مافەکانی مرۆڤ لە عێراقی سەددام حوسێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کوشتن و ھەڵواسین لە سەردەمی سەددام حوسێن

ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ٢٠٠٣ بە سەردەمێکی ڕەش و خراپدا تێپەڕی، کە بە خراپترین دۆخی مافەکانی مرۆڤ ھەڵسەنگێنراوە.

سەددام حوسێن لەھەموو ڕوویەکەوە، دەسەڵاتەکانی بۆ سەرکوت کردن و لەناوبردنی نەیارەکانی بەکار ھێنا. ئەگەر چی عێراق لە جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤی لە ساڵی ١٩٤٨ دا پەسەند کردبوو،[١] بەڵام ڕژێمی سەددام حوسێن ئەوانەی ھەموو پشتگوێ خستبوو، چاپ و بڵاوکردنەوەی سێ لاپەڕەکەی جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ قەدەغەکرابوو،[٢] کە باسیان لە مافەکانی ئازادیی و سیاسی دەکرد.[٣] دەنگی ناڕەزایی ھاونیشتمانیانی کورد لە باکوور و شیعە مەزھەبەکان لە باشوور بە کوشتن و ھەڵواسین وەڵام دەدرایەوە.[٤] ژمارەی ئەوانەی سەددام حوسێن کوشتوونی و لەناوی بردوون لەسەردەمی دەسەڵاتیا تاکو ئەمڕۆ تەواو نەزانراوە، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە ٢٥٠ ھەزار کەس خەمڵاندویەتی.[٥] کە زۆرینەی ئەم خەڵکانە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەنفال و کیمیاوی بارانی ھەڵەبجە و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بوون.[٦]

بەڵگەنامەکان لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ساڵەکانی ١٩٧٩–٢٠٠٣[دەستکاری]

ئەنفالەکان[دەستکاری]

بابەتی سەرەکی: ئەنفال

مۆنومێنی ئەنفالکراوەکان لە چەمچەماڵ

ئەنفال یان جینۆسایدی ئەنفال بە کۆمەڵ کوژیی کوردانی باشووری کوردستان دەڵێن کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەددام حوسێن لەژێر ناوی کەمپەینی ئەنفال، ئەنجام درا. لە کۆمەڵ کوژییەکە ٥٠٬٠٠٠ بۆ ١٨٢٬٠٠٠ کەس کوژران. عەلی حەسەن ئەلمەجید سەرکردەی ئەم کەمپەینە بوو، کە لە کۆتاییی شەڕی ئێران و عێراق ئەنجام درا.[٧] وڵاتانی سوێد، نەرویژ، و بریتانیا بەشێوەیەکی ڕەسمی کۆمەڵ کوژیی ئەنفالیان بە جینۆساید داناوە. لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ پەرلەمانی سوێد بڕیاری لەسەر ناساندنی ئەم جینۆسایدە دا. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٣ خانەی عەوامی بەریتانیا (British House of Commons) بەشێوەیەکی یاسایی جینۆسایدی ئەنفالی ناساند. بکەری ئەم تاوانە، عەلی حەسەن ئەلمەجید لە پاش دادگاییکردنی لە سێدارە دراوە. شوێنەواری ئەم کارە ناڕەوایە تاکو ئەمڕۆ لەسەر هزر و بیری خەڵکی ئەو ناوچانەدا ماوەتەوە. بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی کە دوای ئەم کارە سەددام حوسێن لە دەسەڵاتدا بووە، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە وڵاتانی مافپەروەر هیچ کردارێک و باسێکی ئەوتۆیان لەسەری نەدرکاندوە، کە ئەمە خودی مافەکانی مرۆڤ و واژۆی جاڕنامە جیهانییەکان دەخاتە ژێر پرس.

کیمیابارانی ھەڵەبجە[دەستکاری]

بابەتی سەرەکی: کیمیابارانی ھەڵەبجە

کیمیابارانی ھەڵەبجە یان کۆمەڵ کوژیی ھەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ ڕوویدا لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران-عێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە کە شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرد، زیاد لە ٥٬٠٠٠ ھاووڵاتی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھیدکران و ١٠٬٠٠٠ کەسی تریش بریندارکران ئەمە جگە لە ونبوونی چەندەھا منداڵ.[٥] کیمیابارانکردنی بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت بە گازی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

کۆمەڵکوژی[دەستکاری]

سەددام حوسێن لە چەندین ڕووداوی جۆراوجۆردا کۆمەڵ کوژی ئەنجام داوە، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا، دوای کۆتاییھاتنی جەنگی کەنداوی دووەم، سەدان ھاووڵاتی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان و لە باکووری عێراق ھاووڵاتیانی ڕاپەڕیووی کۆمەڵ کوژ کرد، کە ھەندێکیان دوای لەناوبردنی ڕژێمەکی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.[٥]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Yearbook of the United Nations 1948-49". Yearbook of the United Nations. 1949-12-31. doi:10.18356/e4eb38e2-en. ISSN 2412-1541.
  2. ^ Ahamd, Ebad E.; Bayz, Hemin Q. (2020). "پاراستنی مافی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستوورێکی هاوچەرخی داڕێژراو لە سەر بنەمای تێوری هاووڵاتی بوونی چەند کەلتووری دا". نحو دستورٍ معاصر لإقليم كوردستان-العراق. Koya University. doi:10.14500/tmc2019.cos225. ISBN 978-9922-9248-0-9.
  3. ^ "کەناڵی کوردستان. "ڕۆژی مافی مرۆڤ"".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "JURIST - Dateline". web.archive.org. 2010-06-25. Retrieved 2021-05-05.
  5. ^ ئ ا ب Middle East watch, Human Rights Watch (1993). جینۆساید لە عێراق. New York.
  6. ^ "War in Iraq: Not a Humanitarian Intervention". Human Rights Watch (بە ئینگلیزی). 2004-01-25. Retrieved 2021-05-05.
  7. ^ محەمەد, عومەر (2013). پەلامارە سەربازییەکانی ئەنفال لەهەشت قۆناغدا. سلێمانی - کوردستان: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان - سلێمانی.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]