بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ڕەیان کلدانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕەیان کلدانی
ریان الکلدانی
Rayan al-Kildani
ڕەیان کلدانی لەکاتی وتارداندا، ٢٠٢٢
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون (١٩٨٩-٠٩-٠٣) ٣ی ئەیلوولی ١٩٨٩ (تەمەن ٣٦ ساڵ)
ئەلقووش، پارێزگای مووسڵ, عیراق
پارتی سیاسی بزووتنەوەی بایلۆن

ڕەیان سالم سادق کلدانی (بە عەرەبی: ريان سالم صادق الكلداني) ناسراو بە ڕەیان کلدانی سیاسەتمەدارێکی ئاشوورییە خەڵکی عێراقە. سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی بابیلۆنە و بەرپرسی باڵی سەربازیی بزووتنەوەیە بەناوی لیوای بابیلۆن، کە یەکێکە لە یەکەکانی سەر بە حەشدی شەعبیی عێراق. دوای دامەزراندنی بزووتنەوەکەی ساڵی ٢٠١٤ سەرکەوت بۆ دەسەڵات. بزووتنەوەو باڵە سەربازییەکەی بەشداربوون لە جەنگی داعش و شەڕەکانی دەشتی مووسڵدا.[١]

ڕەیان چەندین تۆمەتی لەسەرە بەھۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن خۆی و لیواکەیەوە. ڕەیان خۆی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت گوێی زیندانییەک دەبڕێت. بزووتنەوەکەشی تاوانبارە بە تاڵانکردنی خانوو و ماڵی گوندە ئاشوورییەکانی ناوچە ئاشوورینشینەکانی وەکوو بەرتڵە.[٢] ھەر بەو ھۆیانەوە، بەپێی یاسای ماگنیتسکی و پەیووەندییەکانی بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ژەنەراڵی ئێرانی، قاسم سولەیمانییەوە، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ١٨ی تەممووزی ٢٠١٩، سزای بەسەر کلدانیدا سەپاندووە.[٣][٤]

ژیاننامە

[دەستکاری]

ڕەیان ساڵی ١٩٨٩ لە شارۆچکەی ئەلقۆش، لە پارێزگای مووسڵ لەدایکبووە. بە منداڵی لەگەڵ خانەوادەکەیدا، ڕووی لە بەغدا کرد و لە مەدینە سەدر نیشتەجێ بووە. لە کوانووی زۆرینەی شیعەی ئەو ناوچەیەدا توواوەتەوە. کاتی ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، قوتابخانەی بەجێھێشتووەو پەیوەندیی بە ڕیزەکانی سوپای مەھدییەوە کردووە کە بە ھێرشەکانیان بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا ناسرابوو. وا باوەڕ دەکرێت بە مەبەستی ھاوسەرگیری لەگەڵ خێزانی و بەپێی مادەی ٦٣ی دەستووری عێراق، دەستبەرداری ئایینی زگماکی خۆی بووبێ.[٥]

ڕەیان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەزموونی سیاسیی خۆی دەستپێکردووە، کاتێ سەروبەندی جەنگی داعش بزووتنەوە و لیوای بابیلۆنی دامەزراندووە. بزووتنەوەکەی لەو کاتەدا تاکە میلیشیای مەسیحیی بووە لە ناو ھێزەکانی حەشدی شەعبیدا کە زۆرینەیان موسڵمانی شیعەن.[٦] کلدانی بزووتنەوەکەی وەک خەباتکارێک لەپێناو کۆمەڵەکەی خۆی و ھاوئاھەنگی ئایینی لە نێوان مەسیحی و موسڵمانانانی عێراقدا پیشان دەدا.[٧] میلیشیاکە، کاتی دامەزراندنی خاوەنی سەربازگەیەکی بەھێزبووە کە نزیکەی ١٠٠٠ چەکداری تێدابووە.[٨]

ڕەیان، ساڵی ٢٠١٧، پەیوەندی لەگەڵ سەلوان مۆمیکادا بەگیرھاتووە، کە ئەویش ئاشوورییەکی عێراقیی لەدایکبووی قەرەقووش بووە و میلیشیایەکی بە ناوی ھێزە دیموکراتییەکانی سریانی دامەزراندووە. دواجار ڕەیان لەم ململانێکە سەرکەوت و مۆمیکای ناچارکرد لە عێراق ھەڵبێت و پەنا بۆ وڵاتی سوید ببات.[٩]

ساڵی ٢٠١٩، ئەمریکا بە فەرمی سزای بەسەر ڕەیان و وەعد قەدۆی سەرۆکی میلیشیای شەبەکدا سەپاند بە ھۆکاری پێشێلکردنی ترسناکی مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییان بە ھێزەکانی حەشدی شەعبییەوە. ھۆیەکانی تری ئەم سزایەی ئەمریکا بریتی بوون لە تاڵانکردنی گوندەکان، فرۆشتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ھەڕەشە و ھەراسانکردنی ژنان، ھەروەھا ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆ بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا.[١٠] بەھۆی ئەو سزایانەوە، بانکی ناوەندیی عێراق دەستی بەسەر سەروەت و سامانی ڕەیاندا گرت.[١١]

چالاکییە سیاسییە مۆدێرنەکان

[دەستکاری]

ڕەیان و بزووتنەوەکەی، لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ٢٠٢١ لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق ٤ کورسییان لە کۆی ٥ کورسی تایبەت بە مەسیحییەکانی عێراق بەدەست ھێناوە. بەڵام دەنگەکانی ئەو کورسییانە جێی گومانە و ڕەوایەتیی دەستکەوتنی کورسییەکان لەژێر پرسیاردایە. بوگویرەی جۆزێف سلیوا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستە ئاشوورییەکان، ٩٠٪ی دەنگەکانی ئەو بزونەوەکی ڕەیان لەلایەن مەسیحییەکانەوە نەبووە.[١٢] دوای ڕەیان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیشدا، ساڵی ٢٠٢٣، ئەنجامێکی ھاوشێوەی بەدەست ھێنا. ئەمەش گومانەکانی کڕینی دەنگ و خراپ کەڵکوەرگرتن لە کەلێنەکانی ھەڵبژاردن پەراوێزخستنی نوێنەرە ڕاستەقینەکانی ئاشووری و مەسیحیی زەقتر کردەوە[١٣]

بزووتنەوەی بابیلۆن بە سەرۆکایەتیی ڕەیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢٠٢٤ کورسییەکی کۆتاییی کەمینەکانی بەدەستھێنا. لێرەیش گومان لەسەر ڕاستی و دروستیی دەنگەکانی ڕەیان ھەیە. زۆرینەی دەنگەکانی بزووتنەوەکە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی ھەواڵ، لە قەزای شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی بووە کە تاکە مەسیحییەکی تیادا نەژیاوە و ھیچ کڵێسایەکیشی تیادا نەبووە.[١٤] وا گومان دەکرێت حزبی دەسەڵاتداری ناوچەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەڕێی دەنگدەرانی خۆیەوە کورسیی ئەم بزووتنەوەیەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی مسۆگەر کردبێت.[١٥]

ھەر ساڵی ٢٠٢١، ڕەیان لەلایەن میشل عەون، سەرۆکی لوبنانەوە، بانگھێشت کرا کە جەختی لەسەر ڕۆڵی مەسیحییەکان لە سەرانسەری ڕۆژاوای ئاسیا و دڵنیابوونەوە لە ڕاستکردنەوەی دیمۆگرافی عێراق کردبووەوە.[١٦]

ڕەیان، ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببووەوە کاتێ سەردانی عێراقی کردبوو. گوتیرێس دوای ئەوەی وێنەکانی لەگەڵ ڕەیان و قەیس خەزعەلی لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبوونەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە.[١٧]

ڕەیان ھاوپەیمانی ئەبوو مەھدی موھەندیس سەۆکی حیزبوڵڵای عێراقی سەر بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشتریش وێنەی لەگەڵدا گرتبوو.[١٨] لەگەڵ برایەکیدا بەناوی ئوسامە ئێستایش بەردەوامە لە سەرکردایەتیکردنی لیوای بابیلۆن. سەرەڕای فەرمانی حکوومەتی عێراق بۆ چۆڵکردنی دەشتی نەینەوا، ڕەیان تا ئێستا فەرمانەکەی جێبەجێ نەکردووە و ھێزەکانی لە ناوچەکەدا ھێشتووەتەوە. وا پێشبینی دەکرێت ڕەیان، بەھۆی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و تاڵانکارییەکانی لە دەشتی نەینەوا، لە سەرکردایەتیکردنی لیواکە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بەردەوام بێت.

تەممووزی ساڵی ٢٠٢٤، بووە ھۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە سەرکردە سیاسییەکانی دەشتی نەینەوادا کە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە ھەڵبژێردرابوون. گۆڕانکارییەکان کارییگەریی لەسەر گوندەکانی قەرەقووش و بەرتڵە و تەلکێف و شەنگالی زۆرینە ئێزدی بەجێھیشت. دواتر خۆی بە شانازییەوە باسی گۆڕانکارییەکانی کرد و لە تەلەڤیزیۆنی وئلیوە ڕای گەیاند «ئەمڕۆ مافەکانمان بۆ خەڵکی نەینەوا گەڕاندەوە».[١٩]

پەیوەندی لەگەڵ کڵێسەی کلدان و مەسیحییە ئاشوورییەکاندا

[دەستکاری]

ململانێی نێوان ڕەیان لەلایەک و کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی و گەورەقەشەی ئێستای: لویس ڕافایل ساکۆ لەلایەکی ترەوە زۆر جێگەی قسەو باسە. لەکاتێکدا کلدانیی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو و ئەندامانی لیواکەی مەسیحین، زۆرینەی ئەندامەکانی بە کردەوە شیعەن. ساکۆ پێشتر کلدانی بە سەرکردەی میلیشیایەک تۆمەتبار کردبوو کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی مەسیحییەکان ناکات و، بە ئاشکرا دەستەو تاقمەکەی لە کڵێسەکە دابڕیوە.[١٨] قەشەی کلدان، ئازاری ٢٠١٦، ئاشکرای کرد کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە میلیشیاکە و ڕەیانەوە نییە، ئەوان نوێنەرایەتیی ئاشووری و مەسیحییەکانی عێراق ناکەن.

لیوای بابیلۆن، ئازاری ساڵی ٢٠٢٣، حەوت ئەندامی ھێزەکانی پاسەوانانی دەشتی نەینەوایان قۆڵبەستکرد، کە داوایان کردبوو لیوای بابیلۆن لە قەزای حەمدانیە دووربخرێتەوە. سەرەنجام ناڕەزایەتیی لەنێو ئاشوورییەکانی قەرەقووش سەریھەڵدا و میلیشیاکەیان لە قەزاکە وەدەرنا. دوواتر ڕایان یونان ھانۆ، قەشەی کڵێسای کاسۆلیکی سوریانی ناچار کرد کە ڕێگە بە چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا بدات.[٢٠]

ڕەیان پێشتر بەتۆمەتی فرۆشتنی سەروەت و سامانی کڵێسا بە ئاشکرا لەگەڵ ساکۆ کەوتبووە ململانێ. سەرکۆماری عیراق، لەتیف ڕەشید، تەممووزی ٢٠٢٣، فەرمانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ داننان بە کڵێسای کلدانیدا لەو وڵاتە ھەڵوەشاندەوە، چاودێران وای بۆ دەچن کە ڕەیان دەستی لە دەرچوونی بڕیارەکەی سەرکۆماردا ھەبێت.[٢١] ئەم ڕووداوانە ساکۆیان ناچارکرد ناوچەکانی بندەستی حکوومەتی عێراق بەرەو ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان بەجێبھێڵێت. ساکۆ خۆی ھەنگاوەکەی بە «نامۆ بە مێژووی عێراق» ناوبردو ڕەخنەی لە «بێدەنگیی حکومەت» لە ڕووداوەکە و ئازارەکانی کۆمەڵگەی مەسیحی گرت.[٢٢] سەرەنجام ناڕەزایەتی لە عەنکاوە دژی بڕیارەکەی سەرکۆمار و بزووتنەوەکەی ڕەیان سەریھەڵدا.[٢٣]

ڕەیان و بزووتنەوەکەی تێوەگلاون لە ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە.[٢٤] وا پێدەچێت ڕەیان ڕووداوەکەی بۆ مەبەستی فراوانکردنی جەماوەری خۆی لە قەزاکە بەکارھێنابێت. حکوومەتی عیراق سێ ڕۆژ ماتەمینیی لە وڵاتدا ڕاگەیاند و چەند کارمەندێکی ھۆڵی ئاھەنگەکەی دەستگیرکرد؛ بەڵام کەسایەتییە ئایینییەکانی ئاشووری ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی حکوومەتی عیراقیان ڕەتکردەوە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتییان بۆ ڕووداوەکە کرد.[٢٥] دانیشتووان ڕەتیانکردەوە لیوای بابیلۆن و ڕەیان سەردانی شوێنی ئاگرەکە بکەن، بەڵام ڕەیان و دورەید جەمیل ئیشۆی نزیک لە لیواکە ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر کڵێسایەک و توندوتیژیی زیاتریان کرد.

ڕەیان سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ ڕایگەیاندبوو کە لە کورسیی پیرۆز لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، کۆبووەتەوە؛ بەڵام دوواتر وتەبێژی فەرمی لە ڤاتیکانەوە دیدارێکی لەوجۆرەی لەنێوان پاپاو ڕەیاندا بەدرۆخستەوە. تەنیا ئەوەی ڕاگەیاند کە پاپا لەھۆڵی گشتیی چاوی بە کۆمەڵێک عیراقی، لەناویاندا ڕەیان کەوتووە و تەنیا چەند وشەیەکیان گۆڕیوەتەوە.[٢٦][٢٧] ڤاتیکان و قەشەی کڵێسای کلدانیی ڕایانگەیاند کە ڕەیان کلدانی بەھۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە سزادراوەو مافی نییە بەناوی مەسیحییەکانی عیراقەوە قسە بکات.[٢٧]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «The Christian militia fighting IS». BBC.com. ١١ی نیسانی ٢٠١٦.
  2. «ISHM: JULY 11 - JULY 18, 2019». Enabling Peace in Iraq Center (بە ئینگلیزی).
  3. «U.S. Imposes Sanctions on Iraqi Militia Leaders and Ex-Governors (Published 2019)». nytimes.com (بە ئینگلیزی).
  4. «U.S. imposes sanctions on four Iraqis over human rights and corruption». reuters.com. ١٨ی تەممووزی ٢٠١٩.
  5. «Iraq's remaining Christians threatened by pro-Iranian militia». La Croix International. ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣. لە ڕەسەنەکە لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  6. «Iraq's Christian Anti-ISIS Brigade». ibtimes. ١٣ی تەممووزی ٢٠١٥.
  7. «Interview: Babylon Movement elbows out Iraq's established Christian parties». amwaj. ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١.
  8. «Iraqi Christians Fight ISIS Alongside Their 'Muslim Brothers'». NBC News. ١٢ی تەممووزی ٢٠١٥.
  9. «From militia leader to refugee: The backstory of the man who burned a Koran in Sweden». The Observers - France 24 (بە ئینگلیزی). ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  10. «US sanctions 4 Iraqis for rights abuses, corruption». Diyaruna. ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩.
  11. Rudaw. ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٩ https://www.rudaw.net/english/middleeast/iraq/25072019. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
  12. «Former Syriac Member of Iraqi Parliament Joseph Sliwa on Iraqi election results: The five 'winners' of Christian quota seats do not represent Christians». Syriac Press. ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  13. «Babiliyoun Movement Hijacks All Four Christian Minority Seats | The Washington Institute». The Washington Institute for Near East Policy. ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
  14. https://www.kurdistan24.net/ckb/story/806938
  15. Magazine، Media (٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤). «سەرکردەیەکی گۆڕان: یەکێتی خەڵك ناچار کردوە دەنگ بە كریستانێکی سەر بە ڕەیان کلدانی بدەن». Media Magazine. لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
  16. «President Aoun discusses with Iraqi Babylon Movement situation of Iraqi Christians». MTV. ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١.
  17. «UN chief criticised for posing with Iraqi militia leaders». The National News. ٢ی ئازاری ٢٠٢٣.
  18. 1 2 «Qui est la Brigade de Babylone, cette milice « chrétienne » pro-iranienne en Irak . L'Orient le jour (بە فەرەنسی). ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  19. «10 Years After ISIS Genocide, Christians Are Under Threat | Wilson Center». Wilson Center. ١٩ی ئابی ٢٠٢٤.
  20. Beth-Addai، Yacoub. «Nineveh Plains Christians Defend Against the Babiliyoun Militia | The Washington Institute». لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  21. «A feud between a patriarch and a militia leader adds to the woes of Iraqi Christians». abcnews. ٤ی ئابی ٢٠٢٣.
  22. «Patriarch Sako announces move to Kurdistan». Vatican News. ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  23. «Iraq's Christians protest government move against Cardinal Sako». Rudaw. ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  24. «i24NEWS». www.i24news.tv. لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  25. «رئيس أسقفية الموصل يطالب بتحقيق دولي في حريق الحمدانية». aawsat.com (بە عەرەبی). لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  26. Beth-Addai، Yacoub. «Rayan al-Kildani Faces Election Backlash in the Months After Wedding Hall Fire | The Washington Institute». لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  27. 1 2 «Iraq: Beware of Rayan al-Kildani and his "Christian" Babylon Movement». Bitter Winter. ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣.