حیزبی بەعسی عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حیزبی بەعسی عێراق
دامەزرا لە١٩٥٢
ئایدۆلۆجیاناسیۆنالیزمی عەرەبی
سۆسیالیزم
سێکۆلاریزم
ئاڵای حیزب

حیزبی بەعسی عێراق بەشێکە لە حیزبی بەعس لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشێوەیەکی یاسایی لە عێراق کارکردن لەژێر ناوی بەعس قەدەغەکرا، ئایدۆلۆژیای حیزبەکە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و سۆسیالیزم بوو، حیزبی بەعسی عێراقی بەشداربوون لە حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم ئەمەش لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بوو، لەدوایدا چەندین کودەتا کرا و چەند جارێک بەعس دەھاتنە سەر دەسەڵات دوایی دەشکان بەڵام دوای خۆ ڕێکخستن لە ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨ تاکوو ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەم حیزبە فەرمانڕەوایی عێراقی کرد، لەپاڵ حکوومکردنی چەندین دەزگای ھەواڵگری دامەزراند لە وێنەی پاسەوانی نیشتمانیی کە بۆ سەرکووتکردنی نەیاران و بەرھەڵستیکاران بوو، حیزبی بەعس لەماوەی دروستبوونی ١٢ جار کۆنگرەی بەستووە.

دامەزراندن و سەرەتاکان[دەستکاری]

وێنەیەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووی ژمارەیەک خوێندکاری بەعسی لە قاھیرە، لەلای ڕاستی وێنەکەدا سەددام حوسێن (سێیەم دانیشتوو لەلای ڕاست) دەردەکەوێت کاتێک پەنابەر بوو لەوێ دوای بەشداریکردنی لە ھەوڵی تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسم.

سەرەتای ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم سەرکردایەتی ناوچەیی پێکھێنرا کە بریتی بوون لە فوئاد ڕیکابی (وەک سکرتێر)، فەخری یاسین قەدرۆی، جەعفەر قاسم حەموودی، شەمسەدین کازم و محەممەد سەعید ئەلئەسووەد. لەدوای شۆڕشی ١٩٥٨ حیزبەکە پۆرتفۆلیۆی وەزارەتی بیناسازیی پێ سپێردرا، کە فوئاد ڕیکابی لە ئەستۆی گرت، ھەموو ئەمانە ڕێگری لەوە ناکەن کە یەکەمین بەعسی عێراقی تا ئێستا د.پڕۆفیسۆر سەعدوون حەمادی بووە کە یەکێک بووە لە یەکەم کەسەکان کە پەیوەندییان بە حیزبی بەعسەوە کردووە لە دەرەوەی عێراق لە ساڵی ١٩٤٨. لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٥٨، دە ڕۆژ دوای کودەتاکە، میشێل عەفلەق، یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی بەعس، چووە بەغدا و ھەوڵیدا وا لە ئەرکانەکانی ڕژێمێکی نوێ بکات کە پەیوەندی بە کۆماری یەکگرتووی عەرەبییەوە بکەن. بەڵام حیزبی شیووعیی عێراق ھەوڵەکانی پووچەڵ کردەوە و داوای کرد عەبدولکەریم قاسم وەک تاکە سەرکردەی عێراق دەستنیشان بکرێت. لە ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ حیزبی بەعس دوای ھێرشێکی چەکداری بۆ سەر شەقامی ڕەشید لە ناوەڕاستی بەغدا کودەتایەکی لە دژی ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم دەستپێکرد. یەکەم وەزارەتی بەعس پێکھێنرا، بە سەرۆکایەتی لیوا ئەحمەد حەسەن بەکر، ھاوکات عەلی ساڵح سەعدی کە نوێنەرایەتی باڵە توندڕەوەکانی ناو حیزبەکەی دەکرد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا. لە ڕۆژانی یەکەمەوە ئەم حیزبە میلیشیای پاسەوانی نیشتمانیی پێکھێنا، کە بە دوای توخمە کۆمۆنیستەکان و ئەوانەی دڵسۆزی عەبدولکەریم قاسم بوون، ناکۆکی ناوخۆیی لە نێوان دوو باڵدا سەریھەڵدا، یەکەمیان بە سەرۆکایەتی سەعدی و دووەمیان بە نوێنەرایەتی تالیب شەبیب و حازم جەواد. لەبەرامبەر زیادبوونی توندی ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو باڵەکە و تێکچوونی دۆخی ناوخۆ، عەبدولسەلام عارف لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ یەکەم حکوومەتی بەعسی لە مێژووی عێراق ھەڵوەشاندەوە، پاشان عارف ئەحمەد حەسەن بەکر یەکێک لە ئەفسەرانی بەعسی وەک جێگری سەرۆکی کۆمار دەستنیشان کرد. لە شوباتی ساڵی ١٩٦٤ میشێل عەفلەق پێشنیازی کرد کە سەددام حوسێن بکرێتە ئەندامی سەرکردایەتی ناوچەیی بۆ لقی حیزبی بەعسی عێراق.

دوای شۆڕشی ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨[دەستکاری]

لە ١٧ی تەمووزی ساڵی ١٩٦٨ حیزبی بەعسی عێراق بە ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەفسەرە بەعسییەکان کودەتایەکیان ئەنجامدا و ڕژێمی عەبدولڕەحمان عارفی ڕووخاند. حیزبی بەعس لە ٣٠ی تەممووزی ١٩٦٨ ئەحمەد حەسەن بەکر بە سەرۆکی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕش و سەرۆکی کۆمار و بە فەرماندەی گشتی سوپا دەستنیشان کرا. و سەددام حوسێن بوو بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەکە. و لە ساڵی ١٩٧٢ بوو بە جێگری سەرۆک. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧١ فوئاد ڕیکابی (دیارترین سەرکردەی ئەم حیزبە لە عێراق و یەکێک لە گرنگترین دامەزرێنەرانی) بە فەرمانی سەددام حوسێن لە زینداندا کوژرا. لە ١٦ی تەممووزی ١٩٧٩ سەددام حوسێن بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق. لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا وڵاتەکە شاھیدی چەندین دەستکەوتی سیاسی و شارستانی لە لایەک و شەڕ و وێرانکاری بوو لە لایەکی ترەوە. لەنێو ئەو دەستکەوتانەی کە ڕژێمی بەعس لە عێراق بەدەستی ھێنا، ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی کورد لە ساڵی ١٩٧٠ و بە نیشتیمانیکردنی نەوتی عێراق لە ساڵی ١٩٧٢ دوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٨٠ی ساڵی ١٩٦١ کە عەبدولکەریم قاسم پەسەندی کرد، ھەروەھا بەشداری سوپای عێراق لە جەنگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣. و لە ساڵی ١٩٨٠ ئەو ھێزە عێراقییان ھێرشێکی خێرایان کردە سەر ئێران بۆ داگیرکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی شەتولعەرەب لە باشووری عێراق، ئەمەش بووە ھۆی شەڕێک کە ھەشت ساڵی خایاند و لەو ماوەیەدا عێراق پشتیووانی لە وڵاتانی کەنداو و ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە ٢ی ئابی ساڵی ١٩٩٠ سەددام حوسێن کووەیتی داگیرکرد، کە بە دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا کۆتایی ھات.

دوای لەشکرکێشی ئەمریکا[دەستکاری]

دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، حیزبەکە قەدەغەکرا و ڕێکخراوی نیشتمانیی بۆ بنبڕکردنی بەعس پێکھێنرا بۆ دەرکردنی بەرپرسانی حیزبەکە لە کارە حکوومییەکان، ھاوکات ژمارەیەک لە کادرانی سەرکردایەتی ئەم حیزبە کوژران یان دەستگیرکران، ڕیزی یەکەمیان دادگایی کران و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیرا، لەکاتێکدا ھەندێکیان بۆ دەرەوەی عێراق ھەڵھاتن.

پۆل بریمەر، حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق، دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ حیزبی بەعسی ھەڵوەشاندەوە و لیژنەیەکی بە ناوی ڕێکخراوی نیشتیمانیی بۆ بنبڕکردنی بەعس پێکھێنا، دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ ڕێکخراوی لێپرسینەوە و دادپەروەری.

سکرتێرەکانی حیزب[دەستکاری]

ئاشکرا و یاسایی[دەستکاری]

  1. فوئاد ڕکابی (١٩٥١ تاکوو ١٩٦٠)
  2. تالیب حوسێن (١٩٦٠ تاکوو ١٩٦١)
  3. عەلی ساڵح ئەلسەعدی (١٩٦١ تاکوو ١٩٦٣)
  4. حازم جەواد (١٩٦٣/١٩٦٤)
  5. ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٤ تاکوو ١٩٧٩)
  6. سەددام حوسێن (١٩٧٩ تاکوو ٢٠٠٣ کۆتایی بەعس)

نھێنی و نایاسایی[دەستکاری]

  • عیزەت دووری و محەممەد یونس ئەحمەد لە (٢٠٠٧ تاکوو ۲۰۲۰) بە دوو باڵی جوودا
  • محەممەد یونس ئەحمەد (۲۰۰۷-تاکوو ئێستا)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]