جەوھەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بەپێی مانا بەربڵاوەکەی، لە سیستمێکی دیاریکراوی فەلسەفیدا جەوھەر ئەو شتەیە کە بە لای ئەو سیستمەوە بە بنەڕەتی و بنچینەیی دەژمێردرێ و، بوونی سەربەخۆی ھەیە و پشتی بە خۆی بەستووە. ئاوەھا، بۆ ئەتۆمیستێک ئەتۆمەکان جەوھەرن، چونکە ئەتۆمەکان ئەو شتە سەرەتایییانەن کە گشت شتەکانی تریان لێ دروست بووە. ھەر بەم شێوەیە، لە سیستمی دەیڤد ھیوومدا، ئەمپرێسیۆنەکان و ئایدیاکان[١] جەوھەرن و، لە فەلسەفەی ئەفلاتوونیشدا فۆرمەکان کە سەرچاوەی بوونی ھەموو شتەکانن. لەم مانا بەربڵاوەیدا، ھەر سیستمێکی فەلسەفی کە ھۆگری واقیع بێ دان بە بوونی جەوھەردا دەنێ. ڕەنگە تەنیا جیاوازی شێوازگەلێک لە تیۆرییەکانی پۆزیتیڤیزم یا پراگماتیزم بن کە ئۆنتۆلۆجییان پێ مەسەلەیەکی عورفییە. بە گوێرەی ئەم تیۆرییانە، فاکتەکان پشتگیری لەوە ناکەن کە شتێکی لە باری ئۆنتۆلۆجییەوە بنەڕەتی بوونی ھەبێت و، بەم بۆنەوە ھیچ شتێک جەوھەر حیساب ناکرێت. مانا دووەمەکەی جەوھەر بەرتەسکتر و تایبەتترە. بە پێی ئەم مانایە، جەوھەر جۆرێک بوونەوەری بنەڕەتیی تایبەتە کە ھەندێ تیۆریی فەلسەفی دانی پێدا دەنێن و ھەندێکیش نا. کاتێ لە وەھا مانایەکدا بەکار بچێت، ئیتر ئەمپرێسیۆنەکان و ئایدیاکانی ھیووم جەوھەر نین، گەرچی لە دنیاکەی ئەودا حوکمی خشتەکانی بینای «بوون»یان ھەیە. بە گوێرەی ئەم مەبەستە، ئەوەی کە بوونەوەرە بنەڕەتییەکان جەوھەرن یان شتێکی ترن، وەکوو ڕووداو یا تایبەتمەندیگەلێکی ھەڵکەوتوو لە بۆشاییکات (spacetime)، جێی قسەوباسە.[٢]

پێش ئەرەستوو[دەستکاری]

فەیلەسووفانی پێش سوقرات وایان بیر دەکردەوە کە گەردوون لە یەک یان چەند شتی بنچینەیی پێک ھاتووە. تالیس، بۆ نموونە، پێی وا بوو ھەموو شت لە زاتی خۆیدا ئاوە و، ئاناکسیمینیس ھەموو شتی بە شێوەیەک ھەوا دەزانی. بە زمانێکی تر، جەوھەر بۆ تالیس ئاو بووە و، بۆ ئاناکسیمینیس ھەوا. بە پێچەوانەوە، جەوھەر بۆ دیموکریتوس و ئەتۆمیستەکانی تر ئەو شتە زۆر وردانە بوو کە پیان دەوت ئەتۆم.

بەڵام ئەفلاتوون، مامۆستای ئەرەستوو، ئەم ھەوڵە ماتێریاڵیستی و ماددیخوازانەی بە دڵ نەبوو. بە بڕوای ئەو، شتە ماددییەکان کۆپیی فۆرمەکان یان ئایدیاکان بوون. فۆرمیش، بە لای ئەوەوە، ئەو شتە نەبوو کە گشت شتەکانی تری لێ دروست کرابێ، بەڵکوو پرەنسیپێکی حاکم بوو کە ستراکتور و مەبەستی دابوو بە ھەموو شتەکانی دیکە و، لەم ڕووەوەیە کە بە جەوھەر دێتە ئەژمار.[٢]

شرۆڤەی ئەرەستوو[دەستکاری]

ئەرەستوو لە کاتەگۆرییەکانیدا کە تایبەتی داوە بە ڕێگاکانی بیرکردنەوە لەبارەی شتەکانەوە، جەوھەر بە دانراو (مەوزووع) -ی قەزیە دەبینێ کە دەتوانێ تایبەتمەندی و چۆنایەتی ھەڵبگرێت (ھەڵگیراو، مەحموول)، بەبێ ئەوەی کە خۆی شیاوی ھەڵگیران بێ. بۆ وێنە، سوقرات دەتوانێ چەند سیفەتێک ھەڵبگرێ، بەڵام خۆی نالکێ بە ھیچ شتێکی ترەوە. نیشانەی تایبەتیی جەوھەر ئەمەیە کە سیفەتگەلی جۆراوجۆر پاڵی پێوە دەدەن، بەڵام خۆی ئەو دانەیەیە و ھەر ئەوەشە. ئینسانێک لەوانەیە پیر یا لاو بێ، بەڵام ھەمیشە یەک کەسە و ھەر ئەوە. جەوھەر، بە مانا سەرەکییەکەی، شتێکە کە نە لەبارەی شتێکی ترەوە شیاوی وتنە، نە لە شتێکی تردایە.[٣]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ impressions and ideas، انطباعات و تصورات، یا تأثرات و تصورات: ئەوەی کە مرۆڤ لێی تێ دەگات، واتە ھەرچی کە بە زەینیدا تێ دەپەڕێت، بە لای ھیوومەوە ناوی ئیدراکە (پێزانین، تێگەیشتن). ھیووم دەیوت ئیدراک دوو شێوەیە: شوێندانان یا کارتێکردن (انطباع یا تأثر) و، وێنا (تصور). ئەوەی کە لەم ساتەدا مرۆڤ ھەستی پێ بکا، واتە بە شێوەیەکی زیندوو بیبینێ یا بیبیسێ، ناوی شوێندانان یا کارتێکردنە و، ئەوەی کە دوایی لەو شتە کە بینیویە یا بیستوویە بە بیری دێتەوە و وەکوو جاری پێشوو زیندوو و نزیک نییە ناوی وێنایە.
  2. ^ ئ ا Robinson, Howard (2020), Zalta, Edward N., ed., "Substance", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2020 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2021-01-16
  3. ^ "جوهر | دائرةالمعارف بزرگ اسلامی | مرکز دائرةالمعارف بزرگ اسلامی". www.cgie.org.ir. Retrieved 2021-01-16.