تیۆریی فۆرمەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تیۆریی فۆرمەکان یا تیۆریی ئایدیاکان ئەو تیۆرییە یا ئەو جیھانبینییە فەلسەفییەی ئەفلاتوونە کە دەڵێ جیھانی فیزیکی لە چاو جیھانی ئایدیا ھەمیشەیی و بنچینەیی و نەگۆڕەکاندا، کەمتر ڕاستەقینە و واقیعییە. بە پێی ئەم تیۆرییە، ئایدیاکان یا فۆرمەکان زاتی ناماددیی شتەکانن، یانی ھەموو شتە ماددییەکانی جیھانی ئێمە کۆپی و دەمەلاسکەی ئەوانەن. ئەفلاتوون تەنیا لە زمانی کەسایەتییەکانی ناو دیالۆگەکانیەوە (پێش ھەموو کەس لە زمانی سوقراتەوە) باسی ئایدیا و فۆرم دەکا. قسەکانی وانیش ئەوە دەخاتە مێشکەوە کە تەنیا شتانی ھێژای توێژینەوە کە دەتوانن ناسیاری و زاناییمان بۆ بەرھەم بێنن ھەر ئەم ئایدیا و فۆرمانەن.[١]

تیۆریی فۆرمەکان بە چارەسەرێکی کلاسیکی پرسی تێکڕایییەکان ڕەچاو دەکرێ.[٢]

فۆرم[دەستکاری]

فەیلەسووفە پێشسوقراتییەکان، لە تالیسەوە بەم لا، سەرنجیان دا کە دیمەن و ڕواڵەت دەگۆڕدرێ و، دەستیان کرد بە پرسین کە ئەو شتە کە دەگۆڕدرێ «لە واقیعدا» چییە؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە تێگەیشتەی جەوھەریان داھێنا، واتە ئەو شتەی بەڕاستی ھەیە و دەبیندرێ و لە بنی گۆڕانکارییەکاندا جێی گرتووە. ئەمە دۆخ و پێگەی شێوە و ڕواڵەتی شتەکانی کرد بە بابەتی باس و لێوردبوونەوەی زیاتر. ئێستە پرسیار ئەمە بوو بەڕاستی فۆرم و شێوە چین و چۆناوچۆن بۆ سەر جەوھەر دەبردرێنەوە؟

ھۆی ئەوە کە ئەفلاتوون لە دیالۆگ و لە قسە ئاسایییەکانیدا باسی فۆرم دەکا و دەیەوێ ڕوونی بکاتەوە، ئەوەیە کە لە واقیعدا، ھەر شتێ یان ھەر چۆنایەتییەک فۆرمێکی ھەیە: سەگ، مرۆڤ، کێو، ڕەنگ، بوێری، خۆشەویستی و، باشی. فۆرم پرسیاری «ئەوە چییە؟» وەڵام دەداتەوە. ئەفلاتوون ھەنگاوێک بەرەو پێشتر چوو و پرسی «ئەدی فۆرم خۆی چییە؟» ئەو پێی وا بوو شت لە زات و لە واقیعدا فۆرمە و دیاردەکان سێبەر و لاساییی فۆرمن. وێنە و نموونەگەلێکی تیژپەڕ و کەمدەوام لە فۆرمەکەن لە ھەلومەرجگەلی جیاجیادا. بە قەبووڵکردنی ئەوە کە فۆرم شتێکی ھەڵاواردەی تاقانەیە بەڵام دەتوانێ خۆی زۆرتر لە یەک جار لە شتگەلی تایبەتدا بنوێنێتەوە، پرسی تێکڕایییەکانیش - ئەوەی کە چۆن شتێک کە گشتی و تێکڕایییە دەتوانێ چەند شتی تاک و تایبەت بێ - چارەسەر دەبێ.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

کورتە باسێک لەسەر تیۆریی فۆرمەکان (فارسی)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Watt, Stephen (1997). "Introduction: The Theory of Forms (Books 5–9)". Plato: Republic. London: Wordsworth Editions. pp. xiv–xvi. ISBN 1-85326-483-0.
  2. ^ Kraut, Richard (2004-03-20). "Plato".