سەربازیخوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئۆتۆ فۆن بیسمارک، ڕاوێژکاری پروسیا (و دواتر ئەڵمانیا)، ڕاست، لەگەڵ ژەنەڕاڵ ھێلموت ڤۆن مۆلتکەی گەورە (چەپ)، و ژەنەڕاڵ ئەلبرێخت ڤۆن ڕون (لە ناوەڕاست). ھەرچەندە بیسمارک سیاسەتمەدارێکی مەدەنی بوو و ئەفسەرێکی سەربازی نەبوو، بەڵام وەک بەشێک لە کولتوری میلیتاریستی پرۆسەکانی ئەو سەردەمە جلوبەرگی سەربازی لەبەر دەکرد.

سەربازیخوازی یان سوپاخوازی یاخود میلیتاریزم بریتییە لە باوەڕ یان خواستی حکوومەتێک یان گەلێک کە دەوڵەتێک توانا سەربازییەکەی بە بەھێزی بپارێزێت و بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە بەکاری بھێنێت بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندی و بەھا نیشتمانییەکانی.[١] ھەروەھا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بە شکۆمەند کردنی سەربازی و بیرۆکە سەربازی پیشەیی و باڵادەستبوونی ھێزە چەکدارەکان لە ئیدارە یان سیاسەتی دەوڵەتدا.[٢]

میلیتاریزم بە درێژایی مێژوو توخمێکی بەرچاوی ئایدۆلۆژیای ئیمپریالیستی یان فراوانخوازی زۆرێک لە نەتەوەکان بووە؛ نموونەی کۆن و بەرچاو بریتین لە ئیمپراتۆریەتیی ئاشوور، ویلایەتی شاری یۆنانی سپارتا، ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمانی، نەتەوەی ئەزتێکەکان و ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل. نموونەی سەردەمی مۆدێرن بریتین لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، شانشینی پروسیا، ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانیا، ئەڵمانیای نازی، ئیمپراتۆریەتیی بەڕیتانیا، پاشایەتی ھابسبۆرگ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکەم ئیمپراتۆریەتیی فەرەنسا، شانشینی زولو، ئیمپراتۆریەتیی ژاپۆن، ئیمپراتۆریەتیی ئیتاڵیای سەردەمی دەسەڵاتی بێنیتۆ موسۆلینی، و کۆریای باکوور، ئیسرائیل، ئیمپراتۆریەتیی ڕووسیا (یەکێتیی سۆڤیەت و ڕووسیا).

بەپێی نەتەوە[دەستکاری]

ئەڵمانیا[دەستکاری]

لە سەردەمی سەدەی ١٧ لە «ھەڵبژاردەی گەورە» فرێدریک ویلیام، ھەڵبژێردراوی براندنبێرگ، ھێزی سەربازی پروسیای بۆ ٤٠ ھەزار پیاو زیاد کرد و دەستی بە ئیدارەیەکی سەربازی کاریگەر کرد کە لەلایەن کۆمیساریای جەنگی گشتییەوە سەرپەرشتی دەکرا. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی چ لە بابەتی ناوخۆ و دەرەوەدا بەھێز بکات؛ فرێدریک ویلیامی یەکەمی پروسیا لە ساڵی ١٧١٣ دەستی بە چاکسازییە سەربازییە بەرفراوانەکانی کرد، بەم شێوەیە نەریتی وڵاتەکەی دەستپێکرد، کە بوودجەیەکی سەربازی بەرز بوو بە زیادکردن خەرجییە سەربازییەکانی ساڵانە بۆ ٧٣٪ی تەواوی بوودجەی ساڵانەی پروسیا. تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٧٤٠، سوپای پروس گەشەی کردبوو و بوو بە سوپایەکی وەستاو کە ٨٣ ھەزار کەسی تێدابوو، کە یەکێک بوو لە گەورەترین سوپا ئەورووپییەکان، لە سەردەمێکدا کە تەواوی دانیشتووانی پروس ٢٫٥ ملیۆن کەس بوون.[٣]

میلیتاریزم لە ئەڵمانیای نازی

میلیتاریزم لە ئەڵمانیا دوای جەنگی جیھانی یەکەم و ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی ئەڵمانیا لە شۆڕشی ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩١٨–١٩١٩ بەردەوام بوو، سەرەڕای ھەوڵەکانی ھاوپەیمانان بۆ وەستاندنی میلیتاریزمی ئەڵمانیا بە ڕێگەی پەیماننامەی ڤێرسای، بەھۆی ئەوەی ئەڵمانیا یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی شەڕە گەورەکان. لە سەردەمی کۆماری ڤایمەر (١٩١٨–١٩٣٣)، کاپ پوتش لە ساڵی ١٩٢٠، ھەوڵی کودەتایەکی دژی حکوومەتی کۆماری دا، لەلایەن ئەندامانی ناڕازی ھێزە چەکدارەکانەوە دەستیپێکرد. دوای ئەم ڕووداوە، ھەندێک لە میلیتاریست و ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان لە خەم و نائومێدیدا بوون لەناو پارتی نازیی ئەدۆڵف ھیتلەردا، و توخمە میانڕەوەکانی میلیتاریزم دابەزی و لەبری ئەوە پەیوەست بوون بە پارتی گەلی نیشتمانی ئەڵمانیا.

ئەڵمانیای نازی دەوڵەتێکی سەربازی بەھێز بوو؛ دوای شکستی لە ساڵی ١٩٤٥، میلیتاریزم لە کولتوری ئەڵمانیادا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم بووەوە وەک کاردانەوەیەک لە دژی سەردەمی نازییەکان و ئەنجومەنی کۆنترۆڵکردنی ھاوپەیمانان و دواتر کۆمیسیۆنی باڵای ھاوپەیمانان سەرپەرشتی بەرنامەیەکی ھەوڵدانی دووبارە پەروەردەکردنەوەی بنەڕەتی گەلی ئەڵمانیایان بە گشتی کرد بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی و بۆ ھەمیشە وەستانێک بۆ میلیتاریزمی ئەڵمانی دابندرێت.

کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا ئەمڕۆ خاوەنی سەربازگەیەکی گەورە و مۆدێرنە و یەکێکە لە خاوەن بەرزترین بوودجەی بەرگری لە جیھاندا؛ لەسەدا ١٫٣ی بەرھەمی ناوخۆیی ئەڵمانیا، لە ساڵی ٢٠١٩دا لەڕووی نەختینەیییەوە ھاوشێوەی وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆنە، نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلاری ئەمریکیی پێشکەشە بە سوپای ئەڵمانیا.[٤][٥]

کۆریای باکوور[دەستکاری]

دیوارێکی نەخشێندراوی پڕوپاگەندە لە کۆریای باکوور

Sŏn'gun (زۆرجار بە «سۆنگوون» دەخوێندرێتەوە)، سیاسەتی «سەربازی یەکەم»ی کۆریای باکوورە، دەسەڵاتی سەربازی وەک باڵاترین پرسەکانی وڵاتەکە دادەنرێت. ئەمەش کاریگەری خستووەتە دراوسێکەی لە کۆریای باکووردا، کۆریای باشوور ئەوەندە پەرەی سەندووە لە بواری سەربازی کە لە ھەر پێنج کەسێک یەکێکیان لە ھێزە چەکدارەکاندا خزمەت دەکات.[٦][٧]

ڕووسیا[دەستکاری]

نمایشی سەربازی لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ

ڕووسیا مێژوویەکی دوور و درێژی میلیتاریزمی ھەبووە کە تا ئێستا بەردەوامە و بەھۆی خواستی پاراستنی سنووری ڕۆژاوای خۆیەوە بووە کە ھیچ بەربەستێکی سروشتی لە نێوان داگیرکەرانی ئەگەری لە سەرجەم کیشوەری ئەورووپا و ناوچە گرنگەکانی لە ڕووسیای ئەورووپیدا نییە. لە دوای چاکسازییەکانی پیتەری مەزنەوە، ڕووسیا بووە یەکێک لە زلھێزە گەورەکانی ئەورووپا لە ڕووی ھێزی سیاسی و سەربازییەوە. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتدا، ڕووسیا بەردەوام بوو لە ھەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی خاکەکەی بۆ سیبیریا و قەوقاز و ئەورووپای ڕۆژھەڵات، لە کۆتایشدا زۆرینەی کۆمۆنوێڵتی پۆڵەندا-لیتوانیای داگیرکرد.[٨][٩][١٠]

تورکیا[دەستکاری]

نمایشی سەربازی لە کاتی ئاھەنگ گێڕانی ڕۆژی کۆماری لە ئەنقەرە

میلیتاریزم مێژوویەکی دوور و درێژی لە تورکیا ھەیە.

ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی چەندین سەدە بەردەوام بوو و ھەمیشە پشتی بە ھێزی سەربازی خۆی بەستبوو.[١١] میلیتاریزم تەنیا لەگەڵ ھاتنی دامەزراوە مۆدێرنەکان، بەتایبەتی قوتابخانەکان، ھاتە ناو ژیانی ڕۆژانەوە، کە بوونە بەشێک لە ئامێری دەوڵەت کاتێک دەوڵەتێکی نەتەوەیی نوێ بە ناوی کۆماری تورکیا، لە ساڵی ١٩٢٣دا جێنشینی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو؛ دامەزرێنەرانی کۆمار بڕیاریان دابوو لەگەڵ ڕابردوو بپچڕێن و وڵات بە مۆدێرن بکەن، بەڵام دژایەتییەکی سروشتی ھەبوو کە دیدگای مۆدێرنیستی ئەوان بەھۆی ڕەگ و ڕیشەی سەربازییەوە سنووردار بوو، ڕیفۆرمخوازە پێشەنگەکان ھەموویان پیاوی سەربازی بوون و بە ڕەچاوکردنی نەریتی سەربازی ھەموویان باوەڕیان بە دەسەڵات و پیرۆزی دەوڵەت ھەبوو. ھەروەھا خەڵکی تورکیاش لەژێر کاریگەری ئەڵتراناسیۆنالیزمی تورکی، باوەڕیان بە سەربازیخوازی ھەبوو، چونکە پێیان وابوو کە تەنیا ھێزی سەربازی دەتوانێت نیشتیمانی دایکییان بپارێزێت.[١٢]

ڕیفراندۆمی دەستووری لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١٧ گۆڕانکاری لە پێکھاتە و ڕۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کرد، ھێزە چەکدارەکانیشی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی مەدەنی.

ڤێنیزوێلا[دەستکاری]

ئەندامانی ھێزە چەکدارەکانی ڤێنیزوێلا

میلیتاریزم لە ڤێنیزوێلا پەیڕەوی لە ڕێباز و ئەفسانەی سیمۆن بۆلیڤار دەکات کە بە ڕزگارکەری ڤێنزیوێلا ناسراوە،[١٣] بۆ زۆربەی ساڵانی ١٨٠٠، ڤێنزیوێلا لەلایەن سەرکردە بەھێز و سەربازییەکانەوە بەڕێوەدەبرا کە بە کاودیلۆس ناسراون.[١٤][١٥] تەنھا لە نێوان ساڵانی ١٨٩٢ بۆ ١٩٠٠ شەش یاخیبوون و کودەتا ڕوویانداوە و ٤٣٧ چالاکیی سەربازی بۆ بەدەستھێنانی کۆنترۆڵی ڤێنزیوێلا ئەنجامدراون. ھاووڵاتیانی مەدەنی ئەمڕۆش پێیان وایە دەستێوەردانی سەربازی لە حکوومەتدا ئەرێنییە،[١٦] بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا، زۆرێک لە خەڵکی ڤەنزوێلا پێیان وایە کە سەربازیخوازی دەرفەتی دیموکراسی دەکاتەوە لەبری ئەوەی بەربەست بخاتە بەردەمی.[١٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ New Oxford American Dictionary (2007)
  2. ^ "Militaristic - definition of militaristic by The Free Dictionary". TheFreeDictionary.com.
  3. ^ Aus dem Nachlasse von Georg Heinrich von Berenhorst. Herausgegeben von Eduard von Bülow. Erste Abteilung 1845. Verlag von Aue in Dessau.S. 187 books.google. Rezension in Literaturblatt (Beilage zum Morgenblatt für gebildete Stände) No. 48 vom 7. Juli 1846, S. 191 rechts oben books.google
  4. ^ Tian, Nan; Kuimova, Alexandra; Lopes da Silva, Diego; Wezeman, Pieter D.; Wezeman, Siemon T. (April 2020). "Trends in World Military Expenditure, 2019" (PDF). Stockholm International Peace Research Institute. Retrieved 20 November 2020.
  5. ^ "Militarism - Nazi social and economic policies - National 5 History Revision - BBC Bitesize". www.bbc.co.uk. Retrieved 2023-12-31.
  6. ^ "What's the Status of North Korea's Nuclear Program?". Council on Foreign Relations (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-12-31.
  7. ^ Hitkari, Cherry (2022-05-06). "The Lingering Shadow of Militarism on South Korea". Modern Diplomacy (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-12-31.
  8. ^ Keep, John (1985). "The Origins of Russian Militarism". Cahiers du Monde russe et soviétique. 26 (1): 5–19. ISSN 0008-0160.
  9. ^ "Moscow's Strategic Culture: Russian Militarism in an Era of Great Power Competition". www.usmcu.edu (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-12-31.
  10. ^ "The Attack on Ukraine and the Militarisation of Russian Foreign and Domestic Policy". Stiftung Wissenschaft und Politik (SWP) (بە ئەڵمانی). doi:10.18449/2022c71/. Retrieved 2023-12-31.
  11. ^ Altınay, Ayşe Gül (2019-02-01). "Undoing Academic Cultures of Militarism: Turkey and Beyond". Current Anthropology (بە ئینگلیزی). 60 (S19): S15–S25. doi:10.1086/700182. ISSN 0011-3204.
  12. ^ "Testing the Trajectory of Turkish Militarism". War on the Rocks (بە ئینگلیزی). 2023-10-02. Retrieved 2023-12-31.
  13. ^ Uzcategui, Rafael (2012). Venezuela: Revolution as Spectacle. See Sharp Press. pp. 142–149. ISBN 978-1-937276-16-4.
  14. ^ ئ ا Block, Elena (2015). Political Communication and Leadership: Mimetisation, Hugo Chavez and the Construction of Power and Identity. Routledge. pp. 74–91. ISBN 978-1-317-43957-8.
  15. ^ read.dukeupress.edu https://read.dukeupress.edu/hahr/article/45/3/494/158687/Caudillism-and-Militarism-in-Venezuela-1810-1910. Retrieved 2023-12-31. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  16. ^ Uzcátegui, Rafael (2020-06-30). "Venezuela, imperialism and militarization". Hearts On Venezuela (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-12-31.