نەقشبەندی
نەقشبەندی یان نەقشی یان نەخشی تەریقەتێکی سەرەکیی تەسەوفی ئیسلامییە. بناغەی تەریقەتی نەقشبەندی لەسەر سوننەتی پیغەمبەری ئیسلام و شەریعەت و دوورەپەرێزی لە بیدعە دامەزراوە و داکۆکی لەسەر ئەوە دەکات و، ھەر ئەم خاڵە بووەتە ھۆی ئەوەی کە تەریقەتی نەقشبەندی لە خۆرھەڵات و خۆرئاوای جیھانی ئیسلامدا پەرە بستێنێت و ببێت بە ڕەوشتی سۆفییانەی زانایان و ئەدیبان و فیقھزانانی ئیسلام و لەوانە، شێخی «ابنحجر ھیتمی» (٩٧٤ ـ ٩٠٩)، گوتوویەتی: «ئەو تەریقەتەی کە لە خەوش و خاڵ و نالەبارییەکانی سۆفییە نەزانەکان خاڵی و دوورە ھەر تەریقەتی نەقشبەندییە».
مێژوو
[دەستکاری]ڕێ و ڕەوشتی نەقشبندی خراوتە پاڵ خواجە بەھائەددین نەقشبەند بوخارایی (٧٩١ ـ ٧١٧ کۆچی). ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهائەددین نەقشبەندی کە تورکە و دواتر لەلایەن ئیمامی ڕەببانییەوە کە خەڵکی لاهوورە هەندێک دەستکاری کراوە.[١] بەڵام ناتوانین بڵێین بەھائەددین بنیاتنەری ئەو تەریقەتەیە چونکە لە ڕاستیدا تەریقەکەی ئەو، ھەر درێژەی تەریقەتی خواجەکانە — ئەو ڕێ و ڕەوشت و سلووکەی کە خواجە یووسفی ھەمەدانی (٥٣٥ ـ ٤٤٠ کوچی) و خواجە عەبدولخالقی غوجدەوانی (٥٧٥ ـ٤٩٣ کوچی) دایان مەرزاندبوو.
خواجە بەھائەددین، کە ناوبانگی «شاھی نەقشبەند»ە ، لە سەیید ئەمیری کولالەوە تەریقەتی وەرگرتوە و لەپاشان بوو بە زیندووکەرەوە و ڕاستکەرەوەی تەریقەتی خواجەگان و بەم جۆرە، تەریقەتی نەقشبەندی بوو بە کۆکراوەی دەرس و فێرکارییەکانی «عبدالخاق غجدوانی» و «بھاءالدّین بخارایی».
ئەم تەریقەتە بە ماوەیەکی زۆر کەم لە ماوەرائونەھر و خوراساندا پەرەی سەند و لەپاش بەھائەددین، جێنشینەکانی ئەو «علاءالدّین عطار» (فەوت ٨٠٢ کۆچی) و «محمّد پارسا» (فەوت ٨٢٢ کوچی) و «یعقوب چرخی» (فەوت ٨٥١ کوچی) دەستیان کرد بە ئیرشادکردن و دەستێکی باڵایان ھەبوو لە بڵاوەپێدانی تەریقەتەکەدا و لەدوای ئەوانیش، خواجە«عبیداللە احرار» (٨٩٥ ـ ٨٠٦) سەری ھەڵدا کە ناودارترین و دسەڵاتدارترینی شێخەکانی چەرخی تەیموور لەنگە و ئەم تەریقەتە لە چاخی ئەحراردا، گەیشتە چیای دەسەڵات و ناوبانگ و پەرەسەندن.
لە باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا
[دەستکاری]یەکیک لە گەورەکان و مورشیدەکانی تەریقەتی نەقشبەندی کە لە چەرخی ئەودا نەقشبەندی زۆر بلاو بووەوە، « مولانا شاە غلامعلی عبداللە دھلوی»ە (1824 - 1754) . لە سەردەمی ئیرشادی شا عەبدوڵڵادا، خواناس و زانای گەورەی کورد مەولانا خالید نەقشبەندی (ضیاءالدین ابوالبهاء مولانا خالد ذوالجناحین شهرزوری) (1826 - 1779) بە ڕێنوێنیکردنی یەکێک لە موریدەکانی ئەو لە سالی 1807 دەچێت بۆ دیھلی لە ھیندستان و لەپاش یەک ساڵ بە وەرگرتنی تەریقە و ئیجازەی ئیرشادەوە دەگەڕێتەوە بو کوردستان و دەست بە ئیرشاد و بڵاوکردنەوەی تەریقەتەکە دەکات و لەو کاتەوە، تەریقەتی نەقشبەندی _ کە تا ئەو سەردەمە لە کوردستاندا ئەوندە ناوبانگ و بڵاوەی نەبووە _ بە جوریک بڵاوە دەکات و پەرە دەستێنێت کە تەنانەت دەسەڵاتداران و زانایان و لەوانە، مامۆستاکانی مەولانا خالیدیش، دەبن بە ھۆگری.
لەپاش مەولانا خالید، خەلیفەکانی لە ناوچە جۆربەجۆرە ئیسلامییەکاندا، دەستیان کرد بە ئیرشاد و بەرەوپێشبردنی تەریقەتەکە. شێخ عوسمان سراجەددینی نەقشبەندی یەکەم یەکێکە لە جیگەدارە زۆر بەناوبانگەکانی مەولانا خالید لە بەغدا تەریقەتی لێ وەرگرت وەک یەکەم خەلیفەی مەولانا خالید، ساڵی 1813 لە سلێمانیدا ئیجازەی خەلیفایەتی و ئیرشادی لە دەستی ئەو وەرگرت. زیاتر لە ٨٠ کەس لە زانایان و ئەدیبەکانی ئەو سەردەمە، پلەی خەلافەتیان لە شێخ عوسمان وەرگرت کە لەوانەن: مەولەوی تاوەگۆزی و مەلا حامیدی بێسارانی (کاتباڵاسرار) و مەلا ئەحمەدی نۆدشی.
کوڕەکان و کوڕەزاکانی شێخ عوسمان لەدوای ئەو زۆرتر پەرەیان بە تەریقەتەکە دا و پلەیەکی بەرزیان لەنێوان کۆمەڵگای کوردەکانی ناوچەکە بەدەست ھێنا.
ناودارانی کوردی تەریقەتی نەقشبەندی
[دەستکاری]- مەولانا خالید نەقشبەندی
- سەید تەھای نەھری
- شێخ سەعیدی پیران
- شێخ سەید تەھای کەمالیزادە
- شێخ عەبدولسلام بارزانی
- شێخ ئەحمەد بارزانی
- شێخ خورشید بارزانی
- شێخ عەبدوڵڵا ئەحمەد عارف نەقشبەندی
- شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری
- شێخ عوسمان سراجەددینی نەقشبەندی یەکەم
- شێخ عوسمان سراجەددینی نەقشبەندی دووەم
- مەلای جزیری
- مەلا ئەحمەدی نۆدشی
پەراوێز
[دەستکاری]- ^ ئیسماعیل بێشکچی. ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ - بنەما کۆمەڵناسی و ئابوریە ڕەگەزیەکانی، ۱۹٦۹ چاپی ۲. پەڕەی ۲٥۲
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- تهریقهتی نهقشبهندی و مهولانا خالید و شێخی سیراجوددین، بڵاگی تهسهووف و تهریقهتی نهقشبهندی
بەستەری دەرەکی
[دەستکاری]ئەم وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە نەقشبەندی تێدایە. |