مستەفا پاشای یاموڵکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مستەفا پاشای یاموڵکی
لەدایکبوون ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٨٦٦
سلێمانی، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی
مەرگ ٢٥ی ئایاری ١٩٣٦
ەسلێمانی لە عێراق
نەتەوە کورد

مستە‌فا پاشای یاموڵکی(ماوەی ژیان:٢٥ی کانوونی دووەمی ١٨٦٦ لەسلێمانی، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی تاکوو ٢٥ی ئایاری ١٩٣٦ لەسلێمانی لە عێراق) سە‌رکردە‌ی سوپای عوسمانی و ڕۆژنامە‌نووس و وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود، ناوی تەواوی مستە‌فا پاشای یاموڵکی کوڕی مە‌لا عە‌زیزە لە ساڵی ١٨٦٦ دا لە دایکبووە‌و لە ٢٥-١-١٩٣٦ دا لە تە‌مە‌نی ٧٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گردی سە‌یوان نێژراوە.

ژیاننامە[دەستکاری]

مسته‌فا پاشای‌ یاموڵكی‌ كوڕی عه‌زیز یامولكی مه‌لا زاده‌یه‌كی بیاره‌ بووه‌. ڕۆژی ٢٥/١/١٨٦٦ له‌ گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌. ده‌ستپێكی‌ خوێندنی‌ لای مه‌لا فه‌تاح له‌مزگه‌وتی حاجی سه‌ید حه‌سه‌ن و لای عیرفان ئه‌فه‌ندی بووه‌، پاشان سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی سه‌ربازیی له‌ به‌غدا له‌مه‌كته‌بی حه‌ربییه‌ی ئه‌سته‌نبوڵ له‌ ساڵی ١٨٨٥دا ته‌واو كردووه‌. وه‌ك مه‌لازمی دووه‌م چووه‌ته‌ پۆلی ئه‌ركانی جه‌نگ، ساڵی‌ ١٨٨٦ بووه‌ به‌مولازمی یه‌كه‌م. له‌ساڵی‌ ١٨٨٨دا، سه‌فییه‌خانی حسێن پاشای خه‌ندانی هێناوه‌ و هه‌مان ساڵ بووه‌ به‌ یووزباشی (نه‌قیب) و له‌ لقی سێهه‌می ئه‌ركانی گشتیی جه‌نگدا دامه‌زراوه‌. ساڵی‌ ١٨٨٩ بووه‌ به‌قول ئاغاسی(ڕائید)و ره‌وانه‌ی جه‌نگی حیجاز كراوه‌. ساڵی‌ ١٨٩٢ كراوه‌ته‌ بینباشی(موقه‌دده‌م) و گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌ركه‌كانی جه‌نگی ئۆردووی هومایۆنی شه‌شه‌م‌، و كاری‌ قونسڵگه‌ری‌ له‌ خۆی و سه‌ڵماس و قارس‌ ، ساڵی‌ ١٨٩٨ یش ئه‌ركه‌كانی جه‌نگی ئۆردوو له‌به‌غدا جێبه‌جێ‌ كردوه‌. ساڵی‌ ١٩٠٠ پله‌ی قائیمقامی دراوه‌تێ‌‌، له‌ ساڵی‌ ١٩٠١دا كراوه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌ركه‌كانی جه‌نگی ئۆردوو، ساڵی‌ ١٩٠٢ بووه‌ به‌سه‌رۆكی ئه‌ركانی جه‌نگی فیرقه‌ی شانزه‌هه‌م له‌ سیواس ، ساڵی‌ ١٩٠٤ بووە به‌میر لیوا(میراڵای)‌، ساڵی‌ ١٩٠٥ بووە به‌مه‌ئمووری كۆمسیۆنی ناوچه‌كانی سلێمانی و وه‌زنه‌ و لاجان . به‌ڕاگه‌یاندنی مه‌شروتییه‌تی عوسمانی، كراوه‌ به‌سه‌رۆكی ئه‌ركانی جه‌نگی فیرقه‌ی ئه‌نقه‌ره‌. ١٩٠٨ بووه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی لیوای نیزامیی بیتویه‌كه‌می ئۆردووی شه‌شه‌م له‌به‌غدا: ١٩١٠ بووە به‌فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی سێیه‌می نیزامی له‌ته‌شكیلاتی نوێی فه‌یله‌قی ده‌یه‌م: ١٩١١ بووە به‌فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی نیزامیی پێنجه‌م له‌مایدۆس: ١٩١٢ بووە به‌فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی نیزامیی بیست و حه‌وته‌م له‌ به‌یروت‌، به‌شداری شه‌ڕی باڵكان بووه‌. ١٩١٣ ئه‌نوه‌ری پاشا بووه‌ته‌ وه‌زیری جه‌نگ، یاموڵكی‌ خانه‌نشین كراوه‌و، به‌درێژایی یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی له‌ ئه‌سته‌مووڵ دانیشتووه‌، لایه‌نگری حیزبی (حوڕڕییه‌ت و ئیئتیلاف)بووه‌. پاش جه‌نگ، پله‌و پایه‌ی جارانی دراوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ به‌ئه‌ندامی دیوانی جه‌نگ بۆ سزادانی سه‌رانی ئیتیحادو ته‌ره‌قی. ئه‌وده‌مه‌، بووه‌ به‌ئه‌ندامی (جه‌معییه‌تی ته‌عالی كوردستان) له‌ ئه‌سته‌مبووڵ. ساڵی‌١٩١٩ كاتێ‌ فه‌رید پاشا كابینه‌ی پێكهێنایه‌وه‌ بووه‌ والیی ویلایه‌تی خوداوه‌ندكار. له‌ ٢٣/٤/١٩٢٠ به‌ئیراده‌ی شاهانه‌ كراوه‌ به‌سه‌رۆكی دیوانی عورفی یه‌كه‌م‌، سزای توندی كه‌مالیه‌كانی داوه‌. له‌ ٢١/١٠/١٩٢٠، به‌هاتنه‌ سه‌ر كاری كابینه‌ی تۆفیق پاشای لایه‌نگری كه‌مالیه‌كانی، گیراوه‌ و دراوه‌ته‌ دادگا. به‌ڵام له‌٦/٢/١٩٢١ به‌ئیراده‌ی سوڵتان به‌ربووه‌ و ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌. له‌١٧\٦ی ئه‌و ساڵه‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌٤/١٠/١٩٢١ گه‌یشتووه‌ته‌ سلێمانی. و له‌ساڵی‌١٩٢٢ بووه‌ به‌سه‌رۆكی (جه‌معییه‌تی كوردستان)‌وله‌ ٥/٩/١٩٢٢ به‌ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئیداره‌ی شار، دوای ئه‌وه‌ی ئینگلیز سلێمانیی چۆڵكردووه‌. ئه‌و ڕۆژانه‌ ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی بانگی كوردستانی وه‌رگرتووه‌ و خۆیشی وه‌ك مودیری مه‌سئوول و سه‌رموحه‌ڕیر به‌ڕێوه‌ی بردووه‌ و سیانزه‌ ژماره‌ی لێ‌ ده‌ركردووه‌. له‌دووه‌م حكومه‌تی كوردستاندا، به‌ڕه‌ئیسی مه‌عاریف دانراوه‌. له‌ ٣\٣\١٩٢٣ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تردا به‌ وه‌فد چوونه‌ته‌ كه‌ركوك و به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن. له‌دووه‌م خولی حوكمی ڕاسته‌وخۆی ئینگلیزدا، ژماره‌ (١٤)ی «بانگی كوردستان»ی به‌ته‌نیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ڕۆیشتنه‌ عومومیه‌كه‌ی ١٧\٦\١٩٢٣دا، چووه‌ته‌ به‌غدا و تاسه‌ر له‌وێ‌ نیشته‌جێ‌ بووه‌. ساڵی ١٩٢٦، سێ‌ ژماره‌ی تری له‌»بانگی كوردستان» ده‌ركرده‌وه‌. له‌ڕۆژی ٢٥\١\١٩٣٦ له‌ گه‌ڕه‌كی عیوازییه‌ی به‌غدا كۆچی دوایی كردووه‌و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی‌ خۆی‌ له‌ گردی سه‌یوان نێژراوه‌.[١]

بەرپرسیارێتی لە سوپای عوسمانیدا[دەستکاری]

دوای ئەوەی دەبێت بە ئە‌فسە‌ری ڕوکن لە وەزارەتی جە‌نگی عوسمانیدا و دوای ساڵێک خزمە‌تکردن گوێزراوە‌تە‌وە بۆ سوپای عوسمانی لە حیجاز و لە‌وێ بووە‌تە ئە‌ندازیاری سە‌ربازی لە شاری مە‌ککە‌، لە‌ ساڵی ١٨٩٣ دا کراوە‌ بە قونسولی عوسمان لە شاری سە‌ڵماسی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە‌ ساڵی ١٨٩٤ یشدا گوێزراوە‌تە‌وە بۆ شاری سنە‌ی مە‌ڵبە‌ندی ئە‌یالە‌تی کوردستان لە ئێران و دوای 3 ساڵ لە ١٨٩٧دا گوێزراوە‌تە‌وە بۆ شاری قارس لە ڕوژھە‌ڵاتی ئە‌رزرۆم لە باکو،ری کوردستان. لە ساڵی ١٩٠١ دا گە‌ڕاندراوە‌تە‌وە بۆ سوپا و کراوە بە بریکاری سە‌رە‌ک ئە‌رکانی سوپای شە‌شە‌م لە بە‌غدا، لە‌ ساڵی ١٩٠٤ دا کراوە بە نوێنە‌ری دە‌وڵە‌تی عوسمانی لە لیژنە‌ی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی، ئنیجا لە ساڵی ١٩٠٨ دا کراوە بە سە‌رە‌ک ئە‌رکانی تیپێک سە‌رباز لە حامیە‌‌ی ئە‌نقە‌رە، دواتر لە ساڵی ١٩٠٩دا پایە‌ی سە‌ربازی بە‌رزکراوە‌تە‌وە بۆ پلە‌ی میر لیوا ڕوکن و کراوە بە فە‌رماندە‌ی تیپی بیست و یە‌کە‌می سوپای عوسمانی لە بە‌غدا.

حکومدانی مستە‌فا کە‌مال[دەستکاری]

کاتێک کە جە‌نگی یە‌کە‌می جیھانی لە ساڵی ١٩١٤ دا ھە‌ڵگیرسا، بە ھۆی کورد بوونی لە دڵسۆزییە‌کە‌ی بە‌گومان بوون بۆیە خانە‌نیشینیان کردووە و دوای کۆتایی ئە‌و جە‌نگە جیھانیە بە فە‌رمانی داماد فە‌رید پاشا کراوە بە سە‌رۆکی داگای عورفی سە‌ربازی بۆ دادگایی کردنی مستە‌فا کە‌مال و ھە‌ڤاڵانی بە تاوانی یاخی بوونیان لە دە‌ڤە‌ری ئە‌نازۆڵ لە دژی میری سە‌نتە‌ری. ئە‌م کە‌سایە‌تییە میریی پاشملە بە لە‌ سێدارە‌دانی مستە‌فا کە‌مال و میر لیوا فوئاد پاشا و فە‌ریق مستە‌فا فە‌وزی پاشا دە‌دات. بە‌ڵام کە مستە‌فا کە‌مال سە‌کە‌وتن بە دە‌ست دێنی. مستە‌فا پاشا تورکیا جێدێڵێ و دە‌گە‌ڕێتە‌وە باشووری کوردستان.

دروستکردنی گروپی سیاسی[دەستکاری]

یاموڵکی دوای ھەڵھاتنی لە تورکیا ساڵی ١٩٢١، لە سلێمانی دادە‌نیشێ و ھە‌وڵێکی زۆر دە‌دات بۆ پێکە‌وە‌نانی کۆمە‌ڵێکی ڕامیاری بە‌ناوی کۆمە‌ڵە‌ی کوردستان، لە کۆبوونە‌وە‌یە‌کی گشتی پیاو ماقوڵان و ڕووناکبیرانی شارە‌کە لە ڕوژی ٢١-٧-١٩٢٢ دا دە‌ستە‌ی بە‌ڕێوە‌بە‌ری ئە‌و کۆمە‌ڵە ڕامیارییە‌ی کورد بە زۆرینە‌ی دە‌نگ ھە‌ڵدە‌بژێردرێک کە بریتی بوون لە‌:

  • مستە‌فا پاشای یامولکی - سە‌رۆکی کۆمە‌ڵە‌ی کوردستان
  • ڕە‌فیق حلمی بە‌گ - ئە‌ندام
  • ئە‌‌حمە‌د توفیق بە‌گ - ئە‌ندام
  • فایق مە‌عرووف - ئە‌ندام
  • شێخ محە‌مە‌دی گوڵانی - ئە‌ندام
  • مامۆستا ساڵح قە‌فتان - ئە‌ندام
  • شێخ عە‌لی سە‌رکار - ئە‌ندام
  • سدیق ئە‌لە‌کە - ئە‌ندام

ئە‌م کۆمە‌ڵە ڕۆژنامە‌یە‌کی ڕامیاریان بە‌ ناوی بانگی کوردستان دە‌رچواند و ژمارە‌ی یە‌کە‌می لە ٢-٨-١٩٢٢دا بڵاوکردە‌وە.

وەزیری پەروەردە[دەستکاری]

کاتێک کە شێخ مە‌‌‌حموودی حە‌فید لە دوا دوای مانگی ئە‌یلوولی ١٩٢٢دا گە‌ڕایە‌وە سلێمانی و بووە‌و پاشای کوردستان، لە ١٠-١٠-١٩٢٢دا کابینە‌ی دووە‌می فە‌رمانڕە‌واکە‌ی دامە‌زراند، مستە‌فا پاشای کردە و وەزیری مە‌عاریف و ئە‌ویش خزمە‌تێکی زۆر خوێندە‌واریی کرد لە کوردستان و گە‌لێک قوتابخانە‌‌ی تازە کردە‌وە. ڕۆژنامە‌کە‌یشی کردە زمانحاڵی حکومە‌تە‌کە‌ی شێخ مە‌حموود و ناونرا ڕۆژنامە‌ی ڕۆژی کوردستان. لە دوای نە‌مانی حوکمی شێخ مە‌حموودی مە‌لیکی کوردستان، چووە شاری بە‌غدا بۆ بە‌سە‌ربردنی ساڵانی دوادوای ژیانی تاکو لە ساڵی ١٩٣٦ دا کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ http://www.historyofkurd.com/2017/01/26/%D9%85%D8%B3%D8%AA%DB%95%D9%81%D8%A7-%D9%BE%D8%A7%D8%B4%D8%A7%DB%8C-%DB%8C%D8%A7%D9%85%D9%88%DA%B5%D9%83%DB%8C-%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%83%D8%A8%D9%80%D9%80%DB%8C%D9%80%D9%80%D8%B1%D9%88-%D9%88/