی دەکرد بۆ ئەو زەوییەی کە بەرەکەتمان بەسەردا ڕژاندبوو و ئێمە بەھەموو شتێک زاناو شارەزاین، و کاتێک خوای گەورە فەرمانی کرد بە پێغەمبەر موسا و بەنی ئیسرائیل بچنە فەلەستینەوە فەرموویەتی؛ «وإذ قلنا ادخلوا ھذە القریة فکلوا منھا حیث شئتم رغداً وادخلوا الباب سجداً وقولوا حطّة نغفر لکم خطایاکم وسنزید المحسنین»، واتە؛ یادی ئەو نیعمەتە بکەنەوە کاتێک وتمان: بچنە ئەم شارەوە (کە قودسە)، جا ھەرچی حەزی لێدەکەن لەوێ لە ھەر جێیییەکی بەفراوانی و خۆشی بیخۆن، لە دەروازەی شارەکە بەرێزو کڕنووشی (پێزانینییەوە) بچەنە ژورەوە و بڵێن: خوایە لە تاوانەکانمان ببوورە، ئەو کاتە ئێمەش لە ھەڵە و تاوانەکانتان دەبوورین، ئێمە پاداشتی چاکەکاران لە ئاییندەدا زۆر بە زیادەوە دەدەینەوە؛ و گوندەکە مەبەستی ئەریحایە، و لەم وتەیییەدا «یا قوم ادخلوا الأرض المقدسة التی کتب اللە لکم ولا ترتدوا علی أدبارکم فتنقلبوا خاسرین» واتە؛ ئەی قەوم و عەشیرەتم بچنە ناو ئەو زەوییە پیرۆزەی (القدس)، کە خوا پێویستی کرد لەبەر سوودی خۆتان بچنە ناوی، پاشگەز مەبنەوەو پاشەکشێ مەکەن تا خەسارەتمەندو زەرەرمەند نەبن؛ و لە باسی مەریمی عەزرادا خوا دەفەرموێت؛ «فحملتە فانتبذت بە مکانا قصیاً»، واتە؛ دەستبەجێ مریەم سکی پڕ بوو، (بەغەم و پەژارەوە) بەرەو شوێنێکی دوور ڕۆیشت. شوێنی مەبەست دۆڵێکە دەکەوێتە نێوان بەیت لەحم و قودس.

شاری قودس، پایتەختی فەلەستین

و قودس گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لای موسڵمانان و مزگەوتی ئەقسا وەک ناسراوە یەکەم قیبلەی موسڵمانان بووە، و پێغەمبەر محەممەد لێوەی سەرکەوتووە بۆ ئاسمان و ئەم مزگەوتە قیبلەی موسڵمانان بوو بۆ ماوەی شازدە یان حەڤدە مانگ، ھەتا خوا داوای لێکردن قیبلە بگۆڕن، لە دوای ئەوە قیبلەی موسڵمانان بوو بە کەعبە لە مەککەی پیرۆز، و موسڵمانان ناوی بەیتولموقەدەس یان قودسیان لە شارەکەنا لەبەر پیرۆزییەکەی، ھەوەھا موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە مەقامی ئیبراھیم و کوڕەکانی و حەفیدە پێغەمبەرەکانی (ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقوب) و خێزانەکانیان ھەیە لە حەرەمی ئیبراھیمی لە خەلیل، و تێیدا پێغەمبەر عیسا لە دایک بووە، و لە فەلەستیندا چەندین مزگەوتی مێژوویی و دیمەنی ئیسلامی ھەیە وەک مزگەوتی عومەر و مزگەوتی براق لە قودس و مزگەوتی عومەری لە غەزە و بەیت لەحم لەگەڵ مەقامی چەندین پێغەمبەر وەک مەقامی خدر و ئلیاس و داود و ساڵح.

و ئەوەی زیاتر خاکەکانی شام و بەیتولموقەدەس بەڕێز دەکات، فەڕزکردنی پێنچ نوێژەکەیە لەسەر خاکەکانی.

لە مەسیحییەتدا

[دەستکاری]
ئاھەنگ گێڕانی مەسیحییەکان لە گۆڕەپانی کەنیسەی مەھد لە شاری بەیت لەحم

فەلەستین لای مەسیحییەکان بە زەوییە پیرۆزەکان ناو دەبرێت، بەپێی بیروباوەڕی مەسیحی یەسوعی مەسیح تێیدا لە دایک بووە و ژیاوە، و زۆرترین ڕووداوەکانی سەردمی نوێ و ژمارەیەک لە ڕووداوەکانی سەردەمی دێرین ڕوویانداوە، و بەپێی میراتی مەسیحی مژدەی مەسیحییەت لە جەلیل و یەھوزاوە دەرچووە، یان لە باکوور و ناوەڕاستی فەلەستینەوە، و لە ھەموو جیھاندا بڵاو بووەتەوە، لەبەر ئەوە فەلەستین چەندین شوێنی پیرۆزی مەسیحییەکان لە خۆدەگرێت لەسەروو ھەموویانەوە شاری بەیت لەحمە، کە شوینی لەدایکبوونی مەسیح (کەنیسەی مەھد) دەگرێتەوە و شاری ناسڕە کە مریەمی عەزرا مژدەی لە دایکبوونی ڕۆحی قودس (عیسا)ی پێدراوە تێیدا، و شاری قودس یان بە ناوە مەسیحییەکەی (ئورشلیم) کە عیسا خەڵکی یەھوزای بانگ کرد بۆ ئەوەی شوێنی بکەون دوایین ھەنگاوەکانی لە ڕێگەی ئالامدا بوو دوای ئەوە لە خاچدرا، و مەسیحییەکان لەو باوەڕەدان کە ئارامگای عیسا ھەیە لە کەنیسەی قیامەدا لەو شارەدا، ھەروەھا لە ڕۆژاوای جەنیندا کەنیسەی بەرقین ھەیە کە کە لەو شوێنەدا عیسا موعجیزەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ئەنجامداوە، ھەروەھا مەسیحییەکان چەند ناوچەیەکی تری فەلەستین پیرۆز ڕادەگرن لە جەلیل بە تایبەتی دەوری دەریاچەی تەبڕیا و لەسەر کەنارەکانی ڕووباری ئوردن، ھەروەھا مەسیحییەکان چەند شوێنێکی تر پیرۆز ڕادەگرن لە سەردەمی دێریندا کە موسڵمانان و مەسیحی ھەردووکیان بە پیرۆزیان دەزانن وەک حەرەمی قودسی و حەرەمی ئیبراھیمی و خەلیل و ئەوانی تر، مەسیحییەت لە فەلەستیندا ھەر لە سەرەتاو کاریگەر بووە بە ئاڕاستەی جیاواز، لە سەرەتای سەدەی یەکی زایینییەوە لەسەر خاکە پیرۆزەکان چەند تائیفەیەکی جیاوازی مەسیحی ژیاون و ھەتا ئەمڕۆ بوونی مەسیحی لە فەلەستین بەردەوامە.

کەنیسەی قیامە لە قودس بە یەکێک لە گرنگترین کەنیسەکانی جیھان دادەنرێت، و ھەزران مەسیحی بۆ حەج دێن ساڵانە لە بەیت لەحم و قودس و ناسڕەوە و ناوچە جیاوازەکانی تری فەلەستینەوە.

لە یەھودییدا

[دەستکاری]

یەھود یان جوولەکە بە فەلەستین دەڵێن "אֶרֶץ יִשְׂרָאֵל (دەربڕینەکەی ئیڕێ یسرائیل یان إیرتس یسرائیل) واتە وڵاتی ئیسرائیل یان زەوییە پیرۆزەکان یان زەوی میعاد بەپێی ئەوەلە سەردەمە دێرینە مەسیحییەکاندا ھاتووە، بەپێی بیروباوەڕی یەھودی فەلەستین ئەو زەوییەیە کە شانشینی ئیسرائیلی لەسەر دامەزراوە پێش ئەوەی دابەش بێت بۆ ئیسرائیلی باکوور و یەھوزا، و یەھودەکانی ئێستا خۆیان بە نەوەی خەڵکی شانشینی یەھوزا دەزانن کە پایتەختەکەیان ئورشلیم (یان شاری قودس) بووە، و لەو باوەڕەدان کە پەیکەری سولەیمانی تیابووە، و ناوەندی یەھودی دێرینە، و تائیفەی سامریین کە نزیکن لە یەھودەوە لە ئایینی و ڕۆشنبیریدا شاخی جرزیم بە پیرۆز دەزانن لە نزیک نابلس.

لە میراتی یەھودیدا، قودس و خەلیل و تەبڕیا و سەفد بە چوار شارە پیرۆزەکە دادەنێن کە گرنگییەکی تایبەتیان ھەیە لە ئایینی یەھودی و مێژووی یەھودییدا، دیواری ڕۆژاوا (لای موسڵمانان بە دیواری براق) ناوبراوە، زۆرترین نوێژکەری یەھودی لێ کۆدەبێتەوە لە ئێستادا بە درێژایی ساڵ بە تایبەت لە جەژنە یەھوودییەکاندا، ھەروەھا یەھود حەرەمی ئیبراھیمی بە پیرۆز دەزانن وەک موسڵمانان و مسیحییەکان و لەگەڵ چەند ناوچەیەکی جیاوازی جەلیلدا.

لە شەریعەتی یەھودییدا چەند ڕاسپاردەیەک ھەیە تەنھا لە زەوییە پیرۆزەکان دەکرێت جێبەجێ بکرێت و زۆربەی ئەم ڕاسپاردانە پەیوەستن بە کاروباری کشتوکاڵییەوە و دیارترین ڕاسپاردەی شمیتایە.

ناونان و سنوور

[دەستکاری]
نەخشەی تۆپۆگرافی فەلەستین

یەکەم کەس کە ناوی فەلەستینی بەکار ھێناوە بۆ باشووری وڵاتی شام مێژوونووسی یۆنانی ھێرۆدۆت بووە لە دانراوەکانیدا لە سەدەی ٥ پ. ز، و ھیرۆدۆت ناوی فەلەستینی بەکارھێناوە وەک زاراوەیەکی جوگرافی و ئاماژەی بە وڵاتی شام وڵاتی ڕافیدەین کردووە بە سووریا و باشوورەکەی بە فەلەستین " (Παλαιστινη "پَڵیْسْتِینِیە یان سووریای فەلەستینی، وا دیارە کە ھێرۆدۆت ئەم ناوەی لە ناوی پلشت وەرگرتووە وک ئاماژەیەک بۆ کەنارەکانی باشووری نێوان یافا و دۆڵی عەریش کە شاری فەلەستینییە بووە، وناوی فەلەستین بەکارنەھاتووە وەک ناوچەیەک کە سنوورێکی سیاسی دیاریکراوی ھەبێت تەنھا لە سەدەی دوازدەی زایینیدا نەبێت، کاتێک ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ویلایەتی یەھوزای ھەڵوەشاندەوە بەھۆی یاخیبوونی یەھوودییەکان لە ساڵی ١٣٢ز و ویلایەتی سووریای فەلەستینی لە شوێنیدا دامەزراند.

ئەو سنوورەی ئەمڕۆ ئاماژەی پێ دەکرێت وەک سنووری فەلەستینی مێژوویی دەرئەنجامی زنجیرەیەک لە وتوێژ و ڕێکەوتنی نێوان ئیمپڕاتۆرییەتەکانە کە دەستیان بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گرت لە سەرەتای سەدەی بیست، کە ھەر ئەوەش بوو بەھۆی داڕشتنی سنوورە سیاسەکان بە گشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

جوگرافیا

[دەستکاری]

فەلەستین لە ڕووی جوگرافییەوە لە چوار ناوچە پێک دێت؛

  • دەشتە تەختەکان
  • بەرزایییەکان (شاخەکانی جەلیل وەک شاخی قەفزە و نابلس و قودس و خەلیل)
  • نزمایییەکانی ئوردن
  • بیابانی نەقب

دەشتە تەختەکان پێک دێت لە دەشتی عەککا ل نیوان ناقورە و حەیفا و دەشتی کەناری گەورە کە شاخی کرمل لە دەشتی عەککای جیا دەکاتەوە؛ و فەلەستین چەندین شاری کەناری لە خۆ دەگرێت لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و گرنگترینیان (عەککا و حەیفا و تەل ئەبیب یافا و نتانیا و ئەشدود و عەسقەلانن) و غەزە کە بە گرنگترین شاری فەلەستین دادەنرێت لە ڕووی جوگرافی و ئابوری و دیمۆگرافییەوە. لە شارە کەنارییەکان و دەوروبەریاندا نزیکەی %٦٠ دانیشتووان نیشتەجێن (نزیکەی %٧٥ لە دانیشتووی یەھودن، و %٤٠ دانیشتووی عەرەبن)، و گەورەترین ناوەندە پیشەسازی و بازرگانییەکانیان تیایدایە و ئەم ناوچە کەناریانە بە تایبەت تەل ئەبیب و غەزە زۆرترین چڕی دانیشتووانیان ھەیە.

فەلەستین چەند ناوچەیەکی بە بڕشت لە خۆ دەگرێت گرنگترینیان کێڵگەی باکووری و بن عامر و ھەندێک کێڵگەی ترن لە ناوەڕاستی وڵاتەکە، و پشت دەبەستن بە بارینی باران کە لە ماوەی پێنج مانگدا دەبارێت لە (تشرینی دووەمەوە تا ئازار)، و دەریاچەی تەبریا بە گرنگترین سەرچاوەی ئاوی سروشتی دادەنرێت بۆ خواردنە و ئاودێری لە ناوچەکەدا.

دیمۆگرافیا

[دەستکاری]

زمانەکان لە فەلەستیندا بەم شێوەیە بڵاوبوونەتەوە.

پێش زایینی

[دەستکاری]
ھێمایەکی ئاگادارکردنەوە، بە سێ زمان نوسراوە

لە پێش زایینیدا لە فەلەستین زمانی کەنعانی دەرکەوتووە کە کەنعانی و فینیقی و عیبرانییەکان پێی ئەدووان، ئەم زمانانە لە فینیقی دەچن کە بنەڕەتەکەی لە لوبنانە و کەنعانییەکانی باکووری فەلەستین پێی ئەدووان و عیبری بڵاو بوو لە ناوچە شاخاوییەکان (زفەی غەربی و قودسی ئێستا) و ناوچە کەنارییەکانی باکوور کەنعانییەکان قسەیان پێکردووە و دوای ئەوان عیبرانییەکان پێی دووان دوای ئەوەی ھاتنە ناو فەلەستینەوە، بەڵام کەنارەکانی باشوور کە ناوچەکانی غەزەی ئێستا و عەسقەلان دەگرێتەوە زمانی فەلەستینی لەناویاندا بڵاو بووە.

لە دوای زایینی

[دەستکاری]

لە دوای ئەوەی بابلی یەھودیان دەرکرد و زمانە کەنعانییەکان لەناوچوون، لە فەلەستیندا زمانە ئارامییەکان بڵاوبوونەوە کە کەنعانییەکان پێی ئەدووان لەگەڵ یەھود و مەسیحی، و بەردەوام بوون پێی تا زمانی عەرەبی بڵاو بوویەوە لە فەلەستیندا وەک زمانی دایک بۆ دانیشتووانەکەی، کە نزیکەی ١٠ سەدە قسەیان پێدەکرد، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی %٤٥ی دانیشتووانی فەلەستینە مێژوویییەکە پێی ئەدوێن وەک زمانی دایک، ئەمەش بەھۆی کارەساتی ٤٨ کە بەسەریاندا ھات، و فەلەستینییەکان بە دیالێکتی فەلەستینی ئەدوێن کە یەکێکە لە دیالێکتەکانی عەرەبی گشتی، ئەمیش دەتوانرێت دابەش بکرێت بۆ چەند دیالێکتێک.

نوسینی عەرەبی لە قودس

لە دوای ئینتیدابی بەریتانیا لەسەر فەلەستین زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و عیبری بە زمانی ڕەسمی ناوچەی فەلەستینییە مێژوویەکە دانرا لەبەرئەوەی یەکێک لە ناوچەکانی ژێر ئینتیدابی بەریتانی بوو، و زمانی عیبری ھاتە فەلەستینەوە لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا لەگەڵ کۆچکردنە چڕوپڕەکانی یەھود و دامەزراندنی مۆڵگەی نیشتەجێبوونی یەھودی لەسەر خاکی فەلەستین، بەڵام پێشتر قسەکردن بە عیبری زۆر دیاریکراو بوو تەنھا لەسەر ئاستی حاخامە یەھودییەکانی ناوچەکەدا بوو.

لە دوای کارەساتی فەلەستینی ١٩٤٨، زمانی عیبری و عەرەبی دوو زمانی ڕەسمی و بنەڕەتین بۆ دانیشتووانی ناو ئیسرائیل، کە ژمارەی دانیشتووە عەرەبەکان دەگاتە %٢٠٫٢ی دانیشتووانی دەوڵەتی عیبری، ھەروەھا زمانی عیبری دابەش دەبێت بۆ عیبری دێرین و عیبری نوێ. بەڵام لە غەزە و زفەی غەربی (کە ناوچەکانی دەسەڵاتی فەلەستینین) زۆربەی دانیشتووەکانی بە عەرەبی ئەدوێن کە خۆیان فەلەستینی ئەسڵن یان پەنابەرن و لە شارەکانی ترەوە ھاتوون، جێگەی ئاماژەیە کە ھەردوو نەتەوەکە ھەردوو زمانەکە (عەرەبی و عیبری) بە باشی دەزانن، لەگەڵ زمانی ئینگلیزی وەک زمانی بیانی، ھەروەھا کەمایەتی ھەن بە زمانی ئەرمەنی ئەدوین کە خۆیان فەلەستینین بەڵام لە نەژادی ئەرمەنییەوە ھاتوون، ھەروەھا زمانەکانی تری وەک ڕوسی و ڕۆمانی و یدیشی و ئەمھەری ھەن کە زمانی کۆچکردووە یەھودییەکانن.

دانیشتووان

[دەستکاری]

یەکەم ئاسەواری ناسراو لە فەلەستیندا دەگەڕێتەوە بۆ ھۆزێک بە ناوی کەنعانییەکان و ھۆزی ئەموورییەکان، ئەم دوو نەتەوەە ھۆزی کۆچکردوو بوون لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە لە باکوورەوە و جێگیر بوون لە واتی شام و لە فەلەستین بە تایبەتی، ئەمەش جێگیرە و ھەموو میژونوسە ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژاوایییەکان لەسەری ڕێکەوتوون، پاشان چەند نەتەوەیەکی تر نیشتەجیی بوون کە لە دوورگەکانی دەریای سپی ناوەراستەوە ھاتبوون بە تایبەت لە دوورگەی (کریت)ەوە کە ئەمانەش بلیستینییەکان بوون وناوی فەلەسەتین لەوانەوە ھاتووە، و بە تێپەڕبوونی کات بلستینی و کەنعانییەکان نەمان و ھیچ ئاسەوارێکیان نەماوەتەوە.

پێش ئەوەی کۆچکردنە ڕێکخراوەکان دەست پێ بکات بۆ خاکەکانی فەلەستین لە سەرەتای سەدەی بیست تا ڕوودانی کارەساتەکە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، فەلەستینییەکان زۆرینەی دانیشتووانی فەلەستینیان پێک دەھێنا، لە کاتی ئێستادا لە ناوچە فەلەستینییە مێژوویەکەدا کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لێ دامەزرا ساڵی ١٩٤٨، زۆربەی یەھودییەکان لە ھەموو لایەکی جیھانەوە کۆچیان کرد بۆ فەلەستین بەتایبەت لە ئەلمانیا و ئەورووپای ڕۆژھەڵات و ڕوسیاوە و لە وڵاتە عەرەبییەکانی وەک یەمەن و عێراق و مەغریبەوە.

و لە ناوچەکانی غەزە و زفەی غەربیدا زۆرترین دانیشتووانە ڕەسەنەکانی فەلەستین دەژین لەگەڵ پەنابەرەکان لە ناوچەکانی ترەوە ھاتوون کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لێ دامەزرا، ھەروەھا چەند کەمایەتییەک مۆڵگەی ئیسرائیلی ھەیە لە یەکە نیشتەجێبووەکاندا لە زفەی غەربی و کەرتی غەزەدا پێشتر؛ و جێگەی ئاماژەیە کە لە ئێستادا زیاتر لە ٥ ملیۆن پەنابەری فەلەستینی ھەیە دەژین لە دەرەوەی زەوییە فەلەستینییەکان و زۆربەیان کۆدەبنەوە لە ئوردن و سووریا و لوبنان. لەگەڵ سەدان ھەزار فەلەستینی تر کە بە ھەموو لایەکی جیھاندا بڵاو بوونەوە بە تایبەت لە وڵاتەکانی کەنداو و ئەمریکاکان. ئەم خشتەیەی خوارەوە پێکھاتووی دانیشتووانی قەزاکانی فەلەستین ڕوون دەکاتەوە لە کاتی ئینتیدابی بەریتانیدا.

دانیشتووانی فەلەستین ساڵی ١٩٤٥
قەزا موسڵمان ڕێژە یەھوودی ڕێژە مەسیحی ڕێژە کۆ
عەککا ٥١٬١٣٠ ٦٩٪ ٣٬٠٣٠ ٤٪ ١١٬٨٠٠ ١٦٪ ٧٣٬٦٠٠
بیئری سەبع ٦٬٢٧٠ ٩٠٪ ٥١٠ ٧٪ ٢١٠ ٣٪ ٧٬٠٠٠
بیسان ١٦٬٦٦٠ ٦٧٪ ٧٬٥٩٠ ٣٠٪ ٦٨٠ ٣٪ ٢٤٬٩٥٠
غەزە ١٤٥٬٧٠٠ ٩٧٪ ٣٬٥٤٠ ٢٪ ١٬٣٠٠ ١٪ ١٥٠٬٥٤٠
حەیفا ٩٥٬٩٧٠ ٣٨٪ ١١٩٬٠٢٠ ٤٧٪ ٣٣٬٧١٠ ١٣٪ ٢٥٣٬٤٥٠
خەلیل ٩٢٬٦٤٠ ٩٩٪ ٣٠٠ <١٪ ١٧٠ <١٪ ٩٣٬١٢٠
یافا ٩٥٬٩٨٠ ٢٤٪ ٢٩٥٬١٦٠ ٧٢٪ ١٧٬٧٩٠ ٤٪ ٤٠٩٬٢٩٠
جەنین ٦٠٬٠٠٠ ٩٨٪ ڕێژەیەکی کەم <١٪ ١٬٢١٠ ٢٪ ٦١٬٢١٠
قودس ١٠٤٬٤٦٠ ٤٢٪ ١٠٢٬٥٢٠ ٤٠٪ ٤٦٬١٣٠ ١٨٪ ٢٥٣٬٢٧٠
نابلس ٩٢٬٨١٠ ٩٨٪ ژمارەیەکی کەم <١٪ ١٬٥٦٠ ٢٪ ٩٤٬٦٠٠
ناسڕە ٣٠٬١٦٠ ٦٠٪ ٧٬٩٨٠ ١٦٪ ١١٬٧٧٠ ٢٤٪ ٤٩٬٩١٠
ڕامەڵە ٤٠٬٥٢٠ ٨٣٪ ڕێژەیەکی کەم <١٪ ٨٬٤١٠ ١٧٪ ٤٨٬٩٣٠
ڕەملە ٩٥٬٥٩٠ ٧١٪ ٣١٬٥٩٠ ٢٤٪ ٥٬٨٤٠ ٤٪ ١٣٤٬٠٣٠
سەفەد ٤٧٬٣١٠ ٨٣٪ ٧٬١٧٠ ١٣٪ ١٬٦٣٠ ٣٪ ٥٦٬٩٧٠
تەبیڕیا ٢٣٬٩٤٠ ٥٨٪ ١٣٬٦٤٠ ٣٣٪ ٢٬٤٧٠ ٦٪ ٤١٬٤٧٠
توڵ کەرەم ٧٦٬٤٦٠ ٨٢٪ ١٦٬١٨٠ ١٧٪ ٣٨٠ ١٪ ٩٣٬٢٢٠
کۆ ١٬٠٧٦٬٧٨٠ ٥٨٪ ٦٠٨٬٢٣٠ ٣٣٪ ١٤٥٬٠٦٠ ٩٪ ١٬٨٤٥٬٥٦٠
Data from the Survey of Palestine[١]

تێبینی؛ لە ھەندی لە نەخشە نیمچەفەڕمییەکاندا دوو قەزای تر بۆ ئەم شازدە قەزایە زیاد کراون ئەوانیش قەزای بەیت لەحم و ئەڕیحان.

سیاسەت

[دەستکاری]
وێنەیەک ھێمایە بۆ ڕاپەڕینی فەلەستین بە فڵچەی کارلۆس لاتوف

وشیاری سیاسی لە فەلەستیندا زوو دەستی پێکرد ھەر لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕۆڵێکی دیاری ھەبوو، و ڕۆشنبیرە فەلەستینییەکان بۆ بەرەنگاری کۆچکردنی یەھود بۆ وڵاتەکەیان ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبوو و نزیکەی ١٧ پارتی سیاسیان ڕێکخست بۆ دەربڕینی بیروڕاکانیانو بەرگریکردن لە مافەکانیان.

ئەمڕۆ ناوچەکە لە ڕووی سیاسییەوە ناوچەیەکی ناکۆک دەگرێتەوە، زیاتر لە جارێک ڕووبەڕووی دابەشبوون بۆیەوە، یەکەمیان ساڵی ١٩٣٧ و دووەمیان ساڵی ١٩٤٧، و لە فەلەستینی مێژووییدا دوو پێکھاتووی سیاسی ھەیە یەکێکیان ئیسڕائیلە کە لەسەر خاکی فەلەستین دامەزرا لە دوای کارەساتی ساڵی ١٩٤٨ز، و دووەمیان دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستینە لە شارە فەلەستینییەکانی وەک

زفەی غەربی و کەرتی غەزەدا ھەن لە ساڵی ١٩٩٤ز، بەڵام لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە تەنھا ئیسڕائیل دانی پێدانراوە. ئیسڕائیل بە داگیرکەری بە لایەنێکی داگیرکەر دادەنرێت بۆ خاکە عەرەبییەکانی زفەی غەربی و کەرتی غەزە بەپێی ڕێکەوتننامەی جنێف و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ٢٤٢، و فەلەستینییەکان داوای کۆتایی ھێنان بە داگیرکردنی وڵاتەکەیان دەکەن کە لە ئەنجامی شەڕی ١٩٦٧ ڕوویدا و ڕاپەڕینی یەکەمی فەلەستین ساڵی ١٩٨٧ (ڕاپەڕینی بەرد) ڕوویدا و دووەمیان لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو ناونرا ڕاپەڕینی ئەقسا، کە ھەردووکیان درێژبوونەوەی ڕاپەڕینی نوێی فەلەستین بوون کە ساڵی ١٩٦٤ دەستی پێکرد لە دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادکرنی فەلەستینی.

نەخشەی دابەشکردنی فەلەستین ١٩٤٧

کۆچکردن

[دەستکاری]

بەپێی ئاماری فەڕمی ٣٬٣٧٤٬٢٧٥ یەھودی کۆچیان کرد بۆ فەلەستین لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە ھەتا ساڵی ٢٠٠٦، لەمانەش ٣٣٣٠٤ بە شێوەیەکی یاسایی کۆچیان کرد، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٤٥ نزیکەی (٥٠٠٠٠–٦٠٠٠٠)یەھود کۆچیان بۆکرد بە شێوەیەکی نایاسایی لەو ماوەیەدا، کە ئەم کۆچکردنانە بوو بەھۆی زیادبوونی دانیشتووە یھودییەکان.

لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ و تا شەڕی ١٩٤٨ نزیکەی ٧٥٠٠٠٠ عەرەبی فەلەستینی لە وڵاتەکەیان دەرکران، دوای شەڕ فەلەستین دابەشکرا لە نیوان ئیسرائیل و ئوردن و میسر، ئیسڕائیل ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی دا بەوانەی لە خاکەکید مابوونەوە و ڕێگەی نەدا عەرەبرەکانی دەرەوەی ئەو سنوورە بگەڕێنەوە، ئوردن ڕەگەزنامەی دا بەوانەی لە زفەی غەربی بوون لەگەڵ پەنابەرەکان، بەڵام دانیشتووانی کەرتی غەزە و پەنابەرەکانی بە بێ ڕەگەزنامە مانەوە دوای ئەوەی میسر ڕەگەزنامەیان نەداتێ، پەنابەرەکان ئەمڕۆ نزیکەی نیوەی نەتەوەی فەلەستینی پێک دەھێنن کە دەگەنە ٤٬٦ ملیۆن کەس (١٩٩٥).

دابەشکردنی فەلەستین

[دەستکاری]

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەوڵێکیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ناکۆکی عەرەبی ئیسڕائیلی لەسەر خاکی فەلەستین ساڵی ١٩٤٧ لیژنەیەکی بۆ ئەو مەبەستە پێکەوەنا، ئەم لیژنەیەش ھەستان بە دانانی دوو پڕۆژە یەکەمیان؛ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و شاری قودس لەلایەن بەڕێوەبردنە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوە ببرێت، و پڕۆژەی دووەم؛ دامەزراندنی فیدرالی بوو کە ھەردوو دەوڵەتەکە لە خۆبگرێت، و زۆربەیان لایەنگری پڕۆژەی یەکەمیان کرد، و نەتەوە یەکگرتووەکان ھەستا بە پەسەندکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ ئەنجامدانی چەند دەستکارییەک لە سنووری ھاوبەشی نێوان دوو دەوڵەتەکە، و بڕیاری دابەشکردنەکە جێبەجێ دەبێت لەو ڕۆژەی ھێزەکانی ئینتیدابی بەریتانی دەکشێتەوە لە فەلەستین.

بڕیاری دابەش بوونەکە %٥٥ی خاکی فەلەستینی دا بە دەوڵەتی یەھودی، و پڕۆژەی دابەشکردنەکە دانرا بەپێی ئەو شوێنانەی کۆمەڵەی یەھودییەکنی تیا بوو تا ھەموویان بکەونە ناو دەوڵەتی یەھودییەوە.

شار وگوندەکان

[دەستکاری]

شارە فەلەستینییەکان لە ئیسڕائیل

[دەستکاری]

دوای کۆتایی شەڕی عەرەبی – ئیسرائیلی ساڵی ١٩٤٨ (کارەسات)، ڕێکەوتنی ڕودس بەسترا کە ئاگربەستی سەپاند لە نێوان ئیسرائیل و ھەریەک لە میسر و سووریا و ئوردن و لوبنان، و بەپێی ئەم ڕێکەوتنانە وێنەی ھێڵی سەوز کێشرا، کە بە فەڕمی داگیرکرا وەک ھێڵی ئاگربەست، بەڵام بە کردار بوو بە سنووری دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانی دەوروپشتی، لە ناو ھێڵی سەوز یان ئیسرائیلدا ژمارەیەک شار و گوندی عەرەبی فەلەستینی و شاری تری تێکەڵ کە ھەردوو عەرەب و یەھوودی نێشتەجێبوون ھەیەھەروەک بەشی ڕۆژاوای شاری قودسی گرتووەتەوەو بە دانیشتووی عەرەبی ئەو شارانە ئەوترێت فەلەستینی ٤٨.

ئەو شارە فەلەستینی و تێکەڵانەی دەکەونە ھێڵی سەوز یان ئیسرائیلەوە ئەمانەن.

شارە تیکەڵەکان

[دەستکاری]
  • حەیفا
  • یافا
  • لەد
  • بیئری سەبع
  • عەککا
  • ڕەمڵە

شارە عەرەبییەکان

[دەستکاری]
  • ناسڕە
  • ئوم فەحم
  • تەییبە
  • تییرە
  • ڕەھت
  • شفا عەمر
  • باقەی غەربی
  • سەخنین
  • قلنسوە
  • چەند شارێکی تر ھەن کە زۆربەی دانیشتووانیان عەرەبی فەلەستینی بوون بەڵام بوون بە شاری یەھودی دوای ئەوەی یەھود کۆچیان بۆ کرد و عەرەبەکانی لێ دەرکران لە شەری ١٩٤٨دا؛
  • تەبڕیا
  • سەفەد
  • بیسان
  • مەجدەل (عەسقەلان)
  • ئیسدود (ئەشدود)

شارە فەلەستینییەکانی زفەی ڕۆژاوا

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل زفەی غەربی و کەرتی غەزەی داگیر کرد لە ماوەی شەڕی ١٩٦٧، ھەموو شارەکانی زفەی غەربی کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئوردن بوون، لەسەر ھەموویانەوە قودسی ڕۆژھەڵات کەوتنە دەستی ئیسرائیل. (زفە %٢١ی ڕووبەری فەلەستین ئەگرێتوە نزیکەی ٥٨٦٠ کم/٢

  • قودس
  • ڕامەڵڵا
  • خەلیل
  • بەیت لەحم
  • نابلس
  • جەنین
  • توڵکەرەم
  • ئەڕیحا
  • قەلقیلییە

شارە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە

[دەستکاری]

غەزە لە %١٫٣ی ڕووبەری فەلەستین پێک دەھێنێت کە نزیکەی ٣٦٠کم/٢، و زۆربەی پەنابەر ناوخۆیییەکانی لە خۆگرتووە کە وایلێکردووە ببێتە چڕترین ناوچەی جیھان لە ژمارەی دانیشتوواندا.

گوندە وێرانکراوەکانی فەلەستین

[دەستکاری]

لە ماوەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەتایبەت لە شەری ١٩٤٨، ھێزە سەھیۆنییەکان شارستانی و ئاسەواری ٤١٨ گوندیان لە گوندە مێژوویەکانی فەلەستین وێران کرد، ئەم گوندانە سەر بە قەزاکانی خەلیل و ڕەمەڵە و قودس و ناسڕە و بیئر سەبع و بیسان و جەنین و حەیفا و سەفەد و تەبڕیا و توڵکەرەم و عەککا و غەززە ویافا بوون.

پێشانگا

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. cite book|title=A Survey of Palestine: Prepared in December, 1945 and January, 1946 for the Information of the Anglo-American Committee of Inquiry |page= 12–13|volume=1|publisher= Institute for Palestine Studies| year=1991|id = ISBN 0-88728-211-3
  • موقع فلسطین فی الذاکرة
  • جامعة القدس المفتوحة، الباحث محمد عثمان الزعاترة.
  • فلسطین حاضر ومستقبل، تألیف سفیان عثمان الزعاترة ومحمد أحمد عشا.

کتێبنامە

[دەستکاری]