پێشەوا بەرزنجی
ئەم وتارە چەند کێشەیەکی ھەیە. تکایە یارمەتی باشترکردنی بدە یان ئەم کێشانە لەسەر پەڕەی لێدوانەکەی باس بکە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت)
|
| پێشەوا بەرزنجی | ||||||||||
|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
پێشەوا لە ٢٠٢٤ | ||||||||||
| زانیاریی کەسی | ||||||||||
| لەدایکبوون | ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ | |||||||||
| نەتەوە | کورد | |||||||||
| پیشە | یووتیووبەر | |||||||||
| زانیاریی یووتیووب | ||||||||||
| ھەروەھا ناسراوە بە | کورد گەیمەرز | |||||||||
| کەناڵ | ||||||||||
| ساڵانی چالاکی | ٢٠١٣–ئێستا | |||||||||
| چەشنەکان | ||||||||||
| سەبسکڕایبەرەکان | ١٫٠٥ ملیۆن[١] | |||||||||
| سەرجەمی بینینەکان | ٣٧٤ ملیۆن[١] | |||||||||
| ناوەڕۆکەکان بە | کوردیی ناوەندی | |||||||||
| ||||||||||
کۆتا نوێکردنەوە: ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ | ||||||||||
پێشەوا بەرزنجی (لەدایکبووی ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ لە سلێمانی، باشووری کوردستان)[٢] یووتیووبەرێکی کوردە کە زیاتر لە بواری کایەی ڤیدیۆیی و ڤڵاگ ناوەڕۆک لە یووتیووب بڵاو دەکاتەوە کە لە ٢٠١٣ دەستی بە چالاکییەکانی لەسەر ئەو سەکۆیە کردووە. زیاتر بە کردنی کایە چیرۆکییەکانی وەک دوایینی ئێمە، دوایینی ئێمە بەشی ٢، ئانچارتد ٤: کۆتایی دزێک، گاد ئاڤ وار، ڕێزدێنت ئیڤڵ، ڕێد دێد ڕیدێمپشن ٢، ھەلەو نەیبەر و بەدەر لەمانەش ماینکرافت ناسراوە.[٣]
ژیاننامە
[دەستکاری]پێشەوا بەرزنجی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ لە سلێمانی لە باشووری کوردستان لەدایک بووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە تەکنۆلۆژیای زانیاری لە زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی بەدەست ھێناوە. بە وتەی خۆی، حەزی لە ئینگلیزی نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی خوێندن لەو زانکۆیە بە ئینگلیزی بووە، ناچار خۆی ماندوو کردووە و لەڕێگەی زانکۆشەوە ئینگلیزییەکی زۆر باش فێر بووە کە ئەمەش یارمەتیدەر بووە تا ئاسانتر لە چیرۆکی کایەکان تێ بگات و کاراسانیی لە ڕاییکردنی کەناڵەکە بۆی کردووە.[ژێدەر پێویستە]
پیشە
[دەستکاری]بە وتەی خۆی، لە ٢٠٠١ و ھەر لە مناڵییەوە بە کۆنسوڵی دەستیی بریک گەیم—ئەو کاتە بە ھەڵە پێی دەوترا ئاتاری—دەستی بە یاریکردن کردووە. دواتر بە کۆنسوڵەکانی نینتێندۆ و لەنێویشیاندا سیستمی چێژبەخشی نینتێندۆ یارییەکانی ئەو کاتەی وەک سووپەر ماریۆ برۆس و بە سێگا جێنیسیس یارییەکانی وەک سۆنێکی ژیشکی کردووە. دوای چەند ساڵێک، یەکە بە یەکە کۆنسوڵەکانی پلەیستەیشن و ئێکس بۆکسی بەکارھێناوە و یارییەکانی ئەو سەردەمەی پێیان کردووە کە بۆ ھەر کۆنسوڵێک دەرچوونە. ھەروەھا لە دەوروبەری ٢٠١٠ کایەکانی فەیسبووکی کردووە.[ژێدەر پێویستە]
بەپێی چاوپێکەوتنێکی لە بەرنامەی ھاشتاگ لە کوردستان ٢٤، ڕای گەیاند کە دوایینی ئێمە ھۆکار بووە و ئارەزووی کردووە کە خەڵکیش ئەو کایەیە ببینن بۆیە، لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣ کەناڵێکی لە یووتیووب بە ناوی «کورد گەیمەرز» دروست کرد. بە وتەی خۆی، لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی و بەبێ دەرکەوتنی خۆی ڤیدیۆی کایەکانی تێدا بڵاو دەکردەوە، بەڵام دواتر ئەو ڤیدیۆیانەی سڕیوەتەوە و بڕیاری دا بە زمانی کوردیی ناوەندی چالاکی بکات، و لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ یەکەم ڤیدیۆی ھەمان کایەی بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە و ھۆکارەکەشی ئەوە بووە کە خەڵک لە چیرۆکەکەی تێ بگەن. لە سەرەتاشدا ئەو زنجیرە یارییانەی تێدا دەکرد و بڵاوی دەکردنەوە کە بە چیرۆکێکەوە بەند بوون و خۆی ئارەزووی لێیان ھەبووە.[٤] بەرزنجی بۆ یەکەم جار لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٧، لە ئەڵقەی یەکەمی زنجیرەی باتڵفیڵد ١ شێوەی خۆی دەرخست.[٥] لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە ڤیدیۆیەکی تردا و بە دەرکەوتنەوە، پێنج خۆشترین کایە یان زنجیرەکایەکانی ژیانی دیاری کرد کە تا ئەو کاتە کردبوونی ئەمانە بوون:[٦]
بەڵام، لە چەند ڤیدیۆی تردا کە ساڵانی دواتر لەسەر خۆشترین کایەکانی ژیانی بڵاوی کردبوونەوە، بە زیادکردنی زنجیرەکایەکانی گەورەدزیی ئۆتۆمۆبیل و دە وۆکینگ دێد ڕای گەیاند کە ئەو یارییانە بەراورد ناکرێن و ھەر یارییەکیان لە ئاستی خۆیدا خۆشترین یارییە. پێشەوا تا ئێستا کایەی دەیس گۆنی بە بێزارکەر و دە ھێنری ستیکمن کۆڵێکشنی بە پێکەنیناویترین کایە داناوە. بە کایەکانی کۆمپانیاکانی نۆتی دۆگ، ڕۆکستار گەیمز، سانتا مۆنیکا ستۆدیۆ، کوانتیک دریم، و بە کایە ترسێنەرەکانی کۆمپانیای سووپەرماسیڤ گەیمز و زنجیرەی دارک پیکچەرز ئەنتۆلۆژیی دوایین کۆمپانیا سەرسامە. لە کایەکانی ستۆدیۆ سەربەخۆکانیش، بە دێوەزمە بچووکەکان و بەشی دواتری، دێوەزمە بچووکەکان ٢ کە لەلایەن ستۆدیۆکانی تارسیر دروست کراون سەرسامە و چاوەڕێی دێوەزمە بچووکەکان ٣ دەکات کە ئەمەیان لەلایەن سووپەرماسیڤ گەیمز پەرەی پێ دراوە و بڕیارە لە ٢٠٢٥ بڵاو بکرێتەوە. تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، زنجیرەکایەکانی سڵاو دراوسێ لە پلەی یەکەم دێت کە زۆرترین جار بینراون و چەند ئەڵقەی لەنێوان ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن جار بینراوە.[٣]
لە ٥ی شوباتی ٢٠١٩، گەیشتە ١٠٠٬٠٠٠ سەبسکڕایبەر و خەڵاتی ئافرێنەری زیوی وەرگرت. لە ٢٠٢٣ ناوی کەناڵەکەی لە «کورد گەیمەرز» بۆ ناوی خۆی، پێشەوا بەرزنجی، گۆڕی و کاردانەوەی جیاوازی لەنێوان بینەرەکانی ھەبوو. جاروبار، بە ڤیدیۆی ئاڵنگاریی جیا لە کایە ڤیدیۆیییەکان وەک «ئەگەر ئازای پێ مەکەنە» و چەند چالاکیی جۆراوجۆر لەگەڵ خوشکەزا و برازاکانی ناوەڕۆک بڵاو دەکاتەوە کە ئەمانە بینەرێکی زیاتریان لە کایە ڤیدیۆیییەکان ھەبووە. لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، گەیشتە ١ ملیۆن سەبسکڕایبەر.
کاردانەوەکان
[دەستکاری]زۆربەی بینەران، بەرزنجی بە کەسێکی لەسەرخۆ، باشی لە وەرگێڕانی چیڕۆکی کایەکان بۆ کوردی و پەڕاندنی وشە نالەبارەکان یان وەرگێڕانێک کە لەگەڵ کۆمەڵگەکەی بگونجێت وەسف کردووە.[٣] ھەروەھا زۆر جار ڕەخنەی لێ گیراوە بەوەی ئەو کایانە دەکات کە تەنیا خۆی ئارەزووی لێیان ھەیە و دوای گۆڕینی ناوی کەناڵەکەش بۆ ناوی خۆی، ڕەخنەیەکی زۆری لێ گیرا و بە ھۆکاری نزمبوونەوەی ژمارەی بینەر و ڕێژەی بینینەکانیان دانا بە بەراورد بە ناوەکەی پێشتر ھەرچەندە ئەوانی تر بە شتێکی ئاسایییان وەسف کرد.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 «About Peshawa Barznji». یووتیووب.
- ↑ «Learn about Peshawa Barznji». Famous Birthdays (بە ئینگلیزی). لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- 1 2 3 «Peshawa Barznji». Wikitubia (بە ئینگلیزی). لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «چاوپێكهوتنی كورد گهیمهرس لهگهڵ كهناڵی كوردستان ٢٤». یووتیووب (بە کوردی). لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «Battlefield 1 Kurdish #1 ههر له سهرهتاوه به خۆشی دهستی پێكرد». یووتیووب (بە کوردی). لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «خۆشترین ئهو یاریانهی كه له ژیانم كردوومه😍😍». یووتیووب (بە کوردی). لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.