کەوانەی بەپیت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کەوانەی بەپیت ناوچەیەکی کەوانەییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە عێراقی ئەوڕۆ، سووریا، لوبنان، ئیسرائیل، فەلەستین، ئوردن، و ھەروەھا ناوچەی باکووری کووەیت، باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا و ڕۆژئاوای ئێران دەگرێتەوە و کۆمەڵێک نووسەریش لەسەر ئەو باوەڕەن کە قوبرس و باکووری میسریش دەکەونە ئەم کەوانەیە.

کۆمەڵێکی زۆر لە بیرمەندان لەسەر ئەو باوەڕەن کە کەوانەی بەپیت یەکەم شوێنێکە وەرزێڕی و کشتوکاڵ تیایدا سەری ھەڵداوە و خەڵکەکەی پرۆسەی خاوێنکردنەوە و چاکسازی گژ و گیا سروشتییەکانیان کردووە و بەرھەمە کشتوکاڵییە نوێکان لەو ناوچەیەدا چێندراون و کشتوکاڵ دەستی پێکردووە. و ئەنجامی ئەمەش بۆتە بووژانەوەی شارستانییەتە سەرەتاییە مرۆییەکانی وەک سۆمەر لە مێزۆپۆتامیادا. پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیکەکان بریتی لە پەرەسەندنی کشتوکاڵ، دەکارھێنانی ئاودێران، نووسین، تەگەرە و شووشەسازی زۆرینەیان لە مێزۆپۆتامیاوە سەریان ھەڵداوە.

وشەناسی[دەستکاری]

دەستەواژەی کەوانەی بەپیت سەرەتا لەلایەن شوێنەوارناسێک بەنێوی جەیمز ھێنڕی برێستەد و لە کتێبەکانی مێژووی ئەوروپا (1914)؛ و سەردەمی کەونارا، مێژووی جیھانی سەرەتایی (1916) ئاماژەی پێدراوە و دواتر بۆتە باو. ناوبراو دەنووسێت:

وەک سوپایەکە ڕووی کردبێتە باشوور، باڵێکی بە کەناری ڕۆژھەڵاتی دەریای ناویندا و ئەو باڵەکەی دیکەی دەگاتە کەنداوی فارس، و ناوەڕاستەکەیشی پشتی کردۆتە شاخ و کوێستانەکانی باکوور. کۆتایی باڵی ڕۆژئاوا دەبێتە فەلەستین، ئاشوور بەشی زۆرینەی ناوەند پێک دێنێ و کۆتایی باڵی ڕۆژھەڵاتیش دەبێتە بابل. ئەو نیوجەغزە گەورەیە ڕەنگە لەبەر ئەوەی ناوی نییە، بتوانین ناوی کەوانەی بەپیتی بۆ ھەڵبژێرین.

لە سەردەمی کۆندا ئەو ناوچەیە ناوێکی تایبەت و یەکگرتووی نەبووە. لەو سەردەمەیدا کە برێستەد ئەو بابەتانەی نووسیوە، ناوچەکە ھەرێمێکی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەکانی دەگرتەوە کە لە ڕێکەوتنامەی سایکس-پیکۆدا درابووە فەڕەنسا و بەریتانیا.


ئەوڕۆ و لەم سەردەمەدا کەوانەی بەپیت بریتییە لە ئیسرائیل، فەلەستین، عێراق، سووریا، لوبنان، میسر، ئوردن و ھەروەھا چەند ناوچەی سەرسنووری ئێران و تورکیا. سەرچاوەی ئاوەکان وێڕای ڕۆبارەکانی دیجلە و فورات ڕۆباری ئوردنیش دەگرێتەوە. سنووری ناوخۆی بازنەکە بە کەشوھەوای وشکی بیابانی سووریا لە باشوورەوە دەستنیشان کراوە. سنوورەکانی دەرەوەیش دەگەنە کێوەکانی ئەنادۆڵ و شاخەکانی ئەرمەنستان لە باکوورەوە، بیابانی سەحرا لە ڕۆژئاواوە، سوودان لە باشوورەوە و لاتەبەرزەی ئێران لە ڕۆژھەڵاتەوە.

جۆرەکانی ژیان و کەش و ھەوا[دەستکاری]

ئەگەرچی ڕۆبار و زەلکاوەکان ھۆکارە سەرەکی و جەوھەرییەکان بوون بۆ سەرھەڵدانی شارستانییەت لە کەوانەی بەپیتدا، بەڵام سەرەڕای ئەوانەیش ھۆکاری دیکەیش لەئارادا بووە. ئەم ناوچەیە لەباری جوگرافیاییەوە وەک پردی نێوان باکووری ئەفریقا و ئەوراسیایە و ھەر ئەمەش ئەبێتە ھۆی زۆربوونی جۆرەکانی ژیان لەچاو ئەوروپا و باکووری ئەفریقا کە لە سەردەمی سەھۆڵبەنداندا ئیکۆسیستەمەکان گوشاریان کەوتە سەر و لەناوچوونی جۆرەکانی ژیان و بوونەوەرە زیندووەکان چەندین جار دووپات بووەوە. تیۆری پۆمپی سەحرا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناوچەیەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ بڵاوکردنەوەی گژ و گیا و بوونەوەرەکانی دیکە بۆ سەرتاسەری جیھان دەورێکی گرنگ و کاریگەری ھەبووە.


کەوانەی بەپیت چەندین جۆر کەش و ھەوای تێدایە و گۆڕانکارییە سەرەکییەکانی کەش و ھەوا بۆتە ھەوای گەشەکردنی گژ و گیاکانی جۆری r کە یەک ساڵانن و لەچاو جۆرەکانی چەند ساڵەی k بەرھەم و دانی زیاتریان ھەیە. ھەروەھا ھەبوونی بەرزایی جۆراوجۆر بووە ھۆی ئەوەیکە گژ و گیای جۆراوجۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر بکرێ و دواتر لە قەبارەی گەورەتردا بچێندرێن و ببنە بەرھەم. خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە کەوانەی بەپیت مەڵبەند و ئاخێزگەی ھەشت بەرھەمی کشتوکاڵیی گرنگی چەرخی بەردینی نوێ بووە و ھەروەھا چوار جۆری گرنگی ئاژەڵەکان بریتی لە مانگا، بزن، مەڕ و بەراز؛ جۆری پێنجەمیش واتە ئەسپ ھەر لە نزیکی ئەو سنوورەدا ژیاوە.

مێژوو[دەستکاری]

کۆمەڵێکی زۆر ئێسک و ئاسەواری کەلتووری لە مرۆڤەکانی پێش سەردەمی نوێ و مرۆڤەکانی سەرەتای سەردەمی نوێ لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە (وەک ئەشکەوتەکانی تابوون و ئێس سخول لە ئیسرائیل)؛ ئەڵبەت ناوبانگی کەوانەی بەپیت زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە وەک ئاخێزگە و سەرەتای کشتوکاڵ و وەرزێڕی دەستنیشان دەکرێ. ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ڕۆبارەکانی ئوردن و فورات وەک یەکەمین ئاخێزگەکانی کشتوکاڵی چەرخی بەردینی نوێ دەستنیشان دەکرێن کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 9000 ساڵ پێش زایین و ئاسەواری کۆنی زۆریان تێدایە وەک گۆبەکلی تەپە، چوغا گوڵان و جریکو.

ئەم ناوچەیە و ھەروەھا مێزوپۆتامیا (کە یۆنانییە و واتای نێوان دوو ڕۆباری دیجلە و فوراتی ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی کەوانەی بەپیت) ھەروەھا سەرھەڵدانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی سەردەمی بڕۆنزێ بەخۆوە بینیوە. کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر ھەبوونی نووسین لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە و ھەروەھا کۆمەڵێک بەڵگە باس لە پێکھێنانی کۆمەڵگا بەپێی پلە و پایە لەم ناوچەیەدا دەکەن. ھەر بەم بۆنەوە نازناوی "لانکەی شارستانییەتی" پێ بەخشراوە.

لەم ناوچەیەدا یەکەم کتێبخانەکان 4500 ساڵ پێش ئێستا سەریان ھەڵداوە. دوو کتێبخانەی ھەرەکۆنی نیپوور لە سۆمەر و ئیبلا لە سووریا ھەردووکیان دەگەڕێنەوە بۆ 2500 ساڵ پێش زایین.

سەرچاوەی ھەردوو ڕۆباری دیجلە و فورات زنجیرەچیای تۆرۆسی تورکیای ئەمڕۆیە. وەرزێڕان و کشتوکاڵکارانی مێزۆپۆتامیا دەبوو ھەموو ساڵێک مەزراکانیان لە ھەرەس و سێڵاو بپارێزن. باکووری مێزۆپۆتامیا بارانی پێویستی بۆ کشتوکاڵ تێدا باریوە، بۆ پاراستنی مەزراکان لە ھەرەس و سێڵاو بە قەراغ ڕۆبارەکاندا بەستەکیان ساز کردووە.

لە سەردەمی بوڕۆنز بەدواوە پیت و بەرھەمی ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرچاو و بەھۆی ئاودێرانەوە زیادی کردووە و تەنانەت ئەوڕۆیش بەرھەمە کشتوکاڵییەکان تا ڕادەیەکی زۆر پێویستیان بەو ئاودێرانە ماوە. لەم دوو ھەزار ساڵەی ڕابردووەدا چەندین سووڕی لاوازبوون و بووژانەوەیان بەخۆوە بینیوە. ھەروەھا کێشەیەکی دیکەیش سوێربوون و زیادبوونی خوێ و مادە کانزاییەکانی دیکە لەو خۆڵانەدایە کە ئاودێرانی زۆر دەکرێن.

خۆماڵیکردنی سەرەتایی[دەستکاری]

ھەنجیرە بێناوکەکان سەرەتا لە گیلگال و لە دۆڵی ئوردن دۆزراونەتەوە، کە پیشاندەری ئەوەیە دارھەنجیرەکان دەوروبەری 11400 ساڵ پێش ئێستا چاندراون. مێژووی چاندنی دانەوێڵەکان لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ 9000 ساڵ پێش ئێستا. ھەروەھا پشیلە چکۆلەکانیش سەرەتا لەم ناوچەیەدا خۆماڵی کراونەتەوە و لەگەڵ مرۆڤ ژیاون. سەرەڕای ئەمانەش دانەوێڵەکانی وەک نۆک و نیسکیش ئاخێزگەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی کەوانەی بەپیت.

ئاژەڵە خۆماڵیکراوەکانیش بریتین لە مانگا، مەڕ و بزن، بەرازی خۆماڵی، پشیلە و مراوییە خۆماڵییەکان.

زمانەکان[دەستکاری]

لەباری زمانییەوە کەوانەی بەپیت چەندین جۆری زمانی دەگرێتەوە. مێژوو دەڵێت زمانە سامییەکان زیاتر لەم ناوچانە باو بوونە کە ئەوڕۆ بەشێک لە عێراق، سووریا، ئوردن، لوبنان، ئیسرائیل، فەلەستین، سینا و باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەگرنەوە و ھەروەھا زمانی سۆمەریش (کە ئەوڕۆ ئاخێوەری زۆر کەمە) لە عێراق و ناوچە شاخاوییەکان باو بووە، لە باکوور و ڕۆژھەڵاتیشدا کۆمەڵێک زمانی ناپێوەندیدار بەو زمانانە ھەبووە و ئەوڕۆ نەماون کە بریتین لە ئیلامی و گۆتی و کاسی لە ئێران و ھەتیک و کاسکی و ھورۆ-ئورارتین لە تورکیا.