سووریای بەعس
جُمْھُورِیَّةُ اَلسُّورِیَةَ اَلْعَرَبِیِّةَ کۆماری سووریای عەڕەبی |
||||||
|---|---|---|---|---|---|---|
| دروشم: وَحْدَةٌ، حُرِّیَّةٌ، اِشْتِرَاکِیَّةٌ | ||||||
| سروود: | ||||||
| پایتەخت | دیمەشق | |||||
| زمانە فەرمییەکان | عەرەبی | |||||
| زمانە ناوچەییەکان | عەرەبی کوردی تورکی تورکمانی |
|||||
| گرووپە ڕەگەزییەکان | عەرەب کورد تورک |
|||||
| دەوڵەت | بەعسیزم | |||||
سووریای بەعس، بە فەرمی کۆماری عەرەبیی سووریا (بە عەرەبی: الجمهورية العربية السورية) لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٣ ھەتا ٢٠٢٤، حکوومەتی سووریا بوو کە لەژێر دەسەڵاتی لقی سووریای حیزبی بەعسدا بوو. شانبەشانی عێراق لە ساڵانی ١٩٦٨ ھەتا ٢٠٠٣، یەکێک لەو دوو حکوومەتە بەعسییانە لە جیھاندا بوو. ئەو حکوومەتە لەلایەن بنەماڵەی ئەسەدەوە لە ساڵی ١٩٧١ ھەتا ھێرشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ساڵی ٢٠٢٤، بەڕێوە بردرا.
حکوومەتی بەعس لە دوای کوودەتای ١٩٦٣ی سووریا دامەزرا و لەلایەن ئەفسەرە سەربازییە عەلەوییەکانەوە سەرکردایەتی دەکردرا. سەرۆک کۆماری ئەوکاتی سووریا، سەلاح جەدید لە شۆڕشی چاکسازی لە ساڵی ١٩٧٠دا لەلایەن حافز ئەسەدەوە لابردرا. بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی ئەسەد بووە ھۆی کۆمەڵکوژیی حەما لە ساڵی ١٩٨٢. حافز ئەسەد لە ساڵی ٢٠٠٠دا مرد و بەشار ئەسەدی کوڕی جێگاکەی گرتەوە. ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ٢٠١١ لە کاتی بەھاری عەرەبیدا بووە ھۆی دەستپێبوونی شەڕی ناوخۆییی سووریا، کە لە ئەنجامدا دەسەڵاتی حکوومەتی بەعس بەسەر بەشێکی بەرچاو لە سووریادا لاواز بوو. لە کۆتاییی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، زنجیرە ھێرشێک لەلایەن گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە لە سەرانسەریی سووریا سەریھەڵدا و لە ٨ی کانوونی دووەمی ھەمان ساڵدا بەھۆی کەوتنی دیمەشق، ڕژێمی ئەسەد ڕووخا. دواتر میدیاکان بڵاویان کردەوە کە بەشار ئەسەد لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو مۆسکۆ ڕایان کردووە و مافی پەنابەریی سیاسییان وەرگرتووە.[١][٢][٣][٤][٥]
مێژوو
[دەستکاری]کوودەتای ساڵی ١٩٦٣ و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی حیزبی بەعس
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٦١ حیزبی بەعس بە ھاوکاری چەند لایەنێک لە سووریا، بەڵگەنامەی جیابوونەوەیان واژوو کرد. دوابەدوای ئەمەش حافز ئەسەد و ژمارەیەک لە ھاوکارەکانی لە لیژنەی سەربازی حیزبی بەعس بۆ ماوەی ٤٤ ڕۆژ لە میسر دەستبەسەر کران. دوای ئازادکردنیان، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی دیل بۆ ئەو ئەفسەرە میسریانەی لە سووریا دەستبەسەرکراون، گەڕێنرانەوە بۆ سووریا. لەگەڵ گەڕانەوەی بەھۆی دژایەتی لەگەڵ جیابوونەوەی لە سوپای سووریا دوورخرایەوە لە وەزارەتەکەیدا گواسترایەوە بۆ خزمەتگوزاری شارستانی.
دوابەدوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٦١ کە کۆتایی بە یەکێتیی سیاسی میسر و سووریا ھێنا، وڵاتەکە قۆناغێکی گێژاوی بەخۆیەوە بینی، کە بە کودەتاکەی بەعس لە ٨ی ئازاری ١٩٦٣ کۆتایی ھات، ئەندامانی حیزبی بەعس بە سەرۆکایەتی میشیل عەفلەق و سەلاحەددین ئەلبیتار دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. بەعسییەکانیش لە بەرامبەردا حکوومەتی نوێی سووریایان کۆنترۆڵ کرد.
ئەفسەری بەعسی حافز ئەسەد لەلایەن ھاوڕێ و ھەڤاڵەکەی لە لیژنەی سەربازی، بەڕێوەبەری کاروباری ئەفسەرانی ئەوکات، موقەدەم سەلاح جەدید، گەڕێنرایەوە بۆ خزمەت. دواتر لە ساڵی ١٩٦٤ لە پلەی ڕائیدەوە بەرزکرایەوە بۆ لیوا و وەک فەرماندەی ھێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانی دەستنیشانکرا. لیژنەی سەربازیی حیزبی بەعس دەستی کرد بە چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی، ئەرکی ئەویش فراوانکردنی تۆڕی لایەنگران و لایەنگرانی حیزبی بەعس بوو لەناو ھێزە چەکدارەکاندا. لە ٢٣ی شوباتی ١٩٦٦ لیژنەی سەربازی بە سەرۆکایەتی سەلاح جەدید و بە بەشداریی ئەو، کودەتایەکیان لەسەر فەرماندەیی نیشتمانیی حیزبی بەعس ئەنجامدا، کە میشێل عەفلەق دامەزرێنەری حیزبەکە و ئەمین ئەلحافز سەرۆککۆماری بەعس لەخۆگرتبوو. دواتر سەلاح جەدید دەستبەرداری پلەی سەربازی خۆی بوو بۆ ئەوەی بەتەواوەتی کۆنترۆڵکردنی ئەو حیزبە و حوکمڕانی سووریا بکات، ھاوکات حافز ئەسەد کۆنتڕۆڵی لیژنەی سەربازی حیزبی بەعس و وەزارەتی بەرگریی سووریای گرتە دەست. حیزبی بەعس دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن لیژنەی سەربازی لە ساڵی ١٩٦٣ لە سووریا، وەک دەوڵەتێکی تۆتالیتاری حوکمڕانی سووریای کرد، بەعسییەکان زاڵ بوون بەسەر ھەموو لایەنەکانی سیاسەت و پەروەردە و کولتوور و ئایینی وڵاتەکەدا، ھەروەھا چاودێری ھەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی موخەبەرات (پۆلیسی نھێنی) بەھێزەوە دەکرد. سوپای سووریا و پۆلیسی نھێنی دوای پاکتاوکردنی نوخبە تەقلیدییە مەدەنی و سەربازییەکانی ڕژێمی نوێ، لە ناو ئامێری حیزبدا یەکخران.
کودەتاکەی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣دا «پچڕانێکی بنەڕەتی» لە مێژووی ھاوچەرخی سووریادا بەدیکرد، بەو پێیەی ئەو حیزبە دەسەڵاتی قۆرخ کرد و دەوڵەتێکی تاک حیزبی دامەزراند و لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئایدۆلۆژیاکەیەوە سیستمێکی نوێی کۆمەڵایەتی-سیاسیی سەپاند. دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن حیزبی بەعسەوە، ئەفسەرە سەربازییەکانی سەر بە حیزبەکە لە چوارچێوەی بەرنامەی ئایدیۆلۆژیی خۆیان دەستیان کرد بە ئەنجامدانی پاکتاوکردن لە سەرانسەری سووریادا. ئەو سیاسەتمەدارانەی کۆماری دووەمی سووریا کە پاڵپشتی جیابوونەوەی سووریایان لە کۆماری یەکگرتووی عەرەبی کرد، لەگەڵ سوپای سووریا کە ملکەچی حیزبی بەعس بوو، پاککرانەوە و تەسفییە کران. سیاسەتمەداران و کارمەندانی سەربازی و مەدەنییەکان کە پشتیوانی جیابوونەوەی سووریایان لە کۆماری یەکگرتووی عەرەبی دەکرد، لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرماندەیی شۆڕشگێڕی کە لەژێر دەسەڵاتی بەعسدایە، مافە کۆمەڵایەتی و یاسایییەکانیان لێسەندرایەوە. ئەمەش وای کرد ڕژێمی بەعس بتوانێت تەواوی چینی سیاسی لە کۆماری دووەمی سووریادا ھەڵبوەشێنێتەوە و دامودەزگاکانی لەناوببات.
سوپا
[دەستکاری]سووریا لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا بە ڕژێمێکی سەربازی دیکتاتۆر و دەوڵەتی پۆلیسی تایبەتمەند بوو. ھێزە چەکدارەکانی سووریا ھاوکاری گەیاندنی حیزبی بەعسیان کرد بۆ دەسەڵات. ڕژیم لە سایەی دڵسۆزی حیزب بۆ سوپا و پشتبەستنی زۆر بە ئامێری ئەمنی و سەربازی بوو. لە ساڵی ١٩٦٣ەوە سەرکردایەتی سوپای سووریا زیاتر دەچێتە سەر فەرماندەکانی بەعس و ئەفسەرانی بەعسیش پێشکەوتنخوازتر بوون. دوای ئەوەی حافز ئەسەد ھاتە سەر دەسەڵات، ئەفسەرانی سوننەی لە چینی ناوەڕاست و سەرەوە پاککردەوە و لە شوێنی ئەوان ئەفسەری کەمینە گوندنشینەکانی دانا. ھەروەھا دەسەڵاتی خۆی چەسپاند بە دروستکردنی «پاسەوانێکی تایبەتی»ی عەلەوییەکان کە یارمەتیدەر بوو بۆ دووپاتکردنەوەی کۆنترۆڵی ڕژێم بەسەر سوپادا.[٦][٧]
دوابەدوای شکستی سووریا لە جەنگی شەش ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، حافز ئەسەد دەستیکرد بە بەھێزکردنی سوپا بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ ئەوەی ھاوسەنگی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل بەدەستبھێنێت. ھێزە چەکدارەکانی سووریا کە تاڕادەیەکی زۆر ھێزێکی سەرباز بوو، قەبارەی لە ٥٠ ھەزار کەسەوە لە ساڵی ١٩٦٧ بۆ ٢٢٥ ھەزار کەس لە ساڵی ١٩٧٣دا زیادی کرد، دواتر لە ساڵانی نەوەدەکاندا ٣٥٠ ھەزار کەسی تێپەڕاند. دوابەدوای داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، سووریا سەرچاوەی سەرەکی کەرەستە سەربازییەکانی لەدەستدا، ئەمەش بەشداری کرد لە گۆشەگیرکردنی سوپای سووریا. ساڵی ٢٠٠٥ ٥٠٪ی بوودجەی نیشتیمانی سووریا بۆ خەرجی سەربازی و ھەواڵگری تەرخان کراوە. سوپای سووریا ٢١٥ ھەزار کارمەندی ھەمیشەیی و زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کارمەندی کۆکراوەی ھەبوو، لەگەڵ ٤٧٠٠ تانک، ٤٥٠٠ زرێپۆشی ھەڵگری سەرباز، ٨٥٠ مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانی، ٤٠٠٠ چەکی دژە فڕۆکە و ٦١١ فڕۆکەی شەڕکەر.[٨]
مافی مرۆڤ
[دەستکاری]مافەکانی مرۆڤ لە سووریا لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا بە کردەوە نەبوون و پێشینەی مافی مرۆڤی حکوومەت لە خراپترینەکانی جیھان دادەنرێت. لە ئەنجامدا سووریای بەعسی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەیییە دیارەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، ھیومان ڕایتس وۆچ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و یەکێتیی ئەورووپا ئیدانە کرا. ئازادییە مەدەنییەکان و مافە سیاسییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوە لەژێر دەسەڵاتی بەعسی بەشار ئەسەددا کە بە «یەکێک لە سەرکوتکەرترین ڕژێمەکانی جیھان» دادەنرا. ڕاپۆرتی «ئازادی لە جیھان»ی ساڵی ١٩٧٣ی فریدۆم ھاوس، سووریای لە «خراپترین لە خراپترین»ی وڵاتانی «نا ئازاد» ڕیزبەند کردووە، کەمترین نمرەی (١/١٠٠)ی بەدەستھێناوە.[٩][١٠][١١][١٢][١٣][١٤]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Syrian government falls in stunning end to 50-year rule of Assad family». AP News (بە ئینگلیزی). ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «ئەسەد لە ڕووسیا».
- ↑ Quillen، Maziar Motamedi,Umut Uras,Stephen. «SYRIA'S AL-ASSAD OVERTHROWN». Al Jazeera (بە ئینگلیزی). لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ناوە فرەکان: authors list (بەستەر) - ↑ «Syrian government falls in stunning end to 50-year rule of Assad family». AP News (بە ئینگلیزی). ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «Syrian President Bashar Assad flees, war monitor says, as his government collapses and insurgents enter Damascus - CBS News». www.cbsnews.com (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٣ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Foreign_Policies_of_Arab_States.html?hl=ar&id=ZmpjEAAAQBAJ
- ↑ https://web.archive.org/web/20171122204734/https://www.hrw.org/world-report-2010
- ↑ https://web.archive.org/web/20230512100813/https://www.ohchr.org/en/press-releases/2011/08/human-rights-council-debates-situation-human-rights-syrian-arab-republic
- ↑ https://web.archive.org/web/20230501155117/https://www.government.nl/latest/news/2023/04/24/eu-sanctions-syrian-regime-netherlands
- ↑ https://web.archive.org/web/20230309145759/https://freedomhouse.org/country/syria/freedom-world/2023
- ↑ https://web.archive.org/web/20230318081024/https://www.usip.org/publications/2023/03/syrias-stalemate-has-only-benefitted-assad-and-his-backers
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو» (PDF). لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە (PDF). لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
| ئەم سووریا وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
