بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی
دامەزران١ی کانوونی دووەمی ١٦٨٠
سەرناوPhilosophiæ Naturalis Principia Mathematica.
لەسەر بنچینەیDe motu corporum in gyrum
بابەتی سەرەکیفیزیکی کلاسیک
چەشنفەلسەفەی سروشتی، میکانیکی کلاسیک
چاپەکانPhilosophiae Naturalis Principia Mathematica، Philosophiae Naturalis Principia Mathematica، Sir Isaac Newton's Mathematical principles of natural philosophy and his System of the world / ed. Florian Cajori. - 1934، Q130243916
دانەرئایزک نیوتن
TranslatorJakob Philipp Wolfers
ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە١ی کانوونی دووەمی ١٦٨٧
شوێنی بڵاوکردنەوەلەندەن
زمانزمانی لاتینی
وێنا دەکاتیاساکانی جووڵەی نیوتن
Work available at URLhttps://en.wikisource.org/wiki/The_Mathematical_Principles_of_Natural_Philosophy_(1846)
دۆخی چاپکردنپاوانی گشتی، پاوانی گشتی
Imprimatur granted bySamuel Pepys

پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی (بە لاتین: Philosophiæ Naturalis Principia Mathematica؛ بە ئینگلیزی: Mathematical Principles of Natural Philosophy)یان بە کورتی پرینسیپیا ماتماتیکا (Principia Mathematica)، یان ھەر پرینسیپیا، پەڕتووکێکی سێ بەرگییە نووسینی ئیساک نیوتن کە بۆ جاری یەکەم لە ٥ی جوولای ١٦٨٧ بڵاەبووەوە.[١] نیوتن ھەروەھا دوو نووسینی دیکەشی بڵاوکردەوە، دوھەمین لە ١٧١٣، و سێھەمین لە ١٧٢٦دا.

ناوەڕۆکی پرینسیپیا بریتییە لە یاساکانی جووڵەی نیوتن کە پێکھێنەری بناغەی میکانیکی کلاسیکن، و ھەروەھا یاسای ڕاکێشانی گەردوونییەکەی و وەرگیرانێک لە یاساکەی کیپلەر بۆ جووڵەی ھەسارەکان (کە سەرەتا بە شێوەی ئەزموونی بەرھەم ھاتبوو).

پرینسیپیا بە یەکێک لە گرنگترین کارەکانی مێژووی زانست دێتە ئەژمار. پێشتر، فیزیکزان و بیرکاری فەڕانسەیی ئالێکسیس کلۆرۆ بەمەی زانیبوو، ئەو دەڵێ: «پەڕتووکی بەناوبانگی پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی سەرەتای ڕاپەڕینێکی گەورەی لە فیزیکدا نیشاندارکرد. ئەو ڕێگایە کە نووسەرە ناودارەکەی، ئاغەی نیوتن، گرتییەبەر، تیشکی بیرکاریی خستە سەر زانستێک کە تا ئەو ڕۆژە لە تاریکاییی گومان و گریمانەدا مابوەوە».

سێ یاساکەی جووڵە

[دەستکاری]

یاسای یەکەم

[دەستکاری]

ئەگەر سەرجەمی ھێزەکانی کارلێکەر لەسەر تەنێک یەکسان بێت بە سفر، ئەوا تەنەکە لەسەر باری خۆی دەمێنێتەوە لە وەستان یان جووڵە بە خێرایییەکی جێگیر لەسەر ھێڵێکی ڕاست. ئەم یاسایە ناودەنێین «یاسای خاوێتی خودیی (عەتالە)». خاوێتیی تەن سیفەتێکە کە لە بارستەیەوە سەرچاوە دەگرێت و دەربڕی توانای تەنەکەیە بۆ پاراستنی خێرایییەکەی و بە بارستەی خاوێتی (عەتالی) دەربڕدراوە. تەنە بارستە گەورەکان بە ئاسانی خێرایییەکەیان ناگۆڕن. دەتوانین بە ئاسانی تۆپێکی بچووک بە دەستمان بوەستێنین، بەڵام ئەوە مەحاڵە ئەگەر باسی بارھەڵگرێکی جووڵاو بکەین.

یاسای دووەم

[دەستکاری]

ئەم یاسایە پەیوەندیی نێوان ھێز و کاریگەرییەکەی لەسەر جووڵەی تەن دەبەستێتەوە. کاتێک ھێزێک کارلێک لەسەر تەنێک دەکات، دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە خێرایییەکەیدا، زیادکردن یان کەمکردنەوە، یان لانی کەم گۆڕینی ئاراستەی جووڵەکە. ئەم گۆڕانکارییە لە بەھای خێرایی یان ئاراستەکەیدا ناودەنێین تاودان (عەجەلە) و یاسای دووەم دەڵێت: ھێز = بارستە × تاودان. ھەرچەندە ھێزەکە زیاتر بێت، تاودانێکی گەورەتر بە تەنەکە دەدات. بۆ نموونە: ئەگەر ھێزی بزوێنەر زیاد بکات، زیادبوونی خێرایی گەورەتر دەبێت و بە پێچەوانەوە، ھەروەھا ئەم یاسایە ئەوە دەگەیەنێت کە کاتێک دوو ھێزی یەکسان کارلێک لەسەر دوو تەنی جیاواز دەکەن، ئەو تەنەی بارستەکەی گەورەتر بێت تاودانەکەی کەمتر دەبێت و جووڵەکەی خاوتر دەبێت، و ئەو تەنەی بارستەکەی کەمتر بێت تاودانەکەی گەورەتر دەبێت؛ بۆیە ئەگەر دوو بزوێنەری ھاوشێوە لەسەر ئۆتۆمبێلێکی گەورە و ئۆتۆمبێلێکی بچووک ھەبێت، ئەوەی بچووک تاودانێکی گەورەتری دەبێت چونکە بارستەکەی کەمترە و ئەوەی گەورە تاودانێکی کەمتری دەبێت چونکە بارستەکەی گەورەترە.

یاسای سێیەم

[دەستکاری]

ئەم یاسایە دەڵێت «بۆ ھەر کردارێک کاردانەوەیەک ھەیە کە لە بڕدا یەکسانە و لە ئاراستەدا پێچەوانەیە». بۆیە ئەگەر تەنێک کاریگەری لەسەر تەنێکی تر دانا بە ھێزێک، ئەوا تەنە دووەمەکە کاریگەری لەسەر تەنە یەکەمەکە دانا بە ھێزێک کە لە بڕدا یەکسانە و لە ئاراستەدا پێچەوانەیە، و دیارترین جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە باسی ھێزی کێشکردندا دەبینین.

یاسای گشتگیر و گشتیی کێشکردن

[دەستکاری]

نیوتن یاسای ڕاکێشانی گشتیی داڕشت بە پشتبەستن بە تێبینییە ئەزموونییەکانی گالیلۆ پێشتر، کاتێک تێبینی کرد کە لە نزیک ڕووی زەوی تەنەکان کە بارستەی جیاوازیان ھەیە لە ھەمان کاتدا دەکەونە خوارەوە (واتە، کێشکردنی زەوی ھەموو بارستەکان بە ھەمان تاودان ڕادەکێشێت). ھەروەھا بە پشتبەستن بە تاقیکردنەوەکانی نیوتن و بیرۆکە باوەکانی نێو ئەکادیمییەکان لەو کاتەدا، ئەم یاسایە دەڵێت کە ھێزی ڕاکێشان لە نێوان تەنێک (وەک خۆر) و تەنێکی تر (وەک ھەسارەی زەوی) زیاد دەکات بە زیادبوونی بارستەی ھەردوو تەنەکە و کەم دەکاتەوە بە چوارگۆشەی مەودای نێوانیان. واتە ئەگەر مەودای نێوان دوو تەنەکە دوو ئەوەندەی مەودای ئێستا بکەین، ھێزەکە چوار جار کەمتر دەبێتەوە (٢×٢). و ئەگەر مەوداکە سێ جار گەورەتر بکەین، ھێزەکە نۆ جار لاوازتر دەبێتەوە (٣×٣) و ھتد. نیوتن ڕوونی کردەوە کە ئەم یاسایە جووڵەی تەنە ئاسمانییەکان وەک ھەسارەکان و مانگەکان و ئەستێرەکان و ھەروەھا جووڵەی تەنەکان لەسەر زەوی وەسف دەکات، واتە لە ھەر خاڵێک لە گەردووندا گونجاوە، بۆیە پێی دەوترێت یاسای کێشکردنی گەردوونی یان گشتی. بە گەڕانەوە بۆ یاسای سێیەمی نیوتن، زەوی تۆ بە ھێزێک بەرەو خوارەوە ڕادەکێشێت (کردار) و تۆش بە ھەمان ھێز بەرەو سەرەوە زەوی ڕادەکێشیت (کاردانەوە)، بەڵام بەھای ئەم ھێزە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بارستەیەکی بچووک وەک بارستەی تۆ ھەیە، لەکاتێکدا کاریگەرییەکەی زۆر زۆر لاوازە لەسەر بارستەی زەوی کە بە بەراورد بە تۆ زۆر گەورەیە.

سەلماندنی یاساکانی کێپلەر

[دەستکاری]

سەلماندنی نیوتن بۆ یاسای دووەمی کێپلەر، وەک لە کتێبەکەدا ڕوون کراوەتەوە. ئەگەر ھێزی ڕاکێشان لە ساتێکدا (تیری سوور) کاریگەری لەسەر ھەسارەی زەوی لەناو خولگەکەیدا دابنێت، ئەوا ڕووبەری سێگۆشەکان کە بە ڕێڕەوی ھەسارەکە دیاری کراون یەکسان دەبن. ئەمەش بۆ ھەر ماوەیەکی کاتی جێگیر جێبەجێ دەکرێت، کاتێک ماوەی کاتی بەرەو سفر دەچێت، دەتوانرێت ھێزەکە بە بەردەوام دابنرێت (کلیک لەسەر وێنەکە بکە بۆ وەسفێکی وردتر).

نیوتن لە ڕێگەی تیۆرییەکانییەوە، بەتایبەتی یاسای کێشکردنی گشتگیر، توانی سەلماندنێکی بیرکارییانەی تیۆری بۆ یاساکانی کێپلەر پێشکەش بکات کە جووڵەی ھەسارەکان لە کۆمەڵەی خۆردا وەسف دەکەن. کێپلەر لە نێوان ساڵانی ١٦٠٩ بۆ ١٦١٩ ئەم یاسایانەی داڕشت بە پشتبەستن بە ژمارەیەکی زۆر لە تێبینییەکان و پێوانەکردنی شوێنی ھەسارەکان کە کێپلەر ئەنجامی دابوون بە پشتبەستن بە پێوانەکانی پێشووی تایخۆ براھی. یاسای یەکەم دەڵێت: ھەسارەکان بە ڕێڕەوی ھێلکەیی جووڵە دەکەن، و یاسای دووەم: خێرایی ھەسارەکە زیاد دەکات کاتێک نزیک دەبێتەوە لە خۆر و کەم دەکات کاتێک لێی دوور دەکەوێتەوە، و یاسای سێیەم: چوارگۆشەی کاتی سووڕانەوەی ھەسارەکە بە دەوری خۆردا بە ڕاستەوخۆیی ڕێژەیی لەگەڵ سێجای گەورەترین تیرەی خولگەکەی. دووبارە دۆزینەوەی ئەم یاسایانە لەلایەن نیوتنەوە بە پشتبەستن بەو یاسایانەی کە خۆی دایڕشتبوون، بەشداریکردنێک بوو لە پشتگیریکردنی دروستیی گریمانەکانیدا.

بۆچوونی نیوتن لەسەر تیۆرییەکانی

[دەستکاری]

نیوتن پێی وابوو کە ئەم یاسایانە بەس نین بۆ وەسفکردنی تەواوی گەردوون وەک کاتژمێرێکی زەبەلاح. ھەروەھا ھۆکاری ھێزی کێشکردن پرسیارێک بوو کە ھەمیشە سەرقاڵی کردبوو و لە کاتی خۆیدا وەڵام نەدرابووەوە؛ بەڵام ھەموارکردنی ئەم تیۆرییە و چارەسەرکردنی ناکۆکییە قووڵەکان کە دیار نەبوون، دەبوو زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ چاوەڕێ بکەن تا چارەسەر بکرێن. ئەو بۆچوونی خۆی لەسەر تیۆرییەکانی بەم قسەیە دەربڕی: «نازانم جیھان چۆن دەڕوانێتە من، بەڵام بۆ من وەک منداڵێک دەردەکەوم کە لەسەر کەنار دەریا یاری دەکەم و ھەندێک جار سەرم دەکێشێت بە بەردێکی نەرمتر یان گوێچکە ماسییەکی جوانتر لە ئاسایی لەکاتێکدا زەریای گەورەی ڕاستی لەبەردەممدا درێژ دەبێتەوە و ھێشتا نەدۆزراوەتەوە».

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. دەتوانی لێرە پەڕتووکەکە دابگری: Internet Archive