بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەقڵی سەلیم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەقڵی سەلیم دوو مانای ھەیە: لە لایەکەوە، بە مانای ئەقڵی ئاسایی و بەبێ کەل و کۆمە، لە لایەکی ترەوە، بە مانای ئەو تێگەیشتنەیە کە مرۆڤی ساغ و ئاسایی لەبارەی مەسەلە و مژاری ھەرڕۆژەوە ھەیەتی و، زۆرینەی خەڵکیش لەگەڵیا ھاوڕا و شەریکن. لەم مانا دووەمەیدا، تێگەیشتنی باو و تێگەیشتنی ھاوبەش -یشی پێ دەوترێ.[١]

ویلیام جەیمز ئەقڵی سەلیم بە یەکێ لە قۆناغە سەرەتایییەکانی پەرەسەندنی زەین و فکری مرۆڤ دەزانێ. قوناغەکانی دواتر خۆیان گرێ داوە بەم قۆناغەوە، بەڵام قەت نەیانتوانیوە جێگەی بگرنەوە. لە دەمەتەقێی ئاساییدا، ئەقڵی سەلیمی ئینسان دەگەڕێتەوە بۆ چاکیی بڕیارەکانی و، سەیر و نامۆ نەبوونی کردەوە و قسەکانی و، نەختێ ژیریەتی نواندنی. بەڵام لە فەلسەفەدا مانایەکی یەکسەر جیاوازی ھەیە و بە واتای بەکارگرتنی کاتیگۆریگەلێکی فکریی دیاریکراوە. کانت دەیوت ئەزموون لە یەکەمین خۆھەڵکێشاندنی خۆیدا تێکترنجاویی نموودەکانە، ئاوێتە و مەڵغەمەیەکە کە زەین ناچارە یەکیەتیی پێ ببخەشێ تا لێی تێبگا. ناسیاری بریتییە لە گونجاندن و مەعقووڵکردن و شیاوی لێتێگەیشتن کردنی ئەوەی کە ھەستەکان وەریدەگرن، بە یارمەتیی کاتیگۆرییەکان. زەین کاتیگۆرییەکان دەسەپێنێ بە سەر ھەستپێکراوەکاندا. ئینجا ویلیام جەیمز دەڵێ ھەندێ لە کاتیگۆرییەکان، وەکوو شت، ھەرھەمانی و جیاوازی، جۆرەکان، گیان و جەستە، ھۆ، لەو کاتیگۆری و تێگەیشتانەن کە ئەقڵی سەلیم لە دێرزەمانەوە بۆ مەعقووڵکردن بە کاری ھێناون و ئێستاکەش ھەر بە کار دێن.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ Gesunder Menschenverstand (dewiki)
  2. ↑ جیمز، ویلیام. پراگماتیزم. لەلایەن عبدالکریم رشیدیان وەرگێڕدراوە. 110-115.