ڕوونکردنەوە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕوونکردنەوە یا بەیان[١] بە مانای دەرخستنی مەبەستی نەزانراوە.[٢]  ڕاڤەیەکە لە بابەت دیاردە یان ڕووداوێکەوە بە پێی ھەلومەرجە سەبەبییەکانی.[٣]

لە دەقە فەلسەفییەکان و باسە فەلسەفییەکاندا بە چەن جۆر ڕوونکردنەوە ئاماژە کراوە: ڕوونکردنەوەی زانستی بەرامبەر بە ڕوونکردنەوەی ئاسایی یان نازانستی، ڕوونکردنەوەی کەموکووڕ بەرامبەر بە ڕوونکردنەوەی کامڵ، ڕوونکردنەوەی بەھێز بەرامبەر بە ڕوونکردنەوەی لاواز، ڕوونکردنەوەی خۆوڵاتی یان تایبەت بە شوێنی دیاریکراو بەرامبەر بە ڕوونکردنەوەی دنیاگر، ڕوونکردنەوەی ھۆیی بەرامبەر بە ناھۆیی و، گەلێک جۆری تر. بەڵام زانایان لەسەر ئەوە کە جۆرەکان کامانەن بیروڕایان یەک نییە.[٤]

لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە ھەموو ڕوونکردنەوەکان ھۆیین، چونکە مەبەستی ئەو لە ڕوونکردنەوە ڕاگەیاندنی یەک یا چەند ھۆ لە چوار ھۆکەیە.[٤]

ڕوونکردنەوە و بەڵگەھێنانەوە[دەستکاری]

جیاوازیی نێوان ڕوونکردنەوە و بەڵگەھێنانەوە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی نێوان ئەو پرسیارەی کە دەبێتە جێی باس و وتووێژ. لە بەڵگەھێنانەوە، بە فاکتێکەوە دەست پێ دەکەین کە گومانی لەسەرە و ھەوڵ دەدەین بە پشتیوانیی بەڵگە بیسەلمێنین. بەڵام لە ڕوونکردنەوە، بە فاکتێکەوە دەست پێ دەکەین کە وەرگیراو و قەبووڵکراوە، ئینجا پرسیار دەکەین بۆچی وایە و چی بووەتە ھۆی. ڕوونکردنەوە وەڵامی ئەو پرسیارەیە.[٥] بڕێ جار ڕوونکردنەوە بەڵگەھێنانەوەشە، بڕێ جاریش بەڵگەھێنانەوە نییە. کاتێ ئینسان خەریکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن یا بۆچی شتێ ڕووی داوە و، فاکتەکانی بابەتەکە جێی ناکۆکی نین و کێشەیان لەسەر نییە و یەکلایی بوونەتەوە، ئەوە بەڵگەھێنانەوە نییە و ھەر تەنیا ڕوونکردنەوەیە، بە شێوەیەکی دیاریکراوتر، ڕوونکردنەوەیەکی ھۆیییە، لەبەر ئەوەی کە ھەوڵ دەدات ھۆکارەکانی ئەو شتە ھەڵبدات. بۆ وێنە، کەسێ کە لاقی شکاوە و خەریکە بۆ کەسێکی تر ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی لاقی شکا: پێی خلیسکا، یا باران باریبوو و عەرز خز ببوو. بەڵام، ئەگەر ئینسان بیەوێ شتێ ڕوون بکاتەوە کە ھۆکارەکانی یەکلایی نەبوونەتەوە و مشتومڕ و کێشەیان لەسەرە، دەبێ بەڵگە بێنێتەوە. بۆ وێنە، ئەگەر کەسێ تووشی کزی و خەمۆکی بووبێ و، بیەوێ ھۆکارەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ مەسەلەی ئابووری (لە سەرکار دەر کراوم، یا بازاڕ باش نییە)، پێویستە بەڵگە بخاتە ڕوو کە بۆچی ھۆکاری کزبوونی ئابوورییە و، بۆ نموونە، گرفتی دەروونی یا کێشەی خێزانی نییە. لێرە ئیتر ڕوونکردنەوەکەی بەڵگەھێنانەوەشە. [٦]

ڕوونکردنەوە و پاساوھێنانەوە[دەستکاری]

بڕێ جار زاراوەی ڕوونکردنەوە لە تانوپۆی پاساوھێنانەوەدا بە کار دەبردرێ، دەوترێ پاساو ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە بۆچی باوەڕێک دروستە؛ بەڵام ھەندێ جار ڕوونکردنەوە پاساو نییە، بۆ وێنە لەوانەیە کەسێ زۆر بەوردی و بە شێوازێک کە زۆر جێی باوەڕ بێ ھۆکارەکانی مەسەلەیەک ھەڵبدا بەبێ ئەوەی کە تاقە بەڵگەیەکیش بخاتە ڕوو؛ واتە مەسەلەکە ڕوون بکاتەوە بەڵام نەتوانێ پاساوی بدا.[٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Wahbi, Taufiq; Edmonds, C.J. A Kurdish-English Dictionary. p. 14.
  2. ^ ھەنبانە بۆرینە.
  3. ^ "معنی تبیین | واژه‌های مصوّب فرهنگستان". www.vajehyab.com. Retrieved 2022-03-20.
  4. ^ ئ ا صادقی, مسعود (2006-10-23). "انواع تبیین و نظریه های تبیین علمی". پژوهشنامه فلسفه دین (نامه حکمت). 4 (2): 45–64. doi:10.30497/prr.2012.1181. ISSN 2228-6578. ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ Mayes, Gregory (2010). "Argument-Explanation Complementarity and the Structure of Informal Reasoning" (PDF). Informal Logic. 30: 92. doi:10.22329/il.v30i1.419.
  6. ^ Tittle, Peg (2011). Critical thinking. pp. 31-32.
  7. ^ Forrester, Alan (2010-02-15). "Explanation versus justification". critical rationalism blog (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-04-26.