بەرد

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

کەڤرەکان پێکهاتەیەکی سروشتین کە بە کۆبونەوەو ڕەقبوونی خاوێک (مینیراڵ)ێک یان زیاتر دروست بوون بۆ نمونە کەڤری گرانایت تەنها لە خاوی هاڵایت پێکهاتووە و کەڤری گەچ لە کۆبونەوەی هەریەک لە خاوی کوارتز، فیلدسپار و بایۆتایت دروستبووە. کەڤرەکان چینە ڕەقەکەی زەوییان پێکهێناوە. بەشێوەیەکی سەرەکی کەڤرەکان بەپێی شێوازی دروستبوونیان پۆلێندەکرێن بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا: ئاگرین، گۆڕاو و نیشتوو. زانستی کەڤرناسی (petrology) کە لە کەڤرەکان دەکۆڵێتەوە یەکێکە لە گرنگترین لقەکانی زەویناسی.


١- پۆلێنکردنی کەڤرەکان
١.١ کەڤرە ئاگرینەکان
١.٢ کەڤری گۆڕاو
١.٣ کەڤری نیشتوو
٢- بەکارهێنانی کەڤرەکان

١-پۆلێنکردنی کەڤرەکان[دەستکاری]

کەڤرەکان لە دەنکۆڵەی زۆر وورد پێکهاتوون کە لە سیفەتە فیزیایی و کیمیاییەکاندا جیاوازن و پێیان دەوترێت خاوەکان (minerals) کە یەکەی سەرەکی پێکهێنانی کەڤرەکانن. بە یەکگرتنی دەنکۆڵەکانی خاوێک یان چەند خاوێک کەڤرێک دروست دەبێت کە هەڵگری سیفەتی تایبەتی خۆیەتی. کەڤرەکان وان لەژێر گۆڕانکارییە فیزیای وکیمیاییەکاندان بەکارتێکردنی پلەی گەرمی و پەستان لەسەریان شێوەو قەبارەی دەنکۆڵەکانی و هەندێک جار پێکهاتە کیمیاییەکانیشی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و لەجۆرێکەوە دەگۆڕێن بۆ جۆرێکی تر، ئەم گۆڕانکارییاانەش پێیاندەوترێت سووڕی کەڤرەکان (Rock Cycle). بەهۆی بوونی ئەم جیاوازیی و گۆڕانکاریانەوە پۆلێنکراون بۆ سێ جۆری سەرەکی.

کەڤری ئاگرین بەو کەڤرانە ئەوترێت کە ڕاستەوخۆ لە ساردبوونەوەی کەڤرە تواوەکانەوە کە پێیان دەوترێت لاڤە دروست بوون. زۆرترین بەشی توێکڵی زەوی پێکدەهێنن. کەڤرە ئاگرینەکانیش لە چەند جۆرێکی جیاواز پێک هاتوون کە دیارترینیان بازەڵت و گابرۆیە کە بە نزیکەیی (%٦٦)ی بەردە ئاگرینەکانن.

کەڤری گۆڕاو ئەو کەڤرانە دەگرێتەوە کە لە گۆڕانکاری کەڤرە ئاگرین و نیشتووەکانەوە دروستدەبێت لەژێر کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پەستانی بەرز، زیاتر لە چینەکانی ژێرەوەی توێکڵی زەوی دروست دەبن و نزیکەی (%٢٧.٤)ی توێکڵی زەوی پێکدەهێنن. لە دیارترین کەڤرەکانی ئەم جۆرە (ماڕبڵ، سلەیت، کوارتزایت، فایلایت، نایس و سەرپەنتین)ن.

کەڤری نیشتوو ئەم جۆرە کەڤرانە بەزۆری لەسەر ڕووی زەوی دروستدەبن بە کۆبوونەوە و نیشتنی دەنکۆڵە بەردە وردبووەکان کە لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە کەش و هەواوە وردبون و بەهۆی ئاو، هەوا، با، سەهۆڵ یان هیزی ڕاکێشانی زەویەوە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێک و پاشان ڕەقدەبن. پێکهاتەی ئەم جۆرە کەڤرانە تێکەڵەیەکە لە پارچەکانی جۆرەکانی پێشتر و زۆرجار ماددەی ئەندامی زیندەوەران دەچێتە پێکهاتەی ئەم جۆرە کەڤرەوە، بە تایبەت زیندەوەرانی دەریایی کە پێکهاتەی ڕەق لە لەشیاندا هەیە کە پێیاندەوترێت بەبەردبووەکان (fossils). بڵاوترین جۆرەکانی ئەم کەڤرە بریتین لە (شێڵ، کەڤری قوڕین، کەڤری لمین، کەڤری کاربۆنی، کەڤری قوم، لایمستۆن )ن. ئەم جۆرە کەڤرانە بەشێوەی چین چین دەنیشن و هەندێک جار بەهۆی جوڵەی زەوییەوە چەماونەتەوە هەربۆیە زۆرجار بە کەڤری چین چین ناودەبرێن.

٢- بەکارهێنانی کەڤرەکان[دەستکاری]

کەڤرەکان هەر لە کۆنەوە بۆتە جێی سەرنجی مرۆڤ و لەزۆر بواردا بەکارهێنراوە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، هەر لە کۆنەوە بەکارهێنراوە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستکەوتنی خاوەکان وەک (مس، ئاسن، فافۆن، ئاڵتۆن و ستیل ...هتد) کە تا ئێستا بەردەوامەو لە بەرەو پێشچوندایە، هەروەها لە بواری بیناسازی و جوانکاریدا بەتەواواتی پشت بە کەڤرەکان بەستراوە. لە ئێستاشدا هەموو بوارەکانی تری ژیانی گرتووەتەوە وەک تەندروستی، کشتوکاڵی، پیشەسازی بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەر بۆیە ئەو وڵاتەی خاوەنی کەڤری هەمەجۆر و بەنرخ بێت لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە لەپێشەوەی ووڵاتانی دیکەیە.