عەلی حەسەن مەجید
| عەلی حەسەن مەجید | |
|---|---|
| بە عەرەبی: علي حسن المجيد | |
| لەدایکبوون | ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤١ تکریت، عێراق |
| مردن | ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ (٦٨ ساڵ ژیاوە) بەغدا، عێراق |
| ناسناو | Ali el Químico، El Carnicero del Kurdistán، Chemical Ali |
| ھۆی مەرگ | ھەڵواسین |
| شوێنی ناشتن | عۆجە |
| خوشک و برا | عەبد حەسەن مەجید، ھاشم حەسەن مەجید |
| خزمەکان | سەددام حوسێن |
| تاوانبار بە | تاوانی جەنگی، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی |
| پیشە | سیاسەتوان، ئەفسەری سەربازی، تاوانباری جەنگ |
| پۆستەکان | وەزیری ناوخۆی عێراق، وەزیری بەرگری |
| دەستپێکی چالاکی | ١٩٥٩ |
| کۆتایی ساڵانی چالاکی | ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ |
| ئەندامی حیزبی | حیزبی بەعسی عێراق |
| ئایین | سوننە |
| پلەی سەربازی | سەرداری یەکەم |
| ناکۆکی | شەڕی ئێران و عێراق، شەڕی کەنداو، شەڕی عێراق، تێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان |
| لقی سەربازی | ھێزە وشکانییەکانی عێراق |

عەلی حەسەن مەجید (بە عەرەبی: علی حسن عبد المجید التکریتی)(١٩٤١ - ٢٠١٠) ناسراو بە عەلی کیمیایی ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای ڕژێمی بەعس و ئامۆزای سەدام حوسێن بوو کە وەکو کەسی یەکەم لە کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە سزای لەسێدارەدان تۆمەتبار کرا و لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لەسێدارەدرا بە بڕیارێک لەلایەن دادگای تاوانەکانی بەغداد. ئەو بە یەکێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی سەددام حوسێن ھەژمار دەکرا و لە ساڵی ١٩٦٨ دا و لە ڕیزەکانی حیزبی بەعسدا پۆستی «فەریق ڕوکن»ی پێ درا، عەلی کیمیاوی بە دەستەڕاستی سەدام حووسێن پەسن دەکرا و جێبەجێکاری زۆرێک لەو کردارە و تاوانە خوێناوییانە بووە کە دەرھەق بە کورد و عێراقییەکان ئەنجام دراون.[١]
ژیان
[دەستکاری]عەلی کیمیایی بەپێی بەڵگەنامەکان لە ساڵی ١٩٤١ لە تکریت لە دایک بووە، بەڵام بۆخۆی وتوویەتی لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٤ە، تەمەنی منداڵی لە تکریت بەسەر بردووە.[٢] لە ئازاری ١٩٨٧دا بەرپرسی یەکەمی بەعس بووە لە ھەرێمی کوردستان و دەستی بەسەر ھێزەکانی پۆلیس و سوپادا گرتووە. دوای دوو مانگ لە وەرگرتنی پۆستەکەی، دەستی کردووە بە ڕاگواستنی ھاووڵاتیانی کورد بۆ ناوچە بیابانییەکانی عێراق و پڕۆسەی ئەنفالی بە بێسەروشوێنکردنی ١٨٢ ھەزار کورد دەست پێ کردووە.[٣] لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ دا بە سەرپەرشتی عەلی کیمیایی شاری ھەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی بۆردوومان کرا و ٥ ھەزار کەسی کوژرا. لە ئابی ١٩٩٠دا کە ڕێکەوتی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە بوو، عەلی کیمیاوی ڕۆڵی سەرکوتکارانەی ھەبووە. ماوەیەک وەزیری ناوخۆ بووە و لە نێوان ١٩٩١ تا ١٩٩٥دا بووتە وەزیری بەرگری و لە ١٩٩٦یشدا دەستی لە کوشتی سەدام کامیل و حوسێن کامیلی برازا و زاوای سەددام حوسێندا ھەبووە.
لە دەستپێکی پڕۆسەی جەنگی ئازادیی عێراقدا، بەرپرسیارییەتی ناوچەکانی باشووری عێراقی پێ دراوە. لە نیسانی ٢٠٠٣دا ئەوە ڕاگەیندرا کە لە بۆردوومانێکدا کوژراوە، بەڵام دواتر و لە حوزەیراندا ئەو ھەواڵە ڕەت کرایەوە. لە لیستی ئەو ٥٥ تۆمەتبارەی کە ئەمریکا داوای کردبوون لە ڕیزبەندی پێنجەمدا بووە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٠٣دا دەستگیر کرا و لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٧دا لەسەر جینۆسایدی ئەنفال سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکرا، لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لە سێدارە درا.[٤]