ئەزموون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەزموون ئەو زانایییە یا ئەو زاڵێتییەیە لە ئاست ڕووداو یا بابەتێکدا کە بە ھۆی بەرکەوتن یا تێوەگلانەوە بە دەست دێ.[١]

وشەی تاقی نزیکایەتیی زۆرە لەگەڵ وشەی ئەزمووندا.

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەی ئەزموون لە چاوگی ئەزمووتەن -ی پاڵەوی کەوتۆتەوە کە لە فارسیدا بووە بە ئازموودەن و بە مانای تاقیکردنەوەیە. وشەکانی ئازمایش و ئازمایشت -یش ھاوڕیشەن لەگەڵ ئەم وشەیەدا.[٢]

پێناسە[دەستکاری]

ئەزموون ڕاستەوخۆ ڕوانینی ڕووداوەکانە، یا بەشداریکردن تیایاندا، کە دەبێتە بنەڕەتێک بۆ ناسیاریی زۆرتر. ئەزموون ئەغڵەب وشیارانەیە و بە ھۆیەوە سووژە لە بابەت جیھانەوە مەعریفە و زانایی بە دەست دێنێ. بۆ نموونە، کاتێ مرۆڤ لە ڕێگەی ھەستەکانی لەشەوە لە شتێ ئاگادار دەبێ و پێ دەزانێ (کاتێ شتێ دەبینێ یا دەبیسێ یا دەچێژێ) ئەوە خەریکە ئەزموون کۆ دەکاتەوە. سەرەڕای بەدیکردن و ھەستپێکردن، ڕووداوگەلی تر، وەک بیرکردنەوە و خەودیتنیش دەکرێ بە ئەزموون بژمێردرێن.[٣] لە مانایەکی جیاوازیدا، ئەزموون ناگەڕێتەوە بۆ سەر خودی ڕووداوەکان، بەڵکوو دەبرێتەوە سەر ئەو ناسیاری و ئاشنایەتییەی کە لەگەڵیاندا دێ. لەم مانایەدا، کەسێک کەوا لە کارەکەی خۆیا بەئەزموونە یا لە شاخەوانیدا بەئەزموونە، کەسێکە کە لە ڕووی کردارییەوە ئاشنایەتیی باشی ھەیە لەو بوارەدا. لێرەدا، ئیتر ئەزموون بە مانای پرۆسەیەکی وشیارانە نییە بەڵکوو بە مانای ئاکامی ئەو پرۆسەیەیە.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پێناسە جیاجیاکانی وشەی experience لە فەرھەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرددا (چاپی ١٩٨٩ ئەدیشنی دووەم) پێکەوە ھەڵسەنگێنە.
  2. ^ عەلی نانەوازدە، فەرھەنگی ھەرمان، چاپی ٢٠٠٥، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ٦٩.
  3. ^ Jorba, Marta (2010). "Is There a Specific Experience of Thinking?". philpapers.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-09-26.
  4. ^ "Enzyklopädie Philosophie". meiner.de (بە ئەڵمانی). Retrieved 2023-09-26.