عەلیشێر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەلیشێر
لەدایکبوون١٨٨٢
ئازگێر
ماجیران
مەرگ٩ی تەممووزی ١٩٣٧
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر
سیاسەتوان
شۆڕشگێر
ئایینعەلەوی
ھاوسەرزەریفە خانم
خزمەکانعەشیرەتی شێخ حەسەنان


عەلیشێر (لەدایکبووی ١٨٨٢ لە ئازگێر، ماجیران، سێواس - مردووی ٩ی تەممووزی ١٩٣٧ لە دێرسم) سەرکردەی ھۆزی قۆچگیرجی بوو کە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا لەگەڵ ڕووسیا دژی عوسمانییەکان شەڕی کرد، ھەروەھا سەرکردەی یەکەمین شۆڕشی چەکداریی کورد لە دژی کۆماری تورکیا (شۆڕشی قۆچگیری) و لە سەرکردە سەرەکییەکانی شۆڕشی دێرسیم بوو.[١] عەلیشێر بە یەکێک لە کەسایەتییە ڕەمزییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی سەدەی بیستەمی کورد دەناسرێت.[٢]

ژیان[دەستکاری]

عەلیشێر لە کێڵگەکانی قۆچگری لە شارۆچکەی ئومرانییە لەدایک بوو و دوای تەواوبوونی خوێندنی لە سێواس، بوو بە کاتبی مستەفا پاشا. ئەو شاعیرێکی زۆر ناوداری کورد بوو و زیرەکی و ئیستدلالێکی بەھێز و بەھرەیەکی نائاسایی ھەبوو.[٢] دوای کۆچی دوایی مستەفا پاشا، کوڕە گەورەکەی عەلیشێر بوو بە جێگری و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ھۆزەکانی قۆچگری ھەبوو؛ عەلیشێر بە تەواومانا ئەم کاریگەرییەی بۆ دۆزی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بەکار ھێنا و لە دروستکردنی یەکڕیزییەکی بەھێز لە نێوان عەشیرەتەکانی دێرسیمدا سەرکەوتووش بوو. ھاوسەرگیری لەگەڵ خزمێکی خۆیان بەناوی زەریفە خانم کرد بەڵام منداڵیان نەبوو.[٢] سەر بە عەشیرەتی کوردیی شێخ حەسەنان بوو، بەڵام لە سەردەمی خۆیدا لەلایەن ھەموو ھۆزەکانەوە ڕێزی لێ دەگیرا. بە دوای پەیوەندییەکی باشی نێوان کورد و ئەرمەنییەکاندا دەگەڕا. بەرھەمی زۆری لەسەر زمان و زاراوەکانی کوردی ھەیە بەڵام بەداخەوە زۆربەی بەرھەمەکانی کەوتوونەتە دەستی دەوڵەتی تورکیا. لە سەردەمی جەنگی جیھانیی یەکەمدا لەگەڵ ڕووسیا وتووێژی کرد و لە ساڵی ١٩١٤ تا ١٩١٩ بەدوای یەکگرتن و ڕێکخستنی عەشیرەتە کوردەکان لەژێر کۆمەڵگای سەرھەڵدانی کوردستاندا بوو.

عەلیشێر سەرکردەی ڕاپەڕینی قۆچگری و بەشداربووی شۆڕشی دێرسیمیش بوو و بە ڕۆشنبیری و دیپلۆماسی و سازدانی یەکڕیزیی کورد و خەبات و شەڕی چریکی ناسراوە.

جەنگی جیھانی یەکەم[دەستکاری]

عەلیشێر لە جەنگی جیھانی ساڵی ١٩١٤دا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندی بە سوپای ڕووسیاوە گرتووە و وەک نوێنەری کورد لە ناوچەی قۆچگری، سێواس، مەلەتی و دێرسیم، کاری بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆسەری کوردستان لەژێر چاودێری ڕووسیادا کردووە. کاتی داگیرکردنی ئەرزنگان لەلایەن ڕووسیاوە، عەلیشێر بە ھێزێکی سەربازییەوە چووەتە ناوەندی ناحیەی پلوور و ئیدارەی تورکیای ھەڵوەشاندووەتەوە و ئیدارەیەکی کوردی لەوێ دامەزراندووە. ئەم سەرکەوتنە خاڵی بەرکەوتنی سوپای ڕووسیای لەگەڵ دەرسیم مسۆگەر کردبوو.[٢] ھەر لەم قۆناغەدا دێرسیم توانی ئیدارەیەکی تەواو سەربەخۆ دابمەزرێنێت. سوپای ڕووسیا دەستیان بە پاشەکشە کردووە و عەلیشێر ناچار بووە بەجێیان بھێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ دێرسیم و لەوێ ماوەتەوە.[٢] وەھیب پاشا -فەرماندەی عوسمانی- بەو پێیەی لەڕووی سیاسەتەوە دۆخی دێرسیمی زۆر بە گرنگ دەزانی، لێخۆشبوونی عەلیشێر و گەنجانی تری کۆچکیری و دێرسیمی مسۆگەر کردووە، بەمەش ڕێگەی بە عەلیشێر داوە جارێکی تر بگەڕێتەوە قۆچگری.[٢]

پاش جەنگی جیھانی یەکەم[دەستکاری]

شۆڕشی ڕووسیا بوو بەھۆی ئەوەیکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٧دا سوپای ڕووسیا لە ئەرزنگان بکشێتەوە و بزووتنەوەی گشتیی کشانەوە کە لە کۆتاییەکانی ھەمان ساڵدا لە بەرەکاندا دەستی پێ کرد، ھێزە ئەرمەنییەکانی ناچار کرد ڕێوشوێنی سەربازیی نوێ بگرنە بەر.[٢] سێباستاتسی موراد سەرۆکی فیداییەکانی ئەرمەنستان ویستی ھاوپەیمانییەکی بەھێز لەگەڵ دێرسیمییەکان دروست بکات. لە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ عەلیشێردا لەسەر ئەم پرسە، نەتوانرا ڕێککەوتن لەسەر ھەندێک مەرجی گرنگ بکرێت و ھەوڵەکەی سێباستاتسی موراد شکستی ھێنا.[٢] بەگوێرەی لێدوانەکانی عەلیشێر، سێباستاتسی موراد پڕۆژەیەکی پێشنیار کردبوو کە بەتەنھا ئامانجی ئەرمینیای گەورەی پەیڕەو دەکرد و چون ترسی ئەوەی ھەبوو بچێتە ناو ھاوپەیمانییەکەوە سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کوردستان نەتوانرا لەگەڵی ڕێک بکەون و بەو ھۆیەوە ناچار بوو بکشێتەوە بۆ ڕۆژاوای دێرسیم.[٢]

عەلیشێر دڵسۆزیی کوردانی قۆچگری و دێرسیمی بۆ کۆمەڵەی سەرھەڵدانی کوردستان لە ئەستەنبوڵ ڕاگەیاند و لە ھەمان کاتدا لە زۆر شوێن لقی بۆ دامەزراندن. دواتر لەگەڵ دێرسیمییەکان چوو دێرسیم و سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی ئۆتۆنۆمی کوردستان بەپێی پەیمانی سیڤەر تێلێگرافی بۆ حکوومەتی ئەنقەرە نارد. جگە لەم چالاکییانە لە بواری دیپلۆماسیدا، بە کەڵکوەرگرتن لە بوونی خۆی لە دێرسیم، خەریکی ئەنجامدانی کۆنفڕانس لەسەر گەلی کورد و دروستکردنی ڕەوتی گرنگ و ھەروەھا دامەزراندنی ڕێکخراوەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی کورد بوو.[٢]

شۆڕشی قۆچگری[دەستکاری]

کوردەکانی دەوروبەری دێرسیم دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ دوایین ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ناسیۆنالیستە تورکەکان و ھەڵیانکوتایە سەر چەند کۆگایەکی چەکی تورکیا. تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ ئەوەندەیان گرت کە خۆیان لە پێگەیەکی بەھێزدا دیتەوە. لە کۆتاییدا لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٢٠ بەیاننامەیەکیان گەیاندە کەمالییەکان کە ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدابوو:[٣]

  • پێویستە حکوومەت لە ئەنقەرە پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بێت کە کورد لەگەڵ سوڵتان لە ئەستەنبوڵ ھەیبووە و ئۆتۆنۆمی کورد قبوڵ بکات.
  • ھەروەھا پێویستە حکوومەت لە ئەنقەرە سەبارەت بە خۆسەریی کوردستان ئەو کەسانە ئاگادار بکاتەوە کە بەیاننامەکەیان نووسیوە.
  • سەرجەم زیندانیانی کورد لە زیندانەکانی ئەرزنگان، مەلەتی، خارپێت و سێواس دەبێت ئازاد کرێن.
  • دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردن دەبێت بڕوات و سوپای تورکیا کە ڕەوانەی ناوچە کوردییەکان کروان، پێویستە بکشێنەوە.

تا ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٢٠ داوای وەڵامیان کرد[٤][٣]؛ لە ٢٥ی کانوونی دووەمدا کورد دیسان داوای کرد لە پارێزگاکانی ئامەد، بدلیس، وان و خارپێت وەک ئەوەی لە پەیمانی سیڤەردا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە مافی سیاسیی زیاتری پێ بدرێت.[٣] حکوومەتی تورکیا پێشنیاری ئەوەی کرد کە موتەسەریفێکی کورد بۆ خارپێت دابنێت، بەڵام شۆڕشگێڕان بە نوێنەرایەتیی سەید ڕەزا و عەلیشێر ئەو پێشنیارەیان ڕەت کردەوە و داواکەیان دووپات کردەوە کە ئەوان حکوومەتێکی سەربەخۆی کوردییان دەوێت، نەک حکوومەتێکی سەپێنراو لەلایەن ئەنقەرەوە.[٤] فەرماندەی سوپای ناوەندی -نورەدین پاشا- ھێزێکی ٣٠٠٠ کەسی کە ھێزەکانی تۆپاڵ عوسمانیشیان لەگەڵ بوو، ڕەوانە کرد.[٥] مانگی شوبات شەڕ دەستی پێ کرد و تورکەکان داوای خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی شۆڕشگێڕانی کوردیان کرد. یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەی نێوان فراکسیۆنەکان بە سەرکەوتوویی بۆ کورد کۆتایی ھات،[٤] بەڵام شەڕ بەردەوام بوو تاوەکوو شۆڕشگێڕان لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٢١ سەرکوت بوون.[٤]

بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە، نورەدین پاشا وتوویەتی (سەرچاوەکانی تر ئەمە بۆ تۆپاڵ عوسمان دەگەڕێننەوە:

لە نیشتمان (تورکیا)، ئەو کەسانەمان پاک کردەوە کە دەڵێن "زۆ" (ئەرمەنییەکان)، دەچم ئەو کەسانەی کە دەڵێن "لۆ" (کورد) لە ڕەگ و ڕیشەیڕا پاک دەکەمەوە.[٦]

شۆڕشی دێرسیم[دەستکاری]

عەلیشێر ساڵێ ١٩٣٧ بەشداری شۆڕشی دێرسیم بووە و لەگەڵ سەید ڕەزا ھاوکاری کردووە و بە کردەوە ھەوڵی داوە یەکیەتی پەرە پێ بدات. شەڕەکە لەسەر سەید ڕەزا بووە و عەلیشێر پلانەکانی شەڕی داڕشتووە، بۆیە تاکە مەبەستی ژەنەڕاڵ ئەلپدۆغان ئەوە بووە کە عەلیشێر لەناو بچێت.[٢] بە گوتەی نووری دەرسیمی، ژەنەڕاڵ کە ناوبانگی بە فێڵبازی ھەبووە، توانیویەتی متمانەی ھەموو سەرۆک عەشیرەتەکانی دیکە جگە لە سەید ڕەزا، تەنانەت عەلیشێریش، بەدەست بھێنێت. بەو پێیەی کە ژەنەراڵ ھەمیشە لەگەڵ عەلیشێر لە پەیوەندیدا بووە، ئاگاداری ھەموو پلانەکانی سەید ڕیزا بووە. سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ڕێگری لە خوێنڕشتنی زیاتر بکات، بڕیاری دابوو کە عەلیشێر داوای پەنابەری لە ئێران یان عێراق بکات و یارمەتی لە حکوومەتەکانی فەرەنسا و ئینگلتەرا وەربگرێت. ژەنەڕاڵیش ئاگاداری ئەم بڕیارە بوو.[٥] عەلیشێر لەگەڵ زێریفە خانم بە دیل گیران. مستەفا کەمال ئاتاتورک داوای لە سەرۆکی ھێزە چەکدارەکانی تورکیا کرد تاوەکوو سەری عەلیشێری بۆ بەرێت. دەوترێت ئاتاتورک وتوویەتی:

"تاوەکوو سەری بڕاوی عەلیشێر نەبینم ژیانم لێ حەرامە، ئەگەر ژیان لەمن حەرام بێت مانای ئەوەیە ژیان بۆ ھەموو فەرماندەکانی سوپا حەرامە".

سەرۆکی ھێزەکانی تورکیا تۆپاڵ عوسمان فەرمانی ئاتاتورکی جێبەجێ کرد؛ برازای سەید ڕەزا کە ناوی ڕێبەر بوو، ببوو بە سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا و لەگەڵ کەسێک بە ناوی زەینەل خەڵکی دێرسیم، لەبڕی ٤٠ دراوی زێر بۆ ھەرکامیان پێشنیارەکەی تۆپاڵ عوسمانیان قبوڵ کرد. ئەوان بە پلان خۆیان گەیاندووە ئەو ئەشکەوتەی عەلیشێری لێ بوو و کوشتیان. تۆپاڵ عوسمان بە ئامانجەکەی گەیشت و سەری عەلیشێر و زەریفە خانی بڕی و پێشکەشی ئاتاتورکی کرد.[٧] سەری عەلیشێر بەگ چەند مانگێک لە کۆشکی چانکایکە کە ئاتاتورک تێیدا دەژیا ماوەتەوە. ھەموو فەرماندەکان، سەربازەکان و سیاسەتمەدارەکانی تورکیا لەبەردەم سەرە بڕاوەکەدا وێنەیەکی یادگارییان گرتووە؛ ئاتاتورکیش وێنەی گرتووە بەڵام ئەو وێنەیە لە ئەرشیڤەکاندا بە شاراوەیی ماوەتەوە. ڕۆژنامەکانی تورکیا بە خێرایی وێنەی سەری عەلیشێر بەگیان بڵاو کردووەتەوە.

تۆپاڵ عوسمان
سەری عەلیشێر (وێنەکە پاش مردنی گیراوە و لە ڕێکەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٥١ لە ڕۆژنامەی ئنجی لە ئەستەمبوڵ بڵاو کراوەتەوە)

پاشی شکستی شۆڕش، لە قۆچگیری و ھەموو کوردستان، کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە دژی کورد ئەنجام درا و تا ڕاپەڕینی شێخ سەعید ئەم دۆخە سەخت و دژوارە بەردەوام بوو.[١]

وەسف[دەستکاری]

عەلیشێر زمانی کوردیی خوێندبۆوە و شیکاریی باشی بۆ کردبوو، زۆر شیعری نەتەوەیی بە زمانی کوردی دانا و بە سازە جوانەکەی ئەو شیعرانەی پێشکەش بە خەڵک کرد، ھەستی نەتەوەیی کوردی وروژاند و ئاوات و خواستە بەرزەکانی کورد لە قسە و سازەکەیدا بەدی دەکران[٣] [١] [٨].

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب Soileau, Dilek Kızıldağ (2018). "Koçgirili Alişer Efendi". In Bora, Tanıl; Yanık, Aybars (eds.). Kürt Tarihi ve Siyasetinden Portreler (in Turkish). İletişim Yayıncılık
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر Nuri Dersimi، (1952). Kürdistan Tarihinde Dersim (in Turkish). Aleppo: Ani Matbaası
  3. ^ ئ ا ب پ Olson, Robert; Rumbold, Horace (1989). "The Koçgiri Kurdish rebellion in 1921 and the draft law for a proposed autonomy of Kurdistan". Oriente Moderno. 8 (69) (1/6): 41.
  4. ^ ئ ا ب پ Olson, Robert W. (1989). The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880–1925. University of Texas Press
  5. ^ ئ ا Andrew Mango، (1999). Atatürk: The Biography of the Founder of Modern Turkey. John Murray.
  6. ^ Taner Akçam، (2007). A Shameful Act: The Armenian Genocide and the Question of Turkish Responsibility
  7. ^ Demir, Halim (2008). Milli Mücadele: Kuvay-ı Milliye - İttihatçılar ve Muhalifler (in Turkish). Ozan Yayıncılık
  8. ^ نووری دێرسیمی، دێرسیم لە مێژووی کوردستاندا، (١٩٥٢)