شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری (لەدایکبوون:١٨٣٠ لە شەمزینان - مردن: تشرینی یەکەمی ١٨٨٣ لە حیجاز) شۆڕشگێڕێکی کورد بوو کە لە ساڵی ١٨٨٠دا لە ناوچەکانی شەمزینان و ھەکاری و مەھاباددا شۆڕشێکی ڕێکخست کە بە دەستی سوپای عوسمانی و قاجاڕەکان سەرکوتکرا.

ژیان[دەستکاری]

شێخ عوبەیدوڵڵا کوڕی سەید تەھای نەھری کوڕی شێخ ئەحمەد شیھابەددینە و لە گوندی نەھری لە ناوچەی شەمزینان لە ساڵی ١٨٣٠ لەدایکبووە. سەید تەھای نەھری توانی شێخنشینییەک لە نەھری دابمەزرێنێت، پاش مردنی ئەو، شێخ عوبەیدوڵڵا جێگەی باوکی گرتەوە و بووە ڕێبەری تەریقەتی نەقشبەندی و سەروەت و سامانێکی زۆری بە میرات بۆ ماوەتەوە.

شۆڕش[دەستکاری]

لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لە نێوان ڕووسیا و عوسمانیدا یارمەتی سوپای عوسمانی داوە و چوونکو چاوەڕوانی ئەوەی کردووە کە سود لە ئەنجامەکانی شەڕ وەربگرێت و ھەوڵ بدات لەو شەڕەدا ببێ بە سەرکردەی ئەو کوردانەی کە بە ناوی «غەزا»وە کۆبوونەتەوە، ھەتا بتوانێت لە کاتی پێویستدا ئەو ھێزە بۆ بەرژەوەندیی کورد بەکار بھێنێت. بەشداریکردنی شێخ عوبەیدوڵڵا لەو شەڕەدا ھۆشیاریی سیاسیی قوڵتر کرد و لە راستی و سروشتی دینی دەوڵەت و رواڵەتەکەی و مەبەست و مەغزا جیھادییەکەی عوسمانییەکان گەیشتووە، زۆرتر لەگەڵ کوردانی تردا ئاشنایەتی پەیدا کرد و ھەر لەو شەڕەدا ھەندێ چەکیشی دەست کەوت.

لەو ساتەدا خەڵک لەژێر باری نەبوونی و ناھەمواریی ژیاندا بوون، بۆیە پەنایان بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا برد، چونکە وەک رابەرێکی ئاینی و رزگارکار تەماشایان کردووە، ئەویش لەسەر داوای خەڵک نوێنەری خۆی نارد بۆ ئەستەمبوڵ، تا سنورێک بۆ ئەو ناڕەواییانە دابنێنن، بەڵام ئەم ھەوڵانە بێ ئاکام بوون.

جگە لەوەش شێخ گومان و ترسی ھەبوو لە پەیمانی بەرلین، کە دەرەئەنجامی شکستی عوسمانییەکان بوو لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لەگەڵ ڕووسدا، بەپێی مادەی ٦ی ئەو پەیمانە ھەموو دەوڵەتانی ئەوروپی بەیەکەوە داوای پاراستنی مافی کۆمەڵی ئەرمەنییان کردبوو. شێخ بەسەرسوڕمانەوە لە کاربەدەستێکی تورکی پرسیبوو: «چیم گوێ لێ دەبێ؟ ئەرمەنییەکان وڵاتێکی سەربەخۆ لە وان دروست دەکەن و نەستورییەکان ئاڵای بەریتانیا لەسەر ماڵەکانیان ھەڵدەکەن.»

بۆیە شێخ عوبەیدوڵڵا کەوتە یەکخستنی خێڵەکان بۆ ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی و نوێنەری نارد بۆ لای شەریفی مەککە و خدیۆی میسر، ھەروەھا بۆ لای کونسوڵەکانی ڕووس لە وان و ئەرزڕووم تا بزانێت دەوڵەتی ڕووس ھەستی بەرامبەر بە کورد چییە. ھەوڵیشی دا خۆی لە ئینگلیزەکان نزیک بکاتەوە و نامەیەکی ناردووە بۆ دکتۆر کوھران.

شێخ پێیوابوو تاقە دەرمانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دامەزراندنی کوردستانێکی گەورەیە، ئەویش بە یەکخستنی کوردەکانی ئێران و کوردەکانی سنووری عوسمانییە و، لە یەکەمین بەیاننامەی نووسراوی شێخدا و بە یەکێک لە نوێنەرانی ھێزە رۆژئاواییەکان دەڵێت: «میران و سەرانی کوردستانیی چ لە تورکیا لە کوردستان چ لە ئێران، ھەر ھەموویان رایان وایە ناکرێ بەم جۆرە لەگەڵ دوو حکومەتدا ھەڵبکرێ، دەبێ کارێک بکرێت کە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دۆزەکە ئاگادار بن و لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن کە خەڵکی کورد نەتەوەیەکی جیایە، ئێمە دەخوازین کاروباری خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت».

پاشان شێخ نوێنەری ناردە لای پیاوە چالاکەکان و زانایانی کوردستان لە شارەکانی ڕەواندوز و موسڵ و ھەولێر و وان و دیاربەکر و بەدلیس و ورمێ و سنە و سابڵاخ و سەرۆک ھۆزە گەورەکانی کوردی بانگ کرد و لە ساڵی ١٨٨٠دا دوو کۆنفرانسی بۆ سەرانی خێڵە کوردەکان گرێ دا و کۆمەڵەیەکی کوردی دروست کرد، کە ناوی «ئەنجومەنی کورد» بوو و پێکھاتبوو لە نەتەوەپەروەرانی کوردی، رەنگە ئەمە سەرەتای پێکەوەژیانی رێکخستن و کۆمەڵەی سیاسی بێ لە نێو کورددا. نزیکەی ٢٢٠ سەرۆک ھۆز و پیاوی ئایینی لە شەمزینان کۆبوونەوە، ھەتاوەکو نەخشە بۆ دەستپێکردنی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی دابنێن. ئینگلیزەکان پێیان ناخۆش بوو شێخ ئەو ھەنگاوانەی ناوە، بەتایبەت کەوتنە مەترسی لە دروستکردنی ئەنجومەنی کورد.

دواجار شێخ لە بەردەم ئامادەبوواندا وتارێکی گرنگی خوێندەوە، کە رۆڵێکی گەورەی لە یەکسختنی ڕیزەکاندا ھەبوو، لەو وتارەدا دەڵێت دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێی ئیسلام لایداوە و زوڵممان لێدەکات و ئەمڕۆ فارسەکان بە شەڕی تورکمانەکانەوە خەریکن و ھەموو ھێزەکانیان بۆ شەڕ ناردووە، کەواتە ھەڵگیرساندنی جووڵانەوەیەک دژی دەوڵەتی ئێران گونجاوە. لەبەر ئەوەی بەشێکی بەپیت و دەوڵەمەندی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، ئێمە لە سەرەتادا دژی دوژمنی بێھێز جوڵانەوە بەرپا دەکەین و لە ئەنجامدا دەتوانین براکانمان و وڵاتە ھەرە بەپیت و دەوڵەمەندەکەیان رزگار بکەین، ئەمەش کارێکی وا دەکات سەرچاوەیەکی گرنگمان چنگ بکەوێت، دەتوانین بەم سەرچاوە شەڕ لەگەڵ تورکە عوسمانییەکان بکەین.

کێشەی دیکە مەسەلەی ئەرمەنییەکان بوو. رۆژنامەی پۆلتیشن کۆرسپۆندیت لە ژمارە ٨ی ساڵی ١٨٨١ دەڵێت: «شێخ ھەوڵی داوە لەگەڵ سەرۆکی ئەرمەنییەکان یەکتر ببینن لە باشقەڵا بۆ دانانی رێبازێک بۆ خەباتی ھەردوولا دژی عوسمانی».

کۆنگرەی خێڵە کوردەکان بەوە گەیشتن کە بەرەنگاری ھەردوو لەشکری عوسمانی و ئێران لە یەک کاتدا مەترسیی لێ دەکرێت، بۆیە بڕیاریان دا سەرەتا ھێزەکانیان لە ئێران بدەن، چونکە لەو کاتەدا ئێران بە شەڕی خێڵی تورکمانەوە خەریک بووە و ھەندێ لە ھێزەکانی تری ناردووە بۆ سەر سنووری ئەفغانستان. لەگەڵ ئەوەشدا شێخ عوبەیدوڵڵا چەند گوندی لە کوردستانی ئێران بە میرات لە باوکیەوە بۆ مابووەوە و دانیشتووانەکەی خۆیان بە پشتیوانی شێخی نەھری دادەنا.

بەم جۆرە شۆڕشی چەکدارانەی شێخ عوبەیدوڵڵا لە تشرینی یەکەمی ١٨٨٠ دەست پێ دەکات و ھێزەکانی خۆی دابەش کرد بەسەر چەند بەرەیەکدا:

  • بەسەرکردایەتیی شێخ عەبدولقادر و ھەمزە ئاغای مەنگوڕی و مامش، بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی موکری، سابڵاغ و میاندواو و مەراغە
  • بەسەرکردایەتیی موحەممەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا بوو، بۆ رزگارکردنی شاری ورمێ
  • بەسەرکردایەتیی خەلیفە موحەممەد، بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی خۆی و سەڵماس

لەگەڵ ھەڵایسانی شۆڕشدا عەرەبەکانی ویلایەتی بەغدایش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا، بە مەرجێ شێخ عوبەیدوڵڵا ویلایەتی موسڵیان بۆ رزگار بکات. لەو کاتەدا زۆربەی ھێزە کوردییەکانی کوردستانی ئێران و عێراقی ئێستا دایانە پاڵ بزوتنەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا و شێخ ئیدارەیەکی کاتیی پێکھێنا و توانیان ناوچەکانی سابڵاغ و میاندواو و مەراغە ئازاد بکەن. بەھۆی نەبوونی دیسپلین لە ڕیزی جەنگاوەرەکاندا و نەبوونی شارەزایی سەربازی لە لای سەرکردەکان، جگە لەمە ھەر خێڵێک ھێزەکانی لەژێر سەرکردایەتیی رابەرەکانی خۆیدا ھێشتبووەوە و چەکی پێویستیان نەبوو، سەرباری ئەوە کە ئەو ھێزانە کەم مەشق بوون و خواردن و ئازوقەکەش ھەر عەشیرەتێک دەبوایە خۆی دابینی بکردایە، ھاوڕێ لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەک خەڵکی نەفس نزم لە ھۆزەکان بە مەبەستی تاڵانی و زەوتکردن چووبوونە پاڵ بزوتنەوەکەی شێخ، ئەوان بارودۆخەکەیان بە ھەل زانیبوو، بۆ فەرھودی گوندە ئازەری و شیعەکان و سەروەت و سامانی گاور نەستورییەکانی ناوچەی ورمێ، کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کاتیی کوردەوە، ئەمەش خاڵی لاوازی دا بە دەست دوژمنانی کوردەوە.

ھەرچۆنێک بێت شێخ عوبەیدوڵڵا کاتێک نزیکی شاری ورمێ بوویەوە،‌ چەند نوێنەرێکی خۆی ناردە ناو شار بۆ دانوستان بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان. حاکمی شاریش فەرمانی دا کە نمایندەکان بکوژرێن. ئەمەش ڕقی کوردی ورووژاند و چوونە شارەکە و بەپێی ھەندێ سەرژمێری نزیکەی ٣٠٠ کەسیان کوشت و گەورەترین ھەڵە بوو کە ھێزەکانی شێخ کردیان و حکوومەتی ئێرانیش خراپ سوودی لێ وەرگرت بۆ ناشرینکردنی جووڵانەوەکە لە ناوەندە ڕەسمییەکاندا. بەڵام خەڵکی شار بە ‌سەرۆکایەتیی ئیقبالوددەولە بەرگرییەکی سەختیان لە شارەکە کرد و نەیاندا بەدەستەوە.

ھەر لەو کاتەدا دوکتۆر جۆزێف کاکرن (Joseph Cochran) کە لە کۆمیسیۆنی موژدەبەرانی ئەمریکایی کاری دەکرد، چووە لای شێخ و تکای لێ کرد مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان ڕوون بکاتەوە و ئاگاداریی پێ دا کە نابێت ھیچ زیانێک بە فەلەکان و گاورەکانی شار بگات. داوای لێ کرد پێویستە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ھەڵمەتەکەیان بۆ سەر شارەکە ڕابگرن تا ماوەی خەڵک بدرێت لە شارەکە دەرچنە دەرەوە، بەڵام ئەمە پلانێکی نێوان دوکتۆر کاکرن و فەرماندەی سەربازیی ئێران بوو. ئەوان دەیانزانی یارمەتیی ئێرانی بەڕێوەیە و ویستیان ئەم دەرفەتە وەربگرن، ھەتا لە ئازەربایجان ئەو ھێزە بۆ شکاندنی گەمارۆکەی سەر ورمێ، ئەمەش بە کردەوە ڕووی دا و شێخیش ئەو دەرفەتە مێژویییە گرنگەی لەدەست دا. دواجار شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئێران شکایەوە، چونکە ھێزەکە گەیشت و چەکی بەسەر جەنگاوەراندا دابەش کرد. ئیتر بۆ ماوەی دە ڕۆژ شەڕِ قەوما بە بێ ئەوەی ھێزەکانی شێخ بتوانن سەرکەوتنی تێدا بەدەست بھێنن و بگرە بەپێچەوانەوەی شێواوی و لێکترازان بەئاشکرا بە ھێزەکانیانەوە دیار بوو. ئەو ھێندەی کە ھاتبوو بۆ فریاکەوتنی شار ھێزە ئێرانییەکە لەسەر دەستی ئەفسەرانی ئینگلیز و فەرەنسا و ئیتالیا و نەمسا و ڕووسیا مەشقیان پێ کرابوو. بەم تەرزە سوپای ئێران توانی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و بکەوێتە راوەدوونانی شۆڕشگێڕانی کورد. چونکە ئەو ھێزانەی کە بۆ تاڵانی ھاتبوون، مەیدانی شەڕەکەیان بەجێ ھێشت؛ ئەمەش کاریگەریی مەعنەوی لەسەر ھێزەکان ھەبوو.

لە لایەکی تریشەوە عوسمانییەکانیش کەوتنە خۆیان و ھێزەکانی خۆیان لە کوردستان قایمتر کرد و کەوتنە گەمارۆدانی ھێزەکانی شێخ. بەم جۆرە شێخ عوبەیدوڵڵا ڕوانی ھێزەکانی کەوتوونەتە نێوان بەرداشی ھێزەکانی عوسمانی و شا و خێڵە کوردە نەیارەکانی شێخ، ئەوجا فەرمانی دا بە سەرکردەکان کە لەشکر لەناو ئێران بکێشێتەوە. لەدوای گەڕانەوەی شێخ بۆ بارەگاکەی خۆی، داوای لە پاشماوەی ھێزەکەی کرد کە بڵاوەی لێ بکەن و ئەوکات حکوومەتی ئێرانی داوای لە حکوومەتی عوسمانی کرد سەرانی شۆڕش دەستگیر بکات؛ لەوانەش شێخ عوبەیدوڵڵا. ھەریەک لە حکوومەتەکانی نەمسا و بەریتانیا لەم داوایەدا پشتگیریی ئێرانیان کرد، لەگەڵ ئەوەدا ئەم داوایەی سەری نەگرت، چونکە عوسمانییەکان دەیانویست لە کاتی موبادەرەی سیاسیدا لەگەڵ ئێران وەک کارتی فشار بەکاری بھێنن. شێخ عوبەیدوڵڵا لەو کاتەدا داوای لە کونسوڵی ڕووسیا کرد بۆ یارمەتی، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە شێخ خۆی بخاتە بەردەم دەوڵەتی عوسمانی، چونکە ئەو کاتە پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و عوسمانییەکان باش بوو و ئەو زلھێزانە وەک ھەمیشە نایانەوێ بەرژوەندیی خۆیان بخەنە مەترسییەوە لەبەر مەسەلەیەکی ئەخلاقی یان مرۆڤایەتی.

لە کۆتاییدا شێخ ناچار کرا بچێتە لای سوڵتان و لەگەڵ گەیشتنی شێخ عوبەیدوڵڵا بە پایتەختی عوسمانی، ئیدی جەنگی دیپلۆماسیی توند لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێران ھەڵگیرسا. ئێران بە ڕێنماییی ڕووسیا دەیویست زیانی ئەو ھێرشەی شێخ (عوبەیدوڵڵا)ی بۆ ببژێرن. شێخ لە گەرمەی ئەو جەنگە دیپلۆماسییەدا لە ئەستەمبوڵ ڕای کرد بە بەرگی بازرگانی و پەساپۆرتێکی دروستکراو سواری پاپۆڕێکی شەڕکەری (پاک)ی فەرەنسایی دەبێ و خۆی دەگەیەنێتە (پۆتێ) و لەوێوە دەچێتەوە کوردستان و ھەرکە ھەواڵی گەیشتنی بڵاو دەبێتەوە، کوردستان جووڵەی تێ دەکەوێت. چەند عەشیرەتێک چەکدارەکانی خۆیان کۆ کردەوە و بەو پەڕی ڕێزەوە چوون پێشوازی لە شێخ بکەن. شێخ عەبدولقادری کوڕی ھێزێکی بە چەند ھەزار کەسییەوە چوو بەپیری باوکییەوە. کە ئێران بەمە دەزانێت، یەکسەر ھاواری لێ ھەڵدەستێت و ڕایدەگەیەنێت کە حکوومەتی عوسمانی خۆی لەپشت ڕاکردنی شێخەوەیە.

شێخ لەو کاتەدا ویستی سوود لە کات وەربگرێت و سەرۆکە کوردەکان ئامادە بکات بۆ ڕاپەڕینێکی نوێ و لە لایەکی تریشەوە دەستێک بەسەر قەڵاکانی ناوچە دراوسێکانی بھێنێتەوە و نۆژەنیان بکاتەوە. کاتێک حکوومەت بەمەی زانی، کۆڵۆنێڵ یووسف بەگی نارد بۆ ئەوەی بەڕەسمی داوا لە شێخ بکات کە واز لە شەڕکردن بھێنێت. بەڵام لەو ھەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو. دواجار کەمال بەگی سێیەم سکرتێری سوڵتان چووە وان بۆ ئەوەی داوا لە شێخ بکات لە یەکێک لە شارە پیرۆزەکانی عەرەب نیشتەجێ بێت. بەرامبەر بەوەش دەوڵەت خەرجییەکەی دەخاتە ئەستۆی خۆی و مانگانە بڕی ١٥٠ ھەزار لیرەی بۆ دەبڕێتەوە. بەڵام شێخ ئەم داوایەی ڕەت کردەوە و چووە قەڵاتی ئۆرمار و خۆی قایم کرد. ئینجا عوسمانییەکان بەپەلە ھێزەکانی خۆیان گەیاندە قەڵاکە و ئابڵووقەیان دا. شێخیش بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، ناچار خۆی بەدەستەوە دا. ئەوە بوو گرتیان و نەفیان کرد بۆ شاری مەککە. لە تشرینی یەکەمی ١٨٨٣دا بەنەفیکراوی لەوێ کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ڕۆڵی ڕابەرانی ئایینی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورددا (شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری وەک نموونە)، ئاسۆ ئازاد سەراوی، گۆڤاری یەکگرتوو، بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێھەم

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]