ڕاسیۆنالیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە مەعریفەتناسیدا، ڕاسیۆنالیزم بەو ڕوانگەیە دەوترێ کە ئاوەز یا ئەقڵ لە گوێن سەرچاوە و پێوانەی سەرەکیی مەعریفەت دەبینێ،[١] یا ئاماژە بە ھەر چەشنە بۆچوونێک دەکا کە بۆ بەدەستھێنانی مەعریفەت و پاساوھێنانەوە دەستەودامێنی ئەقڵ ببێ.[٢] بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر، ڕاسیۆنالیزم وەکوو میتۆدۆلۆژییەک یا تیۆرییەک دەناسێنرێ کە تێیدا پێوانەی ھەڵسەنگاندنی ڕاستی، ھەستەکی نییە بەڵکوو ئەقڵانی و ھەڵھێنجانییە.[٣]

لە کۆنەوە، ڕاسیۆنالیزم دژایەتیی ئیمپیریزم دەکا و لە بەرامبەریەوە دادەنرێ. ڕاسیۆنالیستەکان باوەڕیان ئەوەیە کە واقیع لە خۆیدا خاوەن پێکھاتەیەکی لۆژیکییە و، ھەر بەم بۆنەوە، ڕاستیگەلێکی بڕاوە و گومانھەڵنەگر ھەن کە ئاوەز ڕاستەوخۆ دەتوانێ وە چنگیان بخات. ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوە کە لۆژیک و ماتماتیک و ئەخلاق و میتافیزیک، پرەنسیپگەلێکی ئەقڵانیی وایان ھەیە ھێندە لە بنی بنەوە ڕاست و دروستن کە حاشاکردنیان مرۆڤ دەخاتە ناو ناتەبایییەوە، واتە وتە و قسەکانی وایان لێ دێ کە خۆیان یەکتری ھەڵدەوەشێننەوە. ڕاسیۆنالیستەکان ئەوەندە متمانەیان بە ئاوەز زۆرە کە بوونی بەڵگەی ئەزموونی و فیزیکی بۆ سەلماندنی ھەندێ ڕاستیی تایبەت بە ناپێویست دەزانن.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Rationalism | Definition, Types, History, Examples, & Descartes | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-05-11.
  2. ^ Lacey, A.R. (1996), A Dictionary of Philosophy, 1st edition, Routledge and Kegan Paul, 1976. 2nd edition, 1986. 3rd edition, Routledge, London, 1996. p. 286
  3. ^ Bourke, Vernon J., "Rationalism," p. 263 in Runes (1962).
  4. ^ Markie, Peter; Folescu, M. (2023), Zalta, Edward N.; Nodelman, Uri (eds.), "Rationalism vs. Empiricism", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2023 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2023-05-11