تۆڵەستێنەکان: کۆتاییی یارییەکە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە تۆڵەسێنەکان: کۆتا یاریەوە ڕەوانە کراوە)
تۆڵەستێنەکان: کۆتاییی یارییەکە
پۆستەری سینەما
دەرھێنەر
  • ئەنتۆنی روسۆ
  • جۆی روسۆ
بەرھەمھێنەرکێڤن فایگی
شانۆنامە
  • کریستۆفەر ماڕکوس
  • ستێفن مکفلی
لەسەر بنەمایکۆمیکەکانی ئەڤێنجەرز 
لە لایەن ستان لی
ئەکتەران
مۆسیقائالان سیلڤستری
وێنەگری سینەماییترینت ئۆپلاک
مۆنتاژ
کۆمپانیای
بەرھەمھێنەر
بڵاوکردنەوەواڵت دیزنی مۆشن پیکچە
دەرچوون
ماوەی فیلم١٨١ خولەک[١]
وڵاتئەمریکا[٢]
زمانئینگلیزی
تێچوون$٣٥٦ میلیۆن دۆلار
داھات$١٫٢٠٩ میلیارد دۆلار[٣]

ئەڤێنجەرز: ئێندگەیم (بە کوردی: تۆڵەسێنەکان: کۆتا یاری، بە ئینگلیزی: Avengers: Endgame) فیلمێکی ئەمریکی سوپەڕھیرۆی ساڵی ٢٠١٩یە، کە وەرگیراوە لە کۆمیکەکانی ماڕڤڵ دەربارەی تۆڵەسێنەکان. فیلمەکە بەرھەمھێنراوی ستۆدیۆکانی ماڕڤڵە و لە بڵاوکردنەوەی ستۆدیۆکانی واڵت دیزنیە. ئەم فیلمە تەواوکەری فیلمی تۆڵەسێنەکان (٢٠١٢)، تۆڵەسێنەکان:چاخی ئەڵتڕۆن (٢٠١٥) و تۆڵەسێنەکان: جەنگی بێکۆتا یە، و دەبێە ٢٢ەمین فیلم لە گەردوونی سینەمایی ماڕڤڵ. فیلمەکە لە دەرھێنانی جۆ ڕوسۆ و ئەنتۆنی ڕوسۆیە، لە نووسینی کریستۆفەر ماڕکس و ستێفن مکفلیە، و خاوەن کاستێکی پڕ ئەستێرەیە لە نێویاندا ڕۆبێرت داونی جونیەر، کریس ئێڤنس، ماڕک ڕوفەلۆ، کریس ھێمسوۆڕت، سکاڕلێت جۆھانسن، جێرمی ڕێنەر، دۆن چیدڵ، پۆڵ ڕوود، بری لاڕسن، کاڕن گیلیەن، دانای گوریرا، بڕادلی کووپەر و جۆش بڕۆلینە. چیڕۆکە فیلمەکە لەدوای ڕووداوەکانی جەنگی بێکۆتاوە دەست پێ دەکات و ئەندامە زیندووەکانی ئەڤێنجەرز نیشان دەدات کەوا ھەوڵی پێچەوانە کردنەوەی ئەو زیانانە دەدەن کە تانۆس لە زەویدا درووستیکردبوو.

فیلمەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ڕاگەیەندرا، و سەرەتا ناوی ئەڤێنجەرز: ئینفینیتی وۆڕ بەشی دووەم بوو. براکانی ڕوسۆ لە مانگی نیسانی ٢٠١٥دا وەک دەرھێنەر، ماڕکس و مکفیلی ش وەک نووسەر ڕاگەیەندران. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦دا، ستۆدۆیۆکانی ماڕڤڵ ناوی فیلمەکەی سڕیەوە و کرا بە "فیلمی بێ تایتڵی ئەڤێنجەرز". وێنەگرتنی فیلمەکە لە مانگی ھەشتی ٢٠١٧ دەستپێکرا لە ویلایەتی جۆرجیا، ھاوشانی ئینفینیتی وۆڕ کارەکانی وێنەگرتنی تەواوکرا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨. دواتر لە مانگی ١٢ی ٢٠١٨، بە فەرمی تایتڵی فیلمەکە ئاشکرا کرا.

بەھۆی پەرۆشی بینەران بۆ فیلمەکە، کۆمپانیای دیزنی زۆر بە وردی چاودێری شێوازی ڕیکلامکردنی فیلمەکەیان دەکرد. فیلمەکە لە لۆس ئەنجلس، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩دا بۆ یەکەمجار پەخشکرا، و لە ٢٦ی نیساندا کەوتە سینەماکانی ئەمەریکاوە بەشێوەی ئایماکس و سێ ڕەھەندی. ڕەخنەگران ستایشی دەرھێنان، نواندن، سۆزداری و بەھای چێژبەخشینی فیلمەکەیان کرد. ھەروەھا دەیان ڕیکۆردی بۆکس ئۆفیسی شکاند، و تاکو ئێستا نزیکەی ٦٤٣ میلیۆن دۆلار داھاتیەتی و سێیەم پڕداھاترین فیلمی ٢٠١٩یە.

چیڕۆک[دەستکاری]

سێ ھەفتە دوای ئەوەی تانۆس بە بەکارھێنانی بەردەکانی ئینفیتی زەوی نیوەی زەوی ڕاماڵی، تۆنی ستاڕک و نێبیولا بە تەنھا لە بۆشایی ئاسماندا ماونەتەوە و کاتەکانیان بەڕێدەکەن، تاکو کاڕۆڵ دێنڤەرس/کاپتن ماڕڤڵ دێ بە ھانایانەوە. ھەردووکیان بە یاوەری دێنڤەرس دەگەنەوە زەوی و پەیوەندی دەکەنەوە بە تاقمە زیندووەکەی ئەڤێنجەرز کە بریتین لە ناتاشا ڕۆمانۆف، بڕوس بانەر، ستیڤ ڕۆجەرز، ڕۆکێت، تۆڕ و جەیمس ڕۆدس. یەکەم شت کە تاقمەکە دەیەوێ بیکات ئەوەیە کە بەدوای تانۆسدا بڕۆن و لەناوی ببەن، و بۆیان دەردەکەوێ کە تانۆس لە ھەسارەیەکی دوورەپەرێزدا دەژی وەک جوتیارێک ژیان بەڕێدەکات. تۆڵەسێنەکان دەگەنە تانۆس و دەستبەسەری دەکەن. تانۆس ئەوەیان پێڕادەگەیێنێ کە بەردەکانی ئینفینیتی لەناوبردووە بەو مەبەستەی کە ھیچ کەسێک نەتوانێ ڕووداوەکان پێچەوانەوە بکاتەوە. لەم نێوەندەدا، تۆڕ ھەڵدەستێ بە کوشتنی تانۆس دوای ئەوەی سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.

دوای پێنچ ساڵ لەم ڕووداوە، سکۆت لانگ لە جیھانی کوانتەم دەربازی دەبێت و بۆی دەردەکەوێت کە ھێشتا کچەکەی زیندووە بەر ڕاماڵینەکەی تانۆس نەکەوتووە. لانگ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ناتاشا و ڕۆجەرز دەکات لە مەڵبەندی سەرەکی ئەڤێنجەرز. لانگ ئەوەیان بۆ شی دەکاتەوە کە لەلای ئەو تەنھا پێنچ کاتژمێر تێپەڕیبوو لەجیاتی پێنچ ساڵ، و پێشنیاری گەشتکردن بەنێو کات دەکات لەڕێگەی جیھانی کوانتەم بە مەبەستی وەستاندنەوەی تانۆس. بۆ ئەم مەبەستە سەردانی تۆنی ستاڕک دەکەن، کەوا ئێستا بۆتە باوک و کچێکی بەناوی مۆرگن ھەیە. ستاڕک ئەم داواکاریە ڕەت دەکاتەوە لە ترسی ئەوەی کە زیان بە کچەکەی بگات. دوای ئەمە، تاقمەکە سەردانی بڕوس بانەر دەکەن (کەوا ئێستا لەنێو جەستەی ھوڵک دەژی) و ئەویش ڕازیدەبێت لەسەر یارمەتیندانیان لە درووستکردنی ئامێری گەشتکردن بەنێو کاتدا. لەکۆتاییدا، ستاڕکیش ڕازی دەبێت بە یارمەتیدانیان و یارمەتی بانەر دەدات لە تەواوکردنی پڕۆژەکە.

بەو ھیوایە نوێیەوە، بانەر و ڕۆکێت دەچنە نەرویژ، کە تێیدا ڕزگاربووانی ئاسگارد دوای لەناوچوونی جیھانەکەیان لێی نیشتەجێبوونە و کۆمەڵگایەکیان بۆخۆیان پێکھێناوە. لەوێدا دەگەنە تۆڕ، کە بۆتە کەسێکی قەڵەوی سەرخۆش، و لە پاڵ کۆڕگ یاری فۆرتنایت دەکەن. دوای گفتوگۆیەکی درێژ، تۆر بە یارمەتیدانیان ڕازی دەبێت. لە ھەمان کاتدا، ناتاشا دەگاتە یابان بە مەبستی دۆزینەوە کلینت باڕتن کە بۆتە بکوژی تاوانکارانی یاکوزا، و ئەویش ڕازیدەبێت بە یارمەتیدانیان کاتێک دەزانێت ھیوای گەڕانەوەی خێزانەکەی ھەیە.

تۆڵەسێنەکان دەبنە چەند گروپێکی جیاواز. بانەر، ڕۆجەرز، لانگ و ستاڕک دەگەڕێنەوە نیویۆڕکی ساڵی ٢٠١٢. بانەر سەردانی پەناگەی پیرۆز دەکات و دوا لە ئەنشنت وەن دەکات کە بیباتە لای دەکتەڕ سترەینج، بەڵام ئەو پێی ڕادەگەینێ کەوا پێنچ ساڵ زووتر لە وادەی خۆی گەیشتووە و ھێشتا ئەو نەبۆتە پارێزەری جیھان و ھێشتا ھەر دکتۆرێکی ئاساییە. دوای مشتومڕێکی زۆر، بانەر ئەنشنت وەن ڕازی دەکات بەوەی کە بەردەکەی پێبدات، بەڵام لەوە ئاگاداری دەکاتەوە کە بەردەکە دەبێت بگەڕێندرێتەوە زەمەنی ئەسڵی خۆی، تاکو ڕاستیەتی جیھان تێکنەچێت. ڕۆجەرز بە سەرکەوتوویی گۆچانە سحراویەکەی لۆکی «تێسراکت» دەدزێ (کەوا بەردی مێشکی تیایە)، بەڵام لانگ و ستاڕک سەرکەوتوو نابن لە دزینی بەردی بۆشایی ئاسمان، کاتێک لۆکی بەردەکە دەدزێ. ڕۆجەرز و ستاڕک ھەڵدەستن بە بەکارھێنانی گەردیلەکانی پیم (کە درووستکراوی دکتۆر ھانک پیمە و دەتوانرێ لەڕێگەیەوە گەشتی کاتی پێبکرێت) دەگەڕێنەوە مەڵبەندی سەرەکی شیڵد لە ساڵی ١٩٧٠، بە مەبەستی دزینی گۆچانە سحراویەکە «تێسراکت» کە لەو ساڵەدا لەو مەڵبەندەدا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، تۆنی بە باوکی خۆی شاد دەبێتەوە و بەیەکەوە باسی باوکایەتی دەکەن، لەولاشەوە ستیڤ ھەندێک گەردیلەی تری پیم لە تاقیگەکەی ھانک پیم دەدزێ تاکو بتوانن بگەڕێنەوە زەمەنی ئێستا.

ڕۆکێت و تۆڕ دەگەنە ئاسگاڕدی ساڵی ٢٠١٣ تاکو بەردی ڕاستی «ئەیتەر» لە جەستەی جەین فۆستەر دەربکەن (کەوا لە فیلمی «تۆڕ: جیھانی تاریکی» لە جەستەی ئەودا جێگیر کرابوو). لەوێدا تۆڕ بە دایکی خۆی شاد دەبێتەوە و دایکی باسی ئەوەی بۆ دەکات کە چۆن تۆڕ ھەمیشە چاوەڕوانی دەستکەوتنی بەرزی لێکراوە و ورەی بەرزدەکاتەوە. بەر لە گەڕانەوەیان بۆ زەمەنی ئێستا، تۆڕ چەکوشە ئەسڵەکەی خۆی «میۆنیر» دەبات و دەگەڕێنەوە. لە ھەسارەی ڤۆرمیر، ناتاشا و باڕتن دەگەنە ڕێد سکەڵ (کەوا لە فیلمی «کاپتن ئەمێریکا:یەکەم تۆڵەسێنەوە» دا، کەوتە سەر ئەم ھەسارەیە) و ئەو پێیانی ڕادەگەیێنێت کە بۆ بەدەستھێنانی بەردی ڕۆح، پێویستە یەکێکیان خۆی بکاتە قوربانی. دوای شەڕکردن لەنێوانیاندا، ناتاشا خۆی دەکاتە قوربانی و باڕتنیش بەردەکە لەگەڵ خۆی دەباتەوە. لەسەر ھەسارەی مۆڕاگی ساڵی ٢٠١٤، ڕۆدس و نێبیولا بەردی ھێز بەر لە پیتەر کویڵ دەدزن، ڕۆدس دەگەڕێتەوە زەمەنی ئێستا، بەڵام نێبیولا بەھۆی بەریەککەوتنی سیستەمەکەی لەگەڵ نێبیولای سەردەمی ڕابردوو ناتوانێ بگەڕێتەوە. دوای ئەوەی نێبیولا دەکەوێتە دەستی تانۆس، لەڕێگەی یادەوریەکانی تانۆس سەیری ڕووداوەکانی داھاتوو دەکات و پلانی تۆڵەسێنەکانی بۆ ئاشکرا دەبێت، و لە بڕی نێبیولای زەمەنی ئێستا، نێبیولای ٢٠١٤ دەنێرێتەوە داھاتوو.

دوای ئەوەی گشت بەردەکانی ئینفینیتی کۆدەکرێنەوە، بانەر ھەموو ئەوانەی بەر راماڵینەکەی تانۆس کەوتبوون دەگەڕێنتەوە. لەولاشەوە، نێبیولای ٢٠١٤ ئامێری گەشتکردنی بەنێو کاتەکە بەکاردەھێنێ و تانۆس و سەربەزەکانی دەھێنێتە زەمەنی ئێستا و ھێرشدەکەنە سەر مەڵبەندی تۆڵەسێنەکان. لەسەر کەشتیەکەدا، گامۆڕا نێبیولای زەمەنی ئێستا ڕزگار دەکات، و بەیەکەوە دەچنە لای نێبیولای ٢٠١٤، کە خەریکی دزینی دەستکێشە ئینفینتیەکەیە لە باڕتنەوە و دەیکوژن. تانۆس دەگاتە مەیدانی جەنگ و بە تۆڵەسێنەکان دەڵێت کەوا ئەمجارە بە دەستکێشە ئینفینیتیەکە گەردوونێکی نوێ و باشتر درووستدەکات و ئەمەی ئێستا لەناودەبات تاکو کەس لەیادی نەمێنێ کەوا گەردوونێکی لەمشێوەیە ھەبووە. تانۆس بەسەر تۆڵەسێنەکان زاڵدەبێ و سوپاکەی بانگھێشتی مەیدانەکە دەکات. لەوکاتەوە، ستێفن ستڕەینج، سپایدەرمان، بلاکن پانتەر و تەواوی سوپای واکاندا دەگەڕێنەوە بۆ یارمەتیدانی تۆڵەسێنەکان. لەوێدا دژی سوپاکەی تانۆس دەجەنگن و تەنانەت کاڕۆڵ دێنڤەرسیش دەگاتە ئەوێ و یارمەتیان دەدات لە تێکشکاندنی کەشتیە ئاسمانیەکەی تانۆس. لە نێوەندی ئەمانەدا تانۆس دەستکێشەکەی پێدەگات و سەرەڕای ھەوڵی تۆڵەسێنەکان، ئەو دەستکێشەکەی لەلا دەمێنێتەوە. چەند چرکەیەک بەر لە داگرتنی پەنجەکانی، ستاڕک سەیری دەکتەڕ سترەینج دەکات کەوا ئاماژەی ژمارە یەکی پێدەدات (ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەو قسەی ستڕەینج کە گوتی لە ١٤ میلیۆن ئەگەر، تەنھا یەک ئەگەریان بە سەرکەوتنی ئەوان کۆتایی دێت) ھەربۆیەش ستاڕک لەگەڵ ئەم ئاماژەیە بەردەکان لە دەستکێشەکە دەکاتەوە و بەکاریاندەھێنێ بۆ لەناوبردنی تانۆس و سوپاکەی، بەڵام کاردانەوەی وزەیی بەردەکان بە سەختی برینداری دەکات و دەبێتە ھۆی مردنی.

دوای دانانی پرسەیەک بۆ ستاڕک، تۆڕ ڤالکایەر دەکاتە شاژنی ئاسگاڕد و خۆیشی دەچێتە پاڵ تاقمی پارێزەرانی گەردوون. ڕۆجەرز بە یارمەتی بانەر و ئامێرەکەی گەشتکردنی کات، تەواوی بەردەکان دەگەڕێنێتەوە جێگاکەی خۆیان، بەڵام لە ڕابردوودا دەمێنێتەوە بۆ بەسەربردنی ژیانی لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێگی کاڕتەر. لەگەڵ گەڕانەوە، ڕۆجەرزێکی بەساڵاچوو لەپاڵ ڕووبارێکەوە دانیشتووە، و کاتێک سام ویڵسن دەگاتە لای پێیدەڵێ کە قسەکەی تۆنی جێبەجێکرد و ژیانێکی باش بۆخۆی ژیا. لەکۆتاییدا، قەلغانەکەی خۆیشی دەبەخشێتە ویڵسن، کە ئەویش بەڵێنی پێدەدات بە باشترین شێوە بەکاریبێنی.

کاست[دەستکاری]

  • ڕۆبێرت داونی جونیەر لە ڕۆڵی تۆنی ستاڕک/ئایڕن مان: سەرکردە و ڕابەڕی ئەڤێنجەرز کە لە زاری خۆیەوە کەسێکئ "زیرەک، بلیۆنێر، چێژوەرگر لە پارە و داھێنەرە. بەپێی قسەکانی براکانی ڕوسۆ بێت، داونی تاکە ئاکتەر بووە کە تەواوی سیناریۆی فیلمەکەی پێدرابێت.
  • کریس ئێڤنس لەڕۆڵی ستیڤ ڕۆجەرز/کاپتن ئەمێریکا: پاڵەوانێکی تری تاقمی ئەڤێنجەرزە، کەوا بەشداریش بووە لە جەنگی جیھانی دووەم. ڕۆجەرز لەڕێگەی تاقیکردنەوەیەکەوە کرایە مرۆڤێکی لە ڕادەبەدەر بەھێز. ھەرچەندە لە بەڵێننامەکەی ئێڤنسدا، ئاماژە بە بەشداریکردنی ئاکتەری ناوبراو لە تەنھا شەش فیلم کرابوو، ئێڤنس ڕازیبوو بە گەڕانەوەی بۆ ئەم فیلمە (کەوا دەکاتە فلیمی حەوتەمی) چونکە بەلایەوە "مانادار" بووە کە ئەم فیلمە کۆتایی بە گشت چیڕۆکەکان دەھێنێت.
  • ماڕک ڕوفەلۆ لەڕۆڵی بڕوس بانەر/ھوڵک: تۆڵەسێنێک و زانایەکی بلیمەتە کەوا بەھۆی بەرکەوتنی بە تیشکی گاماوە، بۆتە دێوێکی سەوزی گەورەی تووڕە. لەم فیلمەدا، بانەر توانیویەتی باڵانسێک لەنێوان ھەردوو کەسایەتی ھوڵک و بانەردا ڕابگرێت کە بلیمەتی بانەر و بەھێزی ھوڵکی بۆخۆی ھەڵبژاردووە.
  • کریس ھێمسوۆڕت لەڕۆڵی تۆڕ: تۆڵەسێنێکە کەوا پاشا ئاسگاردە. تۆڕ لەم بەشەدا تەورێکی لەلایە بەناوی ستۆرمبرێکەر، دوای لەناوچوونی چەکوشەکەی "میۆنیر" لە فیلمی تۆڕ:ڕاگنارۆکدا. لەم فیلمەدا، تۆڕ بۆتە کەسێکی سەرخۆش کەوا سەرکردایەتی لێقەوماوانی ئاسگاڕد دەکات و لەپاڵ کۆڕگ خەریکی خواردنەوە و یاریکردنە. دەربارەی ئەم گۆڕانکاریەی لە کەسایەتیەکەی، ھێمسوۆڕت ڕایگەیاند " ھەموو فیلمێک دەمویست داھێنانێکی نوێتر لە کارەکتەرەکە بکەم و دەرھێنەرانی فیلمەکەش لەمەدا پاڵپشتم بوون".
  • سکاڕلێت جۆھانسن لە ڕۆڵی ناتاشا ڕۆمانۆف/ بلاک ویدۆو: سیخوڕێکی بلیمەتە کە لە پێشوودا بۆ دەزگای شیڵد کاریدەکرد، و بۆ بەڕێوبەری تاقمەکە لەم فیلمەدا.
  • جێرمی ڕێنەر لەڕۆڵی کلینت باڕتن/ ھاوکای: تیرھاوێژێکی بلیمەت کەوا بریکاری پێشووی شیڵد یش بوو. لەم فیلمەدا، ھاوکای کەسایەتی ڕۆنین بەرجەستە دەکات، دوای ونبوونی خێزانەکەی.
  • دۆن چیدڵ لەڕۆڵی جەیمس ڕۆدس/ وۆڕ مەشین: ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ئاسمانی ئەمریکا، کەوا لەنێو ئامێری وۆڕ مەشیندا کارەکانی خۆی دەکات.
  • پۆڵ ڕوود لەڕۆڵی سکۆت لانگ/ ئانت مان: تاوانکارێک بووە لە پێشوودا، کەوا بەھۆی جلەکەیەوە دەتوانێ قەبارەی جەستەی خۆی بگۆڕێت. لانگ لەدوای ڕووداوەکانی، کاپتن ئەمێریکا:جەنگی ناوخۆییەوە پەیوەندی بە تاقمەکەوە کردبوو.
  • بری لاڕسن لەڕۆڵی کاڕل دێنڤەرس/ کاپتن ماڕڤڵ: فڕۆکەوانێکی پشووتری سوپای ئاسمانی ئەمریکا بووە کەوا بەھۆی ڕووداوێکەوە دی ئێن ئەی گۆڕاوە و توانای جۆراوجۆری بۆ پەیدابووە. لارسن بەر لە وێنەگرتنی بۆ فیلمی کاپتن ماڕڤڵ، دیمەنەکانی ئەم فیلمەی وێنەگرتبوو.
  • کاڕن گیلیەن لەڕۆڵی نێبیولا: کچێکی بەخێوکراوی تانۆسە کەوا لەپاڵ گامۆڕادا گەورەبووە.
  • دانای گوڕیرا لەڕۆڵی ئۆکۆیێ: سەربازێکی وەکاندایە سەر بە ھۆزی سنوور و سەرۆکی دۆرا میلایێ ە، کە یەکەی پاسەوانی پاشا تچالان.
  • بێنێدیکت وۆنگ لەڕۆڵی وۆنگ: یەکێکە لە لێھاتووەکانی ھونەری سحری، کەوا ئەرکی پاراستنی کتێبەکانی کامار تاجی پێدراوە.
  • جۆن فاڤڕو لەڕۆڵی ھەپی ھۆگن: سەرۆکی پێشووی پاراستنی کۆمپانیاکانی ستاڕک بوو، و پاسەوانی تایبەتی ستاڕکیش بوو.
  • بڕادلی کووپەر لەڕۆڵی ڕۆکێت: ئەندامێکی پارێزەرانی گەردوونە، کەوا لە بنچینەدا نیوە ئاژەڵ و نیوە مرۆڤە و شارەزایەکی باشی لە بەکارھێنان چەک و تاکتیکی جەنگی ھەیە. شۆن گەن لەم فیلمەدا بەشێوەی جەستەیی ڕۆڵی کارەکتەرەکەی بینیوە و کووپەر دەنگەکەی بۆ کردووە.
  • جۆش بڕۆلین لەڕۆلی تانۆس: دانیشتوویەکی ھەسارەی تایتان بوو، کەوا پێیوابوو بە ڕاماڵینی نیوەی زەوی دەتوانێ نیوەکەی تر ڕزگاربکات لە برسیەتی. دوای ڕووداوەکانی ئینفینیتی وۆر، تانۆس بۆتە کەسێکی تەواو جیاواز و خەریکی جووتیاریە. جۆش بڕۆلین خۆی دەنگی کارەکتەرەکەی کردووە و ھەرخۆیشی بەرجەستەی کردووە.

چەندین کارەکتەری جیاواز کەوا لەدوای ڕووداوەکانی ئینفینیتی ۆوڕ مردبوون، لەم بەشەدا دەگەڕێنەوە لەنێویاندا:

  • بێنێدیکت کەمبەرباچ لەڕۆڵی دەکتەڕ سترەینج
  • چادویک بۆسمان لەڕۆڵی پاشا تچالا/بلاک پانتەر
  • تۆم هۆڵاند لەڕۆڵی پیتەر پاڕکەر/سپایدەرمان
  • زۆوی سالدانا لەڕۆڵی گەمۆڕا
  • ئیڤانجلین لیلی لەڕۆڵی ھۆپ ڤان داین/واسپ
  • ئیلیزابێت ئۆڵسن لەڕۆڵی واندا ماکسیمۆف/ سکاڕلێت ویچ
  • ئانتنی ماکی لەڕۆڵی سام ویڵسن/ فاڵکن
  • سبەستیان ستان لەڕۆڵی بەکی باڕنس/ وینتەر سۆڵجەڕ
  • تۆم ھیدڵستن لەڕۆڵی لۆکی
  • پۆم کلێمنتەیف لەڕۆڵی مانتیس
  • دەیڤ باتیستا لەڕۆڵی دڕاکس
  • لێتیشا ڕایت لەڕۆڵی شوری
  • مایکڵ دۆگڵاس لەڕۆڵی ھانک پیم
  • میشێل فایفەر لەڕۆڵی جانێت ڤان داین
  • کۆبی سمەڵدەرس لەڕۆلی ماڕیا ھیڵ
  • لیندا کاڕدیلینی لەڕۆڵی لۆڕا باڕتن
  • ڤین دیزل لەڕۆڵی گڕووت
  • ساموێل جاکسن لەڕۆڵی نیک فیوری

ھەروەھا کۆمەڵە ئاکتەرێکی تریش ڕۆڵەکانی خۆیان لەم بەشەدا دەگێڕنەوە:

  • تێسا تۆمپسن لە ڕۆڵی ڤالکەیەر
  • ڕین ڕوسۆ لە ڕۆڵی فریگا
  • تیلدا سوینتن لە ڕۆڵی ئەینشنت وەن
  • ھەیلی ئاتوێل لە ڕۆڵی پێگی کاڕتەر
  • ناتالی پۆڕتمن لە ڕۆڵی جەین فۆستەر
  • ماڕیسا تۆمێی لە ڕۆڵی مەی پاڕکەر
  • تایکا واتیتی لە ڕۆڵی کۆڕگ
  • ئانجێلا باسێت لە ڕۆڵی ڕامۆندا
  • ویلیام ھەڕت لە ڕۆڵی تادیەس ڕۆس
  • شۆن گەن لە ڕۆڵی کراگلین
  • وینستن دوک لە ڕۆڵی مباکو
  • فرانک گریلۆ لە ڕۆڵی بڕۆک ڕوملۆو
  • ڕۆبێرت ڕێدفۆرد لە ڕۆڵی ئالێکساندەر پیرس
  • ڕۆس ماڕکواند لە ڕۆڵی ڕێد سکەڵ (کە پێشتر ھیوگۆ ویڤینگ ڕۆڵەکەی دەگێڕا لە فیلمی کاپتن ئەمێریکا: یەکەم تۆڵەسێنەوە).

بەدەر لەمانەش، ھیرۆیوکی سانادا رۆڵی ئاکھیکۆ دەگێڕێ، کە سەرکردەیەکی مافیای یاکوزایە لە تۆکیۆ و دژی باڕتن دەجەنگێ. ستان لی لەدوایین کامیۆی خۆیدا وەک شۆفێرێکی ئۆتۆمبێل لە ساڵانی حەفتاکاندا دەردەکەوێت. جۆ ڕوسۆ وەک ئامادەبووێک دەردەکەوێت لەپاڵ ڕۆجەرزدا.

دەرچوون[دەستکاری]

فیلمەکە لە لۆس ئەنجلس لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ یەکەم پەخشی بۆکرا. لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩شدا، لە تەواوی جیھاندا دەستکرا بە پەخشکردنی.

پێشوازی[دەستکاری]

بۆکس ئۆفیس[دەستکاری]

ڕیکۆردەکانی بەر لە فیلم دەرچوون[دەستکاری]

لە کۆتاییەکانی ٢٠١٨، فیلمەکە وەک دووەم چاوەڕوانکراوترین فیلمی ٢٠١٩ دەستنیشانکرا لەدوای کاپتن ماڕڤڵ و زۆرترین فرۆشیار چاوەڕوانی بلیتەکانی ناوبراویان دەکرد.

دوای دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیتەکان بەشێوەی ئۆنلاین، تەواوی سایتەکانی فرۆشتنی بلیت وەستان بەھۆی قەڵەبالغی سەر سێرڤەرەکان. دوای ٢٤ کاتژمێر، فیلمەکە بووە پڕفرۆشترین بلیتی ئۆنلاین و پێش فیلمی جەنگی ئەستێرەکان: بە ئاگا ھاتنەوەی ھێزەکە کەوت. فیلمەکە تەنھا بە فرۆشتنی بلیتەکانی پێشوەختە نزیکەی ١٤٠ میلیۆن دۆلاری دەستکەوت.

لە ھیندستان، فیلمەکە زیاتر لە یەک میلیۆن بلیتی فرۆشت، بەڕێژەی فرۆشتنی ١٨ بلیت بۆ ھەر چرکەیەک. لە چین، تەنھا لەماوەی ٦ کاتژمێردا زیاتر لە یەک میلیۆن بلیت فرۆشرا کە دەیکردە بای ١١٤ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی. لە ھەرێمی کوردستاندا، بۆ سێ ڕۆژی یەکەمی نمایشی فیلمەکە لە سینەماکانی ھەولێر و سلێمانی تەواوی بلیتەکان فرۆشرابوون.[٤][٥][٦] ستی سینەما یەکێک لەسینەماکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد لە سێ ڕۆژی یەکەمی نمایشکردنی فیلمەکە ٣٠٠٠ بلیت لەسینەماکەی ئەوان فرۆشراوە.[٧]

کاردانەوەی ڕەخنەگران[دەستکاری]

لە وێبسایتی ڕۆتن تۆمەیتۆس، فیلمەکە ڕێژەی ٩٦٪ی ھەیە بەپێی ٣٧٥ دەنگی جۆراوجۆر و ڕەیتینی ٨٫٣/١٠ یە. لە کۆکراوەی رای ڕەخنەگرانی وێبسایتەکە نووسراوە " پڕ جۆش و خرۆش، پڕ چێژ و بەشێوەیەکی سۆزداراە کاریگەر، ئێندگەیم فیلمێکە کە ھەمووشتێک لە توانایدایە دەیکات بە مەبەستی گەیاندنی کۆتاییەکی جوان بۆ ئەم بەشەی ئینفینیتی ماڕڤڵ". مێتاکریتیک نمرەی ٧٧ لە ١٠٠ی پێداوە. بینەران بەپێی دەنگدانی سیمەسکۆڕ نمرەی "ئەی پڵەس" یان پێداوە، کە دەبێتە سێیەم فیلمی ماڕڤڵ بەم نمرەیە بگات.

لە بابەتێکی بۆ NPR، گلێن وێڵدن ڕایەکی ئیجابی لەبارەی فیلمەکەوە ھەبوو و پێیوابوو کە فیلمەکە تەواوکەرێکی شایستەیە بۆ ئینفیتی وۆڕ و تەواوی بیست و دوو فیلمەکەی پێشوو لە گەردوونەکەدا و نووسیویەتی " بڕیاری براکانی ڕووسۆ بۆ تیشک خستنە سەر ھەست و سۆزی تۆڵەسێنەکان دوای ڕووداوەکانی بەشی یەکەم مایەی ستایشکردنە، و توانیویانە فیلمەکە بەشێوەیەک دابڕێژن کە تەواوی کارەکتەرەکانی دە ساڵی ڕابردوو دەربخەن و کاتی خۆیانی پێبدەن کە لەکۆتایی فانەکانی گەردوونەکە ڕازی دەکات.

پیتەر تراڤێرس لە بابەتێکی بۆ ڕۆڵینگ ستۆن، لە ٥ ئەستێرە ٤ی بە فیلمەکە داوە و نووسیویوتی «پێویست ناکات دەربارەی کڵێشەی گەشتکردن بەناو کاتەکە قسە بکەین، ئەم فیلمە ھەمیشە داھێنان و تازەگەری خۆی پێبووە و چێژەکەی نیشانداوە».

لە کاردانەوەیەکی نەرێنیدا، ئەنتنی لەین کە ڕەخنەگرێکی نیویۆڕک تایمزە پێیوابوو فیلمەکە جێڕۆکەکانی بەباشی درێژەپێنەدا و زۆر شتی پشتگوێ خست و نووسیویەتی: «لەم فیلمەدا شتەکان زۆر بە خاوی دەستپێدەکەن، تانۆس بۆتە جووتیاری گەنم و وازی لە ئامانجە گەورەکەی ھێناوە کە بریتی بوون لە کۆمەڵکوژی و لەولا بلاک ویدۆو خەریکی خواردنی ساندویچە و تۆڕیش بۆتە کەسێکی قەڵەوی بێکەڵک، تاکو ئەوکاتەی شتەکان دێنە سەر سکە، بینەر ئارامی نامێنێت».

بەشەکانی داھاتوو[دەستکاری]

لە مایۆی ٢٠١٨، بەڕێوبەری دیزنی بۆب ئایگەر دەربارەی پلانەکانی ماڕڤڵ دوای کۆتا یاریی ڕایگەیاند «پێموابێ کاتێ داھێنانی زنجیرە فیلمێکی تر دەبێ دوای ئەڤێنجەرز، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئیدی ھیچ بەشێکی لێ دەرناکەین، چونکە بەناوبانگی و خۆشەویستی کارەکتەرانی فیلمەکە لەلایەن ھەوادارانیەوە، وادەکات کە ئێمەش بیری لێبکەینەوە». دوای یەکەم پەخشی سینەمایی فیلمەکە، جۆ ڕوسۆ ڕایگەیاند «ھیچ بلانێکمان بۆ درووستکردنی فیلمی تری ماڕڤڵ نییە دوای ئێندگەیم، بەڵام ئەگەری گەڕانەوەمان بۆ مارڤڵ کراوەیە بەھۆی ئەو پەیوەندیە باشەی لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو ھەمانە».

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Avengers: Endgame (12A)". British Board of Film Classification. April 12, 2019. Retrieved April 12, 2019.
  2. ^ Newman, Kim (April 25, 2019). "Avengers: Endgame review: the finale these heroes deserve". British Film Institute. Retrieved April 28, 2019.
  3. ^ "Avengers: Endgame (2019)". Box Office Mojo. Retrieved April 28, 2019.
  4. ^ https://www.facebook.com/comics4kurd/photos/a.1318608211523562/2412979178753121/?type=3&eid=ARCq-XmgZmNPP5-aaBgtS6fAyj62cXgeTtj4B9SZvt8RZRxxgebw-zuz1z-dEs03cC1NOVlH4JkE4xe3&__xts__[0]=68.ARBwTxMP6BKlXo-Tv-HYCd1TvQeTv__xMXYQuUt8pXuTWYanrQ9nw1QP3wJME5wPRfvfx9eIv6BjdZoktjmGM8g6ACRoTgNHILB_AwtTrND5yPMMWLjQIoiU5cSyMLC7qurYRFHsA4wCEtzuZys9rwySvbBJgrol1EbMmYoueML8N1xwtZe_EMqWYOubYrhgWe36Q-VC9F2drImb6qflx3Mwx0gmaIbJlE3wF3wDFCPR5MFfN1noY90lzbf_KY_2m6Ttleh1Oc9JWNEfHVxnIxOx_fHYIzn0BQ2AhodTd5Kvv-DKEyTdN3C-iM3xi4fl7zkgSNG5hXAQxduTZ32QJnLARxdr&__tn__=EEHH-R. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  5. ^ . Comics4Kurd https://www.facebook.com/comics4kurd/photos/a.1318608211523562/2418039688247070/?type=3&eid=ARDn57NlkFgKv3bs5EgerF0sXBkfx7opulgacGJ_qpyK-pvQ4t4ARfuSnuBr5PyQu8ULzTLUX_PTHcSj&__xts__[0]=68.ARAilPDTs8Y9JOr81bspI91ZLJI5BZLGcZ1njtmxe9__h3uRoph79aaDKaPLA0GAmrS4deWBHGJaHjWgnqknQKhxcQamfN8UAOcMqfRRTiTu2E0lsa_z6Jh_U2NnxYlY6Y8VBPFyxjati-Ay_xOLmrNgSZREkbDccJ_33spPWeUCXvABhnL1JBgwmL76r7J32mKxvahClCi4KU-RSecTuqFnmc9yLKpjzbwOjCHI6KvBcfRHLiNHiYNexsrQ4cm6wBQa7wJRAjKwbrk0l54WxMWi5gmHRcfnqHv4kmK-FaqpiBHUTbMSyrfL8vndu4evnZwtGjFUNhuLmOn5A4871IzMYcTA&__tn__=EEHH-R. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  6. ^ https://www.facebook.com/comics4kurd/photos/a.1318608211523562/2412215405496165/?type=3&eid=ARB_kQZysOh48HXPmiCJtfB8IBg-BnsU3Z8m0uygcJvXB1Y1Tjb6XEaCm1WImx3RELtQWLkyZ0mxKS7g&__xts__[0]=68.ARDiMRUp4EtGEfSRJRRbeCyoEaUCvquR6vJs0Ct5bWHYV8akZrhiYYEVfafElwpPY0O7O7VnU1BBN7c8FZjOOSoNJ0-Sr9fNdKzfmtbtZtaqhMFJzAiRINS3qN9cTHA4B7LUfDWCmwxH6gD1tMSFkDVjo5rfIUwgpRtb_bgPCwmVqRsrQJQ5zBgN4HlbfJV_wrdhzxDhsTX0nyO3xUcjy9XV00XnGULDaiuKpnhPNt9I8DQoII44Bc92raoO-RDFwUeeqPT0s1SnE-v1QriqZFu_ZIcq-dKq-oowDKMNrM8JsZnKLhGL5V1v5Xby4aOp6iRcdYgur8kFaWy5jwRfSFX9oPpF&__tn__=EHH-R. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  7. ^ "ستی سینەما - پەڕەی فەیسبووک". ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩. Retrieved 29ی Aprilی 2019. {{cite news}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کۆمیکس بۆ کورد

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]