کەرکووک ناو
![]() | |
---|---|
دامەزراوی | نیسانی ٢٠١١ |
زمان | کوردی (سۆرانی)، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی |
بنکەی سەرەکی | کەرکووک، عێراق |
ماڵپەڕی فەمی | https://www.kirkuknow.com/ku |
کەرکووک ناو (بە ئینگلیزی: KirkukNow) ماڵپەڕێکی ھەواڵنێرییە کە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەواڵ و بابەت بڵاو دەکاتەوە. کەرکووک ناو یەکەمین و تەنیا سەرچاوەی ھەواڵییە کە بە بایەخدانەوە بە ناوچەجێناکۆکەکان دامەزراوەتەوە و ئامانجی خۆی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەم سنوورەدا و دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە زانیاری ڕاگەیاندووەتەوە. کەرکووک ناو لە نیسانی ٢٠١١ لەلایەن «ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان»ەوە دەستیکردووە بە چالاکی و جگە لە زمانەکانی کوردی (سۆرانی)، عەرەبی و تورکی کە زمانەکانی پارێزگای کەرکووکن، بە ئینگلیزیش بابەت پێشکەش دەکات.[١] [٢] کەرکووک ناو لە سەرەتا تەنیا ھەواڵی بۆ ھەرێمی کەرکوک و دەربارەی ئەو ھەرێمە بڵاودەکردەوە، بەڵام مث ٢٠١٧ بە پاڵپشتیی «فری پرێس ئانلیمیتێد» سەبارەت بە ھەموو دانیشتوانی ناوچە جێناکۆکەکان ھەواڵ و زانیاری پێشکەش دەکات.[٣] سەرنووسەری کەرکووک ناو، سەلام عومەرە کە ھەروەھا سەرۆکی دەستەی «ڕێکخراوی گەشەپێدانی گەل»یشە، کە ڕێکخراوێکە کە پڕۆژەکانێک سەبارەت بە ژنان و گەشەپێدان لە کوردستان و عێراق ئەنجام دەدات.[٤]
ئامانجەکان
[دەستکاری]سەلام عومەر سەرنووسەری گشتی کەرکووک ناو لە وتارێک کە لە ماڵپەڕی وەقفی ئەورووپی بۆ دیموکراسی ئامانجی سەرەکیی ماڵپەڕەکەی زانیاریدانەوە بە کۆمەڵگەی ناوخۆیی بەبێ گوێدانە نەتەوەکەیان ڕایگەیاندووەتەوە. بە وتای ئەو، بەدوای ڕووخانی سەددام و ئاڵۆزی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەستڕاگەیشتن بە میدیا پارچە پارچە بووە و زۆربەی خەڵکی ھەر یەک لە کۆمەڵگەکانی ئەو ناوچانە تەنیا بە زمانی زگماکی خۆیان ھەواڵەکان دەخوێننەوە، کە زۆرجار میدیاکانی ھەر نەتەوە بە شێوەیەکی لایەنگرانە و ناتەواو بڵاویان دەکەنەوە. کەرکووک ناو لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە ڕێبازی ڕاپۆرتکردنی فرەزمانیی گرتووەتە بەر، تا بتوانێت لە نێوان کۆمەڵگاکانی ناوچە جێناکۆکەکاندا گفتوگۆ بنیات بنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی کەرکووک ناو ھەموو شتێک بۆ زمانی عەرەبی، کوردی و تورکمانی وەردەگێڕێت و بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات ئارەزووی ھەواڵەکانی ناوچەکەیان ھەیە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە.[٥]
کەرکوک ناو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، ستراتیژییەکی درێژخایەنی دروستکرد و ڕایگەیاند دەبێت لە میدیا وەک ئامرازێک بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و پێکەوەژیان کەڵک وەربگرێت. لە ئەنجامدا ڕووماڵی ماڵپەڕەکەی فراوانتر کرد و ھەموو "ناوچە جێناکۆکەکان"ی عێراقی لەخۆگرتەوە. لەم ستراتیژییە کەرکووک ناو ئەو ئامانجەی بۆ خۆی دابین کرد کە لە ڕێگای پێدانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی دید و بۆچوونی ھەمەچەشن بۆ خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەیەکی بێلایەنگرانە، ھەوڵ بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان لەو ناوچانەدا بەرەوپێش ببات.[٦]
مۆڵەتی چالاکی
[دەستکاری]کەرکوک ناو ھەم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ھەم لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندن تۆمارکراوە.[٥]
ھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە جیھانییەکان
[دەستکاری]وەرگرتنی یارمەتی لە وەقفی ئەورووپی بۆ دیموکراسی
[دەستکاری]کەرکوک لە دامەزراوەی وەقفی ئەورووپی بۆ دیموکراسی یارمەتی وەردەگرێت.[٥]
ھاوکاری لەگەڵ فری پرێس ئانلیمیتێد
[دەستکاری]ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەگەڵ فری پرێس ئانلیمیتێد (Free Press Unlimited) ھاوکاریی کردووە.[٧] کەرکووک ناو ھەروەھا لەگەڵ پڕۆژەیەکی نوێ لە بواری تەندرۆستی لە عێراقدا کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە و لەلایەن باڵیۆزخانەی ھۆڵەندا لە عێراق پارەی بۆ دابینکراوە لەلایەن یوونێسکۆ و فری پرێس ئانلیمیتێدەوە جێبەجێ دەکرێت ھاوکاری دەکات. بەڕێوەبەرانی پرۆژەکە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە پلاتفۆرمە میدیاییە سەربەخۆکانە لە عێراقدا لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی تەندرۆستی بەشێوەی ئۆفلاین و ئۆنلاین، بە مەبەستی دانانی میکانیزمی تەندرۆستیی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی توانای میدیای سەربەخۆیە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، بە گرنگیدان بە پێداویستییە تایبەتەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاندووەتەوە.[٧]
ھاوکاری لەگەل ڕووتێد ئین تراست
[دەستکاری]کەرکووک ناو وێڕای ڕێکخراوی ناحکومیی ناوخۆیی «دەزگای خێرخوازیی بارزانی» (BCF) و ڕێکخراوی مافی دیجیتاڵی «تیچ فۆر پیس» (Tech 4 Peace) لە پڕۆژەیەک لەژێر ناوی «ڕووتێد ئین تراست» (Rooted in Trust بە واتای «ڕیشەی لە متمانەدایە») کە لەلایەن دەزگای ئینترنیوز ڕێکخرابوو پشتیوانیان کرد. ئەو پرۆژەیە لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢٣ بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی بڵاوبوونەوەی بێوێنەی دەنگۆ و زانیارییەکانی ھەڵەی پەیوەست بە کۆڤید-١٩ ڕێکخرابوو تا لە ڕۆڵی ڕۆژنامەوانی وەک دابینکەری زانیاریی متمانەپێکراو لە کۆمەڵگاکانیاندا پشتگیری بکات. پرۆژەکە لە ١٥ وڵات ڕێکخستنی بۆ کرا بوو و کەرکووک ناویش یەکێک لە سێ پاڵپشتیکەری لە عێراقدا بوو.[٨]
ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی وادی
[دەستکاری]وادی وەکوو ڕێکخراوەیەکی ناحکوومی لە باشووری کوردستان لە بەرنامە و پڕۆژە جۆراوجۆرەکان بۆ خۆیارمەتیدانەوە و بەھێزکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پشتگیری دەکات؛ لەوانەیە بەرنامەی خوێندەواری، پەروەردە و ڕاھێنان بۆ ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، توندوتیژی دژی منداڵان و ھەڵمەتەکانی دژی خەتەنەکردنی ژنان.[٩] کەرکووک ناو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە لەگەڵ ڕێکخراوەی وادی ھاوکاری دەکات و تەنانەت نووسینگەی سەرنوسەرەکەی کەرکووک ناویش دەکەوێتە ناو دامەزراوەکانی وادی لە سلێمانی.[١٠]
خەڵاتەکان
[دەستکاری]ڕاپۆرتەکان و بەدواداچوونەکانی ماڵپەری کەرکووک ناو لە ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ توانیویان ببنە براوەی خەڵاتەکانی یەکەم تا سێیەمی پێشبڕکێی «باشترین ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ» کە لەلایەن رادیۆی دەنگ لە کەلار بەڕێوەدەچێت. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٢١دا دوو بەدواداچونی ماڵپەڕی کەرکووک ناو لەنێوان دەیان بابەتی پێشکەشکراو بە ھاوبەشی بوون بە خاوەنی خەڵاتی یەکەمی ئەو پێشبڕکێیە.[١١]
ماڵپەڕی کەرکووک ناو لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە پێشبڕکێیەکی رێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتی، خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەکردوو بەدەستھێنا. ئەو خەڵاتە بۆ ئەو دەزگا راگەیاندنانەی عیراق دەدرێت کە بایەخیان بە ڕوومالی پرسەکانی ژن و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگە دابێت.[١٢] [١١]
ئەمەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ کەرکووک ناو: دەربارە (بە سۆرانی)؛ سەردان لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
- ^ ئینترنیوز: پێشکەشکردنی زانیاری: پێداچوونەوەی دیمەنی پێشکەشکەرانی زانیاری لە بێبەشبوونەوە لە زانیاری لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩ (بە ئینگلیزی)، پ ١٣، نووسراو لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢؛ سەردان لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
- ^ فری پرێس ئانلیمیتێد: پەخشی ڕاستەوخۆ ڕێگری لە کۆچی دانیشتوانی کورد دەکات (بە ئینگلیزی)؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥.
- ^ دامەزراوەی خوێندنەوەکانی گەشەپێدان: سەلام عومەر (بە ئینگلیزی)؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥.
- ^ ئ ا ب وەقفی ئەورووپی بۆ دیموکراسی: سەلام عومەر و کەرکووک ناو (بە ئینگلیزی)؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥.
- ^ وادی ئۆنلاین: خۆپێشکەشکردنی بەشدارەکەمان، کەرکوک ناو (بە ئینگلیزی)، نووسراو لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٧؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥.
- ^ ئ ا فری پرێس ئانلیمیتێد: ڕۆژنامەنووسانی باکووری عێراق پێویستیان بە مانۆڕکردن لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا ھەیە (بە ئینگلیزی)، نووسراو لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.
- ^ ئینترنیوز: ڕووتێد ئین تراست (بە ئینگلیزی)؛ سەردان لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤.
- ^ وادی ئۆنلاین: سەبارەت بە ئێمە (بە ئینگلیزی)، ئەرشیڤکراو لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥.
- ^ وادی ئۆنلاین: بەشدارە میدیایییەکەی وادی: کەرکوک ناو (بە ئینگلیزی)، نووسراو لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥.
- ^ ئ ا سەنتەری میترۆ: دوو بەدواداچوونی (کەرکووک ناو) خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێیەکی ڕۆژنامەوانی وەردەگرن (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١؛ سەردان لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤.
- ^ کەرکووک ناو: ئینتەرنیوز بەھۆی ڕووماڵکردنی پرسەکانی مافی ژنان خەڵاتی دەبەخشێت بە کەرکوک ناو (بە ئینگلیزی)، نووسراو لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣.