یەسووع

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
یەسووعی مەسیح
لەدایکبوون یەشوا (بەعیببری)
٢-٧ پ.ز
بەیتلەحم
مەرگ ٣٠ - ٣٦ ز
کاڵڤاری
ھۆکاری مەرگ لەخاچدان
شوێنی گۆڕ ناسیڕە
نەتەوە بەنی ئیسرائیل
ناوەکانی تر کوڕی خودا، رزگارکەر، بەرخی خودا، مەسیح...
نەژاد یەهوودی
ئایین یەهوودییەت
دایک و باوک دایک: ماری پاکیزە

یەسووعی ناسڕی (بەئینگلیزی: Jesus of Nazareth) یاخود یەسووعی مەسیح (بەئینگلیزی: Jesus Christ) هەروەها بەناوەکانی مەسیح (بەئینگلیزی: Christ) و یەسووع (بەئینگلیزی: Jesus) زۆر جار بانگ دەکرێت، ناوەندە کەسایەتییە لەنێو ئایینی مەسیحییەتدا. بەبڕوای زۆرینەی زۆری مەسیحییەکان، یەسووع کوڕی خودای دابەزیوـە و پاش لەخاچدانی لەمردن هەڵستاوەتەوە. هەموو زانیارییەک لەسەر یەسووع لەرێگەی ئینجیلە باوەڕپێکراوەکانـەوە دەست دەکەوێت، کە زۆربەیان باس لە ژیانی یەسووع و فێرکردنەکانی دەکەن. یەسووع بەپێی بڕوای مەسیحییەکان ئەو ماشیح ـە چاوەڕوانکراوە دڵسۆزەیە کە لە ئایینی یەهوودییەتدا پێشگوێی کراوە.

ناوی یەسووعی ناسڕییش بەهۆی ناوی شاری ناسیڕە ـەوە پێوە لکاوە بەهۆی ئەوەی زۆربەی رۆژەکانی ژیانی لەو شوێنە ژیاوە.

یەسووع بەپێی کتێبی پیرۆز و بەپێی بڕوای مەزهەبە گەورە و بنچینەییەکانی مەسیحییەت: ئۆرسۆدۆکسی و کاسۆلیکی و بەشی هەرەزۆری پرۆتێستانت، کوڕی خودایە، خودایە، و لەگەڵ خودای باوک ـدا یەکە، و هەروەها یەسووع خودا بووەوە و چۆتە ناو جەستەیەکەوە، بەم باوەڕەش دەوترێت سیانەییەتی پیرۆز.
بەپێی باوەڕی مەسحییەت، یەسووع کەسی دووەمی سیانەییەتی پیرۆزە.

یەسووع لەشاری بەیتلەحم لەدایکبووە بەپێی ئەو پێشگوێییەی کە بۆ پێغەمبەر میکا هاتووە لە پەیمانی کۆندا. ئینجیلەکانی مەتتا، مەرقۆس، لۆقا و یوحەننا شایەتی ئەدەن لەسەر ئەو کارانەی لە یەسووعییان دییوە. لەدایکبوونی یەسووع بۆخۆی یەکێکە لە پەرچووەکانی کە لە ئینجیلە باوەڕپێکراوەکاندا باسکراوە، بەهۆی ئەوەی یەسووع باوکی نییە، بەڵکو لەڕێگەی رۆحی پیرۆزەوە ماری سکی پڕ دەبێت، پاشان لە بەیتلەحم لەدایک دەبێت بەپێی کتێبی پیرۆز.

مەسیحییەکان باوەڕدارن بەوەی کە لەخاچ دراوە و لەپێناو باجدان بۆ تاوانەکانی مرۆڤدا مردووە، هەتاوەکوو هەمووان ژیانێکی هەتا هەتایی بژین. پاشان لەرۆژی سێیەمدا لە گۆڕەکەی هەڵدەستێتەوە، سەرکەوتووانە بەسەر مردندا، وەکوو چۆن لە پەیمانی کۆندا پێشگوێی کرابوو. پاشان بۆ قوتابییەکانی دەردەکەوێت و بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەگەڵییان دەمێنێتەوە و پاشان بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان و لەلای دەستە راستی خودای باوکەوە دادەنیشێت، پاشان جارێکی تر لە رۆژی کۆتاییدا دەگەڕێتەوە جارێکی دی.

پێرست

ناونان و واتای ناوەکەی [دەستکاری]

یەسووع، ناوێکی ئارامی بۆ عیبری ـیە و بە (یەشوع) دەخوێنرێتەوە، ناوێکی لێکدراوە و لە دوو بڕگە پێک دێت کە بریتیین لە "یهوهـ شوع"، واتاکەشی پیتچنانە بریتییە لە "خودای بەوەفا". ئەم ناوە ناوێکی بەربڵاو بوو لەنێو تیر و هۆزەکانی بەنی ئیسرائیل ـدا، بەجۆرێ کۆمەڵێکی زۆر لەکەسایەتییە گرنگەکانی پەیمانی کۆن ـی پێ ناونراوە، دیارترینیان یەشوعی کوڕی نون ـە کە جێنشینی موسا ـی کرد لە پێشەوایەتیکردن هۆزەکانی بەنی ئیسرائیل ـدا. عەرەبە مەسیحییەکان، بەهەر مەبەستێک بێت، پیتی (ش) ـیان هەڵگێراوەتەوە بۆ (س) و لە یەشوع ـەوە کراوە بە (یەسووع)، لەکاتێکدا لەزمانی یۆنانیدا کە زمانی رۆشنبیری ئەو سەردەمە بووە، وەرگێردراوە بۆ (Ἰησου، ئیسو یان ئیسوس)، پاشان هەمان ئەو وشە گریکییە داتاشراوە لەلایەن زمانە ئەوروپییەکانەوە بەجۆرێ کە یەکەم پیتی وشە گریکییەکە لە (I) ـەوە بووە بە (J) و وشەکە بووە بە (Jesus يان جيزس).

جیاوازی نێوان یەسووع و عیسا [دەستکاری]

بەپێی ئایینی مەسیحییەت و کتێبی پیرۆز و بەتایبەتیی ئینجیلەکان یەسووع، خودایە/کوڕی خودایە کە ھاتۆتە سەر زەوی لەپێناو مردن بۆ تاوانەکانی مرۆڤ. لەکاتێکدا ئایینی ئیسلام لەرێگەی قورئانـەوە بەپێچەوانەوە دەڵێت کە عیسا پێغەمبەرێک بووە لە پێغەمبەرەکانی خودا و لە مرۆڤێک زۆرتر ھیچی تر نەبووە. ئینجیل باس لەوە دەکات کە یەسووع لەخاچدراوە و پاش لەمردن ھەستاوەتەوە، بەڵام قورئان دەڵێت لەخاچ نەدراوە و لەلای خودایە. عیسا، ناوێکی قورئانییە بۆ یەسووع، درووستتر بڵێین، کەسایەتییەکە لەنێو قورئاندا، زۆر پێ دەچێت ھەمان یەسووع ـبێت، بەڵام بە بەسەرھاتێکی تەواو جیاوازەوە.

سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوە [دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیپەیمانی نوێ

یەکێک لە دەستنووسەکانی پەیمانی نوێ بە زمانی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٩٠، و لەیەکەم پەڕەدا وێنەی مەرقۆس هەیە کاتێ کە ئینجیلەکەی دەنووسێتەوە.

کۆنترین ئاماژەکردن بۆ یەسووع لە نووسراوە نا-مەسیحییەکاندا دەگەڕیتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ٩٣ بۆ مێژوونووسی یەهوودی یوسفیۆس فلاڤیۆس، وەسفی دەدات بەوەی یەکێکە لەپیاوانی ئایینی کە کاری سەرسووڕهێنەر ئەنجام دەدات و پەند و ئامۆژگاری دەداتە خەڵک و ژمارەیەکی زۆر لە یەهوودییەکان و بتپەرستان دوای کەوتوون[١] جگە لەوەی کۆمەڵێک لە لێکۆڵەرەوان گومڕا بوون لەهەمبەر تەندرووستبوونی دەقەکەی مێژوونووسە عیبرییەکە. دووەمین ئاماژەکردن بۆ یەسووع دەگەڕێتەوە بۆ مێژوونووس سالیس کە لە نیوەی دووەمی سەدەی یەکەمی زایینیدا ژیاوە و لەوەی تا ئەمڕۆ بەردەستە لێی، تاریکی مردنەکەی یەسووع کە دەیداتە پاڵ دیاردە سرووشتییەکان، پێناسە دەکات[١]، هەروەها والی ڕۆمانی لەنامەیەکیدا کە ساڵی ١١٠ ئاڕاستەی ئیمپڕاتۆر تراجانی کردووە، ئاماژە بە یەسووع دەدات بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ[١]. جگە لەوە دۆزراوەکانی قەبرستانی سردابییەت کە دەکەوێتە ڕۆماوە هەندێک ئایکۆنە و نووسراو هەڵدەگرێت کە ئاماژە دەدەن بە یەسووع[١]، ئەگەرچی لێکۆڵەرەوانی وەکوو گۆڵنبێرگ و فیلینی و دەیڤد شتراوس لەسەدەی نۆزدەهەمدا مەیلیان هەبووە بۆ ئەو بڕوایایەی کە یەسووع مێژووییانەی بوونی نەبووە، بەڵام لێکۆڵەرەوان لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە توێژینەوەیان دەکرد لەسەر سەلماندنی هەبوونی یەسووع مێژووییانە[١].

بەڵام بەدەر لە مێژوونووسە عیبرییەکە، بە سەرچاوە بتپەرستییەکانیشەوە ئاماژە نادەن بۆ یەسووع. بەڵام کۆنترین سەچاوەی مێژوویی مەسیحی بریتییە لە نامەی یەکەمی پۆڵس بۆ خەڵکی تسالۆنیکی لەدەوروبەری ساڵی ٤٩ یان ٥٠ی زایینی[٢]. لەماوەی پێشوودا سەبارەت بە دۆکۆمێنتە نووسراوەکان لاهووتییەکان بەپشت بەستن بەچەند ئایەتێکی پەیمانی نوێ ئاماژە بە ماوەیەک دەکەن کە ناو دەبرێت بە "تەقلیدی زارەکی" کە پێش سەردەمی نووسراویی دەکەوێت، ئەمەش بە پشت بەست بە ئایەتەکانی وەکوو لۆقا ١:٢ و یەکەمین نامەی یوحەننا ١:٣، ئەمە هاوشانی کۆمەڵێک بەڵگەی تر. ئەدەبیاتی مەسیحی کۆن ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆمەڵەی مەسیحییە یەکەمییەکان بەو ماوەیەی کە بە "تەقلیدی زارەکی" ناودەبرێت، گووتوویانە "قسەی خودا"، و گواستنەوەی دەماودەم ماوەتەوە و هەر بەو جۆرە بووە هەتا سەردەمی هاتنی نووسینەوەی ئینجیلەکان، کە لەو کاتەدا چەوساندنەوەکان زۆر دەبن و نێردراوە یەکەمییەکان دەکوژرێن، کۆنترین ئینجیلیش ئینجیلی مەرقۆسە کە لەدەوروبەری ساڵی ٦٥ تا ٧٠ نووسراوەتەوە لە ماوەی چەوساندنەوەی گەورەدا کە نیرۆن بەرپای کرد ئەمە بەپێی ڕای لاهووتگەرە یەسووعییەکان و لێکۆڵەرەوانی بزووتنەوەی ڕەخنەی باڵای کتێبی پیرۆز[٣]، لەکاتێکدا کە مێژووی نووسینی ئینجیلی مەتتا و ئینجیلی لۆقا دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووخانی پەیکەری سلێمان واتە لەنێوان ساڵانی ٧٠ تا ٨٠ی زایینی[٤]. دواترین کەسیش کە یەکێک لە ئینجیلە باوەڕپێکراوەکانی نووسیوە یوحەننایە کە ئینجیلی یوحەننای نووسیوە لەدەوروبەری ساڵی ٩٠دا. پێش نووسینەوەی ئینجیلەکان وەکوو دۆکۆمێنتی نووسراو، هەموو نامەکانی پۆڵسی نێردراو نووسرا بوونەوە[٥]، بەواتایەکی تر نامەکانی پۆڵس مێژووییانە لەپێش ئینجیلەکانەوە نووسراون، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵەرەوان هەبوونی کۆمەڵێک دۆکۆمێنتی تر دەکەنە گریمانە دەربارەی وتەکانی یەسووع یان زانیاریی قوڵتر لەسەر مردنەکەی و هەستانەوەکەی. کۆنترین ئاماژەش بۆ ئینجیلەکان لەمڕۆدا، ئاماژەپێدانی یەستینسە لە کۆتایی سەدەی یەکەمدا بەجۆرێ کە باس لەوە دەکات کە مەسیحییەکان لەکۆبوونەوەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا کۆمەڵێک دەق و نووسراویان دەخوێندەوە کە ژیانی یەسووعی دەگێرایەوە و بە نووسراوی نێردراوەکانیان لەقەڵەم دەدا یان لانی کەم دەیاندایە پاڵ کەسانێک کە پەیوەندییەکی تەواوییان هەبووە بە نێردراوەکانەوە.[٦]

شارەزایان دەوروبەری ساڵی ١٥٠ دیاری دەکەن وەکوو سەرەتایەک بۆ درووستبوونی پەیمانی نوێی باوەڕپێکراو و یەکخستنی ناوەڕۆکەکەی بۆ ناو یەک دۆکۆمێنت. هۆکاری سەرەکی ئەو کارەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری ئەو بەڵگەنامانەی باسیان لە یەسووع و ژیانی دەکردەوە زۆریشیان دەگەڕانەوە بۆ سەردەمێکی درەنگ لە نووسین و دیارە ئەو نووسراوانە وەرگیراون لە گێرانەوە و ڕوایەتکردنە میللییەکانەوە. بەهەرحاڵ، ئەو پێوەرەی کە پەڕتووکە فەرمییەکانی لە نافەرمییەکان جیا دەکردەوە بریتیی بوو لەوەی تاچەند تەندرووستە لەگەڕاندنەوەی بۆ نێردراوەکانی مەسیح، بڕواش لای زۆرینەی لێکۆڵەرەوان وایە کە چوار ئینجیلەکە و نامەکانی پۆڵسی نێردراو سەردێری "باوەڕپێکراو" ـیان لە دەوروبەری ساڵی ١٧٠ دا وەرگرتووە، هەڵبەتە جووڵەی مەرقییان کە دەسەڵاتی پەیمانی کۆنی بەسەر مەسیحییەکاندا ڕەت دەکردەوە، ڕۆڵی هەبووە لە خێراکردنی پرۆسەکەدا بەشێوەیەکی گەورە[٧].

سەرچاوەکان [دەستکاری]

  1. ١٫٠ ١٫١ ١٫٢ ١٫٣ ١٫٤ بەسەرهاتی شارستانییەت
  2. دخل إلى العهد الجديد، العهد الجديد، لجنة من اللاهوتيين، دار المشرق، الطبعة السادسة عشر، بيروت 1988، بإذن الخور أسقف بولس باسيم، النائب الرسولي للاتين في لبنان، ص.798
  3. مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.18
  4. مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.18-19
  5. مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.19
  6. مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.20-25
  7. مدخل إلى العهد الجديد، مرجع سابق، ص.21-22

ئەمانەش ببینە [دەستکاری]