ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازار
ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی و حزبی بەعس واژوو کرا، بریتی بوو لە پێشەکییەک و ٢٢ بڕگە کە ١٥یان ئاشکرا و ٧یان نھێنی بوون و ھەموویان پێکەوە دۆکۆمێنتێکی گرنگیان پێک دەھێنا بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا. بەدی ھێنانی یەکێتی ڕیزەکانی کورد پاش ٤ ساڵ شەڕی ناوخۆ.[١][٢]
ڕێکەوتننامەکە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەی کوردستان لە ئۆتۆنۆمی لەناو عێراقدا و زیاتر پێشخستنی کێشەی کورد لە ناوچەکە و دەرەوە. ١١ی ئازار بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی کە کێشەی گەلی کوردستانی خستە قۆناغێکی نوێوە و بووە بناغەیەک بۆ ئاشتی لە عێراقدا بەڵام جێبەجێ نەکراو ڕژێمی بەعس لەدوای خۆڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی، شەڕی دەست پێکردەوە لە ساڵی ١٩٧٤.[٣][٤]
بەندەکان
[دەستکاری]ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ بە بڕیاری ژمارە (٢٨٨)، لە چوارچێوەی عێراق دانی بەمافی گەلی کورد دا نا کە ئەم خاڵانەی لە خۆگرتبوو:
١ زمانی کوردی لەگەڵ زمانی عەرەبی زمانی فەرمی دەبێت لەو ناوچانەی کە زۆربەی زۆری دانیشتووانیان کوردن و زمانی کوردیش لەو ناوچانەدا زمانی خوێندن و فێرکردن دەبێت، زمانی عەرەبیش لە ھەموو ئەو قوتابخانانەدا دەخوێنرێت کە بە کوردی دەخوێنن، لەھەمان کاتیشدا زمانی کوردی وەک زمانی دووەم لەو سنوورەی یاسا دای دەنێت لە ھەموو لایەکی عێراقدا دەخوێندرێت.
٢ بەشداریکردنی برا کوردەکانمان لە فەرمانڕەواییدا و جیاوازی نەکردن لەنێوان کورد و کەسانی تر لە وەرگرتنی پۆست و فەرمانی گشتیدا، لەنێویاندا پایەی گرنگ و بایەخدار لە دەوڵەتدا، وەک وەزارەت و سوپا و ھی تریش.
٣ لەبەر ئەو دواکەوتوویییەی کە لە ڕابردوودا لە ھەردوو لایەنی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی بەسەر نەتەوەی کورددا ھاتووە، پلانێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم دواکەوتوویییە دادەنرێت، لەڕێگەی:
أ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە ڕووی زمان و مافی ڕۆشنبیرییەوە بۆ گەلی کورد و بەستنەوەی ئامادەکردن و ئاڕاستەکردنی بەرنامەی تایبەت بە کاروباری نەتەوەیی کورد لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کوردی.
ب گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی دەرکراون بۆ قوتابخانەکانیان یان لەبەر بارودۆخی توندوتیژی لە ناوچەکە ناچاربوون واز لە خوێندن بێنن، بەچاوپۆشی کردن لە تەمەنیان یان دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی لەبار بۆ گیروگرفتەکانیان.
ج کردنەوەی قوتابخانەی زۆر لە ناوچە کوردییەکاندا و بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێرکردن و قبووڵکردنی قوتابیی کورد لە زانکۆ و کۆلێجی سەربازی و (بەعسە و زەمالە)ی خوێندن بە ڕێژەیەکی دادپەروەرانە.
٤ فەرمانبەرەکان لەو یەکە کارگێڕییانەی کە بەشی زۆریان کوردن، دەبێ کورد بن، یان لەو کەسانە بن کە کوردی باش دەزانن، ئەگەر ژمارەی پێویستیان لێ پەیدابو، بەرپرسە سەرەکییەکانی ئەو ناوچانە لە نموونەی (پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری ئاسایش (ئەمن) و ھی تری لەم جۆرە) دادەمەزرێن و دەستبەجێ دەستدەکرێت بە پەرەپێدانی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچەکەدا بە ڕاوێژکردن لە چوارچێوەی لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی ئەم بەیاننامەیە، بەوشێوەیەی کە جێبەجێکردنی مسۆگەر دەکات و یەکێتیی نیشتمانی و ئارامی لە ناوچەکەدا بەتین دەکات.
٥ حکوومەت دان بە مافی گەلی کورددا دەنێت لە پێکھێنانی ڕێکخراوەکانی قوتابییان و لاوان و ژنان و مامۆستایانی تایبەت بە خۆیان و ئەو ڕێکخراوانە ئەندامی ڕێکخراوە نیشتیمانییە عێراقییەکانی ھاوشێوەی خۆیان دەبن.
٦ بڕگەی (أ): کارکردن بە ھەردوو بڕگەی (١) و (٢)ی بڕیاری ژمارە ٥٩ی مێژووی ٥ی ئابی ١٩٦٨ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش تا مێژووی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە، ئەمەش ھەموو ئەوانەی بەشدارییان لە کاری توندوتیژیی ناوچەی کوردیدا کردووە، دەگرێتەوە. بڕگەی (ب): کرێکار و فەرمانبەر و خزمەتگوزارە مەدەنی و سەربازییەکان دەگەڕێنەوە بۆ خزمەت، ئەمەش بەبێ خۆبەستنەوە بە بوونی (میلاک) جێبەجێ دەکرێت و سوودیش لە خەڵکی مەدەنی لە ناوچە کوردییەکان وەردەگیرێت، بەپێی پێویستی ئەو ناوچانە پێیان.
٧ بڕگەی (أ) دەستەیەک لە کەسانی شارەزا و تایبەتمەند پێکدەھێنرێت، بۆ ئەوەی بەوپەڕی خێرایییەوە ناوچەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە ھەستێتەوە و قەرەبووی ساڵانی ئەم دوایییەی ڕووداوەکان بکرێتەوە، بوودجەیەکی تەواویش بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە تەرخان بکرێت، ئەو دەستەیەش سەر بە وەزارەتی کاروباری باکوور دەبێت.
بڕگەی (ب) ئامادەکردنی پلانی ئابووری بەشێوەیەک کە پەرەسەندنی ھاوییەکی و یەکسانی لە ھەموو لایە جیاجیاکانی عێراق دابین بکات بە چاودێریکردنی بارودۆخی دواکەوتوویی لە ناوچەی کوردیدا. بڕگەی (ج) تەرخانکردنی مووچەی خانەنشینی بۆ خێزانی ئەو کەسانەی لە بارودۆخی نەخوازراوی شەڕ لە بەشداربووانی بزاڤی چەکداریی کورددا شەھید کراون و بۆ خەڵکی تر و بۆ ئەوانەی بەھۆی ئەو بارودۆخەوە تووشی شێواوی و ئاوارەیی ھاتوون، بەپێی یاسایەکی تایبەتی لەسەر شێوەی یاسا کارپێکراوەکان. بڕگەی (د) کارکردنی خێرا بۆ فریاکەوتنی خەڵکی زیان لێکەوتوو و دەستکورت لەڕێگەی تەواوکردنی پرۆژەی خانوو دروستکردن و شتی تر کە کار بۆ بێکاران دابین دەکات و پێشکەشکردنی یارمەتیی کەلوپەل و پارە بەشێوەیەکی گونجاو و قەرەبوویەکی ماقووڵ بدرێت بەو زیان لێکەوتووانەی پێویستییان بە یارمەتی ھەیە، ئەمەش بە لیژنەی باڵای ڕێککەوتنەکە دەسپێردرێ و ئەوانەی لێ ھەڵدەھاوێژرێ کە بڕگەی پێشوو گرتوونییەوە.
٨ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی گوندە عەرەبی و کوردییەکان بۆ شوێنەکانی پێشوویان، بەڵام ئەو گوندانەی کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی ناکرێ بکرێن بە ناوچەی نیشتەجێ بوون، ئەوا حکوومەت بۆ مەبەستی سوودی گشتی بەپێی یاسا دەیانکات بە موڵکی خۆی و لە ناوچەی نزیک ئەوێ نیشتەجێیان دەکات و ھەر زەرەر و زیانێکیش بەھۆی ئەوەوە لێیان کەوتبێ، قەرەبوویان بۆ دەکاتەوە.
٩ پەلەکردن لە پیادەکردنی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە ناوچە کوردییەکان و ھەموارکردنی بەشێوەیەک کە پاکتاوکردنی پێوەندیی دەرەبەگایەتی مسۆگەر بکات، ھەموو جووتیارەکانیش پارچە زەویی گونجاویان پێ ببڕێت و لەو باجە کشتوکاڵییەش ببەخشرێن کە لە ماوەی ساڵانی شەڕی نەخوازراودا لەسەریان کۆبووەتەوە.
١٠ ڕێککەوتن لەسەر ھەموارکردنەوەی دەستووری کاتی بەمشێوەیەی خوارەوە:
أ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکدێت، ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کوردن، ئەم دەستوورە دان دەنێت بە مافی نەتەوەیی گەلی کورد و مافی ھەموو کەمایەتییەکان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا.
ب زیادکردنی بڕگەی (زمانی کوردی زمانی فەرمی دەبێت لە ناوچە کوردییەکاندا شان بەشانی زمانی عەرەبی) بۆ ماددەی چوارەمی دەستوور. ج چەسپاندنی ھەموو ئەوانەی کە لە پێشەوە باسکران لە دەستووری ھەمیشەییدا.
١١ گەڕاندنەوە و ڕادەستکردنی ئێستگەی ڕادیۆ و چەکە قورسەکان بۆ حکوومەت، ئەمەش بەند دەبێت بە جێبەجێکردنی قۆناغە کۆتایییەکانی ڕێککەوتنامەکە.
١٢ جێگرێکی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد دەبێت.
١٣ یاسای پارێزگاکان بەشێوەیەک ھەموار دەکرێتەوە کە لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا بگونجێت.
١٤ دوای ڕاگەیاندنی بەیاننامەکە، بە ڕاوێژ لەگەڵ لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی بەیانەکە، کاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ یەکخستنی ئەو پارێزگا و یەکە کارگێڕییانەی زۆربەی زۆری کوردیان تێدا دادەنیشن بەپێی ئەو ئامارە ڕەسمییانەی دەکرێن و، دەوڵەت ھەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو یەکە کارگێڕییانە و قووڵکردنەوە و فراوانکردنیان، بۆ ئەوەی گەلی کورد پێڕەوی سەرجەم مافە نەتەوەیییەکانی خۆی بکات بۆ دەستەبەرکردنی شادبوونی بە ئۆتۆنۆمی، تا ئەو یەکە کارگێڕییەش دێتەدی، ھاوئاھەنگی کاروباری نەتەوەییی کورد لەڕێگەی کۆبوونەوەی دەوری دەکرێت کە لەنێوان لێژنەی باڵا و پارێزگارەکانی ناوچەی باکوور دەبەسترێن، لەبەرئەوەی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا جێبەجێ دەکرێت، بێگومان وەبەرھێنانی ھەموو سامانێکی سروشتی لەم ناوچەیەدا تایبەتە بە دەسەڵاتداریی ئەم کۆمارە.
١٥ گەلی کورد بە ڕێژەی دانیشتووانی لەچاو دانیشتووانی عێراق، بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەکات.[٥]
جێبەجێکردن
[دەستکاری]تارق عەزیز دواتر وەک ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو وتی: «ئێمە ڕاستگۆ بووین کاتێک بەیاننامەی ١١ی ئازارمان ڕاگەیاند. ئەوە پڕوپاگەندە نەبوو.» مەلا مستەفا بارزانی پێی وابوو کە ئەوە زۆر لەوە باشترە کە ڕاست بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەھۆی فشاری کۆمەڵگەی کوردییەوە واژووی لەسەر کرد.[٦]
لە ماوەی مانگێکدا دوای واژووکردنی، زۆربەی ماددەکان جێبەجێ کران، و تا مانگی کانوونی یەکەم مەلا مستەفا بارزانی گەشبین بوو بە ئۆتۆنۆمی، بەڵام لە کۆتایی ساڵدا ڕوون بووەوە کە حیزبی بەعس تەنھا یاری بە کات دەکرد، چونکە ھەوڵێک بۆ سەر ژیانی کوڕەکەی (ھەوڵی تیرۆرکردنی) درا. سەرژمێریی ناوچە جێناکۆکەکان دوو جار دواخرا، و تا ساڵی ١٩٧٣ ڕێککەوتنەکە ھەڵوەشایەوە.[٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار و ئازادکردنی شاری ھەولێردا». Presidency of the Kurdistan Region of Iraq (بە سینهالی). ١١ی ئازاری ٢٠٢٤. لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ G.S. Harris, Ethnic Conflict and the Kurds, Annals of the American Academy of Political and Social Science, pp.118–120, 1977
- ↑ nusar2 (٩ی ئازاری ٢٠٢٢). «ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار سیمبوولی بەھێزی گڕی شۆڕش و نیازی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردە». رۆژنامەی ھەولێر. لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ناوە ژمارەیییەکان: authors list (بەستەر) - ↑ Mcdowall, David. A Modern History of the Kurds. IB Tauris & Co. , New York. 2004. Pages 327–328.
- ↑ Mcdowall, David. A Modern History of the Kurds. IB Tauris & Co., New York. 2004. Pages 327–328.
- ↑ Mcdowall, 2004. Page 328.
- ↑ McDowall, David (2003-10-24). Modern History of the Kurds. I.B.Tauris. pp. 329–332. ISBN 9780857714824.