جووڵە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جووڵە پێویستی بە گۆڕینی شوێن ھەیە.

لە فیزیکدا، جووڵە (بەئینگلیزی: Motion)، بریتییە لە گۆڕانی شوێنی تەنێک لەچاو شوێنی تەنێکی تردا کە بەجێگیر دانرابێت. گۆڕانکاری لە جووڵەدا ئاکامی دەکارخستنی ھێزە. زۆرتر جووڵە لە ڕێگای ئەم دەستەواژانەوە وەسف دەکرێت: خێرایی، لەز، جێگۆڕین و کات. ئەو جۆرە کە لە یاسای یەکەمی نیوتندا ھاتووە، خێرایی شتێک ناتوانێت بێتە گۆڕین مەگەر ھێزێک لە سەری کاربکات. ڕاوەشی شتێک ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە بارست و خێرایی شتەکە و ئەو جۆرە کە لە یاسای مانەوەی ڕاوەشدا ھاتووە، گشت ڕاوەشی ھەموو شتەکانی یەک سیستەمی داخراو (ئەوەی کە ھێزە دەرەکییەکان لە سەری کاریگەرییان نیە) بە تێپەڕبوونی کات نایێنە گۆڕین.

تەنێک کە نەجووڵێتەوە پێی دەوترێت: لە وچاندا، بێ‌جووڵە، بێ‌تەکان، ڕاوەستاو، یان خاوەنی شوێنی نەگۆڕ.

جووڵە ھەمیشە لە حەنای یەک چوارچێوەی ئاماژەدا دەبینرێت و ئەندازەی دەگیردرێت. لەبەر ئەوە کە ھیچ چوارچێوەیەکی موتڵەقی سەرچاوە بوونی نیە، جووڵەی موتڵەقــیش بۆی نیە دیاریبکرێت؛ ئەمە لە ڕێگەی دەستەواژەی جووڵەی نیسبیــیەوە جەختی لە سەر دەکرێت. تەنێک کە لە حەنای یەک چوارچێوەی سەرچاوە دا بێ‌جووڵەیە، لە حەنای بێ‌بڕانەوە چوارچێوەیتردا دەجووڵێتەوە. کەوابوو، ھەموو شتێک لە گەردووندا دەجووڵێتەوە.

گشتی‌تر، وشەی جووڵە ئاماژە دەکات بە ھەر گۆڕانێکی فەزایی یان/وە کاتی لە سیستەمێکی فیزیکیدا. بۆ نموونە، مرۆڤ دەتوانێت باسی جووڵەی شەپۆلێک یان وردیلەیەکی کوانتۆمی (یان ھەر مەیدانێکی دیکە) بکات ھەرچەن کە لەوێدا چەمکی شوێن دەکاردا نیە.

جۆرەکانی جووڵە[١][دەستکاری]

  • جوڵەی جێگۆڕ (بەئینگلیزیی: Translational Motion): بریتییە لە جوڵەی تەنێک کاتێ ھەموو ئەو تەوەرانەی کە لەسەر تەنەکە چەسپ کراون، بەدرێژایی تەنەکە ھاوڕێک دەبن، ئەمیش دوو جۆرە.
  • جووڵەی بەخول (بەئینگلیزیی: Rotational Motion): بریتییە لە جووڵانەوەی ھەموو تەنۆلکەکانی ئەو تەنە بەدەوری خۆیدا وەک سووڕانەوەی زەوی بەدەوری تەوەرەکەی خۆیدا، یان سووڕانەوەی پانکەیەک بەدەوری تەوەرەکەیدا، ئەمیش دوو جۆرە.
    • جووڵەی بەخولی ڕێک: بریتییە لە جوڵانەوەی تەنێک بەدەوری تەوەرەیەکی دیاریکراودا، کە لەخولانەوەکەیدا لادانی یەکسان لەکاتی یەکساندا دەبڕێ، وە ئاراستەی تەوەرەی خولانەوەکەشی ناگۆڕدرێ، وەک خولانەوەی تایەی ئۆتۆمبیل بەدەوری ئەسکلەکەیدا یان خولانەوەی کاتژمێر.
    • خولانەوەی بەخولی ناڕێک: خولانەوەی تەنێکە کە گۆشەلادانی جیاواز دەبڕێت لەکاتی یەکساندا، وە ئاراستەی تەوەرەی خولانەوەکەشی دەگۆڕدرێ وەک خولانەوەی مزراح.
  • جوڵەی بەلەرە: بریتییە لە جوڵانەوەی تەنێک بەدەوری خاڵی ڕاگیربووندا، وەک جووڵەی بەردۆڵی سادە.
  • جوڵەی بەشەپۆل: بریتییە لەو شێواندنەی کە بەھۆی ھێزێکی میکانیکییەوە درووست دەبێت وەک فڕێدانی بەردێک بۆ ناو ئاوی مەنگ.

ڕاڤەی جووڵە لە مێژوودا[دەستکاری]

ھەتا بەر لە ساڵی ١٦٨٧ مرۆڤ نەیدەتوانی بە درووستی ڕاڤەی جووڵەی شتەکان بکات. لەو ساڵەدا ئیساک نیوتن بە بڵاوکردنەوەی پەڕتووکە بەناوبانگەکەی بە ناوی پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی کۆتایی بەو دۆخە ھێنا و زانستی مرۆڤی گەلەک بردە پێشەوە.

تیشک[دەستکاری]

تیشک بریتیە لە گورزێك ئەلیكتڕۆن بەم خێراییەوە بڵاودەبێتەو: ٢٩٩،٧٩٢،٤٥٨ مەتر لە چرکەدا. بە پێی بیردۆزی ڕێژەیی، چ شتێک ناتوانێت لە تیشک خێراتر جووڵە بکات.

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ^ پەڕتووکی فیزیا ی پۆلی پێنجەمی ئامادەیی - وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.