بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئاغە شەڕ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاغە شەڕ
لەدایکبوون١٨٨٥
تەرگاران، ناوچەی ئێناخی
مەرگ٢٨ی تەمووزی ١٩٩٩
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترئاغا شەڕ، ئاغابەگ، ئاغا لەرە، ئاغابەگی ئێناخی

ئاغە بەگی حسێنیی ئێناخی ناسراو بە ئاغە شەڕ، ئاغا شەڕ، ئاغابەگ، ئاغا لەرە یان ئاغابەگی ئێناخی (١٨٨٥ لە تەرگاران، ناوچەی ئێناخی - ٢٨ی تەمووزی ١٩٩٩ لە تاران) کەسایەتیی شۆڕشگێری کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو. ئەو یەکێک لە یارمەتیدەرانی شێخ مەحموودی حەفید و جافرسانی ھەورامان بووە و دژ بە حکوومەتی پاشایەتیی ڕەزاشای پەھلەوی و پاشایەتیی بریتانیا شەڕ و خەباتی کردووە و ساڵانێکی زۆر لە زیندانی حکوومەتی پەھلەویدا بووە.

ئاغە بەگی حسێنی لە ساڵی ١٨٨٥ لە گوندی تەرگاران سەر بە ناوچەی ئێناخی چاوی بە ژیان ھەڵھێنا. باوکی مەحموودبەگ کوڕی سەلیم بەگی ئێناخی لە نەوەکانی غەفار بەگی وەکیلی جوانڕۆ بوو. ھەر لە منداڵییەوە خولیایی نیشتمانپەروەری و دژیی چەوسانەوە بوو و بۆیە لە ساڵی ١٩٢٥ سەردانی شێخ مەحموودی حەفیدی کرد کە لەو سەردەمەدا پاشای شانشینی کوردستان بوو و لە شۆڕشەکەی پشتگیری دەردەبڕێ. شێخ مەحموود وێڕای پێشوازی و میوانداری دەمانچەیەکی دەتیری پێشکەشی کردەوە. ئاغە شەڕ لە ڕووداوی ڕووخانی شانشینی کوردستان لەگەڵ خانە ئەحمەدی ئێناخی تێکەڵی شەڕی دژ بە ئینگلیز بوون و وەکوو چەکدارێکی شێخ مەحموود لە شەڕی بەردە قارەماندا دژ بە ئینگلیز بەشدارییەکی بەرچاوی ھەبوو.[١]

جگە لەوە ئاغە شەڕ لە ڕاپەرینی جافرسانی ھەورامان دژ بە دەسەڵاتی ڕەزاشادا بەشداریی کردەوە و بۆیە لە ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ خزم و کەسوکارەکانی کەوتە بەر شاڵاوی گرتن و کوشتنی حکومەتی ئێران و ١٤ کەس لە بنەماڵەکەی لە ھۆزی ئێناخی دەستبەسەر کرا کە لەوانە بوو: حەسەن فەتاح بەگ، محەممەدحەسەن بەگ، عەبدولمحەممەد سەید بارام ڕەحمان بەگ، عەبدولمحەممەد ئەمیرخان بەگ، محەممەدئەمین کەیخەسرەو بەگ، حەبیب مەنووچێر بەگ، قادر فەتاح بەگ، بەکر غەفار بەگ، کاکە عەلی ڕوستەم بەگ. لەم کەسانە بەکر غەفار بەگ و کاکە عەلی ڕوستەم بەگ بەدوای چەند ڕۆژێک لە شارۆچکەی نوسودی ھەوراماندا لە سێدارە دران تا چاوی خەڵک بترسێندرێت. بەدوای لەسێدارەدانی ئەو دوو ھەڤالی ئاغەشەڕ بوو کە دەستی کرد بە خەباتی چەکدارانەی دژ بە حکوومەتی ڕەزاشای پەھلەویی ئێران. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەی ئێناخیی ھەورامان و عەشیرەتەکانی دیکە لە سەرپێڵی زەھاو، پاوە، جوانڕۆ، ھەورامانی تەخت و ناوچەکانی دیکە لەو سەرھەڵدانەدا یارمەتیی ئاغە شەڕ و ھۆزی ئێناخیان دا. ئەو سەرھەڵدانە توانیبوو ترسی بخاتە نێو دڵی حکومەتی شای ئێران و ناوچەکانی پاوە، جوانڕۆ، نۆسوود، کامێران و کرماشانی بۆ نائەمن بکات. حکوومەتی ڕەزاشای پەھلەوی ھەولێکی زۆری دا لە سەرھەڵدانی ئاغە شەڕ و شۆڕشەکەی بەرگری بکات و لەم پێناوەدا پروپەگەندەی بۆ دەکردن کە وا ئەمانە ڕێگر و چەتەن نەک شۆڕشگێر. بەڵام پاڵپشتیی ھۆزە کوردەکان لە یەکتر ئەوەندە بوو کە حکوومەتی ئێران پەیوەندی بە حکوومەتی پاشایەتیی عێراق کرد تا ڕێگە نەدرێن ئاغە شەڕ و چەکدارەکانی لە سنووری ھەر دو لاوە بنکە و بارەگایان ھەبێ. بەڵام نەیانتوانی بەری بگرن و بۆیە دواتر و لە ساڵی ١٩٣٠ لە چوارچێوەی پیلانگێڕییەک لەژێر ناوی وتووێژ بانگیان کردی بۆ نۆسوود. حکوومەتی ئێران لە سەرەتاوە بەڵینی پێدان کە بە ھەموو چەکدارەکانی ئاغە شەڕ مووچە و یارمەتی دەدات و قەرەبووی زەرەر و زییانیان دەکات و تەنانەت وتیان دەسەڵاتی ناوچەی کرماشانییان بە تەواوی ڕادەستی دەکەن. بەڵام ئاغە شەڕ وا ھەست دەکات کە ئەمە پیلانگێڕییەکی حکوومەتی ئێرانە و پێشنیاری نوێنەری ئێران ڕەت دەکاتەوە.[١]

دواتر لە ساڵی ١٩٣١ حکوومەتی ئێران لەشکەرێکی زۆری لەژێر فەرماندەییی سەرھەنگ سوڵتان عیساخان و سەرھەنگ حسێن خان ناردووە بۆ ناوچەی ھەورامان تا پەڵاماری ھێزەکانی ئاغە شەڕ بدەن و لەناوی بیبەن. سوپای ئێران بە ھێزێکی ڕاھێنراو و پڕچەک و تەقەمەنی لە شاخی ماسان پلەی ڕوستەم بەگ ھێرشی ئاغە شەڕ و ئێناخییەکان دەھێنن، بەڵام ھێزە کوردەکان توانیویان ٧٥ سەربازی ئێران بکوژن کە لە نێویاندا تەرمی سوڵتان عیساخانیش بوو. حکوومەت کە ھەستی بە شکست دەکرد، ھێزێکی زیاتری ڕەوانەی کرماشان کرد کە کەسانێک وەکوو فەرماندەی ھێزی باکوور حاجعەلی ڕەزمارا، سەرھەنگ جەواد مەنووچێھری، ئەحمەدخان قەساب، سەرتیپ یاوەر حسێن خان، سەرتیپ سیاھپووش، ... لە نێوانیاندا بوون و سەرھەنگ ئەحمەدخان زەھاوی بۆ جاری دووەم ڕەوانەی جەنگ کرا. بەڵام چونکە ھەموو ھێزی خۆیان بە شەڕ کردن تاقی کردبوو، دیسانەوە بە ناوی وتووێژ و بە فێڵەوە دەعوەتی ئاغە شەڕیان کردی بۆ نوسود و لەو ماوەیەدا دەعوەتێکی باشییان لێ کردی و بە بیانووی ھاتنی سەرھەنگ زەھاوی ھەڵگرتنی چەکیان لەناو نۆسووددا قەدەغە کردی. بەم شێوە توانێویان کارێک بکەن کە ئاغە شەڕ و چەکدارەکانی لە شوێنی حەوانەوەیان چەکەکانییان بشارنەوە. خاوەنی ئەو ماڵەی کە ئاغابەگ لێ بوو لەلایەن فەرماندەی ھێزی نۆسوود ئاگادار کرا کە ھەر کاتێک سەرھەنگ زەھاوی ھات بۆ نۆسوود، دەرگای ماڵەکەی قفڵ بکات و پاسەوان دابنێت تا ھێزە ئێرانییەکان بتوانن ئاغە شەڕ دەستگیر بکەن. ئەم جاڕەش ئاغە شەڕ ھەست بە پیلانگێڕیەکە کرد و بە چەکدارەکانی گوت یەک بە یەک خۆیان لە ناو باخەکانی نۆسوود بدزنەوە و لە پردی کورانی یەکبگرنەوە. ئاغە شەڕ پاش دەربازبوون گەیشت بۆ سەر پردەکە، بەڵام کەسێک لێ نەبوو. لەورەدا چوو تا گوندی ھیروێ و بێ ئەوەی خۆی تێک بدا لای قەورسانەکەی ھیروێ چوو بۆ تەنیشتی کاروانەکەی سەرھەنگ زەھاوی. زەھاوی پێی گوتی کابرا چیت و بۆ کوێ دەچی؟ ئەمیش گوتی نێردراوی ئاغابەگم و نامەم پێیە بۆ سەرھەنگ زەھاوی. لەو کاتە کە زەھاوی دەڵێت نامەکەم بدەرێ، ھەست دەکا کە ئاغە شەڕ خۆیەتی. بەرەنگاری یەکتر بوون و ئاغە شەڕ بە دەمانچەکەی دەیکوژێت. لە بەرامبەری سەربازەکان ھاوار دەکات ئەمن ئاغە شەڕم و دەیانکوژێت و جلوبەرگی زەھاوی لە بەر دەکات و بە ئەسپەکەیەوە چوو بۆ لای کەسەکانی لە شاخی کرند. ئەو ئێوارەیە خۆی گەیاندە گوندی دشەی ھەورامان و لەگەڵ ئافرەتێک بەناوی خونچە کە پێشتر خوازبێنیی کردبوو دەرچوون و دواتر لە گوندی ڕوان مارەیان بڕی و شاییان کرد.[١] [٢]

بەدوای ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ ھێرشەکانی ئاغە شەڕ زیادی کرد و ھەوڵی دەدا لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندییەکی باشی ھەبێت. یەکێک لە ئەفسەرانەی کە ڕەوانەی وڵاتی کوردستان کرابوو بە ھاوکاریی یاریدەدەرەکانی لە ناوچەکەدا دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی ناوچەکە کرد. ئاغە شەڕیش کە ئاگاری ئەو ڕووداوە بوو لەگەڵ چەند ئێناخییەک لە شەڕوێنە ئەفسەرەکە دەکوژێت. کاتێک فەرماندەی بنکەی پولیسی حکوومەتی ئێران دێت بۆ ھاوینەھەواری خەڵکی گوندی دەوان لەسەر شاخی کەنە و ئازاری خەڵکی گوندەکە دەدات، کوێخا عەلیی دەوان ناڕەزایی دەردەبڕێت و فەرماندەکە کوێخا عەلی دەگرێت و دەخاتە ناو حەوزی ئاوەکەوە. کوێخا عەلیش بەدوای دەربازبوون خۆی گەیاندە ھێزەکانی ئاغي شەڕ کە لە وەزگێل لە شاخی شنروێ دا بوون و باسی کێشەکەی گوندی دەوانی بۆ دەکات و بڕیار دەبێت حەقیان بسێنێت و ئاغە شەڕیش فەرماندەکە دەکووژێت و نامەیەکیش بۆ بنکەکەی پاوە دەنێرێت و دەنووسێت کە لەسەر ستەم کردن کوشتوومە.[١] [٢]

دیسانەوە پلانی کوشتنی لەلایەن حکوومەتەوە لە شاخی شنروێی پشتی ھەڵەبجە لە کانی وەزگێڵ دادەنرا. ئەم جارە ئاغە شەڕ لە کاتی گەڕانەوە بۆ ھاوینە ھەواری شنروێ لە بەینی وەزگێڵ و باخی زەردەڵان بە دەستی نەیارانی ناوخۆیی لە ھەورامان تەقەی لێ کرا و بە سووکی بریندار بوو.[١]

ئاغە شەڕ لەگەڵ ئافرەتێکی شۆڕشگێری گوندی ھیروێ بە ناوی خاتوو (قەتە چەتە) دۆستایەتی و ھاوکاری ھەبووە کە لەگەڵ مامۆ ئاغا و ئێناخییەکاندا خزمایەتی و تێکەڵاوی ھەبووە و لە خزمانی سەیدەکانی گوندی ھیروێ و خوشکی سید نادری ھیروێی بووە کە خۆی لە کەسایەتییە دژە زوڵم و ستەمەکان لە کوردەواردا بووە.[١]

سەرھەنگ حسێن خان کە گاردی تایبەتی ڕەزاخان لە پاوە بوو، لەگەڵ ٢٥ سرباز خۆی ئامادەی شەڕی ئێناخییەکان و ئاغە شەڕ لە گوندی تەرگاران کرد و چەندین کەس دەگرێت. ئاغا شەڕیش لە دوورەوە چاودێریی کرد و خۆی دەگەیەنێتە شاخی (تارە) لە نێوان گوندی بانیە و دەوان کە ڕێگای گەڕانەوەی حسێن خان بووە. لەو کاتەدا ڕێگای لێ دەگرێت و دەیکوژێت و سربازەکانی چەک دەکا.[١]

ئاغە شەڕ لە ناوچەی ھەڵەبجە زۆر دۆست و لایەنگری ھەبووە کە شێخ کەریمی شێخ ڕەشید لە گوندی عبابەیلێ لەوانە بوو. شێخ کەریم لە کاتی ھێرشی پۆلیسی مەلیکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئاغە شەڕ لە گوندی سازان بنکەکانی پاراستووە و و خزمەتی عەشیرەتی ئێناخی کردووە. ئەو ھەمیشە ېۆ ئەوەی کە لە کاتی حەسانەوەی لە ناوچەی شەمێران میواندارییان کردووە و لە ھێرشی حکوومەت پاراستوویانە، سپاسی عەشیرەتی شەمێرانیی کردووە.[١]

یارمەتیدان بە خەڵک لەکاتی بڵاوبوونەوەی تاعوون

[دەستکاری]

ئاغە شەڕ لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعوون لە ئێران ھەوڵی دابینکردنی دەرمان و پزیشکی بۆ خەڵک دا.[١]

دەستبەسەرکران

[دەستکاری]

ئاغە شەڕ لە ساڵی ١٩٣٥ بە پیلانگێڕیەک لە شاری پاوەی ھەوراماندا دەستگیر و ڕەوانەی تاران کرا. لەلایەن دادگای حکوومەتی پاشایەتیی ڕەزاخان زیندانی ھەتاھەتایی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بۆ دەردەبڕا. پاش ماوەیە لە زیندان دەرباز بوو، بەڵام دووبارە لە نزیکی ھەمەدان دەستگیر کرا. ماوەی زیندانەکەی لە زیندانی قەزەلحەسار لە شاری کەرەج بوو.[١] [٢]

لە جەریانی سەردانەوەیەکی ڕەزا شا لە زیندان، دوو ئەفسەر لەگەڵیدا بوون. ئەفسەرەکان سڵاوی سەربازی لێدەکەن و دەستی ماچ دەکەن، بەڵام ئاغە شەڕ تەنیا سەلامێکی لێ دەکا. ڕەزاشا بە ئاغا شەڕ دەڵێ بۆچی دژ بە ئینگلیز شەڕ دەکەیت و یارمەتیی تورکە عوسمانیەکان دەدەیت، حکوومەتی ئینگلیز داوای تۆ لە ئێمە دەکەن. ئاغا شەڕ لە وەڵامدا دەڵێت من یارمەتی کورد و برایی خۆمم داوە. بەدوای ئەو دیمانەیە، دەیگەڕیننەوە بۆ زیندانی قەجەر و بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لەو زیندانەدا دەمینێت و پاش تەواوکردنی سزاکەشی لە تاران لە ژێر چاودێری دەیھێڵنەوە.[١]

ئاغە شەڕ لە زیندان تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە و نەخۆشیی ئەلزھایمەر بوو. لەوێ ژنێکی فارس دەھێنێت و چەندین نەوەی لێ دەبێ. ئەو لە ژیانیدا سێ جار ھاوسەرگیریی کرد.[١] [٢]

گەڕانەوە بۆ کوردستان

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٧٧ پێش لە شۆڕشی ئێران بەدوای ٤٠ ساڵ زیندانی و دووری لە وڵات، گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە پاوە و لەنێوی ئێناخییەکان و بۆ ماوەی نزیکەی ٣ ھەتا ٤ مانگ لە ناو خزم و خەڵکانی گوندەکانی دەوروبەری پاوە و شادی خۆشیی بۆ کراوە.[١]

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

لە ٢٨ی تەممووزی ١٩٩٩ لە تەمەنی ١١٤ ساڵییەوە بەھۆی وەستانی دڵ لە تاران کۆچی دوایی کردووە.[١]

بیربوونەوەکان

[دەستکاری]

لە زۆر جێگای کوردستاندا بنکە و بارەگای ئاغە شەڕ ھەبووە. لە باشووری کوردستان لە ناوچەی ھەڵەبجە (لە شنروێ، ھاوار، گریانە، بۆین، کۆساوا، سازان، مۆردین، ھەورامان، شەمێران) شوێنەکانی ھەیە کە ناوی ئاغە شەڕیان لە سەرە. ئەشکەوتی ئاغابەگ لە شاخی شەمێران بەناوبانگە. ئەو ھەر ساڵ لەوەرزی زستان لەو ئەشکەوتە بووە و بەھار، ھاوین و پاییز لە ناوچەی کرماشان بووە.[١]

لە چاند و ھونەردا

[دەستکاری]

بەشێک لە ژیانی ئاغە شەڕ بووەتە مژاری فیلمی بانی چاو کە ئەحمەدڕەزا گەرشاسبی لە ساڵی ١٩٩٥ بەرھەمی ھێناوە. ڕەخنەیەکی زۆر لە فیلمەکە گیراوە و ڕەخنەکەران پێیان وابووە کە کەموکورتی لە فیلمەکەدا زۆرە و دەرھێنەرەکە ھەوڵی شێواندنی کار و خەباتەکانی ئاغە شەڕی داوە.

«سیاسەت وەک قومار وایە، سەرکەوتیت نابێ شانازی پێوە بکەی، کە دۆڕاشی نابێ غەم و خەفەتی بۆ بخۆیت.[١]»

سەرچاوەکان

[دەستکاری]