ڕەئووف ئاکرەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە ڕەئوف ئاکرەییەوە)
Jump to navigation Jump to search
ڕەئووف ئاکرەیی
لەدایکبوون١٩٥١
ئاکرێ
مەرگ٢٦ی ئایاری ١٩٩٣ (تیرۆر)
دھۆک
ھۆکاری مەرگکوشتن
نەتەوەکورد
پیشەسیاسەتوانی کۆمۆنیست، ڕۆژنامەنووس، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێگای ڕەنجدەران
حیزبی سیاسیڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان
منداڵەکانکاوە، کارزان و کۆڤان

ڕەئووف کامل ئاکرەیی (١٩٥١ لە ئاکرێ - ٢٦ی ئایاری ١٩٩٣ لە دھۆک) سیاسەتوانێکی چەپگەرا، نووسەر و ڕۆژنامەوانی کورد بوو کە لە لایەن کەسانێکی نەناسراو تیرۆر کراو. لە ڕەئووف ئاکرەیی وەکوو یەکەمین رۆژنامەنووس و ڕووناکبیری ناو بەرێت کە بە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستاندا تیرۆر کراوەتەوە.[١]

ژیان[دەستکاری]

ڕەئووف ئاکرەیی لە ساڵی ١٩٥١ لە شاری ئاکرێ لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری ئاکرێ تەواو کرد. بە دوای ئەوە چوو بۆ زانکۆی مووسڵ و لە ساڵی ١٩٧٧ کۆلێژى کارگێڕی و ئابوریی تەواو کرد.[٢] ڕەئووف ئاکرەیی ھاوسەرگیری کردبوو و سێ منداڵی بوو بە ناوەکانی کاوە، کارزان و کۆڤان کە ھەر سێ ئەندازیارن.[٢]

چالاکیی ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

ڕەئووف ئاکرەیی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێگای ڕەنجدەران بوو کە بە شێوەی دووزمانە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاو دەکراو.[١]

ڕەئووف ئاکرەیی یەکەم کەسێکە پەرتۆکی لە سەر ئەنفال نووسیوەتەوە.[٢]

چالاکیی خوێندکاری[دەستکاری]

ڕەئووف ئاکرەیی لە سەردەمی خوێندکاری لە بواری سیاسی چالاک بوو. لە ساڵی ١٩٧٤ بە ڕێکخراوی قوتابیانی پارتی دەموکراتی کوردستانەوە پەیوەندیی گرت. لە ھەڵبژاردنی ڕێکخراوی قوتابیان کە نێچیرڤان بارزانییش لە ناوی بەشدار بوو، دەنگێکی زۆری ھیناو و زۆر سەرتر لە نێچیرڤان بوو.[٢] بەڵام لەو ڕێکخراوە جیا بوو و لە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و شێخ لەتیف کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی دامەزراند و وەکوو سەرپەرشتیاری رێکخستنەکانی یەکێتی لە ناوچەی بادینان چالاکیی دەکرد.[٢]

ڕەئووف ئاکرەیی ھەروەھا دامەزێنەری یەکێتی خوێندکارانی شۆرشگێڕی کوردستان بوو.[٣]

چالاکیی سیاسی[دەستکاری]

ڕەئووف ئاکرەیی جگە لە نووساندنی کتێب و بەرھەم ھێنانی ڕۆژنامە، وەکوو چالاکێکی سیاسیی چەپگەرا لە بواری سیاسەتی کرێکاران و ڕەنجدەران چالاک بوو.[١]

لە ساڵی ١٩٦٨ بوو بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و تا ماوەیەک لە پارتی دیموکرات چالاکیی دەکرد، بەڵام پاشان لەم لایەنە جیا بوو. لە ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ شاسوار جەلال سەعید (ئارام) وەکوو وەفدی لاوانی کوردستان ڕویشتن بۆ ئەڵمانیا.[٢]

ڕەئووف ئاکرەیی لە ساڵی ١٩٨٤ ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستانی دامەزران کە خۆی بەرپرسی یەکەمی بوو.[٤] لە ساڵی ١٩٨٤ دژ بە کۆبوونەوەی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی بەعسی عێراق بەیاننامەی دەرکرد.

لە ساڵی ١٩٨٧ وەکوو پێشمەرگە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و جیا لە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات خەباتی دەکرد. لە ساڵی ١٩٨٨ ڕویشت بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان تا بنەمایەک بۆ دامەزراندنی حیزبێکی مارکسیی کوردستانی پێکبھینێتەوە.[٢]

چالکی دژ بە تورکیا[دەستکاری]

لە ڕۆژی ٢١ی ئابی ١٩٩٢ لە شاری ھەولێر دژ بە کوشتنی خەڵکی باکووری کوردستان لە لایەن حکۆمەتی تورکیا بەتایبەت کۆمەلکوژیی شرنەخ خۆپیشاندانێک ساز کرد، کە لە ناوی دو کچی خۆپیشاندەر و ھێزی ئاسایش کوژراون. ڕەئووف ئاکرەیی دواتر بە تاوانی ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانە ٤ مانگ لە زینداندا بوو. بە ھۆی ئەم دەستبەسەرکردنە، ڕەئووف ئاکرەیی لەگەڵ ١٢ کادری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکەمین زیندانیانی سیاسیی باشووری کوردستان بەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بوون.[٢]

ھاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان[دەستکاری]

ئەگەرچی دەرسیم دیبەگەیی نووسیوە کە ڕەئووف ئاکرەیی وەکوو بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە دھۆک چالاکی دەکرد،[٤] بەڵام ھیشام ئاکرەیی دەڵێت لە دوای کۆنفڕانسی یەکەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە بەھاری ١٩٨٢ کە لە ناوی بڕیار بووە کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان پێکەوە ھاوکاری بکەن، ڕەئووف ئاکرەیی لە سەربەخۆیی سیاسیی ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەران بەرگری کردووە و بەھیچ شێوەیەک ڕازی نەبووە کە ڕێکخراوی تێکۆشان ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە لەو سەردەمە سارکردایەتیی بە نەوشیروان مستەفا بووە.[٥]

لە ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا یەکێتیی نیشتمانی بەڵێنی پێ دابوو کە کورسیەکی پەرلەمانی پێ بداتێ، بەڵام بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرد.[٢]

دیدار لەگەڵ ئۆجالان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ھەڤالی بە ناوی کاوە نادر لە کامپی بیقاع لە بەرزایییەکانی جۆلان سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجالانیان کرد. کاوە نادر وتووە کە ئۆجالان ڕێزێکی زۆری لە ڕەئووف ئاکرەیی گرتووە و لە ئەکادیمیای مەعسوم کورکماز بە بێ پێچ و پەنا قسەیان لەگەڵ کردووەتەوە. کاوە نادر ھەروەھا گوتووە کە ھۆکاری سەردانیان دژایەتی لە نێوان بەرەی کوردستانی و پارتی کرێکاران بووە، و ئەوان پێشنیارەکانی ئۆجالانیان ھێناوەتەوە بۆ بەرپرسانی بەرەی کوردستانی، بەڵام کەس گوێی بە قسەی نەگرتووە و ھەر بەتەنیا نەوشیروان مستەفا گوتووە: «ئێوە خۆتان لە ئاسنی سارد دەدەن، چونکە کورد فرۆشراوە».[١]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • قضیە کردستان
  • اختصاص سیاسە
  • الانفال على حملە بادینان[٢]

تیرۆر[دەستکاری]

ڕەئووف ئاکرەیی لە شەوی ٢٦/٢٧ی مانگی ئایاری ١٩٩٣ لە سەعاتی ٢١:٣٠ کاتێک کە لە چایخانە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ،[٢] لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تیرۆر کراو. ئاسایشی دھۆک تەرمەکەی ڕەئووف ئاکرەیییان برد بۆ نەخۆشخانە و دەرفەت بە کەسوکاری نەدرا لاشەکەی بیبینن.[١] بکۆژانی ڕەئووف ئاکرەیی ھەر تا بە ئێستاکە ئاشکرا نەکراونەتەوە.[٥]

تیرۆری ڕەئووف ئاکرەیی یەکەمین تیرۆری سیاسیی باشووری کوردستان بووە و دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەکی گەورەی بە دووی خۆی ھیناوەتەوە.[٢]

دواھەمین قسەى ڕەئووف ئاکرەیی بەر لە تیرۆرەکەی ئەمە بووە کە «پارتى و یەکێتى دەیانەوێت حزبەکانی تر بتوێننەوە دواتر خۆیان یەکترى بتوێننەوە». [٢]

دەنگدانەوەی تیرۆر[دەستکاری]

بەدوای تیرۆری ڕەئووف ئاکرەیی خۆپێشاندانێک کراو کە لانیکەم ١٥٠٠ کەس لەتی بەشذار بوو. جگە لەمە لە دھۆک ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان لە چلە و سەرقەبرانی ڕێوڕەسمێکی بەڕیوەبرد، کە لە ناوی پارتی و یەکێتیی قوتبیانیش وەتاریان خوێندەوە، بەڵام ئاماژەیان نەکردی کە ڕەئووف ئاکرەیی لە ساڵی ١٩٧٤ ئەندامیان بووە.[٢]

ئەگەرەکان سەبارەت بە تیرۆر[دەستکاری]

تیرۆری ڕەئووف ئاکرەیی تە بەئێستاکە بە پارتی دیموکراتی کوردستان، میتی تورکیا و ھەروەھا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیسبەت دراوەتەوە.[٢]

پارتی دیموکراتی کوردستان و میتی تورکیا[دەستکاری]

ھیشام ئاکرەیی کە خۆی لە ئەندامانی رێکخراوی تێکۆشانی رەنجدەرانی کوردستان بووە،[٢] دەڵێت لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ کە شەڕ لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەخت بوو، و پەیوەندیی پارتی دیموکرات و پەکەکەیش ئاڵۆز بوو، و ھەروەھا ھێزەکانی چەکدار و ئیستیخباراتی تورکیا لە باشووری کوردستان لە ژێری دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان دژ بە پەکەکە چالاکیان دەکرد، ڕەئووف ئاکرەیی دژ بە سیاسەتی پارتی لە ھاوکاری لەگەڵ ڕەژیمی تورکیا لە بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان وەستابوو. ڕەئووف ئاکرەیی سەردانی کامپی بیقاعی پەکەکە لە لوبنان کردبوو و لەورە عەبدولڵا ئۆجەلانی دیتبوو. بەدوای ئەم دیدار، ڕەئووف ئاکرەیی لەگەڵ موقەدەم عەزیز ئاکرەیی سەرکێشی چەندین خۆپێشاندانیان کرد لە شارەکانی دھۆک و ھەولێر کە دژ بە یەکگرتنی پارتی دیموکرات و تورکیا دژ بە پەکەکە بە ڕیوەچوون. ھیشام ئاکرەیی دەڵێت ئەم ئەگەرە زۆر بەھێزە کە بڕیاری کوشتنی ڕەئووف ئاکرەیی بە فەرمانی میتی تورکیا و لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیناوی بەرژەوەندییەکانی تورکیا درابێت. ھیشام ئاکرەیی دەڵێت ئەگەری کوژراونی ڕەئووف لە لایەن میت و پارتی دیموکرات زۆرترە، چۆن کوشتنەکە لە دھۆک ڕووداوە کە لە ژێری کونتڕۆلی پارتیدا بووە و ئەگەر پارتی دیموکرات گومانی ھەبوو کە یەکێتیی نیشتمانی دەستی لە کوشتنەکەدایە، لە کاتی شەڕی براکوژیدا ئاشکرای دەکرد.[٥]

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[دەستکاری]

ھیشام ئاکرەیی دەڵێت لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٢ ڕەئووف ئاکرەیی ڕویشتووەتەوە بۆ لای و گوتووە کە لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڕەشە بە گیانی کراوەتەوە. بە ھۆی ئەوە کە ڕەئووف ئاکرەیی کەسایەتیەکی جێ بڕوا بووە کە لەگەڵ چەندین ڕیکخراوەی کوردستانی پەیوەندیی بووە، و ھاوکات لەگەڵ سیاسەتەکانی یەکێتی بەتایبەت سەبارەت بە تێوەچوونیی ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەران لە نێو کۆمەڵەی ڕەنجدەران زێز بووە، یەکێتیی نیشتمانی -کە لە ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ حکۆمەتی عێراقیش ڕێککەوتبوو- تاوانباری کردووە بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی نەھێنی لەناو کۆمەڵە و دابەشکردنی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و بەم ھۆیە بڕیاری کوشتنی داوەتەوە. بە ھۆی ئەم ھەڕەشەیە بووە کە ڕەئووف ئاکرەیی کاروباری وەکوو بەڕێوەبەری (دائرەی ئیحسای) لە دھۆک بە جێ ھیشتووە و ڕویشتووە بۆ باشووری عێراق و لە دائرەی (جادە و پردەکان) کاری کردووەتەوە. ئەڵبەت ھیشام ئاکرەیی دەڵێت چۆن ڕەئووف ئاکرەیی لە لایەن لایەنەکانی دیکەش ھەڕەشە بە گیانی کراوەتەوە، ناتوانێت یەکێتیی نیشتمانی بە مسۆگەرییەوە تاوانبار بکات، بەڵام دەڵێت یەکێتییش پێ خۆش بووە ڕەئووف ئاکرەیی زیندوو نەمینێت، و چۆن ڕەئووف لەگەڵ سیاسەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیش زێز بوو، تەنانەت لە کاتی شەڕی براکوژیش ئامادە نەبوو سەرەداوەکانی ئەم کوشتنە ئاشکرا بکات و تەنانەت پارتی دیموکراتیش تاوانبار بکات.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]