جەوھەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بە پێی مانا بەربڵاوەکەی، لە سیستمێکی دیاریکراوی فەلسەفیدا، جەوھەر ئەو شتەیە کە بە لای ئەو سیستمەوە بە بنەڕەتی و بنچینەیی دەژمێردرێ و، بوونی سەربەخۆی ھەیە و پشتی بە خۆی بەستووە. ئاوەھا، بۆ ئەتۆمیستێک ئەتۆمەکان جەوھەرن، چونکە ئەتۆمەکان ئەو شتە سەرەتایییانەن کە گشت شتەکانی تریان لێ دروست بووە. ھەر بەم شێوەیە، لە سیستمی دەیڤد ھیوومدا، ئەمپرێسیۆنەکان و ئایدیاکان[١] جەوھەرن و، لە فەلسەفەی ئەفلاتوونیشدا فۆرمەکان کە سەرچاوەی بوونی ھەموو شتەکانن. لەم مانا بەربڵاوەیدا، ھەر سیستمێکی فەلسەفی کە ھۆگری واقیع بێ دان بە بوونی جەوھەردا دەنێ. ڕەنگە تەنیا جیاوازی، شێوازگەلێک لە تیۆرییەکانی پۆزیتیڤیزم یا پراگماتیزم بن کە ئۆنتۆلۆجییان پێ مەسەلەیەکی عورفییە. بە گوێرەی ئەم تیۆرییانە، فاکتەکان پشتگیری لەوە ناکەن کە شتێکی «لە باری ئۆنتۆلۆجییەوە بنەڕەتی» ھەبێت و، بەم بۆنەوە ھیچ شتێک جەوھەر حیساب ناکرێت. مانا دووەمەکەی جەوھەر بەرتەسکتر و تایبەتترە. بە پێی ئەم مانایە، جەوھەر جۆرێک خاوەنبوونی بنەڕەتیی تایبەتە کە ھەندێ تیۆریی فەلسەفی دانی پێدا دەنێن و ھەندێکیش نا. کاتێ لە وەھا مانایەکدا بەکار بچێت، ئیتر ئەمپرێسیۆنەکان و ئایدیاکانی ھیووم جەوھەر نین، گەرچی لە دنیاکەی ئەودا حوکمی خشتەکانی بینای «بوون»یان ھەیە. بە گوێرەی ئەم مەبەستە، ئەوەی کە خاوەنبوونە بنەڕەتییەکان جەوھەرن یان شتێکی تر، وەکوو ڕووداو یا تایبەتمەندیگەلێکی ھەڵکەوتوو لە بۆشاییکات (spacetime)، جێی قسەوباسە.[٢]

لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا[دەستکاری]

پێش ئەرەستوو[دەستکاری]

فەیلەسووفانی پێش سوقرات وایان بیر دەکردەوە کە گەردوون لە یەک یان چەند شتی بنچینەیی پێک ھاتووە. تالیس، بۆ نموونە، پێی وا بوو ھەموو شت لە زاتی خۆیدا «ئاو»ە و، ئاناکسیمینیس ھەموو شتی بە شێوەیەک «ھەوا» دەزانی. بە زمانێکی تر، جەوھەر بۆ تالیس ئاو بووە و، بۆ ئاناکسیمینیس ھەوا. بە پێچەوانەوە، جەوھەر بۆ دیموکریتوس و ئەتۆمیستەکانی تر ئەو شتە زۆر وردانە بوو کە پیان دەوت ئەتۆم.

بەڵام ئەفلاتوون، مامۆستای ئەرەستوو، ئەم ھەوڵە ماتێریاڵیستی و ماددیخوازانەی بە دڵ نەبوو. بە بڕوای ئەو، شتە ماددییەکان کۆپیی فۆرمەکان یان ئایدیاکان بوون. فۆرمیش، بە لای ئەوەوە، ئەو شتە نەبوو کە گشت شتەکانی تری لێ دروست کرابێ، بەڵکوو پرەنسیپێکی حاکم بوو کە ستراکتور و مەبەستی دابوو بە ھەموو شتەکانی دیکە و، لەم ڕووەوەیە کە بە جەوھەر دێتە ئەژمار.[٢]

ڕوونکردنەوەی ئەرەستوو[دەستکاری]

بە لای ئەرەستووەوە، ڕێک ھەر وەک ئەفلاتوون، ئەرکی فەلسەفە دۆزینەوە و ناسینی ئەو شتە پاوەجێ و بەردەوامەیە کە لە جیھانی ھەردەم لە گۆڕانی دەوروبەرماندا، بە نەگۆڕاوی دەمێنێتەوە. ئەرەستوو چەندین ڕێگای گرتەبەر بۆ ناساندنی جەوھەر. یەکێکی ئەوە بوو کە وتی جەوھەر ھەمان زاتی سەقامگرتووە. ئەو شتەیە کە لە ماوەی گۆڕاندا جێگیر و خۆڕاگرتوو دەمێنێ و ناگۆڕێ. ھەرچەند، شتێ لەوانەیە ئەمڕۆ ئەلف بێ و سبەینێ ب، بەڵام، ھەر ھێشتا بابەتێکی بنچینەیی ھەیە لەو گۆڕانەدا کە عەینی خۆی دەمێنێتەوە. ئینسانێک لەبەرا مناڵە، دواتر لاوە، دوای ئەوەش پیرە، بەڵام ھەمیشە یەک کەسە و ھەر ئەوە. بەم شێوەیە، جەوھەر پەیوەند درا بە سیفەتگەلی زاتییەوە. ڕێگایەکی تر کە ئەرەستوو بەرەو جەوھەر گرتیە بەر، لۆژیک بوو.[٣] ئەو، لە کاتەگۆرییەکانیدا، جەوھەر بە دانراو (مەوزووع) -ی قەزیە دەبینێ کە دەتوانێ تایبەتمەندی و چۆنایەتی ھەڵبگرێت (ھەڵگیراو، مەحموول)، بەبێ ئەوەی کە خۆی شیاوی ھەڵگیران بێ. بۆ وێنە، سوقرات دەتوانێ چەند سیفەتێک ھەڵبگرێ، بەڵام خۆی نالکێ بە ھیچ شتێکی ترەوە. نیشانەی تایبەتیی جەوھەر ئەمەیە کە سیفەتگەلی جۆراوجۆر پاڵی پێوە دەدەن، بەڵام خۆی ئەو دانەیەیە و ھەر ئەوەشە. «ڕێ ڕێ بوون» و «خاڵ خاڵ بوون» جەوھەر نین، بەور و پڵنگ کە ڕێ ڕێ و خاڵ خاڵن جەوھەرن. جەوھەر، بە مانا سەرەکییەکەی، شتێکە کە نە لەبارەی شتێکی ترەوە شیاوی وتنە، نە لە شتێکی تردایە.[٤] ئەرەستوو دەڵێ:[٥]

« بەڵام جەوھەر بە ڕەبەقترین و سەرەتاییترین و بناخەییترین مانای وتراودا ئەوەیە کە نە بە بابەتێک ھەڵدەگیردرێ و نە لە چەشنێ بابەتدا جێی ھەیە، بۆ وێنە: ئەم پیاوە، ئەم ئەسپە. »

لە فەلسەفەی نوێدا[دەستکاری]

ڕێنێ دێکارت[دەستکاری]

دێکارت دەیوت جەوھەر ئەو بووەیە کە پێویستی بە ھیچ بوویەکی تر نییە بۆ ئەوەی ببێ. شتێکە کە دەتوانێ بە خۆیەتیی خۆی، ببێ، یانی، بەبێ یارمەتیی ھیچ جەوھەرێکی تر. ئەم مانا بەرتەسکە، ھەر تەنیا خوا دەگرێتەوە و، شتەکانی تر لە بازنەی جەوھەرییەت دەر دەکا. خوا دەبێ بە تاقانە جەوھەر، چونکە ھەر ئەوە کە بوونی، پێویستی بە بوونی ھیچ شتێکی تر نییە و، بوونی ھەموو شت بەستراوە بە بوونی ئەوەوە. بەڵام، سەرەڕای ئەمەش، دێکارت بەکارھێنانی وشەی جەوھەر بۆ شتە خوڵقاوەکانیش بە ڕەوا دەزانێ:

« ڕێک وەکوو ئەوە کە بەبێ خۆر، ھەتاو نییە، بەبێ یارمەتیی خواش ھیچ شتێ ڕێی تێ ناچێ. بەبێ ئەم یارمەتییە، ھەموو خوڵقاوەکان بەرەو نەبوون دەڕۆن. بەڵام، ھەر ھێشتا دەکرێ بە شتە خوڵقاوەکانیش بڵێین جەوھەر. مەبەستی ئێمەش ئەو جۆرە شتەیە کە دەتوانێ سەربەخۆ و بەبێ ھەڵواسران بە شتی خوڵقاوی دیکەوە، ببێ. » یەکێ لە نامەکانی دێکارت، ساڵی ۱۶۴۱

دێکارت باوەڕی ئەوەیە، لەم مانایە، دوو جەوھەری لێکجیا ھەیە: زەین و لەش. تایبەتمەندیی سەرەکیی زەین فکرکردنەوەیە و، تایبەتمەندیی سەرەکیی لەش (یا ماددە) کێشھاتن -ە بە درێژایی و پانایی و قووڵاییدا:

« ھەر جەوھەرێک تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ھەیە کە سروشت یا زاتی دەگرسێنی و، ھەموو تایبەتمەندییەکانی تری بۆی دەگەڕێنەوە. بەم چەشنە، کێشھاتن لە درێژایی و پانایی و قووڵاییدا گرسێنەری سروشتی جەوھەری جەستەیە و، فکریش گرسێنەری جەوھەری زەینە. ئەگەر جەستە یا ماددە کێشھاتوو و خاوەنی ڕەھەند نەبێ، ناکرێ ھیچ شتێکی تر بخرێتە پاڵی. ھەر چۆنیەتییەک کە بتوانێ بلکێ بە ماددەوە، پێشتر وای داناوە کە ماددە خاوەن ڕەھەندە و، تەنیا یەکێ لە حاڵەتەکانی شتی کێشھاتووە. ھەر ئاوەھاش، ھەر شتێ کە لە زەینا دەیدۆزینەوە، تەنیا یەکێک لە حاڵەتە جۆربەجۆرەکانی فکرکردنەوەیە. » بنەماکانی فەلسەفە، بەشی یەکەم، ۵۳

سپینۆزا[دەستکاری]

بۆ سپینۆزا تەنیا یەک جەوھەر ھەیە: خوا یا سروشت، کە بە بڕوای ئەو، ھەمان شتن. ھەموو شتەکانی تر دۆخ یا چۆنیەتییەکی ئەم تاقانە جەوھەرەن. بۆ نموونە، یاساکانی فیزیک دەتوانرێن وەکوو تێخزاویی ئەقڵی خوا لە سروشتدا لە بەرچاو بگیرێن. ئەوە کە ئاخۆ سپینۆزا باوەڕی بە خوا بووە، یا نە، بووە بە بابەتی مشتومڕ و شەڕەقسەی بێبڕانەوە. ھەندێ پیان وایە سپینۆزا خواناباوەڕێ بووە کە سروشتی ناو ناوە خوا، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوە کە سروشت ئەو تاقانە جەوھەرەیە کە بوونی پێویستە و ناتوانێ نەبێ.[٢]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ impressions and ideas، انطباعات و تصورات، یا تأثرات و تصورات: ئەوەی کە مرۆڤ لێی تێ دەگات، واتە ھەرچی کە بە زەینیدا تێ دەپەڕێت، بە لای ھیوومەوە ناوی ئیدراکە (پێزانین، تێگەیشتن). ھیووم دەیوت ئیدراک دوو شێوەیە: شوێندانان یا کارتێکردن (انطباع یا تأثر) و، وێنا (تصور). ئەوەی کە لەم ساتەدا مرۆڤ ھەستی پێ بکا، واتە بە شێوەیەکی زیندوو بیبینێ یا بیبیسێ، ناوی شوێندانان یا کارتێکردنە و، ئەوەی کە دوایی لەو شتە کە بینیویە یا بیستوویە بە بیری دێتەوە و وەکوو جاری پێشوو زیندوو و نزیک نییە ناوی وێنایە.
  2. ^ ئ ا ب Robinson, Howard (2020), Zalta, Edward N. (ed.), "Substance", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2020 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2021-01-16
  3. ^ Cottingham, John (1399). The rationalists [عقلگرایان] (بە فارسی). Translated by حنایی کاشانی, محمدسعید. تھران: انتشارات روزنە. pp. 119–120.
  4. ^ "جوھر | دائرةالمعارف بزرگ اسلامی | مرکز دائرةالمعارف بزرگ اسلامی". www.cgie.org.ir. Retrieved 2021-01-16.
  5. ^ ئەرەستوو؛ ئۆرگانۆن، کاتەگۆرییەکان، بەندی ۵.