شیکاریی ژمارەیی
شیکاریی ژمارەیی (بە ئینگلیزی: Numerical analysis) بریتییە لە خوێندنی ئەلگۆریتمەکان و بەکارھێنانی میتۆدە نزیکراوەیییەکانی ئەژمێرکردن، بۆ شیکردنەوەی ئەو کێشانەی کە لە شیکاریی ماتماتیکی یان ماتماتیکی بەردەوامدا (لە بەرانبەر ماتماتیکی پچڕاو یان دابڕاو [٢]) ناتوانرێت لە ڕێگەکانی شیتەڵکاری[٣] وڵامێکی دەقاودەق و ڕێکیان بۆ بدۆزرێتەوە. ھەندێک لە کێشەکانی شیکاریی ژمارەیی ڕاستەوخۆ لە ژمێرەی جیاکاری و تەواوکاریدا دێنە ئاراوە. لە بوارەکانی تری بەکارھێنانی شیکاریی ژمارەیی دەکرێت ئاماژە بکرێت بە جەبری ھێڵیی ژمارەیی، (لەسەر مەیدانە ڕاستەقینەکان و مەیدانە ئاوێتەکان) و ھەروەھا شیکردنەوەی ھاوکێشە جیاکاریییە ھێڵییەکان و ناھێڵییەکان لە فیزیک و ئەندازیاریدا.
کورتە مێژوو
[دەستکاری]لەو بەرھەمانەی بەجێ ماون، وا دەردەکەوێت، کە یەکەم نامیلکەکان، سەبارەت بە ژمێرەوە بەو واتایەی ئەمڕۆکە بەکار دەبردرێت دەگەڕێتەوە سەر زانای موسوڵمان ئەلخوارزمی. بانگەوازی ئەلخوارەزمی لە ئەورووپا تا ڕادەیەک دەنگی دایەوە کە ناوی ئەلگۆریتم (کە لەناوی ئەلخوارەزمییەوە وەرگیراوە) لەسەر میتۆدەکانی شیکردنەوەی کێشەکانی شیکاریی ژمارەیی دانرا.[٤]
پێشەکی
[دەستکاری]ھەندێک لە کێشەکانی ماتماتیکی بەردەوام، بە بەکارھێنانی ئەلگۆریتمێک شی دەکرێنەوە، بەم شێوازە دەوترێت میتۆدی ڕاستەوخۆ. بۆ نموونە، میتۆدی لابردنی گاوس کە بۆ شیکردنەوەی سیستمی ھاوکێشە ھێڵییەکان، بەکار دێت، یان بەکارھێنانی میتۆدی سیمپلێکس لە پڕۆگرامی ھێڵیدا. بە پێچەوانەوە ھەندێک لە کێشەکان ناتوانرێت بە میتۆدی ڕاستەوخۆ شی بکرێنەوە، لەم بارەدا لە میتۆدەکانی دووبارەبوونەوە کەلک وەردەگیرێت.
بەراوردکردنی ھەڵەکان
[دەستکاری]خەملاندنی ھەڵەکان لەکاتی شیکردنەوەی کێشە ماتماتیکییەکان، یەکێکە لە گرینگترین بەشەکانی شیکاریی ژمارەیی، لەبەر ئەوەی ئەو وڵامەی بەشێوەی نزیکراوەیی دەدۆزرێتەوە جیاوازیی ھەیە لەگەڵ بەھای ڕێکی پرسیارەکە، ئەم ھەڵانە لە کاتی دووبارەکردنەوەی میتۆدەکان دەردەکەون. لە شیکاریی ژمارەییدا بەھای ھەڵەکان لە کۆتایی ئەو میتۆدەی بۆ شیکردنەوەی کێشەکان بەکار دێت، دەخەملێنرێت.
نەرمامێرەکان
[دەستکاری]ئەمڕۆکە زۆر نەرمامێری تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەلگۆریتمەکان لە شیکاریی ژمارەییدا داڕێژراون، ھەندێک لە نەرمامێرە گرینگەکانی شیکاریی ژمارەیی بریتین لە:
- ماتلاب (MATLAB)
- مێیپڵ (Maple)
- ماتماتیکا (Mathematica)
- ماتکاد (Mathcad)
- گنو ئۆکتاڤ (GNU Octave)
- سایلاب (Scilab)
- زمانی پرۆگرامکردنی ئای دی ئێڵ (IDL)
- زمانی پرۆگرامکردنی ئاڕ (R)
پەراوێزەکان
[دەستکاری]- ^ «Photograph, illustration, and description of the root(2) tablet from the Yale Babylonian Collection». لە ڕەسەنەکە لە ١٣ی ئابی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی ئازاری ٢٠١٩ ھێنراوە. ١٣ی ئابی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ Discrete mathematics، فەرھەنگی بیرکاری نەوزاد عومەر محێدین
- ^ Analytical، فەرھەنگی بیرکاری نەوزاد عومەر محێدین
- ^ محاسبات عددی، بهمن مهری، چاپ چهارم، تهران، انتشارات آییژ
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- بەشداربووانی ویکیپیدیا، «آنالیز عددی»، ویکیپیدیای فارسی. سەردان لە ٦ی ئازاری ٢٠١٩.
ئەم «ماتماتیک» وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە شیکاریی ژمارەیی تێدایە. |