چوارچێوەی ئاماژەپێدان
چوارچێوەی ئاماژەپێدان یا چوارچێوەی گەڕانەوە، بە زمانی سادە، بەو جێگایە دەوترێ کە چاولێکەر لەوێوە چاوی لە جووڵەی تەنەکانە و، بۆ دیاریکردنی شوێن و خێراییی تەنەکان دەبێ بۆ ئەوێ بگەڕێینەوە. زۆرتر، تانوپۆیەکی ماتماتیکییە کە بناوان و بار و قەوارەی لە بۆشاییدا دیاری کراوە.
بۆ نموونە، دوو کەس لە بەرچاو بگرن کە ڕووبەڕووی یەکتر لە ئەمبەر و ئەوبەری شەقامێکی لە باکوورەوە بۆ باشوور کێشراو، ڕاوەستاون. وێنەکە تواشا بکە. ئۆتۆمبیلێک کە بەرەو باشوور دەڕوا، بە شەقامەکەدا تێدەپەڕێ. بۆ ئەو کەسەی کە ڕووی لە ڕۆژھەڵاتە، ئۆتۆمبیلەکە خەریکە بەرەو ڕاست دەڕوا. بەڵام، بۆ ئەو کەسەی کە ڕووی لە ڕۆژاوایە، ئۆتۆمبیلەکە خەریکە بەرەو چەپ دەڕوا. ھۆی ئەم ناکۆکییە ئەوەیە کە دوو کەسەکە لە دوو چوارچێوەی جیاواز بۆ ئاماژەکردن بە ئۆتۆمبیلەکە کەڵک وەردەگرن و ھەر کامەیان لە چوارچێوەیەکەوە دەڕواننە جووڵەی ئۆتۆمبیلەکە.