مەم و زین
مەم و زین چیرۆکی ئەوینداریی دڵتەزێنی کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زینە کە ئەحمەدی خانی شاعیری گەورەی کورد لە ساڵی ١٦٩٢ لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستیدا بە شێوەزاری کورمانجی کردوویەتی بە مەسنەوییەکی بەنرخ و درێژ. مەم و زینی ئەحمەدی خانی یەکێک لە بەرھەمە گرینگەکانی وێژەی کلاسیکی زمانی کوردییە. یەکەم جار لە ١٩١٩ لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە. ھەژار شاعیر و نووسەری کورد، ھەر بە ھۆنراوە وەریگێڕاوەتەوە بۆ زاری موکریانی.
پێرست |
[دەستکاری] فیلم
ساڵی ١٩٩١ لە تورکیا فیلمێک لەم چیرۆکە دروست کرا کە دەرھێنەری Ümit Elçi بوو و بەھۆی قەدەغە بوونی بەکارھێنانی کوردی لەو سەردەمەدا بە زمانی تورکی دروستکرا. ئەم فیلمە بە نیشاندانی ئێوارەیەکی نەورۆزەوە دەست پێدەکات کە پیرەپیاوێکی کورد خەریکە چیرۆکی مەم و زین دەگێڕەتەوە بۆ لاوانی گوندەکە. پاشان فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕوودانی چیرۆکەکە. ئەم فیلمە لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندن لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداریی کرد.[١]
[دەستکاری] پوختەی چیرۆک
زینەدین، میری بۆتان، دوو خوشکی ھەیە بە ناوەکانی «زین» و «ستی» (Sitî) کە لە جوانیدا بەناوبانگن. «تاجدین» یەکێک لە پیاوانی ژێردەستی میرە کە زۆر لایدا خۆشەویستە. تاجدین برادەرێکی ھەیە کە لە برا نزیکترە پێی و ناوی «مەم»ە. ئێوارەیەکی نەورۆز کە ھەموو خەڵکی گوندەکە لە دەرن و خەریکی جەژن و گۆبەندن مەم و تاجدین جلی کچانە لەبەر دەکەن.
| تاژدین و مەم ئەو دوو شێر دڕانە | پۆشیان شمەک و جلی کچانە | |
| ھەوری لە ملان بە ئۆیە دەسماڵ | تافتە کوڵەجە کراس و لێو ئاڵ | |
| کاکۆڵ بوو ببوو بە بسک و پەرچەم | ھەر دوو کچی قۆز ئەگەر ببا مەم! | |
| ھەر بۆیە بوو کەس ئەوان نەناسێ | باش گوێ دەنە بەزم و دەنگ و باسێ |
زین و ستیش جلی کوڕان لە بەردەکەن و ...
| بێوێنە دو کوڕ، دوو تازە لاون | سێبەنگی برۆن و مەستەچاون | |
| یەک ڕەنگ و شمەک گەلێ تەیارن | بێگانە و ڕەنگ نەناس دیارن | |
| باڵا کەڵەگەت نیان و نەرمن | تا چاو دەیەوێ بە ناز و شەرمن | |
| ھەر لەو جێ کە چاو کەوت بە چاوان | یەکجێ فڕی ھۆش و دڵ لە تاوان | |
| فرمێسک ئەڕژان لە چاوی تاژدین | مەم بوو بە بەفر لە تاوی ھاوین | |
| .. | ||
| بوو ڕانی ستێ سەرینی تاژدین | جێی گرت سەری مەم لە باوەشی زین | |
| لێویان دەخشاند بە کوڵم و خاڵا | چاوتێر نەدەبوون لە بەژن و باڵا |
تاجدین و مەم دەیانەوێ پێکەوە بڕۆنە داوای ستی و زین، بەڵام پێیان دەڵێن کە بەیەک جار دوو کچی ماڵێ بە شوو نادرێن. مەم و تاجدین بڕیار دەدەن کە سەرەتا تاجدین بڕواتە خوازبێنیی و پاشان مەم. میری بۆتان لە خوازبێنیی تاجدین خۆشحاڵ دەبێ و ستی و تاجدین زەماوەند دەکەن.
دوای دەمێک ڕۆژێک میر دەچێ بۆ ڕاو و بە ھەموو خەڵکی گوندەکە دەڵێ لەگەڵیدا بێنە دەرەوە. مەم و زینیش کە ماوەیەکە لە یەک دوور کەوتوون و لە عیشقی یەکدا دەسووتن، لە باخی میردا یەکتر دەبینن. ئێوارە کە میر و ڕاوکەران دێنەوە، بەسەریاندا دێن، کە بە ھێژایی تاجدینەوە، میر ئاگادار نابێ. بەڵام پاش ماوەیەک «بەکۆ» (بەکر) وەزیری زاڵم و دڵپیسی میر، ڕازەکە لای میر ئاشکرا دەکات.
| میر بەستی بە دەستی خۆی دەسی مەم | تاژدین بەری چاوی گرت تەمی خەم | |
| خونکار، مەمی دایە دەستی دژدار | زیندان بووە جێگە بۆ مەمی ژار | |
| ئەو شارە ھەمووی، جوان ھەتا پیر | بۆ گرتنی مەم پەشێو و دڵگیر |
ماوەیەک مەم لە گرتووخانە دەبێ. تاجدین و براکانی بۆ شفاعەت دەچن بۆ لای میر. میر دەڵێت:
| گەنجینەم و ھەژدیھامە تاژدین | تاریکە شەوم، چرامە تاژدین | |
| خۆی دانێ وەکوو برابەشی من | زین و مەمی ویستووە، پێشکەشی بن |
بەڵام پێش ئەوەی ھەواڵی بەخشینی میر بگات بە مەم، بەکۆ ژارئاوی پێدەدات. کاتێک زین ھەواڵەکە دێنێت بۆ مەم، مەم گیانی تیا نەماوە.
| ئەی مەم وتی: بۆت گەلێ بەتاسەم | گیان بێنەوە بەر بە بای ھەناسەم | |
| بۆی ژیاوە مەمۆ بە گفتی زینێ | بووژایەوە بەش بڕاو لە ژینێ | |
| ھەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی | تین ھاتەوە بەر دڵ و ھەناوی |
مەم ئەوەندە نامێنێت و لە ئامێزی زیندا دەمرێ. زین بەزەیی بە بەکۆدا دێ و ئازاوی دەکات. زین لە شینی مەمدا خۆی دەکوژێ و تاجدینیش بەکۆ دەکوژێ. مەم و زین لەپاڵ یەکدا و بەکۆش لە خواری ئەواندا دەنێژن .
[دەستکاری] ڕووخساری مەم و زین
- ئەحمەدی خانی زۆرینەی مەم و زینی بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو شێوەزاری بۆتانی نووسیوە گەر چی هەوڵی ئەوەی داوە شێوەزاری تری زمانی کوردی بەکاربهێنێت
- خانی لە مەم و زیندا کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارهێناوە
- جگە لە کوردی گەلێ ووشەی بیانی لەزمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی بەکارهێناوە
[دەستکاری] خانی لەمەم و زیندا
- لەسەرەتادا بە ساتیشی خودا و پێغەمبەر دەستی پێکردووە
- خانی لە مەم و زیندا خۆی وەک فەیلەسووفێکدا دەنووێنێت ئەویش بە شیکردنەوەو جیاوزی کردنی لە فەلسەفەی ئیسلامی و یۆنانی
- خانی لە مەم و زیندا هانی کوردی داوە بۆ بەرەنگاربوونەوە دژ بە داگیرکەران
- خانی مەمووزینی کردۆتە دوو عاشقی خواناس کە وا داناوە ئەوان گەیشتوونە پلەی فەنا بوون
[دەستکاری] خوێندنەوەی زۆرتر
- مەم و زین، ئەحمەدی خانی، پێشەکی و لەچاپدانەوە: نەجات عەبدوڵڵا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر، ٢٠٠٨
- مەم و زین، ئەحمەدی خانی، ئەمادەکردن و پەراوێز نووسین: ھەژار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر
- شیعرەکان لە دەقی مەم و زین وەرگێڕاوی ھەژار گیراون، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر