کۆمەڵەی نەتەوەکان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
دروشمی کۆمەڵەی نەتەوەکان

کۆمەڵەی نەتەوەکان ڕێکخراوەیەکی ناونەتەوەیی بوو کە لە ساڵی ١٩٢٠ و لە ئاکامی پەسەندکرانی پەیماننامەی ڤێرسای دامەزرا و بە دامەزرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٦ لێک ھەڵوەشایەوە. کۆمەڵەکە سەرجەم ٥٨ ئەندامی بوو و ئامانجەکانی بریتین بوون لە: چەکداماڵینی جیھانی، بەرگری لە پێشھاتنی شەڕ، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامان لە ڕێگەی وتوبێژ و دیپلۆماسی و ھەروەھا باشترکردنی باری ژیان لە ئاستی جیھانیدا.

دەسپێکی ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵە ئەو کاتە بوو کە ھەندێک دەوڵەتان دەستیان دایە داگیرکاری و کۆمەڵەش ھیچی لە دەست نەھات. بۆ وێنە ژاپۆن بە ھەڵگیرسانی شەڕی دووھەمی خۆی لەگەڵ چین، لە ساڵی ١٩٣١ لە کۆمەڵە ھاتە دەرەوە. یان ھیتلەر لە ساڵی ١٩٣٣ وڵاتەکەی لە کۆمەڵە کێشایە دەرەوە کە ئەنجامەکەی بوو بە شەڕی جیھانیی دووھەم.

ئامانجەکانی کۆمەڵەکە[دەستکاری]

ئامانجە سەرەکیەکانی کۆمەڵەی گەلان بەپێی ئەوەی لەبە ڵێنەکەی دا ھاتووە، پوخت دەبنەوە لە:

  1. پێکھێنان‌و پاراستنی ئاشتی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
  2. کارکردن بۆ پتەو کردنی ھریکاری نێوان دەوڵەتان.
  3. پەنابردن بۆ ھێزلە چارەسەری کێشەو باسو خواسە نێودەوڵەتیەکاندا.
  4. ڕێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتیەکان‌و ئەو پەیمان‌و بەڵێنانەی کە لەپەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا ھاتووە.
  5. دامەزراندنی چەند پەیوەندیەکی پتە وو دۆستانە لەنێوان دەوڵەتە جیاجیاکاندا لەسەر بنەمای یەکسانی‌و دادپەروەری.

ڕاسپاردەی گشتی یان سکرتاریەت[دەستکاری]

ئەمەش دەستەی بەردەوامی ناو کۆمە ڵەیەو لەسەرو ھەمویانەوە ئەمیندارێتی گشتی لەلایەن ئەنجومەنەوە بەیەک دەنگ ھەڵدەبژێرێت‌و کۆمەڵەش بەزۆرینەی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕن. یاریدەدەرانێکیش یارمەتی ئەمیندار دەدەن کە بەڕەزامەندی ئەنجومەن ھەڵیان دەبژێرێت، ھەروەھا کۆمەڵێ کارمەند ھەبوون. ئەرکی سکرتاریەت ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەو بەڵگەنامە گرنگەکان بوو بۆ ئەنجومەن‌و کۆمەڵە، لەکاتی ھەڵگیرساندنی جەنگ یان چەند بارێکدا کە ھەڕەشەی جەنگ بکەن، سکرتێری گشتی ئەنجومەن بانگھێشت دەکات بۆ کۆبونەوە.

ڕۆڵی کۆمەڵەی گەلان تەواو سنوردار بوو، چونکە ئەو ڕاو بۆچونانەی تێیدا زاڵبوون دەربڕی ڕای دەوڵەتە سەرکەوتووەکان بوون‌و مۆرکی ئەوروپی‌و بەشێوەیەکی تایبەتیش مۆرکی بەریتانی‌و فەرەنسی بەسەر ھەموو چالاکیەکانی دا زاڵبوو، لەگەڵ ئەمەشدا لەگەڵ کەموکورتیەکانی دا ھەنگاوێکی پێشڕەوی بوو بەئامانجی ھاریکاریەکی ڕێکخراوو بەردەوامی نێودەوڵەتی.

لەگەڵ ئەم سروشتەشیدا، چەندین کێشەی گرنگی چارەسەرکردو چارەسەری بۆ ھەندێکیان دانا، لەگرنگترینیان ململانێی نێوان سویدو فنلەندا بوو لەسەر دورگەکانی (ئەلەند) و رَاپرسی لەسیلیزیای سەرو‌و دیاریکردنی سنوری یوگسلافیای ئەلبانی‌و سنوری یوگسلافی یۆنانی‌و سنوری نێوان یۆنان‌و بولگاریا، چاویشی خشاند بەململانێی نێوان ئیتاڵیاو یۆناندا لەسەر دورگەی کورفو ململانێی نێوان پۆلیڤیاو ئۆراگوای بەھۆی ھەرێمی (تشاکو) وە، ململانێی نێوان یابان‌و چین‌و نێوان عێراق‌و تورکیا لەسەر ویلایەتی موسڵ‌و نێوان لیتوانیاو پۆڵۆنیا لەسەر شاری فلنس‌و چە ندین کێشەی تری نێودەوڵەتی کە کۆمەڵەی گەلان توانی ھەندێکیان چارەسەر بکات، بەڵام لەچارەسەری کێشە سەرەکیەکانی تردا سەرکەوتونەبوو بەتایبەت مەسەلەی چەک داماڵین‌و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی خۆپڕچەک کردن‌و کێشەی دەست تێوەردانە جەنگی ناوخۆ لەئیسپانیا لەساڵی ١٩٣٦و ھەروەھا دەست درێژی ئیتاڵی بۆسەر حەبەشە، ھەروەک نەیتوانی ڕێ بگرێت لەڕودانی جەنگی دووەمی جیھانی. پێویستە لێرەدا ئەو ڕۆڵە باشانە باس بکەین کە چەند دەستەیەکی نێودەوڵەتی بینیان کە لەچەند لایەنێکی ژیانی گەلان‌و دەوڵەتاندا ڕۆڵیان بینی وەک ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی‌و دادگای دادی ھەمیشەیی نێودەوڵەتی.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی: لەماددەی ٢٣ی بەڵێنی کۆمەڵەی گەلاندا ھاتووە کە پێویستە ڕێکخراوێک دابمەزرێت بۆ کاری نێودەوڵەتی کە ئامانجی ئامادەسازی چەند بارێکی دادوەرانەی مرۆییانە بێت بۆ کرێکارانی ژن‌و پیاو‌و منداڵ لەھەموو بەش‌و ناوچەکاندا. لەساڵی ١٩١٩دا دەستەیەکی سەربەخۆ دامەزراو لەچوارچێوەی کۆمەڵەی گەلاندا کاری کرد‌و یاسا دانانە تایبەتیەکانی دانا بەشاککردنی باری گەلان‌و مەرجەکانی کارو ڕێکخستنی ماوەی کارو نەھێشتنی بێکاری لەگەڵ داننان بەبنەمای ئازادی سەندیکاکان. ئەوەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە حکومەت‌و کرێکارو خاوەن کارەکانی لەخۆدەگرت، گرنگترین دەزگاکانی ڕێکخراوی کاریش بریتیبوون لە:

کۆنگرەی گشتی: یان کۆنگرەی کاری نێودەوڵەتی کە بەرزترین دەزگا بوو ھەموو دەوڵەتێک بەدوو نوێنەر بەشداری تیادا دەکردویەکێکیان لەکرێکاران‌و ئەویتریش لەخاوەن کارەکان بوو.

ئەنجومەنی کارگێڕی: کە سەرپەرشتی کارەکانی سکرتاریەتی دەکردو دابەشکردنی کارەکانی کۆنگرەکانی دادەناو لەچل ئەندام پێکدەھات، بیستیان لەحکومەت‌و دەیش لەکرێکاران‌و دەکەی تریش لەخاوەن کارەکان.

سکرتاریەتی گشتی: کە بەڕێوەبەرێکی گشتی سەرکردایەتی دەکردو مەڵبەندەکانی لەجنێف بوو لەسویسرا.

دادگای دادی ھەمیشەیی نێودەوڵەتی ١٩٩٢[دەستکاری]

پرۆژەیەکی تایبەت دانراو پێشنیاری پێکھێنانی دادگایەکی دادی نێودەوڵەتی دەکرد کە گوێبیست‌و بینەری سکاڵا نێودەوڵەتیەکان بێت‌و بڕیارە ڕاوێژکاریە تایبەتیەکان بەھەموو ناکۆکیەک دەربکات، لە١٥ دادوەر پێکدەھات‌و بۆ ماوەی ٩ ساڵ ھەڵدەبژێرران‌و پێگەی دادگا کە لەشاری لاھای بێت لەھۆڵەندا، پەنابردن بۆ دادگا کە سەبارەت بەدەوڵەتان بەخواست بوو، دادگاکە کەلە چارەسەری ناکۆکیە نێودەوڵەتیەکاندا ھیچ ڕۆڵێکی بەرچاوی نەدەبینی، بەتایبەت کە کەوتبووە ژێر کاریگەری دەوڵەتە خاوەن ھە ژمون‌و زاڵەکان بەسەر چالاکیەکانی داگای نێودەوڵەتیدا.