سینەمای ھیندستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پۆستەری فیلمێکی ھیندی کە لەساڵی ١٩٣١ بڵاوکرایەوە

سینەمای ھیندستان (بە ئینگلیزی: Cinema of India) پێکھاتووە لە فیلمە بەرھەمھێنراوەکان لە سەرانسەری وڵاتی ھیندستان، لەوانە کولتووری فیلمی ئاندرە پرەدێش، ئاسام، بیھار، گوجەرات، ھاریانا، جامو و کشمیر، جارخاند، کارناتاکا، مەھاراشترا، کێرالا، مانیپور، ئۆدیشا، پەینجاب، ڕاجستان، تامیل نادو، ئۆتار پرادێش و بەنگالی ڕۆژاوا. فیلمە ھیندییەکان بە ھاتنیان ھەموو باشووری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوویان داگیرکرد.

سینەما لە ھیندستان بە شێوەیەکی خێرا ناوبانگێکی گشتی بەدەستھێنا بە شێوەیەک کە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠٠ فیلم بە زمانە جیاوازەکانی ھیندستان لەم سینەمایە بەرھەم دەھێنرێت. ئەم سینەمایە بینەرێکی نێودەوڵەتی بە زمانی جیاواز لە نێو کۆچبەرانی وڵاتانی وەک ئینگلتەرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دۆزییەوە. ئەمیتاب باچان باوکی سینەمای ھیندستانە. خەڵاتی داداساحێب پاڵکی، بەناوبانگترین خەڵاتە لە سینەمای ھیندستان، کە لە ساڵی ١٩٦٩ەوە لەلایەن حکوومەتی ھیندستانەوە بۆ ڕێزلێنان لە ناوەکەی دەبەخشرێت بەھۆی چالاکییە ھونەرییەکانی تەمەنێکی درێژەوە.

لە سەدەی بیستەمدا سینەمای ھیندستان لەپاڵ ھۆڵیوود و سینەمای چینیدا پێگەیەکی جیھانی بەدەستھێنا. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠دا باس لەوە کرا کە لە ڕووی بەرھەمھێنانی ساڵانە، سینەمای ھیندستان لە پلەی یەکەمدایە، دواتر سینەمای نەیجیریا (نۆلیوود)، ھۆلیوود و سینەمای چینی. لە ساڵی ٢٠١١ پیشەسازی سینەمای ھیندستان زیاتر لە یەک ملیار و ٨٦ ملیۆن دۆلار داھاتی بەدەستھێناوە، کە پێشبینی دەکرا تا ساڵی ٢٠١٦ بگاتە ٣ ملیار دۆلار. لە ڕاستیدا تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو ڕێگای بۆ ئەم سینەمایە کردووەتەوە کە ھەندێک شێوازی سینەما لە بەدەستھێنانی بەرھەم و گۆڕینی سەلیقەی بینەردا تێپەڕێنێت، فیلمەکان لەسەر بنەمای کاریگەری تایبەت و زانستی خەیاڵیی و گەورەپاڵەوانەکانی وەک "ئێنتیران، ڕا-وەن، ئێگا و کریش ٣" ناوبانگی زۆریان بەدەست ھێناوە. لەسەر بنەمای ئەمەش سینەمای ھیندستان بازاڕێکی گەورەی بۆ نمایشکردنی فیلمەکانی لە زیاتر لە ٩٠ وڵاتدا دۆزییەوە.

دەرھێنەرانی وەک "ساتیاجیت ڕای، ڕیتویک غاتاک، مرینال سێن، ئادۆر گۆپاڵکریشان، بودادێب داسگوپتا، جەی ئارڤیندان، ئاپارنا سێن، شاجی ئان کارۆن و گیریش کاسارڤالی" پشکێکی بەرچاویان لە سینەمای ھاوتەریب لەگەڵ سینەما بەناوبانگەکانی دیکە وەرگرتووە و سەرسامی جیھانییان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە. ھەروەھا سینەماکارانی دیکەی وەک شێخار کاپوور، میرا نایر و دیپا میھتا لە دەرەوەی سینەمای ھیندستان سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە. ھیندستان گەورەترین بەرھەمھێنەری فیلمە لە جیھاندا. لە ساڵی ٢٠٠٩ ھیندستان بە گشتی ٢٩٦١ فیلمی بەرھەم ھێنا کە ١٢٨٨ فیلمی درێژە. ئەگەری وەبەرھێنانی بیانی ١٠٠٪ وای کردووە بازاڕی سینەمای ھیندستان سەرنجڕاکێش بێت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بەرھەمھێنانی فیلمی وەک فۆکسی سەدەی ٢٠ەم، سۆنی پیکچەرز، واڵت دیزنی پیکچەرز و وارنەر برۆس.

سەرچاوەکان[دەستکاری]