ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە مۆتسارتەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت
مۆتسارت جلێکی سووری لەبەردایە، وێنەکە کێشراوە لەلایەن باربرا.
لەدایکبوون یۆھانس کریسۆستومۆس ڤۆڵفگانگەس تیۆپیلس مۆتسارت[١]
(١٧٥٦-کانوونی دووەم-٢٧) ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٧٥٦
ساڵزبێرگ،  نەمسا
مەرگ ٥ی کانوونی یەکەمی ١٧٩١ (بە ٣٥ ساڵی)
 ڤیەننا، نەمسا،  ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز
شوێنی گۆڕ گۆڕستانی قەشە مارکس
نەتەوە ئاڵمانیا ئەڵمانی
ناوەکانی تر ڤۆڵفگانگ ئامادێ مۆتسارت، مۆزارت
پیشە پیانۆژەن، ئاوازدانەر، کەمانژەن، ژەنیار
کارە دیارەکانی
  • فلووتە ئەفسوناوییەکە
  • ئاین کلاینە ناختموسیک
  • ھاوسەرگیری فایگارۆ
باڵا ١٦٢.٥
ئایین کاتۆلیکی
ھاوسەر کۆنستنز مۆتسارت
منداڵەکان ٦ منداڵ
دایک و باوک لیۆپۆڵد مۆتسارت و ئانا ماریا
خەڵاتەکان ئۆردەر ئۆف زە گۆڵدن سپەر
واژۆ
Wolfgang Amadeus Mozart Signature.svg

ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت (بە ئاڵمانی: Wolfgang Amadeus Mozart – ھەروەھا ناسراوە بە مۆزارتئای پی ئەی: /ˈwʊlfɡæŋ æməˈdeɪəs ˈmoʊtsɑrt/؛[٢] ناوی سەرەکی: MOHT-sart) ئاوازدانەر، پیانۆژەن، و کەمانژەنێکی کاریگەری دەمەی کلاسیک بووە و گەلێک بەرھەمی بەجێ ھێشتووە. مۆتسارت لە ساڵزبێرگ لەدایکبووە و ھەر لە سەرەتاکانی منداڵییەوە توانا مەزنەکانی لە مۆسیقادا دەرکەوتوون. لە تەمەنی پێنج ساڵاندا توانیوێتی ھەردوو ئامێری پیانۆ و کەمان بژەنێت و ھەروەھا ئاوازی خۆی داناوە و لە پاش ڕۆێاڵتی ئەورووپادا نمایشی کردووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، وەک ژەنیارێک کاری دەکرد بۆ پاشا لە ساڵزبێرگ، بەڵام لەم کارە بێزار بوو. ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی کە کۆچ بکات و بەدوای کاری نوێدا بگەڕێت. لەکاتی سەردانی ڤیەننادا لە ساڵی ١٧٨١دا، موتسارت لە کارەکەی لە ساڵزبێرگ دەرکرا. ئەو بڕیاری دا کە لە پایتەخت بمێنێتەوە. لەوێش ناوبانگی دەرکرد، بەڵام لە ڕووی داراییەوە بووژانەوەیەکی بە خۆیەوە نەبینی. ناودارترین و ناسراوترین کارەکانی مۆتسارت وەک کنچێرتۆ، سیمفۆنی و ئۆپێراکانی لەگەڵ بەشێک لە مۆسیقای مردوو ناشتنەکەی، کە بە تەواونەکراوی بەجێ ما بەھۆی مردنیەوە، لە کۆتاییەکانی تەمەنی لە ڤیەننادا بەرھەمھێنراون.

ھۆکاری مردنەکەی بە تەواوی نەزانراوە و کراوە بە چیرۆک و خەیاڵ. ئەو لە دوای خۆی، خێزانەکەی بە ناوی کۆستانز مۆتسارت، لەگەڵ دوو منداڵی کوڕی بەجێھێشت.

موتسارت زیادتر لە ٦٠٠ کاری نووسیوە و بەرھەمھێناوە و، زۆربەی کارەکانی بە پایەی مۆسیقای سیمفۆنی، کنچێرتۆ، چامبەر، ئۆپێرا و کۆراڵ ناسراون. ئەو یەکێکە لە بەناوبانگترین ژەنیار و ئاوازدانەرە کلاسیکییەکان و کاریگەرییەکی مەزنی کردووەتە سەر ھونەری ڕۆژئاوایی. لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن چەندین کاری خۆی لە ژێر سێبەری مۆتسارتدا نووسیوەتەوە و یۆسێف ھایدنیش لەبارەی مۆتسارتەوە نووسیوێتی: «نەوەکانی دواڕۆژ ھەرگیز بەھرەیەکی وا نابیننەوە تاکو ١٠٠ ساڵی تریش.»[٣]

ژیان و پیشە[دەستکاری]

ژیانی گەنجی[دەستکاری]

خێزان و منداڵی[دەستکاری]

وێنەیەکی ١٧٦٣ کە مۆتسارت پیشان دەدات، کێشراوە لەلایەن وێنەکێشێکی نەناسراوەوە

ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٧٥٦ لەدایکبووە لە باوکی لیۆپۆڵد مۆتسارت (١٧١٩–١٧٨٧) لەگەڵ دایکی ئانا ماریا (١٧٢٠–١٧٧٨) لە ساڵزبێرگ.[٤] ساڵزبێرگ پایتەختی یەکێک لەو دەوڵەتانە بوو کە لەژێر دەست و دەسەڵاتی قەشەکاندا بووە، لە پێشوودا بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز، ئێستاش ناسراوە بە نەمسا.[٥] لە ٧ منداڵدا، کە پێنج لەو منداڵانە ھەر بە ساوایی مردن، ئەو گەنجترینیان بوو.[٦] خوشکە گەورەکەی ناوی ماریا ئانا مۆتسارت (١٧٥١–١٨٢٩) بوو (ئەو ناوی نانێرلی لێ ندرابوو). مۆتسارت باپتایز (بە مەسیحکردن) کرا ڕۆژێک دوای لەدایکبوونی، لە کڵێسای ڕوپێرت لە ساڵسبێرگ. لە تۆماری باپتیزمەکەدا ناوەکەی بە لاتینی نووسراوە و بە یۆھانس کریسۆستومۆس ڤۆڵفگانگەس تیۆپیلس مۆتسارت ناوبراوە. ئەو خۆی بە «ڤۆڵفگانگ ئامادێ مۆتسارت» ناوبردووە لە پێگەیشتوویدا، بەڵام ناوەکەی چەند شێوەیەکی ھەبووە.[٧]

لیۆپۆڵد مۆتسارت دانیشتوویەکی ڕەسەنی ئاگسبێرگی ئەڵمانیا بووە،[٨] ئەو ئاوادانەرێکی بچووک و مامۆستایەکی بەتوانا و بەھرە بووە. لە ١٧٤٣دا ئەو بووە بە چوارەم کەمانژەن بۆ ئەو دامەزراوە مۆسیقییەی لەژێر دەستی پادشای ساڵزبێرگ بووە، بە ناوی «کاونت لیۆپۆڵد ئانتۆن ڤۆن فیرمیان.»[٩] چوار ساڵ دوای ئەمە، ئەو ھاوسەرگیری لەگەڵ ئانا ماریا کرد لە ساڵزبێرگ. لیۆپۆڵد بووبە جێگرەوەی کێپلیماستەری ئۆرکێستراکە لە ١٧٦٣دا. لەو ساڵەی کوڕەکەی تێیدا لەدایکبوو، ئەو کتێبێکی نووسراوی کەمانی بڵاوکردەوە، کە سەرکەوتنی بەدەستھێنا.[١٠]

کاتێک نانێرل حەوت ساڵان بوو، براکەشی سێ ساڵان بوو، ئەو دەستی بە خوێندنی وانەی تەختەکلیل کرد لەگەڵ باوکیدا. چەند ساڵ دواتر دوای مردنی براکەی، ئەو باسی بەسەھاتە خۆشەکانی کرد:

« ئەو کاتی زۆری بەسەر دەبرد لەسەر تەختەکلیلەکە، سێیی دەیژەن، کە ھەمووجارێک سەرکەوتوو دەبوو، خۆشحاڵییەکەشی وای پیشان دەدا کە دەنگی باش بووە... لە تەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی، وەک یارییەک، چەند خولەکێک چەند پارچەیەکی فێر دەکرد لەسەر تەختەکلیلەکە... ئەو دەیتوانی بیژەنێت بەبێ ھەڵە و بە باشترین شێوە، ڕێک لەکاتی خۆیدا... لە تەمەنی پێنج ساڵاندا، ئەو خۆی پارچەی بچووکی دەنووسییەوە، کە بۆ باوکی دەژەنی و ئەویش دەینووسییەوە. » [١١]

شوێنی لەدایکبوونی مۆزارت لە ساڵزبێرگ

ئەم کارە زووانەی، بەناوی کەی ١–٥ تۆمارکراون لە دەفتەری نانێرل، دەفتەرێک کە باوکی نانێرل مۆسیقای بۆ دەنووسییەوە بۆ فێربوونیان. زانایان مشتومڕیان کردووە لەسەر تەمەنی مۆتسارت لەکاتی نووسینەوەی یەکەمین کارەکانی، ھەندێک دەڵین چوار ساڵان بووە و ھەندێکیش دەڵێن پێنج، بەڵام ھەموویان لەسەر ئەوە دڵنیان کە یەکەم سێ کاری مۆتسارت کە نووسیوەتەوە تەنھا چەند ھەفتەیەکیان بەینە.

لە تەمەنی گەنجیدا، باوکی مۆتسارت تەنھا مامۆستای ئەو بووە. لە پاڵ مۆسیقادا، ئەو زمان و بابەتی ئەکادیمی فێری منداڵەکانی دەکرد.[١٢] سۆلۆمۆن دەڵێت کە لەکاتێکدا لیۆپۆڵد مامۆستایەکی بەتوانای منداڵەکانی بووە، بەڵگە ھەیە کە مۆتسارت سوور بووە لەسەر ئەوەی کە ویستوویەتی شتی تر فێرببێت.[١٢] یەکەم نووسینی تەواوی و تواناکەی لە ژەنینی کەماندا، ھەمووی ڕەنجدانی خۆی بوون و بە تەواوی واقی لیۆپۆڵدی وڕمان بوو.[١٣] ئەو بە کورتی دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە توانا مۆسیقییەکانی کوڕەکەی پەرەی سەندووە، وازی لە ئاوازدانان ھێنا.[١٤]

١٧٦٢–٧٣: کۆچکردن[دەستکاری]

لەکاتێکدا کە مۆتسارت گەنج بوو، خێزانەکەی چەند گەشتێکیان ئەنجامدا بەناو ئەورووپادا، کە تێیدا ئەو و خوشکەکەی نماییشیان کردووە وەک دوو منداڵی جێگرەوە. ئەمە لەگەڵ نماییشکردنی کارە ھونەرییەکانیان دەستی پێکرد لە ساڵی ١٧٦٢ لە کۆرتی ماکسیمیلیانی سێیەم لە باڤاریا، دواتریش لە ڤیەننا و پراگ. گەشتێکی کۆنسێرتی درێژ دەستی پێکرد کە ماوەی سێ ساڵ و نیوی خایاند و، خێزانەکە لەم ماوەیەدا ڕوویانکردە مونیک، مانھایم، پاریس، لەندەن، دێن ھاگ،[١٥] دواتر دووبارە گەڕانەوە بۆ پاریس و بەناو شارەکانی زووریخ، دۆناوشنێن و مونیکدا گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. لە ماوەی ئەم گەشتەدا، مۆتسارت چەند ژەنیارێکی ناسی و خۆی بە کارەکانی ئاوازدانەرانی تر ناساند. یەکێک لە کاریگەرییە گرنگەکان لەسەری یۆھان کریستیان باخ بوو، کە لە لەندەن سەردانی کردبوو لە ١٧٦٤ و ١٧٦٥. خێزانەکە دواتر دووبارە سەردانی ڤیەننایان کردەوە لە کۆتاکانی ١٧٦٧ و لەوێ مانەوە ھەتاکو کانوونی یەکەمی ١٧٦٨.

مۆزارت یەکەم سیمفۆنی خۆی نووسی لە تەمەنی ھەشت ساڵاندا. ڕێی تێدەچێت کە باوکی یارمەتی دابێت.[١٦]

خێزانەکە لە گەشتدا: لیۆپۆڵد، ڤۆلفگانگ، و نانێرل. ڕەنگیاوی لەلایەن لویس کارۆگیس کارمۆنتێل. ١٧٦٣[١٧]

گەشتەکانی ئەم خێزانە زۆرجار سەخت بوون و، ھەلەکانیان لە ئەنجامدانی گەشتەکان سەرەتایی بوو. ئەوان پێویست بوو چاوەڕێی بانگھێشتکردن و یارمەتی خانەدانەکان بکەن، ھەروەھا ئەوان تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەبوون دوور لە ماڵی خۆیان کە لە مەرگی نزیک دەکردنەوە. یەکەم جار لیۆپۆڵد (لەندەن، ھاوینی ١٧٦٤) دواتریش ھەردوو منداڵەکەیان (دێن ھاگ، پایزی ١٧٦٥)

دوای بەسەربردنی یەک ساڵ لە ساڵزبێرگ، لیۆپۆڵد و مۆتسارت بەڕێ کەوتن بەرەو ئیتاڵیا، ئانا ماریا و نانێرلیان لە ماڵەوە بەجێھێشت. گەشتەکەی ئەم دوانە بەردەوام بوو لە کانوونی یەکەمی ١٧٦٩ بۆ ئازاری ١٧٧١. ھەر وەک گەشتەکانی پێشوویان، لیۆپۆڵد دەیویست کە تواناکانی کوڕەکەی نمایشبکات و بیسەلمێنێت کە بەخێرایی دەبێت بە ئاوازدانەرێکی پێگەیشتوو. مۆتسارت یۆسێف میسلیڤێشک و گیۆڤانی باتیستا مارتینیی ناسی لە بۆلۆنا و، لەوێ وەک ئەندامێکی ئەکادیمیای بەناوبانگ فیلارمۆنیکا قبووڵ کرا. لە ڕۆما، ئەو دووجار گوێی لە پارچەیەکی مۆسیقی گریگۆریۆ ئالێرگی بوو بەناوی مێسرێر. ئەو بەو دوو جارە توانی لە مێشکی خۆیدا بینووسێتەوە و یەکەم وەشانی ڕێگەپێنەدراوی دەربکاتەوە، ھەرچەندە بە توندی چاودێریشی بە توندی خرابووە سەر لەلایەن ڤاتیکان.[١٨][١٩]

لە میلان، مۆتسارت ئۆپێرای میتریداتێ، ڕێ دی پۆنتۆ (١٧٧٠)ی نووسییەوە، کە نمایشکردنەکەشی سەرکەوتنی بەدەستھێنا. ئەمەش بووە ھۆکاری بەرھەمھێنانی ئۆپێرای زیادتر. ئەو دووجار لەگەڵ باوکیدا گەڕایەوە بۆ میلان (ئاب – کانوونی یەکەم ١٧٧١؛ تشرینی یەکەمی ١٧٧٢ – ئازاری ١٧٧٣) بۆ نووسینەوە و نمایشکردنی ئاسکانیۆ ئین ئالبا (١٧٧١) لەگەڵ لۆکیۆ سیلا (١٧٧٢). لیۆپۆڵد بەھیوای ئەوە بوو کە ئەم سەردانانە ببێتە ھۆکاری چاوپێکەوتنێکی فەرمی بۆ کوڕەکەی، ھەر دوای ئەمەش ئارکدوک فێردیناند بیری لەوە کردەوە کە مۆتسارت بە کرێ بگرێت، بەڵام دوای ئەوەی دایکی قسەی بۆ ئەم پادشایە کەرد لەبارەی کاردان بە کەسانی «بێ سوود»ەوە، ئاواتەکەی لیۆپۆڵد ھێشتا نەھاتە دی.[٢٠][٢١]

لە کۆتاییەکانی گەشتەکەی ئیتاڵیادا، مۆتسارت یەکێک لەو کارانەی نووسیەوە کە ھێشتا تاکو ئەمڕۆش نمایش دەکرێت: مۆتێت ئێکسولتات.

١٧٧٣–٧٧: دامەزرانی لە ساڵزبێرگ[دەستکاری]

مۆتسارت لە ساڵی ١٧٧١دا

دوای ئەوەی لەگەڵ باوکیدا گەڕایەوە بۆ ئیتاڵیا لە ١٣ی ئازاری ١٧٧٣، مۆتسارت وەک ژەنیارێکی پادشا دامەزرا لەلایەن دەسەڵاتداری ساڵزبێرگ، ھیرۆنیمس ڤۆن کۆڵێرێدۆ. مۆتسارت ژمارەیەکی باش لە ھاوڕێ و ھەواداری ھەبوو لە ساڵزبێرگ،[٢٢] ھەروەھا ھەلی زۆری لەبەردەم بوو بۆ نووسینەوەی کارەکانی لە چەندەھا چەشنی مۆسیقای جیا جیادا، لەمانە وەک سیمفۆنییەکان، سۆناتاکان، کوارترێتی ئامێری تەلدار، ماس، سروودەکان و چەند ئۆپێرایەکی بچووک. لە بەینی نیسان بۆ کانوونی یەکەمی ١٧٧٥دا، مۆتسارت سەرسامییەکی بۆ دروست بوو بۆ کنچێرتۆی کەمان، بەھۆی ئەمەشەوە پێنج دانەی لەو جۆرە کارە بەرھەم ھێنا، کە لە ڕووی مۆسیقییەوە ناودارتری کرد. کۆتا سێ دانە (کەی. ٢١٦، کەی. ٢١٨، کەی. ٢١٩) ئێستا وەک پارچەی ڕێپێتوا ناودارن. لە ١٧٧٦دا، ئەو کۆششەکانی خستە گەڕ بۆ بەرھەمھێنانی کنچێرتۆی پیانۆ، وەک لە کنچێرتۆی کەی. ٢٧١دا دەرکەوتووە کە لەسەر ئی فلات نووسراوەتەوە.[٢٣]

ھەرچەندە سەرکەوتنی بەدەستھێنا لە ڕووی ھونەرییەوە، مۆتسارت بە بەھێزی ناخۆشحاڵ بوو لە ساڵزبێرگ، بۆیە ھەوڵەکانی دوو-ھێندە کرد بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی تر تاکو خۆی لێ دابمەزرێنێت. یەکێک لە پاڵنەرەکان بۆ ئەم کارە داھاتە کەمەکەی بوو، کە تەنھا ١٥٠ فلۆرین بوو لە ساڵێکدا؛[٢٤] مۆتسارت ھیوای ئەوە بوو کە ئۆپێرا بنووسێتەوە، ساڵزبێرگیش بە دەگمەن ھەلێکی وای تێدا ھەڵدەکەوت بۆ ئەوەی ئەو ئەم کارە بکات. حاڵی مۆزارت شلۆق تر بوو لە ١٧٧٥دا کاتێک کە شانۆی ناوچەکەی داخرا، چوونکە شانۆکانی تری ساڵزبێرگ زۆرینەیان دابین کرابوون بۆ ھونەرمەندە گەشتیارەکان.[٢٥]

مۆتسارت و باوکی سەردانی ڤیەننایان کرد لە ١٤ی تەمووز بۆ ٢٦ی ئەیلوولی ١٧٧٣، دواتریش مونیک لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٧٧٤ بۆ ئازاری ١٧٧٥. ھیچ کامێک لەم سەردانانە لە ڕووی داراییەوە بە شێوەیەکی پێویست نەیبووژاندنەوە و سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام گەشتەکەیان بە ناو مونیکدا بووە ھۆی سەرکەوتن لە ڕووی ناوبانگەوە بۆ مۆتسارت، دوای پەخشکردنی ئۆپێراکەی مۆتسارت لا فینتا گیاردینیرا.[٢٦]

گەشت بەرەو پاریس[دەستکاری]

مۆتسارت لە پاریس، یەکێک لەو باجانەی لە ملدایە کە پاپا کلێمێنت پێی بەخشیوە لە ساڵی ١٧٧٠. وێنەکە کۆپی کارێکی ١٧٧٧ە کە ئێستا ونە.[٢٧]

لە ئابی ١٧٧٧دا مۆتسارت دەستی لە کارەکەی ساڵزبێرگی کێشایەوە،[٢٨] ھەروەھا لە ٢٣ی ئەیلوول دووبارە چووە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای کارێکدا، بووە ھۆی سەردان کردنی ئۆگسبێرگ، مێنھایم، پاریس، لەگەڵ مونیک.[٢٩]

مۆتسارت پەیوەندی بەست لەگەڵ ئەندامانی ئۆرکێسترایەکی بەناوبانگی مێنھایم، کە باشترین ھەموو ئەورووپا بوون لەو کاتەدا. ئەو ھەروەھا کەوتە داوی خۆشەویستی ئەلۆیسیا وێبەر، کە یەکێک لە چوار کچەکەی خێزانیکی مۆسیقی بوو. ئەو بەردەوام بوو لە بەدوا گەڕانی کارێک لە مێنھایم، بەڵام بە ھیچ نەگەیشت،[٣٠] مۆتسارتیش بەرەو پاریس بەڕێ کەوت لە ١٤ی ئازاری ١٧٧٨ بۆ بەردەوام بوون لە گەڕان.[٣١] یەکێک لە نامەکانی کە لە پاریسەوە نووسیویەتی وای پیشان دەدات کە کارێکی پێشکەش کراوە، ئەویش ئۆرگانژەنیی بووە لە ڤارسیلز، بەڵام ئەو کارە سەرنجی ئەوی ڕانەکێشاوە.[٣٢] بەھۆی بێکارییەوە ئەو تووشی قەرزاری بوو، دواتریش کەوتە فرۆشتنی بەرھەمە گرانبەھاکانی.[٣٣] لە ٣ی تەمووزی ١٧٧٨ دایکی مۆتسارت نەخۆشکەوت و مرد،[٣٤] لەم کاتەشدا حاڵی مۆتسارت لە ئەوپەڕی شلۆقی بوو. خێزانەکەی درەنگ کەوتوون لە بانگھێشتکردنی دکتۆرێک بەھۆی کەمی داھاتەوە.[٣٥] مۆتسارت لە پاریس لەگەڵ پیاوێکدا دەژیا بەناوی مێڵکۆر گریم.[٣٦]

لەکاتێکدا کە مۆتسارت لە پاریس بوو، باوکی ئەو لە ساڵزبێرگەوە بە دوای کارێکدا دەگەڕا بۆی.[٣٧] بەھۆی یارمەتی خانەدانێکی ناوخۆوە، مۆتسارت کارێکی دەستکەوت وەک ئۆرگانژەن و کۆنسێرت ماستەرێک. داھاتی ساڵانەی کارەکە ٤٥٠ فلۆرین بوو،[٣٨] بەڵام مۆتسارت لە کەللەڕەقی خۆی بەردەوام بوو؛ ئامادەی قبووڵکردنی ئەم کارە نەبوو.[٣٩] دواتر پەیوەندی نێوان گریم و مۆتسارت سارد بۆوە و مۆتسارتیش ماڵاوایی لێ کرد. دوای بەجێھێشتنی پاریس لە ئەیلوولی ١٧٧٨ بۆ ستارسبۆرگ، ئەو لە نێوان مونیک و مێنھایمدا دەھات و دەچوو بەھیوای دەستکەوتنی کارێک لە دەرەوەی ساڵزبێرگ. لە مونیک، ئەو دووبارە چاوی بە ئەلۆیسیا کەوتەوە، کە لەو کاتەدا ببوو بە گۆرانیبێژێکی سەرکەوتوو، بەڵام ئەو خانمە چی تر مۆتسارتی خۆش نەدەویست.[٤٠] مۆتسارت لە کۆتاییدا دووبارە گەڕایەوە بح ساڵزبێرگ لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٧٧٩ و ناچار بوو کە کارەکەی کە باوکی بۆی دۆزیبۆوە قبووڵی بکات، بەڵام ئەو ھێشتا لە ساڵزبێرگ خۆشحاڵ نەبوو.[٤١]

لە ماوەی ڕوودانی ئەم گەشتانەی مۆتسارتدا، ئەو چەند کارێکی بەرھەمھێناوە، لە بەناوبانگترینیان پێکھاتوون لە سۆناتایەکی پیانۆ لەسەر کلیلی ئەی ماینەر، لەگەڵ «سیمفۆنی پاریس» (ژ. ٣١)، کە لە پاریس پێشکەش کران لە ١٢ و ١٨ی ١٧٧٨.[٤٢]

ڤیەننا[دەستکاری]

١٧٨١: کۆچکردن[دەستکاری]

خێزانی مۆتسارت، ١٧٨٠. تابلۆی سەر دیوارەکە دایکی مۆتسارتە.

لە کانوونی دووەمی ١٧٨١دا، ئۆپێراکەی مۆتسارت، ئیدۆمێنیۆ، بۆ یەکەم جار پەخش کرا لە مونیک و سەرکەوتنی بەدەست ھێنا.[٤٣] لە مانگی ئازاری ھەمان ساڵ، مۆتسارت بانگھێشت کرا بۆ ڤیەننا، لەوێ بەڕێوەبەرەکەی، سەرۆکقەشە کۆلۆرێدۆ؛ ئامادەبووی ئاھەنگی یۆسێفی دووەم بوو دوای ئەوەی بووبە سەرۆکی نەمسا. کۆلۆرێدۆ بۆیە مۆتسارتی بانگھێشت کرد چوونکە ویستبووی کە بەکرێگیراوە مۆسیقییەکەی ئامادە بێت. بەڵام مۆتسارت پلانی بۆ پیشەیەکی گەورەتر ھەبوو؛ وەک لە پەیامێکدا دیارە کە بۆ باوکی ناردووە:[٤٤]

«ئامانجی سەرەکیم لە ئێستادا چاوپێکەوتنە بە ئیمپراتۆرەکە بە شێوازێکی پەسەند، من بە ڕاستی دڵنیام کە ئەو دەبێت بمناسێت. – من زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر بتوانم ئۆپێراکەی خۆمی بۆ نمایش بکەم و دواتریش یەک یان دوو فوگای بۆ بژەنم، چوونکە ئارەزوو بەوە دەکات.»[٤٥] مۆتسارت دواتر لە ڕاستیدا چاوی بە ئیمپراتۆرەکەش کەوت، ئەویش بووبە پشتگیری مۆتسارت و یارمەتی پیشەکەی دا بە پێدانی کارێکی لاوەکی و بڕە پارەیەک.

لە ھەمان پەیامدا بۆ باوکی، مۆتسارت باسی پلانەکانی کردووە لە بەشداریکردنی یەکێک لە کۆنسێرتەکان لە کۆمەڵگەی ژەنیاران (Tonkünstler-Societät)، کە زنجیرەیەک کۆنسێرتی بەردەوام بوو، دەیتوانی یارمەتی مۆتسارت بدات لە پاشەکەوتکردن.[٤٥] ئەم پلانەشی بە ھەمان شێوە سەرکەوتوو بوو؛ خانەدانە ناوخۆییەکان بوونە ھۆکاری سەرگرتنی.[٤٦]

مۆتسارت لە ساڵی ١٧٨٠

کۆلۆرێدۆ دەیویست ڕێگری بکات لە مۆتسارت لە نمایشکردن لە دەرەوەی دامەزراوەکانی خۆی، لەم پلانەشدا سەرکەوتوو بوو، کە بووە ھۆکاری تووڕەبوونی ئاوازدانەرەکە. بۆ نموونە جارێکیان مۆتسارت ھەلێکی بەدەستھێنا بۆ نمایشکردن بۆ ئیمپراتۆر بەرامبەر بە بڕە پارەیەک کە یەکسان بوو بە نیوەی داھاتی ساڵانەی لە ساڵزبێرگ.

ئەو شەڕە ساردەی لە نێوان مۆتسارت و کۆلۆرێدۆ ھەبوو لە مانگی ئایاردا بە ئەنجامێک گەیشت: مۆتسارت ھەوڵی وازھێنانی ھێنا لە کارەکانی لەگەڵ کۆلۆرێدۆ، بەڵام داواکارییەکەی ڕەت کرایەوە. لە مانگی داھاتوودا، داواکارییەکەی پەسەند کرا، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر بێ ڕێزانە: ئاوازدانەرەکە بە «شەقێک لە سمتی» کرایە دەرەوە. دوای ئەمە مۆتسارت بڕیاری دا کە وەک ئاوازدانەرێکی سەربەخۆ لە ڤیەننا جێگیر ببێت و کارەکانی لەوێ بەڕێوە ببات.[٤٧]

کێشەکانی نێوان سەرۆکقەشەکە و مۆتسارت سەختتر بوو دوای ئەوەی مۆتسارت بۆی دەرکەوت کە باوکی پشتی ئەو ناگرێت و دژی بڕیارەکەی ئەو وەستاوە، باوکی بە ھیوا بوو کە مۆتسارت لەگەڵ سەرۆکقەشەکدا بگەڕێتەوە بۆ ساڵزبێرگ، بەھۆی ئەمەشەوە لەگەڵ مۆتسارتدا پەیامی خێرایان دەگۆڕییەوە، کە ئەو تێیدا ھانی کوڕەکەی دەدا کە کێشەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەی. مۆتسارت ھەر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پیشەیەکی سەربەخۆی دەویست لە ڤیەننا و پاڵپشتی ئەم بیرۆکەیەی دەکرد. دەمەقاڵێکە کۆتایی پێھات کاتێک مۆتسارت وازی لە کارەکەی ھێنا و ڕێی پێ درا بڕوات لەلایەن سەرۆکقەشەکەوە، بەھۆی ئەمەشەوە خۆی لە ھەردووک سەرۆکقەشەکە و داواکارییەکانی باوکی دەرباز کرد. ساڵمۆن پێی وایە کە ئەم بڕیارەی مۆتسارت بە گەورەیی کاریگەری کردۆتە سەر ژیانی.[٤٨]

سەرەتای ساڵەکانی[دەستکاری]

پیشەکەی مۆتسارت بە شێوەیەکی باش دەستی پێکرد لە ڤیەننا. ئەو زیاتر وەک پیانۆژەنێک نمایشی دەکرد، ئەو جارێکیان لە بەردەم ئیمپراتۆردا لە پێشبڕکێیەکدا پێشکەشکاریی کرد لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٧٨١،[٤٧] و بە خێرایی وەک یەکەم کیبۆردژەن لە ڤیەننا خۆی دامەزراند.[٤٧] ئەو ھەروەھا وەک ئاوازدانەرێک کاری ئاوازدانانی کردووە و ئۆپێرای ڕفاندنەکە لە سەراگلیۆیەوە تەواو کردووە، کە بۆ یەکەمین جار لە ١٦ی تەمووزی ١٧٨٢ پەخش کرا و سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد.[٤٧] ئەم کارە بە خێرایی دوای پەخشکردنی بە ناو ئەو شارانەدا کە بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد بڵاو بۆوە و نمایش دەکرا لەلایەن ژەنیارانی ترەوە و بە تەواوی مۆتسارتی وەک ئاوازدانەرێک دامەزراند.

لە کاتی گەیشتنە لووتکەی ناڕەزایێتییەکەی لەگەڵ کۆلێرادۆ، ئەو لەگەڵ خێزانی وێبەردا دەمایەوە، کە لە مێنھایمەوە کۆچیان کردبوو بۆ ڤیەننا. باوکەکە، فریدۆلین، مردبوو، خێزانەکەش لەم کاتەدا ھەوڵی خۆ دامەزراندنیان دەدا بەبێ ئەو.[٤٩]

ھاوسەرگیری و منداڵەکان[دەستکاری]

تابلۆی ١٧٨٢ی کۆنستنز مۆتسارت کە لەلایەن یۆسێف لانجەوە کێشراوە

ئەلۆیسیا، کە پێشووتر مۆتسارتی ڕەتکردبۆوە، ھاوسەرگیری کرد لەگەڵ ئەکتەر یۆسێف لانج. مۆتسارتیش ئەو کاتە سەرسام بوو بە سێیەم کچی خێزانی وێبەر، بە ناوی کۆنستنز.

پڕۆسەی ھاوسەرگیرییەکە، کە لە دادگا بوو، زۆر بە باشی بە ڕێوە نەچوو. ئەو بەڵگانەی کە ئێستا ماونەتەوە ئەوە دەردەخات کە مۆتسارت و کۆنستنز بۆ ماوەیەکی کورت لێک جیابوونەتەوە لە ئازاری ١٧٨٢.[٥٠] مۆتسارت ڕووبەڕووی کێشەیەکی سەخت بۆوە لە باوەڕھێنان بە باوکی بووکەکە بەم ھاوسەرگیرییە.[٥١] ئەم جووتە لە کۆتاییدا لە ٤ی ئابی ١٧٨٢دا ھاوسەرگیریان کرد لە کڵێسای قەشە ستیڤن، ڕۆژێک پێش گەیشتنی پەیامی قبووڵکردنی باوکی بووکەکە.[٥١]

ئەم جووتە شەش منداڵیان بوو، کە تەنھا دوانییان لەوان توانیان بە زیندووی بمێننەوە:

  • ڕەیمند لیۆپۆڵد (١٧ی حوزەیران – ١٩ی ئابی ١٧٨٣)
  • کارل تۆماس مۆتسارت (٢١ی ئەیلوولی ١٧٨٤ – ١٥ی تشرینی دووەمی ١٨٥٨)
  • یۆھانس تۆماس لیۆپۆڵد (١٨ی تشرینی یەکەم – ١٥ی تشرینی دووەمی ١٧٨٦)
  • تێرێسیا کۆنستنزیا ئادلھێید فریدریک ماریا ئانا (٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٧٨٧ – ٢٩ی حوزەیرانی ١٧٨٨)
  • ئانا ماریا (بە ناوی دایکی مۆتسارتەوە ناونراوە و بە خێرایی دوای لەدایکبوونی مردووە، ١٦ی تشرینی دووەمی ١٧٨٩)[٥٢]
  • فرانز زافار ڤۆڵفگانگ مۆتسارت (٢٦ی تەمووزی ١٧٩١ – ٢٩ی تەمووزی ١٨٤٤)

١٧٨٢–٨٦[دەستکاری]

لە نێوان ساڵەکانی ١٧٨٢ و ١٧٨٣ مۆتسارت ئاشنا بوو بە کارەکانی یۆھان سباستیان باخ و جۆرج فرێدریک ھاندڵ بە ھۆی کاریگەرییەکی کە گۆتفرید ڤان سوێیتن خستبوویە سەری لە ڕێگەی چەند کارێکی بۆرۆکەوە کە ھەیبووە. لێکۆڵینەوەکەی مۆتسارت لەسەر ئەم جۆرە نۆتانە ھانی دا بۆ نووسینەوەی کاری بۆرۆکی، دواتریش کاری کردە سەر زمانە مۆسیقییە تایبەتییەکەی خۆی، بۆ نموونە وەک لە فیوگی ئاوازی فلوتە ئەفسوناوییەکە دەردەکەوێت لە کۆتاکانی سیمفۆنی ژمارە ٤٠.[٩]

لە ١٧٨٣دا، مۆتسارت و ھاوسەرەکەی سەردانی خێزانەکەی مۆتسارتیان کرد لە ساڵزبێرگ. باوکی و خوشکەکەی لە دڵەوە ڕێزیان لە کۆنستنز گرت، بەڵام سەردانەکەی ھانی یەکێک لە گەورەترین کارەکانی مۆتسارت دا، کە ماسێک بوو لەسەر کلیلی سی ماینەر نووسرابۆوە. ھەرچەندە تەواونەکرا، بەڵام لە ساڵزبێرگ بۆ یەکەمین جار نمایشکرا بەھەرحاڵ، کۆنستنزی ھاوسەریشی لە بەشێکی سۆلۆی ئەم پارچەیەدا بەشداری کرد بە گۆرانی وتن.[٥٣]

مۆتسارت یۆسێف ھایدنی ناسی لە ڤیەننا لە دەورووبەری ١٧٨٤دا، و ھەردوو ئەم ئاوازدانەرە بوون بە ھاوڕێ. کاتێک کە ھایدن سەردانی ڤیەننای دەکرد، ئەوان ھەندێک جار پێکەوە کوارتێتی ئامێرە تەلدارەکانیان دەژەنی. شەش لە کوارتێتەکانی مۆتسارت پێشکەشکرابوون بە ھایدن (کەی. ٣٨٧، کەی. ٤٢١، کەی. ٤٢٨، کەی. ٤٥٨، کەی. ٤٦٤، لەگەڵ کەی. ٤٦٥) کە دەگەڕێنەوە بۆ ١٧٨٢ بۆ ١٧٨٥، و دەوترێن کە وەڵامی مۆتسارت بووە بۆ پێڕستی ئپۆس ٣٣ی ١٧٨١ی ھایدن.[٥٤] لە ساڵی ١٧٨٥، ھایدن بە باوکی مۆتسارت، لیۆپۆڵدی وت: «من لە پێش خوادا پێت دەڵێم، و وەک پیاوێکی ڕاستگۆ، کوڕەکەت باشترین ئاوازدانەرە کە من ناسیبێتم، ئەو باشترین زەوق و توانای ھەیە لە ئاوازداناندا.»[٥٥]

لە ١٧٨٢ بۆ ١٧٨٥ مۆتسارت کۆنسێرتی تاکەکەسی ئەنجام دەدا، و لە ھەر دانەیەکیان دا سێ یان چوار پارچەی کنچێرتۆی پیانۆی بەرھەم دەھێنا لە ھەر وەرزێکدا. بەھۆی ئەوەی کە خواست لەسەر کۆنسێرتەکانی مۆتسارت زۆربوون، شانۆکان بەشی ئەویان نەدەکرد و بەھۆی ئەمەشەوە ئەو شوێنی گەورە و باوەڕپێنەکراوی بە کرێ دەگرت: تەلار و باڵەخانەکان، ژووری مەزن، ھۆڵی ئاھەنگەکان و خواردنگەکان.[٥٦] کۆنسێرتەکانی ئەو زۆر بەناوبانگ بوون، و ئەو کنچێرتۆیانەشی کە ئەو بۆ یەکەمین جار تێیدا پەخشی کردوون، ئێستاش بەشێکن لە ڕێپێتواکەی. سۆڵمۆن دەڵێت کە لەم ماوەیەدا مۆتسارت توانیوێتی پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوان و خۆی و جەماوەرەکانی دروست بکات.[٥٦]

مۆتسارت و خێزانەکەی بە شێوەیەکی باش و دیار دەوڵەمەند بوون. ئەوان باریان کرد بۆ شوقەیەکی گران کە کرێی ساڵانەی ٤٦٠ فلۆرین بوو.[٥٧] مۆتسارتیش فۆرتپیانۆیەکی گرانی بە ٩٠٠ فلۆرین کڕییەوە لە ئانتۆن واڵتەر، لەگەڵ مێزێکی بلیارد بە ٣٠٠ فلۆرین.[٥٧] دواتر خێزانەکە کوڕەکەیان، کارل تۆماس، نارد بۆ قوتابخانەیەکی گران بۆ خوێندن و،[٥٨][٥٩] کارکەریان بە کرێ گرت و لای خۆیان ھێشتیاننەوە. بەھۆی ئەمەوە پارە کۆکردنەوە چیتر لە توانادا نەبوو، وا دیار بوو کە سەرکەوتنە داراییەکەی مۆتسارت کورت ژیا و ئەو ناچاربوو ڕووبەڕووی ئەو سەختییە ببێتەوە کە تووشی دەبوو دوای ئەمە.[٦٠][٦١]

لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ١٧٨٤، مۆتسارت بووبە ماسۆنی.[٦٢] فریماسۆنی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی مۆتسارت ھەبووە، بەھۆی ئەوەوە مۆتسارت سەردانی چاوپێکەوتنی دەکرد و چەند دانەیەک لە ھاوڕێکانی بە ھەمان شێوە ماسۆنی بوون و، ئەو دەستی کرد بە نووسینەوەی مۆسیقای ماسۆنی (نم. مۆسیقای مردووی ناشتنی ماسۆنی).[٦٣]

١٧٨٦–٨٧: گەڕانەوە بۆ ئۆپێرا[دەستکاری]

ھەرچەندە Die Entführung aus dem Serail سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست ھێنا، مۆتسارت کاری کەمی ئۆپێراتیکی بەرھەم دەھێنا تا چوار ساڵ دوای ئەوە، تەنھا دوو کاری تەواو نەکراو و پارچەیەکی مۆسیقی نووسییەوە. ئەو زیاتر تیشکی خستبووە سەر پیشەکەی کە لەو کاتەدا سۆلۆژەنێکی پیانۆ و نووسەری کنچێرتۆ بوو. لە دەورووبەری کۆتاییەکانی ١٧٨٥، مۆتسارت لە نووسینەوەی بەرھەمی ئامێری تەختەکلیل دوورکەوتەوە[٦٤] و دەستی بە نووسینەوەی ئۆپێرا بەناوبانگەکەی کرد لەگەڵ لۆرێزنۆ دا پۆنت. ڤیەننا لە ١٧٨٦ سەرکەوتنەکەی یەکەم نمایشی ھاوسەرگیری فیگارۆی بینی. ئەم بەرھەمە دیسان لە پراگ بە گەرمی پێشوازی لێ کرا، ئەمەش وای کرد کە بۆ جارێکی دووەم مۆتسارت لەگەڵ دا پۆنتدا پێکەوە کار بکەن بۆ بەرھەمێکی نوێ، ئەوان بۆ جاری دووەم بەیەکەوە ئۆپێرای دۆن گیۆڤانییان نووسییەوە، کە لە تشرینی یەکەمی ١٧٨٧ بۆ جاری یەکەم لە پراگ نمایش کرا و سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەم کارە کەمتر سەرکەوتوو بوو لە ڤیەننا لە ١٧٨٨.[٦٥] ئەم دوو کارە لە بەناوبانگترین کارەکانی مۆتسارتن کە ناسراون لەمڕۆدا، وە بەشێکن لە ڕێپێتواکەی. ئەم دوو پارچەیە لە ڕووی مۆسیقییەوە زۆر ئاڵۆز بوون، بۆیە زۆرجار لەکاتی نماییشە ڕاستەوخۆکاندا سەرلێشێوانی دروست دەکرد لە نێوان ھەردوو جەماوەر و ژەنیاران. ئەم کارانەی مۆتسارت ھەرگیز نەبینران لەلایەن باوکییەوە، کە لە ٢٨ی ئایاری ١٧٨٧ کۆچی دوایی کرد.[٦٦]

لە کانوونی یەکەمی ١٧٨٧، مۆتسارت لە کۆتادا پیشەیەکی جێگیری دەستکەوت لەژێر پشتگیری ئەریستۆکراتی. ئیمپراتۆر یۆسێفی دووەم پیشەیەکی پێ بەخشی وەک ئاوازدانەری چامبەرەکەی خۆی، ئەمە پێشووتر پیشەیەک بوو کە کریستۆف ویلیباڵد گڵەک ھەیبوو، بەڵام لەدوای مردنەکەی ئەوەوە جێگەی بەتاڵ بووە، تاکو مۆتسارت جێی گرتۆتەوە. ئەمە کارێک بوو کە ڕۆژانە کورتخایەن بووە و ساڵانە ٨٠٠ فلۆرین کردووە. کاری مۆتسارت بە سادەیی نووسینەوەی مۆسیقای سەما بووە بۆ ئاھەنگە ساڵانەییەکان. ئەو پارەیەی کە مۆتسارت وەری دەگرت بەھۆی ئەم کارەوەی زۆر سوودی لێ دەبینی کە کات لەسەر سەخت بوو یان لە ڕووی داھاتەوە ھەژار بوو. تۆمارەکان وای پیشان دەدەن کە ئامانجی یۆسێف لە دانی ئەم کارە بە مۆتسارت ھێشتنەوەی بووە لە ڤیەننا تاکو نەڕوات بەدوای شوێنێکی تردا.[٦٧]

لە ساڵی ١٧٨٧، لودڤیگ ڤان بێتھۆڤنی گەنج چەند ھەفتەیەکی لە ڤیەننا بەسەر برد بە ھیوای بینین و وانەخوێندن لەگەڵ مۆتسارت.[٦٨] ھیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بەردەست نییە کە تا ئێستا مابێتەوە بۆ دڵنیا کردنەوەی کە ئەم دووانە چاویان بە یەک کەوتووە یاخود نا.

ساڵەکانی دواتر[دەستکاری]

١٧٨٨–٩٠[دەستکاری]

وێنەی مۆتسارت لە سیلڤەرپۆینت، لەلایەن دۆرا ستاکەوە کێشراوە لەکاتی سەردانەکەی مۆتسارت بۆ درێسدن، نیسانی ١٧٨٩

لە کۆتاییەکانی ئەم دەیەیەدا، حاڵی مۆتسارت بەرەو خراپی چوو. لە دەورووبەری ١٧٨٦دا ئەو کەمتر لە دەرەوەدا دەبیندرا و کەمتر کۆنسێرتی ئەنجام دەدا، بەھۆی ئەمەشەوە داھاتەکەی دابەزی.[٦٩] ئەم کاتە بە گشتی سەخت بوو بۆ ھەموو ژەنیاران و مۆسیقاژەنانی ڤیەننا بەھۆی شەڕی نەمسا و تورکیاوە: ھەردووک ئاستی گشتیی ھەبوونی و توانایی خانەدانەکان تا مۆسیقا پشتگیری بکەن ڕەت کرابۆوە.[٦٤]

لە ناوەندی ١٧٨٨دا، مۆتسارت و خێزانەکەی لە ناوەڕاستی ڤیەننا دوورکەوتنەوە و بەرەو تەنیشت شاری ئالسێگرەند بەڕێ کەوتن.[٦٩] ھەرچەندە پێشبینی کراوە کە مۆتسارت بۆ ئەوەی خەرجی ژیانی کەم بکاتەوە ئەم کارەی کردووە، بەدواداچوون و ئامارەکان وای نیشان دەدەن کە مۆتسارت لە ڕاستیدا خەرجی لەسەر ژیانی کەم نەکردۆتەوە بە کۆچکردن بەرەو تەنیشت شار، تەنھا شوێنی مانەوەی گەورەتر بووە.[٧٠] مۆتسارت ناچاربوو کە زیاتر پارە قەرز بکات لە ھاوڕێ ماسۆنییەکەی بە ناوی مایکڵ پەچبێرگ. چەند زنجیرەیەک لە پەیامەکانی مۆتسارت کە داوای پارەی کردووە ھێشتا ماوەتەوە.[٧١] مەینارد سۆلمۆن و چەند کەسانێکی تر پێشنیازی ئەوە دەکەن کە مۆتسارت لەم کاتەدا خەمۆکی ھەبووە، بەھۆی ئەمەشەوە خاوتر بۆتەوە.[٧٢] کارە بەناوبانگەکانی ئەم دەمەیە کۆتا سێ سیمفۆنییە (سیمفۆنی ژمارە ٣٩، ٤٠، و ٤١. ھەرسێکیان لە ١٧٨٨ بەرھەم ھاتوون.)

لەم ماوەیەدا مۆتسارت چەند گەشتێکی دوروودرێژی ئەنجام داوە بە ھیوای باشترکردنی باری دارایی، ئەو سەردانی: لێپزیگ، درێسدن، و بەرلینی کردووە لە بەھاری ١٧٨٩دا. دواتریش سەردانی فرانکفورت، مێنھایم و شارە ئەڵمانییەکانی تری کردووە لە ساڵی ١٧٩٠. گەشتەکان ھیچ سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست نەھێنا و ھەرگیز یارمەتی باشترکردنی باری دارایی خێزانەکەی نەدا.

١٧٩١[دەستکاری]

پێش ئەوەی نەخۆشییەکەی لێی بدات و لاوازی بکات، کۆتا ساڵی مۆتسارت پڕ بوو لە کاری ناوازە و بەرھەمی جوان.[٧٣] ئەو چەند ئاوازێکی مەزنی نووسیوەتە و، زۆربەی ئەو کارانەشی کە تاکو ئێستا لە دڵی خەڵکیدا جێی خۆیان دەکەنەوە لە کۆتا ساڵی ژیانیدا نووسراونەتەوە، وەک: فلوتە ئەفسوناوییەکە؛ کۆتا کنچێرتۆی پیانۆ (کەی. ٥٩٥ لە بی-فلات)؛ کنچێرتۆی کلارینێتەکەی (کەی. ٦٢٢)، کۆتا بەرھەمی زنجیرەی کوینتێتی ئامێرە تەلدارەکانی (کەی. ٦١٢ لە ئی-فلات)؛ ئاڤێ ڤێرووم کۆرپوس (کەی. ٦١٨)، لەگەڵ ڕیکویمە تەواو نەکراوەکەی (کەی. ٦٢٦).

باری دارایی مۆتسارت، کە لە ١٧٩٠دا تووشی پەشێوی دەروونی کردبوو، لە کۆتاییدا بەرەو باشتربوون دەڕۆیشت. بەڵگە ھەیە لەسەر ئەوەی کە پشتگیرە دەوڵەمەندەکانی ھەنگاریا و ئەمستەردام پارەی ساڵانەیان دەدا بە مۆتسارت لەبەر گەڕانەوەی بۆ ئاوازدانان وەک جارانی، ھەرچۆنێک بێت، ئەم بەڵگەکانە کۆتاییان بە دوودڵی نەھێناوە.[٧٤] وا دەردەکەوێت کە ئەو سوودی بینیوە لە فرۆیشتنی کارە مۆسیقییەکانی کە بۆ سەماکردن بەرھەم ھاتبوون، ئەم کارانە لەکاتێکدا بەرھەم ھێنرابوون کە ئەو ئاوازدانەری چامبەر بوو.[٧٤] مۆتسارت چی تر قەرزی تری لە پوشبێرگ وەر نەدەگرت و دەستی کرد بە دانەوەی قەرزەکان.[٧٤]

ئەو لە زۆر ڕووەوە حەسایەوە بەھۆی سەرکەوتنی ھەندێک لە کارە بەناوبانگەکانی، نموونەیەکی باش لەسەر ئەمە ئاوازی فلوتە ئەفسوناوییەکەیە،[٧٥] کە چەند جارێک دووبارە نمایشکرایەوە لە بەینی یەکەم نمایش و مردنەکەی. لەگەڵ کانتاتای ماسۆنی وردیلە (کەی. ٦٢٣) کە نمایش کرا بۆ یەکەم جار لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٧٩١.

نەخۆشی و مردن[دەستکاری]

مۆتسارت نەخۆشکەوت لەکاتی نزیکبوونەوەی یەکەم نمایشی ئۆپێراکەی بە ناوی میھرەبانیی تیتەس لە ٦ی ئەیلوولی ١٧٩١ لە شاری پراگ، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە بەرھەمھێنان و کارکردن ھەر وەک جاران و ڕابەرایەتی یەکەم نمایشی ئاوازی فلوتە ئەفسوناوییەکەی کرد لە ٣٠ی ئەیلوول.[٧٦] لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ھەمان ساڵ تەندروستی وێران بوو بەھۆی نەخۆشییەکەوە و لەسەر جێگە کەوت و بەدەست ئازار و ئاوسان و ڕشانەوە دەیناڵاند.[٧٧]

ماسکی مردنی مۆتسارت

مۆتسارت لەلایەن ھاوسەرەکەی و خوشکە بچووکەکەی ئەو چاودێری دەکرا لەکاتی نەخۆشییەکەی، ھەروەھا دکتۆری خێزانەکە بە ناوی تۆماس فرانز کلۆسێت سەردانی دەکردن بۆ چارەسەر. ئەو لە ڕووی دەروونییەوە پەشۆکاوبوو بۆ تەواوکردنی ریکویمەکەی. بەڵام ئەم کارە ھەرگیز تەواو نەکرا و مۆتسارت ھەر ئاوا لەدوای خۆی بەجێی ھێشت.[٧٨]

لە ٥ی کانوونی یەکەمی ١٧٩١، بە تەمەنی ٣٥ ساڵی لە کاتژمێر ١ی شەودا، ئەو لە ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد. فەرھەنگی گرووڤی نوێ بەم شێوەیە وەسفی پرسەکەی ئەوی کردووە:

« مۆتسارت لە گۆڕستانێکی ئاسایی نێژرا، بە گوێرەی خووی ڤێنیسیی ھاوچەرخ، لە گۆڕستانی مارکس لە دەرەوەی شارەکە لە ٧ی کانوونی یەکەمدا. ئەگەر، وەک بەدواداچوونە نوێکان دەڵێن، ھیچ کەسێک سەردانی پرسەی سەرەخۆشی نەکرد، ئەوەش ھەر بەشێک بووە لە نەریتی ڤێنیسیی ھاوچەرخ لەو کاتەدا؛ دواتر جان (١٨٥٦) نووسیوێتی کە سالێری، سوسمایر، ڤان سوێیتن، لەگەڵ دوو کەسی تر لەوێ ئامەدەبوون. چێرۆکی باوبۆران و بەفرەکە [کە گوایا ئەو ڕۆژەی مۆتسارتی تیا نێژرابووە وابووە] ھەڵەیە؛ ڕۆژەکە ھێمن و لەسەرخۆ بووە. » [٧٩]

لە گۆڕستانێکی ئاسایی مەبەست لەو گۆڕستانانەیە کە بۆ کەسە ئاساییەکان (بۆ نموونە ئەوانەی ئەریستۆکراتی نەبوون) دابینکرابوون. گۆڕە گشتییەکان یان ئاساییەکان ئەگەری ھەڵکەندنەوەیان ھەبوو دوای دە ساڵ لە ناشتنەکە.[٨٠]

ھۆکاری مردنی مۆتسارت ناتواندرێت دڵنیا بکرێتەوە. تۆمارە فەرمییەکەی مردنی مۆتسارت دەڵێت کە بە «تای میلیاری سەخت» مردووە، کە زیاتر وەک وەسفێکی نەخۆشییەکە وایە وەک نەخۆشییەکە خۆی. لێکۆڵەرەوەکان زیادتر لە ١١٨ ھۆکاری مردنیان دۆزیوەتەوە، لەوانە: تای ڕوماتیزماوی، ھەڵئاوسانی سترێپتۆکۆکال، تریچینوسێس، ئەنفلۆنزا، ژەھراویبوونی جیوە، لەگەڵ نەخۆشییەکی گورچیلەی دەگمەن.[٨١][٨٢]

پەرسەکەی مۆتسارت نەبووە ڕێگر لەبەردەم و ئەو و جیھاندا، لە ڤیەننا و پراگ یادکردنەوەی بۆ کرا و خەڵکی بە ڕێژەیەکی باش سەردانی ئەمانەیان کردبوو، ھەر دوای مردنەکەشی ناوبانگی ئەم ئاوازدانەرە بەتوانایە زیادی کرد و زیادتر ناسرا.[٨٣] سۆلمۆن دەڵێت کە ئارەزوویەکی زۆر بۆ کارەکانی دەرکەوتن؛ ژیاننامە لەسەری نووسرا و بڵاوکەرەوەکان دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی کارەکانی ناوبراو.[٨٣]

ڕێزلێنانەکان[دەستکاری]

  • ١٧٧٧: سوارچێکی ئۆردەر ئۆف زە گۆڵدن سپەر، پێشکەش کراوە لەلایەن کلێمێنتی چواردەوە.[٨٤]

دەرکەوتن، کەسایەتی و دینداری[دەستکاری]

مۆتسارت لە ١٧٨٠–٨١

گۆرانیبێژی تێنۆر مایکڵ کێڵی، لەکاتی باسکردنی شێوەی مۆتسارت نووسیوێتییەوە: «پیاوێکی زۆر بچووکە، زۆر باریک و کاڵە، ئەو قژێکی کاڵ و خاوی ھەیە.» ژیاننامەنووسە کۆنەکەی لەسەری نووسیبوو: «ھیچ شتێکی تایبەت نەبوو دەربارەی شێوەی. [...] ئەو بچووک بوو ڕووخساریشی، بێجگە لە چاوە گەورە تیژەکانی، ھیچ ھێمایەکی زیرەکییەکەی ئەویان پیشان نەدەدا.» دەمووچاوی ئەو کون-کون ببوو، ببوو بە بیرخستنەوەی ئەو کاتەی کە بە منداڵی تووشی ھاوڵە ببوو تێیدا. ئەو ئارەزووی پۆشاکی جوانی کردووە. کێڵی لەسەر ئەمە دەڵێت: «ئەو لەسەر شانۆکە بوو کۆتێکی درێژی لەبەردا بوو لەگەڵ کڵاوێکی چەماوە، ڕابەرایەتی ئۆرکێستراکەی دەکرد.» لەسەر دەنگی ئەو، کۆنستنزی ھاوسەری وتوویەتی کە تێنۆر بووە، لەکاتی قسەکردندا ساف بووە و لەکاتی گۆرانیبێژیشدا ناسک بووە. ئەو ھەروەھا وتوویەتی کە لەکاتێکدا کە مۆتسارت دڵی بە شتێک خۆش بووە، دەنگی ھەم بەھێز بووە و ھەم چالاکیش.[٨٥]

مۆتسارت کەسێک بووە کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بە سەختی کاری کردووە، ھەوڵی داوە بە خێرایی ئاوازەکانی تەواو بکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوا مۆڵەتەکان. ئەو زۆرجار سکێچ و کاری سەرەتایی دروست کردووە؛ بە پێچەوانەی ئەوانەی بێتھۆڤنەوە، زۆربەی ئەو کارانە ئێستا نەماونەتەوە، چوونکە ھاوسەری ژیانی ھەوڵی لەناوبردنی دان دوای مردنی.[٨٦]

مۆتسارت لە ناوەڕاستی جیھانی مۆسیقی ڤیەننادا ژیاوە، ھەروەھا چەند ژمارەیەکی باشی کەسانی دەناسی و ھاوڕێی باشی ھەبووە، وەک: ژەنیارانی تر، ئەکتەران، شانۆگەران، دانیشتوانی تری ساڵزبێرگ، لەگەڵ ئەریستۆکراتان، وەک چەند کەسێک کە لەگەڵ یۆسێفی دووەم خزم بوون. سۆلمۆن وای پێشبینی دەکات کە سێ نزیکترین ھاوڕێکانی مۆتسارت گۆتفرید ڤۆن جاکین، کاونت ئۆگەست ھاتفێڵد، لەگەڵ سیگمەند باریسانی بووبێتن؛ ئەوانی تر ھاوڕێ گەورەترەکەی یۆسێف ھایدن، ھەردوو گۆرانیبێژ فرانز زافەر گێل و بێنێدیکت شاک، لەگەڵ یۆسێف لیوتگێت بوون.لیوتگێت و مۆتسارت پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی تایبەتیان ھەبووە کە تێیدا ھەردوو لا بوون بە گاڵتەجاڕی نوکتەکانی یەکتر.[٨٧]

ئەو حەزی بە بیلیارد و سەماکردن کردووە، ھەروەھا ئاژەڵی ڕاگرتووە، لەوانە: کەنارییەک، ڕیشۆڵییەک، سەگێک، لەگەڵ ئەسپێک.[٨٨] مۆتسارت کەسێک بووە کە ئارەزووی بە گاڵتەجاڕی کردووە.[٨٩] لە ڕووی دینیشەوە، مۆتسارت کاتۆلیکی بووە و تاکو مردنی سەردانی کڵێسای کردووە. خێزانی مۆتسارت ھەموو کاتۆلیکی بوون و ھەفتانە بەشدارییان کردووە لە سەردانکردنی کڵێساکان و دانپێنان بۆ پاپەکان.[٩٠][٩١]

کارەکان، شێوازی مۆسیقا و داھێنانەکان[دەستکاری]

شێواز[دەستکاری]

مۆسیقاکەی مۆتسارت، وەک ئەوەی ھایدن، مۆسیقای کلاسیکی بووە. ئەو کاتەی کە مۆتسارت دەستی بە ئاوازدانان کرد ئەورووپا لەلایەن شێوازی گالانتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، کە جووڵەیەک بوو دژی شێوازە بەناوبانگەکە مۆسیقای بۆرۆک. بەڵام مۆسیقای بۆرۆک وردە وردە دیسانەوە خۆی لە کۆمەڵگەدا دۆزییەوە، بە تایبەتی کاونتەرپۆینتە ئاڵۆزەکەی بە شێوازی جیا جیا سەرلەنوێ سەری ھەڵدایەوە. بەشێکی زۆری لەسەر دەستی مۆتسارت بوو. مۆتسارت ئاوازدانەرێکی ھەمەڕەنگ بووە، ئەو لە ھەموو چەشنە مۆسیقا مەزنەکانی ئەوکاتەدا ئاوازی داناوە، لەوانە سیمفۆنی، ئۆپێرا، کنچێرتۆی سۆلۆ، مۆسیقای چامبەر لەگەڵ چەند کوارتێت و کوینتێتی ئامێرە تەلدارەکان، لە پاڵ ئەوانەش دا، سۆناتای پیانۆکانی. ئەم چەشنانە نوێ نەبوون، بەڵام مۆتسارت توانی بە شێوەیەکی تر بە خەڵکییان بناسێنێت، پەرەیان پێ بدات و، مەودای سۆز و ھەستیان زیادتر بکات. ئەو زۆرێک لە مۆسیقای ئایینی نووسیبۆوە، کە لەوانە ماس بە شێوەیەکی بەرچاو زۆر بوو، لەگەڵ مۆسیقای سەما، دیڤێرتیمێنتی، سروود، لەگەڵ چەند کارێکی تر.

پەڕەیەکی نۆتەی ریکویمەکەی مۆتسارت لە دی ماینەرکە بە دەستی خۆی نووسراوەتەوە. ئەمە لە مۆزەخانەی خانووی مۆتسارتە لە ڤیەننا.

مۆتسارت بەردەوام بە توانا بووە لە فێربوونی تایبەتمەندییە گرنگەکانی شێوازەکانی تری مۆسیقا. گەشتەکانی ئەو بووبە یارمەتیدەرێکی گەورە لە دروستبوونی زمانێکی مۆسیقی تایبەت بە خۆی.[٩٢] کاتێک کە بە منداڵی کاتێکی لە لەندەن بەسەر برد، ئەو لەوێ یۆھان کریستیان باخی ناسی و گوێی لە مۆسیقا و ئاوازەکانی ئەو بوو. لە پاریس و مێنھایم و ڤیەننا ئەو چاوی کەوت بە چەند ژەنیار و مۆسیقایەکی کاریگەری تر، ئەو توانا تاقیکردنەوەییەکانی ئۆرکێسترای مێنھایمیشی بۆ دەرکەوت. لە ئیتاڵیا ئەو شارەزای مۆسیقای ئۆرکێسترای ئیتاڵی و ئۆپێرا بەفا بوو، کە چەشنێکی مۆسیقی ئۆپێرا بوو. کە ھەردووکیان بە قووڵی کاریگەرییان کردە سەر ئەو لە ڕووی ھونەرییەوە. ھەندێک لە کۆنترین کارەکانی مۆتسارت ئۆرکێسترای ئیتاڵییە، کە بە شێوەی سێ جووڵە دەبیندرێن کە یەک دەگرن. زۆر لەوانە ھۆمۆتۆنالن.[٩٣]

مۆتسارت ھەندێک جار تیشکی دەگۆڕی لە بەینی مۆسیقای سادە و ئۆپێرادا. ئەو ئۆپێرای لە چەند شێوازێکی جیاجیادا بەرھەم ھێناوە، لەوانە: ئۆپێرا بەفا، وەک لە ھاوسەرگیری فیگارۆ، دۆن گیۆڤانی و، کۆزی فان توتی دەبیندرێن؛ لەگەڵ ئۆپێرا سیریا، وەک لە ئیدۆمینیۆ و سینگسپیل، کە تێیدا ئاوازی فلوتە ئەفسوناوییەکە بەناوبانگترینیانە. لە ئۆپێرا نوێترەکانی دا، ئەو گۆڕانکاری کردووە لە شێوازی ژەنینی ئامێرەکان، شێوازی ئۆرکێسترا و ڕەنگ و تۆنی مۆسیقاکانی، بۆ دەربڕینی سۆز و ھەستێکی قووڵتر.[٩٤]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ مۆتسارت گەلێک ناوی لێ نراوە، بۆ وردەکارییەکانی ناوی مۆتسارت ببینە.
  2. ^ سەرچاوەکان بۆچوونی جیاوازیان ھەیە لەسەر شێوازی گۆکردنی ناوەکەی مۆتسارت، بەڵام فرادکین (١٩٩٦) ڕابەرێک بۆ پێشکەشکرانی ڕادیۆ، بە توندی لەگەڵ ئەوەیە کە دەنگی /تس/ بەکاربێت لەجێی /ز/، کەواتە مۆتسارت نەک مۆزارت
  3. ^ لاندۆن & ١٩٩٠, p. ١٧١
  4. ^ ڕۆزمێری, ئارنۆڵد; ڕۆبێرت, تەیلەر; ڕەینەر, ئێنسخیمید، (١ی کانوونی دووەم، ٢٠٠٩). نەمسا. بەیدیکەر. ISBN 9783829766135. OCLC 416424772. 
  5. ^ ویڵسن، ١٩٩٩-٢.
  6. ^ راگلادر، دانیل دێ. "ماریا ئانا پێرتڵ". roglo.eu (بنکەی بۆماوەزانی گێنێوێب). وەرگیراوە لە ١٤ی حوزەیران، ٢٠١٢. 
  7. ^ ئەڵمانی & ١٩٦٥, p. ٩
  8. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢١
  9. ^ a b ئیسن
  10. ^ سۆلمۆن (١٩٩٥، پ. ٣٢)
  11. ^ ئەڵمانی & ١٩٦٥, p. ٤٥٥
  12. ^ a b سۆلمۆن & ١٩٩٥, pp. ٣٩–٤٠
  13. ^ ئەڵمانی & ١٩٦٥, p. ٤٥٣
  14. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٣٣
  15. ^ "مۆتسارت، ڤۆلفگانگ ئەمادیوس (١٧٥٦–١٧٩١)". English-heritage.org.uk. وەرگیراوە لە ٢٣ی تشرینی یەکەم، ٢٠١٦. 
  16. ^ میردیتر, جۆ (٢٠٠٩). "ژیاننامەی مۆتسارت". midiworld.com. وەرگیراوە لە ٢٠ی کانوونی یەکەم، ٢٠١٤. 
  17. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٤٤
  18. ^ گەتمان (٢٠٠٠:٢٧١)
  19. ^ کریسۆشایدیس، لیاس (بەھاری ٢٠١٠). "لەندەن مۆتسارتینا: تەمەنی لاوی مۆتسارت و نمایشە کۆنەکەی میسیرێر". کاتە مۆسیقییەکان ١٥١ (١٩١١). pp. ٨٣–٨٩.  زانیاری لەسەر ئەم بابەتە دراوە.
  20. ^ ئیسن، کلیف؛ کییف، سیمۆن پی، ئێدس. (٢٠٠٦). ئەنسایکلۆپیدیای کامپریج مۆتسارت. پرێسی زانکۆی کامپریج، پ. ٢٦٨.
  21. ^ ھاڵیوێڵ & ١٩٩٨, pp. ١٧٢، ١٨٣–١٨٥
  22. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٠٦
  23. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٠٣
  24. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٩٨
  25. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٠٧
  26. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٠٩
  27. ^ ڤاتیکان & ١٧٧٠
  28. ^ ھاڵیوێڵ & ١٩٩٨, p. ٢٢٥. کۆلۆرێدۆ مۆتسارت و باوکی دەرکرد
  29. ^ سادی & ١٩٩٨
  30. ^ درێبس، گێرالد (١٩٩٢). 'مێنھایمەر شول' – ئین ناوەڕاستی مۆسیقای کلاسیک و مۆتسارت. دای (ھێیدلبێرگ). ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی لە ٧ی شوباتی ٢٠١٥. 
  31. ^ ئەڵمانی & ١٩٦٥, p. ١٧٤
  32. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٤٩
  33. ^ ھاڵیوێڵ & ١٩٩٨, pp. ٣٠٤–٣٠٥
  34. ^ ئەبێرت & ٢٠٠٧, p. ٥٠٩
  35. ^ ھاڵیوێڵ & ١٩٩٨, p. ٣٠٥
  36. ^ پیۆتر ناپیرالا. "ئاوازدانەرانی بۆرۆک (پیۆتر ناپیرالا)". baroquecomposers.blogspot.nl. وەرگیراوە لە ٢٩ی کانوونی دووەم، ٢٠١٥. 
  37. ^ ھاڵیوێڵ & ١٩٩٨, chs. ١٨–١٩
  38. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٥٧
  39. ^ ھاڵیوێڵ & ١٩٩٨, p. ٣٢٢
  40. ^ سادی & ١٩٩٨, §3
  41. ^ ژێن ماسین; بریگیت ماسین, دەستکاریکەران (١٩٨٣). مێژووی مۆسیقا. پاریس: فەیارد. p. ٦١٣. ئەو لە ماوەیەدا دینووسی کە، ھەر کاتێک کە ئەو یان ھەرکەسێکی تر ئاوازەکانی بژەنییایە، وەک ئەوا وابوو کە کورسی و مێزەکان تەنھا گوێگر بووبێتن 
  42. ^ ئەڵمانی & ١٩٦٥, p. ١٧٦
  43. ^ سادی & ١٩٨٠, vol. ١٢، p. ٧٠٠
  44. ^ لەم پەیامەدا مۆتسارت گلەیی دەکات لە باوکی، مێژووی پەیامەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤ی ئازار، ١٧٨١؛ سپەیتلینگ ببینە (٢٠٠٠:٢٣٥).
  45. ^ a b وەرگێڕان لەلایەن سپەیتلینگ (٢٠٠٠:٢٣٧)؛ پەیامەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤ی ئازار، ١٧٨١.
  46. ^ سپەیتڵینگ (٢٠٠٠:٢٣٨-٢٣٩)
  47. ^ a b c d سادی & ١٩٩٨, §٤
  48. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٤٧
  49. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٥٣
  50. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٥٩
  51. ^ a b سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٥٨
  52. ^ "مۆتسارت ڕۆژ بە ڕۆژ – ١٧٨٩". مۆتسارتییەم. 
  53. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٧٠
  54. ^ بێری & ٢٠٠٠
  55. ^ مۆتسارت & مۆتسارت ١٩٦٦, p. ١٣٣١ پەیامەکەی لیۆپۆڵد بۆ نانێرلی کچی؛ ١٤-١٦ی ئایار، ١٧٨٥.
  56. ^ a b سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٩٣
  57. ^ a b سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٢٩٨
  58. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٤٣٠
  59. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٥٧٨
  60. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, §٢٧
  61. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٤٣١
  62. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٣٢١
  63. ^ جولیان ڕەشتن (٢٠٠٥). مۆتسارت: ژیانێکی نائاسایی. ئەسۆتیەتد بۆرد ئۆف زە ڕۆیاڵ سکووڵ ئۆف میوزیک. p. ٦٧. 
  64. ^ a b سۆلمۆن & ١٩٩٥
  65. ^ فریمان & ٢٠١٣, pp. ١٠٤–١٣٠
  66. ^ ویلارد پاڵمەر (٢٠٠٦). ڤۆلفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت: ناساندنێکی کارە کیبۆردەکانی. بڵاوکەرەوەی مۆسیقی ئاڵفرێد. p. ٤. 
  67. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, pp. ٤٢٣–٤٢٤
  68. ^ ھابەر & ٢٠٠٦, pp. ٢١٥–٥٥
  69. ^ a b سادی & ١٩٩٨, §٦
  70. ^ لۆرێنز & ٢٠١٠
  71. ^ سادی & ١٩٨٠, vol. ١٢، پ. ٧١٠
  72. ^ ستێپتۆ & ١٩٩٠, p. ٢٠٨
  73. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, §٣٠
  74. ^ a b c سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٤٧٧
  75. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٤٨٧
  76. ^ فریمان & ٢٠١٣, pp. ١٤٨–٧٧
  77. ^ سۆلمۆن ١٩٩٥، پ. ٤٩١.
  78. ^ سۆلمۆن ١٩٩٥، پ. ٤٩٣، ٥٨٨.
  79. ^ سادی & ١٩٨٠, vol. ١٢، پ. ٧١٦
  80. ^ واڵتەر براونیس. کۆتا ڕۆژ، ڕۆژی وەسێت: تێبینییەکان، و تەواوکاری و ناساندنی ریکویمەکەی مۆتسارت (کەی-ڤی. ٦٢٦) (PDF). ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی (PDF) لە ٧ی نیسانی ٢٠١٤. 
  81. ^ وەیکین ٢٠١٠
  82. ^ کراوفۆرد, فرانکلین (١٤ی شوباتی ٢٠٠٠). "مردنەکەی ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت". یورێکئەلێرت! (دامەزراوەی ئەمریکی بۆ پێشکەوتنی زانست). وەرگیراوە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٤. 
  83. ^ a b سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٤٩٩
  84. ^ ڤۆلفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت، پەیامەکانی مۆتسارت، ژیانی مۆتسارت: پەیامە ھەڵبژێردراوەکان، وەرگ. ڕۆبێرت سپەیتڵینگ، (دەبڵیو. دەبڵیو. نۆرتن و ڕێکخراوی کۆمپانی ٢٠٠٠)، ١٧.
  85. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٣٠٨
  86. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٣١٠
  87. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, §٢٠
  88. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ٣١٩
  89. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, p. ١٦٩
  90. ^ گۆڵدشتاین, جاک (٢٠١٣). ١٠١ ڕاستیی سەرنجڕاکێش دەربارەی مۆتسارت. ئاندروز یو کەی لیمیتد. 
  91. ^ ئابێرت & ٢٠٠٧, p. 743
  92. ^ سۆلمۆن & ١٩٩٥, ک. ٨
  93. ^ ھاتز & ٢٠٠٣
  94. ^ ئەنیشتاین & ١٩٦٥

بیبلیۆگرافی[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]