بۆ ناوەڕۆک بازبدە

سەیفەدین خان ئەردەڵان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەیفەدین خان ئەردەڵان

لەدایکبوون١٨٧١
مەرگ١٩١٤
ھۆکاری مەرگلە سێدارەدان لەلایەن حکومەتی عوسمانی
نەتەوەکورد
پیشەحاکم و والی سەقز
ئایینئیسلام (سوننە)
مناڵ(ەکان)سەیفوڵڵا خان ئەردەڵان
باوان
  • ماجید خان ئەردەڵان (باوک)
خزمەکانمحەمەدعەلی خان ئەردەڵان، محەمەدسوڵتان ئەردەڵان


سەیفەدین خان ئەردەڵان نازناوی موزەفەر سوڵتانی یەکەم (١٨٧١-١٩١٤ز) یەکێک لە حاکم و میرەکانی بنەماڵەی ئەردەڵانی میرنشینی ئەردەڵان لە پارێزگای کوردستان و والی سەقز بووە لە سەردەمی محەممەد عەلی شا و ئەحمەد شای قاجار.[١] ناوبراو لە بنەماڵەی سوڵتانی ئەردەڵان بووە، کە لە سەردەمی جەنگی جیھانیی یەکەم و داگیرکردنی بەشەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەلایەن حکومەتی عوسمانییەوە، لەلایەن ئەوانەوە و بەهۆی نەبوونی هاوکاری و بەشداری نەکردن لەگەڵ عوسمانییەکان لە شەڕی لەگەڵ ڕووسەکان و هەروەها بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی حکومەتی ناوەندی ئێران، هاوکات لەگەڵ محەمەد حسێن خان مەکری، والی مەهاباد، دەستبەسەر و پاشان لە مەراغە لەسێدارەدرا.[٢]

ژیان[دەستکاری]

کەسی دووەم لە لای چەپەوە سەیفوڵڵاخان کوڕی سەیفەدین خان دوا فەرمانڕەوای ئەردەڵانە

سەیفەدین خان، کوڕی مەجیدخان ئەردەڵان لە میرەکانی ئەردەڵان و بنەماڵەی سوڵتانی ئەردەڵان لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار و باوکی سەیفوڵڵا خان ئەردەڵان موزەفەر ئەلسوڵتانی دووەم، دوا فەرمانڕەوا و والی میرنشینی ئەردەڵان بوو. ئەو لە ساڵی ١٨٧١ زایینی لە شاری سەقز لە دایک بوو و یەکێک بوو لە فەرمانڕەوا بەهێزەکانی بنەماڵەی ئەردەڵان، کە ناوچەی سەقز ناوەندی حوکمڕانییەکەی بوو و لە ژێر فەرمانی ئەودا، لە دۆخێکی سەلامەتدا ئیدارە دەکرا و هەروەها خەڵکی ناوچەکەی لە دەستدرێژیی دەوڵەتەکانی عوسمانی و ڕووسەکان و هەروەها باندەکانی ناوخۆ پاراست.[٣]

میرەکانی ئەردەڵان[دەستکاری]

بنەماڵەی ئەردەڵان ڕێژەیەکی بەرفراوانی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە ژێر دەسەڵات و حوکمڕانی خۆیاندا هەبوو. بە گوێرەی هەندێ ڕیوایەت، ڕەچەڵەکیان گەیشتۆتە دەست ئەحمەد بن مەروان[٤] و هەندێکی دیکەش کەسی یەکەمی ئەم بنەماڵەیە بە خوسرەو دەزانن کە ناوی ئاسیابانە، کە بە هاوکاری ئەبو موسلیم لە سەردەمی سەفحدا دەستی بەسەر کوردستاندا گرتووە، یان بە نەوەی ئەردەشێر بابەکان دەزانن. هەروەها بە نەوەی سەلاحەدینی ئەییووبی دادەنرێن.[٥] دەسەڵاتی ئەوان لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی کۆچی دەستی پێکرد کاتێک بابا ئەردەڵان بە دروستکردنی قەڵایەکی بەهێز لە ناوچەی شارەزوور حوکمڕانی دەکرد. مێژووی دوژمنایەتی ئەردەڵانەکان لەگەڵ عوسمانییەکان بە هۆی داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکانیان بوو کە بووە هۆی ئەوەی ئەم والیانە لەگەڵ سەرهەڵدانی سەفەوییەکان لایەنی حکومەتی ئێران بگرن. بەڵام زۆری نەخایاند بە سیاسەتی سەرکوتکردنی شا ئیسماعیل سەفەوی، لە هەمان کاتدا کە ناکۆکی نێوان ئێران و عوسمانییەکان دەستیپێکرد و بە دەستگیرکردنی فەرماندە عەشیرەتەکانی کورد، فەرماندەکانی ئەردەڵان ڕوویان لە عوسمانییەکان کرد و ئەمەش بوو بە بنەمای شکستی ئێران لە شەڕی چاڵدێران.

سوڵتانی ئەردەڵان، بنەماڵەی فەرمانڕەوای سەقز لە کۆتایی سەردەمی سەفەوی و تەواوی سەردەمی قاجاڕەکان بوون کە بەسەر لقە جیاوازەکاندا دابەشکراون. لەم بنەماڵەیە محەممەد سوڵتان ئەردەڵان هاتووە بۆ حوکمڕانی سەقز و ناوی ئەم بنەماڵەیە لە ناوی ئەو وەرگیراوە. دوای ئەو محەممەد عەلی خان کوڕی بوو بە حاکمی سەقز و پاشان مەجیدخان کوڕی محەمەد عەلی خان. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سەیفەدین خان ئەردەڵان (موزەفەرول سوڵتانی یەکەم) کوڕی مەجیدخانی فەرمانڕەوای سەقز بوو بە حاکم کە کوژراوە. دواجار کوڕەکەی سەیفەدین خان، سەیفوڵڵاخان (موزەفەر السڵتانی دووەم) لە ساڵی ١٩١٧ی زایینی بەدواوە بە فەرمی فەرمانڕەوایی ئەم شارەی کردووە.

جەنگی جیھانیی یەکەم[دەستکاری]

بە پشتبەستن بە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران، ئەم وڵاتە لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمدا بە فەرمی بێلایەنی ڕاگەیاند.[٦] بەڕژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا له ئێران له سەڕ بنەمای سەڕچاوه نەوتییەکانی ئێران و پێگەی سوق الجیشی ئێران بوو که له نێوان ئەفغانستان و هێزه دوژمنکارەکانی عوسمانی و ڕووس و ئینگلیزه کاندا هه بوو.[٧] ئێران بە ڕێککەوتنی سانت پترسبۆرگ لە ساڵی ١٩٠٧ بەسەر ناوچەی ژێر کاریگەری باکوور و ناوچەی ژێر کاریگەری باشوور دابەش بوو. ئەم مەرجانە لە ژێر پەردەی دەیان ساڵەی سیاسەت کە بە گەمەی گەورەی نێوان ڕووسیا و بەریتانیا ناسراوە، بەدیهاتن. لە هەلومەرجێکی وادا هێزی سەربازی ڕوسیا و عوسمانی لە ناوچەی باکوری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوا هاتنە ناو ئێران و کێبڕکێیان لەگەڵ یەکتردا کرد بۆ زاڵبوون بەسەر شارەکاندا و بەدەستهێنانی پشتیوانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکە.[٨]

گرتن و لەسێدارەدان[دەستکاری]

مریەم خان خوشکی سەیفەدین خان ئەردەڵان

عوسمانییەکان داوایان لە فەرمانڕەواکانی شارەکانی ڕۆژئاوای ئێران کرد، لەوانە فەرمانڕەوای سەقز، سەیفەدین خان ئەردەڵان کە لەگەڵ ئەوان لە شەری دژ بە ڕووسەکاندا بەشداری بکەن.[٩] بەڵام سەیفەدین خان ڕەتیکردەوە ئەم کارە بکات و ڕایگەیاند کە سیاسەتی بێلایەنی حکومەتی ناوەندی ئێران پەیڕەو دەکات. ئەمەش بووە هۆی ڕق و کینە و دوژمنایەتی عوسمانییەکان بەرامبەری ئەو و بە چوونی سوپاکەیان بۆ ناوچەکە، سەیفەدین خان ئەردەڵانیان لەگەڵ محەمەدحسێن خان مەکری فەرمانڕەوای سابڵاغ (مەهاباد) دەسبەسەر و لە هەلومەرجی سەخت و نامرۆڤانەدا گواسترانەوە بۆ مەراغە و لە سێدارەیان دا.

لە کاتی لەسێدارەدانیدا سەدان سەربازی عوسمانی تەواوی ناوچەی مەراغەیان گرتبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و بردیانە گۆڕەپانی ناوەندی مەراغە و تەقەیان لێکرد. لەگەڵ هێنانی تەرمی سەیفەدین خان بۆ سەقز، بۆ دواجار ڕێوڕەسمی چێمێەڕی بەڕێوەچوو و لە کاتێکدا کە جلوبەرگ و چەکەکانی خان لەسەر ئەسپێکی تایبەت سوار بوون، کۆمەڵێکی گەورەی خەڵک جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو و شیعریان دەخوێند و دەگریان و لە مزگەوتی جامێعە گواستیانەو بۆ گۆڕەکەی.

لەو ڕۆژەدا خوالێخۆشبوو مەلا عەبدولعەزیز موفتی ناسراو بە (صدرالعلما)، شیعرە بەناوبانگەکەی لە نێو ماتەمینەکەدا خوێندەوە، پاشان خەڵکەکە گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان. دواجار کوڕەکەی ئەو بە ناوی سەیفوڵڵا خان ئەردەڵان موزەفەر سوڵتانی دووەم بە هۆی جەماوەری باوکی لەلای خەڵک، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا بوو بە حاکمی سەقز.[١٠]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ نظری به تاریخ و فرهنگ سقز کردستان، پایگاه اطلاع‌رسانی کتابخانه‌های ایران، ۱۳۷۳
  2. ^ سایه روشنِ کسوف ۱۲۹۳ بر برهه ای ازتاریخ سقز، واکاوی، ۱۴۰۰
  3. ^ نظری به تاریخ و فرهنگ سقز کردستان، پایگاه اطلاع‌رسانی کتابخانه‌های ایران، ۱۳۷۳
  4. ^ وفات احمد بن مروان مروانی، پایگاه جامع تاریخ
  5. ^ اردلان، مرکز دائره المعارف بزرگ اسلامی، ۱۳۹۸
  6. ^ جنگ جهانی اول با ایران چه کرد؟، دویچوله، ۱۳۹۷
  7. ^ ایران در دوره جنگ جهانی اول، دنیای اقتصاد، ۱۴۰۱
  8. ^ آغاز جنگ بین قوای روس و عثمانی در آذربایجان ایران در جریان جنگ جهانی اول، تقویم و روز ایران
  9. ^ اشغال تبریز توسط سپاه عثمانی در جنگ جهانی اول، دائره المعارف بزرگ اسلامی، ۱۳۹۶
  10. ^ نظری به تاریخ و فرهنگ سقز کردستان، پایگاه اطلاع‌رسانی کتابخانه‌های ایران، ۱۳۷۳